Skip to Content

246 Views

دنیابینیی چینایەتی  لە چیرۆکی ” تەنها حەوت هەنگاو” ی عەبدوڵا ئەحمەد سادقدا

دنیابینیی چینایەتی لە چیرۆکی ” تەنها حەوت هەنگاو” ی عەبدوڵا ئەحمەد سادقدا

Be First!
by November 12, 2017 General, Literature, Slider
image_print


دەق و ڕەخنە
…..

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
کەنەدا ٢٠١٦


تەنها حەوت هەنگاو

هەرچەند تیغی هەنگاوەکانم ملی ئەو شەقامە بە چەند هەنگاو دەبڕێت ئارەزووی ژماردنی هەنگاوەکان لە مێشکمدا گینگڵە دەدات ” یەک، دوو، سێ، ….، ….، ….، حەوت” سەرجەمی هەنگاوەکان لە شۆستەی ئەمبەر تا ئەوبەر حەوتە. تەنها حەوت هەنگاو، ئارەزووی سەدان جار ژماردنەوەی ئەوان بەهێزترە لە بێزاربوون و ماندووبوونی لەشە لاوازەکەم.
حەزی کەم کردنەوەی ژمارەی هەنگاوەکان مەلێکە و بەرەو گۆڕستانی ڕەحیم ئاوە باڵەفڕە دەکەن. ئەم حەزەم تەنها جارێک هاتە دی کاتێک فراوان کردنەوەیان هەست پێ کرابوو، ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو. چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لەدەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە، جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات. لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبێلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لەیەک جوێ دەکاتەوە.

هەست کردنی دووریم لە حەوت هەنگاو لە بەختیاری هەتا هەتایی یەوە شتێکی ئاسایی یە. لام وایە گەر بێتو جارێکی تر چەقۆ لە ملی ئەو ڕەش مارە بنێم و بە ڕق و کینەوە بیکەمە دوو لەتەوە ئەوا هەموو شتێکی کۆن کۆتایی دێت و هی تازەش دەست پێ دەکات. بەڵام ئاخ هەزار جار وەک تینووی چاو لە ئاو بە تاسەوە ئەو شەقامەم بڕی و لە ناسۆری و هەست بە نامرادی کردن بەولاوە هیچی ترم لە هەگبەی ئەم گەشتە سەختەمدا نەبینی یەوە. ئەوبەری شەقامەکە مۆسیقایە، بەزمە، خۆشی یە ئاهەنگە، برسیەتی و هەژاری لە فەرهەنگی ئەوێ دا ووشەی نامۆن و مانایان نی یە. ” ئاخۆ دووری نێوان بەهەشت و دۆزەخ حەوت هەنگاو نی یە!؟” بێ گومانم لەوەی کە کەمتریشە گەر بێتو ڕاستە و ڕاست ملی ڕێگای ئەو بەر بگریتە بەر، کاتی بڕینی ئەم ماوەیە لە پێنج چرکە تێ ناپەڕێ هەر چوار چرکە دەبێت بە دوور لێ ڕامان و سەیرکردنی سەدەیەکی وێڵی پێویستە بۆ پەڕینەوە، سەیرە حەوت هەنگاو تەنها حەوت هەنگاو سەدەیەکی پێویستە.
*
چاوپێکەوتنی یەکەم ڕۆژمان، ئەوان هەموو پێکەوە بوون تەنها من نەبێت کە لە جیهانە نامۆکەوە بە نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێرابووم، پێکەوە دەدان. ئازاری هەستی بریندارم لە جیهانی خەیاڵی بێ پایاندا بەرەو دەریایەکی ڕەش ڕای دەماڵیم. ئارەزووی دەست لەنێو دەست نانیان مەلێکی سپی بوو لە قەفەزی تەلبەندی شاپەڕەکانی قەلەڕەشەیەکدا فڕەفڕی بوو. ڕۆژی دووەم لە جیهانەکەی خۆمەوە پیرۆسکۆبی غەواسەی خۆم لێ خستەکار بەرەو چوار جیهانی تازە کە بە چوار مرۆڤ نوێنرابوون سێ کوڕ و کچێ. دوو کوڕی ئەسمەر ویەکێکی سپی کچەکەش هەر سپی بوو، بەڕاستی جوانی یەکی ڕوخێنەری هەبوو چاوم بڕی یە چاوی هەستی ڕوخانی کۆنە قەڵایەک لە ناخەوەمدا دەستی پێ کرد. ئاوێنەی دەروون وورد و خاش بوو. بینین تێ ی دا بوو بە ستەم ڕۆژی دوایی دەرگا شەق و پۆق بووەکەی کۆنە جیهانەکەم کردەوە و بەرەو پچڕاندنی تەوقی دوورە پەرێزی کەوتمەڕێ.
هەستانە پێوەیەکی دەوویست تا نوێنەری بەڕێز دەست بە کارەکانی بکات و سەرەتا بکەوێتە دووان. ڕارایی و دوودڵی تەنگیان بە ناخەوەی جەنابی هێنابوو بۆ ڕزگاربوون لەو دێوەزمانە یەکسەر ڕووم کردە کوڕە پێست سپی یەکە و ووتم :- ( تاکەی ئێمە وا بین؟ با یەک بناسین.) وەڵامێکی هێمن بۆ ئەم پرسیارە چەکەرەی دا ” من ناوم فریادە…ئەویش کاروان…ڕزگار ئەمیش خوشکە گزنگە”

گزنگ بەیانێکی ڕوونە. هیوایە، دەست پێ کردنی کاری جیهانی ئەمبەرە و مژدەی ڕۆژێکی تازەی لەژێر باخەڵی دا شاردۆتەوە، بەیان حەزی کارکردن لەمبەر دەبزوێنێ کە هێشتا نووستن باڵی هێمنی بەسەر ئەوبەردا کێشاوە. کارکردنی ئەمبەر بەردەوامە تا ئێوارە و ئێوارەش نامرادی و بێ بەشی میوانی ڕەش و ڕووتەکە دەکات و مژدەی دەست پێ کردنی ڕابواردن بۆ وورگ زلەکانی ئەو بەر دەبات. لغاوی ئەسپی خەیاڵی گزنگم شل کردبوو، پەنجەی هەڕەشە بەرەو چاوی ناخەوەم دەچوو، دەیقیژاند ” تۆ مافی بیرکردنەوەی وات نی یە…شتی ئەوبەر بۆ ئەمبەر یاساغە پێویستە گومرگ بدرێت، بەتۆش نادرێت نەکەی کوڕە نەکەی بیر لە شتی وا بکەیتەوە، گزنگ ئەو بەرەو تۆش ئەمبەر ئەو ئەوە و تۆش تۆ”. هەستی وێڵی باڵی ڕەشی ماتەمی بەسەر شانۆی دەرووندا کێشا، بێ دەنگیەکی قووڵ وەکو قۆناغی سڕ بوونی ژیانی بۆق ڕایەخی خۆی ڕاخست.
بۆم دەرکەوت کە ڕزگار خەڵکی ئەمبەرە و حەزی نزیک بوونەوەم چەکەرەی دا، بەڵام ئەویش ئارەزووەکانی خۆی لەوبەر تۆو کردبوو، چەکەرەیان دابوو، رەگ و ڕیشەیان بە زەوی دا چوو بووە خوارەوە و جیاوازی لەگەڵ ئەواندا نەبوو.
تێبینی : فریاد حەزی لە گۆرانی ڕۆژئاوایی دەکات گوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناگرێت. بەپێچەوانەی منەوە ئەوەی ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی پێوە نەبێ حەزی لێ ناکەم” ” حەوت هەنگاو، تەنها حەوت هەنگاو ببڕە و ببەرە گەشت کەرێکی نامۆی ئەو جیهانە..بڕۆ..بڕۆ مل بنێ و حەوت هەنگاو ببڕە و ڕیزە ماڵێکی ڕێک و پێک ببینە کە گەڵای دارەکانیان لەسەر دیواری حەوشەکانیانەوە پێش وازی لە گەشت کەران دەکات، هێمنی یەکی تەواو، تەنانەت دەنگی پشیلەکانیشیان نایەت.”

وەکو باسیان دەکرد ئەوە ماڵی کاروانە ئەوەش ماڵی گزنگە پاش چەند هەنگاوێکی تر ئەوەش ماڵی فریادە بەڕاستی کە تیشکی ئاراستەکراوی خانووەکە لەچاومدا جێگیر بوو لەناخەوە قاقا پێکەنیم بزەیەک کەوتە سەر لێوم بەرەبەرە قاقاکە نزم دەبووەوە تا بوو بە کوڵی گریانێکی بێ فرمێسک بۆ خەڵکە ڕەش و ڕووتەکە، لە دڵی خۆمدا ووتم ” هەقی یەتی گۆرانی ڕۆژئاوایی نەبێت حەزی لێ نەکات چونکە ئەم خانووە لە ئیستگەی تەلەفیزیۆن دەچێت هەر بۆ ئەوە کراوە تیپە ڕۆژئاوایی یەکان ئاهەنگی تیا بگێڕن،”
*
چاوێکم بە خۆمدا گێڕا و گەڕامەوە پێستی خۆم تەنها ئەوەندەم لەو ژیانە ڕاڕایە بۆ مایەوە لە کوێوە هاتووم ڕووی گەڕانەوەم ئاراستەی ئەوێ بکەمەوە.
تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک. حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتەوە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕاهاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی. ” بە بێ ترس حەوت هەنگاوەکەت بکێشە.”
لەسەر شۆستەکە ڕاوەستام، ئاوڕێکی دواوە دەدەم بینینی گزنگ ئارەزوویەکی بەدی نەهاتووە بێ پەشیمانی و ترس پێ یەکانت هەڵبێنەوە،
” ئەوە یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، ئەوەش هەر حەوتی،”
هەموو شتێ گەرایەوە جێ ی خۆی، سادەیی و ئازار، هەرگیز لە کێشانی ئەو حەوت هەنگاوە پەشیمان نابمەوە بۆ دوا جاریشە کە کێشام ئەو چەند ڕۆژەش بوو بە ڕابردوویەکی لەیادچووی تۆمارنەکراو لە دەفتەری یادەکانمدا.

ئەیلوولی ١٩٨١
کەرکوک

تێبینی : لە کاتی تایپکردنی چیرۆکەکەدا دەستکاری خاڵبەند و ڕێنووسم نەکردووە و وەکو خۆی چۆن لە گۆڤارەکە بڵاو کراوەتەوە، ئاوام نووسیوەتەوە.

گەڕانێک بەنێو سەرزەمینی دەق

“تەنها حەوت هەنگاو” (١) ئەو کورتەچیرۆکەیە کە لەزمانی کەسی یەکەمەوە (من) یان منی چیرۆکنووس بەسەرهات و ئازار و خەون و ئومێدی جیهانێک دەنەخشینێ کە ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەسەرهات و خەون و ئومێدی هەر هەموومان بووبێت. خەون و ئومێدی گەیشتن بە جیهانێکی خۆش و پاک و پڕ لە ژیان. جیهانێکی خاڵی لە هەژاری و ستەم. ئەم خەونە هەرچەند ڕەوایە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرجوویەک نایەت بیکاتەوە و خەونەکە بگۆڕی بە ڕاستی. گرێی ئەم خەونەش لە سیاقی مۆنۆلۆگی نووسەر لەگەڵ خۆی و بە پشت بەستن بە فەنتازیا دەمانباتە کەنارەکانی مەبەست. نووسەر بە پشت بەشتن بە خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری تەکنیکی چیرۆک بەتایبەتیش شەپۆڵی هۆش ویستوویەتی دەرگایەک لەنێوان سنوورەکانی ئاگایی و نائاگاییدا بکاتەوە. واتە تەواوی ئەو واقیعەی کە لە سەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، خراوەتە نێو بۆدەقەی خەیاڵ و ئاگایانە خوێنەری بۆ کەمەندکێش کردووە. هەرچەندە لەسەر ڕووبەری هەندێ پەرەگراف و دێری چیرۆکەکە خوێنەر لەمسی پنتکی جوگرافیا و دیمەنە جۆراوجۆرەکانی نێو چیرۆکەکە دەکات، بەڵام گەر خوێنەر دەست بە لێوارەکانی ئاگاییەوە نەگرێ، زۆر بە ئاسانی دەخزێتە نێو خەیاڵی نووسەر. ئەم ستایڵە لە نووسین نەک هەر پەسندکراوە، بەڵکو جێگای ستایشە. بە وشەیەکی تر نووسەر هاتووە تەواوی هێزی هونەریی خۆی خستۆتە گەڕ لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراو، ئەویش نیشادندانی دنیابینی چینایەتی و ناردنی پەیامی سیاسی هونەرە بۆ ئەو لەشکرە لە خوێنەر، کە لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی هەلومەرجی سەرکوتی سیاسیی و نەبوونی ئازادی و بەکارکەوتنی ماشێنەکانی زیندان و گرتن و کوشتن و تەرحیل و تەبعیس و قەدەغەکردنی کلتوور و بۆنەکان و..تاد و زۆر بە تایبەتیش لە شاری کەرکووک کە شوێنی لەدایکبوون و نمایشی دەقەیەکە، تینووانە چاوەڕوانی پەیامی شۆڕشگێرانە بوون لە ئەدەب و هونەر. دەیەی هەشتاکان دەیەی نووسین و بڵاوکردنەوەی چەندین دەقی سیاسیی بووین لە مێژوودا کە جارێکی تر مەحاڵە دووبارە ببنەوە. (٢)

عەبدوڵا ئەحمەد سادق لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە لەیەککاتدا هەم نمایشی توانایی چیرۆکنووسی خۆیمان نیشان دەدات و هەمیش بۆچوون و تێڕوانینی چینایەتی خۆیمان پێ دەناسێنێ. تێڕوانینی نووسەر لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی یان دروستتر بڵێین لەسەر بنەمای هەبوون ونەبوون بنیادنراوە. ئەم نمایشەی دنیابینی نووسەر دەتوانین لە چەند گۆشەیەکی جیاجیاوە لێی بڕوانین و ڕەهەندە سیاسی و چینایەتییەکەی دەست نیشان بکەین. سەرزەمینی ئەم دەقە و بەپیتییەکەی لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکەوە سەرچاوە دەگرن. نووسەر دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بە یەکێک لە مەسەلە گرنگەکانی ژیان ئەژمارد دەکرێ. چیرۆکنووس هاتووە جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە ئەو پەساپۆرتەیە کە چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو”ی لە ئاستی پەسندەوە بۆ ئاستی دڵخواز بەرز کردۆتەوە و کێرڤی کرێدتی شۆڕشگێڕێتی نووسەری بردۆتە سەر. بەڵام ئایا نووسەر هاتووە لە سەنگەری خەباتی کرێکارانەوە، یان باشتر بڵێین لەسەر بنەمای ململانێێ نێوان کار و سەرمایەوە ئەو جیاوازیانە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. بەڵگەشمان ئەوەیە کە لە سەرتاپای چیرۆکەکە شتێک نییە ناوی خەباتی چینایەتی بێت و ئاسۆیەک نییە کە ئاسۆی سۆشیالیزم بێت. ئەم لەمپەرە بۆ پەڕینەوە بەرەو شۆڕشگێڕێتی کە بە بۆچوونی من لە نائاگاییەوە سەرچاوەی گرتووە، خاڵی لاوازی ئەو دنیا بینییەیە کە هەوڵ ئەدەم لە هەنگاوی داهاتوودا خەسڵەتەکانی بخەمەڕوو.

خەسڵەتەکانی دنیابینیی نووسەر

عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس لە سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابڕدوو وەک هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە مەیلی فیکریی چەپ و لێکدانەوەی چینایەتی بۆ ژیان و کۆمەڵگە و دیاردەکانی هەبووە. ئەو لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێرانەوە هێلە دراماییەکانی نێو چیرۆکەکەی داڕشتووە و هەوڵیشی داوە لە هەر لەو سۆنگەیەوە پەیامی سیاسی – چینایەتی خۆی بگەێنێ. نووسەر جوان ئیشی لەسەر ماتریاڵەکانی دەوروبەر کردووە و هەر لەڕێگەی ئەو ماتریاڵانەوە نووسەر لەپرسیارە گەورە و گرنگەکان نزیک دەبێتەوە. پرسیاری ئەوەی بۆ ئەمبەر ناڕێک و ناشرینە؟ بۆ ئەوبەر پاک و جوانە؟ ئەمبەر بۆ دۆزەخە و ئەوبەر بۆ بەهەشتە؟ کچانی ئەمبەر بۆ لەناو زەحمەتییەکانی ژیان تووشی فەلاکەتباری بوون و کچانی ئەوبەر ناسک و نازدارن؟ ئەم جیاوازییە بۆ هەیە؟ کێ خوڵقاندویەتی و کێ بەرپرسە لێی؟ بەڵام ئاشکرایە هونەر نایەت وەڵامی سیاسی ئەم پرسیارانە بداتەوە. هونەر تەنها ئاماژەکان نیشان دەدات و خوێنەر بەتایبەتی خوێنەری زیرەک دەبێ خۆی لە دووتوێی دێر و ڕستەکان و پەرەگرافەکان هەم پرسیارەکان و هەم وەڵامەکانیش بدۆزێتەوە.

کات سەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، چەند مانگێکە جەنگی کۆنەپەرستانەی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرساوە، خەڵک بە لێشاو بەرەو بەرەکانی جەنگ بەڕێ دەخرێن. جگە لە ژنان و مناڵان و قووتابیان و کارمەندی دەزگاکانی خزمەتگوزاری و پەروەردە، ئیتر تەواوی کۆمەڵگە سەربازە و خراوەتە ئامادەباشییەوە. شوێن لە ڕووبەری چیرۆکی تەنها حەوت هەنگاو گەڕەکی ڕەحیم ئاوا ی شاری کەرکووکە و بە تایبەتیش جادەی گشتی کەرکووک – هەولێر. ئەم جادەیە ئەم گەڕەکەی کردۆتە دوو بەشەوە. بەشی باکووری جادەکە لە ڕەحیم ئاوای کۆن و عەرەسەکە و تا دەگاتە گۆڕستانەکەی ڕەحیم ئاوا درێژ دەبێتەوە و بەشی باشووریشی لە خانووەکانی شەریکەی نەوت و مامۆستایان تا دەکات بە گردەکەی تەپە شۆر بۆتەوە. لەڕووی هونەری تەلارسازییەوە بەشی باشوور خانووەکان جوانتر و گەڕەکان پاکتر بوون، چونکە لانی کەم زۆربەی ئەوانەی لەو گەڕەکانە دەژیان خوێندەوار بوون و ئاگایی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان لە ئاستێکی باشدا بوو بە بەراورد بە بەشی باکوور.(٣) ” ژمارەی هەنگاوە گەورەکان تەنها چوار هەنگاو بوو چواری گەورە و حەوتی ئاسایی بەهەشت و دۆزەخ لێک دادەبڕێنێ. لەگەڵ ماڵ ئاوایی کردنی دوا هەنگاو تیشکی ڕوناکی لە دەرگای تاریکی دەدات و خۆی دەکوتێتە ژوورەوە جیهانی بەهەشت بەخێر هاتن لە تەماشاکەرانی پێشانگای شەقامە پاکەکانی دەکات، لە تابلۆکانی ئەوێ دا وێنەی ئۆتۆمبیلی نایاب و خانووی جوان و شەقامی پاک و کچی ناسک و نازدار بەرچاوی تەماشاکەرانی دەکەوێ کە حەزی هونەرمەندی تابلۆکان لەچەند ڕەنگێکی نامۆ جیهانێکی وای هێناوەتە کایەوە، تەنها حەوت هەنگاو پێشانگای ئەو تابلۆ ڕێک و پێکانە لە جیهانی ئازار و تێکۆشان و جۆگە چڵپاوی گەورەتر لە خڕی خاسە لە یەک جوێ دەکاتەوە.”(٤) لەم دیمەنەوە
یەک : نووسەر یان چیرۆکنووس لەم دەقە ئەدەبییەدا هەڵگڕی تێڕوانینێکی چەپ بووە و هەر لەو دیدگا و دنیابینییەوە تەماشای ژیان و دیاردەکان و کۆمەڵگە و ئینسانی کردووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە چیرۆکنووس حەتمەن دەبێ کەسێکی مارکسیست یان سۆشیالیستخواز بووبێ، نەخێر. ڕەنگە هەڵگڕی تێڕوانینی ناسیونال – چەپ بووبێ. ئەمە کێشەی ئێمە و خوێنەریش نییە. ئێمە تەنها لە فەزا و ئەتمۆسفیری چیرۆکەکەوە هەڵوێست و تێڕوانینی نووسەر دیاری دەکەین

دوو : خودی جیهانبینییەکە دنیابینییەکی شۆڕشگێرانە نییە و ڕوانگەی سۆشیالیتی یان مارکسیستی زاڵ نییە بەسەریدا، بەڵکو دنیابینییەکەی زیاتر پۆپۆلیستییە. چونکە نووسەر پێی وایە خەبات و تێکۆشان تەنها لەنێو کوخ و خانووە نزمەکاندا بوونیان هەیە. ” تەنها حەوت هەنگاو بکێشم و بگەڕێمەوە پێش سەدەیەک حەوت هەنگاو ئەمگەیەنێتە سادەیی سروشت و سادەیی مرۆڤ و ژیانی پڕ چەرمەسەری و تێ کۆشان، ئەو ژیانەی کە لە سەرەتاوە بۆم دانراوە و لێ ی ڕافاتووم، ژیانی ڕەش و ڕووتایەتی.”(٥) نووسەر پێی وایە خانووەکانی سەر شەقامە پاکەکان، کچانی ناسک و نازدار، خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مامۆستا و تەنانەت کرێکارانی کۆمپانیای نەوتیش، شۆڕشگێڕێتی و کار و چالاکی شۆڕشگێڕانەیان لێ ناوەشێتەوە. لەکاتێکدا کرێکارانی کۆمپانیای نەوت بەپێی مەوقیعیەتی کارکردنیان کە شادەماری ئابووری وڵات بەڕێوە دەبەن، نەک هەر کاری شۆڕشگێڕانەیان لێ دەوەشێتەوە، بەڵکو گەر ئیرادە بکەن و بیانەوی دەتوانن چەرخی نیزامی سەرمایەداری لە عێراق ڕابگرن. وەک لە ساڵی ١٩٤٦دا مێژووی خەباتی چینانەتی عێراقیان بە مانگرتنی گاورباغی نەخشاند. لە لایەکی تریشەوە ڕابەری خەباتی چینایەتی جیهانی و ڕەمزتی خەباتی کۆمۆنیزم (کارڵ مارکس) خۆی کرێکار نەبووە و هەرگیز ڕۆژێک بە جلی کۆن و کرێکارییەوە نەچووە بۆ ئیشکردن و چەند پاوەندێ بۆ جینی هاوسەری و منداڵەکانی بەدەست بهێنێت. بەڵکو مارکس ڕۆشنفکرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە بەڵام لە مەوقیعیەتی چینایەتی کڕیکاراندا بووە. بۆیە چیرۆکنووس نەیتوانیوە قامکی بخاتە سەر دەرد و مەینەتەکان و دەستنیشانکردنی ڕێگاچارەی گەنجاو و عەمەلی بۆ ئەو نەهامەتییانە. ئەویش نەک لەبەر ئەوەی چیرۆکنووس لەو سەردەمە قووتابی زانکۆ بووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هۆشیارییە چینایەتییەی کە دەبوو لەبەردەستی بێ، لەبەر دەستی نەبوو.

سێ : چیرۆکنووس کێشەکان و واقیعەکان دەبێنێ بەڵام بە ناڕۆشنی لە هێزەکان و سەنگەرە چینایەتییەکان دەڕوانێ. ئەو هێزەکان و ململانێکانیان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی جوگرافیا دابەش دەکات، نەک لەسەر بنچینەی پەیوەندی نێوان کار و سەرمایە. چیرۆکنووس لە ڕاستیدا نە هێزە واقیعییەکان و نە سەنگەرە چینایەتییەکانی نەبینیوە. هەر بۆیە بەشێک لە ‌هێزی واقیعی چینایەتی کرێکارانی عێراق و کوردستان بە بەرەکەی ئەوبەر دەزانێ. ئەم ئاحاڵیبوونە بە دەستی ئەنقەست نەخراوەتە ڕوو، تا خۆڵ بکاتە چاوی خوێنەر و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکو لە ڕێژەیی ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە.

چوار : نووسەر بچووکترین دژەکردار لەئاست ئەو واقیعە نانوێنێ و ئەمەش بەڵگەی ناشۆڕشگێربوونی تێڕوانینەکەیە. واتە نووسەر و حیکایەتخوان کە هەردووکیان یەکن جگە لە گێڕانەوە و نیشاندانی دۆخێکی تایبەت بێئەوەی بچووکترین هەنگاو بنێ بۆ دەستکاریکردنی، کۆتایی بە چیرۆکەکە دێنێ بەوەی کە دەگەڕێتەوە ئەمبەر و دەچێتەوە ناو هەلومەرجە دژوارەکەی ڕەش و ڕووتەکان. ئەمە جۆرێکە لە تەسلیمبوون بە واقیع. تەسلیمبوون بە بێئیرادەیی و تەبلیغات و پڕوپاگەندەی چینی بورژوازی لەوەی کە دەڵێ هەژاری و دەوڵەمەندی هەر لە ئەزەلەوە بوونیان هەبووە و هەیە. لێرەوە پەنا نەبردن بۆ کردار و یاخیبوون، هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە، نووسەر دەخاتە خانەی پاسیفیستبوونەوە. لەکاتێکدا نووسەر بە جیددی هەوڵی داوە پاسیفیست نەبێ و لەئاستی ڕووداوەکان بێت.
لێرەوە دیسانەوە دەگەینە سەر ئەو شاڕێیەی کە بڵێین جیهانبینی چیرۆکنووس لە هەوڵدان بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی نێوان ئینسانەکان جێی پشتیوانییە و لەهەمان کاتیشدا لە هەڵبژاردنی ماتریاڵەکانی ئەو نیشاندانە نەیتوانیوە ئامانج بپێکێ و بگات بەو مەبەستەی کە خۆی دەیەوێ.

ئەدەب و پەیامی سیاسیی

ئەدەب وەک چالاکییەکی فیکریی ئینسان هەمیشە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی جیاوازەەوە دێتە نمایش کردن. لەوەتەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر دوو چینی دژ بە یەک، شوناسی ئەدەبیش لەسەر بنەمای ململانێی نێوان ئەو دوو چینە دێتە پێناسەکردن. بە واتایەکی تر ئەدەبێک نییە غەیرە چینایەتی بێت. چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئێستا ئێمە بە ناچاری ژیانی تێدا بەسەر ئەبەین و لەسەر ناکۆکی چینایەتی و دەسەڵاتی چینایەتی بنیاتنراوە، توانای دەربڕینی هەستە پەتییە مرۆییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی خۆمان بە کەسانی دیکەوە بەڕادەیەکی یەکجار کەمە.( ٦). بۆیە لەم سەردەمی سەرمایەدارییەی کە ئەمڕۆ مۆرکی خۆی بە هەموو شتێکەوە ناوە (بەسەردەمی نووسینی چیرۆکەکەشەوە)، ئەدەب و هونەر یان سەرمایەداریی(بۆرژوازی) یان کرێکارییە. بۆیە ئەو ئەدەبەی کە گوزارشت لە واقیعی خەبات و ململانێی چینایەتی کرێکاران دەکات لە دژی سەرمایەداران بە ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە دێتە ئەژمار. ماهیەتی ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕە هەڵگری جۆرێکە لە پەیام کە تێدەکۆشی هۆشیاری چینایەتی خوێنەر یان کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرێتە سەر. لە چیرۆکی (تەنها حەوت هەنگاو) چیرۆکنووس هەوڵیداوە پەیامی ئەدەب بە شێوەیەکی هونەرییانە بگەێنێ، بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بپێکێ. چونکە ” ئەدەبی کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی.”(٧). چیرۆکنووس ویستوویەتی بەشدار بوونی کارای خۆی لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵگەی کوردستان لەڕێگەی نووسینەوە بباتە پێشەوە. ئەم دەقەش جوانترین گەواهییە لەسەر ئەو بەشدارییەی عەبدوڵا ئەحمەد سادقی چیرۆکنووس. (٨)
چیرۆکنووس تێکۆشاوە باسی نا دادپەروەری بکات، باسی جیاوازی نێوان ئینسانەکان بکات، باسی دوو دنیای تاریک و ڕووناک بکات کە هەردووکیان لەسەر یەک سەرزەمین بوونیان هەیە. بەڵام جێی داخە چیرۆکنووس بێئەوەی لە ماناکانی دادپەروەری و خەبات و تێکۆشان و شۆڕش لە تێڕوانینی چینایەتی کرێکارانەوە گەیشتبێ، ئەو کارەی کردووە. ئەمەش ئەو ئاریشەیەیە کە لە گەیاندنی پەیامی سیاسیی دەقەکە هەست پێدەکرێت.

ئەم چیرۆکە لەڕاستای هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەوە، دەتوانین بڵێین کە هەوڵێکە لەپێناو فەراهەمکردنی زەمینەی پرسیارکردن لەسەر ناعەدالەتییەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیان. هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕووی دزێوی ژیانێک کە سەرمایەداری بۆی بەرهەم هێناوین. بەڵام نەیتوانیوە بەڕۆشنی و بە قووڵی ڕۆبچێتە نێو بابەتەکەی. بە واتایەکی تر نەیتوانیوە پەنجە بخاتە سەر ئەسڵی بابەتەکە.

دەربارەی فۆرم و زمان

لە “تەنها حەوت هەنگاو”دا، حیکایەتخوان کەسی یەکەمی تاکە (من)، کە لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ خۆیدا (مۆنۆلۆگ) لە شوێنکاتی ڕووداوەکان بە هاوکاری ژمارەیەک کارەکتەر وەک ( حیکایەتخوان و فریاد، کاروان، ڕزگار، گزنگ ) کە بوونی ئەو کارەکتەرانە نەیتوانیوە ئیزافەیەکی گرنگ بخاتە سەر دەقەکە. فەنتازیاش هۆکارێکە کە حیکایەتخوان بە هۆیەوە دەچێتە دەرەوەی جوغزی خەیاڵی و دێتە ژوورەوە. واتە خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخدار دەگێڕێ لە چیرۆکەکە. چونکە چنینی ڕووداوەکان بەجۆڕیکە بواری کەمی بۆ خوێنەر هیشتۆتەوە بەشداری ڕووداوەکان بکات. هەرچی زمانیشە کە ئەو چیرۆکەی پێنووسراوە، زمانێکی ڕەوان و کوردییەکی پەتیی سادە و جوانە. لەڕووی ڕێنووسیشەوە، هەرچەندە گۆڤاری کاروان (خوولی یەکەم) تا ئاستێک پەیڕەویی لە ڕێنووسی کۆڕی زانیاری کورد دەکرد، بەڵام بە وردبوونەوە لە ڕێنووسی ئەم چیرۆکە دەبینی هەڵەی ڕێنووسی زۆر کەم تێدایە و بە بەراورد بەو سەردەمە( سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو) زۆر لە پێش بووە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە ڕێنووسی چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” لە ڕێنووسی زۆربەی نووسەرانی ئەمڕۆ دروستتر و چنینی زمانەکەشی جوان و کوردییەکەشی ڕەوان ترە.

ئەنجام

چیرۆکی “تەنها حەوت هەنگاو” هەوڵێکی جوان و سەرکەوتووی چیرۆکنووسی کۆچکردوو عەبدوڵا ئەحمەد سادقە، کە لەنێو واقیعی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی شارێکی پێشەسازی وەکو کەرکووک ویستوویەتی بە تێڕوانینێکی چینایەتییەوە، لە کێشەی گەورەی جیاوازی چینایەتی بدوێ و لەڕێگەی تەوزیفی شوێنەوە و بە هونەرێکی جوانەوە، لە پایەکانی هەڵکشان بەرەو داهێنان نزیک بۆتەوە. چیرۆکنووس ورد لەسەر پەیامی سیاسی – چینایەتی چیرۆکەکەی ئیشی کردووە گەرچی بەهۆی ناڕۆشنی و نەبوونی ئاگایی تەواو لەسەر بنەماکانی خەباتی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازی و تێنەگەیشتنی ورد لە نیزامی سەرمایەداری، نەیتوانیوە پەیامێکی ڕۆشن بگەێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵێکی سەرکەوتوو دادەنرێ لە پانتایی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییەی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە گەڕان بەنێو ئەو بزووتنەوەیە و مێژووەکەیدا ڕەنگە ئەو بەرهەمانەی لەئاست ئەم چیرۆکەن، لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکەن.

————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان

١- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٢- نموونەش بۆ ئەو دەقانە چیرۆکی “ئامێردەکان” ی چیرۆکنووسی کۆچکردوو محەمەد موکری و هەروەها چیرۆکی ” دووربین” ی حەمەفەریق حەسەن و شیعری ” دوا نامە” ی هەڤاڵ کوێستانی و زۆری تر کە ئەو سەردەمە لە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو دەبوونەوە.
٣- هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دزاین و شێوەی ڕۆژئاوایی خانووەکانی شەریکەی نەوت کە ئینگلیزەکان(دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی نەوتی ئینگلیز) لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ کرێکارانی کۆمپانیای نەوت دروستیان کرد. دیارە کە ئەمبەر و ئەوبەر بەو جیاوازییە وەسف دەکەین لە واقیعدا خودی ئەو جیاوازییە زۆر بەرچاویی نییە، چونکە لە بەشی باکوریش گەلێ خوێندەوار و سیاسەتمەدار و هونەرمەند و ئەدیب و نووسەری تیا هەڵکەوتووە و ڕەنگە لەبەشی باشووریش هەبن نەخوێندەوار یان ئاستی ئاگایی لەئاستی پێویستدا نەبووبێ. ئەوەی زیاتر مەبەستە گۆشەنیگای نووسەرە کەلەسەر بنەمایەکی دروست بنیاد نەنراوە.
٤- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦. بێ دەستکاری وەک خۆی ڕۆنووس کراوەتەوە.
٥- تەنها حەوت هەنگاو نووسینی عەبدوڵا ئەحمەد سادق گۆڤاری کاروان ژمارە ١٦ کانوونی دووەم ساڵی دووەم ١٩٨٣ لاپەڕە ٥٦ و ٥٧.
٦- لودڤیگ دۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی سالار ڕەشید لەبڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاری ی ن ک ٢٠٠٥ لاپەڕە ٤٩.
٧- شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمێشە زیندووبوون عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) گۆڤاری هانا ژمارە ١ خووڵی دووەم ٢٠١٦ لاپەڕە
٨- چیرۆکنووس عەبدوڵا ئەحمەد سادق لە ١/١/١٩٥٨ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەشاری کەرکووک تەواو دەکات و پاشان لە زانکۆی موستەنسرییە لە شاری بەغدا وەردەگیرێ. ساڵی ١٩٨٦- ١٩٨٧ خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. ژمارەیەک کورتەچیرۆکی نووسیوە و کەژمارەیان لە بیست کورتەچیرۆک زیاترە. ماوەیەک لە ڕادیۆی ئازادی حیزبی شیوعی کوردستان چەند بەرنامەیەکی پێشکەش کردووە و هەورەها چەند ساڵێکیش مامۆستا بووە لە پەیمانگای لە هەولێر. دواجار لەڕێکەوتی ١/١٠/٢٠١٢ ئەم چیرۆکنووسە لەتەمەنی پەنجا و چوار ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان و ئەدەب و چیرۆک و داهێنان دەکات.

Previous
Next

Leave a Reply