Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ژیانێكى تر… بەقەرز

ژیانێكى تر… بەقەرز

Closed
by April 10, 2008 ئەدەب

  توانا ئەمین…..

 سەعات  2:44 دەقیقەى شەوە، لەبەر مۆمدا (برایانى كارامازۆف)م تەواوكرد، هەناسەیەك هەڵدەكێشم، فریاناكەوم بیدەمەوە بیرم دەكەوێتەوە دواى ئەمە سەرەى چییە؟ كام كتێب بخوێنمەوە؟ بەسەر لیستەكەى ناوزەینمدا دەچمەوە؛ جارىَ من لەخۆئامادەكردنى گفتوگۆیەكدام  لەگەڵ خانمى رۆماننوس (ئەحلام موستەغانمى)و لەپەیدا كردنى كتێبەكانیدام، چەند رۆژێكیشە لەكتێبخانە سەرەم بۆ (هێڵنج)ى سارتەر گرتووە، چاپێكى (كۆمار)ى ئەفلاتون م دەستكەوتووە زۆر لەبەر دڵمنییە، لەسۆراخى چاپێكى تردام. دەمێكە وەعدم لەگەڵ خۆم هەیە(دانپیانانەكان)ى رۆسۆ بخوێنمەوە، بەینێكیشە (هێرمان هیسە) ئەو عارفە خۆرئاواییە رۆژهەڵاتناسە خەیاڵمى داگیركردووە، پێم غەریبە ئەم پیاوە چۆن ئەو هەموو قوژبنو كەلەبەرەتاریكانەى رۆحى ئینسان پێدەزانىَ! دڵم بۆ شیعرێكى ناوازەى (سوهراب سپهرى)لێدەدات كە سىَ هەفتەیە لە ئینتەرنێت وەرمگرتوەو نەمخوێندۆتەوە، بیرى (كۆستانتینۆ گۆرگیۆ) ئەو قەشە ئینسان دۆستە هەنگارییە دەكەم، لەوەوە دەزانم كە ئەدەبیاتى ئەورپاى شەرقى چەند بەرز ئینسان دەناسێتو چۆن هەستى مەترسى لەسەر ئەم بونەوەرە لەكتێبەكانیاندا بەروونى لەبەرچاوە. لەكەیەوە تاسەى (گەران بەدواى زەمەنى ونبوو)ى مارسیل پرۆست دەكەمو لەبەر گەورەییەكەى جەسارەت ناكەم دەستى بدەمىَ، حەزدەكەم (لۆرانس) بخوێنمەوەو زێدەتر لەژن تێبگەم.
 ئەم ساتگەلەى ژیانى مرۆڤ هێندە سەختە بونیام نازانێت لە رێگومكەى ئەو كتێبخانە گەورانەدا چى هەڵبژێرێت! بیرلەخۆم دەكەمەوە.. لەخانوەكەم كەدەبىَ سەرى مانگ چۆڵى بكەم.. لە ئیشێك كە هێشتا نەمدۆزیوەتەوە.. لەئێوارە خوانێكى دەرەوە لەگەڵ هاوسەرەكەم.. ئاهـ من چەند قەرەباڵغو چەند تەنیام خودایە…!
 لەخۆمەوە موبایلەكەم بەدەستەوەگرتوەو دەمەوێت ئەم ساتەقەلەقیانە بۆبرادەرێ بنوسمەوە. لەوسەرەوە بەدێڕێكى كورتى خەواڵو وەڵامم دەداتەوە، كەئەوەندى هەڵە تێدایەو هێندەى پیت پەڕاندووە، بەزەحمەت بۆم دەخوێنرێتەوە نوسیویەتى:"ژیانێكى تر قەرزبكە !".
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.