شیعری ماناداری کوردی و شیعری بێ‌مانا
له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان، له شاخ، واته له پێشمه‌رگایه‌تی، چه‌ند رۆشنبیرێکی ئه‌و ده‌مه به ده‌م چایخواردنه‌وه باسی فازیل جاف و ئه‌ده‌بی نامهعهقول ده‌که‌ن، دوای ئه‌وه مام عوسمانی چایچی ته‌واو گوێی بۆ گفتوگۆ و باسه‌کان رایهڵکردبوو، مۆڕه‌یه‌ک ده‌کا و به توڕه‌ییه‌وه ده‌ڵێت : وه‌ڵلا کاک فازیل پیاوێکی زۆر مه‌عقوله، ئه‌و ئێوه بۆ وا باسی ده‌که‌ن.!
هه‌رچه‌نده ئه‌م پێشه‌کییه، ته‌واویش فریام ناکه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی باس له شیعری مانادار و شیعری بێ‌مانا بکه‌م، چونکه ئه‌م دوو تێرمه پێویستیان به پێناسه‌کردنه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی هه‌یه، به‌ڵام ده‌کرێ شیعری ماناداری کوردی ده‌کرێت به‌مشێوه‌یه خه‌سڵه‌ته‌کانی بخرێنه روو :
شیعری مانادار :
1- له جه‌وهه‌ردا، دوانه‌یی یا سونائیی جیهان ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌م جیهانبینییه رۆچووه‌ته نێو عه‌قڵ و هۆش و ته‌نانه‌ت ناهۆشیاری ئینسانه‌کانی لای ئێمه. ئه‌م دیده نه‌ک ته‌نها جه‌سته‌ی شیعر هه‌لاهه‌لا ده‌کات، به‌ڵکو ساده و ساوێلکانه دونیا ده‌کاته دوو به‌شه‌وه. هۆکاره‌کانیش زۆرن.
2- زاتی نووسه‌ر، هه‌میشه وه‌کو زاتێکی موعاناتدار و زوڵملێکراوی تاق و ته‌نها خۆی له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی سپی ده‌ناسێنێت.
3- بابه‌ت و تێمه به‌سه‌ر ئه‌م ده‌قانه‌دا زاڵه. لێره‌وه شیعر به‌سه‌ر خانه‌ی جیاوازدا دابه‌ش ده‌بێت.
4- له سه‌رو رهخساردا سیاسییانه ده‌نووسرێته‌وه، با دژ به سیاسه‌تیش چه‌کی هه‌ڵگرتبێت.
5- مه‌سافه و ماوه‌یه‌کی زۆر له نێوان شاعیر و سروشتدا هه‌یه. باسکردنی ره‌گه‌زه‌کانی سروشت ئه‌م هاوکێشه‌یه تێکنادات.
6. عه‌قڵییه‌تێکی ئاینی هانده‌ر و پاڵپێوهنهرێتی. هه‌وڵ ده‌دات وێنای خودایه‌ک بکێشێت که ئه‌و هزری ده‌کات و وێنای ده‌کات. خودا وه‌کو پێکهاته‌یه‌کی گرینگ له‌و ده‌قانه ده‌رده‌که‌ون. جا به لایه‌نگیریی بێت یا نا.
7- ژن وه‌کو کائینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رهه‌ڵده‌دات. هه‌موو حیرمان و داپڵۆسین و ئاره‌زووه چه‌پکراوه‌کان ده‌ته‌قنه‌وه. ده‌ق بۆ ژن ده‌نووسرێت، نه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌قی مێینه‌یه.
8- نیشتیمان ره‌هه‌ندێکی سیاسی وه‌رده‌گرێت و درێژکراوه‌ی خه‌م و ئازاره‌کانی شاعیره. حهمیمییهت و فهرادتی تێدانییه. نیشتیمان له نێو ده‌قدا جێی نابێته‌وه!
9- تێبینی و سه‌رنج و بیرۆکه‌ی جیاجیای هه‌وڵ ده‌درێت به زمانی شیعر بنووسرێنه‌وه.
10- ره‌هه‌نده‌کانی زمان پشتگوێ ده‌خرێت یا ده‌بێته تاقه ره‌هه‌ند، ئه‌و ده‌مه زمان له نێو بازنه‌یه‌کی دهمداخراودا و به بێ توانا ده‌رده‌که‌وێت.
شیعری بێمانای کوردی
1- ده‌قێکه ئاوڕ له‌هه‌موو ره‌گه‌زێک به یه‌کسانی ده‌داته‌وه. یا هه‌وڵدانێکه به‌م ئاراسته‌یه‌دا. ده‌ق واتا ده‌داته موفره‌ده، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
2- وێنه ده‌بێته یه‌که‌م داینه‌مۆ و موحهریکی ده‌قی شیعریی.
3- بۆچوونێکی حازربه‌ده‌ست له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌دا نییه.
4- سیاسه‌ت به مانا هه‌ره گشتییه‌کی له نێو لۆچه‌کانی ده‌قدا ده‌توێنه‌وه.
5- نیشتیمان له بیچمه سیاسییه‌که‌یه‌وه ده‌بێته روخسارێکی بێشیکلی شاعیر.
6- ژن کاینێکی فره ره‌هه‌نده و به‌شداری له ده‌ق ده‌کات و هێز و روحی مێینه‌ی ده‌داتی و پیاو ناخاته ده‌ره‌وه ئه‌م هاوکێشه‌یه. ته‌نانه‌ت شاعیر وه‌کو کائینێکی بێرهگهز یا دووره‌گه‌ز خۆی ئاشکرا ده‌کات.
7- شیعری بێ‌مانا له وێنه‌وه به‌ره‌و ده‌لالاته شاراوه‌کان هه‌نگاو ده‌نێت نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
8- هه‌ر شیعره و خاوه‌ن دونیای خۆیه‌تی و هه‌موو وشه‌یه‌ک له سیاق و کۆنتێکسدا حیسێبی بۆ ده‌کرێت و ده‌خوێندرێته‌وه. دژی شکلی حازربه‌ده‌سته.
9- زات و بابه‌ت، ئه‌م دوو سه‌رئێشه کوردییه له نێو یه‌کتر ده‌توێنرێنه‌وه و سنووره‌کانی به ئاسانی ناناسرێنه‌وه.
10- زمان وه‌کو پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی ده‌بێ سه‌یری بکرێت و به بێ زمان شتێک نییه ناوی شیعر و شیعرییه‌ت بێت…
ئه‌حمه‌دی مه‌لا