گێڕانه‌وه‌و ته‌ئویلی زمان له ڕۆمانی …
گێڕانه‌وه‌و ته‌ئویلی زمان له ڕۆمانی پێَدهشتی كارمامزه كوژراوه‌كان
ئاماده‌بوونی هه‌مین له گێڕانه‌وه‌ی بایزدا
ئایا گێڕانه‌وه توانای هه‌یه بازنه‌یه‌ك بۆ زه‌مه‌ن بدۆزێته‌وه؟ یان گێڕانه‌وه ڕزگار بوونه له‌و بازنه وه‌همیه؟ ئه‌و پرسیاره چه‌نده به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێ بۆ وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه، هێنده‌ش ئه‌وه‌ی به شاراوه‌یی لا ماوه‌ته‌وه كه ئایا گێڕانه‌وه ده‌توانێ وێنای زه‌مه‌نێكی نوێ بكات، زه‌مه‌نێك له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه توانای خوڵقاندنهوهو به سیستم كردنی زه‌مه‌نی ڕووداوی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ش گێڕانه‌وه هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو، زمان له‌نێو زه‌مه‌نی نۆستالۆژی زه‌مه‌نێكی ئه‌فڕێنه‌ر بخوڵقێنێت كه ڕووداو بگۆڕێت به شوناسی ده‌ق.
ئه‌و زه‌مه‌نه‌ش خاوه‌نی شوناسی تایبه‌ته كه زه‌مه‌نی ده‌ق توانای به‌دواندنی شته لهیادچووهكانی ده‌بێته‌وه، ئه‌وانه‌ی به‌ته‌نیا ئاسه‌واریان له یاده‌وه‌ری ئێمه ماوه له‌و ڕێگه‌یه‌وه جارێكی‌تر ده‌یانهێنینه‌وه ناو ژیان، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی كه له ڕابردوو ژیان، به‌ڵكو له ئه‌مڕۆدا ده‌یانخه‌ینه ناو ڕووداوه گه‌ردوونیه‌كان، به‌وه‌ی سیستمی ده‌نگ ئه‌وه‌ی مردن بێده‌نگی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌وا گێڕه‌ره‌وه له‌ناو ده‌ق جارێكی‌تر ئه‌و توانا ده‌نگیه‌ی پێ ده‌داته‌وه، ئه‌وه‌ش پڕۆسه‌یه‌كه بۆ ڕزگاربوون له مردن، جه‌سته‌ی مردووه‌كان ده‌كات به جه‌سته‌ی نه‌مر، به‌وه‌ی به‌رده‌وامی پێ ده‌به‌خشێت.
گێڕانه‌وه ده‌قێك ده‌نووسێته‌وه (خود/ زمان) له‌ناو نووسین ئازاد ده‌كات، بۆیه ئه‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان نووسین و مردنه كه نوسین نوێنه‌رایه‌تی گێڕانه‌وه ده‌كات، به‌واتای پڕۆسه‌ی نووسین له‌ڕێگه‌ی گێرانه‌وه ده‌یه‌وێ خود ڕزگار بكات، ئه‌و ڕزگاركردنهش له‌ڕێگه‌ی زمانه، زمانه ده‌توانێ خود بپارێزێت، ئه‌وه به ڕوونی لای شه‌هره‌زاد ده‌بینرێت كه له گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تدا مه‌به‌ستی ڕزگاركردنی خوده له مردن، كه دواتر گێڕانه‌وه ڕزگاریشی ده‌كات. ده‌ركردنی مردن له خود به‌رده‌وامیه بۆ مانه‌وه، گێڕانه‌وه به ڕزگاركردنی خود له مردن، زمانیش له‌ناو نوسین ئازاد ده‌كات.
كه‌واته ده‌ق له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیی زمان به نووسین گه‌شه ده‌كات، نه‌ك نووسین به په‌یوه‌ندیی ده‌ق ناو به‌رین، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه حیكایه‌ته‌كان جه‌سته‌ی له‌یادچوو ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌یكه‌نه‌وه به جه‌سته‌یه‌ك كه توانای خوڵقاندنه‌وه‌ی ژیانێكی نوێی هه‌بێت.
ئایا ده‌روێش بایز تا چه‌ند ده‌توانێ له گێڕانه‌وه‌ی (پێده‌شتی كارمامزه كوژراوه‌كان) ی شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌لاله‌تی جیاوازمان بۆ بدۆزێته‌وه؟ ئاستی چوونه نێو ئینتیماكردن بۆ گێڕانه‌وه ململانێی ڕیشۆڵهكانه له‌گه‌ڵ ده‌نگێك كه له بڕی ده‌روێش بایز قسه ده‌كات، ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌و ده‌سپێكه ده‌یه‌وێ هه‌ستی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی نێو ده‌قه ڕوون بكاته‌وه به‌وه‌ی ئاماده‌گی بوونی ده‌روێش له‌ڕێگه‌ی ڕاوكردنی ڕیشۆڵهكانه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی بایزو نێچیر ده‌كات به ئهیقونهی زمان، به‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌شه به ئاماژه ده‌دات، ئاماژه‌یه‌ك كه دواتر له به ڕهمزبوونی له‌ناو گێڕانه‌وه بینینه‌وه‌ی بۆ شته‌كانیش ته‌واو گۆڕنیان به‌سه‌ردا دێت، به‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه زه‌مه‌نێكی نوێ كه زه‌مه‌نی ئه‌فڕێنه‌ری ده‌قه به‌رهه‌می دێنێ، له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه‌دا بونیاد له ئاست گێڕانه‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئاستی به‌رزبوونه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره بۆ نێو پڕۆسه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن وبایز له‌گه‌ڵ هه‌مین له‌لایه‌ك له‌لایه‌كیتریش به‌ریه‌كه‌وتنی بایز له‌گه‌ڵ ڕیشۆڵه‌كان.
بۆیه گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونی ترسناكی هه‌مین وگێڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی عه‌شقی ئه‌و ژن ومێرده له‌نێو حه‌یرانی سه‌ره‌تا، گێڕانه‌وه‌ی عه‌شق ومردنه، مردنێك عه‌شق فه‌نا ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه عه‌شقه دادكۆكی له ماناوه‌ی خۆی ده‌كات، مانه‌وه‌یه‌ك كه به مردنی یه‌كێكیان پهیوهندیهكهش كۆتایی دێت، ئه‌وه‌ش وامان لێ ده‌كات وون بوونی هه‌مین یه‌كسان بكه‌ینه‌وه به مردنی ڕیشۆڵه‌كان.
پڕۆسه‌ی مردنیش قه‌ده‌رێكی عه‌شقه كه له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی عاشقه‌كانی پێشوو خۆیان به‌درێژكراوه‌ی ئه‌و قه‌ده‌ره ده‌زانن، هه‌ر له‌ڕۆژی سه‌رهه‌ڵگرتنیان له ئاوایی و چوونیان بۆ شار ئه‌و ترسه له‌لایان ده‌ستی پێكردووه، ترسی تۆڵه‌ی باوك و برای هه‌مین له‌وه‌ی یه‌كێكیان بكوژن وئهویدیش عیبره‌ت بكه‌ن، دواجار به وون بوونی هه‌مین قهدهرێكیتر دێته پێشمانه‌وه قه‌ده‌ری شێت بوونی بایز، ئه‌و شێت بوونه دواتر ئه‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری.
ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه بتوانێ فه‌زایه‌كی جیاوازمان بۆ ده‌ست نیشان بكات ئه‌وا ده‌بێ له‌وه بێ‌ئاگا نه‌بین كه له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا كه‌سێك ئاماده‌یه كه (بایز) ه، ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌نگی نووسه‌ر ده‌ست به گێڕانه‌وه ده‌كات، ئه‌و ده‌نگه‌ی هه‌رگیز له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا نایه‌وێ ده‌نگی خۆی بسه‌پێنێته سه‌ر بایزو ئاماده‌بوونی خۆی له‌ناو ده‌نگه‌كه ده‌ست نیشان بكات، به‌ڵكو ده‌نگی خۆی له‌ناو ئاماده‌گیی بایز دیار ده‌كات، به‌واتای ئه‌و وه‌ك نووسه‌ر وه‌ڵام ناداته‌وه، به‌ڵكو به زمانی ڕاوچیه‌ك قسه ده‌كات، بۆیه ئاستی كاره‌كته‌ر ئاستی فره جیاوازییه “گووی ده‌خوا له‌به‌ر چاوی من سه‌ریان ببڕێ” لا 13.
ئه‌و ده‌نگه‌ی ده‌یه‌وێ یارمه‌تی ده‌روێش بدات بۆ بیركردنه‌وه ڕۆڵێكی چالاك ده‌بینێ بۆ ئاماده‌گی هه‌مین، چونكه هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌یه له‌و ئێواره‌یه بتوانێ ئومێد درووست بكات بۆ گه‌ڕان، ته‌نانه‌ت بۆ ڕێنمایی جۆری ڕه‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه، ئه‌و ده‌نگه له‌نێوان ئه‌و ئێواره‌یه كه “ڕه‌نگه دێزه بۆنی به‌ڵایه‌كی كردبێ، ده‌نا قه‌ت وا خۆی شێت نه‌كردووه” لا 18
له‌لایه‌كیتر بیركه‌وتنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ڕیشۆڵه‌كان كه هه‌مین له‌و تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌و شه‌ڕه ئاگاداری ده‌كاته‌وه “ده‌روێش.. ئه‌من له‌وه‌ی ده‌ترسێم ڕۆژهكیان خودا قودره‌ت بداته ئه‌و ڕهشۆڵانهو به گوریس وتۆڕهوه لۆ حه‌فت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان بتفڕێنن” لا 22
بۆیه ئه‌و ده‌نگه‌ی ده‌یه‌وێ به‌شداری له گێڕانه‌وه بكات وله‌كاتی ماندوو بوونی بایز ئه‌و ڕستانه‌ی بۆ ته‌واو بكات كه بایز ده‌یه‌وێ بیڵێ، ده‌نگه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كاره‌كته‌رێكی واقعیمان پێ ده‌ناسێنێ كاره‌كته‌رێك كه‌سێكی ئه‌فساناوی نییه، به‌ڵام كه‌سێتیه‌كه دواجار له نه‌ستی ئێمه فانتازیای نووسین یۆتۆپیایه‌ك ده‌خوڵقێنێت، یۆتۆپیای مه‌رگ كه بینینه‌وه‌ی لای كاره‌كته‌ره‌كه له وێنه‌ی واقعی ده‌رده‌چێت به‌هۆی هێرشكردنه سه‌ر دۆسته‌كه‌ی كه ژیانی ده‌روێش بایزی پێوه به‌نده، ژیانێك له گێڕانه‌وه ئه‌وه‌مان لا ڕوون ده‌بێت كه ده‌روێش بوون ده‌مامكێكه بۆ خۆ شاردنه‌وه، چونكه له‌ڕێی ئه‌و ده‌مامكه‌وه ده‌توانی ده‌وروبه‌ر ده‌ستخه‌ڕۆ بدات، به‌وه‌ی ئه‌و له‌نێو هه‌ڵقه‌ی زیكر‌و ته‌هلیل دابێت، ئه‌وه‌ش به‌جۆرێك له ناچاری قه‌بووڵی ده‌كات كه له‌لایان هه‌مینه‌وه بۆی پێشنیار ده‌كرێت، كه دیاره ئه‌گه‌ر له‌به‌ر دڵی هه‌مین نه‌بێت قه‌بووڵی ناكات، ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نییه‌و پێی ده‌ڵێ “ئه‌من هێشتا ههرهتمه.. هه‌موو شه‌وێك دوو جاران ده‌په‌ڕم وكه دهشنووم شه‌یتانی ده‌بم.. تهریقهتم پێ ڕاناگیرێ.. هه‌مین وازم لێ بینه با نه‌كه‌ومه به‌ر له‌عنه‌تی خودا‌و پێغه‌مبه‌ران” لا 17
كه‌چی هه‌مین به‌ته‌واوی دژی ئه‌و بۆچوونهیهتی و ئه‌و كاره به‌تاكه چاره‌سه‌ر بۆ خۆشاردنه‌وه‌ی ده‌بینێت ودڵنیای ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی گه‌ر نه‌چێته ڕیزی ده‌روێشان ئه‌وه ده‌دۆزرێته‌وه‌و ده‌یكوژن، ده‌ورێش له‌نێوان مردن وتوانای غه‌ریزه‌یی خۆی تێدا ماوه، به‌وه‌ی نه‌یتوانی پاكی ته‌كیه ڕابگرێت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌و حاڵه‌ته‌ی ده‌روێشه‌وه هه‌یه كه خاوه‌نی توانایه‌كی غهریزهییه كه ده‌قه‌كه نایه‌وێ ئاره‌زووی ده‌روێش بگوازێته‌وه نێو ئاره‌زووی نووسین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نووسین له‌پشت ئاره‌زووی دهورێشهوه حه‌شاری داوه پرسیاره لهبیركردنهوهیهك كه ئاره‌زوو حه‌رام ده‌كات، پێده‌شتێك ده‌خوڵقێنێ كه كارمامزه كوژراوه‌كان خاوه‌نیه‌تی، بۆ به‌ده‌روێش بوونی بایز، ته‌نیا خۆشاردنه‌وه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌مامكه‌وه چونكه ئه‌و پیاوێك بێت كه بهڕاوچیهكانی هاوڕێی بڵێت “نامه‌ردینه.. من نه‌ك هه‌ر له‌م ده‌شته له‌هه‌مووتان نێرترم.. نێرهمووكینه.. هه‌مین خۆیم بۆ شل بكات هه‌موو شه‌وێك ده‌په‌ڕم” لا 21
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌نێوان ته‌كیه‌و هه‌مین په‌رستگای بایز كامه‌یانه، ناچار ده‌بین دوو ده‌نگ وه‌ربگرین كه كامه‌یان له‌لای كاریگه‌رن، ده‌نگێك بۆ ته‌كیه‌و ئه‌هلی ده‌روێشان یان ئه‌و ده‌نگه‌ی قسه له هه‌مین ده‌كات، ئه‌وه‌ته كاتێ سۆفی برایم ئه‌وه‌ی پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه له پێرێوه یاشێخ لێی ده‌پرسێ هیچ بایه‌خ به‌و قسه‌یه نادات، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ دڵی دانه‌خورپێ وخێرا پێ هه‌ڵنه‌گرێت، كاتێ زارا پێی ده‌ڵێت “ده‌روێش… تازه له‌وێ بووم… قاپه شیرێكم ده‌ویست.. هه‌مین نه‌هاتبۆوه” لا26، چونكه بێ هه‌مینی واته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ مردن، ئه‌وه‌ته ئه‌مجاره‌یان ئه‌و مه‌ترسیه ئاراسته‌ی خوێنه‌ر ده‌كرێت، به‌وه‌ی “ماڵ بێ هه‌مینێ چ ترسناكه” لا 27
به‌واتای ئارامی ماڵ په‌یوه‌سته به هه‌مینه‌وه، ده‌رچوونی ئه‌و گۆڕینی ماڵه له ئارامیه‌وه بۆ ترسناكی، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سێتیه نائاماده‌یه.. ده‌نگێك له‌گه‌ڵ بایز ده‌یانه‌وێ بیدۆزنه‌وه، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گه‌ڕانه بێت ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وێت خوێنه‌ر هه‌مین له‌ناو ده‌قه‌كه ده‌بینێت، كه له ڕاستیدا ته‌نیا ده‌ركه‌وتنی بایزه، به‌ڵام ده‌نگه‌كه وا له بایز ده‌كات یاده‌وه‌ری ئه‌و عه‌شقه بته‌قێنێته‌وه، عه‌شقێك ئه‌گه‌ر به‌وه ڕاڤه بكرێت كه ڕووبه‌رێكی فراوانی بۆ سێكس ته‌رخان كردووه ئه‌وه‌یان به خراپی خوێندنه‌وه ده‌بینین، چونكه هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی بایز له باره‌ی ئه‌ڤین بۆ جه‌سته‌ی هه‌مین ته‌نیا ئاماژه‌ی ڕووكه‌شی ده‌قه‌و به‌پێی چه‌مكی هیرمۆنتیكی پۆل ریكۆر ده‌توانین ئه‌و ڕووبه‌ره سێكسیه به ڕووبه‌ند له‌سه‌ر ماناكان ناوی به‌رین، كه له‌ڕێی ئه‌و ڕووبه‌نده مانای ڕاسته‌قینه داپۆشراوه، مانایه‌ك كه په‌یوه‌ندیی به ناونیشانی ده‌قه‌وه هه‌یه، بۆیه مانای ڕاسته‌قینه پرسیاره له‌و عه‌قڵه‌ی حه‌رامی به‌رهه‌م هێناوه، نه‌ك سێكسی بایزو هه‌مین به‌مانای ڕاسته‌قینه ناو به‌رین، ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به عه‌شقی ئه‌و دوانه‌وه هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر تاپۆكان، سنوری بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و عاشقه قووڵ ده‌بێته‌وه بۆ دنیای دوای مردن وزیندوو بوونه‌وه به‌وه‌ی ئاماده نیه هه‌مین به پهریهكانی به‌هه‌شت بگۆڕێته‌وه، به‌ڵام كاتێ گومانی ئه‌وه‌ی لا درووست ده‌بێت كه گه‌ر هه‌مین له‌و هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه چی بكات؟ له‌و كاته‌دا له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڕابردوو ئه‌و گومانه شكست دێنێت كاتێك ئه‌وه‌ی بیر دێته‌وه ژنێك له‌دنیایه‌كی توندوتیژ كه پڕی بێت لهههزارانی وه‌كو باپیر ئاغا هه‌مین به پیاویان نه‌زانێت، ئیتر له دنیایه‌كدا كه ئه‌و ترسانهشی تێدا نیه، بۆچی ده‌بێ هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وێك كه جگه له بایز جه‌سته‌ی نێرینه‌ی تر ناناسێت وه ئاماده‌ی تێدا نیه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كهسێكیتر هه‌بێت “باپیر ئاغا كێیه؟ سمایل به‌گ چ كهرێكه؟ كۆشكی چی وكهلاوهی چی؟ دڵنیابه جگه له‌خۆت چ سوارێك نییه ئه‌و ماینه بێ لغاو وزینه ڕام بكات” لا 7
گێڕانه‌وه بازنه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندیی غه‌ریزه‌ی نێوان مرۆڤ وئاژه‌ڵ درووست ده‌كات ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی نیه به خوڵقاندنی ڕووبه‌رێكی سێكسی، به‌ڵكو پرسیاره له‌توانا غه‌ریزییه‌كان كاتێ بایز ده‌یه‌وێ ئاره‌زووی نێرهكهرهكهی سه‌ركوت بكات ونهیهلێت بپه‌ڕێت ئه‌وسا پرسیاری په‌یوه‌ندیی (نێره‌كه‌ر/ ماكه‌ر) دهگوزازرێتهوه بۆ په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌مین كه گه‌ر نه‌یه‌ڵن ئه‌و شه‌هوه‌ته‌ی بڕژێت وله‌ناو خوێنی‌دا بمێنێته‌وه چی ده‌كات؟ بایز وێنه‌ی خۆی له وێنه‌ی نێره‌كه‌ر ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ش پرسیاری جیاوازی مرۆڤه له ئاژه‌ڵ به‌وه‌ی بیانووه‌كانی سه‌ر ناگرێت، كاتێ ئه‌و سه‌ركوتكردنه‌وه‌یه بۆ بێ ئالیكی نێره‌كه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه “خۆ تۆش ئالیكت باش نییه‌و هه‌مین خۆی شل بكا زوو زوو ده‌په‌ڕی” لا 42
كاتێ وێنه‌ی نێربوونی خۆی وكه‌ر به‌یه‌كه‌وه به‌راوورد ده‌كات، دڵنیا ده‌بێ به‌بێ په‌ڕین توانای كاركردنی نابێت، بۆیه ده‌نگێك له‌نێو گێڕانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه بایز له‌گه‌ڵی هاوڕایه پرسیاری ئه‌وه له بایز ده‌كات “نێرهكهرهكهت بپه‌ڕێ باشتره یان نه‌په‌ڕێ؟ تۆ هه‌ر خۆت.. نه‌په‌ڕیت خوڵقی ڕاوت هه‌یه” لا 42
بایز كاتێ له چاوه‌ڕوانی هه‌میندا خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه خه‌وێكی كورتی لێ ده‌كه‌وێت، ته‌واوی چیرۆكی چاوه‌ڕوانی له‌لای سه‌راوژێر ده‌بێ به‌وه‌ی بایزه وون ده‌بێ وههمینه دوان له‌گه‌ڵ ڕیشۆڵه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی لێی خۆشبن، چونكه زه‌حمه‌تی ژیان نه‌بوایه عاشقه‌كه‌ی ئه‌و هه‌رگیز ڕاوی نه‌ده‌كردن “هۆ ڕهشۆڵهكان، بایز گه‌له‌كی خۆش ده‌ویستن، بێ نانی نه‌بووایه ڕاوی نه‌ده‌كردن، ئه‌نگۆ به‌دڵی ئه‌و نازانن.. گه‌له‌ك جاران له‌كنه من، له‌سه‌ر ڕان وسینهو به‌رۆكی من ئه‌و وه‌خته‌ی ده‌حه‌سایه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی بنوێ.. لهبۆنگۆ ده‌گریا، برسیه‌تی وسڵێوهی به له‌عنه‌ت ده‌كرد، ئاره‌ق خۆره‌كانی هه‌ولێرێ، ئاغا‌و به‌گزاده‌كان، هه‌مین ئه‌و مه‌له گچكهلۆكانه گوناهیان چی یه بكوژرێن” لا100
هه‌مین له‌ناو خه‌ونه‌كه‌ی بایز پرسیاری كوشتنی ڕیشۆڵًهكان له ئه‌ستۆی بایز لا ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی ڕیشۆڵه‌كان تۆڵه‌ی خۆیانی لێ نه‌كه‌نه‌وه‌و بیكوژن، به‌ڵكو ئه‌و له ناچاری ڕاوی كردوون، چاره‌یه‌كی تری نه‌بوو، به‌ڵام كاتێ بێ ئومێد ده‌بێت له‌گه‌ڕان به‌دوای بایز ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ڕیشۆڵه‌كان تۆڵه‌ی خۆیان لێكردۆته‌وه.
بۆیه ئه‌و گومانه‌ی سه‌ره‌تا هه‌یبوو له‌دوا ساتی خه‌ونه‌كه ده‌توانین بۆ یه‌قینێك بیگۆڕین كه ئاستی پاڕانه‌وه‌ی ئاخاوتن ده‌گۆڕێت بۆ پرسیار له‌ته‌رمی كوژراوی بایز “ئه‌نگۆ بایزتان كوشت… لاشه‌كه‌ی وا لهكێندهرێ؟ هۆ مه‌له‌و فڕندهكان كه له ئاسمانه‌وه هه‌موو شتێك وهه‌موو شوێنێك ده‌بینن.. خه‌به‌رم ده‌نێ… ده‌نا لێتان خۆش نابم… ئیدی ته‌واو.. ئه‌و مردو.. و.. چیدیكه ڕاوتان ناكات.. ئیدی بێ ترس بفڕن.. ده‌وه‌رنه خوارێ وبهههمووان به‌رزم بكه‌نه‌وه.. به‌ره‌و ئه‌و ئاسمانه ده‌با چاوان بگێڕم” لا 98
له‌پشت ئه‌و خه‌ونه كه به مردنی بایزو گریانی هه‌مین كۆتایی دێت، چه‌مكی دۆنادۆنی ئه‌و عه‌شقه به ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێ به‌وه‌ی گه‌ڕانی هه‌ر یه‌كێكیان به‌دوای ئه‌ویتر گه‌ڕانێكی دۆنادۆنیانهیه، چونكه عه‌شقێكه به‌ناو یه‌كتریدا چۆته قووڵاییه‌كانی ده‌روونی یه‌كترییه‌وه.
حه‌یران.. گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ر له گوناهكردنی ئاده‌م
حه‌یران له‌ناو ده‌قه‌كه چ ده‌لاله‌تێكی هه‌یه؟ بۆچی گێڕانه‌وه حه‌یران به به‌شێك له‌خۆی ده‌زانێت؟ ئایا په‌یوه‌ندی حه‌یران ئاماده‌بوونی كولتورێكه له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا؟ كو‌لتورێك پارێزگاری له شوناسی خۆی ده‌كات؟
حه‌یران گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ به‌ر له توڕه‌بوونی مرۆڤ، بۆ ساته‌وه‌ختێك كه هێشتا ئاده‌م به خواردنی دره‌خت گوناهبار نه‌بووه، به‌واتای بایز له‌ڕێگه‌ی حه‌یرانه‌وه ده‌یه‌وێ وێنای زه‌مه‌نی به‌ر له گوناه وتووڕه بوون بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی زه‌مه‌نی عاشقانه‌ی خۆی به‌رهه‌م دێنێت، تا له‌پشت ئه‌و زه‌مه‌نه‌وه، ئه‌و گومانه‌مان بگه‌یه‌نێ به ستراتیژی ئیرۆس، به‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی هه‌مین وڕاكردنی بۆ شار، گه‌ڕانه به‌دوای دنیایه‌ك كه ڕق وئیره‌یی وده‌سه‌ڵاتی تۆقێنه‌رانه تیایدا بوونی نه‌بێت، ئه‌وه‌ش لای عاشق خاڵی نییه له حه‌یران، به‌ڵكو دنیایه‌كه له‌ڕێگه‌ی حه‌یرانه‌وه ده‌توانێ وه‌ده‌ستی بێنێت.
هه‌ر بۆیه له‌گێڕانه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختی حه‌یران ده‌نگێك له‌بڕی بایز ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه كه له‌كاتی حه‌یران ووتنیشدا “پیاوه دڵڕه‌قه‌كان ناسك ده‌بوونه‌وه، بگره باپیر ئاغای گۆپاڵ ڕه‌شیش ویقاری خۆی بیر ده‌چۆوه‌و له حه‌ژمه‌ت وله تاوان سه‌رو كه‌لله‌ی كه‌وتووی له‌ژێر شه‌ده‌و هه‌وریدا با ده‌دا” لا 60
باپیر ئاغایه‌ك كه بایز له‌ده‌ست زه‌برو زه‌نگی ئه‌و، ده‌ستی دۆسته‌كه‌ی خۆی ده‌گرێ وڕادهكا، كه‌چی ده‌نگی نێو یاده‌وه‌ری بایز پێمان ده‌ڵێ باپیر ئاغا له‌كاتی حه‌یران سیمای له عاشقێك ده‌چوو نه‌ك له ئاغایه‌كی تووڕه، ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ حه‌قیقه‌تی كه‌شف بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه له‌پشت شكسته خودیه‌كان وگرێی ده‌روونی باپیر ئاغا موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات.
ئه‌و شكستی حه‌زه خودیه‌كانی خۆی كردوویه‌تی به پیاوێكی تووڕه، ئه‌وه‌تا حه‌یران حه‌قیقه‌تی ئاشكرا ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ئه‌و، به‌ڵكو مه‌لای گوند كه ڕوویه‌كی تری حه‌قیقه‌تی باپیر ئاغایه وده‌یه‌وێ وێنه‌یه‌كی وه‌همی به‌خۆی ببه‌خشێ، كه‌چی ئه‌ویش له كاتی گوێ بیستبوون له حه‌یرانه‌كانی بایز، جله‌كانی مه‌لایه‌تی فڕێ داوه، له‌وێوه موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات به‌پێی ویست، سنوری ده‌ست نیشان ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی له پێشتر باپیر ئاغا‌و مه‌لا حه‌رامی ده‌كه‌ن، كه‌چی ئه‌مجاره باپیر ئاغا ڕه‌خنه له‌و سیستمه ئه‌خلاقیه ده‌گرێت كه مه‌لا نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌وه‌ی ناكرێ چێژ فه‌رامۆش بكرێت، فه‌رامۆش نه‌كردنی چێژ گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕاستگۆیی گۆڕانه فیسیۆلۆژییهكانی مرۆڤ، بۆیه حه‌یران ووتنی بایز ساته‌وه‌ختێك ده‌خوڵقێنێ بۆ ده‌سه‌ڵات له‌بیركردن.
مه‌لا توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری باپیر ئاغای نییه، هۆیه‌كه‌ی قووڵی ئه‌و پرسیاره نییه، به‌ڵكو پرسیارێكی خودییه وته‌نیا ئاغا به‌هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌توانێ ڕاشكاوانه ده‌ریببڕێت “ئه‌گه‌ر بنیاده‌م سه‌د جاران به ئاگری جه‌هه‌نده‌مێ بسووتێ كوو ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ودۆڵ وزوڕنا له‌خۆی حه‌رام بكاتن” لا 61
بۆیه ئه‌وه خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه توانای گۆڕینی ده‌ستووری هه‌یه وده‌توانێ حه‌رامه‌كان حه‌لاڵ بكات، له شوێنی‌دا هه‌زاران كاری ئاساییتر حه‌رام بكات، ئه‌وه‌ته مه‌لا كه ڕهشهبهڵهكی پێ حه‌رامه، به‌ڵام ئه‌مجاره سنوری حه‌رامی تێدا ده‌گۆڕێت، چونكه ئاغا خوازیاری گۆڕینی ئه‌و حه‌رامه‌یه “ئاغا چ ڕه‌شبه‌ڵه‌ك وچ دۆڵ زوڕنا، هه‌ر هه‌مووی هی سه‌رده‌می كوفر‌و زه‌لاله‌ته، به‌لانه كینێ سووكه گوناهن و به‌ئاوی ده‌ست نوێژێك دهشۆڕێ و پاك ده‌بنه‌وه” لا 61.
كاتێ بایز له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاییه‌كه‌ی كه‌ریم مه‌یته‌ر، ئه‌و كاته‌ی ده‌چێته نێو هه‌ڵقه‌ی ژنان تا حه‌یرانیان بۆ بڵێت، ئه‌و چوونه ژووره‌وه‌یه ئینتیما كردنی بایزه له‌نێو زه‌مه‌نێكی كوردی، زه‌مه‌نێك دابڕاو نییه له زه‌مه‌نی حه‌یران، چونكه هه‌مینی دۆستی بایز یه‌كێكه له پاڵه‌وانی ئه‌و حه‌یرانانه كه هه‌ڵقه‌ی ژنانیان پێكهێناوه‌و بایز ده‌چێته نێو ئه‌و هه‌ڵقه‌یه تا حه‌یرانیان بۆ بڵێت، ئه‌سمه‌ری كابایزی كه وه‌ك هه‌مین یه‌كێكه له‌و هه‌ڵقه‌یه، كه‌چی پاڵه‌وانێكی سه‌ره‌كی نێو حه‌یرانی كوردیه.
ئه‌وه‌ش مانای وایه بایز له‌ڕێگه‌ی حه‌یرانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مه‌نی خودی پاڵه‌وانه‌كان، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه له‌نێوان (زه‌مه‌نی ڕووداو) و (زه‌مه‌نی پاڵه‌وان)، كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش كاتێ حه‌یران له‌ناویدا قووڵ ده‌بێته‌وه، ده‌قی میتۆلۆژی به‌رهه‌م دێنێت.
په‌شیمان بوونه‌وه له ئاده‌م بوون
له‌سه‌ره‌تای گه‌ڕان به‌دوای هه‌میندا، بایز خۆی له‌وێنه‌ی ئاده‌م ده‌بینێته‌وه كه به‌دوای حه‌وا ده‌گه‌ڕێت، له‌و گه‌ڕانه‌ش به ئامێزی شاد ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ی بوونی هه‌مین قه‌ده‌رێكی ئادهمیانهیه، به‌ڵام كاتێ دڵنیا ده‌بێ كه هه‌مین نادۆزێته‌وه، ئه‌وسا پرسیاره فانتازیاكانی ده‌گۆڕێت به پرسیار له یه‌زدان، ئه‌و پرسیاره‌ش تێگه‌یشتنه له‌خودی خۆی، كۆتایی هێنانه به‌و دیده فانتازییه‌ی كه وه‌ك ئاده‌م سه‌یری خۆی ده‌كرد “خودا ئه‌و هه‌موو عه‌زابه بۆ؟ خۆ من ئاده‌م نیم تا له گوڵه گهنمهكهم خواردبێت وبه‌ر له‌عنه‌تی توو كه‌وتبم وفڕێت دابمه سه‌ر زه‌ویه‌كی وه‌ها خاپوور” لا 159
ئه‌وه‌ش كۆتایی هێنا به‌و گه‌ڕانه‌ی كه پێی وابوو ئاده‌م ئاسا به‌دوای ونی حه‌وا ده‌توانێ هه‌مین بدۆزێته‌وه، كه‌چی كه له‌و حه‌قیقه‌ته به ئاگا دێته‌وه، ئه‌ڤینی خۆی وههمینی پێ پاكیزهتره، ته‌نانه‌ت پێی وایه هه‌ڵه‌یه‌ك كه ئاده‌م كردوویه‌تی به‌هۆی سه‌رپێچی كردن له فه‌رمانی یه‌زدان ئه‌و نه‌یكردووه، وه‌ك چۆن هه‌مینیش وه‌ك حه‌وا ئافره‌تێكی فریوده‌ر نه‌بووه، ئیدی نه‌فره‌تی یه‌زدان له پای چی؟ “ئه‌من وئه‌و جگه له دوو بنیاده‌می كلۆل وڕه‌نج به‌خه‌سار وبێ ده‌ره‌تان هیچی دیكهنین” لا 159
بۆیه له‌كاتی ڕاوی كارمامزه‌كان ده‌یه‌وێ یه‌زدان له‌ده‌ست ڕاوچیه توڕه‌كان ڕزگاریان بكات “هۆ خودای ئاسمانان ئه‌گه‌ر… ئه‌گه‌ر ئه‌من وه‌همین دوو عاشقه رووته‌ی پاك وبێ چارهبووینه دههاڵمانكێشه به‌ره‌و بن په‌ڕی هه‌وره‌كان” لا186
ئه‌و هاواره‌ی بایز بۆ یه‌زدان دڵنیابوونه له پاكیزهییهك كه گوناهی نه‌كردووه، بۆ خۆشی په‌شیمان بوونه‌وه‌یه له وێنه‌ی ئاده‌م بوون، به‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی نه‌كردووه تا به‌مجۆره سزا بدرێت.
ده‌نگ وتهئویلی ئاماژه
كاتێ گه‌ڕان توانای دۆزینه‌وه‌ی هه‌مینی نابێت، ئه‌و ساته ده‌ق كه‌لێنێك له‌نێوان خۆی ودهقهكانیتر جێ ده‌هێلێت، چونكه به‌رده‌وام وه‌ڵامێكی ڕه‌ها بۆ پرسیاره‌كان دانراوه، به‌ڵام گه‌ڕانی بێ ئه‌نجامی بایزو وون بوونی هه‌مین بێ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی له‌ناو ده‌ق ده‌ست نیشان بكرێت، پرسیارێكی گه‌وره‌ی گێڕانه‌وه‌یه كه ته‌نیا ده‌توانین ته‌ئویلی ئاماژه زمانه‌وانییه‌كان بكه‌ین.
ئه‌وه‌ش بۆ خۆی شوێنگه‌ی پرسیاری جیاوازه “به‌هه‌ر چوار دهورتا چاوی ڕه‌ش وبریسكهدار زۆربوون، ده‌نێو ئه‌و هه‌موو چاوانه‌دا چاوانی هه‌مین بزربوون” لا 141
وون بوونی چاوه‌كانی هه‌مین وون بوونی كه‌سی به‌رامبه‌ره، به‌بێ قه‌ده‌رێكی ڕۆشن كه قه‌ده‌ری كۆتایی هاتنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ماڵه، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چاوه‌كانی هه‌مین هه‌موو ئومێد‌و خه‌ون وگه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بێت بۆ بایز، ئه‌وا له وون بوونی چاوه‌كانی ڕووی تراژیدیی ئه‌و وێنه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت، وێنه‌ی وێران بوونی ماڵ له‌ڕێگه‌ی لافاوه‌وه خنكانی هه‌مین ومردنی پۆڵه ڕیشۆڵه‌و مه‌ڕو بزن ته‌ئویلێكی ئه‌و ده‌نگه‌یه كه چاودێری بایز ده‌كات، به‌ڵام ته‌ئویلێك ته‌نیا ده‌نگێكه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا وتوانای سه‌پاندنی یه‌قینی كۆتایی نییه، ده‌یه‌وێ ته‌ئویل بۆ ڕابردوو بكات، به چۆنیه‌تی ژیانی ئه‌و دوو عاشقه، به‌وه‌ی ژن ومێردێكی ئاسایی نه‌بوونه، ئه‌وه‌ش زه‌نگێكه بۆ بایز كه دۆسته‌كه‌ی له هیچ چركه‌ساتێك فه‌رامۆشی ناكات، بۆیه ئه‌و ده‌نگه له‌و ساته‌دا له‌شوێنی هه‌مین له‌گه‌ڵ بایز ده‌دوێت، به‌ڵام به‌زمانی ژنێكی ئاسایی نا، به‌ڵكو له‌ناو دێره شیعرێكی ژنه شاعیر فروغی فه‌روخزاد ئه‌وه‌ته ئه‌و ده‌نگه كه له شوێنی هه‌مین ده‌دوێ به‌واتای یاخی بوونی هه‌مین له‌ئاست یاخی بوونی ژنانه‌ی فروغه، بۆیه كاتێ به بایز ده‌ڵێ “چه‌ند جوان بوویت كه درۆت ده‌كرد” لا160
ده‌یه‌وێ به‌و ده‌ق ئاوێزان كردنه ئه‌و دێره شیعره له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا لایه‌نگیری له‌جۆری ڕه‌فتاری بایز بكات، به‌وه‌ی هه‌مین ده‌زانێت چیرۆكی زۆرانبازیهكانی مێرده‌كه‌ی درۆیه، به‌ڵام درۆی پیاوێكی عاشق كه جوانی به سیمای ده‌به‌خشێ كه مه‌به‌ستی ته‌نیا بۆ پاساو هێنانه‌وه‌یه بۆ مایه پووچی له ڕاوه ڕیشۆڵه‌ی ئه‌مشه‌وه.
بایز به‌شداری ته‌ئویلی ئه‌و ده‌نگه ده‌كات كه قه‌ده‌ری هه‌مین له‌ناو خنكان ده‌ست نیشان ده‌كات، بۆیه پرسیار له‌و قه‌ده‌ره ده‌كات، به‌وه‌ی ته‌ئویلی یه‌ك له ده‌نگه‌كانی نێو ده‌ق توانای گومانی لا درووست بكات، به‌ڵام گومانێكی ڕه‌ها نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و گومانه پرسیاری لا درووست ده‌كات “تۆ بڵێی ئه‌و پارچه قوماشه پف دراوه‌ش چارۆگه‌ی ئه‌و نه‌بێ” لا 144
ئه‌و پرسیاره بۆ ده‌ست نیشان كردنی قه‌ده‌ری خۆیه‌تی، به‌وه‌ی به زیندوویی پێویسته به‌یه‌كتر شاد ببنه‌وه وچیتر ئه‌و له‌ناو ئه‌و گه‌مه زمانه‌وانیه نه‌سووڕێته‌وه، چونكه ئه‌و له‌ناو گه‌مه‌ی زمانه‌وانی نووسه‌ر ماندوو بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌مه‌یه‌ش به تراژیدیا كۆتایی دێت، ده‌یه‌وێ كۆتایی تراژیدیاكه یه‌كسان بكاته‌وه به مردنی هه‌ردووكیان، نه‌ك ته‌نیا یه‌كیان بمرن وئهویتریش بمێنێته‌وه.
قووڵ بوونه‌وه له‌ناو ئه‌و گومانه جۆری پرسیاره‌كه‌ی پێ ده‌گۆڕێت، گۆڕینی ئه‌و پرسیاره‌ش دواجار له‌مه‌رگی كارمامزهكاندا درێژه به‌خۆی ده‌دات، چونكه ئه‌و ده‌یویست له‌نێو كۆنه كارێزه‌كان وله‌نێو زێرابه‌كان یه‌كتریان له‌باوه‌ش بگرتبایه، بۆیه ئه‌و ده‌نگه‌ی پێی ده‌ڵێ ده‌بوو ئه‌وان وه‌ك ماسی بوونایه، به وه‌ڵام بۆ ئه‌و قسه‌یه پرسیاری خۆی ده‌كات، پرسیاری “بۆ نه‌كرا مرۆ وه‌ك مه‌ل بفڕێ و وه‌ك ماسی له ئاودا مه‌له بكات” لا 144
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له جیهانێكدا بژین كه ده‌ستی كه‌س نه‌یگاتێ وجوانیهكانییان لێ نه‌شێوێنن، هه‌رچه‌نده له‌و ماڵه نوێیه‌یان شتی ناشیرینیش هه‌بێت، به‌ڵام بوونی ئازادی وا ده‌كات ئاسایی بێت كاتێ “قوڕگتان پڕ ده‌بێ له قوڕاو… له لیته… له پاشه‌ڕۆك.. چ قه‌ده‌رێكی شوومی دوو عاشقه” لا 144
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه دواجار ئومێدی ته‌قینه‌وه‌ی كارێزه‌كان خه‌ونی گه‌یشتنه‌وه به هه‌مین ده‌بێته‌وه به ژیانێكی نوێ به‌وه‌ی كوشتنی ڕیشۆڵه‌و خزمه‌تكردنی خوا پێداوه‌كان له‌وێدا بوونی نییه، ئه‌وه‌ش خه‌ونێكی ئادهمیانهیه به‌وه‌ی به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی حه‌وا ژیانێكی نوێ بنیات ده‌نێت، ژیانێك كه له‌دنیای واقیع ده‌یگوازێته‌وه بۆ دنیای ئاو، دنیای به ماسی بوونی بایزو هه‌مین، به‌ڵام دنیایه‌كه ته‌نیا له‌ناو خه‌یاڵاته‌كانی بایزدا شوێنیان ده‌بێته‌وه، چونكه ناكرێ كۆمه‌ڵگایه‌ك فه‌رامۆش بكه‌ین كه بایز به شێت ده‌زانێت، ده‌سه‌ڵاتێكیش هه‌یه له‌ناو شار، ڕاوی شێته‌كان به خزمه‌تی دهوڵَهت وخوا پێداوه‌كان ده‌بینێت، به‌ناوی ئه‌وه‌ی شاریان ناشیرین كردووه.
بۆیه كاتێ هه‌مین نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵه‌وه، بایز سه‌یر ده‌كات ماڵ وێران بووه، ئه‌و هه‌موو خواردنه‌ی له‌لایان دراوسێكانه‌وه بۆی ده‌هێنن، ته‌نیا ڕابردووی خواردن له‌گه‌ڵ هه‌مینی بیر دێننه‌وه ژنه‌كان له‌و په‌یوه‌ندیه حاڵین “زانیان بشمری به‌بێ هه‌مینی نان ناخۆیت، نه‌یانده‌زانی چی بكه‌ن وچۆن چۆنی دڵنه‌واییت بكه‌ن، هه‌ستی ژنانه پێ ی ده‌وتن كه ده‌روێش له‌و نێرهكهوانه ده‌چێ كه له‌دوای بزربوونی ماكهوهكهی ده‌مرێ” لا 167
بۆیه ئه‌و گۆشه‌گیرییه هه‌مینی لێ ده‌كات به تارمایی، تارماییه‌ك له‌و وێنه‌یه‌ش نامێنێته‌وه ده‌چێته سه‌ر وێنه‌ی كارمامز، به كارمامز بوونی هه‌مین ده‌ق ده‌چێته ئاستێكی تری زمانه‌وه، به‌وه‌ی گۆڕان له ڕاوی ڕیشۆڵه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ڕاوی كارمامز، كه به ڕاوكردنی ده‌روێش بۆ شێتخانه كۆتایی دێت، به‌واتای له‌به‌رامبه‌ر ڕاوكردندا ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته ئاماده‌ییان هه‌یه (سڵێوه.. باپیر ئاغا.. پۆلیس).
هه‌ریه‌ك له‌وان خاوه‌ن جۆری سزایه‌كه، ده‌سه‌ڵاتی سڵێوه سه‌ربڕین به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێ به مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتێكی ئابووری ده‌یانكات به مه‌زه‌ی عه‌ره‌ق خۆره‌كان، باپیر ئاغاش ده‌سه‌ڵاتێكه به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئابڕووی خێڵ وسهرشۆڕكردنی ماڵه باوان وڕازی نه‌بوون به بڕیاری ئاغا كارمامزه‌كان ده‌كوژێت، ده‌سه‌ڵاتی سێیه‌میش ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسه كه ڕاوكردنی شێته‌كان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێ كه بایزیش یه‌كێكه له‌وانه‌ی ڕاو ده‌كرێت.
بایز كه پێشتر ڕیشۆڵه‌كان ده‌خاته تۆڕه‌وه، ئه‌مجاره ده‌بێ به ڕاوكراوێك ده‌خرێته قه‌فه‌زه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی بۆ كارمامز بوونی كچه عاشقه‌كان بگه‌ڕێینه‌وه، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر چه‌مكی حه‌رام ده‌كه‌ین، كه حه‌رام له‌نێوان ئه‌و دوو عاشقه كامه‌یه، ده‌ركردنیان له به‌هه‌شت (شوێنی یه‌كه‌م) وگیرسانهوهیان له‌سه‌ر زه‌وی (شوێنی دووه‌م)، به‌ڵكو حه‌رامی ئه‌و دوو عاشقه پڕۆسه‌ی عه‌شقه، ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی ده‌ركردنیان له شوێن ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌یه نیه له خواردن، به‌ڵكو ئه‌نجامی عه‌شقه، به‌ڵام چوونیان بۆ شوێنی دووه‌م بڕیارێك نیه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یان خۆیان ڕا ده‌كه‌ن، چونكه مانه‌وه له (شوێنی یه‌كه‌م) كوشتنی عه‌شقه.
گه‌ڕان به‌دوای كارمامزو پڕۆسه‌ی شێت بوون
كاتێ گه‌ڕان به‌دوای هه‌مین ده‌بێ به گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ كارمامز، پڕۆسه‌ی شێت بوون لای بایز ده‌ست پێده‌كات، به‌وه‌ی زمان سنورێكی نییه، ئه‌و بێ سنوریه‌ش كه كۆنتڕۆڵی له ده‌ست ده‌دات و له‌فه‌زای شێتی ده‌رده‌كه‌وێت، فه‌زای بێ سنوور له‌ده‌ست نووسه‌رو ده‌نگه‌كان ده‌رده‌چێت.
له‌و كاته‌دا دنیای شێت بوونی بایز وێنای زه‌مه‌نی وێنای زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه ده‌كات، هه‌ر بۆیه وه‌سفی بایز بۆ هه‌مین وێنه‌ی ئافره‌تێكی پیر نییه، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌و كچه جوانه‌یه كه ئه‌و له لاوی هه‌ڵیگرتووه، ئه‌و ڕوانینه‌ش ته‌نیا بۆ دۆسته‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو باپیر ئاغا‌و هه‌موو كهسهكانیتر هه‌ر له وێنه‌ی نه‌گۆڕ ده‌بێت باپیر ئاغا هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان خوولیایه “هه‌ر كه‌سه‌كی بایز بكوژی وبه زیندێتی چاوان هه‌مینم لۆ ده‌سگیر بكات له كۆشك و باڵه‌خانه‌ی من سه‌رپشك بی” لا 176
چونكه ڕوانینی بۆ كه‌سه‌كان هه‌ر ئه‌و ڕوانینه‌یه كه له شاییه‌كه‌ی كه‌ریم مه‌یته‌ر له‌گه‌ڵ هه‌مین دڵیان به‌یه‌ك داوه، بۆیه زه‌مه‌نی پێده‌شت كه ئاغا‌و پیاوه‌كانی هاتوونه بۆ ڕاو، ته‌نیا ڕاوكردنی هه‌مین نییه، به‌ڵكو ڕاوی هه‌موو ههمینهكانی ئه‌و گونده‌یه، ئه‌وانه‌ی له شاییه‌كه‌ی كه‌ریم مه‌یته‌ر له‌ناو هه‌ڵقه‌ی ژنان بایز حه‌یرانی بۆ وتوون، هه‌موویان ده‌بن به كارمامز، بۆیه ڕاوكردنی پیاوه توڕه‌كان بۆ تاقه كارمامزێك نییه، به‌ڵكو ده‌بێ به ڕاوی ڕه‌وه كار مامز، ئه‌و كارمامزانهی “هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه تا هه‌نووكه ڕهدووكهوتوون، چ زه‌حمه‌ته خۆ شاردنه‌وه لهوساكه ده‌شته، چ به‌ترسه‌وه، هه‌تره‌ش چوو.. زاره‌تره‌ك وزهندهق چوو ئاوڕیان له‌و پیاوه توڕه‌و داخدارانه ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌و پیاوانه‌ی له‌وه‌ته‌ی هه‌ن له ڕاوه مامز پتر هیچی دیكه نازانن” لا181
ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ماهیه‌تی ناونیشانی ده‌ق ده‌ربكه‌وێت، له‌و كاته‌ی كچه‌كان ده‌بنه كارمامزو پیاوه توڕه‌كان ده‌یانه‌وێ تۆڵه‌ی عه‌شقیان لێ بكه‌نه‌وه، بۆیه ناونانی ده‌ق به پێده‌شتی كارمامزه كوژراوه‌كان، ده‌بێ به‌و ڕووبه‌ره خوێناویه‌ی جه‌للاده‌كانی شه‌ره‌ف ده‌یانه‌وێ به كوشتنی كارمامزه‌كان شه‌ره‌فی دۆڕاو بگه‌ڕێننه‌وه.
به پێده‌شتی كارمامزه كوژراوه‌كان وفڕێدانی هه‌ردوو عاشقه‌كه له‌لایان ڕیشۆڵهكانهوه، دواتر فڕێدانیان بۆ ناو شار كه له‌ناو شار جارێكی‌تر لێك وون ده‌بنه‌وه، كۆتایی هێنانه به ڕاوكردن، به‌وه‌ی كوشتن ده‌بێ به چاره‌نووسی كارمامزه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ گه‌ڕانی به‌رده‌وامی بایز به‌دوای هه‌مین، گه‌ڕانێك بایزی به‌ره‌و شێتی بردووه، به مانایه‌كیتر پرسیاركردنی بایز له هه‌مین ده‌بێته پرسیاری شێتێك له كۆمه‌ڵگا.
هه‌مین به‌ته‌واوی ئه‌و ده‌نگه‌یه خه‌ونی گه‌ڕانی لا درووست ده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و نه‌مردووه، هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌شه ڕه‌هایی بوونی ئاماژه ده‌كوژێت ونایهڵێ كۆتاییه‌ك بۆ چاره‌نووسی هه‌مین ده‌سته‌به‌ر بكات “له‌به‌ر خاتری من بژی.. مه‌مره ده‌روێش تا ده‌مدۆزیته‌وه.. ئه‌من هه‌ر لێره‌م ونهمردیمه” لا 194
ئه‌و گه‌ڕانه به شێت بوون ته‌واو ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت كه دهیانخزێنێته شێتخانه‌وه هاوكۆك بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئاغا‌و كۆمه‌ڵگا، ئه‌وانه‌ی ئه‌و دوو عاشقهیان ناچار كرد ماڵ به‌جێ بێلن، له‌ناو شاریش له‌یه‌كتریان كردن ویه‌كێكیان به‌ره‌و وون بوون ده‌بات، ئه‌ویتریش ڕووبه‌رووی شێت بوون ده‌كاته‌وه، به‌و شێت بوونه‌ش عاشقێك ده‌خه‌ینه ناو قه‌فه‌زه‌وه.
كۆمه‌ڵگا له‌پشت شێت بوونی بایز وه‌ستاوه، هه‌ر ئه‌ویشه ئه‌و ناوه‌ی لێ ده‌نێت “گوناهی شكانی هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ك وجامخانهی كۆگایه‌ك له‌هه‌ر كوێ بوایه له ئه‌ستۆی تۆ بوو، ڕۆژێكیان خاوه‌نی جوانترین كۆگای شار كه لاوێكی قۆڵ ئه‌ستوور بوو به‌رزه‌فتی كردیت و به به‌رچاوی سه‌ده‌ها كه‌س وڕێبواری تیژ تێپهڕو پۆلیسه‌وه ده‌متی پڕ كرد له ورده شووشه‌ی شكاوی جامخانه‌كه‌ی وهه‌ردوولا ڕوومه‌تی تۆی به زلله ئاگر ده‌داو هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كردی كه ئه‌گه‌ر وورده شووشه‌كان نهجوویی به‌رت نادات، ده‌یووت: مه‌گه‌ر ده‌روێش نیت” لا196
كۆمه‌ڵگایه‌ك دواتر له‌گه‌ڵ ده‌زگا سه‌ركوتكاره‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌دوای شێت وسهگهكان ده‌كه‌وێ وبه‌رد بارانیان ده‌كه‌ن، به‌رد بارانكردنی بایز به‌رد بارانكردنی عاشقێَكی یاخییه كه كۆمه‌ڵگا مانه‌وه‌ی له‌ناو خۆی قه‌بووڵ ناكات، كۆمه‌ڵگا له‌و كاته‌دا پێی وایه عه‌شق شێتییهو ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ عه‌قڵ كه له‌ڕێگه‌ی سانسۆركردنهوه هه‌موو حه‌زه خودیه‌كان حه‌رام ده‌كات، ئه‌و پرۆسه‌یه ناو ده‌نێت عه‌قڵ، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بیركردنهویهدا بێت له‌ناو شێتی پۆلینی ده‌كات، بایزی پێ شێته، چونكه عاشقی هه‌مینه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ناتوانێ قبووڵی (جوعه) یه‌ك بكات، چونكه ناتوانێ خه‌م له شكستی ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه نه‌خوات “نه‌ده‌بوو كۆماره گچكهلۆكهكهمان بڕوخێنن.. لهعهرزو ناموسی (ستالین) ببه‌م.. خوشكی كه‌ر بگێ” لا 205
بۆیه ئه‌وانه‌ی ڕاوه شێت ده‌كه‌ن، بۆ خۆیان ده‌بنه‌وه به شێتێك، له‌و كاته‌دا ناچار ده‌بین بپرسین: ئایا شیًَتی پڕۆژه‌یه‌ك نییه له‌ناو خودی كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه، به‌ر له شێت بوونی تاكه‌كان؟ ئه‌وه‌ش ئه‌و پرسیاره‌مان له‌لا زیندوو ده‌كاته‌وه: له‌ناو ئێمه كێ عاقڵه‌و كێ شێت نییه؟ ئاخۆ عاقڵه‌كان بایزو جوعهو هه‌مین وبهسێ وزولێخاو ڕابی وهه‌موو كارمامزهكانی تر نین، شێته‌كانیش باپیر ئاغا‌و كه‌ریم مه‌یته‌رو هۆمه‌ری سهركارو وه‌سمانه خێل نین؟ ئه‌وانه‌ی حه‌رامیان موقه‌دده‌س كردووه.
ئاخۆ پێویست نه‌بوو دامه‌زراوه سه‌ركوتكاریه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌ر له‌وه‌ی ڕاوی عاشقێك بكه‌ن، ڕاوی باپیر ئاغا‌كان پێویستر نه‌بوو، تا دلنیابین له‌وه‌ی شێت كێیه‌و كێ شێته؟ نه‌ك بایزێك كه فریادڕه‌سی عه‌قڵه، به‌وه‌ی درۆ له‌گه‌ڵ خۆی ناكات وحهزهكانی خۆی له‌ترس سه‌ركوت ناكات، كه‌چی سزاكه‌ی شێتخانه‌یه، بایز ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی وه‌ك مه‌سیح دێته به‌رچاو به‌وه‌ی ده‌یویست ڕاسته‌قینه‌یان بۆ كه‌شف بكات، كه‌چی پادداشتی ئه‌و كاره‌یان به له‌خاچدان دایه‌وه، ئه‌و كاته هه‌ست ده‌كات ته‌نیایه، ته‌نیایی ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بڵێ “ئالۆ ئالۆ لهما شه‌به‌قته‌نی” واته “خوایه خوایه بۆ به ته‌نیا به‌جێت هێشتم”.
بایزیش هه‌مان هه‌ستی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ست ناكات یه‌زدان به‌جێی هێشتووه، كه‌چی ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه وه‌ك مه‌سیحی به‌سه‌ر بێت، بۆیه پێی ده‌ڵێ “خودا هاوار فریام كه‌وه‌و به‌ته‌نیا جێم مه‌هێڵه” لا 208
حه‌یران كه په‌یوه‌ندیی بایز بوو به عه‌شق وجوانی، به ڕاوكردنی له‌یان پۆلیسه‌وه، حه‌یران له‌لای تێكده‌چێ وسیستمێك نابێ كۆی بكاته‌وه، تێكه‌ڵ كردنی حه‌یرانه‌كان له‌ناو كه‌لله سه‌ری بایز كۆتایی هێنانه به‌و ئومێده‌ی كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌یه‌تی بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌مین ونه‌توانین له به‌جێ گه‌یاندنی وه‌سیه‌ته‌كه‌ی له‌وه‌ی له گونده‌كه‌ی خۆیان وله‌سه‌ر گردی عاشقان بینێژێت، چونكه نه‌ك هه‌ر هه‌مین گۆڕ غه‌ریب بوو، ئه‌و خۆشی گۆڕ غه‌ریب ده‌بێت، چاره‌نووسی ئه‌و له چاره‌نووسی پیرداوده شێت باشتر نابێ، كاتێ شه‌وێك “حهسحهسهكان ده‌نێو قه‌یسه‌ریدا ده‌نگی پیاوێك ده‌ده‌ن و.. ئه‌م ناوه‌ستێ.. میلی تفه‌نگی لێ ڕاده‌كێشن و.. ئه‌م ڕا ده‌كا.. ده‌ست ڕێژێك و له‌خوێنی خۆیدا دهیگهوزێنن.. كه ده‌چنه سه‌ری (پیرداوده شێت) هو كه‌س نه‌ناس بۆ به‌یانی شاره‌وانی ناشتی وتۆ ته‌نها كه‌سێك بووی له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ده‌گریای” لا 201
ئه‌و گریانه‌ش ده‌شێ بۆ خۆی بێت نه‌ك بۆ پیرداود، كه گێڕانه‌وه له‌ناو شێتی قسه له گریان ده‌كات تا گێڕانه‌وه‌كانیش به گریان كۆتایی دێنێت، گریانێك كه ئه‌و بازنه زه‌مه‌نیه ته‌واو بكات كه به زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه له‌ناو ده‌ق ناو ده‌برێت، زه‌مه‌نێك بتوانێ له زه‌مه‌نی وه‌همی ده‌ربازی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه بتوانێ زه‌مه‌نی ڕووداو به سیستم بكات، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌یانگه‌ڕاندینه‌وه بۆ ڕابردوو كه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مینی كارمامز بوو له جه‌سته‌یه‌كی ون بووه‌وه بۆ نێو نووسین، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بایزی شێت ئاماده‌بوونی خۆی سه‌پاند، تا به نه‌مریی له‌نێو یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا جێگیر بێت كه زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ریی بایزهو دواجار ده‌ق به ئاماده‌گی ئێمه له‌ناو ئه‌و یاده‌وه‌رییه ده‌مانكات به ده‌نگێك له‌ناو ده‌نگه‌كانی تری (پێده‌شتی كارمامزه كوژراوه‌كان).
نیهاد جامی