Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

له‌ كتێبخانه‌ی تایبه‌تی بابا تاهیردا

Be First!
by July 30, 2010 ئەدەب

  
 
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

گا بۆ ئاوخواردنه‌وه‌ ملی درێژ ده‌كات
كه‌ڵه‌بابیش له‌ كاتی بانگدان
تووتی بێ چاووڕوو ده‌م ده‌كاته‌وه‌
له‌ نزیك
ڕه‌گ و
گۆپكه‌ و
خونچه‌
ده‌وه‌ستێ و پێی له‌ زه‌وی ده‌خشێنێ
نه‌خشی بۆ دروست نابێ
كرانه‌وه‌ی ده‌می خۆی
به‌ كرانه‌وه‌ی ده‌می
ڕه‌گ و
گۆپكه‌ و
خونچه‌
به‌راورد ده‌كات
پوولی پۆسته‌ له‌ بن باڵی ده‌ده‌ن
گوێڕایه‌ڵه‌ و دان له‌سه‌ر ده‌ستی نانی نانی ده‌خوات
بۆ كام لا هه‌ڵی ده‌ن
سه‌ر له‌ ڕێیه‌ و ڕووگه‌نمای داده‌خا
خه‌ڵات و به‌راتی درۆفرۆش
یان پیسی و پۆخڵی و بۆنی ورچی گه‌مه‌نه‌كه‌ر
ده‌مه‌ بۆڵه‌ی جادووبازان له‌ قاوغی كیسه‌ڵێكدا ده‌مێننه‌وه‌
نادیارییمان ده‌بینێ
مژده‌ و بینینێك
بۆ هه‌ڵهێنانی چاوی ئه‌فسانه‌ی گیای چوار وه‌رز
به‌خته‌وه‌ری و دروودی سه‌ر زه‌مین
ڕووداو و دیمه‌نی دڵته‌زێن و تاسێنه‌ر نین
بانگی باڵنده‌ی ئاویم كرد
بۆ وشكاییی كه‌ ڕه‌گی به‌هات و بیره‌وه‌ری ته‌ڕ و پاراوه‌
بانگی باڵنده‌ی وشكاییشم كرد
بۆ قه‌راغ گوڵاوی سه‌ر به‌ شه‌خته‌
شاڵێك بۆ شاژنی ژیان بچنن
دیار بوو كتێبێكیان خوێندبووه‌وه‌
به‌رژه‌وه‌ندیی دارێك نووسیبووی
باڵنده‌ ده‌ستی ڕه‌ش و سپی
درێژی مرۆڤ ده‌ناسێ
ڕووخۆشی سروشتیش
دڵنیایه‌ له‌و زه‌وییه‌ی كه‌ هێلكه‌ی له‌سه‌ر داده‌نێ
زه‌وی گه‌ف له‌ زه‌وی په‌روه‌ر ناكات
هه‌موو شتێك له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌ ده‌زانێت
ته‌نیا له‌ ده‌مه‌ده‌می مه‌رگدا
خۆ بینین به‌ ڕوخسارمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
ده‌زانێت پاش چه‌ند ڕۆژ كرم له‌ جه‌سته‌مان په‌یدا ده‌بێ
سه‌ره‌تاش كامه‌ به‌شی ده‌خوات
له‌ ناو دڵ و ده‌روونی زه‌میندا
ژیان به‌ دڵخۆشی دره‌ختی تازه‌ ئاودراو
ده‌مانلاوێنێته‌وه‌ و ده‌جریوێنێ
ئه‌و پیاوه‌ی
له‌سه‌ر سینگ خۆی داوه‌ به‌ زه‌ویدا
بۆنی هه‌ڵووژه‌ی ترش و مزر
چاوی تێرخه‌وی ده‌بریسكێنێته‌وه‌ و دڵی به‌هێز ده‌كات
دڵم پڕ بوو له‌ گریان
گریانی خۆم له‌ گۆرانییه‌كی میللیدا دۆزییه‌وه‌
شه‌پۆلی ده‌دا
ئای خه‌ڵووه‌تی دڵ
ته‌ماشای هه‌ر كوێیه‌كت ده‌كرد
سه‌رنجی ئه‌وێم ده‌دا و سه‌رنجم ده‌ڕسكا
دڵ ڕێنماییم ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئه‌و پێم ده‌ڵێت
ئه‌و ده‌نووسم
چه‌ته‌ی پێڵاو گه‌وره‌ له‌ خه‌ودان
ڕێگاوبان هێشتان
دڵیان باش لێ ده‌دا و تۆزاوی نه‌بوونه‌
ده‌رگای كێڵگه‌ی په‌رژینكراو
به‌ په‌نجه‌ی فریشته‌ و خوداوه‌ند مۆر كراوه‌
پووشی قه‌راغی ڕێگا خه‌واڵوون
ئه‌سپ به‌ ماتی به‌ ته‌كیاندا ده‌ڕوات
بیر ده‌كاته‌وه‌ و سێبه‌ری مافووری نه‌خش دێرینی شاره‌
نادیار نه‌بووه‌ و نادیار نییه‌
ته‌مه‌نی جوانووییی له‌ ناو دڕكی ده‌م تیژ و نزیك گورگ گوزه‌راندووه‌
سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێ و چاو هه‌ڵده‌بڕێ
ده‌موچاوی كاروانچی
وه‌ك لافیته‌ی هه‌واڵێكی ناخۆش ده‌بینێ
پووشیش خه‌واڵوویی به‌ری ده‌دا
گه‌رماییی ده‌می ئه‌سپ هێزی ده‌داتێ
هه‌موو ناخی به‌ پیتی زه‌وی دێته‌ كوڵ
به‌س نه‌بوو
حاجی له‌قله‌ق دوا شه‌هیدی هه‌ولێر بوو
به‌س نه‌بوو
قومری دوا شاعیری ترپه‌ و هه‌ست و تاسه‌ بوو
به‌س نه‌بوو
ئاو و خۆڵ و با خۆكوژی كه‌وته‌ نێوانیان
ئاگر دوا ناوبژیوانیان بوو
به‌س نه‌بوو
هێزی ئاگر كوژێنه‌وه‌ دزی په‌تاته‌ی به‌راز بوون
به‌س نه‌بوو
شه‌وی پێش هه‌ڵبزڕكاندنی كولێره‌كه‌م
زانیارییه‌كم ده‌رباره‌ی تاڵانی چاڵه‌ گه‌نمه‌كان خوێندبووه‌وه‌
پرچی له‌به‌ر باران خوساوم ڕێك خسته‌وه‌
ئه‌سپی ڕاویشم به‌ ملوانكه‌ی كیژی كافرۆش به‌ستایه‌وه‌
فڕوفێڵ له‌ نێوان كڕیار و فرۆشیار
ئاڵۆزیی بازاڕی پاش جه‌نگ
هیچ شتێك له‌ به‌رهه‌تاو ناتوێته‌وه‌
به‌فریش دۆخی ده‌گۆڕێ
دڵه‌ خورپێیه‌كی مات و ترسناك سه‌رتاپێی له‌رزاندووه‌
هه‌تاوی پێش ئاوابوونیش ئه‌و هه‌سته‌ی بۆی هه‌بوو
تووتی كه‌ حه‌زی له‌ خواردنی په‌پووله‌ی وشكبووه‌وه‌یه‌
چاوی له‌ هه‌نگاوه‌كانه‌ ئاخۆ ڕێگا ون ده‌كه‌ین یان نا
تێی ناڕوانین و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ین
خۆی ده‌خواته‌وه‌ و ده‌روونی قوڵپ ده‌دا
په‌ڕ له‌ كلكی ده‌رده‌كێشێ و هێلكه‌ی ده‌شكێنێت
ڕێگای خۆڵ باراناوی تێدا كۆده‌بێته‌وه‌
شه‌قامیش ترووسكه‌ی چاو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر
ژیان ڕووی خۆشكرد و بزه‌یه‌كی نواند
هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌ره‌تای ڕێگا فه‌ڕ و جوانییه‌
هه‌ندێكیش ده‌ڵێن كۆتایی
ڕێبواری سه‌ره‌تا و كۆتایی بووم
كۆتاییش وه‌ك سه‌ره‌تا
هه‌مان هه‌ستی بۆم هه‌بوو
سه‌رنجی دره‌خته‌ به‌رزبووه‌كانی ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستیشم داون
ئه‌ی گیانه‌وه‌ر و ڕووه‌ك
سه‌وڵ و هێزی ده‌ست
هێڵ و وێنه‌
باڵكۆن و سه‌كۆ
فه‌ڕ و جوانی ڕێگا هی كێیه‌ كێ
یاداشتی خۆی نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌
تیشكی ڕۆژیش به‌ده‌وری خۆیدا
ده‌سووڕێته‌وه‌ و نازانێت كۆتایییه‌كه‌ی كه‌یه‌
یان كوێنده‌ره‌
زه‌رده‌خه‌نه‌ پاشماوه‌ی تیشكی نیانه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی چاو و ده‌م بگرێ سۆزپژێنه‌
وه‌ختێكی زۆری ویست
تا دره‌ختی به‌ختم له‌ قۆپه‌نه‌ خۆڵی چاره‌نووس ڕواند
دڵ ناتوانێت فێڵ له‌ گیان بكات و شتی لێ بشارێته‌وه‌
دڵ و گیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ته‌رازوون به‌ ده‌ستی فریشته‌وه‌
باڵنده‌ پێ و باڵی
به‌ چیكڵدانه‌یه‌وه‌ گرت
ئێمه‌ له‌ برسییه‌تییه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتن
له‌ ناو دڵبه‌ردی و نامه‌ردی درۆفرۆش خنكاون
هه‌ڵفڕن بۆ سه‌ر دره‌ختی به‌ختم
به‌چكه‌كان دابه‌ش ببنه‌ ئاسمان
له‌ ئه‌ستێره‌ و
مانگ و
خۆر
نزیك ببنه‌وه‌
شێوازی گفتوگۆ ئاسانه‌
داكانه‌ و بابانه‌ش دره‌ختی به‌خت
ده‌پارێزن و چاودێریی كرانه‌وه‌ی قۆزاخه‌ی په‌مۆن
ئه‌ستێره‌ له‌ ناو گه‌ڵا و بۆنی خوداییدا
به‌ پڕشنگی بڵندمان ده‌كاته‌وه‌
بۆ نزیك
میوه‌ی سه‌رلك و
هه‌وری ئاواز نه‌رم و
خۆری پشوو خۆش
ده‌نگی ئاسمان هه‌موو به‌خته‌وه‌ریه‌كانی بۆ زه‌وی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌
خوداوه‌ند ئاماژه‌یه‌كی بۆ كردم
دره‌ختی به‌ختت حیكمه‌تی پێغه‌مبه‌ران
بۆ سمۆره‌ و باڵنده‌ ده‌خوازێت
ئاوات خواستن نیگای له‌ ناو شكۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌
چرای به‌هێزی چاو
ده‌مودووی نه‌رمی دیوان
هۆگربوونی باڵنده‌ی كۆچه‌ری
كرانه‌وه‌ی گوێچكه‌ماسی
به‌شه‌ هه‌تاوی نه‌شونمای بۆ ده‌هێنن
به‌دوای ئه‌و به‌شه‌ هه‌تاوه‌ چووم
وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای ته‌رم و تابووتی دوا كه‌سمه‌وه‌ بم
مانگ له‌ ناو ده‌ستمدا خۆی خزانده‌ ته‌نكایی ئاو
له‌ دڵم ده‌چوو
دڵم له‌ ناو سینگم بێت
یان له‌سه‌ر زه‌وی وه‌ك یه‌ك وایه‌ و یه‌ك كێشیشی هه‌یه‌
ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی زه‌وی
كه‌ خۆر تێیدا هێز ده‌داته‌
ڕه‌ز و
باڵ و
گوانی ئاژه‌ڵ
براده‌رانم بابا تاهیر و هوما
له‌ ئاسمان مه‌یه‌نه‌ خواره‌وه‌
چاوی كوشتن و بڕین هێشتان نه‌نوستووه‌
دڵتان نه‌یه‌ته‌ سه‌رلێوانتان
زه‌وی ده‌موچاوی گه‌ش و گه‌رمه‌ و ئه‌سپ به‌و ناوه‌دا تێده‌په‌ڕن
خۆریش به‌ ئاڵۆزی له‌ دایك نابێ و له‌ سواران نادا
باباتاهیر مووروویه‌ك له‌ نێوانماندا بزر بوو
مووروویه‌كیش له‌ مشتووی خه‌نجه‌ری هوما كه‌وت

كانوونی دووه‌می 2010 هه‌ولێر

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply