چرکەیەک پێش کۆتایى … نەوزاد بەندى
-1-
پێڵاوەکانم لێم هەڵگەڕانەوە و
وتیان : بۆ کوێ ئەڕۆى ؟
پێڵاوەکانم موحاسەبەیان کردم ..
-2-
عەلى وەردى پێش ئەوەى بمرێ ،
برسێتیى چەقۆیەکى کولى لە ملى ئەخشاند ..
برسێتیى ، دەستنوسەکانى پێ برد بۆ شەقامى (موتەنەبى )
برسێتیى ، بێ حورمەتى پێکرد ..
-3-
لە هەموو گیرفانەکانما بەلایەنى کەمەوە کلیلێک هەیە ..
هەیانە تازە ..
هەیانە ژەنگاویى ..
هەیانە زەرد و نەخشاویى ..
هەیانە نازانم هى چ دەرگایەک ..
چ بۆفى و کەوانتەرێکە ..
هەیانە هى سەردەمى زانکۆ ..
کلیل هەیە بە تەواوەتى خانەنشین بووە ،
ددانەکانى کەوتون و
حەز ناکا چیتر پێى بڵێن کلیل ..
هەیانە بە ئەڵقەیەکەوە ،
لەگەڵ دلخوازەکەیدا ، ئەزرنگێتەوە ..
( دز و پۆلیس و من ،
کلیل زۆربەى تەمەنى داگیر کردووین )
-4-
نەوت بوو بە ڕەئیس عورەفاى وەحدە ..
هەموومانى ڕیز کرد ..
هەندێکمانى کرد بە ئاڵتون ..
ئەوانى تریش تەنەکە ..
بۆینباخى کردە ملى کۆمەڵێک و
ئەوانى تریش گوریس ..
نەوت سمێڵى بە نیوەمان تاشى و
ڕیشى بە نیوەکەى تریش هێشتەوە ..
نەوت خەتێکى کێشا ..
لاى چەپى خەتەکەى ناو نا : ئۆپۆزیسیۆن ..
لاى ڕاستى خەتەکەى ناو نا : دەسەڵات ..
(نەوت بە دزییەوە فێرى شەراب بوو ..
کەوتە حەشیشە کێشان ..
فێرى لەشفرۆشى بوو ،
بۆ چەک ..
بۆ کچ ..
بۆ تاوەرى ناو هەور و
فڕۆکەى ناو ئاسمان .. )
-5-
من درەنگ کەوتمە نوسین ..
یەک کەس لە هۆڵەکە نەما ..
یەک مایک ..
یەک ڕۆژنامە ..
یەک جاسوس لە دەور و بەرم نەما ..
( شیعر بۆ
کورسیەکان ئەخوێنمەوە ..
بە ڕێزەوە ڕاوەستاون ،
هەرچەند چوار قاچیشن )
-6-
زۆر شت هەن ،
هەرچەندە ژەنگیش هەڵناهێنن و ناشکێن ،
کەچى بە کۆمەلڕ ون ئەبن ،
وەکو سەدان هەزار هەڵماتى چاخى مناڵیى ..
( بمکەن بە حوکمەت ،
با گۆڕى بە کۆمەڵى هەڵماتەکان هەڵدەمەوە ..
با لیژنەیەک بۆ دیارنەمانى
هەزاران هەزار کۆلارە و
هەلوک و
مزراح ..پێک بێنم .. )
-7-
سیاسى و ئەکتەرى ئاکشن یەک جیاوازییان هەیە ،
یەکەمیان بە ڕاستى خەڵک ئەکوژێ ..
دووەمیان بە فێڵى سینەمایى ..