ۆ پێویسته پشتگیری له AKPبکه‌ین؟
بۆ پێویسته پشتگیری له AKP بکه‌ین؟
هیوا عه‌بدوڵا
ماوه‌یه‌که به‌شێک له سیاسه‌تمه‌دارانی کوردستانی عێراق به گشتی و به‌رپرس و سهرکرادهکانی "ی ن ک" به‌تایبه‌تی، له جیاتی ئه‌وه‌ی ئاوڕێک له ناوماڵی خۆیان بده‌نه‌وه‌و بزانن و ببینن چی له ده‌وروبه‌ری ئه‌وان ڕوئه‌دا، به‌هه‌زاران کیلۆمه‌تر له ڕوداوه‌کانی نیزک خۆیان دورده‌که‌ونه‌وه و داوا له کوردانی باکور ده‌که‌ن ده‌نگ به پارتی دادوگهشانهوه Adalet ve Kalkınma Partisi ی تێکۆشه‌ر و لایه‌نگری سێکۆلاریزم و دیمۆکراتی بده‌ن!!.
له ڕۆژانی دواییشدا جارێکی دیکه ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی "ی ن ک" به‌ڕێز (ئه‌رسه‌لان بایز) له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری نوێ هه‌مان شت دووباره ده‌کاته‌وه.
لێره‌دا چه‌ندین ئامانجی شاره‌وه‌و هه‌ندێک جارێش هه‌ندێک کێشه‌ی ده‌رونی له‌پشت ئه‌و جۆره لێدوانه بێسهروبهرانهدا ده‌بینرێ، ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی ئه‌و لێدوانانه ئه‌ده‌ن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئارگیۆمێنتهکانیان به‌رده‌وامی شه‌ڕی چه‌کداری و هه‌بوونی هێزی چه‌کداری وه‌ک ڕێگریه‌ک له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورددا زه‌قده‌که‌نه‌وه، با جارێ بزانین بۆ ده‌بێ هه‌ندێک که‌سی به‌رپرسیار و سیاسه‌تمه‌داری کورد و حیزبی کوردی داوا له خه‌ڵکی باکوری کوردستان بکه‌ن ده‌نگ بۆ AKP بده‌ن؟ ده‌بێ چ ڕه‌هه‌ند و ئهقلیهتێک له پشت په‌رده‌ی ئه‌و داواکاریه بێ؟ ئایا ئه‌و که‌سانه کێن که ئه‌و داواکاریه به‌رز ده‌که‌نه‌وه؟ ئه‌ی ئه‌و حیزبانه کێن و ئامانجیان چیه؟
تۆ بڵێی ئه‌وانه AKP یان ناسیبێ؟ یان ئامانجێکی دیکه‌ی سیاسی خۆی له‌پشت په‌رده‌ی ئه‌و داواکاریه‌ی ئه‌وان حه‌شارداوه؟.
مه‌سه‌له‌یه‌ک که به‌رده‌وام ئه‌و لایه‌نانه‌ی له سه‌ره‌وه ناومان هێنان زه‌قی ده‌که‌نه‌وه مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی چه‌کداریه، له‌و بابه‌ته‌دا هه‌ر ئه‌توانین ئه‌وه‌نده بڵێین که هیزی چه‌کداری سه‌ربه حیزب هه‌رچیه‌ک بێ هه‌ر ملیشیایه، هێزی چه‌کداری حیزب چه‌ند به‌هێز و خاوه‌ن دیسپلین و مه‌بده‌و بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزگه‌لێکه له لایه‌ن حیزبه‌وه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه ته‌سکه‌کانی حیزب ئاراسته ده‌کرێ چ ناوێکی لێ ده‌نێی بنێ هه‌ر ملیشیایه، خه‌باتی چه‌کداریش که زۆربه‌مان که‌م تا زیاده کردومانه، نه‌هامه‌تیه‌کانی له ده‌ستکه‌وته‌کانی زیاتربوونه، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سانه به گشتی و لایه‌نگرانی YNK ئه‌و تیۆریه بۆ باکوری کوردستان جارێک ڕاست ببینن ئه‌وا من بۆ YNK و باشوری کوردستان دوو جار ڕاستی ده‌بینم، چونکهPKK هێشتان له‌سه‌رده‌می شۆڕش و شاخدایهو له ده‌سته‌ڵاتدا نیه، تورکیاش هیچ مافێکی بۆ کورد گه‌ره‌نتی نه‌کردوه، به‌ڵام YNK و PDK که 17 ساڵه له ده‌سته‌ڵاتدان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه سوپایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆ و دوور له به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی حیزب ساز بکه‌ن، که‌چی ئه‌وان ئێستاش خاوه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ن. من نامه‌وێ لایه‌نگری له شه‌ڕی چه‌کداری بکه‌م، ته‌نانه‌ت زۆر به ڕاشکاوی بڵێم له ڕۆژی ئه‌وڕۆماندا به پێچه‌وانه‌ی ڕابوردو له هه‌موو شتێک زیاتر گومانم له خه‌باتی چه‌کداری هه‌یه که له لایه‌ن حیزبێکه‌وه بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست و ده‌ستکه‌وتگه‌لێکی حیزبی ئاراسته ده‌کرێ، باشتر وایه له داهاتودا و له بابه‌تی دیکه زیاتر سه‌رنج بده‌ینه سه‌ر ئه‌و خاڵه، به‌ڵام خۆ هیچ کامێک له‌و حیزبانه‌ی که ئێستا باس له به‌سه‌رچونی سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری ده‌که‌ن، له پشت لێدوان و قسه‌کانیانه‌وه په‌یامێکی تیۆری و ئه‌خلاقی نیه، سه‌رجه‌م لێدوانه‌کانیان پێیامێکی سیاسی ڕوته بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی ناوچه، ئه‌وان ئێستاش بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیان چ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌رانبه‌ر و چ له‌گه‌ڵ هێزه ڕکه‌به‌ره‌کانی ناوخۆدا نایانهه‌وێ کۆتایی به دوو هێزی پێشمه‌رگه بێنن که عێراقیه‌کان پێیان ئه‌ڵێن ملیشیا و ده‌ستوری عێراقیش دانی پێدا نانێ، که‌واته بۆ ئه‌و داواکاریه له PKK ده‌که‌ن؟ خه‌باتی چه‌کداری و هێشتنه‌وه‌ی هێزی چه‌کداری له لایه‌ن هه‌ر حیزبێکه‌وه په‌یوه‌ندی به کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ستراتیژی و ئایدیۆلۆژی ئه‌و حیزبه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا ئه‌وه‌ی له لایه‌ن PKK ه‌وه مه‌وجوده له‌لایه‌ن حیزبه‌کانی دیکه‌شه‌وه مه‌وجوده.
پارتی داد و گه‌شانه‌وه کورتیه‌که‌ی AKP که له ساڵی 2001 دا به سه‌رۆکایه‌تی Recep Tayyip Erdoğan, Abdullah Gül, İdris Naim Şahin, Binali Yıldırım و Bülent Arınç دامه‌زرا و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕێککه‌وتی 11-2002 سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناو توانی به‌ته‌نیا حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی پێک‌بێنێ، هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن حکومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته یاسایه‌کیان گۆڕی که پێشتر به‌پێی ئه‌و یاسایه سه‌رۆکی ئه‌و پارته بۆی نه‌بوو له پۆسته‌کانی حکومه‌تدا جێ بگرێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایکرد سه‌رۆکی AKP ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ببێ به سه‌رۆک وه‌زیر و عه‌بدوڵا گولی جێگریشی بتوانێ پۆستی 58 مین سه‌رۆک کۆماری تورکیا به‌ده‌ست بخات.
له ڕاستیدا، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی که ئه‌و حیزبه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه مه‌ترسیدارترین زه‌مینه له تورکیادا به‌تایبه‌تی له به‌رانبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد. چونکه ئه‌و زه‌مینه‌ی ئه‌و پارته‌ی له‌سه‌ر دروست بوه له ڕاستیدا بریتیه جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی حیزب الله‌ی تورکیا و میلی گۆروش که به‌رپرسیارن له کوشتنی 4 هه‌زار کوردی سڤیل و به‌شێکیش له‌وانه بریتین له ڕوناکبیر و نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندان. پاشان ئه‌وانه بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچیوه‌ی ڕێکخراوێکی نافه‌رمی و به‌ته‌نیا ئیستیخباراتیهوه که به‌رده‌وام له ده‌ستی میت یاریان پێ ده‌کرا بێنه ده‌رێ ده‌ستیان به سازکردنی پارتی ڕه‌فا پاشان سه‌عاده‌ت و فه‌زیله‌ت کرد. دوای ئه‌وه‌ی هیچ کامێک له‌و پارت و ڕێکخراوانه نه‌یانتوانی به‌پێی پێوه‌ره‌کانی سوپای تورکیا سیاسه‌ت بکه‌ن و ترسی ئه‌وان بڕه‌وێننه‌وه به‌رده‌وام بونه ئامانجی ده‌زگا زل و زه‌به‌لاحه‌کانی سوپای تورکیا که ده‌زگای یاسایین و ئه‌توانن سه‌رجه‌م ئه‌و پارت و ڕێکخراوانه قه‌ده‌غه بکه‌ن. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌و قه‌یرانه کرد هه‌ڵسا له ژێر دروشمی "کۆنسێرڤاتیڤی دیمۆکرات" muhafazakâr demokrat به‌ره‌یه‌کی سازکردو توانی دوو ئامانج بپێکێنی. یه‌کێک له‌و ئامانجانه توانی زۆربه‌ی زۆری کادره سه‌ره‌کیه‌کانی پارتی ڕه‌فا له ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه. دووه‌مین ئامانجی له ژێر دروشمی ئێمه ئیسلامی کۆنسێرڤاتیڤی ڕادیکاڵ نین به‌ڵکو ئێمه کۆنسه‌رڤاتیڤی دیمۆکراتین، مه‌ترسی سوپا له‌سه‌ر خۆی که‌مبکاته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانیش له سه‌ره‌تادا تا گه‌یشتن به‌و پۆسته به‌رده‌وام له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دابوو، به‌ڵام به‌رده‌وامیش تا ئێستا به‌دوای ڕێگایه‌ک ده‌گه‌ڕا که سازش له‌گه‌ڵ سوپادا بکات.
له سه‌ره‌تای ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و پارته‌دا تاوه‌کو ئێستا به‌شێک له حیزبه سیاسیه‌کان و هه‌ندێک که‌سی دیکه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن گوایه AKP و سوپای تورکیا دوو جه‌مسه‌ری دژ به یه‌کن و به‌رده‌وام کار بۆ له‌ناوبردنی یه‌کتری ده‌که‌ن. بانگه‌شه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌وانه ئه‌وه‌یه گوایه هاتنی ئه‌و پارته واته AKP بۆ سه‌ر جڵه‌وی ده‌سته‌ڵاتی تورکیا و سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وامی له داهاتودا کێشه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نێته چاره‌سه‌ری.!!
ئه‌گه‌ر به پێوانه‌ی سیاسه‌ت ته‌ماشای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بکه‌ین که بریتیه له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، یان مه‌ودا و ئاستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ تیۆریه‌کی موتڵه‌ق نیه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره ناکۆکه به‌رده‌وام دژ به یه‌ک ده‌بن و کار بۆ له‌ناوبردنی یه‌کتری ده‌که‌ن، خۆ حیزبه‌که‌ی کاک ئه‌رسه‌لان بایزیش ناکۆک‌و دژ به پارتی دیموکراتی کوردستانه، چه‌ندین ساڵیش هه‌وڵی لهناوبرندنی دا، به‌ڵام ئه‌وڕۆکه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی و سیاسی هاوبه‌ش هه‌ردوولا سازشیان کردوه و هاوپه‌یمانن و ئاویش به‌بێ یه‌کتری ناخۆنه‌وه.
ئه‌و حیزبه‌ی که کاک بایز داوا له خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات ده‌نگی بۆ بده‌ن به هه‌مان شێوه‌ی حیزبه‌که‌ی کاک بایز سازشی له‌گه‌ڵ سوپای تورکیا کردوه. پارتی داد و گه‌شه‌پێدان تاکه ده‌سته‌ڵاتداری حکومه‌تی تورکیایه، سه‌رۆکی حکومه‌ت سه‌رۆکی هه‌مان حیزبه، سه‌رۆک کۆمار جێگری سه‌رۆکی حیزبه، سه‌رۆکی په‌رله‌مان یه‌کێکه له پیاوه گرینگه‌کانی AKP، په‌رله‌مانتارانی AKP به‌ڕێژه‌ی 341 کورسیان له کۆی 550 کورسی له په‌رله‌مان به‌رکه‌وتوه، پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوانی له هه‌موو ناوچه‌کانی تورکیا و کوردستانی باکوریش هه‌یه، زۆربه‌ی زۆری ده‌وڵه‌مه‌ند و پیشه‌کارانی تورک له ده‌ره‌وه‌ی وڵات پشتگیری له‌و پارته ده‌که‌ن، ئه‌و پارته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلامیه له لایه‌ن ئه‌مریکاو ئه‌وروپاوه پشتگیریه‌کی بێ وێنه‌ی لێ ده‌کرێ و به نزیکترین پارتی له ئه‌وروپا ده‌ناسرێ، له 14-03-2008 سه‌ردۆزگه‌ری تورکیا دۆزێکی دژ به‌و پارته‌ی کردوه و داوای کرد ئه‌و پارته دابخرێت و ژماره‌یه‌ک له سه‌رانی ئه‌و پارته که له‌ناویاندا سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تیش هه‌بوون بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ له سیاسه‌ت دوربخرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌موو جیهان دژ به‌و دۆزه ڕاوه‌ستاو له ئه‌نجامدا سه‌رکه‌وتو نه‌بوو. لێره‌دا پرسیارێک که پێویسته ئاراسته‌ی کاک بایز بکرێ ئه‌وه‌یه ئایا حیزبێکی به‌و شیوه‌یه له توانایدا نیه کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات؟ به‌ڵێ. ئایا AKP به‌تایبه‌تی دوای سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2007 و دوای ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌شێکی زۆر له کوردی باکور ده‌نگی بۆ دا، هیچ ما دژ به کوردی نه‌کات؟ نه‌خێر. ئایا له ماوه‌ی ساڵی ڕابوردو و ئه‌و ساڵدا هه‌ر AKP و په‌رله‌مانتاره‌کانی نه‌بوون ده‌نگیان بۆ درێژکردنه‌وه مۆڵه‌ت به سوپای تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له سنوری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یدا ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام بدات دا؟ به‌ڵێ. که‌واته چی ماوه ئه‌و پارته دژ به کوردی نه‌کات؟ هیچ.
با بێینه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی باسه‌که‌مان و بزانین ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌ک کاک ئه‌رسه‌لان بایز بۆچی داوا له کوردانی باکور ده‌که‌ن تاکو له هه‌ڵبژاردنی ئایینده‌دا ده‌نگی خۆیان به AKP بده‌ن؟
به‌شێک له‌و که‌سانه بریتین له ده‌سته‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان به‌تایبه‌تی YNK و یه‌کگرتوی ئیسلامی، ئه‌وه‌ی YNK بریتیه له‌و سیاسه‌ته دهکتیکیهی که چه‌ندین ساڵه ئه‌و ڕێکخراوه‌و سه‌رکرده‌کانی په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن و ئه‌وڕۆکه گه‌یشۆته ئاستێک ئه‌و حیزبه له قه‌یرانی بێ ستراتیژی و بێ ناسنامهییدادهژی، واته به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌وڕۆ هه‌یه به‌ڵام به‌رنامه‌ی بۆ سبه‌و داهاتودا نیه، هه‌موو شتێک ده‌که‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه ڕۆژانه‌ییه‌کان و ته‌کتیکه‌کانیان، لایه‌نێکی دیکه په‌یوه‌ندی به ناکۆکی نێوان YNK و PDK ه‌وه هه‌یه، یه‌کێتی به‌رده‌وام هه‌وڵ ئه‌دا په‌یامی باشترین و دڵسۆزترین دۆست به AKP بدات، ئه‌وه‌ش وه‌ک ده‌رفه‌تێک ده‌بینن له به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی PDK چونکه پارتی به‌رده‌وام له یه‌کێتی زیاتر حیسابی خاوه‌ن ماڵ، واته خاوه‌ن کوردستان بۆخۆی ده‌کات و به‌پێی ئه‌وه کار له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری کورد ده‌کات، ئه‌وه‌ش زۆر جاران یه‌کێتی و حکومه‌تی تورکیا توڕه ده‌کات، بۆیه ڕاستتر وایه بڵێین YNK و AKP له‌و لایه‌نه ده‌گه‌نه یه‌کتری، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی YNK به‌رده‌وام جه‌بهه‌ی دواوه "الجبه خلفیه" بۆخۆی داده‌نێ که ئێران و تورکیان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه له لایه‌ک ئه‌خلاقی سیاسی کورد بێ، له لایه‌که‌ی دیکه ڕه‌وشی جیۆپۆلتیکی کوردستان هه‌ندێک جار حیزبه کوردیه‌کان ناچاری ئه‌و یه‌که ده‌کات به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌رگیز پشتیان به به‌هێزکردنی دینامیکی ناوخۆیی نه‌به‌ستوه، ناچار ده‌مێنن حیسابێکی وا بۆ دواڕۆژی خۆیان بکه‌ن. به‌ڵام مرۆڤ هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد، ده‌سته‌ڵاتی کوردی که حیزبه‌که‌ی کاک بایز نیوه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌وڕۆدا داوا له کوردانی باکور بکات ده‌نگ به AKP بده‌ن.
سالێ ڕابردو لێدوانێکی به‌ڕێز یهشارکایای سه‌رۆکی پێشوی DEP و خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی Özgür Gündem ی پێشوم خوێنده‌وه که ئێستا له هه‌ولێر دانیشتوه، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه باسی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی گشتی تورکیا کردبوو و گوتبوی ئه‌گه‌ر توانیبامه به‌شداریم ده‌کرد و ده‌نگم بۆ AKP ده‌دا، ئه‌و لێدوانه‌ی ناوبراو بۆ ئه‌وه نه‌بوو پارتی داد‌و گه‌شانه‌وه‌ی خۆشبوێ، به‌ڵکو ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه بوو چه‌ند کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ PKK هه‌یه‌و، به‌و پێیه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه نابێ کوردان ده‌نگ به پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتی بده‌ن چونکه ئه‌و پارته نزیک PKKهیه.
جارێکی دیکه ئه‌گه‌ر ئه‌و پیوهرهی ئه‌و دوو به‌ڕێزانه به بنه‌ما بگیرێ، نه‌ده‌بوایه هیچ که‌س له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابوردودا ده‌نگی به YNK و PDKی بدابایه و ده‌بوایه ده‌نگیان بۆ ئیئتیلافی شیعه به‌کارهێنابا، چونکه به‌رده‌وام حکومه‌تی به‌غدا دهستپێشخهرتر بوه له چه‌ندین کێسی وه‌ک قه‌ڵاچۆکردنی گه‌نده‌ڵی، خزمه‌تگوزاری، ئافراندنی زه‌مینێک بۆ کاری ڕۆژنامه‌وانی و ئازادی بیروڕا، به‌ڵام له کوردستانه‌که‌ی من و کاک بایز و کاک قایادا تاکو ئێستاش ڕۆژنامه‌وانی کورد تێرۆر ده‌کرێن، تێکۆشان دژ به گه‌نده‌ڵی له ئاستێکی هه‌ره لاوازدایه، خزمه‌تگوزاریه‌کان له چاو حکومه‌تی به‌غدا له ئاستی سفردان، ڕۆژانه یاسای دژ به مافی بیروڕای ئازاد و مافی ژنان ده‌رده‌کرێن و ….هتد.
ئه‌و جۆره هه‌وڵانه له کاتێکدا ده‌درێن که پارتی داد و گه‌شه‌پێدانAKP خه‌نجه‌ری خۆی له کورد سوێوهو به ئاشکرا ئه‌ڵێ ئه‌وانه‌ی یه‌ک ووڵات، یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک ئاڵایان قه‌بوڵ نیه به بچنه ده‌ره‌وه، AKP له‌سه‌ر ئاستی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی-ئایینی، سیاسی و جه‌ماوه‌ری کارێکی وا ئه‌کات بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئایینده‌دا سه‌رجه‌م شاره‌وانیه‌کان له کورد بسێنێته‌وه که ئێستا له‌به‌ر ده‌ستیDTP دان، سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و وڵاته ئێستا وازی له کاروباری وه‌زاره‌ته‌که‌ی هێناوه به‌رده‌وام هه‌وڵی زیادکردنی گوشاره دژ به پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتی، سوپای تورکیاش به ئاشکرا پشتگیری له‌و هه‌وڵه‌ی AKP ده‌کات، با که‌س خۆی و خه‌ڵکی دیکه فریونه‌دات، حکومه‌تی ئه‌ردۆغان و سوپای تورکیا ڕێککه‌وتون، ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ش دژ به کورده،ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجی ئه‌و دژایه‌تیه له‌ناوبردنی کوردانی باکور بێ له هه‌مان کاتدا به‌رته‌سککردنه‌وه و بێ ئیراده‌کردنی ده‌سته‌ڵاتی باشوری کوردستانه‌و ڕێگرتنه له گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ نێو باوه‌شی کوردستان. بۆیه من به‌پێچه‌وانه‌ی مستر بایز ئه‌ڵێم ده‌بێ کورد ده‌نگ به DTP بدات، ئه‌وه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌وه نیه که ئایا تۆ لایه‌نگری PKKهی یان دژی، به‌ڵکو ئه‌وه هه‌ڵوێستێکی نیشتیمانی و له هه‌مان کاتدا کولتوری و ئه‌خلاقیه ده‌بێ گه‌لی کورد بیکاو حیزبه‌کانیش له هه‌رچواربه‌شی کوردستان هانی خه‌ڵک بده‌ن، نه‌ک وه‌ک حیزبه‌که‌ی کاک بایز و ئه‌وانی دیکه هانی خه‌ڵک بده‌ن ده‌نگ به ئه‌ردۆغان بده‌ن. ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌ر حیزبێکی به‌شێکی دیکه‌ی کوردستان داوای له خه‌ڵکی باشور بکردبایه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگ به "به‌ره‌ی ته‌وافوق" یان" ڕهوتیئ سه‌در" بده‌ن که هه‌ڵوێسته‌کانیان زۆر زۆر له AKP باشتره، ئه‌وا له مێژبو له ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌کاندا کرابوون به جاش و خۆفرۆش، به‌ڵام که‌سانی وه‌ک به‌ڕێز ئه‌رسه‌لان بایز و یه‌شار کایه له لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کورد و له نزیکترین شوێنی ده‌سته‌ڵات، یه‌کێکیان له سلێمانی و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان له هه‌ولێر داوا له کوردی باکور ده‌که‌ن ده‌نگ به ئاکاپه بده‌ن، که‌سیش پێیان ناڵێ ماڵت که کوێیه.. .
Hiwa.Abdullah@gmail.com