Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چەند پەیڤێك بۆ دلاوەر قەرەداغی

چەند پەیڤێك بۆ دلاوەر قەرەداغی

Closed
by November 18, 2008 گشتی

 چەند پەیڤێك بۆ دلاوەر قەرەداغی
 
 هێمن مەحمود

 Hemnm1979@yahoo.com
 
 هەمومان زۆر لەمێژە چاوەڕێی مناڵی ئەو دەكەین تاوەكو مناڵمان بكاتەوە، ئەو لەشارێكی زۆر دووەرەوە هاتبوو، لەشارێك كە مرۆڤ لە حەژمەتی تەنهایی پەنا دەباتەوە بەر مناڵی و شیعر..
 ئەو كاتانەی دلاوەر بەربوە گیانی تەیرەكانی ئیسماعیل و هەڵیفڕاندن من  هێشتا خوێندكاری ئامادەیی بووم، بیرمە شەوانی هاوینان لەگەڵ تەیرەكاندا دەرۆشتمە سەربان و بەدەم خوێندنەوەیانەوە تاوەكو بەیانی خەو دەیبردەمەوە.
 ساڵان هاتن وساڵان رۆشتن و گەورەیی مناڵی پێ فڕێداینە جێگایەكەوە كە ونمانكردبوو، زستانیش تازە دەهات تاوەكو خۆی بەماڵدا بكات و چوار شانە..كفت و شەكەت لەژوری میوان دانیشێت، هەمومان سیاسەت و گەندەڵی و گەورەیی، توڕە و تەنها و بێ تاقەتی كردبووین، كتوپڕ لەشارێكی زۆر دورەوە مناڵێكی ناسك و پیاوێكی تەنها و شاعیرێكی خۆشەویست خۆی كرد بەشارەكەماندا و وتی وەرنەوە مناڵینە گالیسكەكەم جێگای هەموتانی تیادا دەبێتەوە و سەركەون تاوەكو كۆتایی دونیا، تا ئەوسەری پاكێتی دەتانبەم.
 ئێمە هەمومان رۆشتین، بە شەونم و شەوبۆ و شەهلا و شیلان و شەیما وكچەكانی دیكەشەوە، تاسەر لێواری مردن پێكەنین،تا ئەوسەری بێدەنگی بێدەنگبوین، قاچمان خستبویە سەر قاچ و بێ باكانە قاوەمان دەخواردەوە و بەدزیشەوە جاروبارو كوڕ و كچە عەجولەكانمان سیگاریان دەكێشا.
 ئەو ئێوارەیەی دلاوەر هات ئێوارەیەكی جیاوازبوو، هەمومان یارییەكانمان بڵاوكردەوە، جادەكانمان راخست، ئۆتۆمبیلەكانمان خستە ئیش، هەیوان و حەوشەو بەردوكانەكانمان شۆرد، تۆزێك بارانمان لەخۆمان داو بە ئەسپایی كێشامان  بەشانی تەنهایدا، عاشقەكانیش هەموو لەوێ بون، دلاوەر كە بریندار بەڵام خۆڕاگر، ماندوو بەڵام بەئیرادە،توڕە بەڵام بێدەنگ، دڵ شكاو بەڵام عاشق، لەمەنفاوە هات، دەستی راستی كردبوو بەگیرفانیدا و بەتەوقەیەكی گەرم یەكی نوقڵێكی بەشداین، كە ئەو هات ژیان سادەتر بوبەوە،  شارەكەم هێشتا بۆنی بارانی لێدەهات، هێشتا تەڕ تەڕ هەناسەی دەدا.
 سەعات سێ و چل وپێنج دەقیقەی ئێوارە هەمومان سواری گالیسكەكەی بوین كە هەر لێخوڕینی تەنها لەخۆی دەوەشێتەوە، بەخێرایی 140 بردینی بەرەو مناڵی، هێندە خێرابوین خودایە هەمومان دەترساین بكەوین و بمرین، كەچی ئەو بەپێكەنینێكەوە ئاوڕی لێدەداینەوە و دەیوت  مناڵینە چاك خۆتان  قایم بكەن، چاك خۆتان بگرن، ئەگەر ئێوە ماندوبون من ماندونابم،وای خودایە ماندوبونی چی، ئێمە ترسمان بوو بمرین، ترسمان بوو ئەو خەوەی لێمان كەوت ئیدی خەبەرمان نەبێتەوە، كە ئیدی مناڵ بوینەوە جارێكی دیكە گەورە نەبینەوە.
 پاش سەفەرێكی دژوار و بە ئازار و بەسەعاتێك، بە شەڵاڵ و ئارەقەیەكی زۆرەوە هەمومانی گەیاندەوە جێگای خۆی، سەعات چوار و چلو پێنج دەقیقە وتی مناڵینە گەشتین، هەموتان دابەزن، جارێكی دیكە كە هاتمەوە هەناریشتان بۆ دەهێنم و بەدەستوپلێكی هەناراوییەوە لەقلەقێكی سپیتان پیشان دەدەم كە لەهەوای خۆیدا سەوڵ لێدەدا.
  من دەبێت بڕۆم، مناڵێنە سەفەرێكی خۆشبوو، ئێوارەیەكی خۆشبوو، مناڵینە من لەشارێكی زۆر دورەوە هاتوم، حەزمدەكرد لەلاتانبم، بەڵام ئاخر دەبێت بەم گالیسكەیەوە بگەمەوە لای دایكم چونكە نەخۆشە و دەبێت من لای بم، خەفەتیش مەخۆن من دەڕۆم، چونكە مناڵێكی زۆرم بۆ بەجێهیشتون تاوەكو هەركاتێك توڕەبون لەدونیا، رقتان لەگەورەیی هەستا، یاریی بكەن لەگەڵیاندا و بەدیار سیدیەكانتانەوەە گۆییان لێبگرن، مناڵینە ماڵ ئاوا..
 ئێمەش بە نابەدڵی دەستێكمان بۆ بەرزكردووە و لەدڵەوە تێر تێر گریان، لەدڵەوە سوپاسمان كرد..سوپاس بۆ دلاوەر قەرەداغی كە مناڵی كردینەوە جارێكی دیكە..
 (بەرێوەبەرێتی رۆشنبیری دەربەندیخان ئێوارەی 13/4 لەهۆڵی رۆشنبیری دەربەندیخان كۆڕێكی شیعری بۆ شاعیر دلاوەر قەرەداغی سازكرد)
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.