كێ زمانی كوردی وێران كرد؟
بێنه و به‌رده‌ی ناوێ، به‌شێك له ڕۆژنامه‌نووسه‌كان كه ته‌نیا حیسابی گیرفان و پڕكردنه‌وه‌ی ڕووپه‌له‌كانیان مه‌به‌سته، زمانی كوردی‌یان سیس كردووه، ده‌ستیان له قوڕگی ناوه و خستوویانه‌ته باری ئاویلكه‌دان. رۆژێك به هاوڕێیكی ڕۆژنامه‌نووسم وت: تكایه! بایه‌خ به زمان بده، چونكه هه‌موو جوانییه‌كان له پاڵ زمانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵن، نه‌مری له نێو ده‌ماره‌كانی زماندا خۆی حه‌شارداوه .” وایزانی به ته‌وسه‌وه ئه‌مه‌ی پێ ده‌ڵێم، لووتی له‌ملا كردوو و به تووڕه‌ییه‌وه به ڕوومدا هه‌ڵشاخی و وتی: “چه‌ندان ساڵه من كاری ڕۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌م، له هه‌موو بواره‌كان ڕه‌خنه‌م لێ گیراوه، به‌ڵام تاكو ئێستا كه‌س پێی نه وتووم زمانی نووسینت خراپه!” داخێكم هه‌ڵكێشا و وتم: ئاخر ئه‌مه جێگه‌ی نیگه‌رانییه، مانای وایه زمانی كوردی خه‌مخۆری كه‌مه و هه‌ڕاج كراوه، ده‌نا چۆن ده‌بێ كه‌س له‌م زمانه نه‌پرسێته‌وه؟
به‌داخه‌وه ئه‌و زمانهجوانهی فۆلكلۆر و پاشخانی ئه‌ده‌بی بۆ ئێمه‌یان هێنایه كایه‌وه، به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌چێت. مه‌سعوود محه‌مه‌د و شێخی خاڵ و هه‌ژار و هێمن و نامی…تاد، فه‌رامۆش كران. ئێستا خه‌مخۆرانی ئه‌م زمانه نه‌گوێیان بۆ ده‌گیرێ و نه گرنگی به نووسینه‌كانیان ده‌درێت.
كێشمه‌كێشمی ناوی، سیاسییه‌كانمان، زمانی كوردی‌یان زۆر لاوازه، من و تۆش ڕۆژانه به ناچاری ده‌بێ گوێیان بۆ بگرین. له‌وانه‌یه بڵێیت بابه ئه‌وان سه‌رقاڵی سیاسه‌ت و به‌ڕێوبردنی وڵاتن، چی‌یان داوه له ورده‌كارییه‌كانی زمانی كوردی؟ ئه‌دی كه‌سی برای بۆچی هێنده به لووس و ڕه‌وانی زمانه بیانییه‌كان فێربوون؟
لام وجیمی ناوێت، شاعیره نوێیه‌كان، كه ده‌بوو سه‌لیقه‌ی زمانی كوردی له‌وانه‌وه فێربین، كه‌چی به خوێندنه‌وه‌ی شیعری به‌شێكیان، با نه‌ڵێم هه‌موویان، تووشی بێئومێدی ده‌بی و فاتیحایێك بۆ زمانی كوردی ده‌خوێنێت. ئۆباڵی زمانی كوردی له ئه‌ستۆی ئه‌وانه، كلیلی وشه و ڕسته‌ی جوان، ده‌بێ له ده‌ستی وان بێت، نه‌ك به‌م شێوه: “شه‌لم كوێرم هیچ نابوێرم…” بكه‌ونه نێو زمان و ڕێنووسی كوردی.
كاتێك بته‌وێت به دوای وشه‌یه‌كی عاره‌بیدا بگه‌رێیت، ئه‌وه شیعر وه‌ك به‌ڵگه ده‌هێنرێته‌وه و به‌مه‌ش هیچ گومانێكت نامێنێت. ده‌بێ شیعری نوێی كوردیش بۆ داهاتوو ئه‌م وه‌زیفه‌یه ببینێت، نه‌ك هه‌ر خه‌ریكی خوزه‌عبه‌لات بێت!
برا شاعیراكانمان ده‌بێ به دڵی فراوانه‌وه، ئه‌م ڕه‌خنانه‌م قبووڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر زمانی كوردی‌یان باش نییه، یان ناتوانن له نێو شیعره‌كانیان بایه‌خ به زمان بده‌ن، باواز له شیعر بێنن، كاری دیكه زۆره، تكایه چیتر زمان تێك مه‌شكێنن.
ویستم باسی پسپۆڕانی زمانی كوردی، داوده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كان، ڕاگه‌یاندن و ڕاگه‌یاندكاران و په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا بكه‌م و به‌شێكی گوناهه‌كه‌ش بخه‌مه ئه‌ستۆی ئه‌وان، به‌ڵام قانوونی ئه‌م گۆشه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌نده ڕێی پێدام.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
گۆشه‌ی دیدگه، هه‌فته‌نامه‌ی (نسێ)، ژماره 47، دووشه‌ممه 24/6/2013