
چه‌مكی گۆڕان له نێوان بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان و …
چه‌مكی گۆڕان له نێوان بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان و بزاڤی كۆمه‌ڵایه‌تیدا
محه‌مه‌دی مشیر
"كۆر ئه‌و كه‌سه‌یه خۆی نابینێ!"
حیكمه‌تێكی روسیههتادێ له رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان نزیكتر ده‌بینه‌وه، لێره‌و له‌وێش سه‌رجه‌م لیسته‌كان كه هه‌ریه‌كه و هه‌ڵگری په‌یامێكی فیكری و سیاسی تایبه‌ته و خۆی به نوێنه‌ری چین و توێژگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانێ، باس له گۆڕان ده‌كه‌ن، گۆڕانێك ده‌شێ هه‌موومان باسی لێوه‌بكه‌ین و له دیدی خۆمانه‌وه كه‌ره‌سته وچلۆنایه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكه‌ین، به‌ڵام له راستیدا ئه‌و كه‌سه ده‌توانێت ببێته هه‌وێن و كه‌ره‌سته‌ی گۆڕان كه وه‌ك ئه‌و (كۆره)ی حیكمه‌ته روسیه‌كه نه‌بێت ،ئه‌مه‌یان به‌زمانێكی زۆر ساده و دوور له فه‌لسه‌فاندن و قورستركردنی شته‌كان و فریودانی جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر دیوێكی مه‌سه‌له‌كه‌یه.دیوه‌كه‌ی تری مه‌سه‌له‌كه له‌وه‌دایه كه پڕۆسه‌ی هه‌ر گۆڕانێك له ئاسماندا روونادات، به‌ڵكو زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه كه پێی ده‌گوترێ كۆمه‌ڵگه، له نێو هه‌ناوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هێزگه‌لێكی كۆمه‌ڵایه‌تی جووڵه و بزاوت ده‌كه‌ن و به‌پێی زه‌مه‌ن و پێگه‌یان له پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا جێگۆڕكێده‌كه‌ن، پڕۆسه‌ی گۆڕانیش وابه‌سته‌یه به ئاماده‌گی ئه‌و هێزگه‌لانه و كاریگه‌رییان به سه‌ر گۆڕینی ئارسته‌ی جووڵه‌ی مێژوودا. كه‌واته گۆڕان پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه و له ناوه‌وه‌ی مێژوودا هه‌نگا و به‌ره‌و گۆڕینی ناوه‌ڕۆك و سیمای ده‌ره‌وه‌ی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه ده‌دات نه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا.
وه‌ك تێبینی ده‌كرێ زۆرێك له‌و حزب و لایه‌نانه‌ی له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا كێبه‌ركێ ده‌كه‌ن باس له (گۆڕان) ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و باسكردنه لای زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان ( به‌ده‌ر له تێڕوانینی هێزه چه‌پ و دیموكراسیخوازه به‌رژه‌وه‌ند گشتیخوازه‌كان) زیادتر وه‌ك كاڵایه‌كی بازاڕی تێكچڕژاوی هه‌ڵبژاردن موزایه‌ده‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ و له دوور و نزیكه‌وه پێمان ناڵێن ئه‌و هێزگه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه كامانه‌ن كه ئاماده‌ن جێگۆڕكێ بكه‌ن و ببنه كه‌ره‌سته‌و هه‌وێنی ئه‌و گۆڕانه و خۆیان له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی رابردوودا چه‌نده رۆڵیان له ئاماده‌سازی ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیانه و زه‌مینه‌كه‌دا هه‌بووه تا جڵه‌وی پڕۆسه‌كه بگرنه‌ده‌ست؟؟
به‌مجۆره روانین له گۆڕان ته‌نها و ته‌نها پشت ئه‌ستووره به ورووژاندنی هه‌ستی ده‌نگده‌ر له ماوه‌ی دیاریكراوی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا و دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش وه‌ك چرای پیره‌ژن پرته‌پرت ده‌كا و ده‌كوژێته‌وه. هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌ڵگری وزه‌ی به‌رده‌وامیی پڕۆسه‌كه نه‌بێت وه‌ك چرای پیره‌ژن به‌ئه‌ندازه‌ی نه‌وته‌كه‌ی ناوی رووناكیمان پێده‌به‌خشێ و هیچیتر. به‌زمانێكی دیكه گۆڕان پڕۆسه‌یه‌كه به‌رده‌وام و له سه‌ره‌خۆ نه‌وه‌كو كاتی و خێرا، پڕۆسه‌یه‌كه له ماوه‌ی بیست و چه‌ند رۆژێكدا روونادات، به‌ڵكو پێویستی به كه‌ڵه‌كه‌بوونی به‌رده‌وامی هۆكاره‌كانی هه‌یه.
یه‌كێ له پێداویستییه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی هوشیاربوونه‌وه‌ی خودی تاكه به هه‌ستكردن به زه‌رووره‌تی گۆڕان و ده‌رچوون له‌و قاوغ و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی رێگرن له به‌ره‌م پڕۆسه‌ی گۆڕان و به‌روپێشچووندا. ناشێ بارگاویكردنی تاك به شێوه‌یه‌كی ده‌ستكرد و بۆ مه‌رامێكی تایبه‌ت (كه بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند كورسییه‌ك له په‌رله‌ماندا) ببێته بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ پڕۆسه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه ببێته چه‌خماخه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به مه‌رجێ هه‌مان ئه‌و هێزگه‌له كۆمه‌ڵایه‌تییه (دواتر) نه‌بنه‌وه كۆسپ له به‌رده‌م خودی پرۆسه‌كه‌دا دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان وه‌ك چۆن گه‌رمكران به هه‌مان شێوه سارد ده‌كرێنه‌وه و هه‌ندێكی تریشیان هه‌ر ئه‌وه‌نده گوڕ‌و تینیان تێدایه تا پڕۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو ده‌بێت.
به‌شێكی زۆری هه‌ڵگرانی ئاڵای گۆڕان و چاكسازی هه‌تا ئه‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی دوایی له هه‌ناوی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌وانی لێزا له سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌ی ئه‌مڕۆكه خۆیان باسی ده‌كه‌ن به‌شداربوون و شه‌ریكی ژماره (1)ی هه‌موو ئه‌و دیارده قێزه‌وه‌نانه‌ن كه ئه‌مڕۆ له كوردستاندا ته‌شه‌نه‌یان سه‌ندووه. هه‌ندێك هێزی دیكه‌ش له بنه‌مادا مه‌به‌ستیان له چاكسازی و گۆڕان راگرتنی ره‌وڕه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانه‌وه‌یه، كه ئه‌مانه‌ش زیادتر خۆیان له چوارچێوه‌ی میتۆد و جیهانبینی ئیسلامی سیاسی دا ده‌بیننه‌وه و ئه‌و مۆده گۆڕانه‌ی ئه‌وانیش مه‌به‌ستیانه پیرۆزراگرتنی هه‌موو ئه‌و نه‌ریت و خوه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه كه‌جگه له به‌ندایه‌تی مرۆڤ به هیچی دی قایل نییه. چه‌ند گرووپگه‌ل و ده‌سته‌و كۆمه‌ڵێكیش زاده‌ی ئه‌زموونی ئه‌م هه‌ژده ساڵه‌ی كوردستانن و زیاتر له روانگه‌ی مه‌قوله‌بازی و فه‌نتازیاوه ده‌ڕواننه واتا و ئیشكالیاته‌كانی چه‌مكی گۆڕان، به قسه‌یه‌كی دی پێیان وایه گۆڕانی رووكار و پێشڕووی دیارده و شته‌كان به‌سسه بۆ ئه‌وه‌ی به‌و پڕۆسه‌یه بگوترێ گۆڕان.
كه‌واته زۆر ئاسته‌مه ئه‌و موزایه‌ده‌یه‌ی به‌ناوی گۆڕان ده‌یكه‌ن له مه‌ودای هه‌ڵبژاردنه‌كان تێپه‌ڕێ و ببێته پڕۆسێسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌لایه‌ن، هۆكاری ئه‌مه‌ش زۆر روون و ئاشكرایه چونكه ئه‌وه‌ی به‌درێژایی ساڵانی شاخ و دوای راپه‌ڕین كۆسپ بووبێت له به‌رده‌م پڕۆسه‌ی گۆڕان، هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌مڕۆ جڵه‌وی بزاڤی گۆڕان بگرێته‌ده‌ست. گۆڕان به عه‌قلیه‌تی به‌رته‌سكی ناوچه‌گه‌رێتی و بێڕیزی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناوچه و ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان نایه‌ته‌دی، گۆڕان به‌لایه‌نێك نایه‌ته‌دی لاوانمان بكاته سووته‌مه‌نی هه‌ڵچوون و داچوونه‌كانی خۆی. گۆڕان به‌وانه‌ش نایه‌ته‌دی كه له ئێستا و رابردوودا تۆسقالێك قوربانیان بۆ كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان نه‌دابێ و سۆزی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تی وڵاته‌كه‌م له په‌نای ئاییندارییه‌وه بۆ كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌قۆزنه‌وه. گۆڕان به‌وانه‌ش نایه‌ته‌دی كه ئێستا به تابلۆ و پۆسته‌ره‌كانی خۆیان تابلۆ و پۆسته‌ره‌كانی دیكه داده‌پۆشن و لافیته و پۆسته‌ری لیسته‌كانی تر لێده‌كه‌نه‌وه و ده‌یدڕێنن. گۆڕان به‌وانه‌ش نایه‌ته‌دی كه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ببنه عه‌ریف حه‌فلی عه‌زیز وه‌یسی!
ئه‌وه‌ی هه‌میشه هه‌ڵگری په‌یامی راسته‌قینه‌ی گۆڕان و جوانتركردنی مرۆڤه‌كان بووه و موزایه‌ده‌ی به‌و چه‌مكه نه‌كردووه ته‌نها هێزه چه‌په‌كانن و هه‌ر ئه‌وانیشن به شێوه‌یه‌كی شارستانی و دیموكراسیانه كێبه‌ركێ له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌توانن جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و كه‌ناری یه‌كسانی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رن و لێنه‌گه‌ڕێن جارێكی دی دووچاری هه‌ڵه‌ی كوشنده ببنه‌وه.________________________________________________
* له‌م وتاره‌دا ناوی گۆرانیبێژ ( عه‌زیز وه‌یسی) هاتووه من رێزم بۆ كه‌سایه‌تی ئه‌و هه‌یه‌و مه‌به‌ستم تانه‌دان له كه‌سێتی ئه‌و نییه.