ڕوانگه… زه‌مینه‌یه‌ک بۆ ڕه‌خنه
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی ئه‌ده‌بی جیهان بکه‌ین، زۆر گرووپ و مانیفێستمان وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه گرووپی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری جیاواز له ئه‌ورووپا په‌یدابوون. نموونه‌ی دادایی و سیمبولی و سوریالیسته‌کان… تاد. ئه‌مانه هه‌ریه‌که‌یان مانیفێستی خۆیان هه‌بوو، له مانیفێسته‌که‌یاندا پرۆژه‌ی کار و چۆنییه‌تی کارکردنیان له نێو ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ڕوونده‌کرده‌وه. ئه‌م ڕه‌وته نوێیانه هه‌م یار و هه‌م نه‌یاریان هه‌بوون. به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر بواری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیان هه‌بووه، ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر ئه‌ده‌بی میلله‌تانی دیکه‌یش.
ڕوانگه، به هه‌مان شێوه له‌ژێر کاریگه‌ری نوێخوازی عه‌ره‌بی (به‌تایبه‌تی شاعیر و نوێخوازانی عێراقی) و ڕه‌وتی (شیعر69)، که ئه‌و ڕه‌وته‌ی عێراقیش کۆپییه‌کی خه‌راپی نوێخوازی ئه‌رووپی بوو، سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌موێ له‌باره‌یه‌وه بنووسم، ئه‌وه نییه که ڕوانگه‌ییه‌کان کێن؟ یان چی له مانیفێسته‌که‌یاندا هاتووه؟ یان ڕه‌خنه‌م له‌باره‌ی مانیفێستهکهیانهوه هه‌بێ؟ چونکوو هه‌ر په‌یڤێک بنووسم پاته‌بوونه‌وه‌ی په‌یڤی که‌سانی دیکه‌یه. زۆر له‌باره‌ی ڕوانگه و هۆکاری دروستبوونیانه‌وه نووسراوه. به‌ڵکه ئه‌وه‌ی من ده‌موێ باسی بکه‌م، ئه‌و زه‌مینه‌سازییه بوو، که به هۆی ڕوانگه‌وه بۆ هاتنه‌کایه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی دروست بوو.
ئه‌وه ئاشکرایه مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له نێو کورد دا هێنده له مێژنییه. ته‌نانه‌ت تاکوو ئێستایش زۆرێک له‌و بڕوایه‌دان کورد ڕه‌خنه‌ی نییه، یان ڕوونتر کلتووری ڕه‌خنه‌ی نییه. هه‌رچه‌نده ئه‌م بۆچوونه ڕاستی تێدایه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به تیۆر و قوتابخانه ڕه‌خنه‌ییه‌کانی ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیاتی درواسێیان. بۆچوونێکی زۆر باو و هه‌ڵه له نێو کورد له‌باره‌ی تێگه‌یشتن له چه‌مکی ڕه‌خنه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش هێندێک له نووسه‌ران وا ده‌زانن ڕه‌خنه ته‌نێ بریتییه له ده‌ستنیشانکردنی لایه‌نی ناشرینی و کێماسی ده‌ق. به‌ڵام بێ‌ئاگان له‌وه‌ی ئه‌مه لایه‌نێکی ڕه‌خنه‌یه، لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی بریتییه له شرۆڤه‌کردن و دۆزینه‌وه‌ی کۆده‌کانی ده‌ق و گه‌ڕان له دوای واتای پشت وشه‌کان، ته‌نانه‌ت تیۆری ئێستاتیکای وه‌رگر، پێداگری له‌سه‌ر خوێنه‌ر ده‌کاته‌وه، خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر له ده‌ق و به‌رهه‌مهێنانی فیکره‌یه‌ک له‌باره‌یه‌وه گرنگه، جا ئه‌م بهرههمهێنانهیش له خوێنه‌رێک بۆ خوێنه‌ریکی دیکه جوداوازه و ده‌گۆڕێت.
ئاشکرایه دوای هه‌موو کاره‌سات و شه‌ڕ و نائومێدییه‌ک، هه‌میشه که‌سانێک هه‌ن بیر له ده‌رچوون له‌و ناخۆشیانه بکه‌نه‌وه. بۆ ئه‌مه‌یش زۆر ڕێ هه‌یه بیگرنه‌به‌ر. یه‌ک له‌و ڕێیانه ئه‌ده‌به. له ڕێی ئه‌ده‌به‌وه هه‌وڵی گۆڕینی واقیع ده‌ده‌ن. ڕوانگهیش به‌ڕای من به وه‌ها بارێک‌دا تێپه‌ڕیوه. له زۆر جێی دیکه‌یش گوتوومه ڕوانگه ته‌نێ مانیفێستێک بوو، ئه‌م قسه‌یه‌م به قسه‌یه‌کی شێرۆکۆ بێکه‌س به‌ڵگه‌مه‌ند ده‌که‌م. (( یه‌که‌مین به‌یانی ڕوانگه هیچ قوڵاییه‌کی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفیی تێدا نه‌بوو. ته‌نها جاڕدانێک بوو بۆ نوێخوازی و به‌زاندنی زمانی ته‌قلیدی. له‌م به‌یانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆحێکی په‌رۆش و به هه‌ڵپه ئه‌بینین بۆ تازه‌کردنه‌وه، ئه‌وه‌نده شیکردنه‌وه و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆ و هۆکاره‌کانی ئه‌و چه‌قبه‌ستنه‌ی زمان نابینین.))1 به کورتی ڕوانگه ته‌نێ هاوارێک بوو. به‌ڵام بێویژدانییه بڵێین کاریگه‌ری نه‌بووه. ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ی ئاراسته‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان کرا، به‌ڵگه‌ی کاریگه‌ری و شکاندنی شه‌خته‌ی ئه‌ده‌بی کوردی بوو.
به هۆی ڕوانگه و مانیفێسته‌که‌یان، جموجۆڵێکی ڕه‌خنه‌یی باش له‌سه‌ر ڕووپه‌لی ڕۆژنامه‌ی ئه‌وکات (هاوکاری) په‌یدا بوو. واته ڕوانگه بووه زه‌مینه‌یه‌ک، داینه‌مۆی به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. به‌ڵام چه‌ند کێشه‌یه‌ک له ڕه‌خنه‌گره‌کاندا هه‌بوو. یه‌کێ له‌و کێشانه ڕه‌خنه‌گره‌کان ته‌نێ له‌سه‌ر مانیفێستهکه ڕه‌خنه‌یان ده‌نووسی. ئه‌وه‌نده به‌لای ئه‌و ده‌قانه‌وه نه‌ده‌چوون، که ڕوانگه‌ییه‌کان له گۆڤاری (ڕوانگه) و دواتریش بڵاویان ده‌کرده‌وه. چونکوو یه‌کێ له ئامانجی ڕوانگه‌ییه‌کان شکاندنی زمان و ته‌قلیدی ئه‌و سه‌رده‌م بوو. (ڕۆمان یاکۆپسن)، هه‌میشه پێداگری له‌سه‌ر گرنگی نووزمانی له ده‌قدا ده‌کرده‌وه. هه‌ر ده‌قێکیش ده‌بێ خاوه‌ن زمانی خۆی بێت. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دابوو ((زمانی ده‌ق هه‌ڵده‌مسێ (thicken) و سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌ره‌و لای خۆی په‌لکێش ده‌کات.))2 به‌ڵام کێشه‌ی نه‌یاران و ڕه‌خنه‌گران له ڕوانگه، زۆربه‌ی له‌باره‌ی مانیفێستهکهوه بوو. تاک وته‌را گوتار و نووسین له‌باره‌ی ئه‌و ده‌قانه‌وه ده‌نووسران، که ڕوانگه‌ییه‌کان بڵاویان ده‌کرده‌وه. زۆرکه‌م بایه‌خیان به لایه‌نی زمان و ئێستاتیکا و نوێخوازی ده‌قه‌کان ده‌دا. ئه‌وه‌نده‌ی من ڕوانیبم له‌و کتێبه‌ی (حوسێن عارف) ئاماده‌ی کردووه به کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گوتار و نووسینانه‌ی به دژ، یان به‌لایه‌نگری ڕوانگه نووسراون، زۆر که‌م به‌ر نووسینێک که‌وتووم لایه‌نی هونه‌ری و ته‌کنیکی ده‌قیان لێکدابێته‌وه. زۆربه‌ی نووسینه‌کانیش وه‌ڵامدانه‌وه بووه، ڕوانگه‌ییه‌کان داکۆکیان له خۆیان کردووه، نه‌یاران وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م وه‌ڵامدانه‌وانه‌ی یه‌کدی گرنگی بۆ زه‌مینه‌سازی دروستکردن بۆ ڕه‌خنه هه‌بوو. به‌وهۆیه‌وه بواری ڕه‌خنه جووڵه‌ی تێکه‌وت.
یه‌کێ له گرفته‌کانی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی، ڕه‌خنه‌یان له ڕوانگه‌ییه‌کان ده‌گرت، ئه‌وه بوو، له ژێر کاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیای مارکسی – لینینی نووسینه‌کانیان ده‌نووسی. هه‌رچه‌نده له مانیفێسته‌که‌ی ڕوانگه‌دا هاتبوو، ئه‌وان ئازادن و ناچنه ژێر باری هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌ک. (( ڕوانگه ئازاد و سه‌ربه‌سته… بۆیه گشت کۆت و زنجیرێک ئهپچڕێنێت.))3 به‌ڵام ڕه‌خنه‌گره‌کان ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان ئاراسته‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان ده‌کرد، ده‌بێ له‌ژێر چه‌تری بیری مارکسی ده‌قه‌کانیان بنووسن. بێگومان ئه‌و سه‌رده‌م ئه‌وه‌ی له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه نه‌بووایه به کۆنه‌په‌رستیان ده‌زانی، به‌ڵام بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ق قاڵبهند به ئایدۆلۆژیایه‌ک بکرێت، خوێندنه‌وه‌ی دیکه هه‌ڵناگرێت. (( بۆ دیتنی بنخان وپشتخانی هه‌ر ده‌قێک، که له پێناویدا ڕه‌خنه چاویلکه‌ی فه‌لسه‌فی و ئێستێتیکی و ده‌روونشیکاری و مێژوویی ده‌کاته چاوی. به‌مجۆره ئیدی بیانووی ئه‌وه‌مان پێیه که چیدی نابێت ئه‌و پۆلینکردنه ئیدیۆلۆگییه ڕزیوه چالاک بکه‌ین به‌ڵکو بیربکه‌ینه‌وه له‌وه‌ی پتر له چاوێک بۆ دیت، پتر له ده‌ستێک بۆ گرتن، پتر له پێیه‌ک بۆ ڕۆیشتن، پتر له گوێیه‌ک بۆ بیستن، پتر له زه‌مینێک بۆ دامه‌زراندن، پتر له ئاسمانێک بۆ کرانه‌وه ببه‌خشینه کرده‌ی ڕه‌خنه و وشیاری ڕه‌خنه.))4 چ ده‌ق و چ ڕه‌خنه نابێ له‌ژێر چه‌تری هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌ک بنووسرێت، چونکوو به شێوه‌یه‌ک له چوارچێوه‌ی ده‌گرێ و سنوورداری ده‌کا، هیچ بوار بۆ ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی دیکه هه‌ڵناگرێ. زۆربه‌ی ره‌خنه‌ی نه‌یاران له‌و سه‌رده‌م له ڕوانگه ئه‌وه بوو ئه‌وان وردهبۆرژوازن.
له‌وکات ته‌نێ یه‌ک هه‌فته‌نامه هه‌بوو (هاوکاری)، له‌وێدا ئه‌و ڕه‌خنانه ده‌نووسران. بۆیه‌یش هه‌موو خوێنه‌رێک ئه‌و نووسینانه‌یان ده‌بینی. به‌ڵام ئێستا هێنده گۆڤار و ڕۆژنامه و ههفتهنامهمان هه‌ن، خوێنه وێڕاناگات، چاو له هه‌موویان بکات. بۆیه‌یش ڕه‌نگه ده‌قی نایاب تێدا بزربێت، یان نه‌گات به هه‌موو خوێنه‌رێک. به‌ڵام ئه‌وکات ئه‌گه‌ر که‌سێک نووسینێکی له‌و هه‌فته‌نامه‌یه بڵاوبکرابووایهوه، هه‌موو خوێنه‌ره‌کان ده‌یانخوێنده‌وه. ئه‌مه‌یش بێگومان کاریگه‌ری خۆی هه‌بوو. بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌یی هاته‌بوون، له‌وێدا ئالوگۆڕی بیروڕا ده‌کرا، ململانێی فیکری و ئه‌ده‌بی بوونی هه‌بوو. هه‌رچه‌نده هێندێک له‌و ڕه‌خنه‌گرانه له ڕێی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌وه هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا و بیری خۆیان ده‌دا، هه‌رچه‌نده ئه‌مه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیه‌تی ڕه‌خنه و ده‌ق ده‌بێت، زۆرجار له نووسینه‌کان هێرش ده‌کرایه سه‌ر که‌سی به‌رانبه‌ر، به‌لام زه‌مینه‌یه‌کی زۆرباش بوو. ئه‌م وه‌ڵام به وه‌ڵامه وایکردووه، زنجیره‌ی ره‌خنه‌کان نه‌پچڕێن و درێژه‌یان هه‌بێت، هه‌رچه‌نده نووسینه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستی نه‌نووسراون، مه‌به‌ستمان له‌وه نووسینه‌کان به مێتۆدێکی ڕه‌خنه‌یی نه‌نووسراون، به‌ڵام له هێندێ نووسین هه‌ست به زانستیبوونی ڕه‌خنه‌کان ده‌که‌ین.
ئه‌وه‌ی تاکوو ئێستا بووته تێبینی له‌کن من، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕوانگه ده‌نووسن، ته‌نێ دێن مێژووی ڕوانگه باس ده‌که‌ن. یان ئه‌وه‌نده پێداهه‌ڵدانی بۆ ده‌که‌ن، که گوایه زۆر نایاب بووه و ته‌نانه‌ت هێندێک ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌ده‌بیاتی ڕوانگه) به‌کارده‌به‌ن. به بروای من ئهدهبیاتێکمان نییه به‌و ناوه، چونکوو ڕوانگه‌ییه‌کان نه‌یانتوانی تایبه‌تمه‌ندی به ده‌قی خۆیان بده‌ن، بۆ نموونه وه‌کوو سوریالیسته‌کان، یان بوونگه‌راکان، که ئه‌ده‌بیاتی هه‌ریه‌ک له‌مانه به خاسیه‌ت و تایبه‌مه‌ندی خۆیان ده‌ناسرێنه‌وه. هێندێکی دیکه ئه‌وه‌نده دژایه‌تی ده‌که‌ن، وه‌کوو ئه‌وه‌ی ڕوانگه بوونی نه‌بووبێت. ئه‌م دوو بۆچوونه هه‌ردووکیان هه‌ڵه‌ن، چونکوو ده‌توانین بڵێین ڕوانگه و ده‌قی ڕوانگه‌ییه‌کان، تاکوو ئێستا توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی و هونه‌ری، که لایه‌نه ئێستاتیکیهکانی ده‌ق به دیاربخات، له‌باره‌یانه‌وه نه‌کراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه، یان ڕه‌خنه‌یه‌کی له قاڵبدراو به ئایدیۆلۆژیا بووه، یان یه‌کسان کردنیانه به سفر. دواتر خۆشی و ترشیمان بێ، ئه‌و هاواره‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان کاریگه‌ری خۆی هه‌بووه. چه‌ند ساڵێک مشت‌ومڕ و گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕووپه‌لی هه‌فته‌نامه‌یه‌ک، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌م هاواره ده‌یان گه‌نجی وه‌ئاگا هێنا، که نوێتر و یاخیانهتر بنووسن. هه‌میشه هه‌وڵی جوداواز نووسین بده‌ن. بۆ نموونه له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، له هه‌ولێر کۆمه‌ڵێک گه‌نج له ده‌وری (مه‌حموود زامدار) کۆده‌بنه‌وه و ده‌قی جوداوازتر ده‌نووسن. بۆیه‌یش له‌و بروایه‌دام ڕوانگه هاوارێک بوو، زۆر که‌سی بیدارکردهوه.
حه‌مه مه‌نتک
په‌راوێزه‌کان:
1. روانگه هه‌نگاوێک به‌ره‌و نوێکردنه‌وه، شێرکۆ بێکه‌س، گ.گه‌لاوێژی نوێ، ژ:54، کانوونی دووه‌م – 2012، ل73.
2. توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، ڕاجێر وێبستێر، و: عه‌بولخالق یه‌عقووبی، ده‌زگای موکریان، هه‌ولێر، 2006، ل84.
3. ڕوانگه یاران و نه‌یارانی، ئاماده‌کردنی: حوسێن عارف، ده‌زگای سه‌رده‌م، سێمانی، 2005، ل 11.
هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ به‌کر عه‌لی،په‌یڤه‌کان له‌گه‌ڵ نووسه‌ر ده‌په‌یڤن، ئا: ڕابه‌ر فاریق، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی چاپ و بلاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی، 2010، ل207
تێبینی / له پاشکۆی (ڕوانگه)ی ڕۆژنامه‌ی (کوردستانی نوێ)، که تایبه‌ت به ڕوانگه‌ییه‌کان بوو له ڕێکه‌وتی (9/12/2012) بڵاوکراوه‌ته‌وه.