جه‌ژنێك بۆ بێ حورمه‌تكردنی جوانی
جه‌ژنی سه‌ری ساڵ ئه‌و جه‌ژنه‌ی وه‌ك نه‌ریتێكی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی كولتوریی وئاینیان یادی ئه‌و جه‌ژنه ئه‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش ئومێدی تازه‌بوونه‌وه‌ی ژیان ڕووبهرووبونهوهیهكی نوێیه بۆ زه‌مه‌ن، ئامێزكردنه‌وه‌یه به زه‌مه‌نێكی نوێ كه تیایدا هه‌رچی خه‌ون وئومێده وابه‌سته‌ی ئه‌و ساڵه تازه‌یه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی نه‌توانین له‌گه‌ڵ یاردا یادی ئه‌و جه‌ژنه بكه‌ینه‌وه ئه‌وه ساته‌وه‌ختی زه‌مه‌نی بوونی قه‌هرو حه‌سره‌ته به‌وه‌ی شه‌وانی تر زۆر له‌شه‌وی سه‌ری ساڵ جوانتر ئه‌بێت.. بۆیه ئه‌گه‌ر شه‌وانی ڕابردوو ژوان بووه له‌گه‌ڵ یار به‌وه‌ی شاری تاریك ڕۆشن بۆته‌وه، به‌لام كاتێ رۆژه‌كان به‌ره‌و ساڵی تازه ئه‌رۆن ئه‌و رۆژانه ئه‌بنه رۆژانی بێ یاری مانای تاریكبوونی رۆژی ڕوناكه.. ئه‌وه بهراووردكردنهوهیه له‌نێوان رۆژی تاریكی ئێستا‌و شه‌وانی رۆشنی پێشوو، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مانه یار له باوه‌شی عاشق‌دا بێت كه‌چی كه ئه‌و جه‌ژنه دێت یار له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یه‌تی.. له‌ئاهه‌نگێكدا یه‌كێك له خزمه‌كانی ئه‌كرێت ده‌ورو خولی بدات یا ئێستا پیاوێكی تر به‌ته‌نیشتیه‌وه بێت وبیهوێ بۆ ماچی جه‌ژنانه‌ی ساڵ به‌بیانوی ساڵی نوێ ماچی بكات.
ئه‌و هه‌سته ئه‌خلاقیه له عه‌شقدا هه‌ستی بێدهسهڵاتبوونه به‌وه‌ی هه‌ست به جۆرێك له لاقه‌كردن ده‌كرێت له عاشق، ئه‌و ده‌مه عاشق وێنه‌ی نێربوونی خۆی لێ ده‌بێته ژنێكی ئه‌نفال كه لهقهڵاكانی فاشیزم له‌لایان جهللادێكهوه په‌لاماری سێكسی ده‌درێت.. بۆیه ئه‌و ئاگره‌ی عه‌شق كه له دڵدا كراوه‌ته‌وه ئاگرێكه لهوههستهدا ده‌په‌ڕێته‌وه ناو چاوه‌كان به‌وه‌ی فرمێسكه‌كان ده‌بنه بارینی ئاگر له چاودا، ئه‌وه پرسیاری خودی عاشقه له ئاگر پرسیارێك فرمێسك تیایدا دێته وه‌ڵام به‌وه‌ی نه ئه‌سرینی چاوو نه ئاگره ئه‌وه گیانی گه‌رم و ئاگرینی یاره له چاوی عاشق ئه‌بارێت.
ئه‌وه سووتانی عاشقه له‌جه‌ژندا تیایدا ئه‌و ده‌مه‌ی بێ یار ساڵێكی نوێ دێته ناو ژیانیه‌وه ئیدی عاشق كائینێكه له‌ناو سووتاندا ئه‌وه جۆرێكه له جنونێكی سرووشتی، كه په‌نا ده‌باته به‌ر سرووشت تا ده‌زگیرانه‌كه‌ی بۆ بپارێزن وبهبیانوی كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ژن كه‌سه نزیكه‌كانی نه‌چن ماچی جه‌ژنانه‌ی لێبكه‌ن كه گوایه دیاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی نیتچه بۆ ئاینی مه‌سیحی ڕاست بێت كه مه‌سیحیه‌ت ئاینی ترسنۆك وبێدهسهڵاتهكانه، ئه‌وا عاشق له‌و كاته‌دا كائینێكی لاواز‌و بێده‌سه‌ڵاته بۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو حیكایه‌ته ئاینیه‌كانه‌وه ئومێدی به ده‌ركه‌وتنی موعجیزه‌كانه به‌وه‌ی ته‌نها موعجیزه‌یه‌كی گه‌وره توانای ڕزگاركردنی ئه‌وی هه‌یه، بۆیه ئه‌و كه ده‌یویست له‌و شه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی شه‌راب وماچ تێكه‌ڵ بكه‌ن ئێستا له بێئومێدیدا چۆته به‌رده‌م به‌رماڵێك وده‌كه‌وێته نزاكردن به‌وه‌ی یه‌زدان تهیرهلئهبابیله بنێرێت ئاگر له دۆزه‌خ هه‌ڵگرن وبیخه‌نه شوێنی ئاهه‌نگه‌كه‌وه تا ئه‌و مه‌نجه‌نیق خوڵقاندنه دۆخی ترسێك بخوڵقێنێ، له یادیان بچێته‌وه لهیارهكهی نزیك ببنه‌وه، ئه‌و وێنه‌یه زیاد له‌پێویست قووڵ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی حاله‌تێكی دۆنادۆنی له‌نێوان یارو پێغه‌مبه‌ر وه‌ك په‌یامهێنه‌ر ده‌خوڵقێنێ به‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه له پێغه‌مبه‌رو یار ده‌بنه یه‌ك وێنه ئه‌وه‌ش واده‌كات له‌و شه‌وه‌دا یار وه‌ك یونسی پێغه‌مبه‌ر بچێته قوڕگی دۆلفینێكهوه تا به‌و شێوه‌یه بیپارێزێت.. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌ر نه‌گرێت ناكرێت یار وه‌ك یارانی ئه‌شكه‌وت سێ سه‌د ساڵێك بخه‌وێت تا كه هه‌ڵئه‌ستێت نه‌ك ساڵی تازه هاتووه به‌ڵكو سێ قه‌ڕنی تازه‌ش هاتووه‌و ئێمه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی فهنابوویهكین هه‌موومان وون بووینه‌و ته‌نها یار نهمربووه به‌هۆی مانه‌وه‌ی. كه‌چی ئه‌و ده‌مه‌ی خه‌وتن فریای ناكه‌وێت هه‌وڵێكیتر هه‌یه هه‌وڵی نه‌ستی ئێمه‌یه به‌هۆی ئیسلامبوونهوه ئه‌و كاته‌ی له‌پێناو پاراستنی خۆی پێغه‌مبه‌ر عه‌لی كوری ئه‌بی تالب له‌شوێنی خۆی ده‌خه‌وێنێ، ئاخۆ ناكرێت هێزێكی میتافیزیكی فریشته‌یه‌كی ئاسمان بنێرێته شوێنی خۆشه‌ویست، ئه‌و ده‌مه‌ی كتێبی پیرۆز له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای زه‌وی بنووسرێت بواری ئه‌وه‌ش هه‌یه فریشته‌یه‌كیش بنێردرێت فریای ده‌زگیران بكه‌وێت، به‌ڵام كه ئه‌وه ناكرێت چ حیكمه‌تێك له‌پشت نه‌كردنیه‌تی جگه له ئازاردانی رۆحی عاشق، بۆچی مه‌سیح له خاچه‌كه‌ی نایه‌ته خواره‌وه یاخود مو‌سا بۆ به‌خۆی وتهوراتهكهیهوه نایه‌ن ئه‌میره‌ی جوانی له‌ده‌ست فیرعه‌ونێك ده‌رباز بكه‌ن، ئه‌وه نه‌زیف بوونی دڵی عاشقه كه وای كردووه به‌وجۆره گه‌شت به‌ناو ئاینه‌كاندا بكات ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ست ده‌كات ئه‌و كاره‌كته‌رێكه ئارامگری ئه‌یوبی هه‌یه كه نزا ده‌كات یه‌زدان كرمی سه‌ر زمان و‌دڵ دور بخاته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌موو جه‌سته‌ی كرم لێی بدات گرنگ نیه، به‌لام زمان و‌دڵ بۆ بیركردنه‌وه‌و ناو ووتنه، به‌لام عاشق ئه‌و تێگه‌یشتنه ئه‌یوبیه ده‌ستكاری ده‌كات به‌وه‌ی گه‌ر كرم له زمانیشی دا با له چاوی نه‌دات چونكه یار له‌ناو چاویه‌تی.
سه‌ره‌نجام كه هاوارو نزاكانی ته‌نها جۆرێكه له بێده‌نگی.. عاشق ووریا ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی ئه‌و له زه‌مه‌نی مه‌رگی حیكایه‌ته گه‌وره‌كاندایه مه‌رگی سه‌رده‌می موعجیزه‌كانه، بۆیه به‌ره‌و تێڕامانی شاعیریانه‌ی خۆیه‌وه ده‌ڕواته ناو ناخی خۆیه‌وه ئه‌و هه‌وڵه به جۆرێك له ئیغتیسابكردنی گۆرانیه‌كی مه‌زهه‌ری خالقی ده‌زانێت، به‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی شیعری ئه‌راگۆن هه‌ست به سوكایه‌تی ده‌كات كه كه‌سانێك هه‌ن نه‌ك له مانای جوانی وخۆشه‌ویستی تێناگه‌ن به‌ڵكو له‌و شه‌وه‌دا سوكایه‌تی به عه‌شق و ئهراگۆنیش ده‌كه‌ن، له دۆخی وادا شه‌وی فڕێدانی تابلۆكانی كاندنسكی و بیكاسۆیه.. عاشق ئه‌زانێ ئه‌وه شه‌وی ئه‌و نیه، بۆیه نه‌ك خۆی وخۆشهویستهكهی نابنه فیگوری ناو تابلۆكانی شاگاڵ وبه‌سه‌ر شاره‌كاندا بفڕن، به‌ڵكو سوتاندنی شاگاڵ وگهلهریهكهشی ده‌بینێت.. دڵوهستاندنی مۆدیگلیانی له‌ژووری ئینعاشی نه‌خۆشخانه‌ی دڵ ده‌بیستێت.. لهكوراسهكهی سلڤادۆر دالی ته‌رمی دالی له‌و شه‌وه‌دا له‌و بیابانانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌ن ئه‌دۆزێته‌وه، بتهۆڤن به كه‌ڕی خۆیه‌وه گوێی لههاوارهكانی تۆ ئه‌بێت.. شۆپان هه‌ست ئه‌كات مۆسیقاكه‌ی حورمه‌تی نه‌ماوه ده‌نا جۆرج صاند چۆن وای پێده‌كرێت، هه‌موو ئه‌وانه ئه‌و وێنانه‌ی منی عاشقه له‌شه‌وی سه‌ری ساڵدا ئه‌و ده‌مه‌ی من له‌به‌رده‌می مۆمێكدا یادی تۆ ئه‌كه‌مه‌وه‌و تۆش بێ ویستی خۆت لهكهڕنهڤاڵی شه‌وی سه‌ری ساڵدایت، بۆیه پێت ئه‌لێم “ساڵی تازه‌ت پیرۆز ئه‌ی خۆشه‌ویست”
نیهاد جامی