مردنێك به ده‌م پێكه‌نینه‌وه … كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
له‌ژێر سه‌مای سێبه‌ری دارتووه‌كه‌ی ماڵی خۆمان دانیشتووم و چیرۆكێكی ئه‌و نووسه‌ره ده‌خوێنمه‌وه، كه هه‌میشه به سه‌رخۆشی ده‌ینووسی، چیرۆكه‌كه باس له خوشك و برایه‌كی ته‌نیا ده‌كات، له گوندێك هاوشێوه‌ی ئه‌م گونده‌ی ئێمه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ماڵه‌كه‌یان نزیكی ده‌ریایه، ئاوی ده‌ریاكه ده‌چێته ژێر خانووه‌كه‌یان و به سه‌ریاندا ده‌ڕووخێت، تا ئه‌و شه‌وه‌ی كه مردن، هه‌ر له ماڵه‌وه بوون و سه‌ردانی كه‌سیان نه‌ده‌كرد و كه‌سیش نه‌ده‌هات بۆ لایان، بۆیه پاش چه‌ند ڕۆژێك خه‌ڵكه‌كه پێیان ده‌زانن و له‌ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌كه ده‌ریان دێنن، مردنێكی جوان و بێده‌نگه… ها؟ جوانترین مردن ئه‌وه‌یه كه كه‌س به مردنت نه‌زانێت. ته‌ماشایه‌كی خواره‌وه‌ی خۆم ده‌كه‌م، بێشه‌ڵانه چڕه‌كه‌ی لای چه‌پی ماڵه‌كه‌مان ده‌بینم كه چه‌مێك سینگی شه‌ق كردووه و دار و دره‌ختی بێشهڵانهكه خۆیان به سه‌ر چه‌مه‌كه‌دا نووشتاندووه‌ته‌وه و نایه‌ڵن تیشكی خۆری ئه‌و ڕۆژه‌ی كۆتایی به‌هاری بگاتێ و بریقه‌ی لێبێنێ، سه‌رم هه‌ڵده‌بڕم و دایكم له ژووره‌كه به سهرپۆشێكهوه ده‌بینم، كه چه‌ند تاڵه قژێكی سپی به لاڕوومهتهكانیدا هاتوونه‌ته خوارێ، به‌دیار ئه‌و وێنه‌یه‌وه ڕاوه‌ستاوه و ئه‌شك ئه‌ڕێژێ كه براكه‌م به بلووزێكی ڕه‌شه‌وه به‌رخێكی له‌باوه‌شدایه و بزه‌یه‌كی شیرین و لاسارانه بۆ كامێراكه ده‌كات، دیار بوو كه فۆتۆگرافه‌ره‌كه‌ی زۆر ماندوو كردووه تا وێنه‌یه‌كی گرتووه، ئه‌و دیمه‌نه ڕۆژی لافاوه كتوپڕه‌كه‌ی بیرهێنامه‌وه، ئه‌و لافاوه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاگری تووڕه‌یی هێنابوو، ئه‌و لافاوه‌ی ژیانی ماڵی ئێمه‌ی بۆ خۆی برد، دایكم له‌و ڕۆژه‌وه له هه‌موو هه‌ورێك ده‌ترسێت، هه‌ركات هه‌ور ده‌بینێت، مردنی بیر ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و ڕۆژه‌ی كه من و سالاری برام وه‌كو هه‌موو ڕۆژه‌كانی دی له ژێر ئاسمانی شین‌دا بهرخهكانمان بۆ ئه‌و بێشه‌ڵانه برد، كه ئێستا زیاتر له هه‌ر شت بۆنی مردنی لێدێت، یان لانی كه‌م ئه‌مه بۆ ئێمه وایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه زۆر منداڵ بووین، دایكم نه‌یده‌هێشت زۆر له ماڵ دوور بكه‌وینه‌وه، نه‌ك له به‌رچاوی ون بین و شتێكمان به سه‌ر بێت، بهرخهكانمان له‌و نزیكانه له‌وه‌ڕاند و خۆمان بۆ قه‌راخی چه‌مه‌كه ڕۆشتین كه شڵپوهوڕی ئاوه‌كه ده‌نگێكی نه‌رم و خۆشی وه‌ك ده‌نگی گیتاری ده‌ستی گیتار ژه‌نێكی هه‌بوو، ئه‌و ده‌مه‌ی كه له كه‌ناری ده‌ریادایه، له ڕۆخی ڕووباره‌كه شوێنێكمان بۆ خلیسكێنه دروست كردبوو، مهتارهیهكمان ده‌خسته ژێرمانه‌وه و له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه خۆمان ده‌خشان، له‌ژوور سه‌رمانه‌وه خۆر ره‌نگی زه‌ردێكی جوان بوو، ئاسمان هێنده شین و ساف بوو، ته‌نها چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێكی پاكی تێدابوو، له پڕ هه‌ورێكی تۆخی ڕه‌ش ئاسمانی گونده‌كه‌ی داپۆشی و گوێمان به‌و چه‌خماخه‌یه كاس بوو، كه ده‌نگی وه‌كو لێكخشانی دوو به‌ردی تیژ وابوو.. بارانێكی تووند باری.. شێوه‌ی بارانه‌كه وه‌كو تاڵی مافووری ته‌واو نه‌كراوی به‌رده‌ستی ژنه تهونكهرهكان بوو، ئاوی چه‌مه‌كه زیادی كرد و به خێراییه‌كی سه‌یر ده‌ڕۆیشت و هاژهیهكی ترسناكی هه‌بوو، نه‌مده‌توانی گوێ له‌و ده‌نگه بگرم، ئه‌و ده‌نگه هێنده‌ی له مردنه‌وه نزیك بوو، هێنده له ژیانه‌وه نزیك نه‌بوو، دایكم له سه‌ربانه‌كه‌وه بانگی لێكردین و وتی:
-كوڕه‌كانم، به‌رخه‌كان بێننه‌وه، دڵم ئه‌م بارانه باش ناخوێنێته‌وه و شتێكی به‌دواوه‌یه.
ڕاستی كرد، ئه‌و شته‌ی به دواوه بوو، كه به هۆیه‌وه شه‌یپووری كۆتایی ژیان له ماڵی ئێمه لێدرا، ئێستاش هه‌رچه‌نده ده‌كۆشم بزانم دایكم چۆن زانی ئه‌و بارانه شتێكی به دواوه‌یه؟ به‌ڵام ناتوانم ئه‌م مه‌ته‌ڵه پڕ له نهێنییه هه‌ڵبێنم، تۆ بڵێی هه‌موو دایكه‌كان پێش مردنی ڕۆڵه‌كانیان گوێیان له بووقی مه‌رگیان بێت؟ نازانم، ڕه‌نگه وابێ، له‌وانه‌شه هه‌ر ته‌نیا ئه‌مه بۆ دایكمی من ڕاست بێ، ویستم به قسه‌ی بكه‌م و بڕۆمه‌وه بۆ ماڵ، چونكه زۆر ترسنۆك بووم، ترسم له هه‌ر شت زیاتر له وشه‌ی ترس خۆی بوو، به‌ڵام (سالار)ی برام له‌وه لاسارتر بوو به قسه‌ی دایكم بكات، ئه‌و به‌رده‌وام حه‌زی به كاری ڕیسك ده‌كرد و له هیچ شتێك سڵی نه‌ده‌كرده‌وه، هه‌ر كارێكی بكردایه بیری لێنه‌ده‌كرده‌وه، من وانه‌بووم، زۆر بیرم له‌و شته ده‌كرده‌وه كه ده‌مویست ئه‌نجامی بده‌م، مرۆڤه‌كان زۆربه‌ی ئه‌و شتانه‌ی بیری لێده‌كه‌نه‌وه لێی ده‌ترسن. ویستم به دایه بیترسێنم، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ماڵه‌وه، وه‌لێ ئه‌و منداڵێكی سه‌ره‌ڕۆ و چاونه‌ترس بوو گوێی لێم نه‌گرت، من سه‌رم له‌و ئازایه‌تی و بوێرییه‌ی سووڕما بوو، نا..نا… ئه‌و ئازا نه‌بوو، ئه‌وه ترسنۆكی من بوو وا هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و ئازایه. ئه‌و ته‌نانه‌ت شه‌وێكی هاوین له‌ژێر تریفه‌ی مانگدا له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆ ماڵ سه‌گه دڕه‌كه‌ی ماڵی هاوسێكه‌مان شاڵاوی بۆ هێنابوو ویستبووی قه‌پاڵێكی لێ بگرێ، ئه‌میش هیچ نهپهشۆكابوو به‌ردێكی گه‌وره‌ی پر به مشتی هه‌ڵگرتبوو و به قه‌پۆزی كێشابوو، سه‌گیش به قرووسكه قرووسك ڕایكردبوو.
سالار ده‌ستی منی گرت و نزیك بووینه‌وه له ئاوی چه‌مه‌كه، كه تا ئه‌و كاته بارانه‌كه به‌رده‌وام بوو، من له‌و هاژه‌یه ترسام، بۆیه نه‌متوانی نزیك ببمه‌وه، به‌ڵام سالار ده‌ستی بچووكی خسته نێو ئاوه‌كه.. له پڕ قاچی خلیسكا و له‌گه‌ڵ ئه‌و لافاوه تووڕه‌دا ڕۆشت، سه‌ره‌تا وایزانی لافاوه‌كه گاڵته‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، كه‌چی ئه‌و لافاوه مه‌رگهێنه له‌وه دڵڕه‌قتر ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا كرد و بردی، سالار هاواریكرد و به هه‌ناسه سوارییه‌وه پێی گوتم:
– فریام كه‌وه خه‌ریكه ده‌خنكێم!
به ده‌م پێكه‌نینه‌وه ئه‌مه‌ی وت، وامزانی بۆ خۆشی واده‌ڵێت، چونكه ئه‌و پێشتر شتی وای به گاڵته‌وه پێ وتبووم، كه‌چی ئه‌وه ئه‌و ئاوه له‌گه‌ڵ خۆیدا لوولی ده‌دات و لێمی دوور ده‌خاته‌وه، هه‌ستم به ترسێكی قووڵ كرد، به‌ڵام نه‌متوانی هیچی بۆ بكه‌م، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه شانبه‌شانی ئاوه‌كه به لێواریدا ڕۆشتم، به‌و هیوایه‌ی هه‌ر كات شه‌پۆله‌كه كه‌م بووه‌وه منیش سالار بگرمه‌وه، بارانه‌كه نه‌ما و لافاوه‌كه كه‌م بووه‌وه، سالارم له كه‌ناره‌كه بینییه‌وه هه‌ر پێده‌كه‌نی، خۆم لێی تووڕه كرد و پێم وت:
– ئێستا كه‌ی كاتی ئه‌و گاڵته‌یه له‌گه‌ڵما بیكه‌ی؟ ها؟
وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه، سه‌رم نایه سه‌ر سینگی هه‌ستم به هه‌ناسه‌ی نه‌كرد، چی؟ خۆ ئه‌وه مردووه، واقووڕماو به دیارییه‌وه دانیشتم و نه‌مده‌زانی چی بكه‌م، هه‌ستی ترس هه‌موو گیانمی وه‌كو به‌تانییه‌ك دایپۆشیبوو، سه‌رم به‌رز كرده‌وه خۆرم بینی وه‌كو پشكۆی تاوهسووتی ناو ته‌نووری لێهاتبوو زانیم كه كاتی ئێواره‌یه، دایكم كه به‌رخه‌كانی دیبوو هه‌ر خۆیان چووبوونه‌وه ماڵ، ئه‌و پاڵتۆیه‌ی باوكمی كردبووه به‌ری، كه له هه‌یوانه‌كه به بزمارێكه‌وه هه‌ڵواسرابوو، دایكم بڕیاریدابوو كه هیچ كات ئه‌و پاڵتۆیه له به‌رچاوی لا نه‌دات و نهیفهوتێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام وا هه‌ست بكات كه باوكم له ماڵه‌كه‌دا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی، له‌دووره‌وه به ڕاكردن بۆ لای ئێمه هات و هاواری كرد:
– كوڕه‌كانم، كاتی گاڵته‌كردن نه‌ماوه، ئێواره‌یه و وه‌رنه‌وه بۆ ماڵ، سالار، كوڕم ئه‌وه بۆ كه‌وتووی له به‌رده‌ستی براكه‌تدا؟
په‌شۆكا بووم و نه‌مده‌زانی چی به دایكم بڵێم، پێی بلێم مردووه؟ یان له ترسا بڵێم هیچ نییه دایه گیان خه‌وتووه؟
ئێستا بیست و چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌دا تێده‌په‌ڕێت و منیش ته‌مه‌نم سی ساڵه و لاجانگهكانم هه‌ندێ مووی سپییان تێكه‌تووه، دایكیشم له ڕۆژی لافاوه‌كه‌وه پرچی وه‌كو به‌فری زستانی لووتكه‌ی شاخه‌كه سپی بووه و چاوه‌كانی وه‌كو تیشكی ئه‌و چرایه‌ی لێهاتووه، كه شه‌وان خه‌ڵكی گونده‌كان دوای خه‌وتن له سه‌ر تاقێك دایده‌نێن و كزكز ده‌سووتێت. به فرمێسكی چاوه‌كانیشی دوو جۆگه ئاوی وشك له‌سه‌ر ڕوومه‌ته چرچ و لۆچه‌كانی دروست بوون، له‌و ماوه دوور و درێژه‌دا هه‌ر چه‌نده هه‌وڵم دا ئه‌و بۆشاییه بۆ دایكم پڕبكهمهوه، كه سالاری برام بۆی دروستی كردبوو، به‌ڵام نه‌متوانی، دایكم به‌رده‌وام ده‌یگووت:
-هیچ مرۆڤێك ناتوانێت بۆشاییهكت بۆپڕبكاتهوه، كه مرۆڤێكی تر له ناوتا دروستی كردووه، مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه خۆی بێته‌وه و پڕی بكاته‌وه.
منیش به‌رده‌وام گوێم لێده‌گرت و ئه‌و به ده‌م هه‌نسكی قووڵ و پێكه‌نینێكی تاڵه‌وه ده‌یگووت:
-ناخۆشترین شتی ژیان ئه‌وه‌یه كه ناچارین بژین. به ده‌ستی خۆم بووایه هه‌ر ڕۆژی ئه‌و لافاوه شوومه كۆتاییم به ژیانم ده‌هێنا.
شه‌وان تا دره‌نگانێك به تاسه‌وه له‌به‌ر تیشكی زه‌ردی ئه‌و چرایه‌ی سه‌ر تاقی ژووره‌كه‌مان حیكایه‌تی مردنه ناوه‌خت و ترسناكهكانم ده‌خوێنده‌وه، كه بۆنی خوێن و مردنیان لێده‌هات، زۆرجار له نێو دێڕه‌كاندا، مردنم به چاوی خۆم بینیوه چۆن ده‌گه‌ڕێت به دوای كه‌س و پاڵه‌وانی نێو چیرۆكه‌كان، ده‌مویست به‌راوردیان بكه‌م له‌گه‌ڵ مه‌رگی سالاری برامدا، به‌ڵام نازانم سالار مردووه یان نا، چونكه ئه‌و پێكه‌نیوه كه خستوومانه‌ته نێو ئه‌و گۆڕه‌ی كه دایكم له حه‌وشه‌كه‌ی خۆماندا بۆی هه‌ڵكه‌ندبوو، ده‌بێت ئێستا له نێو گۆڕه‌كه‌دا هه‌ناسه نه‌دات؟!!
دایكم به ماكسییهكی ڕه‌شی چرچی وه‌كو ده‌م و چاوی خۆی هه‌ڵده‌ستێت چراكه كز ده‌كات و دێته‌وه سه‌ر جێگاكه‌ی و ده‌ڵێت:
-كوڕم دره‌نگه بخه‌وه.
دایكم چراكه‌ی وا داناوه تیشكه‌كه ته‌نیا له وێنه‌كه‌ی سالار بدات، بۆ ئه‌وه‌ی تا خه‌و ده‌یباته‌وه له‌و نیگا مناڵانه‌ی بڕوانێت. منیش پاڵدهكهوم و ده‌سته‌كانم ده‌خه‌مه ژێر سه‌رمه‌وه و ده‌ڕوانمه په‌نجه‌ره‌كه، هه‌ست به تاماری ته‌نكی كه‌سێك له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كه ده‌كه‌م ، زیاتر لێی ورد ده‌بمه‌وه.. خۆ ئه‌وه سالاره پێده‌كه‌نێت و ده‌یه‌وێت بچم بۆ لای، منیش هه‌ڵده‌ستم.. دایكم له خه‌ودا ده‌ڵێت:
– كوڕه‌كانم، به‌رخه‌كان بێننه‌وه، دڵم ئه‌م بارانه باش ناخوێنێته‌وه و شتێكی به‌دواوه‌یه.
به ده‌نگی دایكم ڕاده‌په‌ڕم… سالاریش ون ده‌بێت و په‌نجه‌ره‌كه جێ ده‌هێلێت…
تامار: تارمایی، شه‌به‌ح
تاوه‌سووت: شتێك كه زۆر سوور ده‌بێت
شه‌یپوور: بووق، نه‌فخی سوور كه لێدانی مانای كۆتایی ژیانه.
+ ئه‌م چیرۆكه له ژماره (5) ی گۆڤاری (كۆنسێپت) بڵاوبۆته‌وه