(ڕه‌گ) له چه‌ند پێگه‌یدا
(ڕه‌گ) له چه‌ند پێگه‌یدا
ڕۆژ ئه‌حمه‌د
دیاره به‌شێکی زۆر له‌و جه‌ماوه‌ری که خویان له سیسته‌می ڕامیاری باشووری کوردستان به به‌رپرسیار زانیوه، زۆر ده‌مێکه له هه‌وڵدان و بهدواداچوندان و چاوه‌ڕوانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئۆپۆزسیۆنن که خودی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و کێشمه کێشه ڕامیاری و ئابوورییانه بێت که له سیسته‌می گه‌نده‌ڵی باشووری کوردستان دا له دوای ڕاپه‌ڕین و به‌شێوه‌یه‌کی خراپتریش رۆژانه له دوای داگیرکاری ئه‌مریکاوه له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه پراکتیزه ده‌کرێن، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به تێکڕای پارته کوردستانیه‌کانه‌وه که به‌شدارن له‌و حوکومهتهدا .
له‌م ڕۆژانه‌ی دوایدا کۆمه‌ڵه چالاکڤانیکی ڕامیاری له ده‌ره‌وه‌ی وڵات که ناویان له خۆیان ناوه (ڕه‌گ) له به‌یاننامه‌یه‌کیاندا وه‌ک ڕه‌وتێکی ئۆپۆزسیۆن له ناو یه‌کیتی نیشتمانی کوردستاندا بوونی خۆیان ڕاگه‌یاند. (ڕه‌گ) ڕه‌وتێکی ئۆپۆزسیۆنه له ناو پارتێکی ڕامیاری که هێلێکی گشتی هه‌یه، وه‌لێ (ڕه‌گ) چه‌ند پره‌نسیب و پرۆگرامی پێشنیار کردووه که بۆنی گۆڕانکاری بنچینه‌ی لێدێت . به‌یاننامه‌که‌ی (ڕه‌گ) زیاتر وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ده‌سه‌ڵه‌تی باشووری کوردستان پێشنیار کراوه وه‌ک له‌وه‌ی که پره‌نسیب و پرۆگرامی ڕه‌وتی ئۆپۆزسیۆنی نێو پارتێک بێت.
ئایا بوون به ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵات به ڕه‌وتێکی ئوپۆزسیۆنی ناو پارتێکی ڕامیاری ده‌کرێت؟ یاخود (ره‌گ) پێویستیه کاروانێکی تر له ڕێگایه‌کی تره‌وه بگرێته به‌ر تاوه‌کو به‌و ئامانجانه بگه‌ن که له به‌یاننامه‌که‌ی یهکهمینیاندا پێشنیاریان کردووه ، که بێ گومان ئامانجی زۆرینه‌ی دانیشتوانی باشووری کوردستانه، ئه‌مه‌ش له کاتێکدا که زۆرینه‌ی جاماوه‌ر و لاوه ڕادیکاڵه‌کان له ڕووی هاوسۆزیه‌وه ئه‌م ڕه‌وته وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌بینن.
له ئاشنابوونمان به مێژووی خه‌باتی کورد بۆ رزگاربوون، ڕاسته‌وخۆ ساڵانی حه‌فتاکان و ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ی رهنجهندهرانی کوردستان، هۆش و بیر‌و سۆزمان بۆ لای خۆیان ڕاده‌کێشن، سه‌رکه‌وتوویی ئه‌و ڕێکخراوه له سه‌ره‌تای دروست بوونیدا به هێنانه مه‌یدانی بیری نوێ، که جگه له رزگاری نه‌ته‌وایه‌تی، رزگاری چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی کردبووه ئه‌نجام وه سه‌رکرده شۆڕشگێڕه بێ ناراسیزمهکانیشیان که له تێکڕای سه‌رکرده‌کانی کوردستانی ئێستا به چوار پارچه‌که‌یه‌وه زۆر جیاوازن، تێکڕا هاوسۆزی ئێمه بۆ ئه‌و ڕێکخراوه قوڵ تر و فراوانتر ده‌که‌نه‌وه.
به داخه‌وه ته‌مه‌نی ئه‌و ڕێکخراوه کورت بوو وه له دوای له ناوچوون و شه‌هید بوونی هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کانیان، به پلانی هێڵی پان ڕێکخراوه‌که به‌لاڕێدا برا، ناهۆشیاری ئه‌ندامانی زه‌مینه‌یی ڕێکخراوه‌که له مه‌ڕ ئادۆلۆژیاکهی خۆیان وه‌ک هه‌لێکی ڕامیاری له لایه‌ن هێڵی پانه‌وه قۆسترایه‌وه و کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران له تێکڕای ئامانج و ئاکهرهکانی دوور خرایه‌وه، تاوه‌کو توانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی له کۆنگره‌ی دووه‌هه‌مینی یه‌کێتی نیشتمانیدا، که له راستیشدا کۆمه‌ڵه ئه‌و ده‌مانه ته‌نها به ناو مابوو و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ده‌مێک بوو کاڵ بوبوه‌وه. دوو هۆکاری سه‌ره‌کیش ڕێگه خۆشکه‌ری ئه‌و به‌لاڕێدا بردنه بوون، یه‌که‌م ناهۆشیاری ئه‌ندامانی زه‌مینه‌یی ڕێکخراوه‌که به شێوه‌یه‌کی گشتی، پاشان ئه‌و ئایدۆلۆژیا ماویزمه چه‌وته باو نهماوهبوو که ڕێکخراوه‌که وه‌ک ئایدۆلۆژیای سه‌ره‌کی خۆی پیاده‌ی ده‌کرد.
کورته‌ی مێژووی ئه‌م ڕێکخراوه‌م بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه چونکه ( ڕه‌گ) له به‌یانامه و هه‌ندێک له‌و بابه‌تانه‌ی که له سه‌ریان بڵاو بۆته‌وه له ڕۆژنامه و له ماڵپه‌ره ئه‌لکترۆنیه‌کاندا، زۆر جار ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کورستانی تیادا هاتووه، باسی ئه‌و چوار چالاکڤانه کراوه که شۆڕشگێری ناو کۆمه‌ڵه بوون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات که ئه‌و چوار چالاکڤانه شکۆمه‌ندی ڕێکخراوی کۆمه‌ڵیان گه‌ره‌که، چونکه کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی بێخه‌وشی حه‌فتاکان لای گشتامان به تایبه‌تی له لای لاوه ڕادیکاڵه‌کان زۆر شکۆمه‌نده.
به‌ڵام بۆ (ڕه‌گ) به ته‌نها ناوی کۆمه‌ڵه بۆ ڕاکێشانی هه‌ست و سۆزی تاکی کورد به‌کار بێنێت؟ بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌گ و ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤ و گۆڕانکاری بنچینه‌یی ڕه‌گه‌که‌یان دووباره نه‌هێنێته ئاراوه، که له ڕاستیدا تاکه چاره‌سه‌ره بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌ی باشووری کوردستان.
لۆژیکێکی ڕامیاری هه‌یه که پێویسته هه‌رگیز له یادمان نه‌چێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که گه‌نده‌ڵی له ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری و ئابووری وڵات به‌رهه‌می بیور و باوه‌ڕ و ڕه‌فتاری تاکه‌کان له ده‌سه‌ڵاتدا نیه، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ راسته‌وخۆ به‌رهه‌می ئه‌و سیسته‌مه ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که ئه‌و ناوچه دیاریکراوه به قۆناغی مێژوویی خۆی یاخود به سه‌پاندن وه‌ک کورستان تێی که‌وتووه.
کوردستان به قۆناغی مێژوویی خۆی هێشتا کۆمه‌ڵگایه‌کی فیوداڵه، وه‌لێ به پاڵه‌په‌ستۆ و توندڕه‌وی و چاوبرسێتی سه‌رمایه‌دارانی ده‌ره‌کی و نوێنه‌ره گچکه‌کانیان که پێشڕه‌وی حوکومه‌تی هه‌رێمن، بازاڕی ئازادی بێسه‌روبه‌ره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه ، که وه‌ک تێکڕای وڵاتانی جیهانی سێهه‌م و نوێ کۆڵۆنیاڵه‌کان هێنده ژێڕخانێکی ناته‌بایه بۆ کورسدتاسنیش رۆژانه چه‌ندین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایتی و ڕامیاری و ئابووری و سایکۆلۆژی نوێ بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به‌رهه‌م ده‌هێنێت و ده‌ره‌نجامیش کۆمه‌ڵگایه‌کی فیوداڵی نیوه سه‌رمایه‌داری لێ له دایک بووه که که‌س به‌که‌س نیه تیایدا و گهندهلهکانیش به ئاسانی په‌ره به ڕه‌فتاره گه‌نده‌ڵه‌کانیان ده‌ده‌ن و ئامانجه گهندهڵهکانیشیان رۆژ له دوای رۆژ باشتر و چاکتر ده‌پێکن.
چالاکڤانانی ڕه‌وتی( ڕه‌گ) دیاره زۆر له من و له جه‌ماوه‌ریش له‌م لۆژیکه‌دا شاره‌زاترن له ڕێی ئه‌زموونی چالاکی ڕامیاریانهوه، بۆیه تاوانه گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕه‌گه‌که‌یان و گۆڕانکاری سیسته‌م له کوردستان نه‌که‌نه ئامانجی سه‌ره‌کیان، ئه‌ویش ڕزگارکردنی دانیشتوانی باشووری کوردستانه له بازاڕی ئازادی هه‌میشه به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نده‌ڵی و زه‌وتکردنی مافه سه‌ره‌تاییه دیموکراتیکه‌کانی خه‌ڵک، ئه‌مه له کاتێکی وه‌ک هه‌نووکه‌ش پێویستیه‌کی حه‌تمییه، چوونکه سیسته‌می بازاڕی ئازاد له سه‌ر ئاستی جیهانی روو له لێژییه‌و سه‌رمایه‌داری جیهانی له سه‌ره‌تای کۆتاییدایه.
شۆڕشی چه‌کداری به ئایدۆلۆژیای تۆکمه و سه‌رکرده‌ی شۆڕشگێری دژه ناراسیست ده‌توانیت نه‌ته‌وه‌یه‌ک رزگار بکات و کۆمه‌ڵگایه‌کیش به ئامانجه دیموکراتیکه ڕاسته‌قینه‌کانی بگه‌یه‌نیت،
من هێنده رۆمانسیست نیم که ڕێڕه‌وی خه‌باتی چه‌کداری له کوردستانی باشووری ئێستادا به تاکه ڕێره‌وی گونجاو بزانم به تایبه‌تی به ئایدۆلۆژیای چه‌وتی ماویزمی کۆمه‌ڵه‌ی جاران ، به‌ڵام خه‌باتی چه‌کداری پێده‌چێت له پارچه‌کانی تری کوردستان شیاو بیت. به‌ڵام (ڕه‌گ) ده‌توانیت وه‌ک کۆمه‌ڵه ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤ و شۆڕشێکی نوێتر له شۆڕشی نوێ بێنێته ئاراوه له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رده‌می هه‌نووکه، ڕه‌وتی (ڕه‌گ) ده‌توانێت ببێته بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئۆپۆزسیۆن به ئایدۆلۆژیای دیمۆکراتیک سۆسیالیزم نه‌ک سۆسیال دیمۆکراسی، به پێشنیار و شرۆڤه‌کردنی بازاڕی خۆماڵی و دیموکراسی بۆ تاکه‌کان و وه‌ستانه‌وه دژی تایبه‌تی کردنی بازار که ساده‌ترین مافه دیموکراتیکه‌کانی تاک زه‌وت ده‌کات. ده‌توانێت له ڕێگای خه‌باتی دیموکراتیکانه‌وه ببێته ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه، وه‌ک ڕێکخستن له ناو یه‌کیتیه کریکاریه‌کان و ڕێکخستنی لاوان له ڕێگای ناره‌زای ده‌ربرین و ڕێپێوان تا ده‌گاته مانگرتنی گشتی وه بوونی چه‌ک له ناوچه‌یه‌کی وه‌ک کوردستان پێویسته بۆ پارێزگاری کردن له خۆ وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌ک نه‌ک وه‌ک شۆڕشی چه‌کداری ده‌ره‌نجام سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵی له باشووری کورستان ده‌توانێت هه‌راسان بکات. نموونه‌ی ئه‌م ڕێڕه‌وه خه‌باته دیموکراتیکه بۆ بوون به ئه‌ڵته‌رناتیڤ زۆرن، ده‌توانریت نمونه‌کانی ڤهنزوهیلا و نیکهراگیوا و بۆلیڤای هه‌نووکه وه‌ربگیریت بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه.
وه‌لێ کێشه‌که له‌وه‌دایه که (ڕه‌گ) تاوه‌کو هه‌نووکه‌ش خۆی یه‌ک لای نه‌کردۆته‌وه ئایا ده‌یه‌وێت ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵات یاخود ههڵودانیان ته‌نیا خه‌مخواردنه بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کورستان و بێزار بوونه له به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ڕێکخراوه له سه‌ر مێژووه بۆگه‌نه‌که‌ی. بۆیه من پێم وایه پێویست بوو پێش ئه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی له ناو یه‌کێتی وه‌ده‌ریان نێن خۆیان بهاتبانا ده‌ره‌وه و پارتێکی ئۆپۆزسیۆنیان راگه‌یاندبا، وه‌لێ له دوای ده‌رکردنیشیان ڕه‌وتی (ڕه‌گ) مانه‌وه‌ی له ناو یه‌کێتیدا قوبوڵکرد! وه له بری مانه‌وه له نێو ڕێکخراوی سۆسیالست ئه‌نته‌رناسیۆنال که به‌کرێگیراوی ئه‌مریکا و باڵی ڕاستی ده‌سه‌ڵاته زه‌وتکه‌ره داگیرکه‌ره‌کانی وه‌ک تورکیایه، ده‌بوایه بهاتنایه‌ته ده‌ره‌وه و له تریبیۆناڵی جنێڤ، به‌لژیک یان هۆڵه‌ندا شکاتیان بکرد بایه، ئه‌مانه ڕێی چه‌وتن که ( ڕه‌گ) له سه‌ره‌تاوه پیاده‌ی کردوون و مانه‌وه‌ش له ناو یه‌کێتی نیشتمانی یه‌که‌مین پاشقول بوو که له ڕه‌وته‌که گیراو پێش ناچێت وا زوو به زوو هه‌ڵسێته‌وه.
له دوای بریاری ده‌رکردنی (ڕه‌گ) له لایه‌ن مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی( که ڕاسته‌وخۆ دانیشتنه‌که‌ی سه‌دام حوسێنی وه‌بیرهێنامه‌وه که له تیڤی ده‌ی بینین، که به سیگاره‌که‌ی یه‌که یه‌که نیشانه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پارتی به‌عس ده‌کات که بڕیاری ده‌رکردنیان داون) ،
له بایاننامهکهنیان ڕه‌وته‌که مه‌کته‌بی سیاسی و جه‌لال تاڵه‌بانی به ده‌سه‌ڵاتی ناشه‌رعی له قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش پرسیارگه‌لێک دیننه پێشه‌وه، گه‌ر مه‌کته‌بی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بانی له ناو یه‌کیتی نیشتمانیدا ناشه‌رعین، ئێوه‌ی پێشڕه‌وی (ڕه‌گ) چه‌ندین ساڵه بۆچی تا ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵدانتان له ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناشه‌رعیه له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات کارتان بۆ کردووه؟ چه‌ندین ساڵه چ کاره‌ن له‌و ڕێکخراوه‌دا ؟
له ڕاستیدا راگهیهنهرانی (ڕه‌گ) به درێژای مێژووی یه‌کێتی بێده‌نگ بوون له مه‌ڕ کاره قێزه‌ونه‌کانی ڕێکخراوه‌که، له شه‌ڕی براکوژی ئه‌ری ئێوه له کودهرێ بوون؟ له زه‌وتکردنی ئازادی ڕاده‌ربرین و سه‌ره‌تایترین مافی دیموکراتیک بۆ هه‌بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤ ئێوه چتان ده‌کرد؟ له هێنانی ئێران بۆ لێدانی باره‌گاکانی دێمۆکرات له کۆیه و تیرۆرکردنی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه له شاره‌کانی کوردستانی باشوور و کوشتن و بڕینی ئه‌ندامانی( یه‌کێتی شۆڕشگێرانی کوردستان ) و تیرۆرکردنی چالاکڤانانی وه‌ک سه‌عیدی یه‌زدان په‌ناو هاوه‌ڵانی له ناو بازاڕی شار ئێوه ناڕهزایتان ده‌ڕبڕی؟ ئه‌دی له کاتی لێدانی حیزبی کۆمۆنیست و شه‌هیدکردنی لاوه کۆمۆنیسته‌کان و ناشتنیان به به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه له سه‌یوان له ساڵی 2000 له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێههمیندا، ئێوه ده‌نگتان کرد؟
که سه‌یری ڕاستی زه‌مینه‌ی ئه‌م ڕه‌وته بکه‌ین ده‌بینین تێکڕا به‌شدارن له 17 ساڵ مێژووی پڕ گه‌نده‌ڵی یه‌کێتی و تێکڕای ئه‌و کاره قێزه‌ونانه‌ی یه‌کیتی نیشتمانی به درێژای مێژووی خۆی دژی ئازادی و دیموکراسی و ئازادی راده‌ربرین و مافی تاک ئه‌نجامی داون. بۆیه دیسانه‌وه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه گه‌ر (ڕه‌گ) خواستێتی ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤ، گه‌ر خواستیتی جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستان له ده‌وری خۆی خڕ بکاته‌وه و ببنه پاڵپشت و پشتیوانانی (که ده‌توانیت ببیت) وه گه‌ر بیانه‌ویت تۆسقاڵێک پاساو بۆ مێژووی خۆیان له ناو یه‌کێتی بهیننه‌وه پێویسته ببنه ڕێکخراوێکی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ربه‌خۆ که ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیسته‌می ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی بێت له باشووری کوردستان.
مێژوو هه‌میشه زمانحاڵی راستیه‌کانه‌و ئه‌وه‌ی که له وانهکانیشیهوه فێر نه‌بێت، ئاماده‌یه هه‌مان هه‌ڵه دووباره بکاته‌وه، بۆیه پێم وایه وه‌ک تاکی کورد پێویسته هه‌وڵبده‌ین وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییمان، هه‌ست و سۆز دامان نه‌پۆشێت و به‌لاڕێماندا نه‌بات وه‌ک هه‌میشه که کردوویه‌تی، پێویسته به چاوی ڕه‌خنه و لێکدانه‌وه کێشه‌کان بخه‌ینه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌گین ئامه‌ده‌ین هه‌مان هه‌ڵه‌کانی ڕابردوومان دووباره بکه‌ینه‌وه، گه‌نده‌ڵیش له کوردستان باجی ئه‌و هه‌ڵه و گهمژهییانهیه که هه‌میشه دووباره‌مان کردونه‌ته‌وه.