پۆترێتێك له هه‌ڵم …. كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
یه‌كێك له به‌یانییه سارده‌كانی وه‌رزی زستانه، تۆ به نیازی په‌یمانگا له ماڵ ده‌رده‌چیت و كه‌ره‌سته‌كانی وێنه‌كێشانت له نێو جانتاكه‌ی شانتایه، ته‌نیا تۆ نه‌بێت كه به ده‌ره‌وه‌یت هه‌موو دانیشتوانی كۆڵانه‌كه‌تان به گه‌وره و بچووكه‌وه له خه‌وی قووڵدان، جۆگه ئاوی پیسی ماڵان به‌ستوویه‌تی و بۆته شه‌خته و زوقم زه‌وی ڕه‌ق هه‌ڵهێناوه، به بنی قۆنه‌ره بۆیاغ كراوه‌كه‌ت ده‌كێشیت به شهختهكان و هێز ده‌خه‌یته سه‌ریان، هێنده هه‌ڵوه‌دای ئه‌وه‌یت كه بزانی له ژێر ئه‌و شهختانهدا ئاو چۆن ده‌ڕوا و چۆن ڕێڕه‌وی خۆی وه‌رده‌گرێت، وه‌ك ئه‌و عاریفه وای كه له گه‌ڕانی به‌رده‌وامدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خودا، نازانی بۆ ئه‌و هه‌سته‌ت لا دروست بوو؟ چی وای لێكردی ئه‌و شه‌ختانه بشكێنیت ؟ ناتوانی وه‌ڵامی ئه‌و شته بده‌یته‌وه، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌ش ناكه‌یت كه زۆر حه‌ز ده‌كه‌یت ئه‌و كاره بكه‌یت، دوای سه‌رفكردنی وزه‌یه‌كی زۆر توانیت هه‌ندێكیان بشكێنیت، شهختهكان كاتێك كه ده‌شكان ده‌نگیان له ده‌نگی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ئه‌و ماڵانه ده‌چوو، كه به‌ردی ناو دارلاستیكی مناڵه چه‌توونه‌كان ده‌یشكاند، كاتێك ڕاوه چۆله‌كه‌یان ده‌كرد.
گه‌یشتیته ئه‌و شوێنه‌ی كه هه‌موو ڕۆژێك چاوه‌ڕێی هاتنی پاست ده‌كرد تا بتگهنێته ده‌وام، خۆر له پشتی چیاكه‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه و به شه‌رمه‌وه به‌یانی باش له زه‌وی ده‌كات و له‌و باڵه‌خانه و هۆتێله به‌رزانه ده‌دا، كه ئاسه‌واری بارانی دوێنی شه‌ویان له سه‌ر مابوو. پاسێكی گه‌وره‌ی سوور و سپی له دووره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و دوای ماوه‌یه‌ك له به‌رده‌متا ده‌وه‌ستێت و سه‌رده‌كه‌ویت و له سه‌ر كووشنێكی ته‌نكی وه‌كو دڵی خۆت داده‌نیشیت، نێو پاسه‌كه هێنده سارده سه‌ری په‌نجه‌كانت ته‌زیون و لووتت وه‌كو ئه‌وه‌ی خوێنی به‌ستووی پێوه بێت، ئاوها سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه، نه‌فه‌ره‌كانی تریش خۆیان وه‌به‌ر یهكناوه و له سه‌رماندا ده‌میان گۆی قسه‌كردن ناكات و له ساتی هه‌ناسه‌داندا هه‌ڵم له ده‌میان ده‌هاته ده‌رێ.
پاسه‌كه ڕاده‌وه‌ستێت…كچێك سه‌رده‌كه‌وێت، دیاره ئه‌ویش ده‌چێت بۆ ده‌وام، چاوێك ده‌گێڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له جێگایه‌كی به‌تاڵدا دابنیشێت، به‌ڵام هیچ جێگایه‌كی ده‌ست ناكه‌وێت، ناچار له به‌رده‌می تۆدا به‌پێوه ڕاده‌وه‌ستێت، تۆ لێی ڕاده‌مێنیت، چاوه‌كانی ڕه‌شی قه‌ترانین و گلێنه‌كانی زۆر سپین، ڕه‌نگه سپێتی گلێنهكانیشی بێت، ئاوها چاوه‌كانی ڕه‌ش ده‌نوێنن، برۆكانی زۆر باریكن وه‌ك خه‌نجه‌ری تیژ بۆ له‌تكردنی دڵی تۆ، ڕوومه‌ته‌كانی ئاڵ و سوورن و لووتی ڕێك و ده‌میشی بچووكه، قژه خورماییه‌كه‌ی هێنده خاو و درێژه به‌سه‌ر شان و ملیدا شۆڕبووه‌ته‌وه و ئه‌و ته‌سریحه ڕه‌شه‌ی كه له قژی داوه هێنده‌ی تر سیمای جوان دێنێته‌پێش چاو، بۆ ساتێك لێی نزیك ده‌بیته‌وه بۆنی عه‌ترێكی خۆشی لێدێت، بلووسێكی شینی له‌به‌ردایه، كه له ئاسمانی ساماڵی دوانیوه‌ڕۆی به‌هار ده‌چێت و پانتۆڵێكی ڕه‌شیش نووساوه به گیانییه‌وه و جانتاكه‌ی به شانییه‌وه‌یه، ماوه‌یه‌كی باش سه‌رنجی لێده‌ده‌یت، بۆ یه‌كه‌م جاره به‌و شێوه‌یه كچێك سه‌رنجت ڕابكێشێت، بۆیه ڕاسته‌وخۆ هه‌ستی خۆشه‌ویستیت بۆی ده‌بزوێ، خۆشه‌ویستی ئافره‌ت هه‌ستێكی كتوپڕ و ناكاوه و خۆشت نازانی ئه‌مه چۆن ڕووده‌دات. بۆیه بڕیار ده‌ده‌یت پۆترێتێكی بكێشیت، تۆ هه‌رگیز وێنه‌یه‌ك یان پۆترێتێكت نه‌كێشاوه، گه‌ر پێشتر جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك یان ڕاستتر خۆشهویستیهكت له‌گه‌ڵیدا نه‌بووبێت، چونكه هه‌ركارێك كه ده‌یكه‌یت به خۆشه‌ویستییه‌وه ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، به‌ڵام بڕیار ده‌ده‌یت كه ئه‌م كاره‌ت جیاواز بێت له هه‌موو كاره‌كانی ترت، چونكه وا هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌م په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستییه‌ت زۆر جیاواز… به‌ڵێ زۆر جیاوازتره، له هیچ په‌یوه‌ندییه‌كت ناچێت كه له ڕابوردوودا له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان و شته‌كاندا هه‌تبووه، ئه‌مجاره بۆ كێشانی وێنه‌یه‌ك یان پۆترێتێك فڵچه و بۆیه و ڕه‌نگه‌كانی نێو جانتاكه‌ت به‌كار ناهێنیت، به‌ڵكو هه‌ڵمی هه‌ناسه‌ت به‌كاردێنیت، واتا پۆترێتێك له هه‌ڵم. ساردی ئه‌و به‌یانییه زۆر یارمه‌تیت ده‌دات كه به هه‌ڵمی ده‌مت له ساتی هه‌ناسه‌دانه‌وه‌دا پۆترێتی ئه‌و كچه بكێشیت له سه‌ر ئه‌و جامه‌ی نزیك كووشنی دانیشتنه‌كه‌ت، كه وه‌كو په‌یكه‌ری باخچه‌كان له‌به‌رده‌متدا ڕاوه‌ستاوه.
پاسه‌كه به‌رده‌وام ده‌ڕوات، تۆ بۆ ماوه‌یه‌ك له دیمه‌نی ده‌ره‌وه ده‌ڕوانیت خۆر له نێوان ئه‌و زنجیره دارانه‌ی، كه شه‌قامه دووسایده‌كه له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه سهرهتاتكێت له‌گه‌ڵدا ده‌كات، له‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه چه‌ند فه‌رشێك له‌سه‌ر سه‌ربانه‌كان ده‌بینیت هه‌ڵمیان لێهه‌ڵده‌ستێت. ده‌گه‌ڕێیته‌وه ناو فه‌زای پاسه‌كه و چاوت ده‌به‌یته‌وه سه‌ر ئه‌و كچه‌ی كه ماوه‌یه‌كی كه‌مه هاتووه‌ته گیانته‌وه و وای لێكردووی كه به هه‌ڵمی هه‌ناسه‌ی ده‌مت پۆترێتێكی بكێشیت، هه‌ستت وابوو كه ئه‌و كچه له هه‌ناسه‌ت نزیكتره بۆ تۆ كاتێك كه ده‌یده‌یته‌وه.
هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ هه‌ڵمده‌مژی و ده‌یده‌یته‌وه و هه‌ڵمێكی زۆر له سه‌ر جامه‌كه دروست ده‌بێت، دوای ماوه‌یه‌ك پۆترێتهكهت ته‌واو ده‌كه‌یت، زۆر له‌و كچه ده‌چێت كه كردت به كه‌ره‌سته‌ی خاوی كاره‌كه‌ت، وه‌كو خۆی بوو، كچه‌كه به درێژایی كاره‌كه‌ت سه‌رنج ده‌دات له‌و پۆترێته هه‌ڵمییه و سه‌ری سووڕده‌مێنێ له توانای تۆ كه ده‌بینێت وه‌كو خۆی ده‌رت كردووه، ئه‌مه‌ی زۆر پێخۆش ده‌بێت، سه‌یرێكت ده‌كات و بزهیهكت بۆ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی پێت بڵێت زۆر جوان كێشاوته،( منیش خۆشم ئه‌وێی) ئه‌مه‌ی به قسه نه‌ووت، به‌ڵام له سیمای‌دا ئه‌وه ده‌خوێنرایه‌وه كه ئه‌ویش به تۆ كاریگه‌ر بووه،چونكه هه‌ر هه‌ستێك ئه‌و هه‌یبێت، تۆش هه‌مان هه‌ست داتده‌گرێت. ته‌ماشایه‌كی پۆترێتهكه ده‌كه‌یت و وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه ئه‌و پۆترێته هه‌ڵمییه كچه ڕاسته‌قینه‌كه‌یه، كێ ناڵێ خۆی نییه له شێوه‌ی هه‌ڵم خۆی نیشانت ده‌دا، ئا… به‌ڵی خۆیه‌تی، ده‌مت برده پێشه‌وه و ماچێكی قووڵت كرد… كچی هه‌ڵمیش پێده‌كه‌نێت…
karwanshorshe@yahoo.com