ئه‌زموون و ئایدیۆلۆجی لە شیعری هەردی دا…٤
1) پێشەكی:
ئه‌مه شیعرێکه له چاپی دووه‌مدا زیاد کراوه. ده‌رباره‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه هه‌ردی روونکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگی نووسیوه:
یه‌کێکه له‌و شیعرانه‌ی له سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کاریدا دامناوه، ره‌نگه هاورێیه‌کی وه‌ك مامۆستا ( عومه‌ر عارف) نه‌بێ که‌سێکی تر لێی نه‌بیستم شیعره‌که خۆی شتێکی ئه‌وتۆ نییه، به‌ڵام له‌چاو کاتی خۆیدا ( که نزیکه‌ی نیوه سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ره شتێکی تازه‌یه: چ له رووی بابه‌ت، هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی نوێوه: به پێویستم زانی بڵاوی بکه‌مه‌وه ( ل 48)
ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه دوو خاڵی گرنگی تێدایه:
1- یه‌که‌م ئه‌مه نموونه‌ی شیعره سه‌ره‌تایه‌کانی سه‌ره‌تای ههرزهکارییهتی ( به‌داخه‌وه هیتر هه‌بوون، نه‌بوونه چیان به‌سه‌ر هاتووه نازایش)
2- دووه‌م: هێشتاش دوای نیو سه‌ده‌یه‌ك هه‌ردی بڵاوکردنه‌وه‌ی به پێویست ده‌زانی که ئه‌مه وایه چونکه: شتێکی تازه‌یه: چ له رووی بابه‌ت و ریزکردن و هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی نوێوه.
سه‌رنجی ئه‌م رسته‌یه‌ی دوایی بده‌نه‌وه:
بابه‌ت ( ریزکردن و هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی نوێ)
ئه‌مه دڵنیایه‌کی دی به بۆچوونه‌دا که هه‌ر زوو ده‌رباره‌ی شیعری هه‌ردی لام گه‌ڵاله بوو بوو:
ئه‌م شیعرانه سه‌رپێ و ته‌نانه‌ت رێکه‌وتنیش نین، هه‌رواش به خۆبه‌ستنه‌وه دانێکی ئاسایی به‌ده‌ست فریشته‌ی شیعره‌وه درووست نه‌بوونه. هه‌رچه‌ند شیعره‌کان ئه‌زموونی ناخیش بن. که‌ره‌سه‌ی دڵیان هه‌بووبێ هێشتا زه‌وق و په‌نجه‌ی ره‌نگینی هونه‌رمه‌ند کاری له‌سه‌ر کردوون. له‌م روونکردنه‌وه‌یه‌دا هه‌ردی تازه‌یی وه‌ك ئه‌زموونی په‌نجا ساڵ له‌وه پێشی خۆی له دوو ره‌گه‌زی شیعردا ده‌بینێته‌وه:
یه‌که‌م: بابه‌ت
دووه‌م: ریزکردن و هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی نوێ.
ئه‌میان دووه‌میان دوو لایه‌نه:
– هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی نوێ
– ریزکردنیان له دێر و پارچه‌ی هۆنراوه‌دا.
ده‌قی هۆنراوه‌که:
ئاخ و داخ و ده‌رد، له ده‌ست ته‌نیایی
په‌شێوی بێ حه‌د، ده‌ردی بێ دوایی
ئه‌م سه‌رسامی یه
بێ ئارامی یه
دڵ ناکامی یه
که‌ی دێ کۆتایی؟
بۆ هه‌ر کوێ ئه‌چم پێی خراپترم
ناسره‌وێ دڵه‌ی پڕ له ئاگرم..!
نه له‌ناو گولزار
نه لای خزم و یار
نه له ده‌شت و شار
ئۆقره ناگرم..!
له ده‌ست شار هه‌ڵدێم، ئه‌چمه ناو گوڵزار
له‌وێش هه‌ڵناکه‌م، دێمه‌وه ناو شار!
وه‌ك ئارام نه‌ماو
دڵ و پێ سووتاو
خانه‌ی خه‌و رووخا‌و
له دنیا بێزار..!
که به تێکه‌ڵ بوون وه‌ها بێزارم
بۆچ به ته‌نیایی په‌شێوه کارم؟!
بۆ وه‌ك ره‌نجه‌ڕۆم؟
وه‌رس بووم له خۆم؟
بۆ هه‌ر کوێ ده‌ڕۆم؟
دڵ بێ قه‌رارم؟!
(1) رواڵه‌تی گشتی هۆنراوه‌که:
ئه‌وه‌ی خێرا سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌کێشێ شێوه‌ی نووسینی هۆنراوه‌که‌یه:
ریزکردنی وشه‌کان و دێڕه‌کان. راسته بۆ ( 1938 ) ئه‌مه له شیعری فۆرمال دا ( مه‌به‌ستم ئه‌م شێوه له فولکلۆردا نامۆییه) تازه‌یه. تازهییهکهش ئاشکرایه له خۆیه‌وه نه‌هاتووه، بیر و بۆچوونێکی تازه خوازی له پشته واته هه‌ردی به مه‌به‌ست بۆ دروست کردن و پێشکه‌ش کردنی ئه‌م تاژهیی یه شیعره‌که‌ی وا نووسیوه. گومانیش نییه که ئه‌م خواست و بۆچوونه‌ش له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه و چاو لێکه‌ری یه‌وه هاتووه.
(2) بابه‌تی ( تیمی) هۆنراوه‌که:
ناونیشانه‌که: بێ ئارامی تا راده‌یه‌کی زۆر تیمه‌که‌ی ده‌رده‌بڕێ گه‌رچی ئه‌م وشه گشتییه به‌ڵام له هۆنراوه‌که‌دا ستانزا به ستانزا زیاتر روون ده‌بێته‌وه. هۆنراوه‌که باسی ( بێ ئارامی) هه‌رزه‌کارێ ده‌کا، که نازانێ چۆن له‌ده‌ست ته‌نیایی هه‌ڵبێ، ئه‌م حاڵه‌ته به شێوه‌ی ( وه‌سف) و نیشاندانی رووداو و دیارده‌کانی ئه‌م بێ ئارامی یه گه‌ێنراوه به خوێنه‌ر.
(3) بنکار و پرۆسه‌ی هۆنراوه‌که:
هۆنراوه‌که له چوار پارچه ( یان ستانزا) پێك هاتووه. هه‌روه‌ك ئاماژه‌م کرد ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی راده‌کێشێ زیاتر له بابه‌تی هۆنراوه‌که فۆرمهکهیهتی: شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی وشه‌کان و دارشتنی و ریزکردنی دێڕه‌کان.
هۆنراوه‌که کێشی فۆلکلۆر په‌نجه‌ی خۆماڵییه
ئه‌و کێشه که شێوه‌ی دابه‌شبوونی ده‌نگه‌کان و له‌مه‌وه وشه‌کان دیاری ده‌کا.
کێشه‌که: کێشی په‌نجه‌ی پێنج بڕگه‌یه.
دوو دێڕی یه‌که‌می هه‌ر ستانزایهك وه‌ك دێڕی ( 10 ) بڕگه‌یی دانرابوون و ئاشکرا لهناوهراستا ( پشوو) یه‌ك یان ( ئیشیك) هه‌یه که ئه‌ویش ده‌کاته دوو نیوه به‌ش 5×5
جیاوازی ئه‌م دوو دێڕه له ئه‌وانی دوای ئه‌وه‌یه ئه‌م دوو دێڕه له‌سه‌ر ریزکردن یان پێکه‌وه به‌ستنی دوو دهبڕگهی قافیه دار ( که له ستانزای یه‌که‌مدا نیوه پێنجیهکانیش هه‌ردوو قافیه دارن، له ئه‌وانی تر ته‌نیا له کۆتایی دا قافیهدارن.
دارێژراوه به‌ڵام دوای ئه‌و دوو دێڕه ستانزاکه له‌ت کراوه و کراوه‌ته سێ که‌رت
پێنج بڕگه‌یی که قافیه دارن له‌گه‌ڵ که‌رتی پێنج برگه‌یی دوایی که قافیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ قافیه‌ی دوو دێڕی یه‌که‌مدا جووت ده‌بێته‌وه به‌مه له ده‌ره‌وه‌دا یه‌کێتییه‌کی فۆرمی دیار درووست ده‌که‌ن، په‌یکه‌ری کێش و قافیه‌ی هه‌ر ستانزایهك به‌م جۆره‌یه
5×5-a
5×5-a
5-b
5-b
5-b
5-a
سه‌رنج ده‌ده‌ین قافیه‌ی دوا دێر له‌گه‌ڵ قافیه‌ی دێری دووه‌مدا جووت ده‌بێته‌وه.
دیاره ئه‌مه خۆی له خۆیدا تازهییهکه له رووی درووست کردنی فره بڕگه‌یی و فره ریتمی و جێ‌گۆرکێی قافیه له شیعره‌که‌دا، دیاره له بنچینه‌دا ئه‌و چواردێر و که‌رت کراوانه‌ش ده‌کرا به دوو دێڕی ( 10 ) بڕگه‌یی بنووسرێن به‌م جۆره
5×5-a
5×5-a
5×5-b
5×5-a
ئه‌م سه‌رسامی یه، بێ ئارامی یه
دڵ ناکامی یه، که‌ی دێ کۆتایی؟
به‌ڵام ئه‌وسا، قافیه‌کان ده‌بوونه قافیه‌ی ناوه‌وه‌یی و وه‌ك ئه‌و شێوه دابه‌شبوونه به‌رچاو و گونجاو نه‌ده‌بوو که هه‌ردی بۆ سه‌رنج راکێشان بۆ تازه‌یی فۆرمه‌که هه‌ڵی بژاردووه.
که‌وایه له‌م رووه‌وه له رووی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شکردنی رێچکهکانهوه شیعره‌که رێك و سه‌رکه‌وتووه.
هه‌ردی سه‌رنجی ئێمه بۆ تازه‌یی بابه‌ته‌که و نوێی وشه هه‌ڵبژاردراوه‌کان و شیعری ریزکردنیان راکێشا.
ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ش: هۆنراوه‌یه‌کی لیرکی رۆمانسیه.
هه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی لیرکی رۆمانسی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتووبێ و ئه‌و ناوه هه‌ڵگرێ، ده‌بێ یه‌کێتیه‌کی ئۆرگانی تێدابێ یان فۆرمێکی ئۆرگانی.
مه‌به‌ست له‌وه‌ش ئه‌مه‌یه: که شێوه و ناوه‌رۆك هه‌ردووکیان تێکههڵکێشیهکی پته‌و له نێوان خۆیاندا داده‌مه‌زرێنن به شێوه‌یه‌ك که جیاکردنه‌وه و لێکدابرانیان زه‌حمه‌ته ئه‌و یه‌کێتیه‌ی فۆرمیه که یه‌کێتی بابه‌ته‌که: پێشکه‌ش کردن و ته‌واوکردنی بیری هۆنراوه‌که ده‌نوێنێ.
سه‌رنجی وشه‌کان بده‌ین:
ساده و کوردی په‌تین. له نێو دێره‌کاندا وێنه و میتافۆرنیه. وشه ساده‌کان به ره‌وانی و بێ گوناهی به دوایه‌کدا دێن: ده‌یانه‌وێ شتێ یان راستر ( حاڵه‌تێ) وه‌سف بکه‌ن: بیخه‌نه ( به‌رچاو) ئه‌م شیعره بۆ چاو نووسراوه.. له چاوه‌وه هێمای دڵ کراوه: هۆنراوه‌که سه‌رکه‌وتوو ده‌بوو که به‌م هێمایه وازی هێنا به‌و ( جه‌خت کردنه‌کانی) دێڕه کورته‌کان نه‌بایه. به‌ڵام ئه‌مه پرۆژه‌ی ئه‌م شعره نیه. پرۆژه‌ی ئه‌م شیعره ئه‌وه نیه ئه‌زموونێك پێ بگه‌یه‌نێ و بنوێنێ. پرۆژه‌که‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه: فۆرمێکی تازه‌ی شیعر وه‌ك ئه‌زموون گه‌ریی پێشکه‌ش بکا. به‌ڵام دیاره هیچ هۆنراوه‌یه‌ك له خۆوه وه‌ك فۆرم ته‌نیا بهریزکردنی وشه په‌یدا نابێ، وشه مانای هه‌یه. ریزکردنی وشه‌کان درووست کردنی مانان: بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ! هه‌ر کاتێ ده‌ست به ریزکردنی وشه ده‌که‌ین ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نامێنن. ئێمه ده‌که‌وینه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه ئه‌وسا ده‌بێ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان لێ بستێنێته‌وه یان دانوستاندن و دایه‌لۆگێکی هێمنیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین تا بگه‌ینه ئاکامی نه شیش بسووتێ و نه که‌باب!!
له‌م هۆنراوه‌یه‌دا: فۆرم گه‌ره‌که: فۆرم له پێشه
ئه‌زموونی تازه‌گه‌ریی ئامانجه.
ئه‌زموونێ که وشه‌ی نوێ و دارشتنی نوێ پێشکه‌ش بکا.
دیاره ئه‌م ئه‌زموونه جوانتر خۆده‌نوێنێ گه‌ر بابه‌ته‌که‌ش تازه‌بێ: بابه‌ته‌که‌شی هاوتای ئه‌و تازهییهبێ به‌هێمنی له‌گه‌ڵیدا بڕوا، به تووڕه‌یی به‌گژی دا نه‌یا.
بۆ ئه‌مه ستراتیژی شیعره‌که له هه‌ڵبژاردن و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا سه‌رکه‌وتووه.
بابه‌ته‌که، تێمه‌که، بیره سه‌ره‌کیه‌که: ( بێ ئارامی) یه
وشه‌کانی ئاخاوتنی بێ ئارامی زۆرن و ده‌شێ ریزیان که‌ی: بێزاری، بێ ئۆقره‌یی، جێ به‌خۆنه‌گرتن، په‌شێویی، نه‌سره‌وتن، جیوه‌یی بوون، هتد
به‌ڵێ: ئه‌م وشانه‌ن که هه‌ردی له فه‌رهه‌نگی ( بێ ئارامی ) یه‌و هه‌ڵی بژاردوون وشه‌کان کوردی په‌تین، له ده‌ربڕینی کلاسیکی ( عه‌ره‌بی دار) په‌رژین کراون.
باشه، ئه‌و یه‌کێتییه ئۆرگانیهی تێدایه که شیعری رۆمانسی لیرکی ده‌یخوازێ؟
ناو ئا:
با جارێ نایه‌که بڵێن: نا- له رووی ئه‌وه‌ی که دارشته‌ی شیعره‌که ستانزای ههڵبژێرابێ نه‌ك وه‌ستاو مه‌به‌ستم له ستانزای ههڵرژاو ( وه‌ك دێڕی ههڵرژاو) ئه‌وه‌یه که وه‌ك مانا و مه‌به‌ست و وێنه ستانزایهك بچێته ناو ستانزایهکی تره‌وه وه‌ك درێژ بوونه‌وه و تێکه‌ڵبوونی جۆگه‌له‌یه‌ك له جۆگه‌له‌یه‌کی تردا و ئه‌وسا ئه‌و دووانه‌ش پێکه‌وه برژێنه ناو جۆگه‌له‌ی سێیه‌مه‌وه. له‌م رووه‌وه هۆنراوه‌که ئه‌و یه‌کێتیه ئۆرگانیهی تێدا نیه. ئه‌م یه‌کێتییه له‌و هۆنراوهدایه که ( ده‌ربڕین) نا- ده‌ربڕین ئه‌م جۆره یه‌کێتیه له‌م هۆنراوه‌یه‌دا راسته چونکه ده‌توانین هه‌ر ستانزایهك به جیا له ئه‌وانی تر بخوێنینه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ماناکه‌ی زیان بێنێ.
ئه‌زموونێکی پێگه‌یشتوو یان کاتێ نووسه‌ر به مه‌به‌ست وه‌ك ئارکێکچهر و هونه‌رمه‌ند ئه‌و یه‌کێتییه به وێنه و ره‌مز و هێما دروست ده‌کا له لایه‌کی دیکه‌وه
به‌ڵێ: یه‌کێتی ئۆرگانی تێدایه. به‌ڵام ئه‌م یه‌کێتی یه پشت به ( ده‌ربڕین) نابه‌ستێ له‌به‌ر ئه‌وه جه‌مسه‌ری ستانزاکان نارژێنه ناو یه‌کتر و به‌ڵکو پشت به ( وه‌سف) ده‌به‌ستێ.
بابه‌ته‌که: بێ ئارامی یه.
بێ ئارامی حاڵه‌ته‌که: حاڵه‌تێکه به جووڵه و نه‌سره‌وتن ده‌رده‌بڕێ. جووڵه و نه‌سره‌وتن ئاسانتره نیشانی بده‌ی له‌وه‌ی ده‌ری بڕی.. نواندنه‌که‌ی له نیشاندانه‌که‌ی دایه.
که‌سێ وه‌سف یه‌کت بۆ بکات، له‌م دیمه‌ن و ده‌تبا بۆ ئه‌و دیمه‌ن تا به پێکه‌وه کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌که دیمه‌نێکی نموونه‌یی ته‌واوی وه‌سفه‌که به تۆ بگه‌یه‌نێ.
یه‌کێتی ئۆرگان ( هه‌ڵبه‌ت ده‌ره‌وه‌یی و کهژاوایی و واتایی) هۆنراوه‌ی بێ( ئارامی) یش له‌وه‌دایه که هه‌ردی هاتووه بۆ نیشان دان و نواندنی حاڵه‌تی تایبه‌تی بێ ئارامی یه‌که چوار ( تابلۆی بینین و حاڵه‌تی) پێشکه‌ش کردووه له دروست کردنی که‌ژاوه‌ی ( ئه‌تمۆسفه‌ری و دیمه‌ن) بێ ئارامیهکهدا ئه‌و ( ده‌زووی) یه‌کێتیه‌ی له بینین و خه‌یاڵی ئێمه‌دا پاراستووه.
هه‌روا جۆره لوجیکێکیش له پێشکه‌ش کردنه‌یدا درووست کردووه:
ستانزای یه‌که‌م: به شێوه‌یه‌کی ساده بیره‌که، تیمه‌که، کێشه‌که پێشکه‌ش ده‌کا: ئای که له ده‌ست ته‌نیایی بێ ئارامم و دڵ ناکامم!
ستانزای دووه‌م: هه‌ڵدێم له ته‌نیایی. سره‌وتم نیه. ده‌چمه ناو گوڵزار، ده‌چمه ده‌شت و ده‌ری شار، سه‌ر له خزم و دۆست و یاران ده‌ده‌م: نا له هیچ شوێن ئۆقره ناگرم.
ستانزای سێیه‌م:
هه‌ر به ته‌واوی شار به‌جێ دێم بۆ ناو باخ و گوڵزار. له‌وێ هه‌ر بێ تاقه‌تم. خێرا ڕاده‌که‌م دێمه ناو شار. له‌وێش هه‌ڵناکه‌م. نه‌ك هه‌ر وه‌ك (سه‌گی) پێ سووتاو وام (وه‌ك قسه کوردیه‌که)، من گه‌نجی دڵ سوتاووم. خانه‌م ڕوخاوه، له دنیا بێزارم.
ستانزای چواره‌م:
گه‌ر چاره‌ی ته‌نیای تێکه‌ڵبوون بێ: ئه‌وه تێکه‌ڵ بوونی خه‌ڵك زیاتر بێ تاقه‌ت و په‌ستم ده‌کا.
گه‌ر چارهنهویستنی خه‌ڵك به گۆشه‌گیری و ته‌نیای بێ، ئه‌وه بۆ ته‌نیایی په‌شێو ترم ده‌کا.
ئه‌نجام: نازانم.
وه‌ڕه‌سم. ڕه‌نجه‌ڕۆم. بێ قه‌رارم!!
وه‌ك ده‌بینن له‌م هۆنراوه‌یه‌شدا وه‌ك زۆربه‌ی هۆنراوه ده‌کات هه‌ردی چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌که نیه، کۆتایی دووباره‌تر کردنه‌وه و سه‌لماندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تاکه‌یه.
هه‌روا سه‌رنج ده‌ده‌ین: له ڕێگای وێنه گرتنی ئه‌و دیمه‌ن و حاڵانه‌وه به‌ڕاستی هه‌ردی توانی فۆرمه ئۆرگانیهکه به شێوه بیریهکهی ببه‌خشێ. ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه: بابه‌ته‌که ده‌وڵه‌مه‌نده، چارهسهرکردنهوهکهی هه‌ژارانه‌یه، ئه‌میش تازه شاعیر بووه و مه‌به‌ستیشی زیاتر یاری کردن به وشه و دڵدانه‌وه‌ی خۆشی بووه.
ده‌سا گه‌ر ئه‌م بابه‌ته به ده‌ست (گۆران) ه‌وه بایه، خوا ده‌زانێ چی لێ ده‌خولقاند.
ئه‌نجام: ئه‌و شیعره نموونه‌یه‌کی به‌هێزه بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌ردی به مه‌به‌ست و ئامانج وشه و داڕشتنه‌کانی هه‌ڵبژاردوون، پێشتر خۆی به شێوه‌ی ڕۆمانسی بێگانه ته‌واو بووه به ڕۆحی ئاشنا کردووه، ڕۆحی شه‌یدای بووه، به‌ڵام ڕه‌مه‌کیانه وه‌ك دیاره له دڵدارییهکانیدا کردوویه‌تی خۆی به ده‌ست حه‌زه ههرزهکاریهکانهوه نه‌داوه خۆی پێگه‌یاندووه. پرۆژه شیعریه ڕۆمانسیه‌که‌ی به گرانی و گرنگی وه‌رگرتووه. بۆیه قه‌ت به‌وه ڕازی نه‌بووه شتێ بێ ده‌نگدانه‌وه‌ی ڕاستگۆیانه‌ی ڕۆحی خۆی نه‌بێ. که بۆ ئه‌وه‌شی ڕاکێشا له‌گه‌ڵ ده‌روونی خۆی دڵسۆز نه‌بی، بێده‌نگ کرا.
بەشی هەشتەم و دوایی: ئه‌نجام و سەرەتاکانی ئه‌م لێکۆلینه‌وه‌یه
یه‌که‌م: پرسی میتۆدۆلۆجی خوێندنه‌وه‌ی شیعر:
به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م باسانه بنووسم هیچ جۆره میتۆدێکی ره‌خنه‌یی تایبه‌تیم بۆ ده‌ستنیشان نه‌کردبوون. تاقه میتۆدێ ئه‌وه بوو هۆنراوه‌کان بخوێنمه‌وه و له رێگای ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا (ئخاوتنی شیعریی) ئه‌حمه‌د هه‌ردی دیاری بکه‌م.
پرسیارێ لێره‌دا درووست ده‌بێ: ئایا خوێندنه‌وه خۆی میتۆدی ناوێ؟ ئایا خوێندنه‌وه‌ی بێ میتۆد هه‌یه؟ مادام هه‌موو خوێندنه‌وه‌کان وه‌ك یه‌ك نین، ده‌بێ له پاڵ ئه‌و خوێندنه‌وانه‌دا، بۆچوونی جیاواز هه‌بێت؟
ئه‌مه وایه به‌ڵام مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه که ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌یان کرد پێشه‌کی هیچ جۆره پێشبیرییهك و گریمانێك و ره‌گه‌زێکی تییۆریم ههڵنهگرتبوون تا به پێی ئه‌وان یان به سه‌پاندنیان ده‌قه‌کان بخوێنمه‌وه، به واتایه‌کی دی: خولیای من ئه‌وه بوو ده‌رفه‌ت به ده‌قه‌کان بده‌م وه‌ك هه‌ن خۆیان چه‌شن و مه‌ودا و دووریی خوێندنه‌وه‌ی خۆیان دیاری بکه‌ن.
به‌ڵام خوێندنه‌وه له تییۆری دابڕاو نییه. ئێمه باسی ده‌ق ده‌که‌ین: واته باسی زمان.. باسی وشه و پێگه‌شه و توانبووهکانی داڕشتن و گه‌یاندنی.
ستراکتورالیستهکان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان بوو هه‌موو ده‌قێ له رسته‌یه‌کدا بخوێننه‌وه، به‌و مانایه‌ی که هه‌موو ده‌قێ شایانی ئه‌وه‌یه بۆ رسته‌یه‌ك کەموت بکرێته‌وه.
رسته‌ی: ”من دوێنێ سه‌گه زه‌رده‌که‌م له‌ناو باخه‌که‌دا دی” – هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه که هه‌ر ستراکتوورێکی هه‌بوونی، به‌لای که‌مه‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی هۆشیاری مرۆڤ ده‌شێ بینوێنێ، تێدایە: بکه‌ر، به‌رکار ، پیرێزهی ئاوه‌ڵناویی و ئاوهڵکرداریی شوێن و کات و ، کردار.
ئه‌مه لای ستراکتوریستهکان ئه‌و ستراکتووره زانگهییه ته‌واوه پێك دێنێ که ده‌شێ هه‌موو ئهرکیتێکچەری زانینی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنین. دیاره ئه‌م بۆچوونه‌ی ستراکتورالیستهکان له‌سه‌ر بنچینه‌ی تیئۆرییه زمانه‌وانییه‌کانی زمان‌ناسی سویسری فێردیناند سۆسهر بنیات نران. پرینسیپی بۆچوونی سۆسهر بۆ زمان ئه‌وه‌یه که زمان کۆدێکی جیاکراوه‌ی مانایه. جه‌خت کردن لێره‌دا له‌سه‌ر وشه‌ی جیاکراوه یان جیاکاره، لای سۆسهر هیچ پێوه‌ندییه‌کی دیار یان یه‌ك- بۆ- یه‌ك له نێوان نیشانهکار signifier واته وشه و نیشانه‌کراو signified واته مانادا نییه. واته ئێمه ناتوانین پێوه‌ندییه‌کی لۆجیکی له نێوان وشه وه‌ك ئامرازێکی وتراو یان نووسراو و ئه‌و بیرۆکه یان مانایه‌ی دەیگهیهنێ، بدۆزینه‌وه. هه‌ردووکیان: نیشانه و نیشانهکراوهکهی، یان وشه و مانا‌و بیرۆکه‌کانی، له‌ناو سیستمێکی جیاوازی ده‌نگ و مانادا به‌ندن. جیاوازی ئه‌و ده‌نگانه‌یه که پێیان ده‌وترێ جووتهدژ (binary oppositions) که‌وا ده‌کا مانا جیاوازه‌کان درووست ببن، بۆ نموونه ( باخ) و ( شاخ) لێك جیا ده‌کرێنه‌وه و مانای جیاوازییان هه‌یه ته‌نیا به هۆی گۆڕان له پیتی ماتی یه‌که‌میاندا واتە /ب/ و /ش/ ؛ هه‌روا ( شاخ) و ( شۆخ) لێك جیاده‌کرێنه‌وه و مانای جیاواز ده‌به‌خشن به هۆی جیاوازی پیتی بزوێنی (دووه‌می) وشه‌کان واتە / ا/ و / ۆ / . به‌م پێیه زمان پشت به ئابوورییه‌کی ستراکتووریکراوی جیاوازییه‌کان ده‌به‌ستێ: ئه‌مه‌ش بۆ مه‌ودایه‌کی که‌می ره‌گه‌زه زمانه‌وانییه‌کان ده‌لوێنێ که کۆمه‌ڵێکی زه‌به‌ند له گه‌نجینه‌ی مانای په‌یداکراو نیشانه بکه‌ن. به‌م پێیه سۆسهر لای وابوو که زمانه‌وانی ده‌توانرێ بنچینه‌یه‌کی زانستی بۆ دابنرێ ته‌نیا به وه‌رگرتنی بۆچوونێکی سینکرۆنیک synchronic ی (نەگۆڕ) بۆی، بۆچوونێك که زمان وه‌ك تۆڕێکی پێوه‌ندییه ستراکتوورییهکان له کاتێکی مێژوویی دیاریکراودا ده‌بینێت.
سۆسەر بنچینه‌ی تییۆریی بۆچوونه‌که‌ی له‌سه‌ر سێ بنه‌مای سه‌ره‌کی داده‌نێ:
1- رهمهکییبوون (واته نه‌بوونی یاسا و لێکدانه‌وه‌ی لۆجیکی) : سۆسهر ده‌ڵێ ( پێوه‌ندی لە نێوان نیشانهکار و نیشانه‌کراو، (یان وشه و مانادا) ره‌مه‌کییه. هیچ پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆ له نێوان ( وشه) و ( شت) دا نییه، بۆ به کوردی به ئاو ده‌لێین ( ئاو)، به عه‌ره‌بی ( ما‌ء)، به ئینگلیزی water؟ ئه‌مه رهمەکی یه و بە هیچ یاسا و لۆجیکێك لێک نادرێته‌وه، ئه‌وه‌نده هه‌یه وه‌ك رێزمان له هه‌موو زماناندا نیشانه ده‌نگییه‌کان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌ی که پێشتر باسمان کردن، مانا درووست ده‌که‌ن، ئه‌و که‌مترین ده‌نگه جیاوازانه (بڕگەدەنگ-فۆنیم) ن.
2- مانا کۆمهڵوارییه conventional: هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی مرۆڤ زمانی هاوبه‌شییان هه‌یه به‌و مه‌به‌سته‌ی که ئه‌وان له نێوان خۆیاندا له نیشانهکار (وشه‌کان) و ماناکانیان حاڵی ده‌بن. به‌ڵام ئه‌و وشانه به شێوه‌یه‌کی ره‌مه‌کی دروست بوون و قسه‌که‌ر و توانای گۆڕینیانی نییه واته ناتوانین (ئاو) لابه‌ین و وشه‌یه‌کی دی دابنێین که هه‌موو له‌سه‌ری رێك بین، له‌به‌ر ئه‌وه زانینی ئێمه ده‌رباره‌ی جیهان به شێوه‌یه‌کی دانه‌بڕاو به‌و زمانه رێکخراوەوە مه‌رجدار کراوه که بۆ نواندنی بەكاری دەهێنین. رهمهکییبوونی (arbitrary) نیشان sign بووه هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پهیوهستییهی که کۆژیریی مرۆڤ commonsense له نێوان ( وشه) و ( شت) دا ده‌یکا. مانای وشه‌کان لای سۆسهر له کۆبه‌ندێکی پێوه‌ندی جیاوازییدا تێماون که به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر شێوه و نه‌رێتی بیرکردنه‌وه و جیهان بینیمان دیاری ده‌که‌ن. نه‌ك هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کمان بۆ سه‌ر وابوو (ریالیتی) بۆ ناکاته‌وه، به‌ڵکو زمان له‌گه‌ڵ خۆیدا تۆڕێکی ئالۆزی مانانیشانیی signification دامه‌زراو بۆ ئێمه دێنێ. به‌لای ئه‌وه‌وه زانینی ئێمه ده‌رباره‌ی شته‌کان به شێوه‌یه‌کی ناژیرانه و نالۆجیکانه به کۆبه‌ندی کۆد و نه‌ریته‌وه گرێدراوه: که ته‌نیا ئه‌وه‌یه وامان لێده‌کا بتوانین ههڵرژانی ئاژاوهئامێزی ئه‌زموون پۆلین و رێك بکه‌ین. به ساده‌یی هیچ رێگایه‌کمان بۆ زانین نییه جگه له زمان و ریزبه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به نواندنه‌وه. ژیان و وابوو (ریالیتی) یه پێی ئه‌و بنکاره فرهچهشنانهی ( وهكیهکیی) و (جیاوازیی) که زمانه‌کان پێمانی ده‌ده‌ن. په‌رت په‌رت و پارچه پارچه کراوه. ئه‌م رێژه‌یی یه بنه‌ڕه‌تییه‌ی بیر و مانا خاڵی ده‌ستپێکردنی تییۆریی ستراکتورالییه. میتۆدۆلۆجی ستراکتوورالی ئهنهلۆجی ( پێکچووی) فۆنیم ( بڕهدهنگ) وه‌ك بچووکترین یه‌که‌ی مانا به‌کار دێنێ. ئه‌و فۆنیمه خۆی له خۆیدا هیچ مانایه‌کی ناوکیی (ناوه‌وه‌یی) حەشاردراوی نییه، ته‌نیا به هۆی شوێنی فۆنیمهکه که له‌ناو کۆبه‌ندێکی ئالۆزدا مانا په‌یدا ده‌کا، فۆنیم ده‌ناسرێ و جیاده‌کرێته‌وه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌یه و ( شتێکی دیکه) نییه. فۆنیمی/ ب/ و /ش/ له‌وشه‌کانی باخ و شاخدا بۆیه مانادارن چونکه ،گه‌رچی وه‌ك پیتی ماتی به لێو وتراو لێك نزیکن، به‌ڵام یه‌ك نین، هیچیان ئه‌وی دیکه‌یان نین. ئه‌و ده‌نگانه‌ن،. چ مات چ ده‌نگدار یان بزوێن، که ئه‌و توانسته بێ پایانهیان هه‌یه که له رێگای پێکه‌وه‌به‌ستن و ریزبه‌ندیدا ژماره‌یه‌کی بێ پایان له نیشانه ( وشه) دروست بکه‌ن.
3- زمان كۆبەندی پێوەندییەكانە: له‌م ڕووه‌وه سۆسهر ده‌ڵێ: “زمان کۆبه‌ندی زاراوه‌ی پێکهوهبهنده که تێیاندا به‌های هه‌ر زاراوه‌یه‌ك ته‌نیا به‌هۆی ئاماده‌یی هاوکاتی ئه‌وانی تر په‌یدا ده‌بێ.”(1974: 114)
هه‌روا ده‌ڵێ: له زماندا ته‌نیا (جیاوازیی) بێمه‌رجی پۆزه‌تیڤ هه‌یه. ئێمه چ باسی نیشانهکار signifier چ نیشانهکرا و signified بکه‌ین زمان نه ئایدیای هه‌ن نه ئه‌و ده‌نگانه‌ی هه‌ن که به‌ر له هه‌بوونی کۆبه‌نده زمانه‌وانییه‌که linguistic هه‌بوون، به‌ڵکو ته‌نیا ئه‌و جیاوازییه بیرزایی و ده‌نگییانه‌ی هه‌ن که له کۆبهندهکهوه په‌یدا ده‌بن.
له‌م بۆچوونه زمانه‌وانییه‌وه ستراکتورالیستهکان ده‌گه‌نه ئه‌م ئه‌نجامانه:
• زمان ده‌زگایه‌کی گرۆیی یان کۆمه‌ڵییه.
• رسته‌سازیی و ماناسازیی هه‌ر زمانێ کۆمه‌ڵه رێوشوێنێ (رێسایه) به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن که قسه‌که‌ر ده‌بێ وه‌ریان بگرێ و خۆی له‌گه‌ڵیاندا سازدا.
• زمان سه‌ربه‌خۆیه له بڕیار و به‌کارهێنانی تاکه‌که‌س.(Keith Green & Jill Lebiham: 55)
له به‌کارهێنانی ئه‌م بیرزایانه (چه‌مکانه) دا بۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ستراکتورالیستهکان ( بۆ نموونه pigart له کتێبی ستراکتورالیزم ((1971 دا، جه‌خت له‌سه‌ر کارکردنی ناوه‌وه‌ی ستراکتووری ده‌قه‌کان ده‌که‌ن: چ وه‌ك تاکه ده‌قێك، چ وه‌ك به‌شێك له چوارچێوه‌یه‌کی فراوانتری ئه‌ده‌ب. ستراکتورهکان وا سه‌یر ده‌کرێن که خۆیان له خۆیاندا ته‌واون و له ده‌قه‌کاندا ئاشکران و ده‌شێ بدۆزرێنه‌وه و پۆلین بکرێن. که‌وایه گه‌ر ئه‌ده‌ب کۆبه‌ند (سیستم) بێ ئه‌وه کۆبهندێکه که له‌سه‌ر ریزبه‌ندیی ناوه‌وه‌ی خۆی دامه‌زراوه، نه‌ك هیچ کارتێکردنێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کۆبه‌نده. له‌م روانگه‌وه ستراکتورالیزم ده‌گاته ئاستێکی ئه‌وپه‌ڕی (ئێکستریمی) فۆرمالیزم: مێژوو و کۆئاخن وه‌ك بابه‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆبه‌نده‌که سه‌یر ده‌کرێن که کار له کارکردنه‌که‌ی ناکەن. لێره‌وه رێزمانی هه‌ر زمانێك بریتییه له وه‌سفی ئه‌و رێوشوێن و یاسایانه‌ی که رێگه ده‌دا رسته‌کان دروست ببن: لێره‌وه رێزمان و رسته‌سازیی ده‌بنه هاومانا و هه‌ردووکیان ده‌ستنیشانی رێکخستنی فۆرمالی نیشانه‌کان له هه‌ر ده‌قێکدا ده‌که‌ن. شیکردنه‌وه‌ی ستراکتووریی ده‌ق وه‌ك شیکردنه‌وه‌ی رێزمانیی یان رسته‌سازیی ئاخاوتن وایه: که بریتییه له شیکردنه‌وه‌ی فۆرم و ستراکتوور به‌ڵام پێمان ناڵێ رسته‌که مانای چییه، لێره‌وه هه‌ندێ زمان‌ناسی وه‌ك چۆمسکی ئاستی (مانا) به ته‌واوی له ئاستی رێکخستنی فۆرمالی رسته یان زمان جیاده‌که‌نه‌وه. مرۆڤ ستراکتوورهکان وا به ساکاری بۆ مه‌به‌ستی خۆی دروست ناکات. ستراکتورهکان ناوکیین، و حوکمی پرۆسه‌ی زانکاریی و ناسینکاریی ده‌که‌ن. لای ستراکتورالیست: شێوه (فۆرم) ناوه‌ڕۆکه. مانا ئه‌و ستراکتوورهیه که په‌یدای ده‌کات.
شیکردنه‌وه‌ی زمانه‌وانیی فۆرمالیی له ئاستی رسته‌دا ده‌وه‌ستێ. به‌ڵام ستراكتۆرالیستهکان وه‌ك بارت^ Barth، ئه‌مه وه‌ك نموونه‌کار (پەرەدایم) بۆ ته‌واوی ئاخاوتن سه‌یر ده‌که‌ن.
جۆناثان که‌له‌ر Jonathan Culler له کتێبه‌که‌یدا ‘’ ئه‌ده‌بیاتی ستراکتورالیست’’ )1975) structuralist poetics وه‌ك باشترین تیئۆرییهوانێکی ستراکتوررالیست هه‌ر خۆی لەو ئاخاوتنه‌ی چۆمسکی نزیك ده‌کاته‌وه که ستراکتوورهکانی زمان به شێوه‌یه‌کی حه‌شار له مێشکی مرۆڤدا پرۆگرام کراون و دوو ئه‌رکیاریی تهنگهبهرکردنی زمان و دروستکردنی زه‌مینه‌ی تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی مرۆڤان ده‌بینن.
لای که‌له‌ر تێگه‌یشتنی ئێمه له تێکسته ئه‌ده‌بییه‌کان به (ڕێزمانێکی) له‌م چه‌شنه مه‌رجدار کراوه. ئه‌مه‌یه وامان لێ ده‌کا بتوانین ستراکتووری مانای گونجاو له کۆمه‌ڵه زانیارییه‌کی زۆر و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ و ناڕێك هه‌ڵێنجین. له هه‌مان کاتدا دان به‌وه‌دا ده‌نێ که ده‌قی ئه‌ده‌بیی ، جیا له قسه‌ی رسته‌ی رۆژانه، ( کۆدی تایبه‌تی) تێگه‌یشتنیان تێدا هه‌یه که ده‌بێ لێیان شاره‌زابین و ناتوانین به رێزمانێکی گه‌ردوونی وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه. له‌م ئاسته‌دا که‌له‌ر، تایبهتییهك بۆ زمانی ئه‌ده‌بی ده‌هێڵێته‌وه: زمانی شیعر پتر هه‌وڵی ئۆتۆنۆمییه‌کی زمان ده‌دات.
ئه‌م ئۆتۆنۆمییه‌ی شیعر له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌کی دی له تییۆرییهوانانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی – یه‌وه که پێیان ده‌وترێ ( ره‌خنه‌ی نوێ (new criticism) به توندی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کرێ. ره‌گوریشه‌ی(ره‌خنه‌ی نوێ) له به‌ریتانیا له کاره‌کانی تی، ئێس. ئیلیۆت و تییۆری ( ره‌خنه‌ی پراتیکی( ئای، ئه‌ی، ریچاردز و پراوه‌ی ره‌خنه‌یی ولیام ئیمپسن William Empson دا ده‌بینرێ. به‌ڵام ئه‌م ره‌وته ره‌خنه‌ییه به شێوه‌یه‌کی به‌هێز له ئه‌مریکادا په‌ره‌ی سه‌ند. پێشره‌و له‌م کاره‌دا جۆن کراو رانسۆم John Crowe ransomبوو له کتێبه‌که‌یدا به‌ناوی ره‌خنه‌ی نوێ که له ساڵی 1941 دا بڵاوی کرده‌وه و قه‌رزداریی خۆی بۆ ئیلیۆت و ریچاردردز ده‌رده‌بڕێ. (New Criticism (1941)
رەخنەگرە نوێیە گەورەكانی تر بریتین له کلینیث بروکس Cleanth Brooks ، ,, Alan Tateروبه‌رت پێن وارن Robert Penn Warren و ( و، ك، ویمسات W. K. Wimsatt)
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ره‌خنه‌ی ئەمریکی نوێ ئه‌وه بوو جێبرییهك ( ئهلتهرناتیفیك) بۆ ره‌خنه‌ی بنسهرجی( ئینتیباعی) بدۆزێته‌وه. ئه‌وان باوه‌ڕییان به ( ره‌خنه‌ی حه‌شار- ناوکیی) هەبوو، واته بایه‌خ دان به ده‌قی ئه‌ده‌بی وه‌ك کارێکی سه‌ربه‌خۆ و دوورخستنه‌وه‌ی له بۆچوون و بنسهرجی که‌سیی. ئه‌مه‌یان دژ به بۆچوونی ره‌خنه‌یی ده‌ره‌وه‌یی external یە که زیاتر گرنگیان به نیاز و مه‌به‌ستی نووسه‌ره‌که و هۆکار و پێشینه‌ی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆرالیی و ده‌وری جمهور ده‌دا. ره‌خنه‌ی نوێ له سه‌ره‌تادا به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بایه‌خی به شیعری لیریکی ده‌دا و به به‌رزترین فۆرمی شیعری داده‌نا که تێیدا پێچمانایی و گرژیی tension و پهرهدۆكس و ناوشاركێ یان ئاڵۆزیی ambiguity به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌گه‌ڵ زمانی مانایی دا تێکه‌ڵ ده‌بن که‌وا ده‌کا زمانی شیعری زمانێکی تایبه‌تی و تاکوێنه بێ و شایانی ئه‌وه نه‌بێ که پارچهشیکار بکرێ یا (پارهپێرێزه) paraphrase بکرێ. هه‌روا ئه‌وان باوه‌ڕیان وابوو که شیعریش له‌رووی سیمانتیکیهوه (واتاناسییه‌وه) له زمانی ناشیعریی جیایه چونکه هێما بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ناکا به‌ڵکو له‌ناو کۆئاخنی ستراکتووری خۆیدا ئه‌رکیاریی خۆی ده‌بینێ. ئالان ته‌یت Allan Tate له ده‌سته‌ی ره‌خنه گرانی نوێی ئه‌مریکا، ره‌خنه‌ی شیعر له زه‌مینه‌یه‌کی نێوه‌ند له نێوان خه‌یال و عه‌قلی فه‌لسه‌فیدا داده‌نێ، ئه‌و گرژییه‌ش به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌کا که هۆنراوه له‌ناو چوارچێوه‌ی سنووره فۆرمالییهکانی خۆیدا دابخات. شیعر‌و کاری خه‌یاڵکرد شوێن و پایه‌یه‌کی خۆسهلمێنهرییان هه‌یه که دۆگما جۆراوجۆره‌کانی میتۆدی ره‌خنه‌یی ده‌توانن ده‌ری بخه‌ن. گرفته بیرمه‌ندییه‌کانی وه‌ك پێوه‌ندی نێوان (فۆرم) و مانای گهێندراو به‌وه حاشایان لێ ده‌کرێ که هه‌رچۆنێ بێ بە به‌شێکی پێکهێنه‌ری ره‌وشی بوونی ئاڵۆز و تاکوێنهی شیعر دابنرێن.
ره‌خنه‌ی نوێ به وته‌ی William K Wilmsat شیعری به ( ئایکۆنێکی وشه‌یی) دانا‌و کردی به خاڵی کۆبوونه‌وه‌ی ره‌خنه‌یه‌ك که بۆ دانی زێده‌مافی ئۆتۆنۆمی به زمانی شیعری خۆی ته‌رخان کردووه: ( Wilmsatt 1954 ) لای ئه‌وان زمانی شیعری به هیچ جۆرە هاوتایه‌کی په‌خشانیی عه‌قلیی ته‌رجه‌مه ناکرێ. هۆنراوه بابه‌تێکی پیرۆزە که ئۆتۆنۆمیه‌که‌ی پێویستی به رێزگرتنی ته‌واوی جیاوازیی نێوان ئه‌و زمانه شیعرییه و ئه‌و زمانه په‌خشانییه ( عه‌قلییه) هه‌یه که ره‌خنه‌گران بۆ وه‌سف کردنی به‌کاری دێنن. ( Norris, 1991: 8)
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆکرد ره‌خنه‌گرانی نوێ به‌م بۆچوونانه بۆ ره‌خنه‌ی شیعر زیاتر له سه‌رنجدان و هه‌لسه‌نگاندنی شیعری لیرکی به‌تایبه‌تی شیعری لیریکی رۆمانسیهوه، گه‌یشتن. بزووتنه‌وه‌ی شیعری رۆمانسیی ئه‌وروپیی له ئینگلته‌را و ئه‌لمانیا و فه‌ره‌نسا فۆرمێکی شیعری نوێیان هێنایە کایه‌وه که ته‌واو له شیعری کلاسیکی جیا بوو. جیایه‌تی له رووی ستراکتووره‌وه له‌وه دابوو که ئه‌و شیعر و هۆنراوه نوێیه، به تایبه‌تی هۆنراوه‌ی لیریکی کورت، هه‌مووی وه‌ك بوویه‌کی ئۆرگانی تێکپچراو هێنایه گۆڕێ که وشه‌کان تێیدا هه‌مووی وه‌ك شانه‌ی زیندوو وان و به هه‌موویان سیما و رۆحی هۆنراوه که پێك دێنن، بە چه‌شنێ که جیاکردنه‌وه‌ی وشه له ستراکتوور، ستراکتور له فۆرم و فۆرم له بابه‌ت و ناوهڕۆك، کارێکه له مه‌حاڵ نزیکه. جگه له‌مه‌ش له‌و جۆره هۆنراوانه وه‌ك هۆنراوه‌کانی ولیام بلهیك، وردزوێرت، کولریج، شێلی، کیتس، وشه ده‌بێته بوونه‌وه‌رێکی سه‌یری نوێ. که به‌یه‌ك جۆره ژیان و پێناسه رازی نییه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه مۆسیقا و وێنه ده‌بنه دوو ره‌گه‌زی بنچینه‌ی ستراکتوری شیعری.
ستراکتورالیستهکان له هه‌وڵدانیاندا بۆ کهموت کردنه‌وه‌ی ( کهموت: که‌م و کورت) هه‌ر ئاخاوتنێك بۆ جیاوازی نیشانکاره‌کان و دۆزینه‌وه‌ی ستراکتوری هاوبه‌شی ئه‌و کۆبهندهی تێیدا و به‌هۆیه‌وه پێك دێن و پێکی ده‌هێنن، له کاتێکدا پێکارێکی باشیان بۆ تێگه‌یشتنێکی قووڵتری زمان پێشکه‌ش کرد، هه‌ر له‌و کاتدا ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کانیان زۆرجار لە کۆمه‌ڵه هاوکێشه‌یه‌کی میکانیکی وشك و بێ مانادا خڕکردۆته‌وه. گه‌رچی هه‌وڵدانی ستراکتورالیستهکان بۆ به‌کارهێنانی ره‌خنه وه‌ك ( میتازمان/ بانزمان) ( زمانێ له سه‌روی زمانه‌وه) بۆ ئه‌وه بوو که کۆدو نه‌رێتی هه‌موو ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کان ئاشکرا بکات، ئه‌وان زیاتر له به‌کارهێنانی ئه‌م بۆچوونه بۆ ئاخاوتنی گێرانه‌وه، واته چیرۆكخوانیی سه‌رکه‌وتووتر بوون له‌وه‌ی هی شیعر. پۆست ستراکتورالیستهکان به تایبه‌تی دێریدا هه‌وڵی هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی پرینسی ستراکتوریالیهکاندا هه‌ر له‌وکاتیشدا، دێریدا هه‌وڵی دا ئه‌و (میتافیزیکییه‌ی) دراوه به زمانی شیعری، به جیاکردنه‌وه‌ی له زمانی نووسینه‌وه له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌بوونی ( ئاماده‌یی) و راسته‌وخۆیی یان یه‌کسه‌ری بوون له شیعردا و بایه‌خدانی زیاتر به پێشینه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر نووسیندا، هه‌لبوه‌شێنێته‌وه. دێریدا هه‌وڵی دا هه‌ر ئه‌و زمانه میتافۆرییهی شیعر خۆی به‌کاری دێنێ، وه‌ك ئامرازێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه میتافیزییهکهی به‌کاربێنێ. به‌هه‌رحاڵ مه‌به‌ستی لێره‌دا ئه‌وه نیه بچمه ناو ئه‌م باسه‌وه و دروستی یان نادروستی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ی دێریدا لێك بده‌مه‌وه. دیاره لێره‌دا له رووی بۆچوونی فه‌لسه‌فییه‌وه هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌بی و دابەزاندنی بۆ ئاستی هەر ئاخاوتنێکی دی ده‌دا.
ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و بهرچاوخستنه چڕه‌ی سه‌ره‌وه دەمەوێ بیڵێم ئه‌وه‌یه: که من له‌گه‌ڵ به ئاگابوون و شاره‌زاییم له‌م جۆره بۆچوونانه به هیچ جۆر هیچ کامێکیانم له بۆچوون و شیکردنه‌وه‌ی شیعره‌کانی هه‌ردی دا به‌رچاو نه‌کرد. به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك بکه‌م به هیچ جۆرێ نه‌مزانیوه چۆن ده‌یخوێنمه‌وه و چه‌ندی له‌سه‌ر ده‌نووسم. به‌لای خۆشمه‌وه سه‌یر بوو که باسه‌که‌م له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی (شۆرشی نائومێدی) گه‌یشته 12000، وشه!! ئێستا که له‌به‌ر رووناکایی که‌مێ له‌و ئاخاوتنانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا سه‌یری لێکۆلینه‌وه‌کان بکه‌م، خۆم له‌و لێکۆلینه‌وانه‌دا له بۆچوونی ره‌خنه‌گرانی نوێ وه نزیك ده‌بینم.. ئه‌وان جه‌خت له‌سه‌ر تایبه‌تێتی زمان و فۆرمی شیعری لیریكی ده‌که‌ن. به‌لای ئه‌وانه‌وه ره‌خنه‌ی عه‌قڵی ناتوانێ و ناشێ شیکردنه‌وه‌ی زمانی شیعری لیرکی بکات. ته‌نانه‌ت ئه‌وان هه‌ر شیکردنه‌وه و پارچه پارچه کردنێکی شیعره‌که‌یه به زمانی په‌خشان به جۆرێك له تاوان ده‌زانن! زمانی شیعر خۆیه‌تی! زمانی شیعر بە په‌خشان ته‌رجه‌مه ناکرێ! من ئاسووده‌م که هه‌ست ده‌که‌م له‌م لێکۆلینه‌وه‌یه‌دا به‌بێ نه‌خشه و به‌رنامه و ته‌نها به خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی عه‌قڵی و رۆحی به رۆحی هۆنراوه‌کان تا راده‌یه‌ك ئه‌و کێشه‌یه‌ی ره‌خنه‌گرانی نوێم وه‌ڵام داته‌وه، من لێگهرام شیعره‌کان خۆیان ئه‌و زمانه‌ش دیاری بکه‌ن که بۆ شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌یان به‌کاری دێنم. دیاره هه‌وڵم داوه که به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌کادیمی بۆ خوێندنه‌وه‌کانم دابنێم، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها وه‌ك ئه‌و لایه‌ن و دامێنانهی که خوێندنه‌وه‌کانم ده‌یانگرێته‌وه، ئه‌گینا بۆ ( زمانی ره‌خنه) که‌م هه‌وڵم نه‌دا پشت به هیچ تیۆری و قوتابخانه‌یه‌کی ره‌خنه‌یی ببه‌ستم. گه‌ر ناڕه‌زایی ره‌خنه‌گرانی نوێ له شتیکردنهوهی فه‌لسه‌فی، عه‌قڵانی شیعری ئۆرگانی لیریکی ئه‌وه بێ که له زمانه شیعره‌که داده‌شکێنێ و به‌مە ئۆتۆنۆمییه تا كوێنهکهی به‌ناهه‌ق ههلدهوهشێنێ، ئه‌وه من ئێستا ده‌بینم که له‌جیاتی ئه‌وه‌ی زمانی ره‌خنه‌یی خۆم به‌سه‌ر هۆنراوه‌کاندا بسه‌پێنم، هاتووم ،دیاره دیسان جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌مه‌وه بێ به‌رنامه و پێش مەبه‌ستی، له‌گه‌ڵ شیعره‌کاندا ژیاوم. بۆیه ده‌کرێ ئه‌م ره‌خنه‌یه‌م ناوبنێم (ره‌خنه‌ی له‌گه‌ل کاره‌کاندا ژیان)، یان هاوبه‌شکردنی ئه‌زموونی شاعیر و نووسه‌ر، جیایه له‌وه‌ی بێ بنسهرنجی که‌سی خۆت به‌سه‌ر شیعره‌که دا بسه‌پێنێ. چونکه به‌و جۆره لێکۆلینه‌وه‌ی کردم وه‌ك ستراتوریهکان و ره‌خنه‌گرانی نوێ ده‌خوازن شیعره‌کان وه‌ك بابه‌تی سه‌ربه‌خۆ وه‌رگیراون که حاله‌تی هه‌بوون ستراکتووری ناوه‌وه له‌مه‌وه فۆرمی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. هاوبه‌شیی ئه‌زموونه‌که و له‌گه‌ڵدا ژیانی شیعره‌که له‌سه‌ر بنچینه‌ی ریزگرتن و سه‌لماندنی ئه‌و هه‌بوونه سه‌ربه‌خۆیه دامه‌زراوه.
ئه‌مه‌ش وای کرد ئه‌زموونه رهخنهییهکهش تا راده‌یه‌ك هه‌ر نه‌بێ له هه‌ندێ شوێن دا ئه‌زموونێکی داهێنهرانهبێ یان داهێنانه‌وه‌ی ئه‌زموونی داهێنانی شاعیر بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که مه‌رج و به‌رچاوگرتنی پێویستی لێکۆلینه‌وه‌ی تێدا فه‌رامۆش نه‌کراوه. ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به بۆچوونی ستراکتورالیستهکانهوه بێ له‌م لێکۆلینه‌وه رهخنهییهم دا چه‌ند شتێکی گرنگم بۆ ده‌رکه‌وت که بۆچوونی ستراکتووری له ئاستیدا بێ وه‌ڵامه.
زمان له‌وه زیاتره تەنیا نیشانه و نیشانهکار و نیشانه‌کراو بێ، زۆر زیاتره له‌وه‌ی ستراکتوور و کۆبه‌ند بێ. جارێ ده‌نگ نیشانه نییه، ده‌نگ خۆی دنیایه‌ك یان چه‌نده‌ها دنیای بێ پایانه. ئه‌و میتافیزیکه‌ی دێریدا ش ده‌یه‌وێ له پێشینه‌یی ده‌نگ و قسه‌دا هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ حه‌قیقه‌تی بوونی ده‌نگه، جادوویه‌کی شیعریش له‌و میتافیزیکە دایه. شیعری لیریکی پێشینه‌یی ده‌نگ ده‌پارێزێ: ده‌نگ، مۆسیقا، ده‌کاته رۆحی شیعر، به خوێندنه‌وه‌ی چاك ده‌قه‌که هه‌مووی ده‌بێته‌وه به ده‌نگ، به مۆسیقا، مۆسیقاش گه‌وره‌تره له نیشانه دهنگییەكان و نۆته مۆسیقییه‌کان، دنیای ده‌نگ بێ بن و بێ سنووره.
پێویسته بتوانی (رازی ته‌نیایی) به دروستی، به ده‌نگ، بخوێنیته‌وه، تا بزانی ئه‌و مۆسیقا ناوه‌وه‌یی یه به‌هێزه‌ی بنه ستراکتووری زمانی سۆزی شیعره‌که پێك دێنێ که من ناوم ناوه: [رێزمانی سۆزبه‌ندی یان عاتیفی] شیعره‌که زۆر له کرده‌وه‌ی میکانیکی ده‌ستنیشان کردن و خڕکردنه‌وه‌ی نیشانه و جیاوازییه‌کان زیاتره.
دیاره ده‌ستنیشان کردنی سۆسهرییانهی تایبه‌تمه‌ندی ره‌مه‌کی زمان واته نیشانه به‌کار هاتووه‌کانی و دروستبوونی کۆمهڵواریی ماناکان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ناسین و جیاکردنه‌وه‌ی فۆنیمه جیاوازه‌کان ده‌ورێکی شۆرشگێری گه‌وره‌ی له ناساندنی رواڵه‌تی سینکرۆنێکی زمان بینیوه وه‌ك نموونهکارێکی (پهرهدایمێکی) ستراکتووریی یارمەتییهکی زۆریشی داوه، بۆ تێگه‌یشتنی ستراکتوورهکانی زانین له هه‌موو ئاخاوتنه‌کاندا.
به‌ڵام هه‌مان نیشانه‌ی ده‌نگی له کۆئاخنی جیاوازدا و بهرستهسازی جیاواز وه‌ك له شیعری هه‌ردی دا بینیمان، دنیایه‌کی جیاوازی کهژهوای عاتیفی و مانا و مه‌به‌ست دروست ده‌که‌ن. به‌کارهێنانی چاوگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ده‌نگ له رێگای هاوده‌نگی (لێکچوونی) سه‌ره‌تای ده‌نگه ماته‌کان و دهنزا و لێکچوون و هاوتایی ده‌نگه بزوێنه‌کان و دروستکردنی رایمی ده‌ره‌وه و به تایبه‌تی رایمی ناوه‌وه‌یی، هه‌موو ئه‌مانه ستراکتورێکی عاتیفی قووڵتر و جیهانێکی ده‌نگیی به ئاوازتر به هۆنراوه‌کان ده‌ده‌ن. ئه‌و مۆسیقایه وا ده‌کا له رسته‌سازیی و ستراکتورسازیدا ته‌نیا ره‌گه‌زی جیایی و جیاوازیی گرنگ نه‌بێ، به‌ڵکو مۆسیقای شیعر ره‌گه‌زی هارمۆنی و ته‌بایی و پێکسازیی ته‌نانه‌ت دژه ده‌نگیه‌کانیش دروست ده‌کا. که دیاره ستراکتورالیزم حیسابی بۆ ئه‌مه نه‌کردووه.
راسته دژه جووته‌کان binary opposition ستراکتور و کۆبه‌ندی دامه‌زرێنه‌ری مانا دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام دژه جووته‌کان هه‌میشه مانای دژایه‌تی و ناکۆکی واتایی ناگه‌یه‌نن. ناکۆکی ماناکان له‌ناو ستراکتووری ناوه‌وه‌ی کۆبه‌ندیی زماندا رووناده‌ن. ناکۆکی ماناکان له دنیای پراگماتیکی ژیانی مرۆڤدا روو ده‌ده‌ن. دیاره نووسه‌ر یان شاعیریش بێ ده‌سه‌ڵات نییه له درووست کردن و کۆنترۆلکردنی پرۆسه‌ی ئه‌و ناکۆکییانه‌دا. ستراکتورالیزم ناکۆکیه‌کان بۆ خاسێتی گه‌وهه‌ری هۆشی مرۆڤ ده‌گێرێته‌وه به‌و پێیه‌ی که هۆشی مرۆڤ ته‌نیا له رێگای ستراکتووری ناکۆکیه‌کانه‌وه ده‌توانێ مانا له شته‌کاندا په‌یدا بکات و له جیهان بگات. ده‌ستنیشان کردنی (ناکۆکی) له ئاستی زمان و له ئاستی جیهاندا هه‌میشه میکانیزمی بیری فه‌لسه‌فی بووه. راستیی، میتۆدی فه‌لسه‌فه هه‌ر له سه‌رده‌می زەردەشت و دوایی سۆکراته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ناکۆکییانه دامه‌زراوه که سۆکرات و ئه‌فلاتۆن و به (دایله‌کتیکی) یان ناو ده‌برد. دایله‌کتیکی سۆکراتی شۆربوونهوهیهکی قووڵه به ناخی ناکۆکییه ماناییه‌کانی وشه و زاراوه بیرزایی و فه‌لسه‌فییه‌کان به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ستاندارێکی درووست بۆ سه‌لماندنی (راستی) ده‌رباره‌ی هه‌ر پرسێکی زانگهیی و مۆرالی. له ئاستی شیعری لیریکی رۆمانسیدا هه‌ر وه‌ك له‌م لێکۆلینه‌وه‌ی شیعری هه‌ردی دا بۆمان ده‌رکه‌وت، دیاریکردنی ناکۆکی یان ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی دروستتر ناوم ناوه ( گرژیی) یا ( گرژی ده‌روونی) tension ته‌کنیکێکی سه‌ره‌کی پێویسته بۆ دیاریکردنی ستراکتووری مانایی و سایکۆلۆژی شیعره لیرییهکان. وه‌ك له‌م لێکۆلینه‌وانه‌دا سه‌رنجمان دا هه‌ر له هه‌موو شیعره لیرییهکانی هه‌ردی دا ده‌کرێ به ئاسانی ده‌ستنیشانی کۆمه‌ڵه گرژی و ناکۆکییه‌کان بکه‌ین و ئه‌و ئاسته مانایی و ده‌نگییانه شی بکه‌ینه‌وه که له‌سه‌ر ئه‌و گرژییانه هه‌ڵچنراون. جگه له مۆسیقای ناوه‌وه که بایه‌خێکی گه‌وره‌ی له شیعری لیریکدا هه‌یه، وێنه‌ش ده‌ورێکی گه‌وره و سه‌ره‌کی ده‌بینێ. لێره‌شدا بۆچوونی ستراکتووری تووشی چه‌ڵه‌مه ده‌بێ. ئه‌و ئاست و دامێنانهی مانا که له رسته‌سازیی شیعری دا، درووست ده‌بن، به میکانیزمی ساده‌ی نیشانهکار و نیشانه‌کراو لێك نادرێنه‌وه. زمانی وێنه‌ی شیعری له میتافۆر و پهرهدوکس و ئایرۆنی، مانا به‌ته‌واویی ههڵدهگێرنهوه، زمان زمانێکی دی بۆ خۆی دروست ده‌کا. پێگه‌شه‌ی زمان بۆ ئه‌وپه‌ڕی، بۆ بێ‌کۆتایی راده‌کێشێ.
له شیعره‌کانی هه‌ردی دا سه‌رنجمان دا که به راستی لێکدانی سه‌رکه‌وتووانه‌ی وشه و مۆسیقا و وێنه‌یه که چنراوه‌ی شیعری لیریکی هه‌ردی پێکهێناوه. هیچ کام له‌مانه لێك جیاناکرێنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بینین هۆنراوه‌ی (( شۆرشی نائۆمێدی)) له‌یه‌ك کاتدا له چه‌ند ئاستێکی ئاخاوتندا، ئه‌رکیاریی هه‌یه و ده‌کرێ خوێندنه‌وه‌ی تەواو جیاوازی بۆ بکرێ.
مه‌به‌ستم نیه به دوور و درێژی گونجاویی بۆچوونی ستراکتووریی بۆ شیعره‌کان شی بکه‌مه‌وه. به‌ڵام سه‌رنجێکی دیکه‌ش سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌ی شیعر پێویسته. ناکرێ باوه‌ڕمان وابێ یان ته‌نانه‌ت وا گومان بکه‌ین که ده‌شێ ره‌خنه‌ی شیعریی له خوێنه‌ر یان جمهور جیا بکه‌ینه‌وه. خوێنه‌ر بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ لایه‌کی سه‌ره‌کی ژیانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه. خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره که ژیانی ستراکتوور و مانا بە به‌ر کاره‌که‌دا ده‌کاته‌وه. بۆیه هه‌ر به‌رهه‌مێ ئاخاوتنێکه که تێیدا خوێنه‌ر لایه‌نی دووه‌می دایهلۆگهکهیه. بۆیه زۆریی خوێنه‌ران و جۆراوجۆری خوێندنه‌وه‌کان ده‌قه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌خت (جددی) دا نوێیان ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی من بۆ هه‌ردی ناکرێ له که‌مال میراوده‌لی جیابکرێنه‌وه.. گه‌رچی وه‌ك وتم له سه‌ره‌تاوه به بۆچوونی تییۆری و میتۆدۆلۆجی تایبه‌تییه‌وه ده‌ستم پێ نه‌کرد، به‌ڵام له ئه‌نجامدا سه‌یرم کرد ئه‌و خوێندنه‌وانه ( یه‌کێتی) که‌مال میراوده‌لی وه‌ك خوێنه‌ر، ره‌خنه‌گر، ئه‌کادیمی و شاعیریش ده‌رده‌بڕن. هه‌ر یه‌ك له‌مانه ده‌وریان هه‌بووه که ره‌گه‌زێ، دامێنێ بۆ خوێندنه‌وه‌کان زیاد بکه‌ن و به هه‌موویان به‌و جۆره‌یان لێ بکه‌ن که بوون.
له لایه‌کی دیکه‌وه، دیسانه‌وه جیاکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ته‌نانه‌ت شیعری لیریکیش له هه‌لومه‌رجی ده‌ره‌وه‌ی له هه‌موو کاتێکدا توانبوو (مومکین) نییه، راسته هه‌ر هۆنراوه‌یه لۆجیکی خوێندنه‌وه‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کا.. به‌رهه‌می هه‌ر شاعیرێ خۆی به‌ڵگه و نیشانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی خۆیت ده‌داتێ. هه‌ندێ هۆنراوه هه‌موو حهقیقەتەکانیان، یان هه‌ر نه‌بێ حه‌قیقه‌ته ئیستاتیکییهکانیان، له‌ناو ده‌روونی خۆیاندا حه‌شار داوە و پێویست ناکا هیچ په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ ده‌ره‌وه بکه‌ینه‌وه. ئه‌مانه هۆنراوه‌ی ئۆرگانین، که ده‌شێ سه‌ر به‌خۆ بخوێندرێنهوە. هۆنراوه رۆمانسییه خودیارییهکانی هه‌ردی له‌م چه‌شنه‌ن.
بۆیه جگه له جه‌خت کردن له‌سه‌ر چه‌ند جه‌مسه‌رێ که له خودی هۆنراوه‌کان خۆیاندا خوویا کراون، چ هاتوچۆیه‌ك بۆ ده‌رو دراوسێ و هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی مێژوو و جوگرافیا و ته‌نانه‌ت ئایدیۆلۆجیش جگه له‌و شیعرانه‌ی خۆی ره‌گه‌ز و بۆنه ئایدیۆلۆجیاکانی ده‌ستنیشان کردبوون، پێویست نه‌بوو. به‌ڵام زۆر هۆنراوه یان کاری ئه‌ده‌بی هه‌یه که زۆر زه‌حمه‌ته به‌بێ به‌راوردی له‌گه‌ل هۆکار و هه‌لومه‌رج و کارتێکردنه ده‌ره‌وه‌ییه‌کان بتوانین نرخشوناسییهکی دروستی کاره‌کان بکه‌ین. گه‌رچی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه مێژوویی و کۆمه‌ڵییه ده‌ره‌وه‌ییانه بۆ نرخاندنی خودی چنراوه هونه‌رییه‌که گرنگ نه‌بێ، به‌ڵام بۆ زانین و زیندووکردنه‌وه‌ی نرخه مێژووییه‌که‌یان گرنگن. زۆر هۆنراوه‌ی گه‌وره‌ی مێژوویی هه‌ن له هه‌موو زمانه‌کاندا که ئێستا وه‌ك شتێکی ساده و ساکار ده‌رده‌که‌ون. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و چوارچیوه و پێشینه مێژووییه‌ی که له کاتی خۆیدا بایه‌خی بۆ دروست کردووه و تازه‌یی داوه‌تێ ئێستا نه‌ماوه. بۆیه ته‌نیا ئه‌و کاته خوێنده‌واری ئێستا نرخه مێژووییه‌که‌ی ده‌زانێ که ئاگاداری ئه‌و هه‌ل و مه‌رج و هه‌لوێسته ده‌ره‌وه‌یی یانه بێ.
شتێکی تری گرنگیش له لایه‌نی مێژوویی یه‌وه که ستراکتورالیزم به‌رچاوی نه‌گرتووه، مێژووی وشه و بیرزا و بابه‌ته‌کانه. ئێستا ئاشکرایه که دهقبهندیی textuality واته په‌یوه‌ستی ده‌قێك به چه‌نده‌ها ده‌قی تری پێشتر یان هاوسه‌رده‌می لایه‌نێکی گرنگی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه. زه‌حمه‌ته بۆ نموونه بتوانی کاری شاعیره رۆمانسییه‌کان له کارتێکردنی ده‌قی پێش خۆیان دابری، یان شاعیرێکی گه‌وره‌ی وه‌ك تی، ئیس تیلۆت ته‌واوی کاره‌کانی له‌ناو تۆرێکی ئالۆزی دهقبهندیدا گیریان خواردووه. گه‌رچی سه‌رنجی ئه‌م لایه‌نه‌م نه‌دا و به‌ڵگه‌یه‌کیش به‌ده‌سته‌وه نییه به‌ڵام گومانی نییه به‌هه‌ر چه‌شن و رێگایه‌ك بێ هه‌ردی له‌و هۆنراوانه‌دا له ژێر کارتێکردنی رۆحی رۆمانسی دهقانی دیکه‌دا بووه به تایبه‌تی شیعری رۆمانسی ئه‌وروپی ته‌رجه‌مه‌کرا و بۆ عه‌ره‌بی.
2- ئاخاوتنی شیعریی:
ستراکتورالیستهکان و ره‌خنه‌گرانی نوێ لاریان له‌وه نییه که شیعر زمان و ته‌کنیك و ره‌وشی هه‌بوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. به مانایه‌کی دی: شتێکی تایبه‌تی هه‌یه که ده‌شێ پێی بڵێن ( ئاخاوتنی شیعریی). تایبه‌تمه‌ندی مۆسیقا و ده‌نگ و مێتافۆر و لێچواندن و پهرەدۆكس و ئایرۆنی و ته‌کنیکی ریتم و رایم، هه‌موو ئه‌مانه کۆمه‌ڵه وشه و زاراوه و بیرزای تایبه‌تی بۆ وه‌سفکردنی ئاخاوتنی شیعریی دروست ده‌که‌ن.
له‌به‌ر ئه‌وه ره‌خنه‌ی شیعر گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی تازه و زانستیی بهرێوهچێ پێویستی به شاره‌زایی له‌و زاراوانه و به‌کارهێنانیان به شێوه‌ی دروست هه‌یه. له‌م لێکۆلینه‌وه‌دا من کۆمه‌ڵێ له‌و زاراوانه‌م به‌کارهێناون. تا ئێستا له زمان و لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، که زۆر سه‌ره‌تایی و هه‌ژارە، وشه‌ی کوردییمان بۆ ئه‌و زاراوانه نین یان زاراوه جیهانییه‌کان به‌کارنایه‌ن. زۆرجار زاراوه عه‌ره‌بییه‌کان دووباره ده‌کرێنه‌وه. دیاره ئه‌م باسه تایبه‌تی به هه‌ڵبژاردن و دارشتنی زاراوه نه‌بوو. ته‌نیا له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی باسه‌که‌دا هه‌ستم به پێداویستی به‌کارهێنانی وشه و زاراوه‌ی تایبه‌تی به ئاخاوتنی شیعریی کرد. هه‌ندێ جار هه‌وڵم داوه زاراوه‌ی نوێ بنووسم له‌ته‌ك زاراوه ئینگلیزیه‌کاندا هه‌ندێ جار هه‌ر ئینگلیزیهکانم به‌کارهێناون، هه‌ندێ جار عه‌ره‌بی ( وه‌ك قافیه) یان هه‌ر ئه‌و کوردییانه‌ی تا ئێستا به‌کارهاتوون و جێی خۆیان گرتووه، وه‌ك کێش، کێشی په‌نجه، بڕگە. دیاره لێکۆلینه‌وه‌ی دروست و گونجاوی زاراوه شیعرییه ره‌خنه‌ییه‌کان پێویستی به باس و هه‌ڵبه‌تا فه‌رهه‌نگێکی سه‌ربه‌خۆی ته‌واو هه‌یه. هیوادارم له ئاینده‌دا که‌م یان زۆر ئه‌م مه‌به‌سته سۆراغ بکه‌م. بۆ ئێستا سه‌رنج بۆ چه‌ند زاراوه‌یه‌ك راده‌کێشم له‌م لێکۆلینه‌وه‌دا به‌کار هاتوون:
1- نێوباس، تیم: نێو باسم له جیاتی وشه‌ی theme ی ئینگلیزی به‌کار هێناوه. هه‌روا هه‌ندێ جار ئینگلیزیهکهشم وه‌ك (تیم) به‌کارهاتووه. نێوباس: م بۆیه هه‌ڵبژارد چونکه مه‌به‌ست له ‘تیم’ بابه‌تی باس، یان بیری سه‌ره‌کیی هۆنراوه‌که‌یه، واته ئه‌و بیره نێوبهندییهی که باس و مه‌به‌ستی هۆنراوه‌که پێیه‌وه به‌نده و په‌ڕه‌ی پێده‌دا. له هۆنراوه‌ی لیریکدا زۆرجار ته‌نیا بیرێکی یان باسێکی سه‌ره‌کی هه‌یه که ناو‌کی ناوه‌رۆکی هۆنراوه‌که پێك دێنێ، به‌م باسه سه‌ره‌کییه ده‌ڵێن: نێوباس (تیم). گه‌ر زێدهباسی تریش بۆ روونکردنه‌وه یان به‌هێزکردنی ئه‌و نێوباسه سه‌ره‌کییه نێوه‌ندییه له هۆنراوه‌که‌دا ده‌رکه‌وتن ئه‌وا به ئه‌وان ده‌ڵێین: لاباس واته sub theme هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك ده‌شێ یه‌ك نێوباسی هه‌بێ یا یه‌ك نێو باس و لاباسێك یان زیاتر.
دیاره هه‌ڵه نییه گه‌ر له جیاتی نێوباس بڵێین: بیری سه‌ره‌کی و بابه‌تی سه‌ره‌کی، باسی سەرەكی، یان وشه‌ی ( تیم) ی ئینگلیزی به‌کاربێنین. به‌ڵام پێویسته بۆ مه‌به‌ستی لێکۆلینه‌وه به تایبه‌تی بۆ خوێندکاران و باسکارانی ئه‌ده‌بیات زاراوه‌ی ناسراوو بهکاربردراومان هه‌بن.
2. وێنه‌سازیی: وێنه سازیی واته به‌کارهێنانی وێنه‌کانی قسه که له ئینگلیزی‌دا پێی ده‌ڵێن: figures of speech و له عه‌ره‌بیدا پێی ده‌ڵێن: البدیع یان المحسنات البدیعیە. وێنه‌سازیی هه‌موو ته‌کنیکه‌کانی دروستکردنی وێنه‌ی شیعریی له سه‌روێنه (میتافۆر)، وەكوێنە (پێکچواندن)، که‌ساندن، هتد ده‌گرێته‌وه. ( وێنه‌سازیی) به‌م مانایه جیایه له وێنهیاریی Imagism یاریی: وه‌ك پاشگر : یاریی به راست ده‌زانم که له جیاتی Ism ی ئینگلیزی به‌کاری بێنین. یار: له کوردی‌دا هەم بۆ خۆشه‌ویستی و خواستن به‌کاردێ، هه‌م بۆ پاڵپشتی و هاوکاریی.
که‌سێك یارت بێ: ده‌شێ دلدارت بێ یان پشتیوان و هاوکارت.
یاری: به‌م مانایه حه‌زکردن و خواستن و هەواداربوون و پشتگیری ده‌گرێته‌وه که ئه‌مه‌ش وه‌ك پاشگر پڕ به پڕی Ism ه کان ده‌گرێته‌وه. بەكارهێنانی – گەرایی فارسی شتێكی سەخیف و بێ لەزەت و هەڵەیە.
یاریی: مانای مه‌به‌ست و خواستی ئه‌نقه‌ستی تێدایه که‌وایه وێنهیاریی: Imagism هه‌ر ئه‌وه نییه وێنه له هۆنراوه‌دا به‌کاردێنین به‌ڵکو ئه‌و مانایه‌ش ده‌گرێته‌وه که به مه‌به‌ست و وه‌ك باوه‌ڕ و خواست وێنه بکه‌یته ستراتیجی ستراکتووری هۆنراوه.
وێنهیاریی imagism: به‌م مانایه بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی به‌کاردێ که دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م ئیزرا پاوه‌ند و تی ئیس، ئیلیۆت پێشڕه‌ویان کرد.
2. سه‌روێنه: سهروێنهم له جیاتی (میتافۆر) metaphor به‌کارهێناوه. سه‌روێنه له‌سه‌ر شێوه‌ی سه‌ر قه‌پاغ، سه‌رپۆش، سه‌رکار، هتد. به مانای داپۆشینی شتێ به شتێکی تر، به‌م مانایه سه‌روێنه به مانای به‌کارهێنانی وێنه‌یه‌که که له جێی وێنه‌یه‌کی دی که ئه‌و وێنه‌ی دی ده‌پۆشێ یان جێی ده‌گرێته‌وه به‌ڵام نایسڕێته‌وه. سه‌روێنه میتافۆر، ئه‌و کاته درووست ده‌بێ که شاعیرێ یان نووسه‌رێ (شتێك) به شتێکی دی دابنێ: واته وا باسی شتێك بکا هه‌ر وه‌ك ئه‌و سهروێنهیه بێ که بۆی به‌کاردێنێ. بۆ نموونه: نییه ده‌ستێ ده‌رم بێنێ له‌ناو ئه‌م گۆڕه وێرانه: لێره‌دا هه‌ردی ( ژیان) بە گۆڕێکی وێران داده‌نێ. واته گۆڕه وێرانه‌که ده‌بێته سه‌روێنه‌ی ژیان.
2- وهکوێنه: پێکچواندنsimile /
هه‌ر له سهروێنهوه, که روونم کرده‌وه, وای به دروست ده‌زانم که (وهکوێنە) ش، بە یەك وشە، بۆ لێچواندن یان پێكچواندن به‌کاربێنم.
پێکچواندن زیاتر کرده‌وه‌ی دروستکردنی ته‌کنیکه‌که ده‌گرێته‌وه نه‌ك وێنه‌که خۆی.. مه‌به‌ست له وهكوێنه: به‌کارهێنانی وێنه‌یه‌که که وه‌ك وێنه‌یه‌کی تر پێشکه‌ش کراوه یان پێی چوێندراوه. جیاوازی وهکوێنه لهسهروێنه ئه‌وه‌یه که وشه‌ی: وه‌ك، مینا، لێی ده‌چێ، ده‌ڵێی، له دیاریکردنی پێوه‌ندی نێوان دوو شته یان بابه‌ته‌کاندا به‌کاردێ. که بڵێی: رووی وه‌ك مانگ وایه- ئه‌مه وهکوێنهیه، که بڵێین: رووی مانگه- ئه‌مه سهروێنهیه.
3. که‌ساندن : که‌ساندن به‌کوردیکردنی وشه‌یی وشه‌ی personification ی ئینگلیزییه.. person واته کەس personification واته که‌ساندن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه، شایانی تێگه‌یشتنه و پر به پێستی زاراوهکەیە، به‌کارم هێناوه. مه‌به‌ست له که‌ساندن ئه‌وه‌یه شتێ که‌س یان مرۆڤ نه‌بێ به‌ڵام وه‌ك که‌س سه‌یری بکه‌ین یان تایبه‌تمه‌ندیی و وه‌سفی مرۆڤ و چالاکییه‌کانی پێ بده‌ین، که بڵێین: ئه‌ستێره‌کانی به‌یانی گۆرانیان ده‌وت.
گۆرانیان ده‌وت: کهساندنه. تایبه‌تمه‌ندیی چالاکی گۆرانی وتن که هی مرۆڤه داومانه به ئه‌ستێره.
زۆر نموونه‌ی که‌ساندن مان له هونراوه‌کانی هه‌ردی دا روون کردوونەته‌وه.
3- بنکار: بنکار له‌جیاتی وشه‌ی pattern ی ئینگلیزی به‌کاردێنم و به‌لای منه‌وه پڕ به پێستی مانا و مه‌به‌سته‌که‌یه. مه‌به‌ست له بنکار: بن، بنچینه یان بناغه‌یه‌ك که کارێکی له‌سه‌ر دامه‌زرابێ و رێچکه و رێوشوێنی دووباره‌بۆوه‌ی ئه‌و کاره دیاری بکا.
بۆ نموونه: گه‌ر هه‌موو رۆژێ به پاس بچیه سه‌رکار ئه‌وه بنکاری سەفەری رۆژانه‌ی تۆ بۆ کاره‌که‌ت به‌کارهێنانی پاسه.
لهرهخنهی شیعریشدا گرنگه بنکارهکانی دارشتنی هۆنراوه‌که بدۆزینه‌وه، بۆ نموونه شێوه‌ی به‌کارهێنانی ده‌نگ و فۆنیم و مۆسیقا ئه‌وه بنکاری ده‌نگیی یان ریتمی (ئاهه‌نگی) شیعره‌که پێك دێنێ. شێوه‌ی به‌کارهێنانی وێنه‌کان بنکاری وێنه‌یی یان ئیستاتیکی کاره‌که پێك دێنێ.
4- پێچهبیر ( پهرهدوکس) paradox په‌ره‌دۆکس بنچینه‌که‌ی یۆنانییه به مانای ( بیری له‌لاوه)… مه‌به‌ست له په‌ره‌دۆکس بیرێکه که پێچه‌وانه کرابێته‌وه واته کرابێته دژهنامی ( ئهنیتۆمی) ه بۆیه بۆ کیوردیهکهی ( پێچهبیر) ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێ.
پێچهبیر، راگه‌یاندنێکه که به‌رواڵه‌ت ناکۆکیی و ناته‌بایی مانا و مه‌به‌ستی تێدایه یان له‌گه‌ل لۆجیك و بۆچوونی عه‌قلیی ساکاردا ته‌با ناوه‌ستێ. شاعیری ئینگلیزی جۆن دۆن هۆنراوه‌که‌ی سه‌باره‌ت به مردن به‌م رسته‌یه کۆتایی پێ دێنێ: مردن تۆ ده‌مریت!
یان تی ئێس، ئیلۆت، هۆنراوه‌ی وێرانهخاك به‌م وه‌سفه‌ی مانگی نیسان گوڵان، که جوانترین مانگه ده‌ست پێ ده‌کا:
نیسان دڵرەقترین مانگە.
یان که‌مال میراوده‌لی له وه‌سفی حه‌ماڵدا دەڵێ: فه‌رده قورسه‌کان پشتت ده‌گوێزنه‌وه!
نموونه‌ی تر ده‌ربرینی وه‌ك: هه‌نگوینی تاڵ، ئازاری شیرین – هتد
ئه‌مانه ته‌واوی مانای نیشانهکاریی زمان ههلدهگێڕنهوه، به‌ڵام له لۆجیکی زمانی شیعریدا باون و هێز و جوانیی بۆ ماناکان زیاد ده‌که‌ن.
5- تهریبهتێکست: له جیاتی پاراتاکسیس parataxis به‌کاری دێنم. ئه‌مه‌ش بنچینه‌که‌ی یۆنانییه به مانای له ته‌نیشت یه‌کتر. مه‌به‌ست له تهریبهتێکست دانانی پێرسته، رسته یان راگه‌یاندن له ته‌نیشت یه‌کترە بۆ گه‌یاندنی مانایه‌کی ته‌ریب ( به‌بێ ئه‌وه‌ی وشه یان هاولك پێکیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه).
6- ئهنهفۆرا anaphora بنچینه‌که‌ی یۆنانی یه به مانای دووباره کردنه‌وه، بۆ گه‌رانه‌وه، هه‌ڵگرتنه‌وه.
ئه‌م وشه‌یه وه‌ك خۆی به‌کاردێنم. ئه‌مه ئامرازێکی ره‌وانبێژییه له په‌خشان و هۆنراوه و قسه‌کردندا به‌کاردێ بریتییه له دووباره کردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك یان پێرێزهیهك له چه‌ند رسته یان بەرڕستهی به‌دوا یه‌کدا و له زۆربه‌ی کاتدا ئه‌م دووباره‌کردنه‌وه‌یه بۆ جه‌ختکردن له‌سه‌ر هه‌ست و سۆز به‌کاردێ.
10- هاوده‌نگ alliteration (ئهلیتیرهیشن) له عه‌ره‌بیدا ئه‌مه (جیناس) ی پێ ده‌وترێ. مه‌به‌ست له‌مه دووباره‌کردنه‌وه‌ی یه‌ك ده‌نگی مات (کۆنسۆنانت) یان زیاتر له دوو وشە یان زیاتر له دێرێك یان چه‌ند دێرێکی شیعردا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ( ئه‌لیتره‌یشن/ جیناس) بریتییه له دووباره‌کردنه‌وه‌ی ده‌نگی وه‌ك یه‌ك بۆیه ( هاوده‌نگ) به زاراوه‌یه‌کی دروست ده‌زانم. له‌م دێڕه شیعره‌دا ده‌نگی (( ش)) هاوده‌نگ له دێره‌که‌دا دروست ده‌کا:
شه‌وانه شه‌م شۆڕهپرچی به شنه‌ی شه‌وبا داده‌هێنێ.
11- دهنگزا – ئه‌مه له جیاتی زاراوه‌ی (assonance) ئینگلیزی داده‌نێم. له ئینگلیزی‌دا جیاوازی له نێوان هاودهنگێك ده‌کرێ که به پیتی مات ( بێ ده‌نگ) دروست بووبێ له‌وه‌ی به پیتی ده‌نگدار یان بزوێن دروست بووبێ، بۆ ئه‌مه‌ی دواییان زاراوه‌ی assonance به‌کاردێنن.
که‌وایه دهنگزا هاودهنگێکه که به ده‌نگی بزوێن دروست بووبێ. له زمانی کوردی‌دا ده‌نگه بزوێنه‌کان ( ئه – ئا – ئۆ – ئی – ئو) ده‌ورێکی زۆر و گرنگیان هه‌یه به تایبه‌تی له دروست کردنی مۆسیقای شیعردا بۆیه بۆ کوردییه‌که که ( دهنگزا) داده‌نێم مەبەستم ئەوەیە دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگداره بزوێنانه ده‌بێته هۆی زان یان زیادکردنی ده‌نگه‌که هه‌روه‌ك سه‌رنجمان دا دهنگزا زۆر بهزهبهندی له شیعره‌کانی هه‌ردی دا به‌کار هاتووه: وه‌ك
شه‌رابی – جامی – دڵداری – له – تافی – لاوییا- رشتم
له‌م وشانه‌دا، ده‌نگی ( ئا) – دهنگزایه.
12- دوادهنگ rhyme ( قافیه). ئێمه زۆرجار قافیه که عه‌ره‌بی یه وه‌ك خۆی بهکاردێنینهوه. عه‌لائه‌دین سه‌جاددی ( سه‌روا) ش به‌کار هێناوه بێ ئه‌وه‌ی بزانین له کوێوه هاتووه مه‌گه‌ر ماناکه‌ی به ( سه‌ره‌کانیان وایه) وه‌ربگرین، که سه‌یری مانا و ئه‌رکیاریی (وه‌زیفه‌ی) زاراوه‌که بکه‌ین (رایم) قافیه. مه‌به‌ستی بوونی دوو وشه له دوای دوو دێری شیعردا ده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌و دوو وشه هاوده‌نگییان به‌لای که‌مه‌وه له دوو ده‌نگی کۆتایی دا تێدا بێ وه‌ك: باران – یاران – لێره‌دا هاودهنگییهکه له نێوان (ران) دایه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاودهنگییهکه له ده‌نگه‌کانی دوایی وشه‌که‌دا ده‌بێ هه‌بێ ده‌توانین پێی بڵێین(دوادهنگ). که بلێین ئه‌م هۆنراوه دوادهنگی هه‌یه یان دوادهنگ داره، مانای وایه قافیه‌دار یان رایمی هه‌یه. به‌ڵام مادام قافیه رۆیشتووه، به‌کارهێنانی به نابه‌جێ نازانم. هه‌روه‌ها مادام (رایم) زاراوه‌یه‌کی جیهانی یه. ده‌شێ ئه‌وه‌ش به‌کاربێنین. به‌هه‌رحال مه‌به‌ستم له دروستکردنی ئه‌و زاراوه کوردییانه هه‌م بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌رکیاریی و مه‌به‌ستی وشه‌کانه هه‌م هه‌وڵدان بۆ یه‌کخستنیان به چه‌شنێ که خوێندکار بشێ به دڵنیایی و تێگه‌یشتنه‌وه به‌کاریان بێنێ.
13- دوا ده‌نگی ناوهوەیی: دوا ده‌نگ، قافیه – رایم، وه‌ك زانراوه له زۆربه‌ی کاتدا له کۆتایی دێردا دێ ئه‌مە دوا ده‌نگی کۆتایی پێ ده‌وترێ. به‌ڵام زۆرجار له‌ناو دێرهکانیشدا دوادهنگ یان رایم هه‌ن. ئه‌مانه دوادهنگ یان رایمی ناوهوهییان پێ ده‌وترێ، زۆرجار به‌کارهێنانی دهنگزا وه‌ک له هۆنراوه‌کانی هه‌ردی دا سه‌رنجمان دا خۆی دوا ده‌نگی ناوه‌وه‌یی پێك دێنێ. دوا ده‌نگی ناوه‌وه بۆ دروستکردنی هارمۆنی مۆسیقی و حاڵه‌تی ده‌روونی و چهقبهندکردنی مانا به‌کار دێن.
14- کێش metre وه‌زن: کێش وه‌رگێرانێکی راسته‌وخۆی وشه‌ی ( وه‌زن) ی عه‌ره‌بیه. به‌ڵام کێش زیاتر لایه‌نه ته‌کنیکییه‌که یان میکانیکییه‌که واته پێوانی ده‌نگه‌کان ده‌گرێته‌وه. بۆیه ده‌کرێ ( کێش) بۆ لایه‌نی دیاریکردنی تهفعیلهکان یان په‌نجه برگەییهکان به‌کاربێنین له کاتێکدا ریتم rhythme– باشتره به ( ئاهه‌نگ) ناوی به‌رین چونکه مه‌به‌ست له ریتم ته‌واوی بنکاری ده‌نگی دێره‌کانه واته ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌نگییه‌ی دروستی ده‌که‌ن بۆ کاریگه‌ریی مۆسیقای ده‌نگه‌که له هۆنراوه‌دا.. ئاهه‌نگ (ریتم) به‌شدارییه‌کی گرنگ له دروست کردنی کاریگه‌ری شیعره‌که‌دا ده‌کا. ریتمی ( ئاهه‌نگی) دێرێك له هی دێرێکی دی له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێك ده‌گۆرێ وه‌ك: درێژی دێره‌که، بابه‌ته‌که‌ی ریزکردنی وشه‌کان ده‌نگی تاك تاکی وشه‌کان ژماره‌ی بڕگه‌کان له وشه‌کاندا، به‌کارهێنانی هاوده‌نگ و دهنگزا و دوا ده‌نگ:
ئه‌وا ئێستا له‌گه‌ڵ زامی
ده‌روونی پڕ له ناکامی
ده‌پێوم چۆلی سه‌رسامی
15- ئیست یان پشوو: هه‌رکامێك له‌م دوو وشه له بری یه‌کتر له‌جیاتی وشه‌ی ( caesura ) کازیورا به دروست و پڕ به پێست ده‌زانم.
مه‌به‌ست له ئیست یان پشوو وه‌ستانێکه له‌ناو دێری شیعردا روو ده‌دا. ته‌نیا به‌وه ده‌توانین شوێنی پشووه‌کان بزانیبن که ئاگامان له‌و پشووانهبێ که ناچارین له خوێندنه‌وه‌ی دێره‌که‌دا بیانکه‌ین. پشووه‌کان ژیانی عاتیفی شیعره‌که داده‌رێژن، یان یارمه‌تی ده‌دا له دراماکردنی، یان سووك و خۆشی ده‌کا – هتد له‌مه‌وه پشووه‌کان یارمه‌تی دروست کردنی ئاواز و ئاهه‌نگی دیار و جیای دێره‌کان ده‌ده‌ن.
له‌و سێ دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه له خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست ده‌که‌ین پشووه‌کان ده‌که‌ونه دوای (ئێستا، پڕ و چۆلی) به‌م چه‌شنه ئاهه‌نگی شیعره‌که له‌سه‌ر په‌نجه‌ی چوار بڕگه‌یی دیاری ده‌که‌ن، جگه له‌مه‌ش درامایه‌کی عاتیفی به ئاوازه‌که ده‌ده‌ن
16- دێڕی دواوهستاو end- stopped line
ئه‌و دێڕه شیعره‌یه که له دوای دێره‌که ئاهه‌نگ و ماناکه‌ی ته‌واو بووه، ئه‌و دێرانه قایم و پته‌و ده‌رده‌که‌ون چونکه ماناکه‌یان هاتۆته ته‌واو بوون. به‌ڵام دوا وه‌ستاو مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که وه‌ك رسته ته‌واو بووه یان پێوه‌ندی به رسته‌ی تره‌وه نییه:
ژیان و ئه‌رکی ناخۆشی په‌پوله‌ی ئاره‌زووی کوشتم.
ئه‌م دێره دواوهستاوه – چونکه ماناکه‌ی ته‌واوه.
17- دێری ههڵرژاو: Run- on lines
به پێچه‌وانه‌ی دێری دواوهستاو دێری ههلرژاو له کۆتایی دێره‌که‌دا ته‌واو نابێ به‌ڵکو ههلدهرژێته ناو دێره‌که‌ی دواتره‌وه ئه‌و سێ دێره‌ی زاراوه‌ی ژماره‌ی ( 14 ) دێری ههڵرژاون.
18- ره‌مز symbol
ره‌مز رۆیشتووه، له زمانی کوردی خۆش دێ و پێویست ناکا شتێکی دی له‌جیاتی دابنێین. هه‌ندێ سیمبول به‌کاردێنن و هه‌ندێ ئه‌ویشیان کردووه به ( سونبول) که به عه‌ره‌بی کۆڵهگهنم ده‌گه‌یه‌نێ! به‌لای منه‌وه هێشتنه‌وه‌ی زاراوەی ( ره‌مز) باشتر و ره‌وانتره. ره‌مز وشه‌یه‌که له جیاتی راستهوایی یه‌ك ( واته واقیعێك) به‌کار دێ که له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا داندراوه یان هێمای بۆ ده‌کات. ره‌مزه‌کان به‌شداری له راستی بوونی ئه‌و شتانه‌دا ده‌که‌ن که هێمای بۆ ده‌که‌ن بۆ نموونه به‌ره‌به‌یان زۆر جار بۆ ره‌مزی سه‌ره‌تایه‌کی تازه یان نوێبوونه‌وه و به‌کار هاتووه. به‌ره‌به‌یان ته‌نیا هێما نییه بۆ سه‌ره‌تایه‌کی تازه خۆی به‌شێکه لێی واته سه‌ره‌تایه‌کی تازه‌ی رۆژێکی تازه‌یه. یان گه‌ر ( ئاگر) به ره‌مزی رووناکی دابنێن ئه‌وا ئاگر خۆی به‌شداره له رهمزهکهدا واته خۆی روونانکهرهوهیه. ( مه‌چه‌ك) هه‌ر ره‌مزی هێز و خواست نیه خۆی ئه‌و هێزه ده‌نوێنێ، هتد. هه‌روه‌ك له شیعری هه‌ردی دا زۆر ره‌مزی بێ هیوایی و ته‌نیایی و تاریکی مان بینی وه‌ك: شه‌و، چۆل، گۆڕ، هه‌نگاوی کوێرانه، بیابان، هتد.
که‌وایه جیاوازی ره‌مز له سه‌روێنه ئه‌وه‌یه: ره‌مز خۆی به‌شێکه له‌مانای ره‌مزه‌که، به‌ڵام سه‌روێنه به‌شێك نییه و وێنه‌یه‌کی دیکه‌یه بۆی خواستراوه.
19- ناوشارکێ ( غموض ambiguity ) دیاره ده‌شێ ( ئالۆزبهندیی) ش بۆ ئه‌مه به‌کاربێنین، به‌ڵام وشه‌ی ئالۆز بۆ زۆر مانای تر وه‌ك تعقیدcomplexity پێویستمان پێیه‌تی. ناوشارکێ له‌سه‌ر شێوه‌ی (چاوشارکێ) به‌کاردێنم. چاوشارکێ دیاره یارییه‌کی منداڵانه‌یه که هه‌ریه‌که چاوی ده‌شارێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دا هێشتا شوێنی منداڵانی دی که خۆیان شاردۆته‌وه بدۆزێته‌وه: واته گه‌مه‌ی شاردنه‌وه و هه‌ڵهێنان هه‌یه که ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی (غموض) ambiguity یه له شیعر یان نووسیندا، واته ناوشارکێ هه‌وڵدانێکی به مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌ست بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست، مانا یان ناوه‌ڕۆکی نووسینێ یان ئالۆزکردنێتی. ئه‌و زاراوه‌یه مانای سه‌رلێشێواندن ناگه‌یه‌نێ به‌ڵکو ئاماژه بۆ ئه‌و قورسایی یانه‌ی مانا ده‌کا که له زمانی شیعریدا به‌کاردێن.
چونکه زمان خۆی ئالۆزه دێره شیعرێ یان هۆنراوه‌یه ده‌توانێ له‌یه‌ك کاتدا چه‌ند بیری جیاواز بگرێنه خۆی.
خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی ( شۆرشی ناهومێدی) ئه‌وه‌ی ده‌رخست که ئه‌گه‌رچی له یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌دا هۆنراوه‌که ساکار و ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێ، دارشته زمانه‌وانی و رێزمانیی و وێنه‌سازییه‌که‌ی وایان کردووه بشێ هۆنراوه‌که له چه‌ند ئاستێکی مانای جیاوازدا بخوێندرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌کرێ بڵێن که ئه‌و هۆنراوه‌یه (ناوشارکێ) یه‌کی زۆری تێدایه!!.
.
20- کۆئاخن:context مه‌به‌ست له کۆئاخن کۆی ئه‌و دیارده و هه‌ل و مه‌رج و هۆکاره ده‌ره‌وه‌یی یانه‌یه که کارده‌که‌نه سه‌ر ناواخنی کارێکی ئه‌ده‌بی یان هه‌ر دیارده‌یه‌کی تر.
واته ته‌نیا ره‌وشی ناوه‌وه‌ی ( واته ستراکتووری زمانی) کاره‌که وه‌ك ستراکتوورالیستهکان ده‌یکه‌ن به‌رچاو ناگیرێ به‌ڵکو ئه‌و هۆكارانه‌ش که ده‌شێ له ده‌ره‌وه‌ی کاره‌که کاریان له په‌یداکردن و پێکهێنانی ره‌وشی ناوه‌وه‌ی کردبێ. کۆئاخن به‌م مانایه له جیاتی وشەی ( context) ی ئینگلیزی به‌کاردێنم. که‌واته ده‌شێ له شیکردنه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا باسی کۆئاخنی بایۆگرافی ژیانی نووسه‌ر بکه‌ین، ده‌کرێ باسی کۆئاخنی مێژوویی: ئابووری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌لتووری بکه‌ین، هتد.
ده‌کرێ وشه‌ی (دهراخن) یش به‌م مانایه به‌کاربێنین واته لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی ناواخن، به‌ڵام باشتره دهراخن ته‌نیا به مانای چوارچێوه ( اطار) یان framework به‌کاربێنین، واته ئه‌و چواربهنده یهکسهرییهی که ده‌وری کاره‌که ده‌دا نه‌ك شیکردنه‌وه‌ی هۆکاری جۆراوجۆر که ( کۆئاخن) ئاماژه‌ی بۆ ده‌کا.
هه‌ر له‌م بنه‌ی (ئاخن) ه وه ده‌شێ (سهراخن) و ( بناخن) یش به‌کاربێنین. بناخن ده‌کرێ له‌جیاتی یان وه‌ك وشه‌یه‌کی هاوتایی بنهکار به‌کاربێنین، به‌ڵام ده‌کرێ و باشتره له‌جیاتی ستراکتوور به‌کاری ببێنین.
بناخن: ستراکتووری ژێره‌وه و سهراخن: ستراکتووری سه‌ره‌وه super- structure که وشه‌کانی بنخان و سه‌رخانیش مان له کوردی‌دا به‌و مانایه هه‌ن به‌ڵام بناخن و سهراخن پێوه‌ندییه ستراکتوورییهکه به‌شێوه‌یه‌کی نزیکتر و قووڵتر و دروستر ده‌رده‌بڕن.
21- ئاخاوتن: discourse ئاخاوتن له جیاتی وشه‌ی discourse به‌کاردێنم که له عه‌ره‌بیدا به هه‌ڵه به (خطاب) ته‌رجه‌مه کراوه و له‌وه‌شه‌وه له کوردی‌دا به هه‌ڵه وشه‌ی ( وتار یان گوتار) وه‌رگیراوه.
ئاخاوتن ده‌شێ پێناسه‌ی جۆراوجۆر و ئالۆزی بۆ بکرێ، لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی گشتی مه‌به‌ستمان له ئاخاوتن: زمانه له حاڵه‌تی به‌کارهێنانیدا واته ده‌ق و کۆئاخنی بهکارهاتنهکهی.
ده‌ق به پێی به‌کارهاتن و راڤه‌کردنی ده‌گۆڕێ.
ئاخاوتن بریتییه له زمان له هه‌بوونی کۆنکریتی زیندوویدا له‌و کایه‌یه‌ی زمانی تێدا به‌کاردێ، ستراکتوور و یاسای خۆی تێدا به‌رهه‌م دێن و سه‌رجه‌می ئه‌و ستراکتووره وهه‌لومه‌رجی بوون و یاسایانه ئاخاوتنه‌که پێناسه ده‌که‌ن.
واته کاتێ ده‌قێ یان ناواخنێ له کۆئاخنێکی زانراودا ده‌رده‌که‌وێ که به‌لای خوێنه‌ره‌وه پێکساز و هاوته‌بایه ئه‌وه ده‌بێ به ئاخاوتن.
22- رێزمان: رێزمان له کوردی‌دا له جیاتی وشه‌ی grammar رۆیشتووه و جێی خۆی گرتووه. رێزمان بریتییه له رێکخستنی فۆرمالی زمانێك. رێزمان کۆبهندێکه بۆ وه‌سفکردنی توانبووی یان ئه‌گه‌ره‌کانی پێکهاتنی رسته‌ی مانابه‌خش به‌کاردێ. له‌به‌ر ئه‌وه زۆرجار رێزمان و رسته سازیی ( سێنتاکس) به یه‌ك مانا به‌کاردێن.
23- ده‌ق- text بریتییه له به‌شێکی جیاکراوه له زمان که بوونی کۆنکریتی زیندووی خۆی وه‌ك ئاخاوتن هه‌یه. تێکست ( ده‌ق) ئه‌و کاته ده‌بێ به ئاخاوتن که ههموویهکی پێکساز پێك دێنێ.
24- کوته beat کوته له جیاتی beat ی ئینگلیزی به‌کاردێنم وه‌ك له وشه‌ی ( دڵه کوته) و ده‌هۆڵ کوتان و کوتانی که‌سێك به مانای لێدانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك.
تێگه‌یشتنی کوته بۆ پێوانی کێش و ئاهه‌نگ ( ریتم) گرنگه. چونكە ئاهه‌نگ (ریتم) پێك دێنێ.
ئه‌وه‌ی گرنگه له پێکهێنانی ریتم ( ئاهه‌نگ) دا ( کوته) یه. هه‌ندێ برگه له‌وانی دیکه زیاتر بهرجهخت ده‌کرێن واته جه‌ختیان یان سه‌نگیان ده‌خرێته سه‌ر. کاتێ شتێ وه‌ك بنکار یان بنئاخنی ئه‌م کاره ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه: ئاهه‌نگ ( ریتم) ه. له زۆربه‌ی شیعری ئینگلیزی‌دا هه‌ر دێره چوار تا پێنج کوته‌ی (beat ) تێدایه. ئه‌وه‌ی ئاهانگه‌که دروست ده‌کا شێوه‌ی رێکبهندیی کوتهکانه. ئه‌مه‌ش چاوه‌روانی لای خوێنه‌ر دروست ده‌کا که حه‌زی له بیستنی ئه‌وه هه‌یه که چاوه‌روانی ده‌کات. یه‌کێك له خۆشییه‌کانی شیعر ئه‌وه‌یه که ببینین یان ببیسین دێره‌کان به ره‌وانی هه‌ڵده‌ڕژێن. کاتێ کوتهیهکی چاوه‌روانکراو جێی خۆی ده‌گرێ خوێنه‌ر خۆشحاڵ ده‌بێ. پێخۆشبوونهکه فیزیکی یه و خوێنه‌ر ده‌توانێ هه‌ستی پێ بکا و له‌زه‌تی لێ وه‌رگرێ به بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ روونی بکاته‌وه چۆن ئاهه‌نگه‌که مانای هۆنراوه‌که ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات. خۆشییه‌که له‌وه‌ی مۆسیقا ده‌چێت. له مۆسیقادا ئێمه هه‌ستی خۆمان له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتن و دواکه‌وتنی ئاهه‌نگه‌کان رادهدهین.
25- په‌نجه feet وا بزانم ئه‌م زاراوه‌یه یه‌که‌مجار له لایه‌ن گۆران – ه وه به‌کارهاتبێ. دیاره ئه‌مه له جیاتی وشه‌ی feet ی ئینگلیزی به‌کارهاتووه. مانای feet دیاره ( پێ) یه به‌ڵام دیاره گۆران ( په‌نجه‌ی) پێ جوانتر بووه. هه‌روه‌ها بۆ ئاسانکردنی ژماردنی بڕگه‌کان به په‌نجه.
بیرۆکه‌ی ( پێ) feet له ئینگلیزیداو ( وشه کوردییه‌که‌ی په‌نجه) به شێوه‌ی باو بۆ پێوانی کێش یان ئاهه‌نگ (ریتم) به‌کارهاتووه. ئه‌مه یهکهیهكی بنچینه‌یی یه که دووباره کرایه‌وه ئاهه‌نگ دروست ده‌کات.
له زمانی ئینگلیزی‌دا (پێ/ په‌نجه) دوو یان سێ بڕگه‌ی تێدایه. گرنگترین شت له ( پێ) دا ئه‌وه‌یه داخۆ به کوته beat ده‌ست پێ ده‌کا یان نا. به‌م پێیه جۆری پێیه‌کان یا کێشه پێوانه‌ییه‌کان جیاده‌کرێنه‌وه. بۆ نموونه پێی دوو بڕگه‌یی که به کوته یان وشه‌ی سهنگدار stressed دەست پێ دەكات، پێی دەوترێ trochaic. پێی سێ بڕگه‌یی که به کوته ده‌ست پێ ده‌کا پێی ده‌وترێ dactylic و به‌م جۆره.
له کوردی‌دا بۆ پێوانی کێش یان دیاریکردنی ئاهه‌نگ، دیاریکردنی کوته بایه‌خی پێ نه‌دراوه، ره‌نگه ئه‌مه له‌به‌ر قورسی ئه‌م لایه‌نه و زیاتر پێویستی به تێگه‌یشتنی نهێنی مۆسیقای ده‌نگ بێ واته ئه‌وه لێك نه‌دراوه‌ته‌وه که سه‌نگی قسه‌کردن ده‌که‌وێته سه‌ر چ بڕگه‌یه‌کی وشه و کاریگه‌ری ئه‌مە له‌سه‌ر درووست کردنی ئاهه‌نگه‌که‌یدا چییه؟ له جیاتی ئه‌م بۆچوونێکی ساده‌تر و ئاسانتر که ده‌توانی کێشه‌که و هاوتاییهکهی له دێڕی شیعریدا دیاری بکا، به‌کار هاتووه که ئه‌ویش ته‌نیا ژماردنی ژماره‌ی بڕگهکانه له‌هه‌ر دێڕێ یان نیوهدێرێکدا. برگه‌ش syllable که گۆران وشه‌ی سیلاب یش بۆ ئه‌مه به‌کارهێناوه، بریتییه له ده‌نگێکی مات و ده‌نگێکی ده‌نگدار یان بزوێن.
بۆنموونه ئه‌م دوو دێره‌ی بلهیك Blake به ئینگلیزی:
Sound the Flute
Now it’s mute
Birds delight
Day and night
ساوند ذه فلووت
ناو ئیت ئیز میووت
بێردز دیلایت
ده‌ی ئه‌ند نایت
له ئینگلیزی‌دا کێشه‌که‌ی به‌وه دیاری ده‌کرێ که وشه‌کان بڕگه‌ی یه‌که‌میان سهنگداره یان کوته‌یه و بڕگه‌ی دووه‌میان بێ سه‌نگه. واته پێیه‌که ( په‌نجه‌که) له شیعره‌که‌دا بریتییه له دوو بڕگه که به کوته ده‌ست پێ ده‌کا و واته ( هه‌ر پێیه دوو بڕگه‌یه) به‌مه ده‌ڵێن کێش یان ئاهه‌نگی ترۆکهیك.
به‌ڵام له کوردی‌دا ته‌نیا دێین بڕگه‌کان ده‌ژمێرین.
به‌م جۆره هه‌ر دێره چوار بڕگه‌یه.
سا/ وند – ذه/ فلوت
ناو/ ئیت – ئیز/ میوت
بۆیه شیعره‌که ده‌بێته کێشی چوار بڕگه‌یی!
هه‌ر وه‌ك ئه‌و دێرانه‌ی هه‌ردی:
ئه/ وا – ئێس/ تا له/ گه‌ڵ – زا/ می
ده/ روو – نی/ پڕ له/ نا – کا/ می
هه‌ر نیوه دێره‌ی چوار بڕگه‌یه. دێره‌که هه‌مووی ده‌بێته هه‌شت بڕگه‌یی. نیوه دێره‌کان به ( پشوو) جیاده‌کرێنه‌وه.
3- ئاخاوتنی شیعری هه‌ردی:
ئاخاوتنمان به به‌کارهێنانی زمان له کۆئاخنی کۆنکریتی زیندوودا وه‌سف کرد.
ده‌قی شیعری ئه‌و کاته ده‌بێ به ئاخاوتن که خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کا جۆره هاوسازی و ته‌باییه‌ك له دارشتنی زمان و رسته سازی و ماناسازی و وێنه سازی هۆنراوه‌کاندا هه‌یه که واته ئاخاوتنی شیعری هه‌ردی بریتییه له‌و تایبه‌تیانه‌ی هۆنراوه‌ی شیعری هه‌ردی له رووی فۆرم و ناواخنهوه دیاری ده‌که‌ن. له‌م لێکۆلینه‌وه‌دا له رێگای شیکردنه‌وه‌ی خودی هۆنراوه‌کاندا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌مان به درێژی و تا راده‌یه‌ك به وردی ده‌ستنیشان کردن.
1- ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌که‌م تایبه‌تمه‌ندی به هۆنراوه‌کان ده‌دا شێواز یان ستایلی هۆنراوه‌کانه وه‌ك هه‌ردی له سه‌رنجه‌که‌ی بۆ یه‌که‌م هۆنراوه‌ی سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری ده‌ریبڕیوه، ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گرنگی و بایه‌خێکی زۆری به هه‌ڵبژاردنی وشه و گۆڕینی به ستایلیی شیعری داوه. گومانی تێدا نییه ئه‌م بۆچوون و بایه‌خه له ئه‌نجامی خوێبندنهوه و شاره‌زایی له فۆرمی شیعری نوێی بێگانه‌وه به تایبه‌تی شیعری رۆمانسی ئه‌وروپی ته‌رجه‌مه‌کرا و بۆ عه‌ره‌بی دروست بوو… ئه‌وه‌ی ستایلی شیعری هه‌ردی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جیاده‌کاته‌وه هه‌ڵبژاردنی فه‌رهه‌نگی وشه‌ی شیعری رۆمانسی خوده: به تایبه‌تی ئه‌و وشه و گوزارانه‌ی بێ هومێدی و ته‌نیایی و تێکشکان و ره‌شبینی و خه‌م و نڕایی ده‌رده‌بڕن.
2- ئه‌وه‌ش ئاشکرا بوو که رۆحی هه‌ردی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شه‌یدای ئاواز و خورپه‌ی شیعری رۆمانسی بوو. چ خولیا خویارییهکانی و چ به‌هره و توانستی شیعری ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و رێبازه ده‌گونجان و خۆی له‌و جیهانه پر سه‌رسامی و سیحره‌ی جیهانی رۆمانسیدا ده‌دۆزیه‌وه.
3- شیعری هه‌ردی ده‌کرێ هه‌موویان وه‌ك ئاخاوتنزای یه‌ك ئاخاوتنی رۆمانسی خوویاری بخوێندرێته‌وه، واته هه‌موویان له ده‌وری ئه‌زموونی تێکشکانی دڵداری و بێ هیوایی و خۆشه‌ویستی و ئه‌و ره‌وشی ژیان و سۆز و بیرکردنه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و نا هۆمێدییه که‌سییه‌ی سه‌رده‌می لاوێتی و جۆشی ئه‌وین دروست ده‌بێ. خه‌رمانه ده‌به‌ستن.
4- له رووی میتۆدیه‌وه شیعره‌کانی هه‌ردی ئاخاوتنی گێرانه‌وه یان چیرۆک خوانین: واته له سه‌ره‌تاوه له رازی ته‌نیایی یه‌وه تا شۆرشی نائومێدی و هۆنراوه‌کانی تر هه‌موو یان یه‌ك گێرانه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌ره‌سهێنانی دلداری گه‌نجێکن و چۆنێتی کارتێکردنی ئه‌و تێشکانه له ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه و ستراتیجی به‌ره‌و روو بوونه‌وه‌ی و کارکردنی له هه‌ست و نه‌ست و یاده‌وه‌ری بۆ ماوه‌ی ( 16) ساڵی ره‌به‌ق! به واتایه‌کی دی ده‌شێ له شیعره‌کان پهیکهرکاری ( پلۆتی) چیرۆکێکی تراژییای رۆمانسی ده‌ستنیشان بکه‌ین..
5- تا ئه‌و ئاسته‌ی له ئه‌زموونه‌وه و سرۆشی راسته‌قینه‌وه ده‌نووسێ شیعره‌کان به‌هێزن و گه‌رم و گوڕی و راستگۆیی ئه‌زموونه‌که ده‌نوێنن. له‌و شوێنانه‌دا که ره‌گه‌زی ئایدیۆلۆجی خۆی به‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که‌دا ده‌سه‌پێنێ یان لای ده‌دا دابڕان و بۆشایی له دهربرینهکهدا ده‌رده‌که‌وێ. به‌ڵام له‌به‌ر شاره‌زایی هه‌ردی له هونه‌ری شیعری رۆمانسی گرنگی دانی تاراده‌یه‌ك به فۆرم نه‌هێشتووه ئه‌و دابڕانه به ته‌واوی هۆنراوه‌کان لاواز بکا و ناسازییه‌کی ئیستاکتی زه‌قیان تێدا ده‌رکه‌وێ.
6- شیعره‌کانی هه‌ردی هه‌مووی شیعری لیریکین: واته شیعر به ئاواز و ده‌نگ پڕکراون و به ئاسانی ده‌کرێن به گۆرانی. ستراتیژی ئیستاتیکای شیعری هه‌ردی بریتییه له پێکه‌وه سازدانێتی نموونه‌یی ده‌نگ و وێنه.
هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌نگسازی هێزێکی رۆحی ئه‌فسووناوی به ئه‌زموون و ده‌ربڕینه‌که‌ی ده‌داته خهماوییهکهیدا ده‌ورێکی کاریگه‌ر ده‌بینن. هه‌ر وه‌ك چۆن ته‌واوی هۆنراوه‌کانی ده‌کرێ به‌یه‌ك ئاخاوتنی گێرانه‌وه دابنێن هه‌رواش ده‌کرێ ته‌واوی وێنه‌کان یه‌ك سه‌روێنه یان میتافۆری به‌ربڵاو و درێژکراوه بخوێننه‌وه و شیکار بکه‌ین – که له ده‌وری بێ هومێدی و ته‌نیایی و بیره‌وه‌ری نه‌مری ئه‌وینی گه‌نجێتیدا هه‌ڵچنراون.