Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

وڵاتەكەم، قەسابخانەی كچان و نامۆخانەی کۆرانە

Be First!

 

دەفتەری خەم و خامەی خەیاڵت هەڵگرە و سەر هەڵگرە
هیچت دەسناكەوێ تۆ لەم دەڤەرە
ئێرە مۆڵگەی جانەوەرە
ئێرە تاپۆی میری شەڕە
ئێرە قەسابخانەی كچە
ئێرە نامۆخانەی كوڕە
ئێرە ئاودەستخانەی حیزبە
نووسەر فلاش و ئاوبەرە
دڵم كچێكی سەربڕدراوە
هەموو لەشی پڕ خەنجەرە
رۆحم كچێكی نامۆیە
دەوری شیشبەند و چەپەرە
هەستم كچێكی دیلە
قەیرەكراوە، قەلەندەرە
ئەم وڵاتە چەند بۆگەنە
ئاودەستخانەی كەللەسەرە
ئەم وڵاتە لە سەرەوە بۆگەن بووە
خوارەوەشی خۆڕادەرە
ئەم وڵاتە بێ دەستوور و بێ سنوور و
بێسەواد وبێ ساوەرە
ئەم وڵاتە بازاڕێكە
بایەقووش تێیدا جاڕدەرە
ئەم وڵاتە له‌تله‌ت بووه‌
ده‌فته‌ره‌ دۆلاری مفته‌و
لە ناو گیرفانا پەڕپەڕە
”پەرلەمان” ی گاڵته‌جاڕه‌
دز تێیدا یاسا ودادوەرە
وڵاتی شێخ زاناكانە
شێخ زانا شێخی ئەكبەرە
ولاتی قه‌زاو قه‌ده‌ره‌
دڵەكەم كچێكی زامدارە
هەموو لەشی پڕ خەنجەرە
دڵەكەم خوێنی لێ دەتكێ
ئاڵ بووە ئەم دەور و بەرە
چاوی شاعیرەكەم كوێرە
یان رەنگی خوێن بێ ئەسەرە
دڵم كچێكی كوژراوە
بێ تاوانە، تاوانكەرە
دڵم كچێكی سووتاوە
لە سوێی عیشقا سەماكەرە
چەند هەزارەمین كچی كوژراوی كچەكەم
چەند هەزارەمین خوشكی خنكێنراوی خوشكەكەم
چەند هەزارەمین دایكی سكسووتاوی دایكەكەم
نا گەردنم ئازاد مەكەن
گەردنم شایانی گوللە و كەللەم شایانی پێمەڕە
چ بکەم!! لەم خاكەدا بێشەرەفە
هەرچی سەركردەو رێبەرە
لەم خاكەدا بێشەرەفە
هەركەس شاعیر و نووسەرە
لەم خاكەدا بێشەرەفە
فەرماندارە، فەرمانبەرە
لەم خاكەدا بێشەرەفە
ئەوەی زانایە، مەلایە،
مامۆستایە، فێركەرە
چ بكەم!
بۆ شەرەفی دۆڕاومان
بۆ شەرەفی ئەنفالكراومان
ناو رانی تۆ دەگەڕێین كچەكەم
ناو رانی تۆ پڕ لە شەرەف و شانازیی و گەوهەرە
دڵەكەم پارچە پارچەیە
هەر پارچەی سەد كچی كوژراوە
رۆحمی رزاند ئەم سەفەرە
بێ شەرەفی ئەی پیاوی كورد
تۆڵەی ئەنفال دەكەیتەوە
بڕۆ ببە بە عێراقی و دەست بە گونی
ئەنفالچییەكانتەوە بگرە
تۆڵەی ئەنفال دەكەیتەوە
ماڵی میللەت هەمووی بدزە
میللەت بكە بە كەر و گا
ئەوسا یەك بە یەك بیانكڕە
تۆڵەی ئەنفال دەكەیتەوە
بڕۆ خوشكەكەت سەربڕە
شەرەف ناوڕانی كچانە
ژن گەل نییە، رانەمەڕە
وڵاتەكەم، قەسابخانەی ژن و كچان
نەفرەت لەوەی خاوەنی خامەو دەفتەرە
نەفرەت لەوەی كە دەبینێ، كە دەنووسێ، كە دەهزرێ،
گوێ ناداتە ئەم سەقەرە
چەند هەزارەمین كچی كوژراوی كچەكەم
چەند هەزارەمین خوشكی خنكێنراوی خوشكەكەم
چەند هەزارەمین دایكی سكسووتاوی دایكەكەم
نا گەردنم ئازاد مەكەن
گەردنم شایانی گوللە و كەللەم شایانی پێمەڕە
دڵەكەم پارچە پارچەیە
هەر پارچەی سەد كچی كوژراوە
رۆحمی رزاند ئەم سەفەرە
وەرە پیرەمێردم وەرە
ئەوا نەورۆزم هاتەوە
وەرە پیرەمێردم وەرە:
تا ئێستا رووینەداوە لە تەئریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی كچان بێ لە هەڵمەتا
وەرە پیری رۆحم وەرە
هەموو كچێكم هەڵمەتبەرە
وەرە پیری رۆحم وەرە
هەموو رۆژێ سەیرانێكە
سووتانی كچ سەماوەرە
هەموو شەوێ شەوخوانێكە
گۆشتی كچ سفرەڕاخەرە
وەرە پیری رۆحم وەرە
شاری ژینت، شارستانێتیی پەروەرە
دیمۆكراسیی وا بانگ دەدا
ئاسمانیش هەردوو گوێی كەڕە
نووسەرانت مەستی بادەن
شارت نووستووە، بێ خەتەرە:
نووزەیەك دێ لە دەرگایەك
چرپەیەك دێ لە پەنجەرە
ئەمشۆ شەم و زین و شیرین
حوكمی چەقۆیان لە سەرە
دڵەكەم پارچە پارچەیە
هەر پارچەی سەد كچی كوژراوە
رۆحمی رزاند ئەم سەفەرە.

بۆ گوێگرتن لەم شیعرە بە دەنگ کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:

  
http://www.youtube.com/watch?feature=player_embedded&v=u6Tp-8Zc7OI

 


شیعری د. كەمال میراودەلی
سلێمانی، ئابی 2005

 

Previous
Next

Leave a Reply