Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئازادى و پەیکەرەکەى

ئازادى و پەیکەرەکەى

Closed
by December 16, 2007 گشتی

 ئازادى و پەیکەرەکەى

سەنگەر زرارى

دەڵێن کاتێ نووسەرى ناودارى بەریتانى "برناردشۆ" لەگەڵ برادەرە ئەمەریکییەکەى لە شارى نیویۆرک بە پیاسە دەڕۆن، بە لاى "پەیکەرى ئازادى"دا تێدەپەڕن، لە برادەرەکەى دەپرسێت:
– ئەم پەیکەرە چییە؟!
ئەویش پێی دەڵێت:
– ئەمە پەیکەرى ئازادییە، وەک هێمایەک بۆ ئازادی لە وڵاتەکەى ئێمە دروست کراوە.
برناردشۆ پێدەکەنێت و دەڵێت:
– راست دەکەى لای ئێمەش وایە، ئەگەر یەکێک بمرێ پەیکەرى بۆ دروست دەکەن.
ئەمە ماناى ئەوەیە کە "برناردشۆ" پێى وایە ئازادى لە ئەمەریکا مردووە.
ئەگەر ئازادى لەئەمەریکا وابێت کە بە وڵاتێکى پێشکەوتووى جیهان دەناسرێت، دەبێ لاى ئێمەی کورد حاڵى چۆن بێت، هەبوونى ئازادى هەر ئەوە نییە کە لێبگەڕێن بە ئارەزووى خۆت قسە بکەیت و قسە بە دەسەڵاتداران بڵێیت، بەڵکو ئەوەشە کە گوێیەک هەبێ ئەم قسانە بیبستێ و لایەنێک هەبێت وەڵامى قسە و داواکارییەکانت بداتەوە.
ئەگەر رێگات پێ نەدەن بڵێى کارەبامان نییە، ئاومان نییە، رێگامان قیڕنەکراوە، حاڵمان خراپە، وەکو ئەوە وایە نەخۆش بیت و بچیە لاى دکتۆر، بەڵام نەوێرى باسى نەخۆشییەکەت بکەیت، یان ئەگەر باسی بکەیت لەجیاتى ئەوەى دکتۆرەکە چارەسەرت بکات، لێت بدات.
ئەمڕۆ زۆر قسە دەکرێت، زۆر رەخنە لە دەسەڵات دەگیرێت، تەنانەت جوێنیش بە دەسەڵات و دەسەڵاتداران دەدرێت، بەڵام وەڵامێک نییە، کەسێک نییە گوێیان لێڕابگرێت، خەڵک بە ئاشکرا قسە دەکات، لە ناو پاس، لەسەر جادە، لە بازاڕ و لە کۆڵاًنەکان، لەماڵەوە… بەڵام کەس قسەکان نابیستێت، بەجۆرێک ئەگەر ئەو قسانەى ئەمڕۆ دەکرێن چەند ساڵێک پێش ئێستا بکرابان خەڵکى لەسەر دەخرایە بەندیخانە.
ئەمڕۆ خەڵکى لەسەر رەخنەگرتن و جوێندان ناگیرێت، بەڵام لەجیاتى ئەوەى خەڵک دەسگیر بکرێت، خەڵک فەرامۆش دەکرێت، هەرچەند هاوار بکەى و جوێن بدەى وەڵامت نادەنەوە، ئەمەش جۆرێکە لە جەنگی دەروونى، بۆیە لەم حاڵەتەدا خەڵک تووشى کاردانەوەى ناتەندروست دەبن، بۆنموونە: ئەوەى ئێستا بە "زمانى زبر" ناوى رۆیشتووە و بۆتە بنێشتەخۆشەى سەر زارى هەندێ نووسەر و دەزگاى راگەیاندن، من پێموایە کاردانەوەى وەڵامنەدانەوەى دەسەڵاتدارانە بۆ داواکارى خەڵک، هەموو کەسێک وایە، تەنانەت کاتێ منداڵ چەند جارێک بانگى دایکى دەکات، ئەگەر دایکەکە وەڵامی نەداتەوە، منداڵەکە هاوار دەکات و تووشی کاردانەوە دەبێت و لەوانەیە جوێنیش بە دایکەکە بدات، بەو پێیەش کە دەسەڵات بەخێوکەرى خەڵکە، ئەگەر وەڵامى داواکارى خەڵکەکە نەداتەوە، خەڵک هیچیان بۆ نامێنێتەوە تەنها ئەوە نەبێت کە قسە بکەن و هاوار بکەن و جوێن بدەن، بۆیە ئەگەر دەسەڵات دەیەوێ خەڵک جوێن نەدات و وەکو خۆیان دەڵێن زمانى زبریان لەبەرامبەردا بەکار نەهێنێ، دەبێ وەڵامى خەڵک بدەنەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.