زمان، ماڵی هه‌میشه‌یی نه‌ته‌وه
ئیسماعیل ئیسماعیل زادە
1
کاتێ سه‌رنج ده‌ده‌ینه هه‌رێمێکی ئینسانی، خاڵێک وه‌کو ده‌سپێک بۆ وه‌گه‌ڕکه‌وتن به‌ره‌و هه‌رێم یان جوگرافیایه‌کی سیاسیی دیاریکراو ده‌بینین که وڵات پێکدێنێ. دیاریکرانی هه‌رێم یان وڵاتێک مێژوویه‌ک ده‌خوازێ که ره‌گی له زمانێکی تایبه‌تدا هه‌یه. له خوێندنه‌وه‌ی مێژووی وڵاتانی جیهاندا ئه‌مه روون ده‌بێته‌وه که ئاماژه‌ی مێژوویی به‌و هه‌رێمه ئینسانییه زۆر له پێناسه‌ی وڵاتانی هاوچه‌رخ کۆنتره، به‌واتایه‌کی دیکه گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تییان به خۆوه بینیوه. له لایه‌کیتره‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌که سنووره(سیاسی)یه‌کان ده‌ستکردن، به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵات و گوشاره‌وه واته سه‌ره‌ڕۆیانه و به پاڵپشتی هێزێک که زۆرجاران هێزه ئیستیعمارییه‌کان زۆر کاره‌ساتاوی ئه‌م ڕۆڵه‌یان گێڕاوه، داڕێژراون. ئه‌مچه‌شنه کرده‌وه‌یه به‌بێ سه‌رنجدان به دابه‌شکردنی جوگرافیی له رووی ده‌سته‌ی ره‌گه‌زیی یان زمانیی ئه‌نجام دراوه. لێره‌شدا ناوی زۆربه‌ی وڵاتان له‌گه‌ڵ سه‌رله‌به‌ری پێکهاته‌یه‌کی سرووشتی (وڵاتێکی به‌ته‌واو مانا کامڵ) ناگونجێ. ئاوا سه‌رجه‌م حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌کانی له‌م جۆره له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان خۆیان به‌جۆرێک پێناسه بکه‌ن و وای بنوێنن که هه‌بوونی جوگرافیای هه‌نووکه‌ییان مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه و به درێژایی سه‌ده‌کان مانای دیاریکراوی ئێستایان هه‌بووه و پاراستوویانه. ئه‌مه چه‌شنێک هه‌وڵدانه بۆ ده‌ستدرێژیکردن بۆ سه‌ر راستییه مێژووییه‌کان و دیرۆک ده‌ستکاریی ده‌که‌ن. به‌م پێیه که‌شوهه‌وای کۆمه‌ڵگای ئینسانی، هه‌رێمی جوگرافی و چوارچێوه‌ی ئه‌مجۆره وڵاتانه هیچ پێشینه‌یه‌کی مێژووییان نییه و ره‌گێکی ده‌ستکرد و زۆره‌ملیانه‌ی داکوتاوه. هه‌رمرۆڤێک ره‌نگه بیه‌وێ به‌دوای په‌یوه‌ندیی ئه‌ندێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تدا به‌گه‌ڕێ، دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رچه‌نده له‌شوێنی خۆیدا به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر و جیاواز ئاماده‌یه، به‌ڵام له‌هه‌ر کام له‌م چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا به‌شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندیی خۆی له‌نێو چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان قه‌ومێکدا ده‌دۆزێته‌وه و به‌مجۆره مرۆڤ له‌رووی سۆز و عاتیفه و خوێن و ره‌گه‌ز و زمان و له‌دیدی پێناسه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خۆی تایبه‌ت به‌و چوارجێوه‌یه داده‌نێ. ئه‌مه ده‌توانێ له هه‌ستکردی هه‌ر مرۆڤێکدا هه‌بێ یان به شێوه‌ی زه‌ینی و عه‌ینی خۆی له‌و قه‌واره‌یه‌دا پێناسه ده‌کا و له‌ئاست و پله‌ی خۆی به پێی دۆخی ژیان و بنچینه‌ی کو‌لتووریی، نیازه‌کانی له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌رده‌خا. ئه‌مانه سه‌ره‌کیترین پرس و بابه‌تن که مرۆڤ ده‌توانێ شوناس و چیه‌تی و که‌سایه‌تیی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه و فه‌ڕزبوونی خۆی له‌بارودۆخی ده‌روونیی مرۆڤی و نه‌ته‌وه‌ییدا ئاراسته بکا.
به‌کورتی و له‌دوا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌دا، گه‌ڕانی مرۆڤ به‌دوای شوناس و چییه‌تیی خۆی ئایدیالۆژیه‌کی به‌هێز به‌نێوی نه‌ته‌وه‌خوازیی ده‌ستنیشان ده‌کا، ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کی نه‌یاره له‌به‌رامبه‌ر ئایدیالۆژیی زاڵ که ده‌که‌وێته نێو چوارچێوه‌ی دوایین ده‌سکه‌وته‌کانی جیهان و ئه‌مجۆره فه‌رامۆش نه‌کردنه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازییش به‌دوای ده‌سه‌ڵاتیی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌گه‌ڕێ.
2
گه‌لی کورد وه‌کو زۆربه‌ی گه‌لانی دیکه که‌وتۆته ژێر ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کان و له‌به‌رامبه‌ر هه‌رکام له‌و هێزه به‌رچاوته‌نگ و ده‌ستدرێژیکار و تێکده‌رانه‌دا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خۆی نیشان داوه و به‌رگریی و شه‌ڕی بۆ مانه‌وه کردووه. گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ده‌ستنیشان بکه‌ین، به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتنی کوردستان له‌شوێنێکی گرینگی جوگرافیی که له‌باری مێژووییه‌وه به میزۆپۆتامیا ناسراوه و له‌دابه‌شکردنی هه‌نووکه‌ییدا به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێ، ده‌بینین که له‌شه‌ڕی ئاڵۆزی وڵاتاندا، چ دراوسێکانی و چ وڵاتانی دوور هه‌میشه به‌رکاربووه و ده‌ستاوده‌ستی پێکراوه. یان به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزانی سه‌رده‌م و پێشوو هه‌رجاره‌ی به‌شێکی بۆته خه‌ڵاتی وڵاتێکی دیکه. له دوو سه‌ده‌ی دواتردا کێشه‌ی سیاسیی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه له لایه‌که‌وه له لایه‌ن پێکهاته‌ی ئه‌ندێشه‌یه‌کی کۆنه‌خواز وه‌کو ئیمراتۆری عوسمانی و عه‌ره‌ب و ته‌ختنشینانی ئێرانی و له‌لایه‌کی دیکه‌وه به هۆی ئه‌ندێشه‌یه‌کی نوێخوازی داگیرکا‌ر وه‌کو ئیستیعماری نوێ له‌چه‌شنی ئینگلیز، ژیانێکی چوارپارچه به دنیا پێناسه ده‌کرێ و له لای کوردیش وه‌کو ئه‌ندێشه‌یه‌کی ناخخواز ئاماده‌یه و له‌گه‌ڵ تاکخوازیی وه‌کو دیارترین مه‌یدانی ئازاد رادێ.
لێره‌دا پێویسته له‌سه‌ر ئه‌مه داکۆکی بکرێ که له مێژووی جیهاندا هه‌ر که ناوی قه‌وم و نه‌ته‌وه‌کان دێته‌ئاراوه، له‌لایه‌که‌وه له‌گه‌ڵ زانیارییه‌کی ده‌ستکاریکراو سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه‌کان رووبه‌ڕوو ده‌بین که له لایه‌ن حکومه‌ته‌کانه‌وه بۆ چه‌واشه‌کردنی رای گشتی تۆمارکراوه، به‌مجۆره پله و ئاستی وڵاتانی فه‌رمی و ناسراو به‌چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافیی سیاسیی ده‌به‌نه سه‌رێ. ئه‌مه‌ش هۆکارێکی گونجاو و بێ مه‌ترسییه بۆ فه‌رامۆشکرانی نه‌ته‌وه ژێرده‌ست یان بچوکه‌کان.
ستراتیژییه‌کانی ئه‌مچه‌شنه چه‌مکانه‌ی ده‌سه‌ڵات که به‌رچاوته‌نگیی له پێکهاته‌ی ئاڕمانج په‌روه‌ریی و نمونده پڕهه‌ڕه‌شه‌کانیاندا، پێویستییه‌کی گشتگیرن بۆ سه‌رهه‌ڵدانێکی قووڵی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی ژێرده‌ست، هه‌میشه له دیدی بیچم، چوارچێوه و ناوه‌رۆک و له زه‌مان و پانتادا ده‌گۆڕدرێن.
کاتێ ده‌ڕوانینه مه‌یدانێکی جوگرافی و تێیدا ده‌سه‌ڵات به گشت چه‌مکه‌کانییه‌وه وه‌کو به‌ریوه‌به‌ر هه‌ڵسووڕان و چالاکیی هه‌یه، نیشته‌جێکانی ئه‌م هه‌رێمه ره‌نگه له چه‌ندین ره‌گه‌ز و زمانی جۆراوجۆر و جیاواز پێکهاتبن، واته وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافیدا که به وڵات ده‌ناسرێ. به‌هۆی دیاریکرانی زمانێکی فه‌رمیی، ناوه‌ندێک بۆ په‌یوه‌ندیکردن یان زاڵکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا زاڵ ده‌که‌ن. لێره‌دا زمانی کام ره‌گه‌ز ئه‌م جوگرافیایه پێکدێنێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر به‌بنچینه‌کردنی ده‌سه‌ڵات.
ده‌بێ ده‌سه‌ڵات له چنگی کام نه‌ته‌وه‌ی ناو جوگرافیای هاوبه‌شدابێ؟ یان هۆکاره‌کانی پێکهاتنی ئه‌م هێزه زاڵانه کامانه‌ن و بزوێنه‌ره‌کانی له کام سه‌رچاوه‌وه وه‌گه‌ڕ که‌وتوون؟ هه‌روه‌ها به چ شیوه‌یه‌ک ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵده‌سووڕێنن و پێناسه‌ی ده‌که‌ن؟
حکومه‌ته‌کان ویستوویانه پێناسه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆیان بۆ چه‌مکی نه‌ته‌وه‌خوازیی ئاراسته بکه‌ن هه‌تا ببیته یه‌کێک له شووناسه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی یان به‌مجۆره هه‌وڵیان داوه چه‌شنی تری راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازیی واته نه‌ته‌وه‌خوازیی ناڕازیی بسڕنه‌وه، یان خۆی لێبدزنه‌وه و به‌فه‌رامۆشیی بسپێرن. ئه‌م شێوه‌یه له ده‌سه‌ڵات شوناسێکی به‌رچاوته‌نگ و پاوانخوازانه‌ی هه‌یه و بۆ چه‌واشه‌کردنی بیروڕای گشتی و شاردنه‌وه‌ی ده‌روونی پاوانخوازانه‌ی، خۆی به پشتیوانی وڵات و نه‌ته‌وه و پارێزه‌ر داده‌نێ و له‌به‌رامبه‌ردا نه‌یارانی خۆی به هێرشکار و زۆرجارانیش به پیلانگێڕ و ره‌شه‌کوژ و راسپارده‌ی ده‌ره‌کیی ناوزه‌د ده‌کا. ئیدی ئه‌م چه‌شنه خۆشاردنه‌وه‌یه له پشت چه‌مکی پیلانگێر و ره‌شه‌کوژ جۆرێک خۆحه‌شاردانه بۆ راپێچدانی خۆی له چنگی سزا و ئیدانه‌کران. ئه‌و چوارچێوه جوگرافییانه‌ی که کوردیان تێدا ده‌ژی و له توخمی ئابووری و سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کورددا وه‌کو بکه‌ر ژیان ده‌کان، له‌هه‌رێمی کو‌لتوور و دابونه‌ریتدا نا، به‌ڵکو له ژیانی په‌یوه‌ندیی بنه‌ڕه‌تیی له‌گه‌ڵ جه‌ختی بوروکراتیک و سیاسیی و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و گشتگیرکردنی کولتووری زاڵی خۆی و ده‌ستداگرتن به سه‌ر راگه‌یانه گشتییه‌کانه‌وه ناوه‌رۆکی شۆڤێنی خۆیان ده‌ده‌خه‌ن. به‌جۆرێک که ئاراسته‌کانی ئه‌وان ره‌وتێک له دژایه‌تییه‌کان، شوێنه‌واری مێژووی و سیاسیی و هه‌روه‌ها شێواندنی کولتووری ژێرده‌سته‌کان ده‌خه‌نه‌روو، ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و ئایدیالۆژیه‌یه که وه‌کو چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی، کولتووری، ئایینی یان سیاسیی که له ده‌ستی سیاسه‌تی په‌ره‌پێده‌ردا بۆته بیچمگرتنی ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌ڕۆ و پاوانخوازه‌کان. به‌م شیوه‌یه نایه‌کسانی و دوابه‌دوای ئه‌ویش ناعه‌دا‌ڵاتی و هه‌ڵاواردن، نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌خاته ژێر پرسیار و تووشی مه‌ترسیی ده‌کا. ئه‌م نایه‌کسانیانه‌ش له‌ژێر کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی چه‌ند بزووتنه‌وه‌ی مه‌زن که مێژوو بۆ ده‌رخستنیان چه‌ند ره‌وتێکی گرینگی دیاری کردووه و به‌هۆی سنوربه‌ندیی نوێ که به‌رهه‌می ململانێی زلهێزانه و له ژێر گوشاری دابه‌شکردندا دانران. ئه‌مه‌ش بۆخۆی چه‌ند ره‌وتی دیکه‌ی ده‌ستنیشان کردووه که بۆته هۆی کۆڕه‌و، پارچه‌پارچه‌کرانی نه‌ته‌وه و خاک و کاره‌ساتی مرۆڤی، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێ و داگیرکرانی خاک و… تاد. جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین که که‌مینه‌بوون یان جیاوازبوون و باڵاده‌ستبوونی ده‌سته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌سته‌یه‌کی دیکه به‌هۆی ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه، زمان، ئایین و… تاد ئه‌م جیاوازیی یان هه‌ڵاواردنه له هه‌رکام له قه‌واره‌ی سیاسیی، ئابووریی و کولتووریدا خۆی نیشان ده‌دا، یان هه‌رکام له‌م بوارانه ده‌بنه هۆکاری نایه‌کسانییه‌کان. به‌مجۆره ده‌ستنیشان ده‌کرێ که لایه‌نی زاڵی نێو کۆمه‌ڵگا له‌چاو لایه‌ن یان توێژی که‌مینه زیاتر ده‌توانێ به ئاست و شوێنی گرینگ و تایبه‌ت له هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی بگا و له‌هه‌موو به‌شه‌کانی پێکهاته‌ی وڵات‌دا گشت مافه‌کانی بۆ مسۆگه‌ر ده‌کرێ و مافی چینی که‌مینه‌ش بۆلای خۆی راکێش ده‌کا. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌وه ئاماژه به چه‌ند چه‌مکی دیار کرا که هۆی جیاوازی وبه‌رچاوته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یه‌کن له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا، له هۆکاره‌کانی ده‌توانین ره‌گه‌ز، کو‌لتوور، زمان و ئایین… ده‌ستنیشان بکه‌ین. له‌به‌شێک له وڵاتاندا ره‌گه‌ز هۆکاری جیابوونه‌وه یان بالاده‌ستیی ده‌سته‌یه‌کی ره‌گه‌زییه به‌سه‌ر ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌دا. له سووچێکیتری جیهان، ره‌نگی پێستی مرۆڤ هۆکارێکه بۆ سه‌روه‌ریی. واته هه‌نووکه‌ش ته‌نانه‌ت له دنیای پیشه‌کاریدا ره‌شپێستی و سپی پێستی، پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیاری ده‌کا و چاره‌نووسی هه‌ر مرۆڤێک به‌هۆی ئه‌م جیاوازییه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کرێ یان ئایین (مه‌سیحی، موسڵمان، جووله‌که و…)، ره‌گه‌ز (ژێرمه‌ن وه‌کو ره‌گه‌زی سه‌ره‌وه‌ری ئاڵمان)، زمان (له وڵاته ئینگلیزی زمانه‌کاندا یه‌کێکه له به‌رچاوترین و دیارترین هۆکار بۆجیاکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌ک له ده‌سته‌یه‌کی دیکه)1.
ئه‌م وتاره لێره‌دا زمان وه‌کو سه‌ره‌کیترین و زیندووترین هۆکاری جیاوازی و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه یان زمان وه‌کو یه‌کێک له گرینگ‌ترین شوناسه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئاراسته ده‌کا و هه‌وڵ ده‌دا که له بارودۆخی سیاسی، کولتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی هه‌نوکه‌ییدا له زمان وه‌کو هۆی زیندوو مانه‌وه‌ی ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکۆلێته‌وه.
زۆربه‌ی زمانناسانی جیهان، له سه‌ره‌تاوه تا به هه‌نووکه له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه یه‌کده‌نگن که زمان ئامرازێکه هه‌تا مرۆڤه‌کان بتوانن له رێگه‌ی ئه‌م ره‌هه‌نده‌وه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ساز بکه‌ن. ئه‌وان ئاستی لێکدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی زمان به سه‌رتر له ئامرازی په‌یوه‌ندیگرتن نازانن، ته‌نانه‌ت تیۆره مۆدێرنه زمانناسانه‌کانیش به‌جۆرێک له جۆره‌کان مۆرکی قبووڵ له سه‌ر حاڵه‌تی به که‌ره‌سته‌یی بوونی زمان ده‌ده‌ن. ئه‌وه له‌حالێکدایه “هایدگێر” له‌و بیرمه‌ندانه‌یه که دژ به‌م بۆچوونه هه‌ڵوێست ده‌گرێ و زیاتر له‌وه ده‌ڵێ: “زمان ماڵی بوونی ئێمه‌یه”. به‌مجۆره زمان له‌و پێناسه کۆنه خۆی لاده‌دا و به‌شێوه‌ی “له‌ناخداهه‌ڵگر” توانای هه‌ڵگری ئه‌و ژێده‌رانه‌ی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مانا به‌رهه‌م بێت. واته به‌ره‌و ئه‌و شوێنانه په‌ل ده‌هاوێ که ده‌ستی ئێمه پێیان راناگا و له‌وپه‌ڕی ئه‌زموونه‌کانی ئێمه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها له هه‌مانکاتی که به‌ره‌و داهاتووین ماناکانی رابوردووشمان پێ ئاراسته ده‌کا که سه‌رچاوه‌که‌یان له زمان و کولتووری ئێمه‌دا زیندووه.
زمان هه‌وێنی نائاماده‌ی زه‌ینی تاکی مێژووییه و له به‌کارهێنانی ده‌توانرێ ره‌هه‌نده‌کانی داهاتوو و هه‌روه‌ها ئاست و پێگه‌ی چیه‌تیی کولتووری په‌یوه‌ست به شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێ بدۆزرێته‌وه یان دیاریی بکرێ. به سه‌رنجدان به به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌کانی جیهان وه‌کو شیعر، چیرۆک، رۆمان ده‌بینین که له بارودۆخ و کات و شوێنی تایبه‌ت به نه‌ته‌وه‌کان، زمان بۆ نموونه ده‌بێته هه‌ڵگری ره‌هه‌ندێک که ناڕه‌زایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانیی له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کان وه‌بیر دێنێته‌وه، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر کام له‌م ژانره ئه‌ده‌بییانه، به‌رگریکردن وێناکراوه و رێکخراوه (بۆ نموونه شیعره‌کانی شاعیری گه‌وره‌ی یۆنانی یانیس ریتسوس، جۆرج سێفریس، له‌نگستن هیوز، حاجی قادری کۆیی، ئه‌حمه‌د موختارجاف…). ئه‌گه‌ر ته‌وژم و تینی ده‌سه‌ڵات و زنجیره‌ی رووداوه‌کان فه‌زای ناهومێدی داده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام ئازادیی ئه‌گه‌ری هه‌یه، شێوازی به‌رگریکردن و رماندنیش هه‌ن که له سه‌ر زه‌ین و هه‌ست و نه‌ست و له‌هه‌موویان گرینگتر له سه‌ر زمان کاریگه‌رییان ده‌بێ، به‌واتایه‌کی دیکه زمان هه‌میشه له‌و شوێنه ئاماده‌یه که به‌ربه‌ره‌کانیی و ناڕه‌زایه‌تی و ناعه‌داڵه‌تی سه‌رهه‌ڵده‌دا. واته چینی ده‌سه‌ڵاتدار له رێگه‌ی ده‌ستکاری و چه‌واشه‌کاری و هه‌وڵه‌کانییه‌وه ره‌نگه زۆر خێرا نه‌توانێ سه‌رکوتی ئه‌و زمانه که‌مینانه بکا که له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی زمانی یاساییه و زمانی فه‌رمی نه‌توانێ ببێته هه‌ڵگری سه‌رجه‌م پێکهاته و چه‌مکی ژیانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان، چونکه زمانی به‌رکار (که‌مینه) هه‌رچه‌نده له ژێر کاریگه‌ریی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی ناوه‌ندی سه‌قامگیری هێزن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه که هه‌ڵگری ئه‌زموونی کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تین ده‌که‌ونه ئه‌وپه‌ڕی گوشار و کارتێکردنی پێناسه‌ی فه‌رمییه‌وه. له‌به‌رامبه‌ر پێش‌گرتن له ئازادیی کارکردی زمان که ده‌سه‌ڵات ده‌یکا، نموونه‌یه‌کی دیکه بۆ پاشه‌کشه‌کردن، یان باشتره بڵێین به‌ربه‌ره‌کانیی کردنی زمان له به‌رامبه‌ر هێزی زمانی بکه‌ر ده‌خه‌ینه‌روو، ئه‌ویش لادانی زمانه له ئاشکرا و راسته‌وخۆ قسه‌کردن و به‌مجۆره زمان یاسا و پێکهاته‌ی خۆی تێکده‌شکێنێ و به‌ره‌و خوازه و هێما و فۆرمه‌کانی دیکه وه‌کو ته‌نز و… تاد ده‌ڕوا. به‌مشێوه‌یه خۆی له خه‌سار که راسته‌وخۆ و ئاشکرا ده‌ربڕین هۆکاریه‌تی دوور ده‌خاته‌وه.
له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا وڵاتی واهه‌یه له‌به‌ر هێز و گه‌شه‌ی زمانه‌که‌ی مه‌زنترین شارستانیه‌تی پێکهێناوه و بۆ زۆربه‌ی هه‌رێمه‌کانی دیکه په‌ره‌یسه‌ندووه و به‌هۆی ئه‌م به‌رفراوانی و زاڵیه‌ی زمانه‌که‌یه‌تی که ده‌سه‌ڵاتی راگه‌یاندن و سیاسی و ..تاد مسۆگه‌ر کردووه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگا و هۆشیاریی و چه‌ندره‌هه‌ندیی هێزی بیرکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه که زمان توانیویه‌تی په‌ره‌بستێنێ و جۆرێک ئاماژه‌کردنه به‌و وته‌یه‌ی “دۆسۆسێر” و “چۆمسکی” که ده‌ڵێن: زمان سیستمێکی داماڵدراوه و هه‌موو رۆڵه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن2.
له‌به‌شێک له وڵاتاندا به‌چه‌ندین زمان قسه ده‌کرێ و ده‌نوسرێت. واته له‌و شوێنانه‌دا چه‌ند زمانی هۆی ئاماده‌بوونی چه‌ند ده‌سته‌ی ره‌گه‌زیین. هه‌ر وه‌ک کوترا، له‌م جۆره وڵاتانه‌دا یه‌کێک له زمانه‌کان به زمانی فه‌رمی له چوارچێوه‌ی جوگرافیدا و به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری … ده‌ناسرێ و ئه‌وانی دیکه که وه‌کو زمانی ناوچه‌یی و زۆرجارانیش به زاراوه داده‌نرێن و ته‌نیا له ئاخافتنی رۆژانه‌ی ده‌سته‌ی زمانی‌دا به‌کار ده‌هێنرێن، یان به‌هۆی هه‌لومه‌رجی دانراو له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پێشی پێده‌گیرێ و هه‌رچه‌شنه به‌کارهێنانی تاوانه و قه‌ده‌غه‌یه. به‌مجۆره ره‌خنه‌گرتن له تاک ده‌سه‌ڵاتیی به هۆی سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌ڵات ده‌ستێندرێته‌وه. ئه‌گه‌ر له روانگه‌یه‌کی تری خه‌سارناسییه‌وه سه‌رنجی ئه‌م کرده‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات بده‌ین، ده‌رده‌که‌وێ که ورده ورده زمان به‌ره‌و نه‌زۆکی ده‌ڕوا و ئه‌م نه‌زۆکییه‌ش بازنه‌ی وشه‌کان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه و هه‌ر به‌م پێیه‌ش مانا له زمان به راده‌ی وشه‌کان که‌م ده‌بێته‌وه. کرده‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌ی سیستمه تۆتالیتێره‌کان ده‌بێته هۆی ستاندنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کان له زمان. ئاوا به‌بێ وه‌به‌رچاوگرتنی رێژه‌ی ده‌سته‌ی زمانی، زمانی ده‌سه‌ڵاتدار به زۆرینه و زمانه‌کانی دیکه به که‌مینه داده‌نرێن. نه‌ته‌وه‌ی سه‌روه‌ر بۆ به‌بنچینه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و حکومه‌تکردن به سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا سیاسه‌تی یه‌کده‌ستکردنی کو‌لتوور و زمانه‌کان به‌کاردێنێ و ئه‌ویش جێنشینکردنی کولتووری سه‌روه‌ره که یه‌کێکه له پێناسه‌کانی کولتووری سه‌رکه‌وتووان و داگیرکه‌ران. ده‌ره‌نجامی ئه‌مه به‌ره‌و سڕینه‌وه‌ی کولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌چێ و له‌ئاکامدا ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به‌هۆی ناچاربوونیه‌وه له کۆیه‌کی گه‌وره‌تردا ده‌توێته‌وه و له‌ناو ده‌چێ. کورد یه‌کێکه له‌و نه‌ته‌وانه‌ی که به‌هۆی دۆخی مێژوویی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و داگیرکرانییه‌وه، له‌لایه‌ن چوار ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب، تورک و فارسه‌وه له مه‌ترسی له‌ناوچوون دایه. ئه‌گه‌رچی له گۆشه‌یه‌کی بچووکی وه‌ک باشووری کوردستان هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوناسی کورد ده‌درێ، به‌ڵام هێشتا له‌م پارچه بچووکه‌ش چاره‌نووسی هه‌روا لێڵه و له مه‌ترسی سات و سه‌ودا دایه.
هه‌رچه‌ند خاک و زه‌ویی که‌مینه‌ی ئاماژه پێکراو به‌هۆی داگیرکرانی ئه‌ندێشه و مێژوو و هه‌نووکه‌ی له‌سه‌ر جوگرافیای جیهاندا ئاواره‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا به‌ئێستا بۆته پاڵپشت و هانده‌ر و زمانه‌که‌یه‌تی، یانی ته‌نیا نیشتمان و هۆی مانه‌وه. بۆ پیداگرتن و زیاتر روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تیۆرێکی سیاسیی راست ده‌کینه‌وه: له‌ئاکامدا سته‌م له شێوازێکدا ره‌گاژۆی کردووه که به پێی ئه‌و شێوازه ئێمه و دیتران له دیدی زمانناسییه‌وه پێناسه ده‌کرێین، شێوازێک که تێیدا پێگه‌ی ئێمه به هۆی وشه‌کان پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ وشه‌ی تر دیاری ده‌کرێ. بوونی ئێمه، شوناسی ئێمه و وێناکردنی ئێمه له رێگه‌ی دیالۆگ و زمانه‌وه دروست ده‌بێ، به‌ڵام کورد به‌و پارچه پارچه‌بوونه‌ی ژیان به‌سه‌ر شۆڤینه‌کانی ناوچه‌که‌دا و له‌به‌رده‌ستی هه‌رکام له‌م ده‌سه‌ڵاته زاڵانه که‌مینه‌یه، ئایا زمانه‌که‌شی تووشی خه‌سار نه‌بووه؟ یان له‌مه‌ترسیی فه‌وتاندا نیه؟
به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کولتووری و هه‌روه‌ها هێرشی ئه‌ندێشه و کو‌لتوور و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، زمانی کوردی له گشت بواره‌کاندا (نووسین و قسه‌کردن و بیرکردنه‌وه) تووشی لاوازییه‌کی به‌ژان هاتووه و ناتوانێ ساده‌ترین هه‌سته‌کانیشی له ئاستی گشتیدا به زمانی خۆی ده‌رببڕێ. هه‌روه‌ها به هۆی نایه‌کسانی و رکه‌به‌رایتی نێوان زمانی دایکی و زمانی دیاریکراوی شوێنه فه‌رمییه‌کان (زمانی قوتابخانه و راگه‌یانه گشتییه‌کان و … تاد) لاوازی و له ئاکامدا توانه‌وه‌ی زمان خێراتر ده‌بێ.
ئه‌م چه‌شنه کرده‌وه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ستپێکردنی ئه‌وانه به‌وه‌ی که ره‌نگه کورد به زمانه‌که‌یه‌وه به‌ره‌و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی هان بدرێ، به‌مجۆره هه‌ر وه‌ک “دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی” ده‌ڵێ: پێش‌گرتن له زمان و کو‌لتوور.. سه‌رکه‌وتووترین شێوه‌ی کۆیله‌کردنی نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه زمانیان به پێکهاته و ناوه‌ندی ناڕه‌زایه‌تیی که‌مینه داناوه و به‌وه‌یان زانیوه که دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی زمانیی له لایه‌ن که‌مینه‌کانه‌وه (کورد) هه‌ستکردن به هێزێکی زۆره و ئه‌وان (که‌مینه‌کان) به‌ره‌و پێکه‌وه‌لکانی کولتووره لێکپچڕاوه‌کان که له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رچاوه‌یه‌کیان هه‌یه، هان ده‌دا و له ئاکامدا ئه‌و زمانه ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی تێدا سه‌قامگیربێ. هه‌روه‌ها جه‌ختکردن له سه‌ر زمان به بیانوویه‌ک بۆ تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ وڵاتێکی دیکه ده‌ناسێنن و به ویستێکی جیاییخوازیی داده‌نێن، به واتایه‌کی دیکه یه‌کگرتنه‌وه‌ی زمان به‌ره‌و یه‌کێتی و یه‌کده‌ست بوونی سیاسیی و ده‌روونی ده‌ڕوا. ته‌نانه‌ت ئه‌وان قه‌ت دان به زمانی کوردی‌دا نانێن و به زاراوه‌یه‌ک ناودێری ده‌که‌ن. بۆ وێنه ده‌بینین که له کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا زمانی کوردی به یه‌کێک له زاراوه‌کانی زمانی فارسی داده‌نراوه و وه‌کو سیاسه‌تی شۆڤێنی ئه‌و هه‌مووه به‌ڵگه‌نامه و شوێنه‌واره مێژووییه فه‌رامۆش ده‌کا که به زمانی کوردین و ئه‌گه‌ریش لێره و له‌وێ زۆر به کورتی وه‌ک زمان ئاماژه به زمانی کوردی ده‌کا، به زمانێکی نوێی داده‌نێ که له‌م سه‌د ساڵه‌ی دواتردا زمانی کوردی دروست بووه. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێسته‌کانی حکومه‌تی تورکیاش نابێ فه‌رامۆش بکه‌ین که نه‌ک هه‌ر بۆ قسه‌کردن حه‌ساسیه‌ت له خۆی نیشان ده‌دا به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ناوی کوردهێنانیش تاوان بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م حکومه‌تانه له هه‌لومه‌رجی ئێستادا و به‌پێی سیاسه‌تی روبه‌ده‌ره‌وه‌یان له به‌شێک له سیاسه‌ته‌کانی پێشوو پاشه‌کشه‌یان کردووه و له به‌رامبه‌ردا ده‌ستیان داوه‌ته راهێنانی زۆره‌ملیانه‌ی زمانی فه‌رمی که حکومه‌ت به‌ڕێوه‌ی ده‌با و به‌مجۆره په‌ره به کولتووری ده‌سه‌ڵات ده‌دا. ئه‌م شیوه کرده‌وانه جۆرێک زمانکوژی، یان له‌ناوبردنی گه‌لێکی تایبه‌ته که بنه‌مای نه‌ته‌وه‌کوژیی مسۆگه‌ر ده‌کا3. ئه‌م چه‌شنه هه‌ڵوێستانه روانگه‌ی حکومه‌ته‌کانی ئاوا ده‌رخستووه که هه‌میشه وه‌کو ئامراز بۆ سه‌رکوتی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان، زمان به‌هۆکاری ناڕه‌زایه‌تیی ده‌زانن و پێیانوایه که زیندووکردنه‌وه‌ی خواسته‌کان له نێو چه‌مکی زماندا زۆر به‌هێزتره له چه‌مکه‌کانی تر.
ئه‌و خه‌سارانه‌ی که تووشی زمانی کوردیی دێن به هۆی قه‌ده‌غه‌کرانی ئاشکرا و نائاشکراوه به‌ره‌و توانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کیی شوناس و کولتووری ئێمه‌یه. ده‌بینین که بیرکردنه‌وه‌ی کورد به شه‌پۆلی راگه‌یه‌نه گشتییه‌کان و شوێنه‌کانی په‌روه‌رده‌یی زمانی زاڵ که بنچینه‌ی زمان دیاری ده‌که‌ن، ده‌ئاخندرێن. له لایه‌کی دیکه‌وه له غیابی شوناسی زماندا دروستبوونی ده‌وڵه‌تیش فه‌رامۆش ده‌کرێ. نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کو کورد ده‌بێ (به سه‌رنجدان به سه‌رجه‌می ئه‌و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی که زمانه‌که‌یان له مه‌ترسیدا بووه، بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که له ئیرله‌ندی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ده‌بیندرێ4 به‌ره‌و زمانی ستانداردی هاوبه‌ش بۆ گه‌شه‌ی زمانیی له به‌شه‌کانی تر هه‌وڵ بدا و داکۆکیی لێ‌بکا. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بیه‌وێ که‌سایه‌تیی خۆی بدۆزێته‌وه و به‌ره‌و گه‌شه‌ی جوگرافی و شوناسی مرۆڤایه‌تی خۆی بڕوا ده‌بێ بۆ بنچینه‌کردنی ئه‌و چه‌مکانه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێکرا کار له سه‌ر پێکهاتنی یه‌کده‌ستیی زمانی بکا.
په‌ڕاوێزه‌کان:
1. میشێلێ ده‌لێ: مێژووی فه‌رانسه له‌گه‌ڵ زمانی فه‌ڕه‌نسی ده‌ست پێده‌کا. زمان نیشانه‌ی سه‌ره‌کیی نه‌ته‌وه‌یه (مێژووی فه‌ڕانسه، کتێبی سێیه‌م. 1840 زایینی).
2. دۆسۆسێر له کتێبی وانه‌کانی زمانناسیی گشتیدا که له ساڵی 1915دا بڵاوبۆوه ئه‌مه‌ی راگه‌یاند که : عاده‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له سه‌ر زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه کاریگه‌ریی ده‌بێ و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌مه زمانه که تاڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌بێته هۆی دروستبوونی. نه‌ته‌وه.
3. بۆ وێنه تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌ندام له یه‌کێتی ئوروپا وه‌ربگیرێت و ره‌خنه‌ی پێشێکلکردنی مافی مرۆڤی له‌سه‌ر کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تری هاتۆته سه‌ر له‌بارمه‌به‌ر هێندێک له داخوازییه‌کانی گه‌لی کورددا دابه‌زیوه، وه‌کو دانهێنان به بوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد، کردنه‌وه‌ی چه‌ند کاتژمێر ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی و … تاد.
4. له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا خواستی سیاسی – نه‌ته‌وه‌یی به‌رگریی به‌رده‌وامی له زمانی ئیرله‌ندی گالیک کرد. هه‌روه‌ها ده‌بێ ئاماژه به نه‌ته‌وه‌ی باسک له ئیسپانیا بکه‌ین یان بزووتنه‌وه‌ی بۆتۆنی له فه‌ڕانسه.
سه‌رچاوه‌کان:
1. سرگشتگی نشانه‌ها، نمونه‌هایی از نقد پسامدرن، (نویسندگان: بودریار، لیوتار، فۆکۆ…)، مترجمان (بابک احمدی، افشین جهاندیده…)، چاپ دوم (1378)، تهران، نشر مرکز.
2. بارت، فوکو. آلتوسر/ مایکل پین، ترجمه‌ی پیام یزدانجو، چاپ اول، (1379)، تهران، نشر مرکز.