Skip to Content

Sunday, June 20th, 2021

چیرۆكێكی واقیعی …. ئاری عوسمان خه‌یات

Be First!

 

 

 

(1)

چیرۆكنووسه‌كه‌ بیری ده‌كرده‌وه‌، چۆن چیرۆكێكی واقیعی بنووسێت، زۆر بیری ده‌كرده‌وه‌ زۆر… ده‌چوو سه‌رله‌به‌ر مێژووی (واقیعییه‌ت – ڕیالیزم)ی ده‌خوێنده‌وه‌، هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى (شامپفلۆری)یه‌وه‌، ده‌ستى پێ ده‌كردو به‌ (دۆرانتى و كۆربی)یدا شۆڕ ده‌بووه‌وه‌، تا ده‌گه‌شته‌ ڕیالیزمى ڕێنیسانس و ڕیالیزمى ڕۆشنگه‌ری و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌ واوه‌ تریش…

چیرۆكنووسه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ، جارێك چییه‌، ته‌نیا جارێك، چیرۆكێكی ڕیالی بنووسێ نه‌ك سوریالی، ده‌چوو: سه‌فه‌ری شوێنه‌ دووره‌كانی ده‌كرد، به‌ڵام چونكه‌ نه‌یده‌زانی ئۆتومبێل بئاژوێ، ده‌یان هه‌زار دیناری له‌ كرێ ته‌كسى ڕێوباناندا به‌خه‌رج ده‌دا، چیرۆكنووسه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكێك بنووسێ بۆنی ژیانی لێوه‌ بێ، ده‌چوو گه‌وره‌ترین مۆزه‌خانه‌كانی دونیای ته‌ماشا ده‌كرد. ده‌چووه‌ مزگه‌وتان، كڵێسه‌، ئاته‌شكه‌ده‌ و لالش و مه‌زارگه‌ى هیچ پیاوچاكانی دونیا نه‌ما نه‌یانبینێ و لێیان نه‌پاڕێته‌وه‌، بیری خۆی توند هه‌ڵده‌گوشی، عه‌ینه‌ن نازانم چی (لیمۆ)، خه‌یاڵی به‌ند ده‌كرد، ده‌یویست كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو چیرۆكه‌ واقیعییه‌كه‌ی ڕاسته‌قینه‌ بن، له‌وانه‌ بن، كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یانبینێ و ده‌یبینن. 

چیرۆكنووسه‌كه‌ هه‌میشه‌ بیری ده‌كرده‌وه‌، چۆن كه‌سایه‌تییه‌ك دابهێنێت بتوانێ وه‌ك ئێوه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشێ، ده‌یویست كه‌سایه‌تییه‌كانی بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاغه‌زیشه‌وه‌ بژین، خۆشه‌ویسته‌كانیان ماچ بكه‌ن. هه‌وڵی ده‌دا، كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌موو ڕاسته‌قینه‌ بن، بۆ ئه‌وه‌ی توانای دوعاكردنیان هه‌بێ، تا خوای گه‌وره‌ دڵی حكومه‌ت نه‌رم بكا، ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ (خریج)ه‌ ته‌عین بكا… حه‌زی ده‌كرد كه‌سایه‌تییه‌كان دوعایان گیرابێ، به‌شكو سا ئه‌مه‌ خوایه‌ (مالیكی) بێته‌ سه‌ر ڕێ! 

چیرۆكنووسه‌كه‌ حه‌زی ده‌كرد، كه‌سایه‌تییه‌كانی بتوانن، شه‌وانه‌ حه‌فت سه‌عات بچنه‌ سه‌ر فه‌یسبوك، سه‌یری به‌رنامه‌ قۆڕه‌كانى ته‌له‌فزیۆن بكه‌ن، جومعان بچنه‌ مزگه‌وت، ئێوارانیش بچن پیاسه‌یه‌كى ناو بازاڕو دوكانه‌كه‌ى لاى (فاروقی فه‌قێ باقی) بكه‌ن!!

چیرۆكنووسه‌كه‌، پێی خۆش بوو، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌ ده‌یانخاته‌ ناو چیرۆكه‌كانییه‌وه‌، واقیعی بن، وه‌ك ئێوه‌ بتوانن له‌ كۆڕێكی ئاوادا ئاماده‌ بن، وه‌ك ئێوه‌ (چوكلێت) بخۆن ، ئاوبخۆنه‌وه‌…، ئاو بڕێژن، ئاو…

 

(2)

ئیتر چیرۆكنووسه‌كه‌ بڕیاری دا چیرۆكه‌كه‌ى بنووسێ یان بگێڕێته‌وه‌.، كاتێ ده‌ستی پێ كرد، به‌خۆی گوت: باشه‌ بۆچی نه‌چم سینییه‌ك پاقلاوه‌شیان بۆ بێنم؟ خـۆ ئه‌مانه‌ هه‌موو كه‌سی خۆمن؟!… 

ئیدی چیرۆكنووسه‌كه‌ چوو سینییه‌ك پاقلاوه‌ بۆ ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه‌ی بێنێ… هه‌ر به‌ڕاستی و له‌ واقیعدا، چیرۆكنووسه‌كه‌ چوو سینییه‌ك پاقلاوه‌ بۆ كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو چیرۆكه‌كه‌ی خۆی بێنێ… به‌ڵام هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه‌… كه‌س نه‌یزانی ئاخۆ چیرۆكنووسه‌كه‌ سینییه‌ پاقلاوه‌كه‌ی كڕی یان نه‌.؟.. كه‌س نه‌یزانی، ئایا چیرۆكنووسه‌كه‌، بوونی له‌ واقیعدا هه‌بوو، یان هه‌ر خه‌یاڵێكی عه‌نتیكه‌ بوو و ته‌واو.

له‌ دواییدا، واقیع هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ ناواقعییه‌تی ناو چیرۆكه‌كان.

Previous
Next

Leave a Reply