له باره‌ی پرۆژه‌قانوونی پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان ….2
دوای زه‌وتکردنی ئازادیی خۆپێشاندان
نۆره‌ی ئازادیی راده‌ربڕینه
د.ره‌فیق سابیر
4
بیرۆکه‌ی قانوونێکی تایبه‌ت، بۆ رێگرتن له بێڕێزی به‌رامبه‌ر ئاینه‌کان، دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له ئه‌وروپا، ده‌رکه‌وت. به‌شێکی موسڵمانان، ئه‌و کارانه‌یان به بێڕێزی به ئاینی ئیسلام دانا. له ئه‌نجامدا چه‌ندان خۆپێشاندان و کاری توندوتیژانه کران، که به ده‌یان قوربانییان لێ که‌وته‌وه، وه‌ک پێشتر باس کرا.
پاش ئه‌و رووداوانه، هه‌ندێک رێکخراو و ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، داوایان له‌و وڵاتانه کرد، به قانوون، بێڕێزیکردن به ئاین و پیرۆزییه ئاینییه‌کان، یاساخ بکه‌ن. ساڵانێکه ئه‌و داواکارییه، پاش ده‌رکه‌وتنی هه‌ر کارێکی ره‌خنه‌گرانه به‌رامبه‌ر به ئاینی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر، که موسڵمانان تووڕه بکات، دووباره ده‌کرێته‌وه. به‌ڵام قانوونێکی له‌و جۆره پێچه‌وانه‌ی ئازادیی راده‌ربرین و جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤه، که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڕیاری له‌سه‌ر داوه. له لایه‌کی دیکه‌وه، له رۆژئاوا، ئاین و ئینیجیل و ته‌ورات، ژیان و کار و ره‌فتاری مه‌سیح، له سه‌رووی ره‌خنه و ئیجتیهاده‌وه نین. به‌هانه‌ی به پیرۆزدانانیان، ئه‌وان له ره‌خنه و ئیجتیهاد ناپارێزێت. پێشاندانی مه‌سیح وه‌ک نێرباز، له کاتێدراڵی شاری ئوپسالا، ده‌یسه‌لمێنێت که له رۆژئاوا، ته‌نانه‌ت کڵێسا و خه‌ڵکه دیندار و قه‌شه و ئهسقهفهکانیش، ئه‌و جۆره کارانه، به به‌شیک له ئازادیی راده‌ربڕین داده‌نێن، به بێڕێزی به‌رامبه‌ر به مه‌سیح و ئاینه‌که‌یانی نازانن.
ئه‌وانه‌ی داوا له وڵاتانی رۆژئاوا ده‌که‌ن که به قانوون، رێگا له بێڕێزیکردن به ئاین بگرێت، هێنده گه‌مژه نین که ئه‌و راستییه‌ی، له‌سه‌ره‌وه باس کرا، نه‌زانن. به‌ڵام ئه‌وان، له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌یانه‌وێت، به ئیمانداران و ئیسلامییه سه‌له‌فی و توندره‌وه‌کانی وڵاته‌که‌یان بڵین، که ئه‌وان له خه‌می ئه‌و گرفته دان و هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌ن، به‌ڵام رۆژئاوا گوێیان لێ ناگرێت. ئیدی تۆپه‌که هه‌ڵده‌ده‌نه ساحه‌ی رۆژئاوا.
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داوای له‌و جۆره له رۆژئاوا ده‌که‌ن، ئایا خۆیان له وڵاته‌که‌یاندا، تا چه‌ند پێشیان به سوکایه‌تیکردن به ئاینی مه‌سیحی و جووله‌که، به بانگه‌واز و فه‌توای کوشتنی مه‌سیحی و جوو و غه‌یره‌موسڵمان گرتووه؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره ره‌خنانه به بێریزی و سوکایه‌تی به ئیسلام و پێغه‌مبه‌ر ده‌زانن و به کوشتن و تیرۆر وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه، خۆیان تا چه‌ند رێز و حورمه‌ت بۆ ئاینی خه‌ڵکانی دیکه‌ی جوو، مه‌سیحی، بودی و ئێزدی..تاد و ته‌نانه‌ت بۆ موسڵمانانی سه‌ر به مه‌زهه‌بێکی جیاوای خۆیان داده‌نێن؟
کتێبی خوێندنی قوتابخانه‌کانی عه‌ره‌بستانی سعوودی و هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی که‌نداوی فارسی و مه‌کته‌به‌کانی قورئان له پاکستان و هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی ئیسلامی‌دا، پڕن له سوکایه‌تیکردن به ئاینی مه‌سیحی و جوو. له‌و قوتابخانه و مهکتهبانهدا مندڵان فێر ده‌کرین رقیان له غهیرهمسوڵمان ببێته‌وه، کوشتنیان به ره‌وا و بلیتی چوونه‌به‌هه‌شت بزانن. تیرۆرستانی عه‌ره‌بستانی سعوودی و هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی که‌نداوی فارس و پاکستان، تالیبانی ئه‌فغانستان و پاکستان، ده‌رچووی ئه‌و قوتابخانه و مهکتهبانهن.
هه‌روا له بڵندگۆی سه‌دان مزگه‌وتی وڵاتانی ئیسلامییه‌وه، له عه‌ره‌بستانی سعودییه‌وه تا پاکستان، زۆر جار مه‌لاکان، له کاتی نوێژی جومعه‌دا، سوکایه‌تی به مه‌سیحی و جووه کافره‌کان ده‌که‌ن. به دوژمنی خوا ناویان ده‌به‌ن. به دوعایه‌کی ترسناکی تایبه‌ت، له خوا ده‌پاڕێنه‌وه که به‌سه‌ر ئه‌و کافرانه‌دا سه‌ریان بخات و، ژن و کچ و ماڵ و سامانیان، به حه‌ڵاڵیان بکات.
له دوای رووداوی 11ی سپیهمبهری ساڵی 2001 ئه‌مریکا و هه‌ندێک وڵاتی رۆژئاوا، به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتن، که به‌شیک له‌و تیرۆریستانه‌ی له رۆژئاوا و وڵاتانی دیکه‌دا کاری تیرۆریستی ده‌که‌ن و خه‌ڵکی بێخهتا ده‌کوژن، به‌رهه‌می سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌ندێک له‌و وڵاته ئیسلامییانه‌ن. سیستمه‌که منداڵان فێری قین و توندوتیژی و کوشتنی غه‌یره‌موسڵمان ده‌کات. له‌و کاته‌وه ئه‌و وڵاتانه، له پێشه‌وه‌یان ئه‌مریکا، داوا له‌و ڵاتانه ده‌که‌ن، چاو به پرۆگرامی خوێندنیاندا بگێرنه‌وه. پێش به بڵاوکردنه‌وه‌ی قین و رقبوونه‌وه له لایه‌نگرانی ئاینی دیکه بگرن. نازانم کام له‌و وڵاتانه گۆرانکاریی له سیستمی په‌روه‌رده و خوتبه‌ی رۆژانی جومعه‌ی وڵاته‌که‌یدا کردووه. به‌ڵام تا ئێستا داواکارییه‌که‌ی ئه‌و وڵاتانه هه‌ر به‌رده‌وامه.
بیرۆکه‌ی ده‌رکردنی قانوونێکی تایبه‌ت، بۆ رێگرتن له دیارده‌ی بێرێزی به ئاینه‌کان، له بنه‌ڕه‌تدا به‌و ئامانجه بوو که ئاینی ئیسلام، له رۆژئاوا، له هێرش و ره‌خنه و ئیجتیهادی لایه‌نگرانی ئاینی مه‌سیحی و یه‌هودی، بپارێزڕێت. واتا کێشه‌که له بنه‌ڕه‌تدا، له نێوان موسڵمانان و نێوان مه‌سیحی و جووله‌که‌یه. په‌یڕه‌وکارانی یه‌ک ئاین (بۆ نموونه موسڵمانانی وڵاتێک) دیارده‌ی له‌و جۆره‌یان له‌نێودا نییه، تا پێویست بکات قانوونێکی تایبه‌ت، بۆ یاساخکردنی ده‌ربکرێت. بۆیه داواکردنی قانوونێکی له‌و جۆره، له هه‌رێمی کوردستاندا، ئامانجێکی سیاسیی له پشته. ئه‌گه‌ر قانوونی له‌و جۆره له هه‌ر وڵاتێکی ئیسلامی‌دا هه‌بێت، حه‌تمه‌ن به مه‌به‌ستی کوشتنی ئازادی و ده‌مبه‌ستنی خه‌ڵکه، نه‌ک بۆ پاراستنی ئاین. ده‌سه‌ڵاتی نادیموکرات و فاسید ناتوانێت، پارێزه‌ری ئاین بێت.
بۆیه خه‌ڵکی کوردستان مافی خۆیانه به گومانه‌وه بۆ (پرۆژه‌یاسای پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان) بڕوانن و به ههنگاوێکی دیکه‌ی بزانن بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادیی ده‌ربڕین و ده‌مبه‌ستکردنی خه‌ڵک، به‌ڵام به ناوی ئاینه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی پرۆژهقانوونهکهیان داڕشتووه، زۆر بێمنه‌تانه ده‌ڵێن( له پێناو پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان و … خراپ به‌كارنه‌هێنانی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی راده‌ربرین ، ئه‌م یاسایه ده‌رچوێنرا).
که‌وابێ مه‌سه‌له روونه! له دوای زه‌وتکردنی ئازادیی خۆپێشاندان، به قانوونێکی نادیموکراتانه، ئێستا نۆره‌ی ئازادیی راده‌ربڕینه. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ربگرێت، دوای ئه‌وه، نۆره‌ی کوشتنی ئازادیی رێکخسن دێت.
5
ئایا به‌ڕاستی هه‌رێمی کوردستان پێویستی به قانوونێک هه‌یه بۆ پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان؟ ئایا خه‌ڵکی کوردستان هێنده بێڕێزی به ئاین و پیرۆزییه ئاینییه‌کان ده‌کات، که شایسته‌ی ئه‌وه بێت، پرۆژهقانوونێکی زاڵمانه‌ی، له‌و جۆره‌ی، به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت. ئایا ئاین سوکایه‌تی پێده‌کرێت و به‌ر هه‌ڕه‌شه که‌وتووه، یان ئازادی و ماف و که‌رامه‌تی مرۆڤ؟! کوا و که‌ی مرۆڤی کورد ئازادیی ئه‌وه‌ی بووه و هه‌یه ره‌خنه له ئاین و ئه‌و وههم و خوڕافاتانه بگرێت، که هه‌ندێک که‌س و ریکخراو، به ناوی ئاینه‌وه، بڵاویان ده‌که‌نه‌وه؟
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵێم که پرۆژه‌قانوونی (پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان) وێنه‌یه‌کی شێواو و ناڕاست له باره‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان پێشان ده‌دات! هه‌ر که‌سێکی بیانی، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستان نه‌ناسێت، چاوی به ناوه‌رۆکی پرۆژه قانوونه بکه‌وێت، وا ده‌زانێت زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته، که‌سانی بێشعوور و بێئیمانن، زیاتر خه‌ریکی جنێودان و گاڵتهکردنن به خوا و پێغه‌مبه‌ر و، به‌شیکی کاتی خۆیان به دڕاندن و سوتاندنی قورئان و بێڕێزیکردن به پیرۆزییه ئاینییه‌کان، به‌سه‌ر ده‌به‌ن. وێناکردنی ناراسته‌وخۆی خه‌ڵکی کوردستان، به‌و جۆره ناڕه‌وایه، ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستیش نه‌بووبێت، ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌دات که، ئه‌وانه‌ی له پشتی پرۆژهقانوونهکهن، لای خه‌ڵک وا بێنه به‌رچاو که ئه‌وان، هاتوون پیرۆزییه ئاینییه‌کان ده‌پارێزن. ئه‌و قه‌ومه له کوفر و له تاوانی سوکایه‌تیی به‌خوا و پێغه‌مبه‌ران رزگار ده‌که‌ن و ده‌یانخه‌نه‌وه سه‌رڕێی راست. ئه‌و بۆچونه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی بیر و عه‌قڵی ئه‌و ئیسلامییه سه‌له‌فی و توندڕه‌وانه‌یه، که هه‌ر خۆیان به موسڵمانی راسته‌قینه و، به تاکه پارێزه‌ری ئاین داده‌نێن. بۆیه به گومانه‌وه بۆ ئیمانداریی موسڵمانانی له خۆیان جیاواز ده‌ڕوانن.
پرۆژهقانوونهکه به فه‌لسه‌فه‌ی قانوون نامۆیه. بۆ تۆقاندن و تۆڵه‌ستاندنه‌وه داڕێژراوه. تێرم و زاراوه‌کانی، به جۆرێکی ته‌ماوی، به بێ هیچ پێناسه‌کردنێک، ماونه‌ته‌وه. ره‌نگه ئه‌و کاره به مه‌به‌ست نه بووبێت، به‌ڵکو له نه‌زانین، یان له په‌له‌کردنه‌وه بووبێت. به‌ڵام خه‌وشێکی زه‌قه و ده‌رفه‌ت ده‌دات ئه‌و تێرم و زاراوانه، بۆ مه‌به‌ستی دی، خراپ یان چاک، به‌کار بهێندرێن.
پرۆژهقانوونهکه، به گۆتره سزای توند و بێروحمانه، بۆ هه‌ندێک کار، که به تاوان داندراون، دیاری ده‌کات. که‌چی هیچ رێوشوێن و میکانیزمێکی قانوونی، بۆ ئیسپاتکردنی ئه‌و کارانانه دانانێت. بۆیه قانوونێکی له‌و جۆره، له وڵاتێک‌دا که کوته‌ک سه‌روه‌ره، نه‌ک قانوون، ده‌شێت وه‌ک ته‌ڵه و دا‌و به‌کار بهێندرێت و هه‌رکه‌سێکی پێ راو بکرێت.
ئه‌و کارانه‌ی له پرۆژهقانوونهکهدا به تاوان داندراون جۆراوجۆرن. هه‌ندێکیان خوا و پێغه‌مبه‌ران و قورئان و کتێبه ئاسمانییه‌کانی دی ده‌گرنه‌وه. هه‌ندێکی دیکه‌یان په‌یوه‌ندییان به شتی زۆر بچوک و تهماییهوه هه‌یه. که‌چی، به گۆتره، بۆ هه‌موویان یه‌ک جۆره سزای قورس و زاڵمانه داندراوه.
بۆ نموونه: له ماده‌ی دووه‌م، برگه‌ی یه‌که‌مدا هاتووه، ئه‌م سێ کارانه‌ی خواره‌وه، که په‌یوه‌ندییان به خوا و پێغه‌مبه‌ران و قورئان و کتێبه ئاسمانییه‌کانه‌وه هه‌یه: (1- جوێندان و گاڵته‌کردن به خودای گه‌وره. 2-جوێندان و گاڵته‌كردن و سووك باسكردن و وێنه‌ی ناشایستهكردنی پێغه‌مبه‌ران.- 3.سوتاندن و دڕاندن و فڕێدانی قوڕئان و كتێبه ئاسمانیه‌كان، به‌كارهێنانی ناوه‌رۆكه‌كانیان به ناشیاوی(… هه‌موو ئه‌و کارانه سزاکه‌یان (له پێنج ساڵه‌وه تا ده‌ساڵ زیندانیکردن و غهڕامهیهک له ده ملیۆن دیناره‌وه تا په‌نجا ملیۆن دینار ده‌بێت).
سه‌یر ئه‌وه‌یه، له برگه‌ی (7) ی هه‌مان ماده‌دا، هه‌مان سزا، داندراوه بۆ (هه‌ر كه‌سێك گاڵته یان جوێن بدات به یه‌كێك له دروشمه ئایینیه‌كان).
به‌ڵام ئایا مه‌به‌ست له (دروشمه ئاینییه‌کان) چییه، که هێنده‌ی خوا و پیغه‌مبه‌ران و قورئان و کتێبه ئاسمانییه‌کان به گرنگ داندراوه؟ له ناو پرۆژهقانوونهکهدا زاراوه‌ی (دروشمه ئاینییه‌کان) روون نه‌کراوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌رفه‌ت ده‌دات که هه‌ر دروشمیکی ئاینی، ئه‌گه‌ر فه‌قێیه‌ک، یان کۆلکه مه‌لایه‌کی سیاسی، یان ئیسلامییه‌ک، که بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی دایدهتاشیت، بگرێته‌وه!! که‌واتا ئایا ده‌کرێت ئه‌و به‌ڕیزانه، پێمان بڵێن چۆن ده‌کرێت دروشمێکی ئاینی، که ده‌شێت هه‌زاران بن، ئه‌وه‌نده‌ی خواخوا و پیغه‌مبه‌ران و قورئان، به گرنگ دابندرێن؟!
له برگه‌ی (6)ی هه‌مان ماده‌دا، هه‌مان سزا و غه‌رامه‌ی پێشوو داندراوه بۆ (هه‌ر كه‌سێك ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر شوێنێك تایبه‌ت كرا بێت به خواپه‌رستی یه‌كێك له ئاینه‌كان).
ئه‌و بڕگه‌یه، به رواڵه‌ت ئاسایی و ته‌نانه‌ت به‌ریئانه دێته پێش چاو، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا سه‌یره و چه‌ندان پرسیار دروست ده‌کات! سزاکه‌ش زۆر قورس و زاڵمانه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مێرمنداڵێک، به‌ردێک له مزگه‌وتێک بگرێت، گڵۆپێک، یان په‌نجه‌ره‌یه‌کی بشکێنێت، ده‌تواندرێت به‌و بڕگه‌یه‌ی یاساکه سزا بدرێت. ئه‌و جۆره جێیانه مایه‌ی رێزن، به‌ڵام ره‌نگه به‌شیکی ماڵی ئیمامی مزگه‌وته‌که، یان قه‌شه و پیره‌که‌ی بێت. له هیچ حاڵێکیشدا ناکرێت هێنده‌ی خوا و پێغه‌مبه‌ر و قورئان به پیرۆز دابندرێت!! ئایا ئیمانداران ئه‌وه قبووڵ ده‌که‌ن؟!
پرۆژهقانوونهکه، له هیچ ماده و برگهیهکیدا، رێگری له‌وه ناکات که، ئه‌و شوێنانه‌ی خواپه‌رستی، بۆ کاری سیاسی و حیزبی و عه‌سکه‌ری به‌کار بهێندرێن. تیرۆریستان، له عێراق، پاکستان، ئه‌فغانستان، سومال، یه‌مه‌ن، ته‌نانه‌ت له هه‌ڵه‌بجه و هه‌ندێک ناوچه‌ی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا…تاد. سه‌دان مزگه‌وتیان کرده باره‌گای خۆیان و لانه‌ی کوشتن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی خه‌ڵک. ئه‌گه‌ر گروپێکی توندره‌وی ئیسلامی، له هه‌رێمی کوردستان، هه‌مان کار بکاته‌وه، ئایا ئه‌و کاته ئه‌و شوێنه هه‌ر به (شوێنی خواپه‌رستی) داده‌ندرێت، یان به باره‌گای هیزێکی تیرۆریستی؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هێزی پۆلیس و ئاسایش، به ئامانجی پاککردنه‌وه‌ی ئه‌و (شوێنی خواپه‌رستی)یه، له تیرۆریستان، هێرش ببه‌ن، ئایا کاره‌که‌یان به ده‌ستدرێژی داده‌ندرێت و قانوونه‌که ده‌یانگرێته‌وه؟!
ئایا گۆڕینی مزگه‌وت به باره‌گای حیزبی و بنکه‌ی عه‌سکه‌ری، به ده‌ستدرێژی داده‌ندرێت؟ ئه‌گه‌ر به ده‌ستدرێژی داده‌ندرێت بۆ باس نه‌کراوه؟ باسنه‌کردنی ده‌توانێت ئه‌و مانایه بگه‌یه‌نێت که کاری له‌و جۆره تاوان نییه، چونکه پرۆژهقانوونهکه به تاوانی دانه‌ناوه!! ره‌نگه به‌هانه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه ئه‌وه بێت که له قانوونی دیکه‌دا، ئه‌و جۆره کارانه، چاره‌سه‌ر کراون. له‌وانه‌یه وا بێت. به‌ڵام خۆ هه‌موو بابه‌ته‌کانی ناو پرۆژهقانوونهکه، وه‌ک لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ئاماژه ده‌دات، له ده‌ستووری عێراق و چه‌ندان قانوون‌دا، چاره‌سه‌ر کراون و رێوشوێنی پێویستیان بۆ داندراوه، له‌وانه (یاسای سزادانی عێراقی و یاسای رۆژنامه‌وانی و یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف). بۆیه لیژنه‌که ئه‌سڵه‌ن ئه‌و پرۆژهقانوونه، به پێویست نازانێت. چونکه “له كاتی پێویستی پاراستنی پیرۆزه ئاینیه‌كان و هه‌ر سوكایه‌تیه‌ك ده‌توانرێت بچیته‌وه سه‌ر ئه‌و یاسایانه”.
ناته‌واوییه‌کی دیکه‌ی پرۆژه قانوونه‌که ئه‌وه‌یه که سزای دیکه‌ی زۆر قورس بۆ هه‌ندێک کاری بچووک داندراوه، که ره‌نگه که‌سێک، یان مێرمنداڵێک، له ساتێکی تووڕه‌بووندا، په‌نای بۆ به‌رێت، بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێڕێزیکردن به ئاین بێت. بۆ نموونه، به‌پێی بڕگه‌ی سێی ماده‌ی دووه‌م، هه‌ر که‌سێک قورئان، یان کتێبێکی دیکه‌ی ئاسمانی، فڕێ بدات، یان بیدڕێنێت، سزاکه‌ی (له پێنج ساڵه‌وه تا ده‌ساڵ زیندانیکردن و غهڕامهیهک له ده‌ملیۆن دیناره‌وه تا په‌نجاملیۆن دینار) ده‌بێت. ئه‌و سزایه و ئه‌وانی دی، که له پرۆژه قانوونه‌که‌دا هاتوون، هه‌ر که‌سێک، له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بێت، ده‌گرێته‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر منداڵێکی قۆناخی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی، له مه‌کته‌ب و مامۆستاکه‌ی تووڕه بێت و کتیبه‌کانی مه‌کته‌بی، که ره‌نگه له‌ناویاندا قورئان، یان کتێبێکی دیکه‌ی ئاینی هه‌بێت، فڕێ بدات، یان بدڕێنێت، ده‌کرێت به‌و (تاوانه) تا ده ساڵ بخرێته زیندانه‌وه!!.
له ماده‌ی چواره‌مدا سزای زۆر قورس بۆ (هۆکاری راگه‌یاندن) داندراوه، ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له‌و مه‌سه‌لانه‌ی پرۆژهقانوونهکه به تاوانی داناون، بڵاو بکاته‌وه: (شه‌ش مانگ تا ساڵێک زیندانی و ده ملیۆن تا په‌نجا ملیۆن دینار غهڕامهکردن). له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که له (هۆکاری ده‌رچوونی) پرۆژهقانووکهدا هاتوه ( له پێناو پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان و … خراپ به‌كارنه‌هێنانی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی راده‌ربرین ، ئه‌م یاسایه ده‌رچوێنرا).
ئایا ئه‌و به‌ڕیزانه چ کارێکیان به خراپبه‌کارهێنانی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادیی راده‌ربرین هه‌یه؟ به کام هه‌ق خۆیان ده‌که‌ن به پاسه‌وانی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادیی راده‌ربڕین؟! ئایا ئه‌وه تهجاوهزکردنه سه‌ر دادگا و داواکاری گشتی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌ت نییه؟ ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌توانن پێمان بڵێن له کام وڵاتی دنیادا، ئه‌وانه‌ی که خۆیان کردۆته پاسه‌وان و پارێزه‌ری ئاین و پیرۆزیی ئاینی، هه‌قیان به‌سه‌ر باش یان خراپ به‌کارهێنانی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه هه‌بووه و هه‌یه؟! ئه‌ی ئه‌وان بۆ له ئاست خراپبه‌کارهێنانی ئازادیی ئاین و ئازادیی راده‌ربڕین، له لایه‌ن هه‌ندێک مه‌لا و رێکخراوه‌وه، بێده‌نگن؟ تا ئێستا ده‌یان جار له خوتبه‌ی رۆژی جومعه و هه‌ندێک که‌ناڵی راگه‌یاندندا، هه‌ندێک مه‌لای سیاسی و ئیسلامی سووکایه‌تییان به چه‌ندان نووسه‌ر و رووناک‌بیر و په‌رله‌مانتار کردووه، بێ ئه‌وه‌ی تووشی لێپرسینه‌وه ببن!! راستییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان پێویستیی به قانوونێکه بۆ رێگرتن له‌وانه‌ی بازرگانی به به ئاینه‌وه ده‌که‌ن، یان وه‌ک نوینه‌ر و وه‌کیلی خوا و پێغه‌مبه‌ر ره‌فتار ده‌که‌ن و تومه‌تی کوفر به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌به‌شنه‌وه و خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌که‌ن.
که‌واتا ئامانج له (پرۆژه‌قانوونی پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان روونه. کورد ده‌ڵێت: راوی رێوی بۆ کهوڵهکهیهتی. ئه‌و پرۆژه قانوونه‌ش به‌و ئامانجه‌یه که، ئه‌و ئازادییانه‌ی قانوونی رۆژنامه‌وانی، بۆ راده‌ربڕن دابینی کردوون، زه‌وت بکرێن. قانوونی رۆژنامه‌وانی وه‌ک مووس له گه‌رووی هه‌ندێک لایه‌ندا گیر بووه، نه پێیان قووت ده‌درێت، نه ده‌شتوانن به ئاسانی له گه‌رووی خۆیان ده‌ری بێنێنن. ئه‌و پرۆژهقانوونه هه‌وڵدانێکه بۆ دهرهینانهوهی مووسه‌که، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ریش بگرێت، حه‌تمه‌ن پڕئازار ده‌بێت.
پرۆژهقانوونهکه پرسیارێکی گرنگی لای من دروست کرد. ئایا حوکمدانی که‌سێک به تاوانی (جوێندان به خوا و پێغه‌مبه‌ر و…تاد) به‌ڵگه و به‌هانه ناداته سه‌له‌فی و ئیسلامییه توندڕه‌وه‌کان، تا دواتر، ئه‌وانیش به شێوازی خۆیان، که سهرپهڕاندنه، سزای ئه‌و که‌سه بده‌ن؟
ئایا ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌پشت ئه‌و پرۆژه قانوونهوهن، ده‌توان زه‌مانه‌تی ئه‌وه بده‌ن که، ئه‌گه‌ر که‌سێک به پێی ئه‌و قانوونه حوکم درا، سه‌له‌فی و توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان، به توومه‌تی کوفر و کافربوون، خوێنی حه‌ڵاڵ ناکه‌ن؟! ئه‌ی ئه‌گه‌ر کردیان و به شمشێری تیرۆریستان سه‌ریان په‌ڕاندن، ئایا هه‌ڵوێست و وه‌ڵامی ئه‌وان چی ده‌بێت؟ ئایا به‌رپرسیاریی ئاینی و ئه‌خلاقی و ویژدانی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وان و ئه‌و په‌رله‌مانتاره به‌ڕێزانه‌ی ده‌نگ بۆ قانوونێکی هێنده زاڵمانه ده‌ده‌ن، تا چه‌ند ده‌بێت؟! ئایا که‌سوکاری ئه‌و قوربانییانه مافیان نابێت که یه‌خه‌ی ئه‌وان بگرن؟!!.
پرۆژهقانوونهکه، به زمانێکی شپرزه و کوردییه‌کی شکست و په‌رپووت نووسراوه. له رووی زمانهوانهوانی و داڕشتنه‌وه، هه‌ندێک زاراوه و ده‌ربڕینی نائاسایی و نادروستی تێدایه. له تێکستی قانوونی‌دا ده‌بێت دیققه‌ت و ورده‌کاری له هه‌ڵبژاردنی وشه و زارهوهکاندا، به‌کار بێت. هه‌ر وشه‌و زاراوه‌یه‌ک مانای کۆنکرێتیی خۆیان بده‌ن. بۆ نموونه، له ماده‌ی یه‌که‌مدا نووسراوه: {سوکایه‌تی به خوا (جل جلاله) و پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خودایان له‌سه‌ر بێت) وه قورئانی پێرۆز و کتێبه ئاسمانییه‌کان تاوانه}. ئه‌گه‌ر له رسته‌ی (قورئانی پیرۆز و کتێبه ئاسمانییه‌کان) ورد بینه‌وه، له رووی مانا‌و داڕشتنه‌وه ده‌بینین که 1.قورئان به (پیرۆز) داندراوه، به‌ڵام وه‌ک کتێبێکی ئاسمانی ناو نه‌براوه. 2.که‌چی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه (کتێبه ئاسمانییه‌کان) که دیاره مه‌به‌ست ته‌وڕات و ئینجیله، به ئاسمانی داندراون، که‌چی به پیرۆز ناو نه‌براون!!
ره‌نگه ئه‌و داڕشتنه به‌هۆی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانییه‌وه بووبێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شایه‌نی تێڕامان و سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که، چه‌ند جارێک زاراوه‌ی (کتیبه ئاسمانییه‌کان) دووباره بۆته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ته‌ورات و ئینجیل، یان هیچ کتێبێکی دی بهێندرێت، یان وه‌ک قورئان به پیرۆز دابندرێن!! هیوادارم ئه‌مه‌شیان که‌مته‌رخه‌مییه‌کی زمانه‌وانی بێت، مه‌به‌ستێکی ئاینی له پشته‌وه نه‌بێت، که لایه‌نگرانی ئه‌و ئاینانه توڕه و بێزار بکات!
به کورتی و کوردی، پرۆژه‌قانوونی (پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان) له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌یه‌کی سیاسییه و به ئامانجی به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادیی راده‌ربڕین ئاماده کراوه. بۆیه دژی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه، که ده‌وڵه‌تی عێراق قبووڵی کردووه. هه‌روا به ده‌ستووری عێراقیش، که رێگای ده‌رکردنی قانوونی دژ به دیموکراتی نادات، ناکۆکه.
هه‌ر کۆمه‌ڵێک باوه‌ڕی به دیموکراتی هه‌بێت، رێز بۆ ژیان و ماف و ئازادیی هاووڵاتیانی دابنێت، به‌ته‌نگ ئاشتی و ئارامیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێت، پێویستی به قانوونێکی نادیموکراتانه و داپڵۆسێنه‌رانه‌ی له‌و جۆره نییه. چونکه قانوونی له‌و جۆره هیچ کێشه و گرفتێک چاره‌سه‌ر ناکات، که‌چی ده‌شێت چه‌ندان کێشه بنێته‌وه و هه‌ڕه‌شه له ئاشتیی ئه‌هلی و کۆمه‌ڵایه‌تی بکات. له‌وانه‌شه (هیوادارم زیادهڕۆویی نه‌بێت) ده‌رگایه‌ک به سه‌ر دۆزه‌خێکدا بکاته‌وه، که که‌س نه‌زانێت، عاقیبه‌ته‌که‌ی چی و چۆن ده‌بێت.
به‌هانه‌ی ئاین و (پاراستنی پیرۆزییه ئاینییه‌کان) ناتوانن هیج جۆره شه‌رعییه‌تێکی ئاینی، قانوونی، ئه‌خلاقی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، به سه‌پاندنی قانوونێکی نادیموکرات و زاڵمانه بده‌ن.
* * *
له کۆتاییدا ده‌ڵێم، سه‌دان ساڵه خه‌ڵکی کوردستان، به موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزدی و ئه‌رمه‌نی و شه‌به‌ک و کاکایی و جوولهکهیهوه، پارێزگاریی پیرۆزییه ئاینییه‌کانی خۆیانیان کردووه و ده‌که‌ن. ئه‌وڕۆش پێویستییان به که‌س نییه، خۆی بکاته پۆلیس و پاسه‌وانی پیرۆزییه ئاینییه‌کانیان. ئه‌وان، وه‌ک هه‌میشه، به‌بێ قانوونێکی له‌و جۆره‌ش، ده‌توانن پیرۆزییه ئاینی و به‌ها ئه‌خلاقی و ئامانجه ئینسانییه‌کانی خۆیان و هی یه‌کتریش بپارێزن.
ئاشکرایه له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا که‌سانێک هه‌ن، که‌م بن یان زۆر، له قانوون لاده‌ده‌ن، دزی ده‌که‌ن و ده‌کوژن. ده‌ستدرێژیی ده‌که‌نه سه‌ر موڵک و ماڵ و ناموسی خه‌ڵک. یان تومه‌ت هه‌ڵده‌به‌ستن و سوکایه‌تی به خه‌ڵک و باوه‌ڕ و ئاینیان ده‌که‌ن. جوێن به خوا و پێغه‌مبه‌ران ده‌ده‌ن. ئه‌و جۆره کار و ره‌فتارانه و زۆری دیکه‌ی له‌و جۆره، له قانوونی سزادان و قانوونی دیکه‌شدا، چاره‌سه‌ر کراون و سزا و رێوشوێنی گونجاویان بۆ داندراوه. له عێراق و هه‌رێمی کوردستانیشدا، له ده‌ستووری عێراق و چه‌ندان قانوونی دی، ئه‌و جۆره مه‌سه‌لانه چاره‌سه‌ر کراون.
ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه، که له جیاتی سزای دڵڕه‌قانه و تۆڵه‌ی بیبهزهییانه، هه‌وڵ بده‌ین، به جۆرێکی جیاواز و گیانێکی مرۆڤدۆستانه چاره‌سه‌ری ئه‌و جۆره گرفتانه بکه‌ین، که له پرۆژهقانوونهکهدا هاتوون؟
ئه‌و که‌سانه کێن په‌نا بۆ ئه‌و جۆره کارانه ده‌به‌ن، که له ماده‌ی دووه‌می پرۆژهقانوونهکهدا هاتووه: (جوێندان و گاڵته‌کردن به خودای گه‌وره، جوێندان و گاڵته‌كردن و سووك باسكردن و وێنه‌ی ناشایستهكردنی پێغه‌مبه‌ران. سوتاندن و دڕاندن و فڕێدانی قوڕئان و كتێبه ئاسمانییه‌كان). ئه‌و که‌سانه، یان منداڵ و هه‌رزه‌کاری نه‌فامن و له کاتی تووڕه‌بووندا نازانن چی ده‌که‌ن؟ یان ره‌نگه که‌سی ئاسایی و سروشتی نه‌بن، له ژینگه‌یه‌کی تراجیدیانه‌ی پڕ له توندوتیژیدا گه‌وره و په‌روه‌رده بووبن و گرفتی جیدییان له‌گه‌ڵ خۆیان و خیزانیان و له‌گه‌ڵ ژیان و بوون و ده‌وروبه‌ریاندا هه‌بێت. نه‌توانن له‌گه‌ڵیان بگونجێن و هه‌ڵ بکه‌ن. یاخود له‌وانه‌یه ئه‌و که‌سانه ناساخییهکی عه‌سه‌بی، یان ره‌وانییان هه‌بێت و پێویستیان به چاره‌سه‌ری پزیشکی بێت. که‌سانێکی هه‌ر کام له‌و گرفتانه‌یان هه‌بێت، که له سه‌ره‌وه باس کران، له‌وانه‌یه له ناکاو، وه‌ک شیری کوڵاو هه‌ڵبچن. تووڕه ببن. کۆنترۆل له‌ده‌ست بده‌ن و توندوتیژانه ره‌فتار بکه‌ن، که دیاره جوێندان به هه‌ر که‌س و شتیک، جۆریکه له توندوتیژی. ئه‌و جۆره که‌سانه، له هه‌موو حاڵێکدا، که‌سانی دڵشکاو و ره‌نجاو و نائارامن. حه‌تمه‌ن به‌خته‌وه‌ریش نین. مرۆڤی به‌خته‌وه‌ر، مرۆڤی ئاسایی و سروشتی، ناتوانێت که‌سێکی توندوتیژ بێت. چونکه پێویستی به کاری نه‌شیاو و توندڕه‌وانه‌ی له‌و جۆره نییه و ناشتوانێت بیکات.
ئه‌و جۆره که‌سانه ده‌بێت، لای هه‌مووان، به‌تایبه‌تی لای ئیمانداران، مایه‌ی سۆز و به‌زه‌یی بن، چونکه به ڕاستی پێویستییان به سۆز و یارمه‌تی هه‌یه. ئه‌خلاقییه‌تی به‌رپرسیاری و گیان و ئه‌رکی ئاینی، له ده‌سه‌ڵات و مه‌لا و زانایانی ئاینی ئیسلام ده‌خوازن که، پێش ئه‌وه‌ی بیر له سزادان و تۆڵه‌کردنه‌وه له‌و جۆره که‌سانه بکه‌نه‌وه، هه‌وڵ بده‌ن له گرفته‌کانیان بگه‌ن، یارمه‌تی چاره‌سه‌رکردنیان بده‌ن. ئامۆژگاری و کۆمه‌کیان بکه‌ن، تا له‌و مه‌ینه‌ته رزگاریان ببێت و ببنه‌وه به هاووڵاتییه‌کی ئاسایی و سوودمه‌ند و که‌مێک به‌خته‌وه‌ر. ئایا پێنج ساڵ و ده ساڵ زیندان، ده‌توانێت چ کۆمه‌کێک به که‌سێکی به‌دبه‌خت و سته‌ملێکراو بکات؟ ئه‌و جۆره که‌سانه، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم، له‌جیاتی سزای توند و قورس، پێویستییان به یارمه‌تیدان و میهره‌بانی هه‌یه، چونکه ره‌نگه لێی بێبه‌ش کرابن. خۆ ئه‌گه‌ر، گریمان، شایه‌نی سزادانیش بن، ئایا باشتر نییه لێگه‌ڕێین خوا بۆ خۆی، له‌و کات و شوینه‌ی به گونجاویان ده‌زانێت، سزایان بدات؟