Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
بەشى سێیەم لە: چەند هەناسەیەكى عاشقانە…هۆشەنگ شێخ محەمەد

بەشى سێیەم لە: چەند هەناسەیەكى عاشقانە…هۆشەنگ شێخ محەمەد

Closed
by February 6, 2008 ئەدەب

 لە بارەى ئاوێنەكانەوە
 دوو مێروولەى رەش، ماوەیەكى زۆر بە عەشقەوە پێكەوە ژیانیان ئەكرد، لە رۆژێك لە رۆژەكاندا یەكێك لە مێروولەكان هەستى بە تەنیایى و بێتاقەتى و بێزارى كرد لە عاشقەكەى، بۆیە دەستى بەوە كرد بە شتێكى دى، یان مێروولەیەكى دى ئەو تەنیایى و بۆشاییانە پڕكاتەوە كە هەستییان پىَ ئەكات. رۆژێكیان تووشى مێروولەیەكى رەنگ سوور بوو، زوو هەستى كرد، ئەو مێروولە سوورە ئەو مێروولەیەیە بتوانێت تەنهاییەكەى بكوژێت و كاروانى عەشقێكى نوێى لەگەڵدا بگرێتە بەر، بۆیە بە مێروولە رەشەكەى گووت: من تۆم ناخۆش ناوىَ ، مێروولە سوورەكەم خۆشئەوىَ؟! مێروولەى رەش كەوتە بیركردنەوە و زۆر شتى بە مێشكدا هاتن، لەوبیرانە:
 بیكوژم، ئاوێنەیەك وێنەى قاتلێكى پىَ نیشان دا.!
 تف بكەمە ناو چاوییەوە و بە جێى بێڵم، وێنەى جەلادێكى لە ئاوێنەكەدا دیتەوە!
 رقم لێى ببێتەوە، وێنەى دەعبایەكى لە ئاوێنەكەوە دى!
 لە كۆتاییدا گووتى هەرسێكمان ئازادین، من عاشقتم و لێشت ناپاڕێمەوە عەشقم بدەیتىَ، ئەگەر دوودڵ و راڕا نیت و پێت وایە عاشقى، هەموو رێگاكان لەبەر هەرسێكمانەوە كراونەتەوە.هەر كەسە و رێگەى خۆى ئەبڕێت، من و تۆ و ئەو، ئەوە ئەمێنێتەوە، ئەوەى رێگەى عەشق بێت لە سوچێكدا بەیەك ئەگەنەوە. لەو دەمەدا ئاوێنەكان وێنەى عاشقێكیان نیشاندا، دلخۆش بوو بە وێنەكەى و رێگەى خۆى گرت، زۆرى پێنەچوو، بینى لە رێیەكدا ئەڕوا، ئاوێنەیەك نیشانى دا دەستى لەدەستى مێروولە رەشەكەیدایە، گووتى: (هەى رەشى پیس، بۆ دواكەوتى؟!)
 
 * * * * * *
 – ماندوونەبووى ئەوەندەى ئەو ئاوازانە بۆ من بچڕیت؟ شالوورێك،بەوەى ترى گووت.
 – نا بۆ ماندیبم؟ من كارم چڕینى ئاوازە بۆ دەسگیرانەكەم.
 – ناترسیت رۆژێك بێت تۆ لە ئاواز چڕین بوەستیت؟
 – با زۆر ئەترسم.
 – ئەى چى ئەكەیت، تا ئەو رۆژە نەیەت، سەفەر ئەكەیت، یان لە شالوورە گەورەكانەوە هەمیشە فێرە ئاوازى نوىَ ئەبیت؟
 – نە سەفەر ئەكەم و نە لەشالوورەكانى دیكەوە فێر ئەبم. بەڵكو لە تۆوە هەمیشە ئەبێت ئاوازێك بدۆزمەوە و بیچڕم.
 – ئەى ئەگەر من تاقەتم نەما گوێت لێبگرم؟ ئایا چى ئەكەى بەدواى شالوورێكى دیكەدا ئەگەڕێى گووێت لێبگرىَ؟
 – بێدەنگ و بىَ ئاواز سەمات بۆ ئەكەم.
 – ئەى ئەگەر لە سەماكەشت بێزار بووم؟
 – دەست بە شعر گووتن ئەكەم .
 – ئەى ئەگەر لە شعرەكانیشت تێربووم.
 – دەست ئەكەم بە تابلۆ كێشان و بە رەنگەكانى هەر چوار وەرزى ساڵ وێنەت ئەكێشم.
 – ئەى ئەگەر لە تابلۆكانیشت تاقەتم چوو؟
 – دەست ئەكەم بە رۆمان نووسین.
 – ئەى ئەگەر تاقەتى خوێندنەوەیانم نەبوو؟
 –  فێرە بێدەنگى ئەبم.
 – ئەى ئەگەر لە بێدەنگیت بێتاقەت بووم؟
 – كەواتە چاوەڕىَ ئەكەم تا شتێكى تر ئەدۆزمەوە پێیەوە دڵخۆش بى.
 – ئەى ئەگەر من تاقەتى چاوەڕێكردنم نەبوو؟
 – لە دڵتدا گۆڕێك لێئەدەم و خۆمى تێدا ئەنێژم.
 – ئەى ئەگەر دڵم نەیویست گۆریشت پىَ ببەخشىَ؟
 – تۆ وا ئەكەى لە پێست و پەڕ و باڵى خۆم دەرچم!
 – ئا عەشق لە پەڕو باڵ دەرچوونە.
 – كەواتە ئەبێت لە پەڕ و باڵ دەرچم، بەڵام چۆن؟
 – ئەوەیان كارى منە تۆ بیرى لێمەكەوە!
 – تۆ چۆن ئەوە ئەكەیت؟
 – ئەوەشیان كارى تۆیە لە من مەپرسە!
 
 * * * * * * *
 
 شەهێنێك بڕى بە چ بەرزاییەك نە ئەشكا بۆ ئەوەى هێلانەكەى تێدا دانێت. تەوارەكەى پێى گووت ئەو لانەیە بۆ وا بڵند بێت؟
 – تا لە بڵندترین پنتى ئاسمانەوە تەماشاى زەوى بكەین؟
 – بەڵام من نامەوىَ ماڵم لە ئاسمان بێت.
 – بەڵام من ئەمەوێت پێكەوە لە ئاسمان بین.
 – شەهێنەكە تا لانەكەى لە ئاسمان دامەزراند، هەموو هێز و تواناى خۆى بەكارهێنا و لانەكەى ئەوەندە گەورە نەبوو جێگەى هەردووكیان تێدا ببێتەوە.گووتى تاقەتم نیە لەوە زیاتر گەورەى بكەم، سەفەرى ئاسمان و زەوى بڕستى لىَ بڕیم.
 – تەوارەكە گووتى چى بكەین؟ تۆ نایەیتەوە سەر زەوى و هێلانەكەشمان بەشى هەردووكمان ناكات. ئەگەر بە تەنیا لەوىَ بین، ئەوە هەر یەكەمان كاتێك لەوىَ بەتەنیایى بەسەر ئەبات و ئەوەى دیكەش لە چیادا هەر تەنیایە، كەواتە هەردووكمان تەنیا ئەبین؟
 – بووە مشت ومڕیان، دوایى شەهێنەكە گووتى، ئاسمان بۆ من و چیا بۆ تۆ.
 – تەوارەكە گووتى، تۆ ئاسمان ئەبەیتەوە و منیش چیا.لىَ هەردووكمان عەشق ئەدۆڕێنین.
 شەهێنەكە لە شەققەى باڵى دا و بەرەو ماڵەكەى لە ئاسمان بەرزبۆوە. تا لە چاوان بزربوو. تەواریش گەڕایەوە هێلانەكەى لەسەر چیا.
 دواى رۆژگارێك، شتێك لە ئاسمانەوە بەربۆوە ناو لانەى تەوارەكە، شەهێنێكى پیر و كەنەفت و ماندوو،
 تەوارەكە گووتى: لە كوێوە دێى؟
 -لە ئاسمانەوە تەوارە جوانەكەم، لە ئاسمان.
 -لەوێوە تێر تەماشاى زەویت كرد؟
 -زۆر بڵندبوو، زەویم لىَ دیار نەبوو.
 – ئىَ وایە لە پپێناو بەدەستهێنانى شتێك ئەبێت شتێكى دى بدۆڕێنێت.
 – ئەبوایە لە پێناو زەویدا لەسەر خاك نیشتە جێبام، نەوەك لە ئاسمان.
 – لە پێناو عەشقى زەویدا ئاسمانم دۆڕاند، لە پێناو ئاسمانیشدا زەویم دۆڕاند.
 – من و تۆش لە زەوى و خاك ئەچین، پێكەوە لە ناو لانەیەكدا جێمان نەبۆوە.
 – ئێستا پیرم و ئەبینم، عەشق دەریا نیە، دەریا مەحكومە بە كەنار. عەشق چیا نیە، چیا مەحكومە بە بەرزایى، هەموو شتەكان سنووریان هەیە، سنوورێك بۆ دیتن، بۆ درێژبوونەوە، ماوەیەك خاوەن زەوى بووم، ماوەیەك خاوەن ئاسمان بووم.
 – من لەناو قەدى چیاوە ئاسمان و زەویم ئەدیت، بۆیە من زووتر تێگەیشتم كە زەوى ئەدۆزییەوە، ئاسمان ئەبینى. بەڵام عەشق ، عەشق ئەى پیرى كەنەفت، نە لەزەوى بوو نە لەئاسمان؟!
 – من دڵم دا بە ئاسمان و تۆش بە چیا.لەوناوەدا عەشقمان بزر كرد.
 – ئەى ئێستا چۆن بیبینینەوە؟
 – من تەماشاى دڵى خۆم ئەكەم و تۆش تەماشاى جەستەت بكە.
 هەردووكیان چاویان داخست و وێنەى ئاسمان و زەوى و دەریا و زەریا و چیا و دارستانەكانیان ون كرد. پێكەوە بوون، لە خاكێكدا ئاسمانێكى شین و دارستانێكى سەوز و زەریایەكى تەڕ و چیایەكى پڕ لە هێلانەیان ئەنەخشاند.
 – تازە تێگەیشتم، فڕین بەدواى عەشقدا، چ گەمەیەكى خەسارە. تازە تێگەیشتم چەند پێویست بوو عاشقانە فڕیبام، عاشقانە بەرەو ئاسمانەوە چووبام، عاشقانە نیشتبامەوە، عاشقانە بە زەوى و ئاسمانەكانەوە وەرببام.
 – یەعنى چى ئەى پیر، عەشق حیكمەتە؟
 – نا عەشق حیكمەت نیە، بەڵام عاشقەكان حەكیمن.
 – چۆن؟
 -حەكیم لە عەشقدا ئەوەیە، حیكمەت بە زەوى و ئاسمان نافرۆشێت.خۆى بە ئاسمان و زەوییەوە سەرقاڵ ناكات. بەڵكو هەموو شتەكان بە عەشقەوە سەرقاڵ ئەكات. من ئەبوایە سەرقاڵى ئاسمان و زەوى و تۆش نەبام. بەڵكە ئەبوایە ئێوەم بە خۆوە سەرقاڵ كردبا.
 تەوارەكە چاوەكانى كردنەوە و گووتى: ئاوێنەكە درۆ ناكات، تۆ ئێستا عاشقیت.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.