Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تەنیایى ئێوارەیەك دەمباتەوە لاى خوا…. نورى بێخاڵى

تەنیایى ئێوارەیەك دەمباتەوە لاى خوا…. نورى بێخاڵى

Closed
by November 10, 2008 ئەدەب

 تەنیایى ئێوارەیەك دەمباتەوە لاى خوا
نورى بێخاڵى

 
 
 ئێوارەیەك من و مێزێكى تەنیا
 سەر بەسەرتەنیاییەكانى خۆماندا دەكەین و
 قاوەیەك لەگەڵ شیعر دەخۆینەوە
 ئێوارەیەك لە سوچى تاریكى یانەیەك
 لە تاڵێتى قاوە و هەنگوینى شیعر
 شەربەتێك لە بیرەوەرى نۆش دەكەین و
 بە ئەسپایى
 دوور لە چاوى بەد
 دوورتر لە زمانى نیفاق
 دوورتیش لە تارمایى ئەوان
 ئاگردانى شیعرێك كۆمان دەكاتەوە و
 دەنكە زەنگیانەى هەڵوەریوى یادەوەرییەكانمان كۆ دەكەینەوە
 سەر بەو كیشوەرانەدا دەكەین
 كە تەنها لە تەنیاییدا زاتى سەفەركردنمان بۆیان هەیە
 دەست دەبەینەوە بۆ ئەو توێشەبەرانەى عەشق
 كە لە تاریكیدا باشتر.. دڵنیاتر مروارییەكانى نێویان دەدۆزرێنەوە
 چاو بەو چیمەنانەدا دەگێڕێن
 كە پاسەوانەكانیان خەوتوون و
 بە ترسەوە بۆن بەو خونچە تازە پشكوتوانەدا دەكەین
 كە رۆژ مۆڵەتى راموسانى پەپەپوولەیان نییە
 ئێوارەیەك تەنها من و مێزێك
 تەنها من و ئەو و تەنیایى
 تەنها ئێمە و كاسىَ شەڕابى خەستى ترىَ
 كە پڕە لە ماچى گەڵا
 تژییە لە راموسانى هەتاو
 ئێوارەیەك من و مێز و تەنیایى و شەڕاب و
 مشتىَ خۆڵەمێشى دواى سوتاندنى عەشق
 من و چڵىَ شكاوى چنارى عەشق
 ئەو و چۆڕىَ خوێنى رژێنراوى عەشق
 ئەم و جانتاى بێئومێدییەكانى هەردووكمان
 ئەم و تابلۆى تەواونەكراوى تەریكە رێگایەكى داخراوى عاشقان
 من و ئەوان و تەونى چنراوى رواچییەكانى جوانى
 من و ئەوان و كەمینى موفتییەكانى باخچە
 كە ژوانى دوو رۆح لەبەریان حەرام كردووە
 من و ئەوان و مانیفێستى سیاسییەك
 كە تەنها خۆى دەبینىَ و بەس
 ئێوارەیەك دوور لە ئاوەدانى
 دوورتر لە لە پلیكانەى ئەو دەقانەى
 حەڵاڵ و حەرامیان بەشكرد
 دوورتر لەو ئەستێرە و خاچ و گومبەزانەى
 مێژووى خەساندنى خەیاڵ و
 خنكاندنى هەناسە و
 كوشتنى عەشقمان بۆ دەگێڕنەوە 
 دوورتر لە چراى داگیرساوى نێو ماڵەكانى بخور
 دوورتریش لە وڕێنەكانى نێو كەلاوەى نەریت
 دوورتر.. دوورتر.. دوورتر.. دوورتر..دوورتر
 دوورتر لە هەموو ئەوانە و
 هەر تارماییەك، ژیان بە ژوان و عەشق و ماچەوە رەوا نابینىَ
 دادەنیشین و میلى تەمەنمان دەبەینەوە دواوە و
 بەیەكەوە باوەش بە مەستیدا دەكەین و
  خۆمان دەدەینە بەر بارانى غروبى ئێوارەیەك
 كە پڕمان بكاتەوە لە تریفەى جوانى و
 بستێك لە خوا نزیكترمان بكاتەوە
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.