Skip to Content

86 Views

بەرهەڵستکار و دەسەڵات تەواوکەری یەکدین … شوان حەسەن

بەرهەڵستکار و دەسەڵات تەواوکەری یەکدین … شوان حەسەن

Be First!
by September 30, 2016 General, Opinion
image_print

– حیزبەکانی کوردستان، ئەگەر لە قسە کەمێک جودا بن.. بەڵام لە راستییدا هەموویان هاوڕان لەسەر مانەوەی ئەو سیستەمە!
– خوێندنەوەی من وا نییە، چونکە تۆ لە دەرەوەی حیزبەکانەوە قسە دەکەی.. ئەمن لەبەر ئەوەی ئیشم لەگەڵ چەند حیزبێک کردوە پتر ئاگادارم کە زۆر دوورن لە یەکدی و دەتوانم چەندان بەڵگەشت بۆ بێنمەوە.

بەڵگەکانی هی ئەوە نەبوون مرۆڤ سەری خۆی پێ بئێشێنی.. ئاخر حیزبەکانی کوردستان هێندەی لە دژی یەکدی دروستبوونە بە چارەگی ئەوە وەک پێویستیەکی کۆمەڵایەتی دروستنەبووینە، ئەوە لە کاتێکدا لای هەموو کەس ئاشکرایە کە دروستبوونی حیزب وەک پرۆسەیەکی ئاسایی پێویستبوونە کۆمەڵایەتییەکەی دیاریدەکا، بەڵام لای خۆمان کۆمەڵە کەسێک بۆ خۆیان چەند هۆیەک دیاردەکەن.. ئیدی ئەو لایەنگرانەی بە دوای گەرمکردنی بازاڕاوەن دەیقۆزنەوە و حیزبەکە دادەمەزرێ.. پاشان وەک پیشەی هەر کاتێکیان ئەو کارەیان بە ناوی نیشتمانپەروەریی و چی و چی بەسەر خەڵکی رەشوڕووتدا دەفرۆشنەوە.

لە هەشتایەکان پێشمەرگەیەکم دەناسی سیناریۆیەکی زۆر جوانی دروستکرد؛ کاتێک چەکەکەی فڕێدا و گوتی: ”چیدی براکوژیی ناکەم”! توانی ئەو بڕیارەی وەک هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕیی بەسەر خەڵکدا بفرۆشێتەوە، بەڵام ئێمە راستییەکەمان دەزانی بۆیە ئەو گرنگییەمان پێنەدا؛ هۆیەکەی ئەو بڕیاردانەی ئەوە بوو کە باوکی خۆشەویستەکەی پێیگوتبوو بە مەرجێک رازییدەبم ئەو هاوسەرگیرییە سەربگرێ کە واز لە پێشمەرگایەتی بهێنی. ئیدی ئەویش ئەو بیانووەی قۆستبۆوە!

دیارە ئێستاش ئەو نموونانە هێندە زۆرن بەڵام نە حەوسەلەی ئەوەمان هەیە وەدوایاندا بچین نە پێویستیش دەکا.. چونکە کۆمەڵناسان لەمێژە ئەوەیان یەکلاکردۆتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆردا کۆمەڵی دووڕوو دروستدەبێ، بەڵام ئەوانەی ئێستا شێوەیەکی نیشتیمانپەروەریی دەدەنە ئەو دووڕووییە؛ لێرە و لەوێ گوێت لێدەبێ:
– ئەدی ئەو هەموو گەشەسەندنە ئابوورییە نابینی؟
– ئەرێ دەیبینم.. ئەدی ئەوە نییە بە کارەسات بەسەر ئەو میللەتەدا شکاوەتەوە.
پەشیمان بومەوە بەو زمانە بریندارکەرە وەڵامم داوە، نازانم چەندی دیکەی دەوێ ئاخاوتنەکانمان دوور بێ لەو زمانە زبر و شٶڕشگێڕە، ئەگەرچی من خۆم زۆر کۆشس دەکەم وا نەبم.. بەڵام ببوورن نەمتوانی.

– پێش ئەوەی شت بۆ خەڵک ررونبکەیەوە کەمێک کات بە خۆت بدە بۆ ئەوەی بزانی دەتەوێ چی بڵێی و چیت دەوێ، ببوورە.. لە شیوەی تۆ زۆرمان دی.
بەخۆنازینەکەیم پێ ئاسایی بوو کە چەندین حیزبی کردوە.. لێ کەسی لێ پێچینەوەی لەگەڵ ناکا کە بۆچی ئەو هەموو حیزبەی گۆڕیوە! جگە لەوەش خەڵک هێندەی ئامادەن گوێ لەو بگرن.. ئامادەنین گوێ لەو کەسانە بگرن کە ناپاکییان لێناکەن! وا مەزانە لە بێهودیەوە قسە دەکەم چونکە ٢٥ ساڵە ئەوانەی نێو دەسەڵات بە پێی بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکانی خۆیان ئەمبەر و ئەوبەر دەکەن، کەچی نە ئەوان داوای لێبووردن دەکەن و نە روونکردنەوەیەکیش دەدەن، نە کەسێکیش لێیپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات!
ئەگەر بە کەسێک بڵێی: ”ئەو مرۆڤە دووڕووە دوێنێ لە نێو دەسەڵات بوو” هەروا هۆیەکانی بەرهەڵستکاربوونی قسەکردنەکانی ئێستاشی بۆ روونبکەیەوە، ئەوە هەر ئەوەت پێدەڵێن: ”دەی.. ئێستا هەڵوێستی جوانە”!
هێندێک کەس قسەکردن و گلەییکردن بە هەڵوێست دەزانن، لێ با بزانین بە پێوەری ئەو دەسەڵاتەی کوردستان چیە؟ تۆ بۆت هەیە قسە بە هەموومان بڵێی و رەخنە بگری.. تەنیا ئەو کاتە هێڵی سوور دەبەزێنی کە داوای دەرچوون لە بازنەکە بکەی. کاتێک یەکێتی و پارتی کێشەیەک دەکەوێتە نێوانیان زۆر ئاساییە کە قسە بە یەکدی دەڵێن چونکە ئەوان هێڵە سوورەکە نابەزێنن و بەو قسە بەیەک گوتنانەش دەسەڵاتەکەیان ناکەوێتە مەترسیی.. ئەوان هەڵوێستی راشکاوانە بەرانبەر یەک دەرنابڕن رەخنەی راشکاوانە لەیەک ناگرن بۆ ئەوەی کێشەکان بە پێی بەرژەوەندیی خەڵک چارەسەر بکەن بەڵکە ئەوان بازاڕ دەکەن نەک سیاسەت.. جا ئەگەر تۆش ئەو قسە بەیەک گوتنانە یان قسەکردنی وەک رەخنە و بێ بەزاندنی هێڵی سوور بە هەڵوێست و رەخنەی راشکاوانە دەزانی ئەو سووچی خۆتە کە بە هەڵەدا دەچی.
لە دوای راپەڕینەوە مانەوە لە نێو دەسەڵاتی کوردی مانەوەیە لە سەنگەرێک دژی میللەت.. چونکە هەرچی سامانی ئەو نیشتمانە هەیە ئەوان بەفیڕۆیان دا ئەویش بە هاوبەشیی لەگەڵ ئەو خۆفرۆش و فایلدارانەی تا دوێنی لەسەنگەری دوژمن بوون و ئەوڕۆش خەونی دروستکردنی ژیانێکی پڕ شکۆمەدییمان لێدەدەزن. ئەوەی خەفەت دەداتە مرۆڤ ئەوەیە کە ئەو کەسانەی بە پاکیی ماونەتەوە رێز لە یەکدی ناگرن.. ئایە ئەوە گرێی دەروونییە یان هەر دەبێ بڵێین داڕمانی کۆمەڵە؟
بۆ ئەوەی لە ژێرخانە فەرهەنگییەکەی ئەو دەسەڵاتە بگەین دەکرێ لە هەر دەرگەیەکی دروستکردنی کۆمەڵ بە ژوو بکەوین.. بۆ نموونە ناشیرینکردن؛ ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەکی روون پێماندەڵێ: جنێو بدە.. جنێو بدە.. تا بتبینم! فەرهەنگی ناشیرینکردن رەگی زۆر قوول رۆچووە، (مام جەلال) ئەو پیاوەی بەوە بەناوبانگە وتوێژ لەگەل نەیارەکانی دەکا و لە زمانی گفتوگۆ دەگا، ئەو کاتەی سەکۆی ئازادیی دروستدەکا لە باخی ئازادیی.. ناڵێ بڕۆن بە ئازادیی رەخنەم لێبگرن بەڵکو دەڵێ بڕۆن بە ئارەزووی خۆتان قسەم پێبڵێن! قسە پێگوتنیش خۆی هەر جنێوە.
بە ناو چەپەکانیش کە لە نێو دەسەلاتن.. نووسین و لێدوانەکانیان بەشێکە لە فەرهەنگی ئەو قوتابخانە کۆنەی لینین و ستالین کە زمانێکی زبریان هەبوو و لەسەر بنەمای هەڵنەکردن لەگەڵ یەک دامەزرابوو، پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەوانە تەنیا رابردووێکیان لەگەڵ چەپ هەیە.. دەنا گەمەی ئێستایان دیار و ترسناکە.
ئیسلامی حیزبیی و رێکخراو زمانێکی هێندە پڕ شەرمیان هەیە مرۆڤ شەرم دەکا قسەکانیان بگێڕێتەوە، ئەگەر سەیری مێژووی ئەو باشوورە بکەی لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا یەک کەسایەتیی دینیی نیشتیمانییان تێدا نابینیەوە، ئەگەر لێرە و لەوێش جاربارێک گوێبیستی ئەوە بووبین پیاوێکی دینیی رەخنەی لەو دەسەڵاتە گرتبێ.. ئەوە زۆری نەبردوە گەمەکەی ئاشکرا بووە، هەر ئەوەیە کە لە سەرەتادا دەیەوێ خەڵک لە خۆی نزیک بکاتەوە بەڵام لە بازنە گشتیەکە دەرنەچن.. ئیدی کە پێگەیەکی بۆ خۆی دروستکرد دەڵێ: ”ئایە دەسەڵاتێکی گەندەڵ باشتر نییە لە (شەریعەت)ی داعشیی؟”، دەسەڵاتی سیاسیی لە رێی ئەو کەس و دەستانەوە توانیویەتی کۆی ئەو شکۆیانە بشکێنێ کە تاکی کورد وایدەزانی لە دینەوە بۆی ماوەتەوە، هەرچەندە ئەمن بۆ خۆم دڵنییام ئەو جوانییانەی لە کۆمەڵی کوردییدا هەن هیچ پەیوەندییان بە دینی ئیسلامەوە نییە بەڵکە زۆر پێشی هاتنی ئیسلام کومەڵی کوردیی هەڵگری ئەو جوانییانە بووە، (دەکرێ لە نووسینێکی دیکە بە دوور و درێژی قسەی لەسەر بکەین) تەنیا هێندە دەڵێم کە تێگەیشتنی کورد بۆ دینی ئیسلام مێژووێکی دووری نییە.. ئیسلامیش وەک ئایدیۆلۆژیا توانایەکی ئەوتۆی نییە لە رووی پەروەدەوە بەڵکو پتر بەکارهێنانی زمانی هەڕەشەیە.
کۆی ئەو دەستە و کۆمەڵانەی دەسەڵاتێکیان بۆ خۆیان دروستکردوە کاریان ئەوەیە لە رێی دروستکردنی چەندین و سیناریۆ و ململانێوە نەیەڵن درز لە سیستەمەکەیان دروست ببێ.. بە هەموو توانایانەوە دژایەتیی بچووکترین هیوا دەکەن کە لەو کۆمەڵە سەرهەڵدەدا، ئەوان چاک دەزانن ئەو هێزەی جێیان پێ لەق دەکا ئەوە هزر و تێڕوانین سێکۆلارییە.. بۆیە بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی دەکەن، ئەگەر تەماشای بەرنامەکانیان بکەین دەبینین زۆربەی جارەکان بە ناوی (باسکردن لە دین و سێکۆلار) دیندارێک و بێدینێک دەهێنن و دەیانخەنە بەرانبەر یەک؛ بێدینەکە وەک سێکۆلارێک خۆی دەناسێنێ و لە کاتی قسەکانی بەو شێوەیە دەدوێ کە ئەوان دەیانەوێ نەک هەر دین لە دەوڵەت جودا بکەنەوە بەڵکە دەیانەوێ دین لە کۆمەڵیش جودا بکەنەوە! نیازی بەرنامەکەش تەنیا ئەوەیە کە ئەو قسەیە بکرێ و سێکۆلاریی لە پێش چاوی خەڵک (کە زۆرینەیان بڕوایان بە دین هەیە) ناشیرین بکا و وای پیشان بدا کە سێکۆلاریی بێجگە لە بێدینیی هیچی دیکە نییە!
پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئایە چەند کەس لە لایەنگرانی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان و شیوعی و یەکگرتوو و کۆمەڵ) توانای ئەوەیان تێدایە واز لەو نەشتەرگەرییە جوانکارییە بهێنن کە بۆ حیزبەکانیان ئەنجامی دەدەن و رۆژانە لە تەلەفزیۆن و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆیانی پێ دەردەخەن؟
حیزبایەتی لە هەرێمی ئێمە لە قۆناغێکی ترسناک دایە و دژ بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان تەواو دەبێ، هیچ حیزبێک لەوانەی لە سەرەوە ناومهێنان جیاوازییان نیە و هەمووشیان پێکەوە هۆکاری سەرەکیین بۆ درێژەکێشان و مانەوەی ئەو سیستەمە، یەکێک لە خاڵەکانی چارەسەر گەیشتنمانە بە قۆناغێک ئەویش پێیدەگوترێ (لە سەرەوەی حیزبایەتی)، کۆمەڵێک بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغێکی باشتر و پێشکەوتووتر دەبێ بەشێک لە تاکە چالاکەکانی گەیشتبنە ئەو قۆناغە، بێگومان کەسانێک گەیشتوون ئەو لایەنەشیان ناشیرین کردوە.. واتە لەگەڵ دەسەلات کار دەکەن و خۆیان بە بێلایەن دەناسێنن.. بێگومان ئەوانە بەرژەوەندییان لەگەڵ مانەوەی ئەو سیستەمە دایە، بەڵام ئەوەی ئەمن مەبەستمە ئەو کەسانانەن کە بایکۆتی ئەو دەسەڵاتەیان کردوە و بە واتای وشە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی تێکۆشاون.. نەک ئەوانەی بوونەتە راوێژکاری دەسەڵات یان هەمیشە بازاڕی راگەیاندنەکانیان گەرم دەکەن. ئەو دەسەڵاتە داواکارییەکی ئاسانی هەیە.. ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ: ”دەرفەتت پێدەدەم قسەم پێ بلێی بە مەرجێک رەواییم بدەیتێ.. واتە لە نێو بازنە گشتیەکە دەرنەچی و هێڵی سوور نەبەزێنی”!
ئەو سازانەی ئەوروپای دروست کردوە.. دەکرێ هەر وڵات و ناوچەیەکی دیکە دروستبکا، هزر و هۆشمەندیی سازان ئەوەیە کۆمەڵێک پێشنیار دەخرێنەڕوو.. کامەیان لە بەرژەوەندیی خەڵک بوو ئەوە دەخرێتە بەرنامەی کار و جێبەجێکردن بە بێ ئەوەی بۆ حیزبەکان بگەڕێنەوە.
لە راستییدا هەست دەکەم ئەو پرسیارە سواوە، (ئایە ئێمە ڕۆشنبیرمان هەیە یا نا؟)، ئەوەی بۆ من مەبەستە مرۆڤبوونمانە.. چیدی (چ کارەی؟) بۆ من پرسیار نییە، کەچی ئێستا ئەو نووسەر و سیاسیانەی زۆرینەی راگەیاندنی ئەو هەرێمە هەڵدەسووڕێنن توانیویانە ئەو وێنەیەمان پێنیشانبدەن کە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە لە بەرژەوەندیی زۆرینە دایە، بەڵام ئایە ئەو سیناریۆیە تا کەیە؟ ئایە ئەو هەموو پارەیەی بۆ تێکشکانی هاوڵاتییان خەرجدەکرێ ئەگەر بە نیوەی ئەو پارەیە بۆ گەڕانەوەی شکۆی تاک خەرج بکرابا ئێستا لە قۆناغێکی باشتر و ئاسوودەتر نەدەبووین؟ ئایە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە و مەترسییەکانی مرۆڤایەتییمان دەخاتە ژێر پرسیار یا نا؟
چەند سەیرە کە ئەو میللەتەی ئێمە داکۆکیی لە دەسەڵاتێک دەکا کە خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانیی نییە، بۆیە دەکرێت مرۆڤ خوێندوەیەکی دیکەی هەبێ دەربارەی هێندێک دیکتاتۆری ئێستا و رابردوو؛ هەرچەندە ناکرێ مرۆڤ خوازیاری هەبوونی دیکتاتۆریەت بێ.. لێ هەر چۆنێک بێ ئەوان هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بوون و لە پاڵ دیکتاتۆرییەکەشیان بە ناچاریی هێندێک کاریان بۆ خەڵک و نیشتیمانەکانیان کرد.. کەچی ئەوانەی ئێمە نە ئایدیۆلۆژیایان هەیە نە هیچ دەسکەوتیشیان دیارە.. ئەوەی دەیکەن تەنیا یاریکردنە بەو گرێیە دەروونییەی کە کورد چەندان ساڵە پێی ناکرێتەوە ئەویش خەونی بەدەوڵەتبوونە، گشتپرسیی بۆتە گاڵتەجاڕیی و بازاڕی سیاسەتی خۆیانی پێ دەجوولێنن، باشە ئەو خەڵکە بۆ ناپرسێ ئەنجامی گشتپرسیی بۆ چیە و بە کێ دەدرێ؟ کاتێک کە میللەتێک تێکڕای داوای سەربەخۆیی دەکا چ پێویست دەکا تۆ ئەنجامی گشتپرسییەکت لە دەست بێ و بتەوێ بیدەیتە حکومەتی ئێراق کە هەموو دەسەڵاتی خۆی لەدەست داوە و (بەڵێ و نەخێر)ەکەی هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێ.. یان ئەنجامەکە بدەیە وڵاتانی رۆژاوا کە بە ئاشکرایی دەڵێن ئێوە خۆتان نین و چیدی باسی سەربەخۆیی مەکەن! ئایە لە جیاتی ئەوە سوپایەکی بەهێزی یەکگرتوو دروست بکەن باشتر نییە؟ بۆ دروستی ناکەن؟! ئایە لە جیاتی ئەوە باشتر نییە ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن و ماف و ئازادییەکانیان بسەلمێنن و شکۆ و رێزیان بۆ بگێڕنەوە کە ئەوانە خۆبەخۆ دەبنە هێزێکی سەرەکیی و یەکلاکەرەوە بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بۆ ئەوانە ناکەن!؟ رەوییدان بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە دەستی هیچ وڵاتێکدا نییە بەڵکە تەنیا لە دەستی ئەو گەلە دایە کە دەیەوێ سەربەخۆ بێ، ئەگەر گەلی کوردیش سەرکردایەتییەکی سیاسیی تۆزێک لەباری هەبووایە ئەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی نە پێویستی بە گشتپرسیی دەبوو نە پێویستی بەوە دەبوو داوای رەوییدان لە وڵاتان بکا بەڵکە خۆی رەوایی بە خۆی دەدا و پێی خۆی لەسەر ئەو مافەی خۆی دادەگرت تا هەموو وڵاتان دەزگە نێودەوڵەتییەکان بە ناچاریی دانیان پێدا دەنا.
لەو باردۆخەی ئێستا ناکرێ قسە لەسەر پەکەکە نەکرێ.. بەتایبەتییش وەک ئەوەی هێزێکی گەورەیە دوای هاتنی داعش، بەر لە هاتنی داعش بەشدارییان لە قۆستنەوەی قەیرانەکانی نێو هەرێم زۆر لاوازبوو.. بەڵام سەرکەوتنە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو دواییەیان گڕوتینێکی دیکەی بە کورد بەخشی.. پەشێو گوتەنی: ”شەنگاڵ خستمی و کۆبانی راستیکردمەوە”، بێ گومان سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنی یەکەم (یەکی حوزەیران) و زنجیرە سەرکەوتنەکانی هەدەپە و تێکشکانی داعش لە مەخموور و چەندان سەرکەوتنی دیکە هیوایەکی دیکەی بە خەڵک بەخشی.. دیارە لە روانگەی ئەوان باکوور کلیلی چارەسەرەکانە بۆ یە بە گشتیی هەست ناکرێ هێندە چاویان لەسەر باشوور ڕۆژهەڵات بێ.. ئەوەی هەستیپێدەکرێ پتر خۆشەویستیی خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتە بۆ بەپیرەوەچوونی دۆزەکە.. دەنا بە داخەوە ئەو کەسایەتییانەی ئەوان پشتیوانیان کردوە بەشێکیان پەکەکەیان وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتی هەرێم بگەن کە لە سەرەتا پشتیان بە هێندێک کۆنە بەعسی و هەڵپەرست بەست.
خاڵێکی ئەرێنییتر کە پەکەکە کاری لەسەر دەکا و هۆیەکی گرنگە بۆ یەکگرتن و گوتارێکی نەتەوەیی.. ئاوڕدانەوەیانە لە دەڤەری بادینان، دیارە پارتی خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچەیە دەزانێ و بەرژەوەندییە گەورەکانیشی بەوێدا گوزەردەکەن، لە خوێندنەوەی ئەو خاڵەش دووڕوویی ئەو حیزبانەی باشوورمان بۆ دەردەکەوێ کە نایانەوێ خۆیان لە دوو خاڵ بدەن ئەوانیش بادینان و پۆستی سەرۆکی هەرێمن، هەرچەندە پەکەکە قسە لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم ناکا بەڵام زۆر بە وریایی کار لەسەر ئەو ناوچە لەبیرکراوە دەکا.. دیارە پڕۆژەی کوردستانی مەزن گەورەترین کێشەیە بۆ دەسەڵاتی ئێستای باشوور چونکە دەبێتە ژمارە دوو.. جگە لەوەش هێزی یەکەم ئامادە نییە سازشی لەگەڵ بکا.. بارودۆخێکی مەترسیدار و ئاڵۆزە و هیچ لە پشتی پەردەکانەوە نابینین، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە نیە کە پێویستە مرۆڤ خۆی بخاتە بەردەم هەڵبژاردنەکان.. بەڵام دەکرێ لە رێی خەبات تێکۆشانەکانمان داواکارییەکانمان بخەینە نێو ئەو پڕۆژانەی کە هیوا و خەونەکانمان دەهێنەدی.. چونکە ئەوەی دەسەلاتی ستەمکار لێی دەترسێ تاکێکی پڕ هیوا و ئامادەیە.. ئەوەی دەسەڵاتی باشووری راگرتوە بەشێکی زۆری پشتیوانە دەرەکیەکە.
بە گشتیی بارودۆخی باشوور لە بۆشاییەک دایە و چاوەڕوانی هێزێکە ئەو هەڵە بقۆزتەوە، ئەو زەمینەش پتر بۆ لایەنێکی دەروەی ئەو حیزب و کەسایەتیانەی ئێستا لەبارە.

Shwanhassan@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply