Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بەردى سوور

بەردى سوور

Closed
by December 16, 2007 ئەدەب

     بەردى سوور

سمکۆ محەمەد

تا…. شەقاوێک زیاتر بڕۆم
      لەبەرد زیاتر رەق دەبم
لە ناخمدا هەڵچونێک هەیە ئامادەنیم بۆ کەسى هەڵڕێژم
لەش لەهەموو شتێک جوانتر دەتوانێ چێژ لەهەڵچونى ئاگر ببینێ..
لەمدونیا شوێنێکى هاوجنس نیە بۆ سەر وەختى هەرکەسێک بچێ و نەخشەیەکت بداتێ عابیدکەلەسەر سنگى بەرد ئیشراقاتى خۆی دەنوسێ . فوو لەنەخشەى ئاگریش دەکا. نەخشەى خنکاوى هەموو هەناسەیەکى بزڕکاو.  نەخشەى سوتاوى هەموو جەستەیەکى شێواو.نەخشەى جێماوی هەموو توێڵێکى جێماو هەموو شتێکى قەدەغە یاداشتى خۆى هەیە. لە ژیانەوە تا مردن. لەشوشەوە تا بەرد. لەروناکیەوە تا نوتەک لە مانگەکانى خۆشەویستى بەرددا کەلوى زەردەخەنەى پیلان . شەڕى خۆشەویستى پەشیمانى. پیاسەى ژەنگنى بەرباران .شیعرى گەماڕۆدانى عەقڵ . ئاهەنگى شایستە دەخوێنرێنەوە
من لەگەڵ تۆمە ژن
نەخشەیەکى نوێ بەئایندەى تۆوە نیە 
****
تا….فرسەخێک دوورتر بڕوانم
       لەبەردى تیژ تیژتر دەبم
لەناخمدا راسپاردەیەک هەیە ناتوانم بەکەسى بسپێرم 
چاوم زەلیلى پارچەیەک میتاڵە لەگیرفانى هیچ ژنێکدا نیە هیچ ژنێکى بێڕەحم کڵاوى پیاو نابینێت . هیچ پیاوێکى گێلیش سیحرى ژن نابینێت بورجەکەم واى لێکردووم… واى لێکردووم بەجیا لەماتماتیکى سەرچڵى وگێلێتى بترسم واى لێکردووم بت بشکێنم بتى سواڵکەر . بتى فریودراو . بتى غەریب . بتى بێ نەوا . بتى سوڵتان لەوەش زیاتر نیازم نیە قسەى خۆم بدەم بەبازرگانەکان. چیرۆکى تێشکانى قەڵاى بەردى سوور.
چیرۆکى ژەهرخواردنى کەنیزەیەکى نەزۆکە کەدەستی لەنێو گۆزەو سواڵەتە سوخرەکێش کراوەکاندا رزا
من لەگەڵ تۆمە ژن
لەگەڵ تۆمە دەستى خۆت لەپشتێنى کەسدا مەڕزێنە 
****

تا….نەغمەیەک زیاتر دەنگ هەڵبڕم
              لەبەرد زیاتر توڕەتر دەبم
لەناخمدا هەژانێک هەیە فکرم نیە دەریبڕم
فکرم نیە لە مەملەکەتێکی هەڵوەشاوەدا باجى لاهووتى بەهێستریاى سێکسى بدەم
لەنوێژى ژنێکى ئەتک کراو دەترسم تەنگەنەفەسم کا. بەدزى رەقیبەوە هەناسە دەدەم شریتى جوتانە کۆستێکى ترى نوشتانەوەیە لەقەراغ خانوچکەیەکى شێدار  وەختێ باى وەحشەت بانگى تازیەبارى لەنامەردان دەسەنێتەوە و دەیدات بەزەبوون دەنگ هەڵدەبڕم وەختێ گەردەلوولى نەگبەت شنەبا لەڕێبواران دەسەنێتەوەو دەیدات بەپیاوى رێگر ماتەم بۆ عیززەتى نەفسم دەگرم
من لەگەڵ تۆمە ژن
لەگەڵ تۆمە عیزەتى نەفست بۆ هیچ هۆزێک مەدۆڕێنە 
****
تا….وشەیەک زیاتر ببیسم   
      لەبەرد زیاتر گومان دەکەم
لەناخمدا شتێک هەیە  ناتوانم بیچەپێنم
وادەزانم ناوبژیوانێک پێشبڕکێى دوو فەنا کراو بگێڕێتەوە. دەبێ زانایەکى خوێنڕێژ بێت  دەبێ لەبەردە فڕکێى براکاندا تاڵانى بکات شەوان تابووتى نارنجى خەونەکان هەڵبگرێ  بەرۆژیش کفنى سپى بدوورێت بۆ ئێوە.بۆ ئێوە کەپوچێتى لەکۆشکى مەرگدا دادەنێن لێناگەڕێن براکان میواندارى یەکتر بکەن و کڵاو کڵاوێن لەسەر سنگى بەرد بکەن لەشەڕە بەرددا… گڤەى دەنگى بەرد لەبێدەنگى دارى وشک دەچێت وەختێک شوینێک نەماوە بۆ بەرگ درووەکان لەبۆنى دەمیان زیاتر هیچى تریان پێ نیە
من لەگەڵ تۆمە ژن
لەگەڵ تۆمە بۆنى هەناسەى خۆت مەتاسێنە
****
تا …. زیاتر لەدوور بڕوانم
         لەتەنهاییدا زیاتر وێڵ دەبم
لەناخمدا یەقینێک هەیە ناتوانم بۆ کەسى بدرکێنم
یەقین شکاندنى قفڵە بەردینەکانە لەجەزیرەى ئەبەدییەتدا  هیچ شایەتێک مەجبوور نیە خۆى رووت بکاتەوە هیچ گەڕیدەیەکیش نیە لەئاقارى تەنهایى بترسێ لەتەنهاییشدا کەسێک نیە مەزن و لەقوڵاییشدا لاواز بێتپارتیزانێک بەتفەنگى بەردینەوە ستایشى مردووەکان بکات توانج لەبیرى زاهیدى تەمبەڵ و پیاوانى بن دیوار بگرێت ناچارە هەڵبێت لەشار
دیسان لەگەڵ تۆمە ژن
لەگەڵ تۆمە وێنە تێکسمڕاوەکانى خۆت مەدڕێنە
**** 
تا….زیاتر لەنێو خەمدا گینگڵ بخۆم
          لەبەرد زیاتر ماندوو دەبم
لەناخمدا بورکانێک لەبەرد هەیە ناتوانم بەریپێبگرم
زیاتر لەسنگى بەرد رادەمێنم فەلسەفەى بەرد… بەردى سوورى هەڕاج فرۆش لەززەتى هەر پارچە قوماشێکى تووکن لەژنى سوڵتان خەسار دەکات کاتێک نەفامێک بەلاسایى کردنەوە عابیدێک دەبوغزێنێ
لەنزایەک بەولاوە هیچى ترى  قابیل نیە ئەو… نازانێ  روناکى هیچ گۆمێک بۆ باخێکى تر ناشێ نەفامێک دەستى لەمس گیرابێت. نازانێ بەهێمنى دەست بۆ کانگا تەڕەکان ببات نەفامێک دەستى لەدەرزى راهاتبێت. نازانێ بەهێواشى دەست بۆ کێڵگە رازاوەکان ببات نەفامێک دەستى لەگەڵ خۆڵدا راهاتبێت. ناتوانێ گەمە لەگەڵ بەرددا بکات بەردى سوور..بەتەنها لەدڵى دوژمن نادرێدیوارى زیندانیش بەرز دەکاتەوە گۆمى شینى خەونیش دەهەژێنێ جامخانەى شیعریش دەشکێنێ بەرد …. تەنها کۆمەڵە تۆنێکى قورس نیە جەستەی ژنێکى بێ بەزەییشە …. 
     
 

   

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.