بە مناڵى … نەوزاد بەندى
Closed
بە مناڵى
جارێکیان
ساڵێکیان
ڕۆژێکیان
دەمەو عەسرێ ..
پانتۆڵەکەم لە ئەژنۆما ..دڕا ..
بە هەرزەکارى
کاتێکیان
مانگێکیان
پشویەکیان
دەمەو نیوەڕۆیەک ..
پاژنەى پێڵاوەکەم ..شکا ..
ئێستایش کە ئێستایە
دواى تێپەڕبوونى
ئەو هەموو ساڵ و
عەسر و
مانگ و
نیوەڕۆ و
وەرز و
هەفتەیە..
کە ئەژنۆى پانتۆڵى مناڵ ئەبینم ،
دڵم پڕ ئەبێ و
عەیب نەبێ : دەست ئەکەم بە گریان ..
کە پاژنەى پێڵاوى هەرزەکاران ئەبینم ،
فرمێسک قوڕگم ئەگرێ و
مەنعم نەکەن : ئەیکەم بە پرسە و
قوڕپێوان ..