هه‌ڵوێستی یه‌کێتی چاکسازی دروست ده‌کات
ئێستا، یه‌کێتی شیکردنه‌وه‌یه‌کی واقیعانه‌ی بۆ بارودۆخی گۆڕاوی کوردستان نییه. له‌سه‌ر هه‌مان به‌رنامه‌ی ده‌ساڵی پێش ده‌ڕوات. پێویسته که یه‌کێتی واقیعی خۆی ببینێت. گه‌ر چاره‌سه‌ری باری سیاسی و ئیداری کوردستان نه‌کرێت دوور نییه که رووداوه‌کان زیاتر ته‌شه‌نه بکه‌ن و له ژێر کۆنترۆڵ درهبچێت!. هه‌ڵوێستی یه‌کێتی بڕیاده‌ر ده‌بێت له ئارامکردن و هێمنکردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌که و گۆڕینی بۆ ئاسۆیه‌کی تر!.
یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی گه‌وره لێپرسراوی له ئه‌ستۆدایه که موباده‌ره‌ی گۆڕینی وه‌زعه‌که بکات و ده‌بێت هه‌ڵوێستی سیاسی وه‌ربگرێت، چاکسازی سیاسی بکات تا زه‌مینه خۆشبکات بۆ چاکسازی ئیداری و حکومی و سیاسی، ته‌نها به‌وه ناکرێت وه‌زیرێکیان بڵێت داواکاری و پێشنیاری چاکسازی بنێرن با بیکه‌ین!!!، ناتوانن چاکسازی بکه‌ن چونکه هه‌یکه‌لی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که به‌شێوه‌یه‌که که میکانیزمی کارکردنی رێگا به چاکسازی نادات و هه‌موو هه‌وڵێک فه‌شل ده‌کات، حکومه‌ت سیاده و سه‌ربه‌خۆییی نییه، حکومه‌تێکی لاوازه و بێ ئیراده و بێ سه‌لاحییه‌ته و ده‌بێت بۆ بڕیاردان چاوه‌ڕیی حیزب و سه‌رۆکی هه‌رێم بکات. جا تا چاکسازی له‌سه‌ره‌وه و له لوتکه‌ی هه‌یکه‌لی حکومڕانی نه‌کرێت ئه‌وا له خواره‌وه چاکسازی ناکرێت و بێ هوده‌یه و ده‌توانیین بڵین مه‌حاله یا موعجیزه ده‌بێت.
رێکه‌وتنه ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی کۆن بووه، ئه‌و رێکه‌وتنه له ئاکامی رۆژگارێک بوو که جیاوازه له‌گه‌ڵ رۆژگاری ئه‌مڕۆ و پێوسیت به پیاچوونه‌وه ده‌کات، وه‌هه‌روها گه‌رچی ئه‌و رێکه‌وتنه له‌و زروفه‌دا پێویست بوو، وه‌لی له هه‌مان کاتدا زیانێکی گه‌وره‌ی له یه‌کێتی دا، که له جه‌ماوه‌ری دوورخسته‌وه و بووه هۆی لاوازبوونی یه‌کێتی، به‌جۆرێک ناچاربووه و که‌وتووه‌ته خانه‌یه‌ک که به‌رگری له شتێک ده‌کات که خۆشی باوه‌ڕی پێ نییه. داوای چاکسازی ده‌کات که ناتوانێت چاکسازی بکات، ئه‌مه‌ش واقیع نه‌بینینه.
بۆ چاکسازی بنه‌ڕه‌تی و هه‌میشه‌یی یه‌کێتی پێویستی به ستراتیژێکی تره که میلله‌ت کۆبکاته‌وه و ته‌عبیر له ئیراده‌ی میلله‌ت بکات و میلله‌ت بکات به خاوه‌نی ئیداره و حکومڕانییه‌کی مۆدێرن که شایسته‌ی میلله‌تێک بێت. حکومه‌تێک که خاوه‌نی سیاده و ده‌سه‌ڵات بێت. بۆیه کشانه‌وه‌ی یه‌کێتی له رێکه‌وتنی دوو قۆڵی نێوان پارتی و یه‌کێتی بڕیاده‌ر ده‌بێت بۆ زه‌مینه خۆشکردن بۆ وه‌رچه‌رخاندنی وه‌زعه‌که و گۆڕین و هێمکردنهوهی. ئه‌مجا موبادره‌ی دروستکردنی حکومه‌تێکی ئیئتیلافی نشتیمانی تا هه‌ڵبژادنی داهاتوو دێت که پێکهاتبێ له هه‌موو هێزه‌کانی کوردستان و ئامانجه سه‌ره‌کیانی دیاری بکرێت که بریتی بن له جیاکردنه‌وه‌ی حکومه‌ت له حیزب، شه‌فافیه‌تی دارایی و سامانی حکومه‌ت و ده‌رهێنانی له‌ژێر ده‌ست حیزبه‌کان، هێزه‌کانی سوپایی و ئاسایش و ئه‌منی بخرێته ژێر ده‌ستی حکومه‌ت، رێخستنی مه‌یدانی مێدیا و راگه‌یاندن، دامه‌زراندی ده‌وڵه‌تی یاسا ، به‌هێزکردنی په‌رله‌مان و حکومه‌ت، جیاکردنه‌وه‌ی سوڵته‌ی دادگا و سه‌ربه‌خۆیی خۆی له سوڵته‌ی حکومه‌ت، پیاچوونه‌وه‌ی ده‌ستور هه‌رێم و چاکردن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی به خستنه به‌رده‌ستی میلله‌ت ( رێکخراو و زانکۆکان) بۆ لێدوان راوه‌رگرتن، به جۆڕیک که میلله‌ت هه‌ست بکات که ئه‌و ده‌ستوره ده‌ستوری خۆیه‌تی و ئایندهی خۆیه‌تی. گه‌ر ئه‌م چاکسازیانه له سه‌ره‌وه کران ئه‌مجا چاکسازی له خواره‌وه ئاسان ده‌بێت. ئه‌مجا ئه‌رکی حیزبه‌کانی په‌رله‌مان و حکومه‌ت ئه‌وه‌یه بۆ هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌ک که ده‌بینرێت و ده‌رده‌که‌وێت یاسایه‌کی بۆ ده‌ربکه‌ن، بۆیه ده‌بێت له‌سه‌ره‌وه میکانیزمێک هه‌بێت که ڕیگا بدا به چاکسازی و چه‌سپاندنی یاساکان و دادگای سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت و حیزب وحکومه‌ت کاری تێنه‌که‌ن ، که ئه‌مڕۆ ئه‌و بارودۆخه نییه!!!.). میلله‌تی کورد به هه‌زاران یاسای نوقسانه به‌ڵام ده‌چن یاسای خۆپیشاندان و رۆژنامه‌گه‌ری ده‌رده‌که‌ن ( که ئه‌مه‌ش بۆ مه‌به‌ستی زیادکردنی ده‌سه‌ڵاتی سوڵته‌ی خۆیانه تا ده‌ست به‌سه‌ر میلله‌تدا بگرن). میلله‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌ی عه‌داله‌ت بنیادهکرێت. میلله‌تێک که هاواریکرد مانای عه‌داله‌تی تێدا نیه و حکومه‌تی ناعه‌داله‌تیش هیج کاتێک به‌رده‌وام نه‌بووه.
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌کانی ئه‌م دواییه مه‌ترسی نییه بۆ ئه‌زمونی کوردستان، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه هوشیاریدانه به سوڵته‌ی کوردستان که ئه‌زمونه‌که به لاڕێدا نه‌به‌ن و ئه‌زمونه‌که له‌بار نه‌به‌ن. خۆپیشاندانه‌کان ده‌ریده‌خات که میلله‌ت خاوه‌ن و زامنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌زموونه‌که‌یه له کوردستان، کاتێک میلله‌ت ڕاپه‌ڕینی کرد و مه‌عه‌سکه‌ر و ده‌بابه‌یان گرت چاوه‌ڕێی شت و رۆژگارێکی تری ده‌کرد به‌ڵام نا‌ئومێد بوون. ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی حکومه‌ت و دوو حیزبی سه‌ر ده‌سه‌ڵات که خۆیان له پشته‌وه ده‌شارنه‌وه بۆ ترساندنی خه‌ڵکه، گوایه به ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه ئه‌زمونی کوردستان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی نادروست و ناواقیعیه.
خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه هه‌ر ئه‌و گه‌نج و لاوان و رۆشنبیرانه‌ی سه‌رده‌می راپه‌رینی شاره‌کانن که راپه‌ڕینیان دژی سه‌ددام کرد. که سلێمانی رزگارکرا کاک مه‌سعود بارزانی هات بۆ سلێمانی، له تاکسیهکدا بوو( به‌ڵی له تاکسیهکدا) که هه‌موو گه‌نج و لاو له‌سه‌ر جاده دوای سه‌یاره‌که‌ی که‌تبوو و ده‌ستیان درێژده‌کرد ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن( ده‌ربڕینی شادی و خۆشحاڵی بوو که‌سه‌رکرده‌کانیان هاتوونه‌ته‌وه ناوشار)، هه‌ر ئه‌و کاک مه‌سعود بارزانیه بوو که بۆ ههڵبژرزدنی خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تی هاته‌وه بۆ سلێمانی که ده‌نگی بۆ بده‌ن، به مێرسیدس و سه‌د سه‌یاره و سه‌یاره‌ی (فیشه‌ک نه‌بڕ) و موده‌ره‌عه‌ی کۆنی سه‌دام به دۆشکه‌وه و هه‌ر نه‌چووه سه‌رجاده‌ش. پرسیارێکی زۆر گه‌وره دێته پێشه‌وه باشه ئه‌و گه‌نجانه بۆچی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێدا هه‌ڵوێستیان گۆڕا. کاک مه‌سعود بارزانی ده‌بێت ئه‌و پرسیاره له خۆی بکات!!!!!. ئه‌و گه‌نجانه گێره‌شێوێن و ئاژاوه‌چی نین وه‌ک حیزب و حکومه‌ته‌که‌ی پڕوپاگه‌ندی بۆ ده‌که‌ن، مه‌سه‌له‌که زۆر قوڵه که ئه‌وان نایانه‌وێت لێێ تێبگه‌ن و هۆکانی بزانن.
پاشان، گۆڕینی حکومه‌ت و دروستکردنی حکومه‌تێکی تر یا حکومه‌تێکی ئیئتیلافی نابێت به ( رۆژی قیامه‌ت) و رووخاندنی سوڵته‌ی کوردستان و له‌ناوبردنی کورد‌و کوردستان. له دیموکراتیدا زۆرجار له زۆر وڵات رووده‌دا و ئاساییه. جا داواکردنی چاکردن و چاکسازی حکومڕانی کوردستان بۆ پته‌وکردنی ئه‌زمونی کوردستانه، که حکومه‌تێکی به‌هێزی هه‌بێت و جێگه‌ی متمانه و پاڵپشتی میلله‌ت بێت. مه‌به‌ست به‌هێزکردنی سوڵته‌ی حکومه‌تی کوردستانه و قورسایی زیاد ده‌کات و ده‌یخاته سه‌نگه‌رێکی به‌هێز کاتێک له‌گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکزی دابنیشن داوای مافی میلله‌ت بکا، ئه‌مه‌ش هێز بۆ حکومه‌ته‌که دروستده‌کات و ناچارده‌بن رێز له ئیراده‌ی بگرن.
ئه‌و پاساوه‌ش راست نییه که بێژن: بابه‌گیان ئێمه وڵات نین. نه‌خێر ئێمه ده‌بێت به ئیراده‌ی میلله‌ت و قورساییمان خۆمان بسه‌پێنین و ئه‌مری واقیع دروستبکه‌ین. ده‌بێت پیشانی بده‌ین ئێمه‌ش وه‌ک میلله‌تانی تر شایسته‌ی حکومه‌ت و وڵاتین و توانا‌مان هه‌یه حکومه‌تێکی مۆدێرن و وڵات دروست بکه‌ین و خۆمان به‌ڕێوه‌به‌رین، به‌وه‌ی که حکومه‌تێکی به‌هێز و رێزدار له‌به‌رچاوی میلله‌تان دروستبکه‌ین که نرخی بۆ دابنێن، که میلله‌ت له پشتیه‌وه بێت.
تا یه‌کێتی له‌گه‌ڵ پارتیدا بێت و تا له ژێر ده‌ستی پاریتدا بێت، یه‌کێتی ناتوانێت چاکسازی سیاسی و ئیداری بکات. بۆیه پێویست ده‌کات موباده‌ره بکات، ستراتیژێکی تر بگرێته به‌ر، ته‌شکیلاتی تر دروستبکات تا بتوانێت حکومه‌تێکی ئیتیلافی نشتیمانی به هه‌موو لایه‌ک دروست بکه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش بێگومان پێویست ده‌کات که قه‌ناعه‌ت به ئه‌مریکا بکات که کشانه‌وه‌یان له هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتی کار ناکاته سه‌ر دۆخی ئاسایشی وڵات و ستراتیژی کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ی چونکه ئه‌مڕۆکه ئێراق به کوردستانه‌وه له ژێرده‌ستی ئه‌مریکا دایه و ئه‌مریکا لێپرسراو ی ئاسایشی ئێراقه. وه هه‌روه‌ها پارتی دیموکراتیش به ئه‌مری واقیعی کوردستان رازی نه‌بێت و غرور بیگرێت له‌به‌ر مه‌ترسی ئه‌وه‌دایه که ببێت به حیزبێکی بچوک له ناوچه‌یه‌کی بچوک. ( وه‌هه‌روه‌ها ده‌توانرێت که به‌ره‌یه‌کی نشتیمانی له حیزبه‌کانی په‌رله‌مان دروستبکرێت جیا له حکومه‌ت که ته‌نها سهلاحهیهتی ستراتیژدانان بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئێراق و داخوازیه‌کانی میلله‌تی کورد.).
له‌م رۆژگار و قۆناغه‌دا هه‌ڵوێستی سیاسی یه‌کێتی بڕیارده‌ر و چاره‌نووسسازه له ئاراسته‌کردن و گۆڕینی رووداوه‌کان و ئایندهی میلله‌ت و هه‌روه‌ها بۆ خودی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی وه‌ک حیزب که بیه‌وێت وه‌ک حیزبێکی جه‌ماوه‌ری بمێنێته‌وه و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ووننهکات.
———————————————
* له کاتی ئه‌م نووسینه، خوێندمه‌وه که سه‌رانی یه‌کێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆبوونه‌ته‌وه، هیوادارم گهنگاوێکی نوێ بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی( بنه‌ڕه‌تی ) مه‌سه‌له سیاسی و ئیداریه‌کان و له هه‌نگاوی تازه‌دا دوژمنایه‌تی که‌س به دۆستایه‌تی که‌س نه‌کرێت.
* له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا هه‌ڵوێستی یه‌کێتی نشتیمانی زۆر سه‌یر و عه‌جیب بووه ، خۆی کردوه به مه‌حامی ده‌سه‌ڵاتی پارتی. بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات وه‌ک حیزب و هێزێک چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کانی میلله‌ت بدۆزێته‌وه.