ئه‌نفال و به‌كارهێنانه‌كانی
سه‌رنج
ئه‌م باسه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌به‌رئه‌وه نه‌نووسراوه كه هه‌وڵدانێك بێت بۆ لێدان و بۆسه‌نانه‌وه بۆ نووسه‌رێك یاخود وتارێك له وتاره‌كان و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه بمانه‌وێت زه‌مینه‌یه‌كی ناشیرین و بێزراو بۆ گێچهڵسازی و شه‌ڕفرۆشتن و بۆڵه‌بۆڵ بسازێنین، به‌ڵكو بایه‌خی ئه‌م وتاره له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه شووناسه‌كه‌ی ده‌بێته ڕه‌خنه‌گرتن و ده‌ربڕینی بۆچوونێكی تر و له‌وێشه‌وه ئه‌ركێكی دیكه به‌جێده‌هێنێ كه بریتییه له دامه‌زراندنی گفتوگۆیه‌كی واڵا له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵێك بۆچوونی دیاریكراودا، كه له سه‌ر ئه‌نفال تا ئێستا ده‌ربڕاون تا ئێستاكێش له شوێنی جیاجیا و به شێوازی جیاجیا به‌رهه‌مده‌هێنرێنه‌وه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بۆچوونانه‌ش بۆ ڕه‌خنه‌لێگرتن و لێره‌شه‌وه، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نووسینه‌وه و له ڕوانگه‌ی بۆچوونی خۆمه‌وه ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی به كه‌موكوڕیی ده‌زانم، له‌لای من زۆر دووره له به‌هانه‌پێگرتن و په‌لاماردان و ته‌نها به‌و ئامانجه ده‌ست ده‌ده‌مه ئه‌م كاره، كه وتارێكی وا دواجار خۆشی ببێته وتارێكی سه‌ربه‌خۆ و تێكستێك بێت له‌و تێكستانه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ی خاوه‌نی دیدی خۆی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خۆی و ئاماژه و لێكدانه‌وه‌كانی خۆی بێت. ئه‌م وتاره له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه هه‌وڵده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵوگۆڕی و مرۆڤدۆستانه له‌گه‌ڵا هه‌ندێ بۆچوون و وتاری دیاریكراودا ببه‌ستێ، كه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌ر كاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌ربڕاون و ده‌دوێن، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی :
1- قسه‌كردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال ئه‌گه‌ر بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نه‌بێ و وه‌ك كاڵایه‌كی به‌كه‌ڵك بۆ نووسین و نووسه‌ر و ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌كارنه‌یه‌ت، ئه‌وا خۆی له‌خۆیدا ئه‌م قسه‌كردن و گفتوگۆكردنه به‌ر له هه‌ر شتێك ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقی و مرۆڤدۆستی له‌خۆده‌گرێ و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه و ڕۆچوون له لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و خستنه‌گه‌ڕی كه‌ره‌سته و میتۆدی جیاواز جیاواز بۆ خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنی ئه‌م تراژیدیا تاڵه‌ی مێژوومان، بێجگه له‌وه‌ی به دڵنیایییه‌وه به‌ره‌و تێگه‌ییشتن و ڕه‌خنه‌ی قووڵمان ده‌بات له ستراكتۆری ئه‌خلاقی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆمان، له هه‌مانكاتدا ده‌شێ دڵنیاشمان بكاته‌وه له ڕوو نه‌دانه‌وه و دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتێكی له‌و چه‌شنه له‌نێو ڕووبه‌ری ژیانی میلله‌ته‌كه‌ماندا و پاشه‌ڕۆژی خۆمان به جۆرێكی دیكه ببینین، چونكه به‌بێ هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه له چاوگه هه‌مه‌لایه‌ن و جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌نفال و سۆراغكردنی ئه‌و زه‌مینه و هۆیانه‌ی وه‌هایان كرد قه‌سابخانه‌یه‌كی ترسناكی له‌مجۆره له‌سه‌ر واقیعی ژیانی كورددا ڕووبدا و ببێته به‌شێكی خه‌مناك له مێژوومان، هه‌روه‌ها به‌بێ پشكنینی ئه‌و زه‌مینه و هۆیانه‌ی وایان كرد له ئه‌نفال بێده‌نگبین و كاره‌ساتێكی وا گه‌وره و ترسناك و قوربانییه‌كانی ئه‌نفال و خێزانی ئه‌نفاله‌كان به‌ره‌و لێخوردبوونهوهیهكی جیدی و گوومان و پرسیاركردن له هه‌ست و ویژدان و لێپرسراوێتیی خۆمان نه‌به‌ن، ئه‌وا زه‌حمه‌ته یاخود به‌هه‌ڵه‌داچوونه گه‌ر بڕوامان وا بێت كاره‌ساتێكی تراژیدی وه‌ك كاره‌ساتی ئه‌نفال ته‌نها له مێژوویه‌كی خوێناویماندا نیشته‌جێیه و له ڕابردوودا چه‌قیوه و ئیتر نایاته‌وه، نایاته‌وه و له ئاسۆكانی داهاتووماندا نایبینین و پێمان وا بێت ژیانمان به چركه‌ساته ترسێنه‌ره‌كانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌دا هه‌رگیز تێناپهڕنهوه.
2- قسه‌كردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال، بێگومان ئه‌نفال وه‌ك بابه‌تێك بۆ بیركردنه‌وه‌ی قووڵا و جیدی و وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی فیكری و مه‌عریفی، كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجامی گرینگمان بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كات. وه‌ختێك به كه‌ره‌سته‌ی تازه‌ی ڕاڤه‌كردن و چاوێكی دیكه‌وه بكه‌وینه نێو پڕۆسه‌ی سۆراغكردن و پشكنینی سه‌رجه‌م پارچه تاریك و ڕوونه‌كانی تێكڕای ڕووبه‌روو و دیواره دیار و نادیاره‌كانی ئه‌و جیهانه‌ی كاره‌ساتێكی له‌م چه‌شنه‌ی كرده به‌شێك له چاره‌نووسی میلله‌ته‌كه‌مان، وه‌ختێك به میتۆدێكی جیاواز له میتۆده باو و ته‌قلیدییه‌كان هه‌وڵی پێناسه‌كردنه‌وه و توێژینه‌وه و ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه تاڵه ده‌ده‌ین، هه‌ر كات له تواناماندا بێت پرسیاری جیدی و گوومانی قووڵ و ڕه‌خنه‌ی چاونه‌ترسانه ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م خوڵقێنه‌رانی ئه‌و تراژیدیایه بكه‌ین، له‌م پێناوه‌شدا ڕێگره‌كانی به‌رده‌م بیركردنه‌وه و بینینمان وه‌لابنێین و به ئازادییه‌كی ڕه‌ها و بێ هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خت و چاوه‌ڕوانكراو ده‌ست پێ بكه‌ین و هیچ ئینتیمایه‌كی ئایدیۆلۆژی و ئاڕاسته‌یه‌كی دیاریكراوی شیكردنه‌وه و قسه‌كردن نه‌گرینه‌به‌ر، ئه‌و كات ده‌توانین وشه‌یه‌كی سه‌نگین و پر به‌ها و ده‌لاله‌تی وه‌ك وشه‌ی (ئه‌نفال) له خوتبه سیاسییه سه‌رپێییه‌كان و ئه‌و دروشمانه‌ی هه‌رگیز ناگه‌نه نیوه‌ی قووڵاییه‌كان بسه‌نینه‌وه و به وتاره ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كان بڵێین كه ئیتر ته‌نها ئێوه خاوه‌نی ئه‌م وشه‌یه نین. ئێوه ده‌بێ لێره‌دا بوه‌ستن و چیتر مافتان نییه ئه‌م وشه‌یه هه‌ر وا به ساده و سانایی و بۆ مه‌به‌ستی دیاریكراو و تایبه‌تی به‌كاربهێنن. ده‌بێت ئه‌و نووسه‌ر و شاعیرانه تێبگه‌یه‌نرێن كه ئه‌نفال و وشه‌ی ئه‌نفال هێنده مردوو و بێ‌گیان نییه تا ته‌نها له یادكردنه‌وه و ساڵڕۆژی كاره‌سات و له چوارچێوه‌ی ده‌قێكی سیاسیی یان ئه‌ده‌بیی لاوازدا گیانی به‌به‌ردا بكرێته‌وه و ته‌عبیری لێ بكرێت.
3- قسه‌كردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال، بێجگه له ڕه‌هه‌نده ئه‌خلاقی و مرۆڤدۆستانهكهی، گه‌ر ئه‌و قسه‌كردن و گفتوگۆكردنه بریتی بێت له خوێندنه‌وه و توێژینه‌وه‌یه‌كی وه‌ها، كه كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال ته‌نها له یه‌ك گۆشه‌وه سهیرنهكا و ئه‌و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنانه له یه‌ك ڕه‌هه‌نده‌وه و له یه‌ك لاوه ئاراسته نه‌كرێن، یاخود ڕوونتر بڵێین ده‌ركه‌وته‌كانی تێڕامان له كاره‌ساتی ئه‌نفال بریتی بن له‌و خوێندنه‌وه و ڕاڤهكردنانهی ته‌نها به كه‌ره‌سته و چه‌مكی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی و نهخرێنهكار و ته‌نها خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنێكی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی نه‌بن، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و میتۆدانه‌ی كه ده‌شێ ئاسانكه‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بن بۆ فره مهوداكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ڕه‌هه‌نده‌كانی بینین و تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه، سوودیان لێ وه‌ربگیرێ و خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنی كاره‌ساتی ئه‌نفال له‌پاڵ ڕوه سیاسییه‌كه‌یدا خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردنێكی كولتووری و ده‌روونی و یاسایی و سۆسیۆلۆژی و… هتد بێت، تا له ڕێگه‌ی ئه‌م فره ڕه‌هه‌ندییه له به‌كارهێنانی میتۆده‌كانی خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌كردندا له وردترین و قووڵترین لێخوردبوونه‌وه و ته‌فسیر لانی كه‌م كه‌مێك دڵنیامان بكات و له ڕێگه‌ی ئه‌م ته‌فسیر و خوێندنه‌وه فره ڕه‌هه‌ند و ورد و قووڵانهشهوه بتوانین جیهانبینی و دیدگایه‌كی نوێ بۆ خۆمان بونیاتبنێین و ستراكتۆری سیاسیی و ئه‌خلاقی و سۆسیۆلۆژی و كولتووری و ده‌روونیی خۆمان بده‌ینه به‌ر پرسیار و ڕه‌خنه‌ی قووڵ و به جۆرێكی دیكه سه‌یری داهاتوو و پاشه‌ڕۆژی خۆمان بكه‌ین و هه‌رگیز ئه‌و كه‌شوهه‌وا و زه‌مینه‌یه نهڕهخسێنینهوه بۆ ڕوودان و خوڵقانه‌وه و دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ر كاره‌ساتێكی له‌و چه‌شنه.
به‌ره‌و په‌یوه‌ندیبه‌ستن له‌گه‌ڵا بۆچوونه‌كاندا
هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێدا كه ئه‌م وتاره ئامانجی ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی توخمی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه به‌دوور له بههانهسازی و گیانی شه‌ڕفرۆشتن و گه‌رمكردنی بازاڕی تانهوتهشهرهاویشتن، په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆڤدۆستی و ئاڵوگۆڕی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ بۆچووندا كه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال ده‌ربڕاون و تا ئێستا باون، دابمه‌زرێنین، تا له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌شه‌وه گفتوگۆیه‌كی واڵا و هه‌مه‌لایه‌نه بسازێنین و به‌هۆی ئه‌م گفتوگۆیهشهوه مه‌سه‌له‌یه‌كی گرینگ و سه‌نگینی وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال به‌جیدی ببێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی فیكریی و مه‌عریفی و خوێندنه‌وه‌ی وردتر و ته‌فسیری قووڵتری بۆ بكرێت. ئه‌مه‌ش به‌و هیوایه‌ی ئه‌م به‌كارهێنانه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال و مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال به‌دووربێت له‌و به‌كارهێنانه‌ی كه ئامانجی یه‌كه‌م تێیدا گه‌رمكردنی بازاڕی ڕۆژنامه‌گه‌ری و جۆشدانی خوتبه سه‌رپێی و تهنكبینهكان و بریقانه‌وه‌ی دروشمهكانه، چونكه هه‌موو به‌كارهێنانێكی له‌م چه‌شنه بێجگه له‌وه‌ی هیچ گرینگ و پێویست نین و هیچ ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ و پێویستمان بۆ به‌رهه‌مناهێنن و هه‌رگیز هه‌رگیز ناگه‌نه نیوه‌ی قوڵایییهكانی كاره‌ساتێكی وا. ئه‌و شێوه به‌كارهێنانه ڕۆژنامه‌گه‌رییه باو و دروشماوی و خوتبهییه نه‌ك هه‌ر به بۆچوونێكی جیاواز له بۆچوونه‌كان و دیدگایه‌كی تایبهتو شێوه خوێندنه‌وه‌و تهفسیركردنێكی سه‌ربه‌خۆ دانانرێت، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا زیانێكی ئێجگار گه‌وره نه‌ك هه‌ر به پانتاییی ڕۆشنبیرییه‌كی دیاریكراو دهگهیهننو ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه چاوی بینینی قووڵا چه‌نده كوێر‌و نابینا و بیری تێگه‌یشتن چه‌نده كول و كوێر و هه‌ستی كه‌شفكردن چه‌نده ساده و ته‌مه‌ڵه، بگره زیانێكی ئێجگار ئێجگار گه‌وره‌تر به ئه‌نفال و ئهنفالییهكانو خودی كاره‌سات و قوربانییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، زیانێكی وه‌ها كه سه‌رجه‌م پێكهاته‌ی ڕه‌هه‌نده بزوێنه‌ر و كاریگه‌رییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ته‌كێنێ و خوێن له جه‌سته‌ی گه‌رموگوڕی و جۆشوخرۆشی تراژیدیاكهدا ناهێڵی و وه‌ك ڕووداوێكی ئاسایی و بێسه‌نگ و بێكاریگه‌ر له زه‌ین و هه‌ست و ویژدانماندا جێگیرده‌كات.
به‌كارهێنان و په‌خشكردنی وشه‌ی ئه‌نفال وه‌ك وشه‌یه‌كی ئاسایی و ئاسانبهكارهاتوو له‌نێو ڕاگه‌یاندنی حیزب و ئه‌و وتارانه‌ی له‌ساڵڕۆژی كاره‌ساته‌كاندا نووسه‌ران بیریان ده‌كه‌وێته‌وه بینووسن، نه‌ك هه‌ر نه‌بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م وشه‌یه و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له زمانێكی ساده و نه‌غمه‌یه‌كی كڕوزانه‌وه و شیوه‌ن و ڕۆڕۆوه بگوێزنه‌وه بۆ ئاستێكی دیكه، كه تێیدا ئه‌نفال ببێته بابه‌تێكی گرینگ و سه‌نگین بۆ تێڕامان و ڕاڤه‌كردن تاوه‌كو بناغه‌یه‌كی قووڵی هه‌ست به‌لێپرسراوێتیی خۆمان له‌ئاستی مێژوو و ئێستا و پاشه‌ڕۆژمان له ڕۆح و جه‌سته‌ماندا بچه‌سپێنین، به‌ڵكو كارێكی له‌وه‌ش خراپتر و ترسناكتر كه ڕاگه‌یاندنی حیزبه كوردییه‌كان له كاتی به‌كارهێنانی وشه‌ی ئه‌نفالدا ده‌یكه‌ن ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شیوه‌ن و ڕۆڕۆ و بالۆرهلێدانه له ویژدانی هه‌ر كوردێك و هه‌ر مرۆڤدۆستێكدا ده‌كه‌نه شتێكی ئاسایی و ئه‌وان ئه‌م وشه‌یه‌یان به جۆرێك لێكردوه كه هیچ هه‌ستێك نه‌بزوێنی و هیچ ڕۆحێك ڕانهچڵهكێنێ. ئه‌وان ته‌نها وه‌بیرمان ناهێننه‌وه كه زوڵمێكی گه‌وره و غه‌درێكی گه‌وره‌یان لێكردین، به‌ڵكو وامان لێ ده‌كه‌ن زوڵمكردن و غه‌دركردن لێمان شتێكی ئاسایی بێت. بۆیه من له‌گه‌ڵا هۆشیاریم به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌ترسییه گه‌ورانه، له‌ئاست ئه‌م جۆره به‌كارهێنانه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال و مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفالدا، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌وپه‌ڕی باوه‌ڕی ته‌واوم به‌و بۆچوونه‌ی ڕۆشنبیری گه‌وره( به‌ختیار عه‌لی) هه‌یه كه پێیوایه (ئه‌نفال ئه‌و وشه ترسناكه‌یه كه ته‌نها له‌گه‌ڵا گووتنی ڕاستییهگهورهكاندا ده‌بێت به‌كاربهێنرێت)1.
جارێكی دیكه ده‌یڵێمه‌وه به‌و هیوایه‌وه ئه‌م وتاره ده‌نووسم كه به‌كارهێنانی وشه‌ی ئه‌نفال به‌دووربێت له‌و جۆره به‌كارهێنانه‌ی كه ئاماژه‌م پێدا ده‌رمخست چه‌ند ترسناك‌و هه‌ڵه‌ن. لێره‌شدا بۆ جیاكردنه‌وه و چڕكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانم، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستنیشانكردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی دیدگای خۆم له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه یاخود ڕاستر ئه‌و خاڵانه‌ی كه لێی ده‌دوێم، به پێویستی ده‌زانم سه‌رجه‌م ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه تائێستا باون‌و له زۆر شوێندا دووباره ده‌بنه‌وه و له‌لای من جێگه‌ی قسه‌وباسی زیاتر و هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیار له سهردانن، له چه‌ند خاڵێكی ڕیزكراودا بیانخه‌مه‌ڕوو تا دوور له هه‌موو ته‌مومژ و لێڵییه‌ك ئاشكرابێت كه من قسه له‌سه‌ر چی ده‌كه‌م و چۆنیان تێده‌گه‌م و چ بۆچوونێكم له‌سه‌ریان هه‌یه و ڕه‌خنه‌كانی من كامانه‌ن، دڵنیاشم زۆر له‌و بۆچوونانه كه من لێره‌دا لێیان ده‌دوێم له زۆر وتاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی و زۆر له بڵندگۆیی ڕاگه‌یاندنه‌كان و خوتبهكاندا ده‌ربڕاون و دووباره ده‌كرێنه‌وه. له‌م وتاره‌دا بۆچوونه‌كان جیاده‌كه‌مه‌وه و له چه‌ند خاڵێكدا ده‌یان خهمهڕوو، هه‌روه‌ها له‌ژێر ناونیشانی جیاجیادا له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و خاڵانه ده‌دوێم و بۆچوونی خۆمیان له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕم، كه بێگومان ئه‌م جیاكارییهش بێجگه له‌و مه‌به‌ستانه‌ی كه پێشتر ئاماژه‌م بۆ كردن، له‌هه‌مانكاتدا مه‌به‌ستی كورتكردنه‌وه‌ی باسه‌كه‌ش پاڵم پێوه‌ده‌نێ بۆ ئه‌م كاره. ئه‌وه‌ی له‌م خاڵانه‌دا دهینووسمهوهو ئه‌وه‌ی له‌ژێر ناونیشانی جیاوازدا ده‌یخه‌مه‌ڕوو چه‌ند بۆچوون و ڕه‌خنه‌یه‌كی چڕكراوه و كورت و ئاشكران، هیواداریشم كه له داهاتوودا هه‌ریه‌ك له‌و باسانه‌ی ئه‌م خاڵانه له خۆیان ده‌گرێ له‌پاڵا چه‌ندین باسی تر و لایه‌نی تر و لێكدانه‌وه‌ی تردا كه تایبه‌تن به مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال قسه‌ی جیدی له‌سه‌ر بكرێ و باشتر و به قووڵی له‌سه‌ری ڕابوه‌ستین.
یه‌ك
دۆست‌و دوژمن
له زۆر له‌و وتارانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نفال ده‌نووسرێن و ئه‌و به‌یاننامانه‌ی ده‌رده‌كرێن و ئه‌و خوتبانه‌ی ده‌خوێنرێنه‌وه له‌م باره‌یه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوژمن و ئه‌نفال، دۆست و ئه‌نفال، دۆست و دوژمن ده‌بنه كه‌ره‌سته و بابه‌تی له‌سه‌ر نووسین و قسه‌كردن، هه‌روه‌ها ئاستی دڕنده‌یی دوژمن و ئاستی نائینسانیه‌ت‌و زوڵم و سته‌می دوژمن له‌لایه‌ك و ڕاده‌ی بێوه‌فایی دۆست و خه‌مساردی و بێباكی و دۆست به‌رامبه‌ر به كاره‌ساتی ئه‌نفال له لایه‌كی تره‌وه بۆ خۆیان له زۆربه‌یاندا بوونه‌ته كه‌ره‌سته‌ی قسه‌كردن و له‌سه‌ر نووسین‌و بڕیاردان. یه‌كێك له‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ناو كاره‌ساته‌كاندا ژیاوه له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا له‌سه‌ر شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌ڵێت (دوژمنێكمان هه‌یه، له‌دونیادا نموونه‌ی نییه بۆ دڕندایه‌تیی و، دۆستێكمان هه‌یه، له‌دونیادا نموونه‌ی نییه بۆ بێوه‌فایی)2 له گه‌رمه‌ی به‌جێهێنانی ئه‌م كاره و دواتر ستراتیژی ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه ده‌یانه‌وێ له‌م جۆره سهوداكردنهدا ئه‌وه‌مان پێ بڵێن یاخود دڵنیامان بكه‌ن له‌وه‌ی كه كورد له ده‌رئه‌نجامی دڕنده‌یی‌و دیكتاتۆرییه‌ت‌و نائینسانیهتی دوژمنان‌و داگیركه‌رانی و بێوه‌فایی و خه‌مساردی و ترسنۆكیی دۆسته‌كانیدا ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌رداهاتوو به‌و چاره‌نووسه‌ی گه‌یشتوه. بێگومان زۆر زۆر ئه‌م جۆره ڕستانه ده‌بیستین و گوێمان لێ ده‌بێ، ئه‌م وتانه ده‌چنه نێو داڕشته‌ی زۆر له وتاره ڕۆژنامهگهرییهكانهوه و ئێجگار زۆرن ئه‌و خوتبه و دروشمانه‌ی ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه ئاڕاسته ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕی ته‌واوم وایه كه هه‌رگیز ڕۆژێ له ڕۆژان هیچ كه‌سێك له‌به‌ر ڕۆشنایی هیچ جۆره ته‌فسیر و لێكدانه‌وه و له‌ژێر سێبه‌ری هیچ به‌ڵگه و به‌هانه‌یه‌كدا ناتوانێت ئۆباڵی تاوانی یه‌كه‌م له گه‌ردنی دوژمن (ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس) بكاته‌وه و هه‌رگیز ئه‌وه ناسه‌لمێنرێ كه گه‌وره‌ترین تاوانبار ئه‌م دوژمنه و ئه‌م ڕژێمه نه‌بێت له خوڵقاندنی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا. له‌م تراژیدیایه‌دا ده‌سته‌كانی كه‌س هێنده‌ی ده‌سته‌كانی سه‌دام حوسێن سوورترنین و كه‌ڵبه‌كانی هیچ گوناهبارێكی تر له كه‌ڵبه‌كانی جه‌لاده‌كانی ئه‌م ڕژێمه تیژتر نین، به‌ڵام ده‌بێت هۆشیاربین له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام له ته‌فسیركردن و قسه‌كردن له‌سه‌ر كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌م جۆره بیركردنه‌وه‌وه هه‌میشه ئه‌م چه‌شنه ڕستانه‌مان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنن و ئه‌نفال ته‌نها به‌جۆرێك له دڕنده‌یی به‌عس و جێبه‌جێكردنی پلان و مه‌رامه‌كانی له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن و گله‌یی شه‌رمنانه‌ش له هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌وانه‌ی به بۆچوونی خۆیان دۆستن، ده‌كه‌ن. جاروباریش ئه‌م هه‌ڵوێست و كاردانه‌وانه‌ش به پێكهێنه‌رێكی دیكه، یان به پێكهێنه‌رێكی لاواز له پێكهێنه‌ره‌كانی كاره‌ساته‌كه ده‌زانن. ده‌بێت بزانین به دڕنده له‌قه‌ڵه‌مدان و تاوانباركردنی ڕژێمی به‌عس و هه‌زاران جار دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕستانه ته‌نها جه‌ختكردنه‌وه نیین له‌سه‌ر ڕاستییه‌ك له‌راستییه‌كان. وتنه‌وه و بهیانكردنهوهی ئه‌م ڕاستییه زه‌ق و به‌رجه‌ستانه چیتر ته‌نها به‌یانكردن و وتنه‌وه‌ی ڕاستی نین، به‌ڵكو ئه‌ركێكی دیكه‌و ڕۆڵێكی دیكه ده‌بینێت.
به‌ر له هه‌ر شتێ له زۆربه‌ی زۆری (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌مووی) ئه‌و وتارانه‌ی كه به‌م جۆره دێنه ئاخاوتن، شوناسێكی ڕوون‌و ئاشكرا‌و پڕاوپڕیان پێوه‌دیار نییه بۆ هه‌ریه‌ك له چه‌مكه‌كانی دۆست‌و دوژمن. به‌هیچ جۆرێك خۆیان ناده‌ن له‌قه‌ره‌ی ئه‌وه‌ی دوژمن چۆن ده‌بێـته دوژمن‌و ئێمه له‌به‌رده‌م نیگاكانیدا چۆن دهبینرێینو ئه‌ویش چۆن نیگا بكه‌ین؟ چۆن سه‌ر زه‌مینێك بڕه‌خسێنین بۆ ڕووبهڕبوونهوهو ئێمه‌و دوژمن، له‌كوێدا پێكدهگهینو له‌كوێدا به‌ریه‌ك دهكهوینو له‌كوێدا دوورده‌كه‌وینه‌وه. به‌خشینی سیفه‌تی دڕنده‌یی به دوژمن چ مانایه‌كی ده‌بێ له‌كاتێكدا ئه‌و دوژمنه؟ ئایا دوژمنی نادڕنده هه‌یه؟ به‌هه‌مان شێوه دۆست كێیه‌و چۆن‌و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌بێته دۆست؟ ئه‌و پره‌نسیپانه چین كه ده‌بێت بگیرێنه‌به‌ر بۆ دڵنیابوونی ئێمه‌و به‌رامبه‌ر، له‌وه‌ی كه دۆستی یه‌كین؟ ئایا نواندنی هه‌ر هه‌ڵوێستێك له هه‌ڵوێسته‌كان یان هه‌ر كارێك له كاره‌كان له‌لایه‌ن به‌رامبه‌ره‌وه، جا به هه‌ر هۆیه‌ك بینوێنێتو له ده‌ره‌نجامدا واههستبكهین دڵی ئێمه خۆش ده‌كات، ئیتر ئه‌و به‌رامبه‌ره بۆ ئێمه ده‌بێته دۆست؟ ئایا ئه‌و لێكدانه‌وه باو و زۆر بیستراوه چه‌نده له‌گه‌ڵا ژیانی واقیعی‌و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌دا تهبادێتهوه كه ده‌ڵێ دوژمنی دوژمنه‌كه‌ت دۆستتهو دۆستی دوژمنه‌كه‌ت دوژمنته و… هتد، یاخود لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه كه ده‌ڵێ دۆستی تا سه‌ر و دوژمنی تا سه‌ر بوونی نییه، باشه ئه‌م جۆره دۆسته و ئه‌م جۆره دوژمنه چۆن‌و كه‌ی له دونیای ئێمه‌دا دهردهكهونو ونده‌بن؟
ئه‌م پرسیارانه و گه‌لێك پرسیاری دیكه‌ی گرینگتر، نه‌ك هه‌ر له‌و جۆره وتارانه‌دا سه‌ره‌داوی وه‌ڵامێكمان چنگ ناكه‌وێ، به‌ڵكو هۆشیارییه‌كی كه‌میش له‌سه‌ر دركاندنی پرسیاره‌كان به‌دی ناكرێ. له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه به‌كارهێنانی هه‌ریه‌ك له چه‌مكه‌كانی دۆست‌و دوژمن وه‌ك زۆر له چه‌مكه‌كانی دیكه‌ی نێو پانتایی ڕۆشنبیریمان به هه‌ڵه و سهرپێییو دوور له هه‌ر پاشخانێكی فیكریی‌و ئه‌پستیمی به‌كارده‌هێنرێت‌و هه‌موو قه‌ڵه‌مێك به‌ئاسانی ده‌توانێت شوێنگۆڕكێو یاری پێ بكا‌و لێره‌و له‌وێ دایبنێ. ئه‌م شێوه ماڵیكردنهی چه‌مكه‌كان وام لێ ده‌كات ته‌واو بڕوام وا بێت ئه‌و ئه‌ركه‌ی یه‌كه‌مجار كه دركاندنی ڕاستییه‌كان بوو به ته‌واوی له‌م پڕۆسه‌یه‌دا دادهماڵرێو ئه‌م كاره ڕۆڵێكی دیكه ده‌گێڕێ. ئه‌ركی نووسینه‌وه‌و وتنه‌وه‌ی ئه‌م ڕستانه له پاڵا چه‌ندجار وتنه‌وه‌ی تاوانباری یه‌كه‌مدا ونكردنی تاونبارهكانی دیكه‌یه، له پاڵا ناساندنی گوناهباره گه‌وره‌كاندا گوناهباره بچووكه‌كانمان لێ بزر ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش وه‌ك كارێكی ئاسایی تێناپه‌ڕێ، به‌ڵكو به پله‌ی یه‌كه‌م زیان به قورسایی كاره‌ساته‌كه و قوربانییهكانو مێژوو و ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژی خۆشمان ده‌گه‌یه‌نێ، زیانێك كه به‌ر به هه‌ر جۆره خوێندنه‌وه‌و تهفسیرێكی فره ڕه‌هه‌ندو قووڵاو هه‌مه‌لایه‌نه دهگرێتو ڕۆحی بابهتیبوونو فیكرییبوونی كاره‌ساته‌كه ئیفلیج دهكاتو ئه‌م جۆره تهفسیركردنو كورتكردنهوهیهی كاره‌ساتی ئه‌نفال وا ده‌كات هه‌موو ڕووناكییه‌كان كه پێویستن بۆ بینین، بخاته سه‌ر گۆشهیهكو سه‌رجه‌م گۆشه‌كانی دیكه له‌تاریكیدا جێ بهێڵێ. ئه‌م دۆخه‌و ئه‌م جۆره دیارده‌یه كه له‌نێو ڕووبه‌ری ڕۆشنبیریی‌و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه بهرقهرارو زاڵه، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌ئاسانی هه‌ریه‌كه‌مان بتوانین خۆمان له هه‌ست به لێپرسراوێتیو شهرمهزارێتی له ئاست كاره‌ساتی ئه‌نفال ڕزگار بكه‌ین‌و خۆمان بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گوناهباره‌كان یان ئاماده نه‌بین په‌نجه بۆ گوناهبارهكانی خۆمان ڕاكێشین. ترسناكیی دیارنه‌بوونی هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و ژینگه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالی تێدا ڕوودا تاڕاده‌یه‌ك وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌و تارمایی تراژیدیای له‌م جۆره هه‌ر له ئاسۆكانی پاشه‌ڕۆژدا ده‌ركه‌ونه‌وه.
دوو
ڕووداوێك له ڕابردوودا
له یه‌كێ له‌و وتارانه‌ی له‌سه‌ر كاره‌ساتی ئه‌نفال نووسرابوون من ئه‌م په‌ره‌گرافه‌م كه‌وته به‌رچاو (كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال، هه‌رچه‌نده بوونه‌ته مێژووی ڕۆژگارێكی ڕابردوو، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی سهختو نێگه‌تیڤانه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانی كوردان به‌جێهێشتوه .)3، ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌ره‌گرافه مانایه‌كی ڕوونی هه‌یه به‌ڵام من به مه‌به‌سته‌وه له دوو گۆشه‌نیگاوه لێكی ده‌ده‌مه‌وه، مانای ئاشكرای پێمان ده‌ڵی كاره‌ساتێك ڕووی داوه به‌ناوی ئهنفالهوهو بۆته به‌شێك له مێژوومان، بێگومان كاتێك‌و شوێنێكی دیاریكراوی هه‌یه‌و ئه‌م كاره‌ساته‌ش كاریگه‌رییه‌كی سهختو خراپ‌و شوێنه‌وارێكی به زامی به‌جێهێشتوه . هه‌موو ئه‌مانه بۆ تێپه‌ڕینی ساتی ڕوودانی كاره‌ساته‌كه‌و ڕووداوێكی دیاریكراو ڕاستن‌و گومانی تێدا نییه ئه‌م كاره‌ساته ئاكامێكی خهمناكو تاڵاو نێگه‌تیڤی كرده چاره‌نووسی قوربانییهكانو خێزانی ئه‌نفاله‌كان، به‌ڵام پێویسته پرسیار بكه‌ین چ شتێك هه‌یه دڵنیامان بكات كاره‌ساتی ئه‌نفال ته‌نها له‌مێژوودا ده‌ژی و ته‌نها كارهساتێكهو ڕوی داوه‌و ڕۆیشتوه ؟ چی هه‌یه دڵخۆشمان بكات كه ئه‌نفال له ئاسۆكانی داهاتوودا ده‌رناكه‌وێته‌وه؟ ئایا به‌ڕاست ئه‌و زه‌مینه‌یه شێواوه و ئه‌و بناغه‌یه ههڵتهكێنراوه كه ئه‌نفال تێیدا سه‌ری هه‌ڵدا؟ چ تاوانبارێك سزا دراو، كام بێ سه‌رو شوێنێك چاره‌نووسی زانرا؟ چ زیانێك قهرهبووكرایهوهو له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی كام لایهنو كام گروپوله كام وڵاته‌وه داوای لێبووردن كرا؟ به‌دیوی ئه‌و دیویشدا بێجگه له خێزانی ئه‌نفاله‌كان چ كوردێك له‌گه‌ڵا ناخۆشی و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌دا ده‌ژی؟ كێیه هه‌ست به ئازاری ئه‌و زامه قووڵانه ده‌كات؟ یان باشتر‌و گرینگتر پرسیار بكه‌ین ئه‌و ناخۆشی‌و مه‌ینه‌تییانه به‌ره‌و كه‌ناری چ جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كی واقیعیترو قووڵی بردین؟ ئه‌و زامانه‌ی ئه‌نفال كردنیه جه‌سته‌مان بناغه‌ی چۆن جۆره هه‌ست به لێپرسراوێتییه‌كی له ڕۆح‌و جه‌سته‌ماندا چه‌سپاند؟ ئایا كاره‌ساتی ئه‌نفال به هه‌موو ئه‌و زامه قووڵاو ئاكامه نێگه‌تیڤانه‌ی خۆیه‌وه كاری كرده سه‌ر گۆڕینی دنیا بینیمان‌و چاویلكه‌ی دیدگا كۆنهكانمانی پێ فڕێداینو وای لێكردین به‌جۆرێكی دیكه بڕوانینه مێژوومانو كار بۆ جوانكردن‌و ڕهنگینكردنی ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژمان بكه‌ین؟
نائومێدیمان له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا وام لێ ده‌كات به‌جۆرێكی تر بیربكهمهوهو به چه‌شنێك له چه‌شنه‌كانی دیكه ئه‌م په‌ره‌گرافه داڕێژمه‌وه، ده‌ركردنی زه‌مه‌نێكی دیاریكراو و لابردنی زیانه گیانی و مادییهكانو كاریگه‌رییه سهختو نێگهتیڤییهكان بۆ سه‌ر قوربانییان‌و خێزانی ئه‌نفاله‌كان له مانا و جه‌وهه‌ره قووڵه‌كانی ئه‌نفال، به‌ره‌و ئه‌وه‌م ده‌بات ئه‌م په‌ره‌گرافه به‌م جۆره دانێمه‌وه (كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال هه‌رچه‌نده نه‌بوونه‌ته مێژووی ڕۆژگارێكی ڕابردوو، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی سهختو نێگه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر ژیانی كوردان به‌جێ نه‌هێشتوه.) چۆن چۆنی ئه‌م په‌ره‌گرافه وه‌های لێدێ؟ بێگومان هه‌ر گیز ناتوانین له كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال باش وردبینه‌وه‌و تێ بگه‌ین ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی ڕوودان به‌گرینگی ڕه‌چاو نه‌كه‌ین، هه‌روه‌ها گه‌لێك بێمانایشه زیانه گیانی و مادییه‌كانی ئه‌نفال له‌گه‌ڵا خۆیدا هێناو ئه‌و ئاكامه تاڵانه‌ی بوونه چاره‌نووسی قوربانییان‌و كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان، له خودی كاره‌ساته‌كه‌و ته‌فسیركردنی كاره‌ساته‌كه دهركهینو به بایه‌خه‌وه لێی نه‌ڕوانین، به‌ڵام مه‌به‌ستی من له‌م په‌ره‌گرافه‌دا زه‌مه‌نی ڕوودانی كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال نییه به‌ڵكو تارمایی ڕوودانی كاره‌ساته‌كانه. ئه‌وه‌ی من به ئاماده‌نه‌بوونی كاریگه‌ریی سه‌خت و نێگه‌تیڤی ده‌زانم له‌سه‌ر ژیانی كوردان، ئه‌و كاریگه‌رییانه نییه كه ڕاسته‌وخۆ كاره‌ساته‌كه بۆ سه‌ر ژیانی قوربانییان‌و كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان هه‌یان بوه، به‌ڵكو ئه‌و كاریگه‌رییانه‌یه كه ده‌بوایه به‌سه‌ر ههستو ویژدان‌و زه‌ینی هه‌ر كوردێكی دوور‌و نزیك له ڕووداوه‌كان هه‌یبوایه، له‌به‌ر ته‌وژمی ئه‌م كاریگهرییانهشدا سه‌رجه‌م دیدگا‌و بیركردنه‌وه‌و ڕوانینی بۆ ڕابردووی خۆمان‌و ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژو سه‌رجه‌می ژیان بگۆڕدرایه.
ترسناكیی ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و به‌رده‌وام وتنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ڕستانه له‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه كه مه‌به‌ست له ڕوودانو ڕۆیشتنی كاره‌ساتی ئه‌نفال، ته‌نها زه‌مه‌نی ڕوودانو ئهنفالێكی دیاریكراو نییه، به‌ڵكو بهجێهێشتنو ڕابردوونشینی تارمایی ئهنفالو سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌مینه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ی ئه‌نفال تێدا له‌دایكبوو. ئه‌م جۆره تێگهییشتنهش بۆ ئه‌نفال خۆی له‌خۆیدا ئیفلیجكردنی هه‌موو ڕۆحێكی بهرگریو په‌كخستنی هه‌ر هه‌وڵێكه كه ده‌شێ بتوانرێت له‌پێناو دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌و دهرنهكهوتنهوهی ئه‌نفالدا بێته ئاراوه. بڕوابوونی ته‌واو به‌وه‌ی ئه‌نفال ڕووداوێك بوو ڕووی دا‌و ڕۆیشت، بێخه‌میی ته‌واوه له ئاست ڕوودانهوهو هاتنه‌وه‌ی. سه‌ندنه‌وه‌ی ئازار‌و مه‌ینه‌تییه‌كانی كاره‌ساته‌كه له ڕۆح‌و جه‌سته‌ی قوربانییان‌و خێزانی ئه‌نفاله‌كان‌و به‌خشینه‌وه‌ی به ڕۆح‌و جه‌سته‌ی هه‌موو كوردێك، لابردنی كاریگه‌رییه سهختو نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م تراژیدیایه له‌سه‌ر ژیانی خێزانی ئهنفالكراوهكانو خستنه‌سه‌ر ژیانی هه‌موو كوردێك به‌یه‌كسانی، بێجگه له‌وه‌ی به هیچ جۆرێك نابێته به‌ڵگه‌ی هاوده‌ردی‌و هاوسۆزی، له‌هه‌مان كاتدا زیان به قورساییی كاره‌ساته‌كه دهگهیهنێو كاریگه‌رییه‌كی لاواز‌و سه‌نگێكی كه‌می له‌سه‌ر دهروونو ویژدانمان پێ ده‌دا، چونكه له‌حه‌قیقه‌تدا هه‌موو كوردێك وه‌ك یه‌ك له‌و ئازارانه‌دا ناژی. ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕۆژه له كه‌سوكاریان دابڕان‌و خانوو و ماڵه‌كانیان سوتێنرا، هه‌روه‌ك ئه‌وانه زامدارنین كه له‌و كاته‌دا له سه‌یران بوون. ئه‌وانه‌ی به به‌رچاوی خۆیانه‌وه ئازیزانی خۆیان ده‌دی به سواری زیله سه‌ربازییه‌كان ڕاپێچ دهكرێنو لمی بیابان هه‌ڵیان دهلوشێو ئیتر هه‌رگیز نایانبیننه‌وه، هێنده‌ی ئه‌وانه خهمناكو پرسه‌دار نین كه ته‌نها ئه‌م ڕووداوانه وه‌ك چیرۆك دهبیستنو زۆر جاریش له گوێگرتن وه‌ڕس ده‌بن. مه‌به‌ستیشم له‌م قسانه هه‌رگیز ئه‌وه نییه كه بڵێم پێویست ناكات هه‌موو كوردێك خۆی به هاوخهمو هاودهردو هاوسۆزی خێزانی ئه‌نفالكراوه‌كان بزانێت، نه‌خیر به‌ڵام نابێت ده‌ربڕینی هه‌ستی هاوده‌ردی و هاوخه‌می به تهنهاترینو گه‌وره‌ترین هه‌ستكردن به لێپرسراوی بزانرێت، چونكه هاوده‌ردی‌و هاوخهمییهكی له‌و چه‌شنه به پله‌ی یه‌كه‌م به خۆدزینه‌وه‌ی ده‌زانم له داننان به‌و گوناهه گه‌وره‌و هه‌ڵه ترسناكانه‌ی هه‌موو كوردێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه كردی له‌وه‌دا كه خۆی ده‌ستی هه‌بوو له خۆشكردنی زه‌مینه‌یه‌ك جه‌لاده‌كان ئه‌نفالی تێدا ڕوو بده‌ن.
سێ
ئهنفالو شه‌رعیه‌ت
پاڵنه‌رێكی دیكه‌ی به‌كارهێنانی وشه‌ی ئهنفالو مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال له زۆر له وتاره ڕۆژنامه‌گه‌رییو خوتبه‌و دروشمه‌كان‌و ده‌ستگاكانی ڕاگه‌یاندندا بریتییه له هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌تێك یان چه‌ند شه‌رعییه‌تێكی جیاواز جیاواز. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه كێشه‌ی ئه‌نفاله‌كان‌و ماف‌و داواكارییه‌كانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان هه‌موویان ڕهوانو هیچ شتێك ناتوانێت گه‌ردێك بخاته سه‌ر پاكێتی و له‌سه‌ر هه‌قبوونی ئه‌وان، بۆیه بۆ به‌كارهێنه‌رانی وشه‌ی ئه‌نفال، بۆ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی ئه‌نفال ده‌بێته بابه‌تی وتاره‌كانیان، بۆ ئه‌و دروشمانه‌ی ئه‌نفالیان تێدا به‌رزده‌كرێته‌وه‌و بۆ ئه‌و خوتبانه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال ده‌بێته وێردی سه‌ر زمانی وتاربێژهكانو له‌و ناوه‌ندانه‌ی ڕاگه‌یاندندا كه وشه‌ی ئه‌نفال ده‌بێت به كاڵایه‌كی باش، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان‌و سه‌رسوڕهێنه‌ر ئه‌م ڕه‌وایه‌تی و پاكێتی و له‌سه‌ر ههقێتییهی ئه‌نفالكراوان‌و كه‌سوكاریان ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ئهوانو ئه‌وان به‌م بهكارهێنانو ئیشپێكردنهی وشه‌ی ئه‌نفال شه‌رعیه‌تی ڕهوایهتیو پاكێتی‌و ڕاستێتیی خۆیان وهردهگرنو خۆیان ده‌كه‌ن به خاوه‌نی هه‌موو جۆره سیفهتو خه‌سڵه‌تێكی باش‌و داواكردنی هه‌موو جۆره مافێك یان خاوه‌ندارێتیی هه‌موو مافێك بۆ خۆیان به ڕه‌وا ده‌بینن. له‌سه‌ر ئاستی حیزب‌و گروپه سیاسییه‌كانیش ئه‌م ڕه‌فتاره ده‌بێته ڕێگه خۆشكه‌ر و كارئاسانكهرو یارمه‌تیده‌رێك بۆ توند‌و تۆڵكردنی ڕێكخستنهكانو خوێنبه‌خشین به دهمارهسستهكانی حیزبه‌كان له‌ڕێگه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفاله‌وه. دوا ده‌رئه‌نجامیش كه ئه‌م جۆره سهوداكردنه له‌گه‌ڵا ئه‌نفالدا ده‌یخاته‌وه بریتییه له بچووككردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌نفال، بچووككردنه‌وه له‌وه‌دا كه ده‌نگێك دروست نابێت ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی قوربانییانی ئه‌نفال بێت، ده‌نگێك ته‌عبیرێكی ڕاستگۆیانه‌ی لێ بكات‌و داوای ماف‌و ژیانی زه‌وتكراویان بكاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌نگه‌ی ده‌بیسترێ بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه به‌رز ده‌بێته‌وه، بێگومان لای كه‌س شاراوه نییه كه ئه‌و ده‌نگه ده‌نگی ئه‌نفالكراوان‌و ناڵه‌ی قوربانییان نییه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسمان كرد جۆرێكه له جۆره‌كانی شه‌رعیه‌ت به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ له به‌كارهێنه‌رانی وشه‌ی ئه‌نفال كه دڵنیام هه‌وڵدان بۆ ئه‌م ئامانجه به‌دووره له هه‌ندێ له‌و وتارانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نفال ده‌دوێن، هه‌ندێ له‌و وتارانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌تێكی له‌م جۆره بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ناگه‌ڕێن، به‌ڵام نووسه‌رانی ئه‌م وتارانه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به ئاشكرا نه‌ك هه‌ر هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی جۆرێكی دیكه‌ی شه‌رعیه‌ت ده‌ده‌ن، به‌ڵكو ئێمه‌ش بۆ ئه‌م كاره هانده‌ده‌ن. ئه‌وان به ئه‌ركێكی گرینگ‌و پێویستی ده‌زانن دۆزی ئه‌نفال وه‌ك تاوانێكی گه‌وره‌ی جینۆساید بخرێته سه‌ر مێزی دادگاكانی دادی نێوده‌وڵه‌تی. له یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌دا هاتوه كه (هه‌ر وڵاتێك چ به‌شداربێت له ڕێكه‌وتننامه‌ی جیهانیدا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی جینۆساید یان به‌شدار نه‌بێت، له‌سه‌ریه‌تی ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكات كه له‌به‌ر به‌ندكردن و سزادانی تاوانی جینۆسایددا دێته ئاراوه)4 هه‌روه‌ها له چه‌ندان به‌یاننامه‌و یاداشتنامه‌ی جیاجیای لایه‌نه جیاجیاكاندا كه به زۆری له‌یادی كاره‌ساته‌كه‌دا به‌رز ده‌كرێنه‌وه ئه‌م په‌یامه یاخود ئه‌م داواكارییه‌یان هه‌ڵگرتوه. له بڕگه‌یه‌كی به‌یاننامه‌یه‌كدا كه به ناوی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه داڕێژراوه هاتوه (ده‌بێت سه‌ددام و دار‌و ده‌سته‌كه‌ی بدرێنه دادگایه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی…هتد)5 له به‌یاننامه‌یه‌كی مافی مرۆڤیش هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه هاتوه (پێكهێنانی دادگایه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی تاوانبارانی جه‌نگ تاكو سه‌رانی عێراق له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی دژ به گه‌لانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌نجامیان داوه دادگایی بكرێن)6 ئه‌م جۆره ئیشكردن‌و به‌كارهێنانه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال مه‌به‌ستی گه‌وره‌و ئامانجی گه‌وره له‌پشتیه‌وه بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌تێك له‌پێناو ههڵوێستوهرگرتنێكو كارنواندنێك دژی ڕژێمی به‌عس، كه ئه‌و سیستمه به گه‌وره‌ترین تاوانباری ئه‌م كاره‌ساتانه داده‌نرێت، كارنواندنێك دژی تا ئه‌ندازه‌ی دادگاییكردنی له دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا. گومانی تێدا نییه به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌تێكی له‌م جۆره كه بیتوانیایه تاوانباری یه‌كه‌م دادگایی بكات، پێویسترین ئهركو گرینگ‌ترین كار‌و زیرهكانهترین ڕێگا گرتنه‌به‌ر ده‌بوو، به‌ڵام له‌كاتێكدا كه ته‌واو دڵنیاین له‌وه‌ی سیاسه‌تی كوردی كه بچووككراوه‌ته‌وه بۆ سیاسه‌تی حیزبی كوردی‌و له‌توانایدا نییه ئه‌م جۆره شه‌رعییه‌ته به‌ده‌ست بهێنێت تا كاری پێ بكات‌و دادگاییكردنی تاوانباری یه‌كه‌م یاخود سه‌دام حوسێن په‌یوه‌سته به سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال نه‌وه‌ستاوه، ئه‌وكات بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه گه‌ڕان به مه‌به‌ستی چنگكه‌وتنی شه‌رعیه‌تێكی وا بێجگه له‌وه‌ی شوێنكه‌وتنی سه‌رابه له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م گه‌ڕانه مۆركێكی تر وه‌رده‌گرێ كه ئه‌ویش كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خی ئهنفالو قوربانییانی ئه‌نفاله، چونكه كه ئه‌نفال ته‌نها به مه‌به‌ستی دروستكردنی ههڵوێستو كرده‌ی دژ به‌ڕژێمی به‌عس به‌كاربێت، ئه‌وا هه‌ر كات له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی كورد نه‌یویست ههڵوێستو كرده‌ی دژ به‌ڕژێمی به‌عس بگرێته‌به‌ر، یه‌كسه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال پشتگوێدهخرێو كێشه‌ی ئه‌نفالكراوان‌و كه‌سوكاریان ده‌بێته كێشه‌یه‌كی لاوه‌كی و فه‌رامۆشكراو.
من پێموایه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌نفال له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌تێك بۆ دادگاییكردنی سه‌دام حوسێن به‌كاربێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام جه‌خت ده‌كرێته‌وه له‌سه‌ر (دامه‌زراندنی دادگایه‌كی تاوانباری نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌و تاوانه نێو ده‌وڵه‌تییانه‌ی به‌رپرسه عێراقییه‌كان له دژی گه‌لی كورد و مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامیانداوه)7 و ده‌بێت (بۆ دادگاییكردنی به‌رپرسانی ئه‌نفال له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا، پێویسته كاره‌ساتی ئه‌نفال بخرێته چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه)8 ئه‌مانه له‌به‌رئه‌وه هه‌ڵه‌ن چونكه ده‌بێت سه‌دام حوسێن و گشت تاوانبارانی دیكه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال له تۆڵه‌ی قوربانییانی ئه‌نفالدا دادگایی بكرێن. ڕه‌نگه یه‌كێك بپرسێ چ جیاوازییه‌ك هه‌یه لێره‌دا كه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا هه‌وڵدان هه‌بێت بۆ دادگاییكردنی تاوانباران؟ ئه‌م دوو حاڵه‌ته جیاوازیی زۆر گه‌وره‌یان تێدا ده‌بینرێ، له یه‌كه‌میان كێشه‌ی ئه‌نفال له‌نێو چه‌نده‌ها كێشه‌ی دیكه‌دا دانراوه‌و له دوه‌میشیان سه‌رجه‌م تاوانباران دادگایی ده‌كرێن، له یه‌كه‌میاندا كێشه‌ی ئه‌نفال په‌یوه‌ست ده‌كرێ به بارودۆخی سیاسه‌تی كورد‌و عێراق‌و نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه ئه‌گه‌ری فهرامۆشكردنو بهژێرهوهكردنی زۆره به‌ڵام له دوه‌میاندا په‌یوه‌ست نییه به هیچ جۆره سیاسهتێكهوه، خۆی كێشه‌یه‌كه له سه‌روو سیاسه‌ته‌وه. ئه‌نفال كه كێشه‌یه‌ك بێت له‌ناو چه‌نده‌ها كێشه‌ی دیكه‌دا بایهخو قورسایییهكی گرینگی هێنده‌ی نابێت، به قه‌د ئه‌وه‌ی كه ته‌نها كێشه‌یه‌ك بێت. داواكردنی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕژێمی بهعسو سه‌دام حوسێن دیسان ئه‌و گومانه‌م ده‌خاته دڵه‌وه كه‌له‌وه ده‌چێت ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆ ئه‌وه بێت تا دان به هه‌ڵه‌كانی خۆماندا نهنێینو ئاماده نه‌بین خۆمان دادگایی بكه‌ین.
چوار
دێكۆمێنتو ئه‌رشیفكردن
كاری ئهرشیفكردنو پاراستن‌و هه‌ڵگرتنی هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتانه‌ی شێوازی تاوان‌و چۆنیه‌تیی ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، بۆ خۆی گرینگییه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه‌و هه‌رگیز له به‌های ئه‌م كاره‌كه‌م ناكه‌مه‌وه. هه‌روه‌ك له ده‌یان سه‌رچاوه‌دا به‌ر له هه‌ر شتێك و وه‌ك كارێكی له هه‌موو شتێك پێویست‌تر جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌گوترێت (هه‌وڵ بدرێ به وێنه‌و نه‌خشه‌و به‌ڵگه‌ی نووسراوه‌وه له بابه‌تی ئه‌نفاله‌وه بكۆڵرێته‌وه)9 هه‌ستیش ده‌كه‌م زۆر كه‌م له‌و كار‌و هه‌وڵانه‌ی كراون بۆ ئه‌نفال له چوارچێوه‌ی ئهرشیفكردنو هه‌ڵگرتنی دێكۆمێنتهكان ده‌چنه‌ده‌ر. زۆر نووسین ده‌بینین گرینگی ده‌دات به‌وه‌ی كه كاره‌ساتی ئه‌نفاله‌كان به چه‌ند قۆناغدا تێپه‌ڕی، هه‌ر قۆناغه و كه‌ی ده‌ستی پێكردو كوێی گرته‌وه‌و چه‌ندی خایاند. له هه‌ندێ وتاریشدا مشت‌ومڕ هه‌یه له‌سه‌ر ژماره‌ی قوربانییانی ئهنفالو پێشبڕكێ له‌سه‌ر سه‌لماندنی زۆرترین ژماره بۆ قوربانییان به‌دی ده‌كرێ. هه‌ندێك وتاری دیكه ئه‌و به‌ڵگه‌و دێكۆمێنتانه ده‌خاته ڕوو كه تێیدا فه‌رمانی ڕوودانی كاره‌ساتی ئه‌نفال له ده‌می جه‌لاده‌كانه‌وه ده‌رده‌چێ. به‌رده‌وام داوا ده‌كرێ (پێویسته ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆ له كه‌سانی شاره‌زا دابمه‌زرێت له كورد و یاساناسانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی، تاكو خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌و دێكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌كان بێت له‌گه‌ڵا تۆماركردنی شایه‌تیی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون تاكو لائیحه‌یه‌كی تۆمهتخستنهپاڵی سه‌رانی ڕژێمی عێراق ئاماده بكات)10هه‌موو ئه‌م جۆره كارانه‌و هه‌ر كارێكی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه من به پێویست‌و گرینگی ده‌زانم، به‌ڵام پێم وایه كاری ئهرشیفكردنو پارێزگاریكردن‌و خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌و دێكۆمێنتهكان تا ئه‌و شوێنه ڕه‌وایه‌تییان هه‌یه كه دیسان ته‌نها نه‌كرێنه هۆكارێك له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌تێك بۆ گرتنه‌به‌ری ههڵوێستێكو كارێك دژ به‌رژێمی بهعسو سه‌دام حوسێن، چونكه هه‌ر جۆره به‌كارهێنانێكی مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر شه‌رعیه‌تێك له‌ڕاستیدا خۆی شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی غه‌دركردن له ئهنفالو فه‌رامۆشكردنی قوربانییان‌و پهراوێزاندنی ئه‌و زیندوانه‌ی له كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال به‌جێماون.
ڕوویه‌كی تری ترسناكی پڕۆسه‌كانی دروستكردنی ڕۆژمێری ئه‌نفاله‌كان‌و ئهرشیفكردنو كۆكردنه‌وه‌ی دێكۆمێنتهكان ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م پڕۆسانه ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌بینن له ئاساییكردنه‌وه‌ی تاوانی كوشتن‌و كوشتنی به كۆمه‌ڵ‌و وێرانكاری‌و ڕاگوێزانو سه‌ندنه‌وه‌ی ژیان له هه‌رێمێكی گه‌وره، با بزانین چۆن دروستكردنی ڕۆژمێرو ئهرشیفكردنو هه‌ڵگرتنی دێكۆمێنتهكان ئه‌م ئه‌ركه‌یان پێ ده‌درێ؟ ده‌ڵێین ئه‌م ئه‌ركه‌یان پێ ده‌درێ، چونكه له‌ڕاستیدا هیچیان ئه‌ركی ڕه‌سه‌نی ئه‌مانه نین. كاتێك مشت‌ومڕ گه‌رم ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا قوربانییانی ئه‌نفال ژماره‌یان سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار یان دووسه‌د هه‌زار یان هه‌ر ژماره‌یه‌كی كهمترو زۆرتره، له‌نێو هه‌موو ئه‌م مشتومڕانهشدا پڕۆسه‌ی عهوداڵبوونو سۆراغكردنی مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی كوشتن‌و كوژراو له‌دایك نابێت، كاتێ ڕۆژمێرهكانی ئه‌نفال، ته‌نها یادهوهرییهكمان بیر ده‌هێننه‌وه كه له فڵان ڕۆژو ساڵدا قۆناغی ئه‌وه‌نده له زنجیره هێرشه‌كانی كاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌ستی پێ كرد‌و ئه‌وێی گرته‌وه‌و له فڵان ڕۆژدا كۆتاییهات. له‌ڕاستیدا ئه‌م جۆره یاده‌وه‌رییه زۆر زۆر له‌وه بێ توانا‌و ئیفلیجتره مانا نهێنییه‌كانی ڕوودانی ئه‌و كاره‌ساته له‌و ساته‌و له‌و شوێنانهماندا بۆ بدۆزێته‌وه. ئیشكردنی تاك ڕه‌هه‌ندانه به‌م میتۆده چاوێكمان پێده‌به‌خشێ كه ته‌نها ڕووكه‌شانه پێی بڕوانین‌و قووڵایییهكانو تایبه‌تمه‌ندییه‌كان‌و نه‌بینین، نه‌گه‌یشتنه قووڵایییهكانو نه‌بینینی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌نفال وامان لێ ده‌كات خوێنساردانه له‌م تراژیدیایه بڕوانین‌و هه‌موو تاوانه‌كان ئاسایی بن.
وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد نكۆڵی له گرینگی‌و پێویستیی ئاگاداربوون له ڕۆژمێری ئهنفالو كاری ئهرشیفكردنو پارێزگاریكردنی دێكۆمێنتهكان ناكه‌م، به‌ڵام كاتێك سهوداوكاری ئێمه له‌گه‌ڵا ئه‌مانه‌دا ته‌نها بریتی بێت له وهرگرتنو ئاگاداركردنه‌وه، به‌بێ قووڵبوونه‌وه‌و شۆڕبوونه‌وه، كاری ئێمه ته‌نها گێڕانه‌وه‌و وتنه‌وه بێت، به‌بێ ده‌رخستنی لایه‌نه نادیار‌و شاراوه‌كانی، ئه‌وا ده‌بێت بڕوا به‌وه بهێنین كه هه‌موو ئه‌و پڕۆسانه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌چنه‌وه خزمه‌ت بچووككردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال.
پێنج
ئهنفالو حیزبایه‌تی
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد به‌كارهێنانی مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال زۆر جار له ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌كاندا ده‌بێته گواستنه‌وه‌یه‌كی سه‌یر سهرسوڕهێنهرو ترسناكی سیفه‌ته‌كانی پاكی و بێگوناهیو هه‌قانیه‌ت له ئهنفالو قوربانییانه‌وه بۆ حیزبه‌كان. من له‌م خاڵانه‌دا ئه‌م باسه دووباره ناكه‌مه‌وه یاخود زیاتری له‌سه‌ر ناڕۆم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ لێره‌دا له‌سه‌ری بدوێم بریتییه له لایه‌نێكی دیكه‌ی بابه‌تی تێكه‌ڵكردنی مه‌سه‌له‌ی ئهنفالو حیزبایه‌تی یاخود ئیستغلالكردنی ئه‌نفال بۆ مه‌به‌ستی حیزبایه‌تی‌و پێكانی ئامانجی تایبه‌تی كه ده‌بێته هۆی سوككردنی كێشه‌ی ئهنفالو بچووككردنه‌وه‌و هێنانی بۆ ئاستێكی ئێجگار نزم. به‌ر له‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌م به‌ته‌واوی ڕوونبكه‌مه‌وه حه‌ز ده‌كه‌م دوو ڕسته له‌وتارێكی دیاریكراودا وه‌رگرم وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌زاران ڕسته‌ی له‌م جۆره‌ی نێو ڕاگه‌یاندنی زۆر له حیزبه‌كان، كه وه‌ختی باسكردن له مه‌سه‌له‌ی ئهنفالو شانازیكردن به ڕۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان به گوێی هه‌موو لایه‌كدا ده‌ده‌ن. دوو ڕسته‌كه‌ش كه له وتارێكدا وه‌رمگرتوون ئه‌مانه‌ن (تا ئه‌و ده‌مانه‌ش- كه مه‌به‌ست ساتی ڕوودانی ئه‌نفاله- هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كوردستانی كورد بوه سه‌نگه‌ری تێكۆشانی خۆی، نه‌ك له ده‌ره‌وه‌و له ئوتێله پێنج ئه‌ستێره‌كانه‌وه باس له خهباتو دژایه‌تیكردنی به‌غدا بكات- زۆر هێزی تر هه‌بوون تا دوای كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و كۆتایی ئه‌نفاله‌كانیش له وڵاتانی دراوسێدا هه‌ر به بیجامه‌وه ده‌سووڕانه‌وه!)11 بابه‌تی ئه‌و كوردانه‌ی له ساتی ڕوودانی ئه‌نفالدا له ده‌ره‌وه بوون‌و له ئوتێله پێنج ئه‌ستێره‌كانه‌وه باسیان له خهباتو دژایه‌تیكردنی به‌غدایان ده‌كرد، یان بابه‌تی ئه‌و كوردانه‌ی تادوای ئهنفالو هه‌ڵه‌بجه به‌بیجامه‌وه له وڵاتانی دراوسێدا ده‌سوڕانه‌وه. بۆ خۆیان كۆمه‌ڵێ بابه‌تی گرینگنو هێشتنه‌وه‌یان ته‌نها له خانه‌ی توانج‌و ته‌شه‌رو نهگوێزانهوهیان بۆ خانه‌ی ههڵسهنگاندنو ڕاڤه‌كردنی ئه‌و واقیعه‌و ڕه‌خنه‌گرتنی قووڵا له ستراكتۆری سیاسیی‌و ئهخلاقییو ئینسانیی ئه‌و بزاڤانه‌ی نێو شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد، بۆ خۆی كارێكی هێنده هه‌ڵه‌و مه‌ترسیداره كه به‌رده‌وام هه‌ر ئه‌م هۆیه‌ش یه‌كێك بوه له گه‌وره‌ترین ئه‌و هۆیانه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردیی زوو زوو تووشی شكست‌و هه‌ڵدێرانی گه‌وره كردوه.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵا ئه‌م جۆره خه‌سڵه‌ته‌ی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردیی به زمانی توانج‌و پلارهاویشتن نه‌ك هه‌ر هیچ له خزمه‌تی هیچ شتێكی جوان‌و سڕینه‌وه‌ی هیچ ناشرینییهكدا نییه، بگره سه‌ر ده‌رهێنانی ئه‌م جۆره پلارو توانجانه له‌بابه‌تێكدا كه باس له‌ئه‌نفال ده‌كات، به‌ر له هه‌ر كهسێكو به‌ر له هه‌ر شتێك ئه‌نفال زامدار ده‌كات، شێوه زامداركردنێك كه قه‌باره‌یه‌كی بچووكترو سه‌نگێكی كه‌متر به ئه‌نفال ده‌دات. تێكهه‌ڵكێشكردنی ئه‌م جۆره پلارو توانجانه له‌وه‌دا زیان به ئه‌نفال ده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌بنه هۆی دروستكردنی ههستو سۆزێك به‌رامبه‌ر به ئه‌نفال كه ئینتیمای بۆ حیزب هه‌یه‌و ڕێگره له دروستكردنی ههستو سۆزێك كه لهئینتیماوه بۆ نه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. بێگومان ئه‌وه‌ی دوه‌میان گه‌وره‌تره‌و سهنگینترهو ئه‌نفالیش ئه‌وه ده‌خوازێ. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌وانه‌ی له‌م جۆره پلارو توانجانه له كاتی باسكردنی ئه‌نفالدا ده‌گرنه كه‌سانی تر، له‌ڕاستیدا ده‌یانه‌وێ شتێكی دیكه به‌یان بكه‌ن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بڵێین ئێمه وا نه‌بووین، لێره‌شدا ئه‌م وا نه‌بوونه‌ی خۆیان به شانازی دهزاننو به سه‌روه‌ری بۆ خۆیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. شانازی‌و سه‌روه‌ری له‌و سیفه‌تانه‌ن كه هه‌رگیز له‌كاتی باسكردنی ئهنفالو تهفسیركردنو گێڕانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نفالدا جێیان نابیـَتهوه، چونكه ئه‌نفال بریتییه له گه‌وره‌ترین شكست‌و بهزامترین هه‌ره‌س له مێژووی میلله‌ته‌كه‌ماندا.
ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام له باسكردنی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا مه‌به‌ستیان گه‌یاندنی په‌یامی ئایدیۆلۆژیی خۆیانه‌و مه‌به‌ستیان تۆماركردنی سه‌روه‌رێتیی و شۆڕشگێڕێتی و پاكێتییه بۆ خۆیان وه‌ك له‌م سه‌رچاوه‌یه‌دا هاتوه (ته‌نها ڕێكخراوی سیاسیی كوردی كه هه‌موو هێزه‌كانی و باره‌گاكانی و ماڵی سه‌ركرده‌و كادێر و پێشمه‌رگه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌رزی كوردستانی عێراق بوو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو. ئه‌نجامی یه‌كه‌مین هێرشی ئه‌نفال په‌لاماردانی باره‌گاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو)12 كۆكردنه‌وه‌ی ئهنفالو سیفه‌ته‌كانی شۆڕشگێڕێتی‌و ئازایه‌تی، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵكردنی بابه‌تی ئهنفالو شانازی‌و سه‌روه‌رێتی و هه‌ر سیفه‌تێكی دیكه‌ی خۆهه‌ڵكێشان، زیانێكی ئه‌وه‌نده قورس به ئه‌نفال ده‌گه‌یه‌نێ، زیانێك له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێـته‌وه كه قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌نفال نابێته هۆی دروستكردنی هه‌ست به لێپرسراوێتی و هه‌ستی بهرگریو به‌ره‌و ئه‌وه‌مان نابات ڕه‌خنه له ستراكتۆری سیاسیی كۆمهڵایهتییو ئه‌خلاقیی و كولتووریی خۆمان بگرین‌و به‌جۆرێكی دیكه ته‌ماشای ڕابردوو ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژمان بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌میشه سه‌رگه‌رمی خۆههڵكێشانو شانازیكردنمان دهكاو كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وه‌همه‌كانمان ده‌خاته‌گه‌ڕ.
شه‌ش
ئهنفالو گه‌رمیانییه‌كان
كاتێك ئه‌و پرسیاره ده‌كرێ بۆچی پڕۆسه‌كانی ئه‌نفال له سنووری كه‌ركوك‌و گه‌رمیاندا توندتربوون وه‌ك له ناوچه‌كانی دی؟ ئه‌م پرسیاره پرسیاركه‌ران هان ده‌دات بۆ گه‌ڕان به شوێن وه‌ڵامێكی گونجاو‌دا، وه‌ڵامێك كه ته‌واو قه‌ناعه‌تیان پێی بێ‌و تیونێتیی پرسیارهكهیان بشكێنێ، به‌ڵام زۆر ناگهڕێنو ورد ناپشكنن بۆیه سه‌ر ئه‌نجام به كۆمه‌ڵێك وه‌ڵام ده‌گه‌ن. یه‌كێك له‌وانه هۆكارێكی قورسكهوتنهوهی شاڵاوی ئه‌نفال له ناوچه‌كانی گه‌رمیان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه (ناوچه‌كانی گه‌رمیان به‌گشتی و ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ر ئه‌نفال كه‌وتن به‌تایبه‌تی، له‌وه‌ته‌ی خه‌باتی سیاسیی و چه‌كداری له‌كوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه به‌یه‌كه‌وه لانكه‌ی خه‌بات و شۆڕشگێڕی بوون)13 یه‌كێكی دیكه له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا پێی وایه (پرۆسه‌ی ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌هجیر نه‌یتوانی گه‌رمیان لێك هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، گه‌رمیان قه‌ڵایه‌كی به‌رگری بوو له‌به‌رده‌م دوژمن‌دا)14 ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌ڵامانه ته‌نها هه‌ڵه‌بن یان له‌ڕوانگه‌ی بۆچوونی خۆمانه‌وه ته‌نها به هه‌ڵه دایان بنێین، ده‌شێ وه‌ك جۆرێك له لێكدانه‌وه‌و تهفسیرێك له تهفسیرهكانو بۆچوونێكی جیاواز قبوڵیبكهینو ئاساییبن، به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامانه ته‌نها ههڵهنینو به‌س، به‌ڵكو ترسناكیی ئه‌م جۆره لێكدانه‌وه‌و بۆچوونانه له‌وه‌دایه كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوهكانو زۆر به ناڕاسته‌وخۆیی ده‌چنه‌وه خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیای به‌عس، ڕه‌نگه به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن وهڵامو خاوه‌ن بۆچوون به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداربن. له‌وه‌ش ترسناكتر كه من له‌م جۆره هه‌ڵانه‌دا به‌دی ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه هه‌م خودی ئه‌م پرسیاره‌و هه‌م ئاسان ده‌ستڕاگه‌یشتن به وه‌ڵامه‌كان ته‌نها ده‌رئه‌نجامی وتارێك یاخود نووسه‌رێك نین، به‌ڵكو ئه‌م جۆره وه‌ڵام ڕیزكردنانه بۆ ئه‌م پرسیاره خه‌سڵه‌تێكی باو‌و ته‌قلیدی وه‌رگرتوه و بۆته زۆربه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی نێو زۆر له وتاره ڕۆژنامه‌گه‌رییو خوتبه‌و ناوه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاند.
ئه‌گه‌ر ئه‌نفال وه‌ك هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بریتییه له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی جینۆساید دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد له لایه‌ن ڕژێمی بهعسو پلانێكی نه‌خشه بۆ داڕێژراو‌و سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كوشتن‌و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵا بێت، ئه‌وا ته‌فسیركردنی هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس به‌نزیكی و هاوسنووری له‌گه‌ڵا ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق زیانێكی گه‌وره له‌و شوناسه‌ی ئه‌نفال ده‌دا، كه پێشتر هه‌موومان ڕێكه‌وتین له‌سه‌ری. ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی وامان لێ بكات بڵێین به‌هۆی نزیكیی ناوچه‌كانی گه‌رمیان له ناوه‌ڕاستی عێراق كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌و شێوه ڕوویدا، ئه‌وا گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندیی دیكه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه به‌هۆی ئه‌م تێڕوانینه‌وه ون دهبێو نایبینین. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م نزیكییهش بۆچوونێكی دیكه‌مان لا سه‌وز بكات‌و بڕوامان وابێت ڕژێمی به‌عس خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ی به‌جێگه‌ی مه‌ترسی ده‌زانی بۆ سه‌ر شوێنگه‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، له‌ڕاستیدا ئه‌میش بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌یه‌و له‌وانه‌ش ههڵهترو ترسناكتر ئه‌وه‌یه كه پێمان وابێت ڕوقوكینهو ترسی دیكتاتۆری به‌عس له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بوو، چونكه هه‌موو تێكۆشهرو ئازار‌و كۆڵنهدهربوون وای كرد ئه‌نفال به‌و سه‌ختییه له‌وێ ڕوو بدات. له یه‌كێ له‌سه‌رچاوه‌كاندا هاتوه (هێزه‌كانی عێراق له گه‌رمیان زۆر به‌داخبوون، خه‌ڵكی گه‌رمیان ده‌ورێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشدا. كه‌م جێگه‌ی كوردستانی عێراق هه‌بوو خوێنی پێشمه‌رگه‌ی گه‌رمیانی تێدا نهڕژابێت.)15 به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه كه بۆچی‌و چۆن ئه‌م بۆچوونانه به هه‌ڵه داده‌نێم، به پێویستی ده‌زانم بۆ سوودوه‌رگرتن بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر چه‌ند بۆچوونێكی (به‌ختیار عه‌لی) له‌و سه‌رچاوه‌ی كه پێشتر دیاریم كرد، بۆچوونه‌كانیش له‌سه‌ر چۆنێتیی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له ساتی ڕوودانی ئه‌نفال، هه‌روه‌ها به‌عس كێ ئه‌نفال دهكاتو ئه‌نفالكراوه‌كان چی‌یان پێدهكرێو دواجار ئه‌نفال ده‌بێت به چی؟ كه بۆچوونه‌كانیش ئه‌مانه‌ن (ئه‌نفال له شكۆمه‌ندترین ساته‌كانی به‌عسدا ڕووده‌دات، كه به‌عس ده‌ستده‌داته ئه‌نفال له دۆخێكی لاواز‌و شپرزه‌دا نییه، پایه‌كانی حوكم له هه‌ر كات سه‌قامگیرترو جێگیرترن، به‌عس له‌وپه‌ڕی هێزو دهسهڵاتو ههیبهتیایهتی…. ئه‌م مردنه‌ی قوربانییان مردنی پاڵه‌وانه‌كان نییه، به‌ڵكو مردنی ئه‌و پیاوانه‌یه كه ڕووبه‌ڕوو سه‌یری مردن دهكهنو ناتوانن هیچ بڵێن.. به‌عس پهراوێزترینو فرامۆشكراوترین خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نفال ده‌كات… ئه‌نفال ته‌نها شكستێكی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سه‌ربازیی نییه، به‌ڵكو سه‌ره‌تای سه‌وزبوونی گومانێكی قووڵه ده‌رهه‌ق به‌و وێنه كلاسیكییه‌ی كوردی جه‌نگاوه‌رو كوردی قاره‌مان)16. به‌عس له‌و ساتانه‌دا ڕژێمێكی بێ هێزو كه‌م ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، هه‌روه‌ها یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌و ته‌نانه‌ت جیهانیش كه له چاو ژماره‌ی دانیشتوانیدا زۆرترین ژماره‌ی سه‌ربازی هه‌بوو، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا پیشه‌سازیی جه‌نگی ئه‌م ڕژێمه به ترسناكترین‌و پیشكه‌وتووترین چه‌كی سه‌رده‌م ده‌وڵه‌مه‌ندكرا بوو، بێجگه له‌مانه‌ش له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كایه ڕۆشنبیری و ستراتیژی و ئابوورییه‌كانیش په‌یوه‌ندییه‌كی توند‌و تۆڵاو به‌هێزی به زۆربه‌ی زۆری ده‌وڵه‌ته به‌هێزو سه‌رمایه‌داره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه وێناكردنی ئه‌نفال وه‌ك جۆرێك له توندوتیژی دژ به‌و هاوڵاتییانه یان به‌و كه‌سانه‌ی كه جێگه‌ی مه‌ترسین بۆی، وێناكردنێكی هه‌ڵه‌یه. هه‌ڵه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌عس ئه‌و كه‌سانه ئه‌نفال ده‌كات كه سیاسه‌تی دووربینانه‌و پلانداڕێژهریانهی خۆی‌و بێشیرازهییو بێمیتۆدیی سیاسه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردی‌و ئه‌خلاقی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردی، شوێنگه‌یه‌كی په‌راوێزی و ڕووبه‌رێكی فه‌رامۆشكراوی پێداون. بۆیه له‌راستیدا ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ئازایه‌تی و كۆڵنهدهریو تێكۆشه‌ریی ئه‌وان بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نفال بكرێن هه‌ڵه‌یه، ئه‌مه نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌وان ئازا‌و كۆڵنهدهرو تێكۆشه‌ر نه‌بوون، به‌ڵكو ده‌شێ وابن، به‌ڵام ئه‌م سیفه‌تانه‌و پێچهوانهكانیشیان هیچ ڕۆڵێكیان نییه و نه‌بوه لهكارهساتهكهدا، چونكه ئه‌وان ده‌ردی ترسنۆكی نه‌یكوشتن، به‌ڵكو ده‌ردی فه‌رامۆشكردن كوشتنی. شوێنگه‌ی پهراوێزییان له‌كۆمه‌ڵگادا به‌و ده‌رده‌ی بردن، نه‌ك تێكۆشهریو ناتێكۆشهرییان، ئه‌وان ساتی مردن نه‌ك هیچ په‌رچه‌كردارێكیان بۆ نه‌كرا، به‌ڵكو ده‌نگیان له‌هه‌رێمه زۆر نزیكه‌كه‌ی خۆشیانه‌وه نه‌ده‌بیسترا.
له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌و چه‌ندانی تریش من ئه‌م لێكدانه‌وانه به‌هه‌ڵه ده‌زانم، پاشان ترسناكییهكهشیان له‌وه‌دا ده‌بینم كه له‌پشت ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه ده‌ڵێ له‌به‌ر نزیكی، ناوچه‌كانی گه‌رمیان به‌و جۆره ئه‌نفالكران، ڕسته‌یه‌كی دیكه هه‌یه بێ بناغه ده‌ڵێ بێخه‌م بن خه‌ڵكی ناوچه دووره‌كان كاره‌ساتی ئه‌نفال هه‌رگیز ئێوه ناگرێته‌وه، ئه‌مه بێجگه له د‌رك نه‌كردن به نیه‌تی جهلادهكانو قورساییی كاره‌ساته‌كه. له پشت ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه ده‌ڵێ ڕژێمی به‌عس ڕقوكینێكی زۆری له خه‌ڵكی گه‌رمیان هه‌بوو بۆیه… هتد ڕسته‌یه‌كی دیكه‌ی ترسناك حه‌شاردراوه كه ده‌ڵێ ڕژێمی به‌عس ڕقوكینی نه‌بوو له خه‌ڵكی فڵان شوێن‌و خۆشی ده‌ویستن بۆیه وای لێ بهسهرنههێنان. له‌و دیو ئه‌و ده‌نگه‌ی پێمان ده‌ڵێ خه‌ڵكی گه‌رمیان تێكۆشه‌ر بوون بۆیه… هتد. ده‌نگێكی دیكه‌ی ناسازو ترسناك هه‌یه كه ئه‌مه‌مان ده‌دات به‌گوێدا، خه‌ڵكی فڵان ناوچه تێكۆشه‌ر نه‌بوون بۆیه… هتد. بۆچی وتمان ئه‌م لێكدانه‌وه‌و ته‌فسیرانه به ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ڵه‌و ترسناكن كه ڕه‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ بچنه‌وه خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیه‌تی به‌عس؟ چونكه به‌شێكی گه‌وره له ئایدیۆلۆژیه‌تی به‌عس بریتییه له دروستبوونی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆشنهوێو خه‌ڵكی لادێ ڕقی له شار‌و خه‌ڵكی شار ڕقی له‌لادێ بێ‌و هیچ به‌شێك له به‌شه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ههستو سۆزی هاوده‌ردی و هاوخه‌مییان بۆ یه‌كتری نه‌بزوێ، توانای پهرچهكردارو به‌رگری و هه‌ڵوێستی به‌كۆمه‌ڵیان نه‌بێ. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌نفال خۆشی وه‌ك (به‌ختیار عه‌لی) له ته‌عبیرێكی قووڵاو سه‌نگیندا ده‌ڵێ (تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و دابهشدابهشبوونهیه، ئه‌نفال ده‌بێته نیشانده‌رو ته‌رمۆمه‌تری ئه‌و له‌یه‌كتری دابڕانه، له‌رێگای ئه‌و كۆكوژییهوه، به‌عس بڕی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه قووڵه ده‌پێوێت كه له هه‌ناوی دنیای ئێمه‌دا خه‌وتوه . قڕانكردنی ده‌یان هه‌زار كهسو بێلایه‌نی و كه‌مته‌رخه‌می ملیۆنه‌ها ده‌رهه‌ق به‌وتاوانه، نیشانه‌ی ئه‌ستووریی دیواره ناوخۆییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه)17.
ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ی كران‌و بهههڵهمان زانی، بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌كانی گه‌رمیان له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفالی به‌و جۆره تێیدا ئه‌نجامدا، له‌به‌رئه‌وه ترسناكه‌و ده‌چێته خزمه‌تی ئایدیۆلۆژیای به‌عسه‌وه كه ده‌بێته پاڵنهرێكو ڕۆڵی ده‌بێت له دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی پارچه پارچه‌ی وا هه‌ركات ڕژێمی به‌عس ویستی ئه‌نفالی تێدا ئه‌نجام بدات.
دوا په‌ره‌گراف
هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م بۆ كرد كه ئه‌م وتاره به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆڤدۆستی و ئاڵوگۆڕی له‌گه‌ڵا كۆمه‌ڵێك بۆچوونی دیكه‌دا ده‌به‌ستێ، تا له‌ڕێگای ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌شه‌وه دیدگاكان زیاتر‌و بۆ چوونه‌كان قووڵتربن له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مێژوویمان، كاره‌ساتێك به تێگه‌یشتنی قووڵا لێی ده‌شێت به سه‌رجه‌م پێكهاته‌ی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌خلاقیی خۆماندا بچینه‌وه‌و ئێستا‌و پاشه‌ڕۆژی خۆمان به جۆرێكی دیكه بینن، تێگه‌یشتنی قووڵیش له كاره‌ساتی ئه‌نفال به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه بتوانین ئه‌نفال له وشه‌یه‌كی ئاسان به‌كارهاتوو و ساده‌وه بگۆڕین بۆ بابهتو كه‌ره‌سته‌یه‌كی فیكریی و مه‌عریفی و هه‌موو میتۆده‌كانی خوێندنه‌وه‌و ڕه‌هه‌نده‌كانی بینینی بۆ بخه‌ینه گه‌ڕ.
په‌راوێزه‌كان:
1-به‌ختیار عه‌لی. له ئاره‌زووی كوشتنه‌وه بۆ ئاره‌زووی فه‌رامۆشی، گۆڤاری ڕه‌هه‌ند. ژماره (7) ساڵی 1997 ل 159.
2- نه‌وشیروان موسته‌فا ئه‌مین. خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌دا، چاپی دوه‌م سلێمانی ساڵی 1999 ل 150.
3- هه‌ڤاڵا ئه‌بوبه‌كر. ئه‌نفال له‌نێوان دڕنده‌یی دوژمنه‌كانمان و بێوه‌فایی دۆستهكانماندا، گۆڤاری كه‌ركوك، ژماره (5) ساڵی2000لــــــــ58
4- د.مارف عومه‌ر گوڵا. جینۆسایدی گه‌لی كورد، له‌به‌ر ڕۆشنایی یاسای تازه‌ی نێوده‌وڵه‌تاندا، له چاپكراوه‌كانی یانه‌ی كوردی میدیا (ئه‌مسته‌ردام) چاپی یه‌كه‌م ساڵی 1997 ل 172.
5- ته‌ها سلێمان. له په‌راوێزی ئه‌نفالدا، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ساڵی 1999 ل 135.
6- مه‌لا شاخی. ئه‌نفالی خاڵخاڵان، چاپی یه‌كه‌م سلێمانی ساڵی 2001 ل 82.
7- پ.د.منژر فچل، پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و تاوانه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌عێراقدا، گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی، ژماره (55) ساڵی 2002، ل 139.
8- پ.د.نوری تاڵه‌بانی. بۆ به‌نێو نهتهوهییكردنی ك10.هه‌ڤاڵا ئه‌بوبه‌كر. ئه‌نفال له‌نێوان دڕنده‌یی دوژمنه‌كانمان و بێوه‌فایی دۆستهكانماندا، گۆڤاری كه‌ركوك، ژماره (5) ساڵی 2000 ل 62
كاره‌ساتی ئه‌نفال، گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی ژماره (55) ساڵی 2002 ل 109.
9- یوسف دزه‌یی. ئه‌نفال، كاره‌سات ئه‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌كانی، چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر ساڵی 2001 ل 246.
10- پ.د.نوری تاڵه‌بانی. بۆ به‌نێو نهتهوهییكردنی كاره‌ساتی ئه‌نفال، گۆڤاری سه‌نته‌ری برایه‌تی ژماره (55) ساڵی 2002 ل 112.
11- هه‌ڤاڵا ئه‌بوبه‌كر. ئه‌نفال له‌نێوان دڕنده‌یی دوژمنه‌كانمان و بێوه‌فایی دۆستهكانماندا، گۆڤاری كه‌ركوك، ژماره (5) ساڵی 2000ل62
12-نه‌وشیروان موستهفارئهمین. خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌دا، چاپی دوه‌م سلێمانی ساڵی 1999 ل 142.
13- ئه‌نفالی گه‌رمیان. جاسم محه‌مه‌د محه‌مه‌د عه‌لی، چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2001 ل 48.
14- عه‌بدوڵڵا كه‌ریم مه‌حمود. ڕه‌شه‌بایی ژه‌هر و ئه‌نفال، چاپی یه‌كه‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، سلێمانی ساڵی 2002 ل 14.
15- نه‌وشیروان موستهفالائهمین. خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌دا، چاپی دوه‌م سلێمانی ساڵی 1999 ل 152.
16-به‌ختیار عه‌لی. لهرئارهزووی كوشتنه‌وه بۆ ئاره‌زووی فه‌رامۆشی، گۆڤاری ڕه‌هه‌ند. ژماره (7) ساڵی 1997 ل 163
17- به‌ختیار عه‌لی. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 172.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره (10)ی گۆڤاری (ڕوانگه‌و ڕه‌خنه) ساڵی (2005) بڵاوكراوه‌ته‌وه.