Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

بڕوانە … نەوزاد بەندى

Be First!

 

لە هەموو شەقامەکانى ئەم وڵاتە ،
سایدێک نییە بۆ خۆشەویستى ..
لە هەموو رۆژنامە و تەلەفزیۆیەکانى
ئەم وڵاتە
بەرنامەیەک نییە بۆ خۆشەویستى ..
لە هەموو بیرە نەوتەکانى ئەم وڵاتە ..
بیرێک نییە بۆ خۆشەویستى ..
لە هەموو مادەکانى
دەستوور و ..
خاڵەکانى پشکنینى سنوور دا ..
نە مادەیەک
نە خاڵێک هەیە بۆ خۆشەویستى ..
لە دۆسیەى بن باخەڵى
پەرلەمانتارەکانى دەسەڵات و
ئۆپۆزیسیۆندا ،
بە ئاستەمیش ، ئاماژەیەک نییە
بۆ خۆشەویستى ..

لە هەموو مەشتەلەکانى ئەم وڵاتە
ئینجانەیەک نییە بۆ خۆشەویستى ..
خۆشەویستى نهێنیە :
وەکو تیرۆر
وەک هێرۆیین
وەک گەندەڵى
وەکو عوبوەى ناسیفە ..
لە هەموو کافیتریاکانى ئەم وڵاتە ،
مێزێک تەرخان نەکراوە بۆ خۆشەویستى
هەروەها کورسیەکیش ..
هەروەها پیاڵەیەکیش ،
هەروەها کەوچکێکى چایش..
تەرخان نەکراوە بۆ خۆشەویستى ..
لە هەموو درەختە تۆزاویەکانى ئەم وڵاتە ،
سێبەرێک نییە بۆ خۆشەویستى ..
هەروەها قومێ ئاو ..
هەروەها شیشێ گۆشتى برژاو ،
تەرخان نەکراوە بۆ خۆشەویستى ..
خۆشەویستى عەیبە :
وەکو نەخۆشى فتق
وەکو دایبى
وەکو عادەى شەهرى
وەکو عادەى سڕى
وەک ڕەخنە لە خاوەن شکۆ ..
لەم وڵاتە ،
وەکو تێکەڵەى کفتە و نۆکاو ،
کە دە – دوانزە داو –دەرمان تێکەڵاو ئەکەن ..
بە هەمان شێوە ،
خۆشەویستى بە هەزار و یەک
شتى تر تێکەڵکراوە :
وەک هەرزەکارى
وەکو کوفر
وەک بێئەخلاقى
وەک سۆزانى
وەکو مێبازى ..
وەک سەرسەرێتى ..
وەکو کەرێتى ..
الى اخرە …
لەم وڵاتەدا ‘
هەموو پۆلیسەکان بە دواى تاوانبارێکا
ئەگەڕێن ..
هەموو خاڵەکانى پشکنین ..
بە هەموو عەمودەکانى کارەباوە
وێنەى ئەو داوا کراوە
هەڵواسراوە ..
موکافەئەى مالیشى لەگەڵدایە
لەگەڵ شوکر و تەقدیر..
ئەو تاوانبارە ترسناکە :
خۆشەویستییە….
خۆشەویستى …

Previous
Next

Leave a Reply