كوژانه‌وه‌ی گوڵهستێرهكانی كاكه
ئه‌زموونكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق، له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا
(1)
بۆ جاری دووه‌م، هه‌ر سێ به‌رگی (گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه)ی (كه‌ریم كاكه)م خوێنده‌وه، ده‌بینم ئه‌مه ئه‌و شێوازه نووسینه‌یه، كه ته‌واو له خوڵقی خوێنه‌رانه‌ی منه‌وه نزیكه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، بگره پێموایه نووسینی ڕاسته‌قینه ده‌بێ ئاوهابێ، كه ناوبراو له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆیدا كردوویه‌تی.
كه له خوێندنه‌وه‌ی بوومه‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ك چێژم لێوه‌رگرت، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی جارێكی تر خوێندنه‌وه‌ی چێشتی مجێوره‌كه‌ی مامۆستا هه‌ژارم كه‌وته‌وه سـه‌ر، كه له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌میش بوومه‌وه، هه‌ستم كرد، ده‌بێ دیسانه‌وه بچمه‌وه كن كوڵهستێرهكانی كاكه… ئێستاش تێنه‌گه‌شتم، ئه‌وه چییه وا له‌من ده‌كا، له‌نێوان ئه‌م دوو تێكسته‌دا هاتوچۆی خوێنه‌رانه بكه‌م؟ كامیانه، وا من بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێ و سه‌رله‌نوێ ئه‌میان ڕاده‌ستی ئهویدیم ده‌كاته‌وه؟ له گه‌ڕی سێیه‌می ئه‌م گه‌مه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌دا بووم، ته‌ماشا ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر من به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئه‌مه كاره‌م، ئه‌وا مه‌گه‌ر سه‌رله‌به‌ری ئه‌م وه‌رزی پشووه، هـه‌ر خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كاكه‌و هـه‌ژار بم!
(2)
نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری، هه‌ر وه نییه، تۆ بێی ژیانی خۆت له‌م سه‌ره‌وه بۆ ئه‌وسه‌ر بنووسییهوهو ئاو بێنه‌و ده‌ست بشۆ، چونكه ئه‌گه‌ر وا بێ، كه‌واته هه‌موومان ئه‌توانین ئه‌وه بكه‌ین، ئیدی ورده ورده وای لێدێ، ده‌ڵێین: خۆ گه‌ر كه‌سێكیش به‌خۆی ئه‌وه‌ی پێ نه‌كرا، قه‌یدی چییه، با بچێ ته‌كلیف له ناسیاوێ، براده‌رێ بكا‌و سه‌رهاتی ژیانی بۆ بگێڕێته‌وه‌و ئه‌ویش له‌كتێبێكدا بۆی بنووسێته‌وه‌و ئێوه‌ش فه‌رموون ئه‌وه یاده‌وه‌ری منی فلانه كه‌سه‌و بیخوێننه‌وه!
كه‌واته چه‌ند سه‌رنجڕاكێشه، كاتێك خوێنه‌رێك ده‌ست ده‌داته خوێندنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی و به‌سه‌رهاتی نووسه‌رێك، به‌ڵام كه لێده‌بێته‌وه، نازانێ به‌ڕاستی ئه‌وه وایه؟ به‌ڕاستی كه‌سێك ئه‌و هه‌مووه‌ی به‌سه‌ر هاتووه؟ چه‌ند جوان بوو، كه گوڵهستێرهكانم ده‌خوێنده‌وه، له چه‌ندین شوێندا، سه‌رسوڕمان به تاقه‌ت و هێزی گێڕانه‌وه، به‌لای نووسه‌ره‌وه، ڕای دهگرتمو له‌خۆم ده‌پرسی: ئه‌رێ ئه‌وه چ هێزێكه، وا ژیان هێند به‌و ناسكییه له بۆته‌ی وشـه‌و واته‌دا نمایش ده‌كاته‌وه؟
نووسه‌ر وه‌ڵام ده‌داته‌وه: (له‌و گێڕانه‌وه‌یه به دیاریكراوی، هیچ مه‌به‌ستێكم نییه، هێنده ده‌زانم ئه‌وه حه‌زی نووسینه‌و چیدی نا…).
(3)
گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه، یه‌كێكه له‌و ده‌قانه‌ی كه شایسته‌ی هه‌ر جۆره هه‌ڵوه‌سته لهسهركردنێكه، چونكه له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی باڵادا، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ، كه وه‌خته بڵێم: ڕۆمانێكه بۆ خۆی، هه‌روه‌ك نووسه‌ریش ده‌نووسێت: (نووسینه‌وه‌ی سه‌رهات له دیدی منه‌وه، پتر به‌لای ڕۆمان، چیرۆكدا ده‌شكێته‌وه)، هاوكات مامه‌ڵه‌كردنێكی هونهرییانهشه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی له ناوكۆی ده‌قه‌كه‌دا ده‌یانخوێنینه‌وه.
ئه‌گه‌رچی ڕووداو و سه‌رهاته‌كانی ئه‌م سێ به‌رگه‌ی گوڵهستێركان، تایبه‌تن به نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاكان، تا ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام ئێمه ده‌توانین وه‌ك كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی ته‌واو كراوه‌و ڕۆشن، كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی بێلایه‌نانه، كه لێیه‌وه بڕوانینه ته‌واوی ئه‌و قه‌وماو و گرته‌و دیمه‌نه ونبووانه‌ی مێژووی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی نه‌وه‌كانی حه‌فتاو هه‌شتاكانی سـه‌ده‌ی ڕابردووی ئه‌م میلله‌ته، كه له‌ڕاستیدا ده‌بوو، به‌چه‌ندین شێوازی ئه‌ده‌بی جیاواز‌و له بۆته‌ی چه‌ندین ژانری ئه‌ده‌بی دیكه‌دا، به‌لای نووسه‌رانی ترمانه‌وه، ئه‌و جـۆره باس‌و گرته‌و دیمه‌ن و قه‌وماوه ونبووانه‌ی ناو شۆڕشی ڕزگاریخوازیمان، ڕه‌نگیان دابایه‌وه، ئاخر گێڕانه‌وه‌ی مێژووییانه‌ی سهرهاتو ڕووداوه‌كانی هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی، له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، ناگاته‌وه ئاستی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه له ئه‌ده‌بدا هه‌یه، چونكه دواجار مامه‌ڵه‌ی ئه‌دیبێك له‌گه‌ڵ مێژوو، ته‌واو جیاكاره له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی مێژوونووسێك ده‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی ناو مێژوویدا ده‌كات، به‌ڵام وادیاره بێخه‌می نووسه‌رانی كورده، كه هێشتا وه‌ك پێویست ئه‌وه له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا به‌ركه‌ڵك نه‌خراوه‌و به‌رچاو ناكه‌وێ، یان ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتی كوردی، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، وێنه‌ی جوانی پێشمهرگایهتیو خه‌باتی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی پێشی به‌رێی، هێند ناشیرین و دزێو كرد، كه چ قه‌ڵه‌مێك تاقه‌تی نه‌بێ، سه‌رهاتی پڕ له شانازی جاران بنووسێته‌وه، به‌وشێوه‌یه‌ی لای كه‌ریم كاكه هه‌یه (له گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهاتی پێشمه‌رگایه‌تی نه مه‌به‌ستم گێڕانه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و نه ڕاستكردنه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه گێڕانهوهكانه، نه مه‌به‌ستم شكانه‌وه‌ی كه‌سێك، لایه‌نێكه نه پێچه‌وانه‌كه‌یشی…. كه پێشمه‌رگایه‌تیم ده‌گێڕمه‌وه، خۆم ده‌گێڕمه‌وه)، ئه‌مه‌ش تێڕوانینی نووسه‌ری بێلایه‌نه، له‌كاتێكدا كه خۆی، له ده‌می ڕووداوه‌كاندا، له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا ژیاوه، به‌ڵام ئایا ئه‌ده‌ب به چ چاوێك و له‌كام گۆشه‌وه له ئێستا‌و ڕابردوو ده‌ڕوانێ؟ هه‌ڵبه‌ت پێموایه ئه‌وه‌ی له‌م ڕووه‌وه كۆمه‌كی به كه‌ریم كاكه، كردووه‌و تێدا سه‌ركه‌وتووش بووه، ئه‌وه‌یه كه له‌ڕابردوودا پێشمه‌رگه‌یه‌كی نووسـه‌ر ئێستاش نووسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌یه.
(4)
ئه‌م كتێبه سـێ به‌رگییه، كه نازانین چه‌ند به‌رگی دی به‌دوادا دێ (نازانم له چه‌ند به‌رگی وه‌ك ئه‌م به‌رگه ته‌واو ده‌بن، ڕه‌نگه ته‌واویش نه‌بن)، كتێبی سه‌رهاته‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی خه‌یاڵفراوانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه، كه منی خوێنه‌ر به‌هیچ جۆرێك له خوێندنه‌وه‌ی تێر نابم، نه‌ك هه‌ر من، دڵنیام هه‌ر كه‌سێكی تریش، به‌مه‌رجێ خوێنه‌رانه ده‌ست بداته خوێندنه‌وه‌ی، لێی تێر نابێ، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، كه خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌زانێ چـۆن یاده‌وه‌ری و به‌سه‌رهاتان بگێڕێته‌وه، هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت: “خودایه زاری ڕژان نه‌كه‌یته‌وه، ده‌نا سه‌رهات به‌سه‌ر ێكدی سه‌ر ده‌كات و ناگێڕێته‌وه” {به‌رگی سێیه‌م: ل125}.
به‌ڕاستی نووسه‌ر سه‌لیقه‌یه‌كی جوانی گێڕانه‌وه‌ی نیشان داوه، به‌جۆرێك، كه له‌م دیمه‌نه‌وه بۆ ئه‌و دیمه‌ن و له‌م ڕووداوه‌وه بۆ ئه‌و ڕووداو باز ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی زنجیره‌یی نێوانیان بپچڕێ، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه وه‌ڕس نه‌بێ، به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی تر، كه له دوو توێی كتێباندا چاپكراون و ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كانیان قه‌ره‌باڵه‌غ كردووه، هه‌ر له یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌وه، زه‌وقی خوێندنه‌وه‌ت تفت و تاڵ ده‌كه‌ن و ناچار تۆی خوێنه‌ریش پشتی تێ بكه‌یت.
(5)
ناولێنانی كه‌س و شوێن، ڕێك ده‌چنه‌وه چوارچێوه‌ی ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه‌وه، كه به خه‌ڵقكردنی كه‌س و شوێنی ڕۆماننووسانه ناسراوه، ئه‌و پرۆسه‌ی خهڵقكردنهش هه‌روا له فه‌زایه‌كی بۆشـدا ناهاتووه‌ته به‌رهه‌م، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیكه‌ی (ئه‌مجاره‌ش) ڕۆماننووسانه‌ی باڵادا سازكراوه، یان به‌رهه‌م هێنراوه، ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌یه‌كی چڕه، واتا نووسه‌ر له‌یه‌ك كاتدا، له‌ناو پرۆسه‌ی خهڵقكردندا، شوێنان و كه‌سان خه‌لق ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش بارگاوی به هێزێكی گه‌وره‌ی زمان، كه خوێنه‌ر هه‌ست به‌و سیستمه‌ی نووسینه ده‌كات، كه دواجار دال و مه‌دلوله‌كانی له پشتڕا ئاماده‌یه. ئه‌وه‌تا خۆیشی ده‌نووسێت: (ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه ناو گێڕانه‌وه، ڕه‌نگه دهورهكهیان كتومت به‌و شێوه‌یه نه‌بێ، كه من بۆیانم دیاری كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر به سه‌رهاتی ده‌مێنێته‌وه، واته ڕووداوه‌كان ده‌ستكرد نین، به‌ڵام ده‌ستی هونهركاریان گه‌یشتۆتێ..).
(6)
زمان له‌م ده‌قه‌دا، كوردییه‌كی په‌تی و جوانه، مه‌گه‌ر بۆ پێویستی گێڕانه‌وه خواستبێتی، ده‌نا خوێنه‌ر چاوی به وشه‌یه‌كی بێگانه، وشه‌یه‌كی به‌ده‌ر له زمانی شیرینی كوردی، ناكه‌وێ. من به خۆم، (ئه‌گه‌ر سه‌رسامیم به تێكسته‌كه به‌هه‌ڵه‌یدا نهبردم)، ته‌نیا له به‌رگی یه‌كه‌مدا چاوم به وشـهی (ئه‌نالیزه) كه‌وت، كه وشه‌یه‌كی ناكوردییه، هه‌ربۆیه له‌نێو كه‌شێكی ته‌واو كوردانه‌دا، خوێنه‌ر ڕۆده‌چێته نێو دنیای سه‌رهاتی پۆله پێشمه‌رگه‌یه‌كی گیان له‌سه‌رده‌ست، كه ده‌نگی نووسه‌رو چاوی نووسه‌ر، ده‌بنه ڕێبه‌رو چاوساغی خوێنه‌رو دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م لاپه‌ڕه، ئیدی بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆت بزانی، ده‌بینی وا تۆی خوێنه‌ریش بووی به یه‌كێك له هاوڕێیانی پۆله پێشمه‌رگه‌و له‌گه‌ڵیان شاخه‌وشاخ و هه‌ورازه‌و ههورازو نشێواو نشێو، به‌ڕێ كه‌وتووی، ده‌بینی تۆش هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌وان، وای له‌نێو مه‌ترسییه بهردهوامهكاندا، وه‌ك ئه‌وان هه‌ست به نزیكبوونه‌وه‌ی مه‌رگ ده‌كه‌ی، هه‌ر له نزمبوونه‌وه‌ی كۆپتهرێكهوه به‌قه‌د به‌ژنێك و هه‌ر له نزیكبوونه‌وه‌ی مارێكه‌وه، تا چركه‌ساته‌كانی شه‌ڕێكی دهستهویهقهی جاش و جه‌یشدا… ئه‌مانه‌و زۆری تریش، هه‌ر زۆر زۆر… ئه‌و دیمه‌نانه‌ن، كه له كوژانه‌وه‌ی گوڵهستێرهكاندا له قاوخی چه‌ندین وێنه‌ی جوانی گێڕانه‌وه‌و زۆرجاریش بارگاوی به زمانێكی شیعری ناسك، هه‌ستیان پێ ده‌كه‌ین و تێیاندا ده‌ژین و مامه‌ڵه‌یان ده‌كه‌ین.
وه‌سفكردن له‌م ده‌قه سهرهاتییهدا، پانتاییه‌كی فراوان و ئاستێكی باڵای بۆخۆی داگیر كردووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، له‌ڕێگه‌ی وشـه‌وه، ته‌واو وه‌ك وێنه‌ی جوڵاو بێنه به‌رچاو، چوون ئه‌وه‌ی دانیشتبی و ته‌ماشای فیلمێكی سینه‌مایی بكه‌یت، ئاوا…
(7)
له خوێندنه‌وه‌ی كوڵهستێرهكان كوژانهوهدا، به كرده‌كی بۆم ده‌ركه‌وت، كه چۆن ئه‌گه‌ر ده‌قێك جوان بێت، خوێنه‌ر ناتوانێ به‌جارێك و دووانی خوێندنه‌وه لێی تێر ببێ، هه‌روه‌ك دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی داوه یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی و خوێندییه‌وه، ئیدی لێناگه‌ڕێ تا سه‌رتاپای نه‌خوێنێته‌وه، چونكه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تێكه‌ڵی دنیای ئه‌و جۆره تێكسته بووی، ئیدی ناتوانی ده‌ست نه به هیچ كارێكه‌وه بده‌ی و نه ده‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ی هیچ كتێبێكی تریش به‌ری، تا له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌یان نه‌بییه‌وه، چونكه ده‌قی گێڕانهوهبهندی جوانچنراو، وا له خوێنه‌ر ده‌كات، ئه‌و كاتانه‌ی كتێبه‌كه بۆ چه‌ند ساتێك وه‌لا ده‌خات و ده‌ست ده‌داته كارێكی دیكه، هه‌ست به‌وه بكا، كه هێشتا كارێكی گه‌وره‌تری ماوه ته‌واوی بكا، كارێك كه مادامه‌كێ قسان له‌مه‌ڕ كوژانه‌وه‌ی گوڵهستێرهكانه، وا هه‌ست ده‌كا، هێشتا به‌ڕێوه‌یه به‌ره‌و (باره‌گا پێرسییهكه) یان له‌وی (بن عهردیی)یه‌وه به‌ره‌و ئه‌وی (ئاسمانی)ی هه‌ڵده‌كشێ به‌ره‌و لای هه‌وره‌كان… ئه‌مه ته‌واو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه، كه نووسه‌ر، توانیویه‌تی به ده‌قه‌كه‌ی خۆی ببه‌خشێ و لهوێندرێشهوه، خوێنه‌رانی خۆی پێ ئاشنا بكا، به‌ڕاستی من به خۆم، ئه‌م حاڵه‌ته‌م له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی (گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه)دا، به ته‌واوی ئه‌زموون كرد.
(8)
ڕه‌نگه (سه‌رهاتی پێشمه‌رگانه) یان (گه‌شتی پێشمه‌رگانه) ئه‌و پێناسه كورته بن، كه هه‌ر خوێنه‌رێك بتوانێ بۆ گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه‌ی بهكاربهرێ، چونكه ئه‌و كتێبه تائێستا سێ به‌رگییه، خۆی له‌خۆیدا گه‌شتێكی دورودرێژی پڕ ڕووداوه، به‌نێو ناوچه جیاجیاكانی كوردستاندا‌و لێره‌شه‌وه دیمه‌نێكی پانۆرامایی چیا‌و ده‌شت و ده‌رو گونده‌كانی كوردستان‌مان پیشان ده‌دات، به‌تایبه‌تی هی ده‌ڤه‌ره‌كانی سـۆران و بادینان، هه‌ر لێره‌شه‌وه به ناوی چه‌ندین گوند‌و دێهاتی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ئاشنا ده‌بین، هاوكات به‌و زمانه ناسكه‌ی خۆیشی، وه‌سفێكی داروباری هه‌ر گوند‌و دێیه‌ك، ئه‌وان ڕێیان تێی كه‌وتبێ، ده‌كات و وێنه‌یه‌كی ئێجگار ڕه‌نگینی سروشتی كوردستان‌مان پێش چاو ده‌خات، بیریشمان نه‌چێ، ڕۆڵی ئه‌و دێهاتییانهی له خزمه‌تكردنی پێشمه‌رگه‌دا له هه‌موو سهربوردێكیدا، كه گێڕاویه‌تییه‌وه، باس كردووه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش مامه‌ڵه‌یه‌كی هێند هونه‌رییانه‌ی له بهركهڵكخستنی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالدا، له‌نێو گێڕانه‌وه‌كه‌یدا كردووه، كه خوێنه‌ر وا لێده‌كا، خۆزگه بخوازێ له‌وه‌ی نووسه‌ر پتری له‌وباره‌یه‌وه نووسیبا، واتا له‌و چه‌ند شوێنه‌ی گێڕانه‌وه‌دا، كه ناوی ئه‌نفال یان ژههربارانكردنی هه‌ڵه‌بجه به‌رخوێندنه‌وه ده‌كه‌وێ، تۆی خوێنه‌ر له دۆخێكدای، بته‌وێ و نه‌ته‌وێ، ڕاسته‌وخۆ دهكهوییه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كوردی هه‌شتاكاندا هاتووه‌و تا نهۆش كاریگه‌رییه‌كه‌ی هـه‌ر ماوه (ئه‌و زستانه‌ی من قسه‌ی لێوه ده‌كه‌م، زستانی پێش ئه‌و هاوینه بوو، كه ئاگری ئه‌نفال له هه‌موو لایه‌كه‌وه ههڵیكردو كافێیشی وه‌ك هه‌موو جوانییه‌كانی گهرمیانو كوێستان به هه‌موو جوانییه‌كانییه‌وه سوتاند، زستانێكی زگپڕ بوو، ڕێك ئه‌و زستانه بوو هه‌ڵه‌بجه‌ی له زگدا بوو…) {به‌رگی یه‌كه‌م، ل52 – 53}.
ئێمه له‌و گه‌شت و گه‌ڕانه پانۆرامییهدا، هه‌ر چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵ (هاوین، پاییز، زستان، به‌هار) به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی و له‌گه‌ڵ گۆڕانی كات و شوێنداو پێبهپێی به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه، هه‌ست پێده‌كه‌ین. به‌چه‌شنێك، من یه‌ك به‌خۆم، كه سه‌رهاتی (گاره) یان (قه‌ندیل)م ده‌خوێنده‌وه، هه‌ستم ده‌كرد هه‌ر به‌ڕاستی له‌و سهرمایهدام و ناوه‌ناوه له‌رزم لێده‌هات، كه‌چی مانگی ته‌مموزیش بوو، كاتێ به‌رگی سێیه‌مم ده‌خوێنده‌وه! خۆ ئه‌و ده‌مه‌ی پۆله پێشمه‌رگه له (بن گاره تا سه‌ری هه‌ورێ) هه‌ڵده‌كشان، هه‌رچه‌ن كاتی خوێندنه‌وه‌ی من، وه‌رزی گه‌لاوێژ بوو و هه‌وای سبلیتی ژووره‌كه‌م له‌سه‌ر (26)یش دانابوو، كه‌چی وه‌خته بوو له تینووان بخنكێم، بۆیه هه‌ر زوو زوو ده‌ستم ده‌دایه ئاو خواردنه‌وه.
جارێكی تر، ئه‌مه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌قمان پیشان ده‌دات، كه وا له خوێنه‌ر ده‌كات، ته‌واو ده‌یخاته بن ده‌ستی خۆیه‌وه، به‌و مانایه‌ی له دۆخی خوێنهربوونهوه ده‌تگوازێته‌وه بۆ دۆخێكی تر، كه ئه‌ویش نووسه‌ربوونه، به‌مانا (كاكه‌یی)ه‌كه‌ی، واته ده‌بییه ئه‌و كه‌سه‌ی كه به‌خۆت ده‌نێو سهرهاتاندا ده‌ژیت.
(9)
وه‌ك چۆن نه‌مزانی له كێندرێوه ده‌ست به‌م نووسینه بكه‌م، ئاواش نازانم له‌كوێدا كۆتایی پێ بێنم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وام لێده‌كا بێ خه‌م، ئه‌م نووسینه، به‌بێ هیچ كۆتایییه‌ك واز لێ بێنم، ئه‌وه‌یه كه هۆكاره‌كه‌ی ده‌زانم، واته ده‌زانم ئه‌م په‌تایه‌م له چییه‌وه تووش بووه.. من پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌رسێ به‌رگی (گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه)، وام به‌سه‌رهات..!
سه‌ره‌تاو كۆتایی به‌چه‌شنێك ئاوێته‌یه، كه خه‌ریكه بڵێم: ناوهێنانی به‌رگه‌كانی به ژماره، ته‌نها بۆ جیاكردنه‌وه‌یانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه، ده‌نا له‌هه‌ر كوێیه‌كه‌وه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی سه‌رهاتی كوژانه‌وه‌ی گوڵهستێرهكان بكه‌ی، هه‌ر وا ده‌زانی سه‌ره‌تایه.
ئـاری عوسـمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com
* سه‌رچاوه‌كان:
1. گوڵهسێترهكان كوژانه‌وه (یاده‌وه‌ری)، كه‌ریم كاكه، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و فیكری نما، چاپخانه‌ی (تیشك)، هه‌ولێر، 2007.
2. گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه (یاده‌وه‌ری)، كه‌ریم كاكه، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2008.
3. گوڵهستێرهكان كوژانه‌وه (یاده‌وه‌ری)، كه‌ریم كاكه، به‌رگی سێیه‌م، چاپی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و فیكری نما، چاپخانه‌ی (شه‌هاب)، هه‌ولێر، 2010.