Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەو ئێوارەیەى لە ئێوارەكانى دیكەمان نەدەچوو…..

ئەو ئێوارەیەى لە ئێوارەكانى دیكەمان نەدەچوو…..

Closed
by October 28, 2008 ئەدەب

 ئەو ئێوارەیەى لە ئێوارەكانى دیكەمان نەدەچوو…..
 ئەو ئێوارەیەى پڕبوو لە عەترى جوانى و بۆنى عەشق
 نورى بێخاڵى

 ئەو ئێوارەیە لە ئێوارەكانى دیكەى ئەو ناوە نەدەچوو، ئاخر عەیامێكى دوورە لە زەردەواڵەى ژاوەژاو و سیاسەت زیاتر، كۆترێكى ئارامى لە گوێسوانە و پەنجەرەى هۆڵەكانى ئەو ناوەدا نەنیشتۆتەوە.. رۆژگارێكە تەنها لوورەى رەشەباى ئایدیۆلۆژیا پەردەى سەنتەرەكانى ئەمسەر و ئەوسەر پێدەكات و شەقامەكانیشى لىَ پڕكردووین لە بوغز و كەمتر شنەیەكى نەرم لەگەڵ خۆیدا پرچى وشەى ناسكى شانە كردووە و سەماى بە خونچەكانى خەیاڵ كردووە..
 ئەو ئێوارەیە لە هیچ ئێوارەیەكى دیكەى بەر لە خۆى نەدەچوو، هەستت دەكرد حەشاماتێك تینووە بۆ سكون و تامەزرۆى فڕینە بەسەر باڵى نۆتە و ئاواز و ریتمى نێو دێرەكان، بۆ دونیایەك تیایدا رۆحیان ئۆقرە بگرىَ..ئەو ئێوارەیە سروشتیش بە روخسارێكى دیكەوە رەنگى خۆرئاوابوونى تێكەڵ بە پاییزى عاشقانەى ئەو ناوە كردبوو، ئەو خۆرئاوابوونەى ( ئاسۆ بابان) گووتەنى لە هەر شتێك مۆسیقى ترە، ئەو پاییزە وەرزەى تیایدا تەڕێتى باران مانایەك دەداتەوە بە ژیان و گەڵا وەریوەكانى بوون، تیایدا نزیكتربوون لە ئەسەفى لە دەستدانى تەمەن بە خۆڕایى، وەك لە سروتێكى سروشت، كە گوزارشتە لە فڕێدانى كاژ و پۆشینەوەى بەرگێكى نوىَ.. ئەو ئێوارەیە پڕ بووینەوە لە مانا، لێوڕێژ بووین لە ئومێد، تژى بووینەوە لە خەونى ئەرخەوانى بە مرۆبوونەوە..ئەو ئێوارەیە بە ئەسپایى و بێدەنگ (نەزەند و دلاوەر) (شێركۆى دلۆڤان) ئاسا، دەستیان گرتین و لە سێڕیانى یەئس و مەلولى و بێزاریدا، پیاسەیەكیان بە نێو چیمەنەكانى خەیاڵ و باخەكانى وشە و فیردەوسەكانى شیعر پێكردین و لەگەڵیاندا (رەوشت) بە نمەى ئاونگى ریتمى سلۆى نێو پەنجەكانى، لەسەر تەختى كەمانچەیەكى خەمناك، رۆحى پڕ كردینەوە لە نورى ژیان و نوێبوونەوە..ئەو ئێوارەیە لە هەموو شت دەچوو، تەنها لە چركە بێتاقەتییەكانى نیشتمان نەبێت، بۆنى هەموو شتێكى دەدا، جگە لە هاڵاوى بێنازى كوچە و هەناسەى سوارى گەنجانى وڵات، رەنگى هەموو شتێكى دەدا، تەنها رەنگى دیوارە یەك رەنگەكانى بارەگا و كۆنكرێتى بەردەرگاى ماڵەكانى حكومەت نەبىَ، كە هەمیشە ئاماژەیەكن بۆ بە سفر كردنەوەى ئەوانى دى ئەودیو دەرگاكانیان و هەواڵى ترسێك بە گوێچكەمان ئاشنا دەكەن و دیمەنى تۆقینێك لە هاوێنەى دیدەماندا دەكێشن..ئەو ئێوارەیە شیعر هات و كردینیەوە بەو مەلۆتكانەى، لە باوەشى دایك و بۆن كردن بە گۆى مەمكەكانى زیاتر، هیچ شەق شەقە و بێشكەیەك داڵدە و ئۆقرەیان نادا.
  ئەو ئێوارەیە ژن و پیاوێك، بە جانتایەكى پڕ لە دەنكە هەنارى بیرەوەرى و كۆڵێكى مشت (پڕ) لە حەسرەتەكانى مناڵى دوێنىَ، لەوسەرى كیشوەرەكانەوە هاتنەوە، تا حیكایەتى سوێى دابڕان و بیمى (ترس) مانەوەمان بۆ بگێڕنەوە، سوێى دوورى ئازیزان و بۆنكردن بە خاك و بیمى بەردەوامى ئەو سێبەرە رەزا قوڕسانەى دوور نییە دیسانەوە مەنفامان لەلا خۆش و جوانتر بكەنەوە.. ئەو ئێوارەیە ژنێك لە چاوەڕوانى دۆزینەوەى نادیارێكدا، كە لەناخى ناوەوەى هەموومان دایە، هات و بوخچەى خەونەكانى كردەوە و رستێك مروارى رشتە دەریاى ئەندێشەمان و لەگەڵیدا پیاوێك هات، جیاواز لەو پیاوە رەزا قوڕسەى نێو تێكستەكانى، بە مشتىَ نور و باوەشىَ تریفە، خۆى كرد بەناو كەلاوەى رۆحمان و حەزى ژیانى تیادا چاندینەوە.. ئەو ئێوارەیە، ئێوارەیەك بوو لە هیچ ئێوارەیەكى ترى ئەو ناوە نەدەچوو.. ئێوارەیەك رانى خەیاڵمانى بۆ بنارى ئەو بەرزاییانەى ئاسۆى وشە ئاژووت، كە پڕن لە جوانى، بۆ ئەو پێدەشتانەى پەیڤ، كە لێوڕێژن لە عەترى ژیان و تك تك بەرامەى عەشقیان لىَ دەتكىَ.. ئەو ئێوارەیە بوو، كە (دلاوەر و نەزەند) پێكى شیعریان لەگەڵ هەڵداین و (رەوشت) سەمایەكى عاشقانەى بە چنارى خەیاڵمان كرد.
 چ قەدەرێكى جوانە قەدەرى شیعر.. ئاخر ئەوە قەدەرى شیعر بوو، لێرە، لەو مەملەكەتى تەپ و تۆز و بێهودەییدا، لە هۆڵێكدا زامە بە سوێكانى ئاوارەیى و بێتاقەتییەكانى نیشتمانى ئاوێتەكرد..ئەوە قەدەرى شیعر بوون بەو خەیاڵى رەنگاڵەیى شاعیر و پەلكە زێڕینەى وشە، پڕى كردینەوە لە ماناكانى جوانى و ژیان.. ئەوە قەدەرى شیعر و هێزى سیحراوى ریتمى نێو كەلێنى پیتەكان بوو، ئەو ئێوارەیە ناچار بە سكون و بێدەنگى و بوونەوە بە خۆمانى كردین.. ئەوە قەدەرى شیعر بوو وایكرد دیسانەوە ببینەوە بە خۆمان، ببینەوە بەو مرۆڤە بریندارانەى شەرم لەوە نەكەین قەتماغەى زامەكانمان ببینین.. ئەوە قەدەرى شیعر بوو لە ژێر چەترى پاییزێكى ئاوس بە بارانى عەشق، پێدەشتەكانى پڕ لە حاجیلەى نێوان كەكۆن و هەیبەت سوڵتان و حیكمەتەكانى سێكوچكەى بابان و دیوار و قەڵاكانى مێژووى سۆرانى هێنایەوە سەر یەك خوان و بیرمانى خستەوە، كە بەو هەموو یەك رەنگییە ژیان كوژەمان، هەموومان هیلاكى ژێر سێبەرى مێژوویەكى قوڕسین، عەوداڵى كڵاوڕۆژنە و تروسكایى شوناسێكین، كە جارێك گەردەلوولى بیابان و ساتێك رمبازى قاجار و تاوێكیش فەتواكانى بابى عالى زراویان لە لەدایكبوونى تۆقیوە.. ئەمەیە حیكمەتى گەڕانەوەى شیعر بۆ باوەشى نیشتمان، ئاخر هاتنەوەى شاعیر بۆ ئامێزى نیشتمان وەك هاتنەوەى گەڕیدە و پەناهەندەیەكى ئاسایى نییە، گەڕانەوەى شیعر بۆ ژێر چەترى وڵات، گێڕانەوە حیكایەتەكانى بوون و ژیان و مانەوەیە.. ئاى كە قەدەرێكى جوانە شیعر., واى كە ئەفسونێكى سەرنج راكێشە ئاشتبوونەوەى وشە و خاك.
     
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.