Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

شاری قەڵا… فەرهاد چۆمانی

Be First!
by June 12, 2012 چیرۆک

 

وەک ئەوەی بتەوێ شتێک بڵێی ئاوڕێک دەدەیتەوە، بەڵام دەمت دادەپچکوڕی و هیچ ناڵێیت، پیشێک دەخۆیتەوە و دەڕۆی. من؛ ناحاڵی چاودەبڕمە رێڕۆینت و لەبن لێوەوە دەڵێم “برادەر….” منیش لەوە زیاتر ناتوانم هیچ بڵێم و دەڕۆم.
تێماوم نازانم کامەمان پشتی لەوی دیکە کرد، بەڵام دەزانم ئەو رووبەڕەنگترە لەمن کاتێک پشتمان لەیەکترییە و بە پێچەوانەی رێگای یەکتر هەنگاو دەنێین.
مانگەشەوە، دڵم بەوە خۆشە ئاسمانێک هاوبەشمانە و هەیوەشەو ژێرپێی هەردووکمان تریفەبار دەکات، وەسوەسەیەک خەریکە دەمخاتە نێو گێژەنی ترسێکی لەنوێهاتیی، هەستدەکەم تارماییەک بەدوامەوەیە، لە چرپەی پێ هەڵێنانییەوە هەست بە توندی دەستەکانی دەکەم کە بۆمنی مشتکردوون، لە هانکەهانکی هەناسەیشییەوە تامەزرۆیی راونان و کوشتنی خۆم بەڵەد دەبم.
راوم دەنێ، وەک رەشەبا لەدووی من هەڵی کردووە، هێندی رادەکەم ئەو هەر دێت و بەتین و تاوتر بەدوام دەکەوێ، وەکئەوەی بەشێک بێت لەخۆم، وەکی شەیتانە نەیارەکەی ناخی خۆم بێت و دەدونیا بەربووبێت رێنمام دەکات.
مەحکومم بە هەڵهاتنێکی ئەبەدی.. لە ئەزەلەوە تا عەدەم، رێگام تادێ سەختترە، زۆنگ و چەپەر و زێقەت پێشگیریم دەکەن، دەکەومە نێو رەوێک شەمشەمەکوێرە، باڵەفڕکێ دەکەن و خۆیان دەکێشن بە دەموچاوم، بەو قاچە رنۆکن و پێستە شۆڕبووەوەیان خۆیان بە چەناگەمەوە هەڵدەواسن و دەجیکێنن، منیش وەک ئەوەی نیازم بێت بفڕم دەستەکانم لەهەوادا دەجوڵینم و بەدەوری سەرم باڵدەدەم، پێیەکانم بەدوومدا نایەن، تۆمەز لە زۆنگ و مێرگەڵانێک چەقیوم، هەر چۆنێکە دەربازێک دەدۆزمەوە، لقی دارێکە ئەو دەربازەم، کە لەوەدەچێت دەستێکی بەفریاهاتیی بێت و درختەکە بۆ منی راداشتبێت.
تاریکی دارستان قانگم دەدات، وەختە بڵێم سەدەیەک بەشی دەرچوونم ناکات لەم زوڵمەتە. هێشتا تارماییەکە نایەوێ بسرەوێ کە شڵپ… دەکەومە گۆمێکەوە، گۆمێک کە ختووکەم دەدات، پێمدا هەڵدەگژێت و هەستدەکەم هەموو لەشم دەرزیئاژن دەبێت، شەپۆل دەدەم من.. گۆمەکە نا، گۆمەکە لە شەپۆل کەوتووە، سەرشارە بە زێروو، ئاها.. کەوتوومەتە نێو گۆمێک زێروو کە خەریکی خوێنمژینمە، لەو تەنگەتاوی و ئازاری دەرزری ئاژنبوونەدا بیر دەکەمەوە داخۆ دەمەویست چی بڵێم کاتێک وتم ” برادەر….”؟ لە بیر کەوتووم، تۆ بڵێی شتێکم هەبووبێت بۆ وتن؟ نازانم، ئەوەش نازانم چۆن دەربازێکیتر هانام دەبێت لەم گۆمی زێرووەدا قوتارم بکات
.
.

ئێسکەکانم  لەبەر تینی گەرمای ئەم دوا نیوەڕۆ نەفرەتییە بریسکەیان دێت، تا ئەوکاتەی بەتەواوی هاتمەوە هۆش خۆم هەستم بە دەنوکی داڵێکی کەلاکخۆر دەکرد لەسەر سنگم، دواتر گوێم لەپێڕەوتی کەسێک بوو کە تا دەهات لێم دووردەکەوتەوە، بیرم کردەوە داڵە کەلاکخۆرەکەی سەر سنگم هەمان مرۆڤبێت کە خەریکە دوور دەکەوێتەوە.! چاوەکانم لەبەر تینی گەرما دەکزێنەوە و ناتوانم هەڵیانهێنم، دەستەکانم بەسەر سنگمدا دەهێنم وەکی پەنجەکانم رۆبچنە قەفەسی کەوێکەوە؛ رۆدەچن. هەست بەئازارێکی توند دەکەم لە گەروومدا، دەستم دەخەمە ملم؛ کۆتەرێک ئێسک ماوەتەوە. لەبەر گەرما وەختە بڕوا بهێنم ئەو دەربازەی لە گۆمی پڕ لە زێروو هاتۆتە هانام بە دۆزەخی سپاردووم، بەڵام نا؛ چاو دەکەمەوە (یان من پێڵوم نەماوە) و دەبینم لەکوچەیەکی شار کەوتووم و قەڵایەک بەسەرسەرمەوە لەسەر تەپۆلکەیەکەوە دیارە … “شاری قەڵا!” ئا ئەوێیە..  دەیناسمەوە، بەوە نییە ئێستا لە ئێسکەپەیکەر’ێک پتر نیم، خۆ چ نەبێت چاوەکانم لەنێو ئەم کەللەسەرە ناوبۆش و بێ رووپۆشەدا دەبینن، بەڵام سەیرم لێدێ چۆنە زێرووەکان چاوێکمیان نەخواردووە؟ بیردەکەمەوە؛” بینینیش سزایەکی ترە!”
هەڵدەستمەوە؛ چەندی هەنگاو دەنێم نزیکتر گوێم لە هەناسەی تارماییە وەدوکەوتەکەی خۆمە، گوێم لە دەنگێکی دیکەشە، دەیانیتریش .. هەزارن دەنگن کە ژاوەژاوێکیان درووستکردووە بۆ ئەوەی کەس گوێی لە هەزاران دەنگی دیکە نەبێت، هەزاران کوچە و پێڕێ و تەنگەڕێیان راداشتوون تاکو تەمەنی چ کەس بەشی پێدا گوزەربوونیان نەکات و هەزاران رێگای دیکە نەگرنەبەر. شارێک کە لە ترسی شارانی دیکە گەورە دەبێ، بۆ ئەوە گەورە دەبێ دەروازەکان تاکو قیامەت دوورەدەست بکات لەشارییەکان، دەنگەکان لە تەنیشت منەوە دەبیسترێن و چ کەس دیار نییە. دەمەوێ تێبگەم، زمانیان بەڵەد نیم، سەرم دەکێشم بە دیواری کۆنە قەڵا وەختە کەللەسەرم بەربێتەوە و خاش بێت، نێوچاوانم درز دەبات و دوو پەنجەی دەستێکم هەڵدەوەرن، هاوار لە دەنگەکان دەکەم، بەڵام دەنگی خۆم نابیستم.  دەنگەکان ناروونتر بەڵام بەرزتر دێنە گوێم، دوو پەنجەم دەخەمە کونی گوێمەوە دێتەوە بیرم کە؛ دوو پەنجەی دەستێکم پەلدران و پەنجەی دەستەکەی تریشم بە شوێن پەڕی گوێمدا دەچێتە چاڵی گوێمەوە، لەگەڵ  بەکەللەدا چوونی ئەنگوستێکم شەمشەمەکوێرەیەک لە کەللەسەرمدا باڵەفڕکێ دەکات و لەچاڵی چاوی چەپمەوە دەفڕێت.

دێتەوە بیرم؛ سێوێک بوو گەورەتر لە چنگۆڵەی منداڵانەم، دەبوو بێت و بیفڕێنێت بۆ ئەوەی گەمەکە دەستپێبکات، کۆڵانە و کۆڵان رایدەکرد، (جارێک پیاوێک دەیگوت؛ قەدەری ئێمە هەر وابووە یان دەبێ وەدوو سێو بکەوین، یان راومان بنێت) ئەوکات وەدوو سێوێک کەوتبووم، لە لاکۆڵانێکی بنبەستدا لە ژێر ساپیتەی گەوڕێک بەهەناسەبڕكێوە سێوەکەی دەخوارد و پێدەکەنی، منیش دەستم خستبوونە سەر ئەژنۆکانم و بەدەم هانکە هانکی ماندووبوونەوە لێیەوە رامابووم، لەوە دەچوو من چاوەدێری چۆنیەتی خواردنی سێوەکەی بکەم نەک لێی وەربگرمەوە.
ئێستاش بۆنی سێو دێت… “پێدەچێت ئەم شارە شەرم لە بۆنی سێو نەکات”
تا دێ لە دەنگەکان نزیکتر دەبمەوە، دەنگی مرۆڤ لە هەمەچەشنی ئاستی دەنگیدا، دەنگ دێت گڕ و ناخ لەرزێن، دەنگ دێ چریک و گوێ زیککەر، بەڵام هیچ مرۆڤێک دیار نییە. تۆ بڵێی ویستبێتم چی بڵێم کە وتم “برادەر…”؟ نازانم
با بەنێوانی ئێسکەکانمدا گڤەی دێت، لەوەتی راونراومەتە ئەمشارە سەرما ناخی قەسراندووم و بەدەم راکردنەوە هەر جارە و تیزماڵێک ئێسکم لێدەبێتەوە…
بیر لە ئادەم دەکەمەوە، یان بیری لێناکەمەوە؛ راستتر لەخۆمدا ئادەمێک دەبینم، ئادەمێکی درەنگکەوتە و بە جێماو لە مرۆڤەکان، لەگەڵ هەر هەنگاوێک تیزماڵێک ئێسکم لێدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە حەوا… چیڕۆکی ئادەمبوو هەڵەتە بوونی ئێمە، ئەو سێوەکەی خوارد کەچی من تڕۆ کرام، ئەوەتا من هەر دەڕۆم و تیزماڵی ئێسکم لێ دەبنەوە و چ حەوایەک نایەتە بوون!
دەوەستم و چاو لە دەروازەیەک دەگێڕم بەڵکو لە دووراییەکانی ئەم کوچە و شەقامە زۆرو زەبەندانە هەبێت و لەم دەنگانە قوتارم بکات… بەڵام…….
دەنگێک دەبیستم؛ «مردن هەبوو، چیتر نەما! تەنها شیبایەک نەبێت، کە لە دوورانی دوورەوە بەسەر ئەم شارەی ئێمەدا کە لە گوڵ رەنگینترە هەڵدەکات» دەنگێکیتر ئەم دەنگ خامۆش دەکات؛ «خۆر لێرەوە هەڵدێ، ئاوابوونی مردنیش هەر لێرەیە» دەنگێکیتر وەک ئەوەی حاڵی بە قاقاکێشانێکی شەرمهێنەوە گرتبێت؛ «ئەمە دونیای بیرکردنەوەی ئێمەیە.. خۆیەتی! ئەمشارە خەیاڵەکانی ئێمەیە لە بەرجەستەییدا.. خواستی ئێمەیە شێوەی بەم کوچە و کۆڵان و مرۆڤانەوە گرتووە.. ئا ئەمە خۆیەتی.. دونیای ئێمە و کەسیتر نا.. » دەنگی گۆرانییەک دێت، لەوە دەچێت لە سەر ریتمی ئەو بایە کۆک کرابێت کە دەنگی یەکەم بەیانی هەڵکردنی دەدا، هەزاران دەنگ .. « وەرەوە بۆی، توت، زەنگی تەلەفۆن، دەنگی بانگکردن بۆ کۆڵانێکی سەیر، دەنگی پێڕەوت، غلۆربوونەوەی تەنەکە، قریوەی ژنان و دەنگی ئەڵڵاهوئەکبەر…. » پێدەچێت کەوتمبە مەیدانی جەنگ و تێکچڕژانی دەنگەکان بەریەککەوتنی شمشێر و رەزمی قسەکردنەکان وێرغەکردنی ئەسپی سواران بێت.

ساتێک دواتر وەک ئەوەی لە مەیدانی واتەواتی شارییە ونەکان رامکردبێت؛ لە ناو پاسێکدام. گارەی مریشکێک دێت کە ناوە ناوە وەک ئەوەی بیەوێ خۆی قوتار بکات باڵەفڕکێ دەکات، هەست دەکەم تارماییە وەدوکەوتەکەی خۆیشم هەر لەوێ؛ لەریزی دواوە و لەو شوێنەی گارەی مریشکەکەی لێوە دێت؛ دانیشتبێت، بۆنێکی قوڕس لە تەنیشتمەوە دێت کە بۆشایی کەللەی سەر و ناو سنگمی پڕ کردووە، ئەگەر بمەوێ لە رێگەی بۆنەکەوە وێنای کەسێک بکەم؛ پیاوێکی کورتەبنە بۆیمباغێکی نارنجی ئەستوور و پانکەڵەی بەستووە و  چاکەت و پانتەڵۆنێکی نیلی لەبەر کردووە کە باخەڵی چاکەتەکەی لەبەر دوگمەدانی هەڵدەوراوە، جانتایەکی باریکەڵەی لە کۆش ناوە و پرچی بەجۆرێک بەلادا هێناوە وایکردووە کەمێک خوار بێتە بەرچاو، هەروەها ئەوەشم دێتە بەرچاو کە لەخۆڕا و بەبێ هیچ هۆیەکی دیاریکراو بزەی سمێڵەکانی دێت، دەنگی ژنێک دێت کە نازانم بۆچی وا هەست دەکەم ژنێکی ریوەڵەی زراڤە و شیمانە دەکەم بیناسم؛ «هەموو ماڵەکانی قەڵایان راپێچکرد، وەک پووش بە با’یانداین و پرێسکەکانیان ئاخنینە پیکابێکەوە». دەنگی ئامێرێک هەرجارە و لە گۆشەیەکی پاسەکەوە دەبیستم.
 هاوکات واتە واتی دەنگی دوو پیاو دێتە گوێم کەباس لە رووداوێک دەکەن، پێدەچێت زووتر لەوە بەرباسیان خستبێت کە من گوێم لە دەنگیانە؛
« دەستێکی ژێربەژێرە، فەرمانکرا دەستنیشانی چەند ماڵێک بکەین کە گومان هەبووە شەوانە تێیدا کۆببنەوە»
 «لە قەڵا؟»
«بەڵێ لەوێ، مەگەر کوێی دیکە؟! من چەندێکە باسی ئەوێت بۆ دەکەم… تۆ گوێت نەگرتووە؟!»
«ببورە، گوێم لێتە بەڵام جوڵەی ئەم پیاوە گوماناوی دێتە بەرچاوم»
نەمدەبینی پەنجەی ئاماژەی بۆ کام پیاوە درێژ کردووە تا بزانم لەگەڵ کێیەتی، بەڵام بەپێی خشپە و هەناسەسواری و شنەکردنی بۆنەکەبێت (کە مەزەندە دەکەم لە ئەنجامی جوڵەی بەردەوامەوە بێت) مەبەستی پیاوە بۆیمباخ نارنجیەکەی تەنیشت من بێت.
«دەی خۆ هەموویان وا دێنە بەرچاو کە خەریکی کارێکی گرنگ بن، وازی لێبێنە باسەکەم تەواو بکەم؛ باسی چیمدەکرد! ئا.. وتم دەستنیشانی چەند ماڵێکمان کرد، بەڵام ئەو دەمەی لێیان وەژوور کەوتین هیچکەسمان نەبینی، ئا ئا لە زووەوە چاودێری خانووەکە کرا، من و سیانزە پیاوی دیکەیان دانا چاودێری هاتووچۆی پاسارییەکانیش بکەین، هەر من دەزانم ئەو چاوزیتانە چ مرۆڤێکن! پێدەچێت هەر بەکاری چاودێری بێن. بەڵام هیچ کەسێکمان نەبینی!…»
دەنگی گوللەیەک کەشی ناوپاسەکەی شێواند، من سەرم لەسەر تیزماڵی ئێسکی رانەکانم دانا و چاوەکانم بە ئێسکی سەر ئەژنۆکانم داپۆشین، مریشکەکە کەوتەوە باڵەفڕکێی سەرشێتانە و خۆکێشان بە شوشەی پەنجەرەکان، پاسەکە بەلاشیپانی رێگاکەوە گیرسایەوە و لەنێو تۆزو دوکەڵ و قیژەی سەرنشینەکانی وەستا… تا ئەو کات هەر وا سەرم لەکۆشنابوو، سەرنشینەکانی دیکە وێدەچوو هەر کەلێنێک بۆ خۆهەڵدانە دەرەوەی پاسە بە دەرگا بزانن وەک مریشکەکە دەنگی خۆکێشانیان بە پەنجەرەکانی پاسەکە دەهات و لێبڕاوانە دەیانقیژاند « ئەها خوێن.. خوێن..»    وام دەزانی گوللەکە بەر من کەوتووە و هەموو ئەو دەنگانەی تا ئەوسا دەمبیستن دەنگی دونیای ئەودیون.. هەستمکرد بەرەو دەرەوە بەکێش دەکرێم، ئەم هەستەیشم ئۆخژنێکی دەدایەوە دڵم کە ئەم دەنگانەی دەیانبیستم دەنگی دونیای ئەودیو نین و هێشتا «زیندووم!».
 هانکەهانکی راکردنی پیاوێک دەبیستم، بەردەوامیش لەگەڵ رەزمی دڵەکوتە و هەناسەبڕکێکانی کە لە پێچیدەیی کۆڵانێکەوە راستەڕێی سەر شەقامەکە دەبێت؛ هەڵدەبەزمەوە. هێشتا سەرم پڕە لە هەمان ئەو بۆنەی لەناو پاسەکە توشی سەرەگێژەی کردبووم…. لەخۆم دێمە دەرەوە و لەوبەر ئەو شەقامەی پیاوە کورتەبنەکەی لێوە رادەکات دەوەستم و ئەم دیمەنە دێنمە بەرچاوم و وێنای خۆم بەسەرپشتی پیاوە کورتەبنەکەوە دەکەم… بەوەدا توانای جوڵەی قۆڵ و باسکی راستم نییە وا شیمانە دەکەم رۆچوبێتە پشتملی چاکەتەکەیەوە و لەسەر پشتیەوە هەڵدەبەزمەوە…. شەرم لە خۆم دەکەم! بەڵام تازە درەنگە بۆ هەستی شکۆمەندی کە ئەم شەرم و حاڵەی ئێستا تێیدام هەپروونی کردووە.
***
نازانم چەندساڵ بەسەر رووداوی کوشتنی ناو پاسەکە تێپەڕیوە، بەڵام لەو رۆژەوەی کەبەسەر پشتی ئەوەوە هاتمە ماڵەکەی لەنێو چەندان کەلوپەلی ئەنتیکی وەک؛ سەری بەوری ئەلاسکایی، حاجی فیلی ئیندۆنیسی، پارچەیەک زیوی پەیکەری دیکتاتۆرێکی کەوتوو،  لقی دارێکی پێچخواردووی سەمەرە، بەردێکی سووری نەخشین، ددانی ئاژەڵێك کە هەرجارە و سەربووردێکی هەیە.. دەژیم، هەموو ئەمانە لە رووگەی پەنجەرەیەکی واڵا دانراون کە زۆرترین دیمەنی شاری قەڵاـی لێوە دیارە و لە ژوورەوەش لە پاڵ ریزی درێژی ئەو کەنەفە و مێز و کورسییە دان کە ناوەناوە بەناوی “کۆبوونەوەی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکان” یان “کۆبوونەوەی تیمی نهێنی پاراستنی ئاسایشی حزب” یان “گرووپی رێکخەری بۆنەکان” ژوورەکە پڕ دەکەن لە دەنگە دەنگ و روون نییە باسی چیدەکەن، لە راستیدا لە بنەڕەتەوە وێناچێ باسێکیان هەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری.. لەهەموو ئەم کۆبوونەوانەشدا دەبیستم کە پیاوە کورتەبنەکە بەرپرسی یەکەمە.

ئەو رۆژەی گەییشتینەوە ماڵی پیاوە کورتەبنەکە یەکەم دەنگ بیستم دەنگی ژنێک بوو کە لە رەزمی دەنگییەوە دەمزانی ژنێکی منداڵکارە، سەرشێت و رامنەبووە. دەیویست بەزووی لە هەموو شتێک تێبگات، لێبڕاوانە؛ بەبێ ئەوەی چاوەڕێی وڵامی کابرا کورتەبنەکەی بێت پرسیاری دەکرد؛ «بەرنامەکەتان تۆمار کرد؟ باسی چیتکرد؟ باسی هاوسەرگیرییەکەشمانت کرد؟».. دەتریقایەوە و دەیگوت؛ «وای گەر دەزانن هاوسەر نین و بە پارە ماوەیەک لات دەمێنمەوە پێستمان دەکەن بە دەهۆڵی هاندانی خەڵکی لێمان!».
بۆ شەو تەلەفزیۆن داگیرسا، من دوای ئەوەی کەوتمە شاری قەڵا یەکەمجار بوو مرۆڤ ببینمەوە.. تەنیا دەمتوانی مرۆڤ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان ببینم، هەندێک مرۆڤێکی جیاواز و تۆکمە، قسەزان و بێهەڵە، کە دەڵێم قسەزان دەبێ ئەوەش بڵێم مەبەستم لە قسەزانی رەوانگوفتارییە، چونکە لەوەتی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە بەمرۆڤ شادبوومەتەوە گرینگ نییە چی دەڵێن، گرینگ ئەوەیە ئەوەی دەیڵێن رەوان و بێگرێ دەیگەیەننە پایان!
کوڕێکی باریک و بنێس، ئەگەرچی هەوڵی دەدا هێندەی دەتوانێ خۆی زیرەک نیشان بدات، بەڵام هێشتا نەیدەتوانی ساویلکەییەکەی بشارێتەوە؛ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی رەسمی حزب دەرکەوت. دوای ئەوەی تێمابوو بەکامە ناونیشان میوانەکەی بناسێنێ، لەوکاتەدا پیاوێكی  گرگنی گۆشتن، لەنێو چاکەت و پانتەڵۆنێکی شین و بۆیمباغێکی نارنجی دەرکەوت، هەر وەک ئەوەی لەناو پاسەکە لەرێگای ئەو بۆنەی لێی دەهات هێنابوومە بەرچاوم؛ بەهەمانشێوە پرچی بەجۆرێک بەلادا هێناوە وایکردووە کەمێک خوار بێتە بەرچاو. بەخەندەیەکی پان و بێهۆ جارێک دەیڕوانییە چاوەکانم و جارێکیش تیزە نیگایەکی بۆ کوڕەی پێشکەشکار دەکرد کە خەریکبوو دەیگوت ئێستا بینەری ژیانی ئاسایی و رۆژانەی بەڕێزیان دەبین…… پاشان دیمەنەکە گوێزرایەوە و لە دیمەنی دواتردا کابرای کورتەبنە لەنێو پاسەکە دانیشتبوو، لە تەنیشتییەوە چاوم لەخۆم گێڕا، بەڵام ئەوەی دیاربوو من نەبووم! کەسێکی تر بوو کە رووخساری بە جۆرێک بۆ پەنجەرەی پاسەکە وەرچەرخاندبوو ئەستەم بوو بیبینم.  ئەوسا لەزۆر شت تێگەیشتم: بۆم دەرکەوت دەنگی ئەو ئامێرەی هەرجارە و لە گۆشەیەکی پاسەکە دەهات چیبوو، زانیم بۆچی من جگە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن مرۆڤ لە هیچ کوێەکی تر نابینم، لێکدانەوەم وابوو کە تەلەفزیۆنیش هەموو مرۆڤێک نیشان نادات، ئەوەی دەردەکەوێ تارمایی مرۆڤیمانە نەک خودی ئێمە بە سیما و رووخسارمانەوە، ئەوەی منیش بۆچی مرۆڤەکان نابینم ئەوەیش دیارە هەر روونە. بەڵام ئەوەی هێشتا لام روون نەبوو کوشتنەکە بوو، چۆن روویدا؟ بۆچی رووداوی کوشتنەکەش پیشان نەدرا؟ هیچ وڵامێکم چنگ نەدەکەوت. لەکۆتایی بەرنامەکە کە من وای بۆ دەچم لە دەموساتی رووداوی کوشتنەکە دابێت وێنەی کابرا کورتەبنەکەیان  لەتافی لاوی و سەردەمی خەبات و بەرخوداندا نیشان دەدا و لە کۆتاییدا لەو پەڕی ویقار و سەرکەشیدا وێنەکەی بۆ چەند ساتێک وا مایەوە…
دوای قەیرێ، کوڕێکی دیکە هات، ئەمیش وێدەچوو تووشی هەمان دەردی کوڕە باریک و بنێسەکە بووبێت، بە دەنگێکی نێر و گڕدراو کە وێدەچوو بەزۆر ئاستی دەنگ و سۆزەکەی راگرتبێت؛ هەواڵی کوشتنی کارمەندێکی هێزی پاراستنی ئاساییشی نهێنی «بەدەستی رەشی نەیارانی ئەزموونە پێشەکەوتووەکەمان!» لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەناو یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیدا؛ راگەیاند. لەگەڵ بەردەوامی هەواڵپێدانەکەدا؛ ئاماژەی بە زۆربوونی ئەمجۆرە کوشتنە ناگەهانە دەکرد و ژمارەی کوژراوەکانی بە نزیککراوی بە بیست و سێ کەس کە لە نێویاندا چواریان ژنبوون؛ خەمڵاند.. هاوکات لەگەڵ ئەم زانیاریانەیدا دیمەنی بەخاکسپاردنی کوژراوەکە نیشان دەدرا، کابرا کورتەبنەکە لەنزیک گۆڕەکەیەوە قۆڵەکانی تێکهاڵاندبوون و جارجارە سەری هەڵدەبڕی و سەیرێکی ئەوانیتری دەکرد، لەوەی دەکرد بەهرەی چۆنیەتی خەمباری و تازیەباریان لێوە فێربێت.
ساڵێک لەمەوبەر، لەدەمی کۆبوونەوەی دەستەی “گرووپی رێکخەری بۆنەکان” کابرا کورتەبنەکە بە ئەندامەکانی دەگوت؛ «هەڤاڵان! ئەگەرچ هیچکات پێمخۆشنییە وێنای مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازانەی خۆم لەبەرچاوی هیچکام لەئێوە بشێوێنم، بەڵام هەندێکجار دێمە سەر ئەو بڕوایەی دەستخۆشی لەو دەستە رەشە بکەم کە کارمەندەکانی ئاساییشی لەمەڕ خۆمان دەکوژن، هاوڕێیان کوشتنی ئەوان سزایەکی خوداییە کە بەهۆی گوێنەدان بەپاراستنی نهێنییەوە دەیانگرێتەوە. هەر ئەم کارمەندەی بەم دواییانە شەهید بوو نموونەیەکی بەرچاوە کە بووە قوربانی دەمە شڕ و زمانە درێژەکەی خۆی!من زانیاری درووستم هەیە کە لەو رۆژەی لەناو پاسەکەدا کوژراوە باسی نۆبەتگیری و شەوانی چاودێرکردنی ماڵەکانی کردووە. ئەمە ئەڵێم وەک هۆشدارییەک بەڵکو  ئێوە لەبەرچاوی بگرن… سوپاس بۆ ئامادەبوونتان» بەر لەوەی بڵاوەی لێبکەن و بڕۆن منداڵێکی هەڕاش و بزۆ کە ئەگەر کەمێک بەچاوی گریمانەیی بیخەینە تەمەنەوە رێک دەچێتەوە سەر هەمان بیچمی باوکە کورتەبنەکەی و دەبێتە بەرپرسی کۆبوونەوەکانی سبەیرۆژێ؛ شتێکی تیژ و سوژنئاسای رۆبردە ئەو تاکە چاوەمەوە کە شەمشەمەکوێرەکان نەیانخواردبوو. لەو رۆژەوەی من بیناییم لەدەستداوە، بەڵام بەردوام هەمان ئەو شتانە روودەدەنەوە کە لەرۆژی رووداوی ناو پاسەکەوە روودەدەن، هەمان دەنگ دەبیستمەوە، تەنێ دەنگی ئەو ژنانە دەگۆڕێ کە کرێهاوسەری پیاوە کورتەبنەکەن و لەگەڵ دەنگ گۆڕانیشیان ژمارەیەکی دیکەی کوشتنی ژنان سەرباری ئەو ئامارانە دەبێت کە بێژەرە دەنگ گڕدارەکە دەیانخوێنێتەوە. وا هەستدەکەم ئێستا بزانم کە دەمەویست چی بڵێم کاتێک وتم “برادەر…”.

Ferhad.du@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply