Skip to Content

Wednesday, June 23rd, 2021

نینۆک … نەوزاد بەندى

Be First!
by December 27, 2012 چیرۆک

 

 

 

 

سەیرت بکردایە ، پاشان ئەگەڕایتەوە بۆ ئەوەى جارێکى تریش سەیرى بکەیت ، هێشتا نەدەگەیشتیتە ئەوەى بڕیار بدەى بە تەواوەتى بینیوتە یاخود قەناعەتێکى وات بۆ دروست نەئەبوو کە ئیتر هەولى بینینەوەى نەدەیتەوە ..وەک ئەوەى هەنگوینى کێویى بڕیبێ و ژمارەیەکى زۆر هەنگ پێوەیان دابێ ، لە زۆر جێگاوە ڕوخسارى ئاوسابوو ، شین و مۆریان ئەنواند .. برۆکانى سوور و ئەستوور و تێکەڵاو ، ناچاریان کردبوو شانەیەکى تایبەت بە برۆ داهێنان بکڕێ ..سمێڵى شاش و درێژ ، ئاودیوى ناو دەمى ببون ، لچى زۆر ئەستور بوو .. ناوى عەبدولقودوس بوو ..قەمسەڵەى نیللى و پانتۆڵى کاوبۆى شینى ئەپۆشى ، ئەیوت : بەو جۆرە لە جاک نۆریس ئەچم .. ئەگەر بتوتایە : جاک نۆریس کێیە ؟ ..ئەیوت : پاڵەوانى فیلمى گورگەکانى ماکوید ..ئەگەر بتوتایە : گورگەکانى ماکوید کامەیە ؟ ئەیوت : ئەو فیلمەیە کە پیاوەکە ، لە ناو قوڕٍەکەدا کچەکە ئەگەوزێنیت ..بتوتایە : کام پیاو ؟ ..پێى ئەوتیت : جاک نۆریس …

عەبدولقودوس بەردەوام شتێکى ڕەق لە گیرفانیدایە .. زۆر جار بەهۆى ئەو شتە ڕەقەوە نەیانهێشتوە بچێتە سینەما و شانۆ و ڤیستڤاڵەکانەوە ، چونکە ئەو شتە ڕەقەیان بە شتێکى ڕێپێنەدراو حیساب کردووە ..قوتویەکى بچوکى دەرمان بو ، حەبى ئەندراڵ ..بەڵام ئەوەندە کۆن بوو ، لە ناوى ئەندراڵەکە ، تەنها (راڵ)کەى مابۆوە ، لە پرۆبانۆلۆڵەکەى خوارەوەیش تەنها ( لۆلۆَڵ )ەکەى مابۆوە .. قوتویەکى باغەى بچوکى پەمەیى بوو ، بە سەرقاپێکى دیش، زۆر بە مەحکەمى دادەخرا ..ئەگەر پێت بوتایە ئەم قوتوەت بۆچیە ؟ .. ئەیوت : تایتى تیایە ..بتوتایە : تایتت بۆچیە ؟ .. ئەیوت : بۆ دەست شتن .. بتوتایە : دەست شتنى چى ؟ ..ئەیوت : مەسەلەن لە بازاڕ تەنگاو بویت و خۆت کرد بە ئاودەستخانەى مزگەوتێکدا ، پاشان هاتیتە درەوە ، تەماشا ئەکەى سابون لاى دەستشۆرەکە دانەنراوە ، ئیتر بێخەم قوتوى خۆت ئەکەیتەوە و بە تۆزێک تایت جیڕەى لێهەڵئەستێنى ..یاخود لە پڕێکا حەز لە لەفەیەک جگەرى مریشک یان شاورمەى گوێرەکە ئەکەیت ، ئاگات لە خۆت نییە ڕۆناوى لەفەکە بە لێوارى پەنجە توتەتا ڕێى کردووە و بەرەو مەچەکت دێت ، کە ئەچیتە بەر دەستشۆرەکە پارچە سابونێکى پیسى لیق دانراوە چل و چوار موى پێوەیە ، لەو کاتەدا دەست ئەبەى بۆ قوتوەکەت و بە تۆزێک تایت جیڕەى لێهەڵئەستێنى …بتوتایە : جیڕە لە چى هەڵئەستێنى ؟ ..ئەیوت : جیڕە هەڵساندن لە پەنجەکانت ، ئەوە ئەگەیەنێ کە پەنجەکانت بە تەواوەتى پاک بوونەتەوە ..

جارێکیان ئەچێتە گوندێک ، ئاوى بیرەکانیان ناسازە ، هەرچەند دەستت بشۆیت ، سوودى نیە و جیڕەى لێهەڵناسێ ، وەکو ئەوەى نەوت بە دەستتدا ڕژابێ ، نازانیت چۆن پاکى بکەیتەوە ، عەبدولقودوس کەللەیى ئەبێ ، بە کوێخاى گوندەکە ئەڵێ : ئێوە بەشەرن ؟؟ ..ئەویش ئەڵێ : مامۆستا بۆچى بەشەر نین ؟؟ ..ئەڵێ : ئەگەر بەشەر بوونایە ئاوەکەتان وەکو قیر و زفت بە دەستەوە نەدەنوسا ..کوێخا ئەڵێ : خوا ئەوەى داوە ، چى بکەین ..ئەڵێ : با بگەڕێمەوە بۆ شار ، گەورەترین ڕیپۆرتاژتان لەسەر ئەنوسم ..لە هەرچى ڕۆژنامەی حکومیە چاپى ئەکەم ..ئەنوسم : میللەتێک نەتوانێ دەستى خۆى پاک بکاتەوە .. ئاوێک وەکو پرتەقاڵى رزیو بە پەنجەکانەوە بنوسێ ـ بزانن تەقینەوە و شۆڕش دێتە ئاراوە ..حوکمەتێک نەتوانێ بیکاربۆنات لە ئاوى بەلوعە لێبکاتەوە بە کارى چى دێ ؟ ..

عەبدولقودوس ئەیووت : کوێخاى گوند کەوت بەسەر دەست و قاچما ، مامۆستا گیان گەڕمان مەئاڵێنە گەڕى حوکومەت .. کاکە ، ئێمە بەو ئاوە ڕازین .. چەند ساڵە لەگەڵیدا ڕاهاتوین..وەکو کرێم وایە ، دەست و قاچمان نەرم ئەکاتەوە .. هەزار دەرد ئەپەڕێنێ .. بڕوانە سەرتاسەرى گوند ، کەچەڵێک ، گەڕێک نابینى .. ئەوە هەموى حیکمەتى ئاوەکەمانە .. لەبەر ئەوە پێڵاوت بان چاومان ئەو وتارەمان لەسەر مەنوسە !! ..

عەبدولقودوس بە پێکەنینێکى گاڵتە ئامێزەوە واى باس ئەکرد : وتم ، کوێخا تۆ هیچ دەربارەى فەسلەجەى ئەندامەکانى لەش نازانیت .. من لە زانکۆى بەغدا خوێندومە .. ئەو ئاوە ناسازە بەرد لە گورچیلەکانتانا دروست ئەکا .. وەکو زەهرى هەل هەل ئەچێتە ناو توخم و مۆختانەوە ..من بۆ خوا لەسەرتان ئەنوسم ، ئەگینا خۆ لەو کاتەیشدا کە دەست ئەدەمە قەڵەم ، ئەبێ خۆم ئامادە بکەم بۆ تێهەڵدان لەلایەن حوکمەتەوە ..بەڵام قەیناکا ، نانوسم ..بڕۆن بۆ خۆتان لێتان موبارەک بێ ئاوى چەور …من بڕوانامەى بەغدادم هەیە .. من شانزە ساڵ خوێندنى خۆم بۆ ئێوە ئەکەم بە دوو دێڕ ..من ملى خۆم لە چەقۆ ئەسوم ..ئەگینا من خۆم لە شار دائەنیشم ..هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئاودا نیە ..

ئیتر کوێخا نەیئەزانى چى بکات ، بۆ عەبدولقودوسى ئەڕوانى وەک ئەوەى تەماشاى دیوارێکى بەرز بکات ، کە جۆرەها دروشمى دژ بە حوکمەتى لەسەر نوسراوە ..دیوارێک کە جێگاى فیشەکى جۆراوجۆرى پێوە دیارە لە فیشەکى میکارۆفەوە هەتاکو بى کەى سى و کڵاشینکۆف ..دیوارێک کە جۆرەها وێنەى شەهید و پاڵێوراوانى پەرلەمان و ئەنجومەنى شارەوانى پیا هەڵواسراوە ..کوێخا نەیئەزانى چى بکات ..ئەیوت : بەرد لە گورچیلەتا دروست بێ باشترە لەوەى ڕیزەکان تێک بچن ..بە تایبەتى ئیستا ئامێرێک پەیدا بووە هەر بەتیشک بەردى ناو گورچیلە ئەشکێنێ ..

عەبدولقودوس ئەم عەسرە دیسان بە هۆى قوتوەکەى گیرفانیەوە لە پرسگەى شانۆیەک راگیرا ، پێیان وت : ئەمە چیە ؟ وتى : تایتە .. وتیان : کێ ناڵێ موخەدەرات نەبێ ؟ خۆ هێرۆیین هەروا هاڕاوەیەکى سپیە .. وتى : تۆ ناوت چیە بابە !؟ ..فەرمانبەرى پرسگە سورفلێکى چەناگە درێژ بوو ، زیاتر لە پیانۆ ژەن ئەچوو ، وتى : ناوم ئەیادە …ئەم یادگاریەکى تاڵى بیر کەوتەوە ، بە بێ ئەوەى ئاگاى لە خۆى بێ ، بە قینەوە وتى : ئاى ! ئەیادى سەگباب !! ..سورفلەکە لەترێکى دا و هەنگاوێک لێى هاتە پێشەوە : ئەوە چیت وت ؟؟تۆ تەواوی ؟؟ ..وتى : مەبەستم لە تۆ نەبوو .. ئەو ئەیادەى تر سەگبابێکى موسڵاوى بوو ، حەزى لە کەنیشکێکى کورد بوو ، کاتێک لە زانکۆى بەغداد قوتابى بووم ..

ئەیادى موسڵاوى ، کوڕێکى باڵا بەرز ، چاو سەوز ، مو زەرد ..لوتێکى ڕێکى هەبوو ..بە بنەچە خەڵکى سامەڕا بوو ، بەڵام بە هۆى ئەوەى باوکى ئەفسەرێکى باڵاى سوپا بوو ، لە موسڵ نیشتەجێ بوون .. جا ئەوانەى کە مێژووى عێراق شارەزان ئەڵێن یەکێک لە کوڕەکانى هارونەڕەشید حەز لە کچێکى تورک ئەکات ، لە پێناوى ئەودا شارى سامەڕا دروست ئەکات ، ئێستایش خەڵکى سامەڕا زۆربەیان چاوکاڵ و موزەردن کە ئەچنەوە سەر بنەچە تورکیەکە ..

لە بەرامبەردا کچێکى کوردى خەڵکى سلێمانى کە لەو سەردەمەدا لە زانکۆى بەغداد خوێندکار بو ، ئەکەوێتە داوى ئەیادەوە .. کچە ناوى شیلان ئەبێ ..ئەویش چاوکاڵ و قژکاڵ و باڵا بەرز ..لە خێزانێکى دەوڵەمەندى سلێمانیەوە هاتبوو ..

ئیتر ئەیاد و شیلان ، ئەبنە جێگاى مقۆ – مقۆ لە ناو کوردەکاندا بە تایبەتى لە بەشە ناوخۆییەکاندا ..عەبدولقودوسیش کە لەو کاتەدا لە بەغداد خوێندکارە ، بە بیستنى ئەو جووتە عاشقە ، بە تەواوەتى لاسەنگ ئەبێ ..ئەمێکى کورد ، با باڵایشى نەبێ .. با هەموو ڕوخساریشى یەکپارجە زیپکەى گەورە و بچوکى سوور و مۆر بێ ..با ورگیشى وەکو دەهۆڵ هەڵئاوسابێ ، بەڵام کوردە .. کورد .. چۆن ئەبێ شیلان پشت لەم بکات و بچیتە لاى ئەیادێکى عەرەبى بەعسى باوک ئەفسەر ؟؟ئەمە بە چ پێوەرێک ؟ بە چ ویژدانێک ؟؟

وتیان : تۆ هەقت نەبێ ، ئەوان یەکتریان هەڵبژاردووە ، و هیچ پەیوەندیەکى بە کورد و عەرەبەوە نیە .. وتى : نەخێر ..مەعقول نیە عەرەبێک هەڵتۆقێت و جوانترین کچمان بفڕێنێ .. وتیان : چەندەها کچى عەرەبیش لەگەڵ کوردان و شویان بە کورد کردووە ، ئەو پەیوەندیە لە هەموو شتێک گەورەترە .. وتى : هەرچى کچى عەرەبە یەک نینۆکى شیلان ناهێنن ..

عەبدولقودوس کەوتە چاودێرى ئەیاد و شیلان ،، هەنگاو بە هەنگاو دوایان دەکەوت .. مۆڕەى لێدەکردن ..زۆرجار پەنجەیشى لە ڕوودا ڕادەوەشاندن ..ئەوان هیچ حیسابێکیان بۆ نەدەکرد ..

(کاکە گیان ! هەرچەندە جنێویشت پێداین .. قەیناکا ! فەرموو .. بڕۆ ژوورەوە ..) قسەى فەرمانبەرى پرسگە لە قوڵایى یادگاریەکان دەریهێنایەوە ..

ئەو ڕۆژە تاکو ئێوارە و .. پاشان هەتاکو کاتى نینۆککردن کە دەکاتە کاتژمێر نۆى شەوانى چوار شەممە ، هەر ڕوخسارى ئەیاد و شیلانى لەبەرچاو بوو .. پاشان ڕوخسارى ئەمنى کۆلێژى زانیارى زانکۆى بەغداد ..هەڕەشەکانى ..ئەو دوو شەوەى کە زیندان کرا .. کە بەڵیننامەى پێ پڕ کرایەوە کە جارێکى تر توخنى ئەو دووانە نەکەوێ …

( ئەیهاوار ! دیسان نۆ دانەیە .. ئەبێ ئەو دانەیە چى لێ هاتبێ ؟؟)

بەردەوام ئەو کێشەیەى هەبوو ، لە کاتى نینۆککردندا ، یەکە یەکە نینۆکە لێکراوەکانى ئەخستە ناو دەفرێکى بچووکەوە ، پاشان ئەیژمااردن ، نەبادا دانەیەکیان پەڕیبن و .. پاشان تێکەڵاوى خواردن و خواردنەوە ببن ..بیرۆکەى ئەوەى کە پاروویەک بۆ دەمى ببات ، لە کاتى جویندا هەست بە شتێکى ڕەق و تیژ بکات ، کە دەستى بۆ ببات ، نینۆکێکى ڕەشى ناشیرین بێ !! ئەم هەستە زۆر جار توشى ڕشانەوەى ئەکرد ..هەر بۆیە زۆر بە دیقەت نینۆکە قرتێنراوەکانى ئەژمارد ، ئەیخستنە ناو پارچە نایلۆنیک و توند ئەیبەست ، ئینجا فڕێى ئەدایە تەنەکەى خۆڵى دەرەوە ..بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو زۆرجار جەردى نینۆکەکان تەواو نەبوو ، دانەیەک یان دووانیان دیار نەدەمان ..

(وەرە .. وەرە .. هەى ساختەچى ! ) عەبدولقودوس بە پێکەنینێکى تێکەڵ بە هەستکردن بە شانازیەوە نینۆکە ونەکەى دۆزیەوە ، بە قۆپچەى دووەمى بیجامەکەوە خۆى هەڵواسیبو ( وەرە نەحلەتى ! )..

 

 

nawzadbandy@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply