بنچینه‌کانی سه‌ندیکالیزم
بنچینه‌کانی سه‌ندیکالیزم
نووسینی ڕۆدۆلف ڕۆکه‌ر
و. له فارسییه‌وه: ههژێنیهکهمین سۆشیالیسته‌کانی فه‌ره‌نسه له‌وه‌ێوه که له بزاڤی ژاکۆبینییه‌وه «ژاکوبین» هاتبوونه‌ده‌ر، خۆبه‌خۆ له‌و ئاراسته هزرییه‌دا ده‌گیرسانه‌وه. بابۆف و بزاڤه شۆڕسگێڕانه‌که‌ی له ڕاستیدا خوازیاری دیکتاتۆری شۆڕشگێڕانه له فه‌ره‌نسه بوون و ئاراسته‌ی کۆمونیزمێکی کشت‌وکاڵیان هه‌بوو. بزاڤه‌کانی دواتریش -له‌ته‌ك بوونی که‌سانی وه‌ك باریس و بلانکی «Louis Blanc» له ڕابه‌رایه‌تییه‌که‌یدا- درێژه‌یان به‌م سوونه‌یه دا و مارکس و ئه‌نگلس تێڕوانینه‌کانی خۆیان له‌م باره‌وه، وه‌رگرت. به‌م جۆره بیرۆکه‌ی«دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا» گه‌شه‌ی کرد و له مانیفێستی کۆمونیستدا خرایه ڕوو. به‌ڵام پاش راپه‌ڕینی «کۆمون ی پاریس» له ساڵی 1971دا مارکس به تێڕوانینی تر گه‌یشت. وی ناچار به گرنگی دان به ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆمونی پاریس بوو، چونکه "لایه‌نه میرایه‌تییه‌کانیانی له‌نێو برد" به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه له ڕوانگه‌دا، ته‌واو ئازادانه و دڵخوازانه ئه‌نجام نه‌دا. باکونین ده‌نووسێت: "ده‌سته‌کوته‌کانی کۆمون ی پاریس هێنده لێده‌رانه بوون، که ته‌نانه‌ت مارکسیسته‌کانیش له به‌رامبه‌ریدا سه‌ری ڕێزیان بۆ دانه‌واند؛ چونکه ته‌واوی تێڕوانینه‌کانی ئه‌وانی خستبووه زبڵدانه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی لۆژیکی خۆیان ناچار بوون به‌وه‌ی به‌رنامه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمون بکه‌نه ئامانجی خۆیان. کارایی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕاپه‌ڕینی کۆمون، مارکسیسته‌کانی ناچار کرد به پێچه‌وانه‌ی خواستی پێشوویی و هه‌ستی خۆیانه‌وه، پیشوازی لێ بکه‌ن، ئه‌گینا له هه‌موو لایه‌که‌وه تووشی سه‌رکۆنه و توانج لێدان ده‌بوون“.
به‌ڵام له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا مارکس کۆمون ی پاریس وه‌ك پێشه‌کی «دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» یاد ده‌کاته‌وه. به‌م جۆره وی له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا تێڕوانینی جیاواز له‌م باره‌وه ده‌رده‌بڕێت. له«مانیفێستی کۆمونیستدا» باس له«دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» وه‌ك میری ناوه‌ندی و شۆڕشگێڕانه ده‌کات، که توانای پیاده‌کردنی سۆشیالیزمی هه‌یه، به‌ڵام له«جه‌نگی نێوخۆیی»دا له‌به‌ر له‌ناوبردنی«ده‌وڵه‌ت» ڕاپه‌ڕینی کۆمون گرنگ ده‌نرخێنێت.
پرسه‌که بۆ ئێمه زۆر ڕۆشنه. «دیکتاتۆری پرۆلیتاریا» واته ده‌سه‌ڵاتداری میریی له‌لایه‌ن پارتێکی دیاریکراوه‌وه. له بنچینه‌دا دیکتاتۆری بریتییه له داسهڵاتی پارتێك نه‌ك چینێك، له‌به‌ر ئه‌وه له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاین و به‌هۆی ئه‌م به‌ڵگه ساده و ڕوونه، چونکه ئێمه دژی میرایهتین. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له دیکته‌کردنی پرۆلیتاریا به چینه دارا‌کان و کۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان و به‌ڕێوه‌بردن و گرتنه‌ده‌ستی ته‌واوی ده‌زگه گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵگه له ده‌ستی خۆی بێت؛ ئێمه نه‌ك ته‌نیا دژی نین، به‌ڵکو به هه‌موو هێز و ئامرازه گونجاوه‌کان پشتیوانی لێ ده‌که‌ین. وه‌ها تێڕوانینێك نێونه‌ته‌وه‌یی فیدراسیۆنه‌کانی دژه ئۆتۆریته، له کاتی کۆنگره‌ی خۆی له ساڵی 1872 له سویسرا له «به‌رنامه‌ی سن ئیمیر» په‌سه‌ند کرا و بڕیاری له‌سه‌ر درا.
ئێمه وه‌ك نه‌یارانی میری ناتوانین پشتیوانی ده‌ربڕینی وه‌ك «ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕانه» بین. ده‌وڵه‌ت هه‌میشه کۆنه‌په‌رسته و هه‌ر که‌س ئه‌و پرسه پێشنیار ده‌کات، له بنچینه شۆڕشگێڕییه‌کان تێنه‌گه‌یشتووه. هه‌ر ئامرازێك بۆ کارێك چێکراوه. به ئامرازه‌کانی ئاسنگه‌ری ناتوانرێت دندان ده‌ربکێشرێت و به دندانکێشی پزیشکیش ناتوانرێت ئاسنگه‌ری بکرێت. به‌م پێیه که ده‌وڵه‌ت ئامرازی زاڵکردنی کۆمه‌ڵێکه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکدا، ناتوانرێت ئۆرگانی ئازادکردنی جه‌ماوه‌ر بێت. ئه‌وه دیکته‌کردن له سه‌ره‌وه‌ڕا نییه، به‌ڵکو سه‌ره‌نجامی ئاکسیۆنه شۆڕشگێڕییه‌کانی جه‌ماوه‌ری کرێکارانن، که له پێناو ئازادی‌دا هه‌نگاو ده‌نێن. که‌سێك که خوازیاری «دیکتاتۆری پرۆلیتاریا»یه و پاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێڕ ده‌کات، له راستیدا له به‌رامبه‌ر شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا راوه‌ستاوه. له‌نێوان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ت و دیکتاتۆری ده‌وڵه‌تیدا جیاوازییه‌کی زۆر و ئاشکرا هه‌یه. ڕێگه‌ی سێیه‌میش نییه، ئیشتا هه‌ر که‌س که ده‌یه‌وێت ئازاده و ده‌توانێت هه‌ڵبژێرێت.
من چه‌ندین جار باسم کردووه، که پارته چه‌په‌کان له راستیدا، هه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردنی هێزی خه‌باتی ئابوورییان هه‌بووه و له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی که دروشمی ئه‌نجومه‌ن (سۆڤیه‌ت*)ی و خه‌باتی ئه‌نجومه‌نی به‌رزده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا زه‌مینه بۆ زاڵبوونی خۆیان له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌کاندا ئاماده ده‌که‌ن، که ئه‌مه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌ته‌ك ڕوانگه‌ی ئهنجومهنیدا ناکۆکه. ڕوانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی به مه‌به‌ستی وه‌ستانه‌وه له به‌رامبه‌ر رامیارییه ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیارییه‌کانی ده‌وڵه‌ت هاتوونه‌ته ئاراوه. سان سیمۆن «Saint-Simon» له‌م باره‌وه وا فۆرمۆڵه‌ی ده‌کات : "جێیه‌ك که هونه‌ری میرایهتیکردن به‌سه‌ر خه‌ڵکدا شوێنی خۆی ده‌دات به هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی شته‌کان". ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن شۆڕشی ڕوسیه‌وه ده‌نگی دایه‌وه، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ر له‌وه هه‌بووه و ئه‌زموون کرابوو. به پێچه‌وانه‌ی دژه ئۆتوریته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کرێکارانه‌وه، که ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی لا په‌سه‌ند بوو، هه‌موو پارته رامیارییه‌کان دژی ڕوانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی بوون. لێنین «Lenin» رابه‌ری بۆلشهڤیکانی ڕوسیه له ساڵی 1905دا ئاوا وه‌لامی ئه‌نجومه‌نه‌کانی پترسبۆرگ ده‌داته‌وه: "سیستمی ئه‌نجومه‌نی کۆنه و په‌ڕپووت بووه و پارتی ئێمه ناتوانێت پشتیوانی لێ بکات". به‌لام ئه‌وڕۆکه هه‌لومه‌رج، بۆلشه‌ڤیکه‌کانی ناچار کردووه که لایه‌نگری “ ئه‌و شێوازه کۆن و په‌ڕپووته” بن. سروشتییه که ئه‌وان له داهاتوودا سیستمی ئه‌نجومه‌نی بگۆڕن به ده‌وله‌تی ئه‌نجومه‌نی و گیانی بیروکراسیانهی خۆیان له‌ناویدا موتوربه بکه‌ن؛ پرسگه‌لێك که له‌ته‌ك بیرکردنه‌وه‌ی ئهنجومهنیدا هیچ نزیکییهکیان نییه (و. ف: ڕۆدۆڵف ڕۆکه‌ر له ساڵی 1919دا سیستمی هه‌نووکه‌یی روسیه -سه‌رده‌می سۆڤیه‌تی جاران-ی پێشبینی کردبوو). له کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له بازڵ ی سویسرا له ساڵی 1869دا پرسی ئه‌رکی مێژووی سه‌ندیکاکانی پێشنیارکرد و به درێژی خستییه به‌ر باس و پرس و را. ڕوانگه‌ی سۆشیال- دیموکراته‌کانی ئاڵمان که بوونی سه‌ندیکاکانی ته‌نیا له چوارچیوه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا به پێویست ده‌زانی، به ته‌واوی ڕه‌ت کرایه‌وه. ڕوانگه‌ی گشتی پێی وابوو که گروپه خه‌باتکاره ئابوورییه‌کان ئه‌رکی بنیاتنانی سۆشیالیزم و کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی له خۆیان گرتووه. باکونین و که‌سانی تر له باڵی چه‌پی دژه ئۆتۆریته سه‌ندیکایان وه‌ك هه‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی سۆشیالیزم ناو ده‌برد و به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی ڕوانگه‌ی سۆشیالیزمی ده‌وڵه‌تی پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نه کرێکارییه‌کان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت واژه‌ی “ئه‌نجومه‌نه کرێکارییه‌کان” له‌و کاته‌دا باو و له کۆنگره‌کانی دواتردا به‌کار ده‌برا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕوانگه‌یه ماوه‌یه‌کی زۆر باسی لێوه نه‌کرا و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرا، له‌به‌ر شکستی کۆمونی پاریس و بزاڤه‌کانی ئه‌سپانیا و ئیتالیا و وڵاتانی تر بوو، که کرێکاران ناچار به پاشه‌کشێیه‌کی تاراده‌یه‌ك درێژ بوون. دواتر جارێکی تر له بزاڤه سه‌ندیکاییه‌کان، ڕێکخستنه ئهنجومهنییهکان و ڕێکخراوه ئهنجومهنییهکاندا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و له ده‌ستووری کاری ڕۆژانه‌دا جێگیر بوو. شێوه‌ی پێكهاتنی ئاوایه: له هه‌ر شار و گه‌ڕه‌کێکدا، کرێکاران ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کانی خۆیان پێك ده‌هێنن. سه‌ندیکای گشتی خۆجێی (محلی) که له ڕێکخراوه پیشه‌ییه کرێکارییه‌کان پێکهاتووه، له خۆجێیدا پێك دێت. له راستیدا ئه‌م ناوه‌نده کرێکارییه، شوێنێکه بۆ ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی سۆشیالیستی، ڕێکخه‌ری مانگرتن و هاوپشتی کرده‌ییه. هه‌ر ناوه‌ندێکی کرێکاری به‌شێکه له فیدراسیۆنی وڵات و زه‌مینه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجامدانی ئاکسیۆن و چالاکییه هاوبه‌شه‌کانه.
شێوه‌ی دووه‌می ڕێکخستن، ڕێکخراوی پیشه‌ییه. واته هه‌موو کرێکارێك له کاتێکدا که ئه‌ندامی سه‌ندیکای خۆجێییه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌ندامی سه‌ندیکای پیشه‌ییه‌ی کاره‌که‌ی خۆشیه‌تی و به‌م جۆره له‌ته‌ك کرێکارانی هاوکاریدا له‌سه‌رتاسه‌ی وڵات‌دا له هاوپشتیدایه. به‌م جۆره ڕێکخراوه‌کانی کرێکارانی میتال، دارتاشی، بارکردن و گواستنه‌وه و ئه‌وانی تر پێك دێن. به‌م پێیه له داهاتوودا سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ڕێکخراوانه ده‌توانێت، پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت و له‌پێناو کۆمه‌ڵایه‌تیکردندا تێ بکۆشێت. هه‌ر ناوه‌ندێکی کرێکاری له شوێنی نیشته‌جێبوون و چالاکی خۆیاندا به‌ڕێوه‌به‌ری خانوو، خواردن، پۆشاك و که‌ره‌سته‌کانی تر ده‌گرێته ده‌ستی خۆی. له‌لایه‌کی تره‌وه نووسینگه‌ی ئاماری ناوه‌ندی کرێکاری له خستنه‌ڕووی که‌می و زیادییه‌کان تێده‌کۆشێت و به هاریکاری فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری ناوه‌ندی کرێکاری، له دابینکردنی پێداویستییه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکوڕییه‌کان و دابه‌شکردنی که‌ره‌سته ئاماده‌کان له‌ته‌ك ناوه‌نده کرێکارییه‌کانی تردا ده‌ستبه‌کار ده‌بن. به‌م جۆره زه‌مینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی به به‌رنامه‌یه‌ك له‌بار ده‌کرێت، له کاتێکدا ناوه‌نده کرێکارییه‌کان پرسی به‌کاربردن، خانوو و خوارده‌مه‌نی چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؛ ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کان پرسی به‌رهه‌مهێنان ده‌گرنه ئه‌ستۆ و ده‌یبه‌نه پیشه‌وه.
به‌م جۆره، کۆمهلایهتیکردنی به‌رهه‌مهێنان و به‌کاربردن و دابه‌شکردنی که‌ره‌سته‌کان له خواره‌وه‌را بۆ سه‌ره‌وه، له‌لایه‌ن خودی جه‌ماوه‌ری کرێکارانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و له‌لایه‌کی تره‌وه -به‌پێچه‌وانه‌ی وێناگه‌ری زۆرێك له چه‌په‌کان که پاگه‌نده‌گه‌ری ده‌وڵه‌تیکردنی پیشه‌سازی و شته‌کانی ترن- به به‌ده‌وڵه‌تیکردنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، سۆشیالیزم نایێته دی، به‌ڵکو سیستمی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی که یه‌کیك له خراپترین شێوه‌کانی به‌هره‌کێشی مرۆڤه‌کانه، سه‌رهه‌ڵده‌دات. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه ئێمه سه‌ندیکالیسته‌کان خوازیاری کۆمهلایهتیکردنهوهین، ئه‌ویش له خواره‌وه‌ڕا بۆ سه‌ره‌وه و له‌لایه‌ن سه‌ندیکا و ئۆرگانه‌کانی ئه‌وانه‌وه، واته ناوه‌نده کرێکارییه‌کان و فیدراسیۆنه‌کانیان و ڕێکخراوه پیشهسازییهکانهوهین.
پرسێکی تر که ده‌بێت ده‌رببڕدرێت، ئه‌وه‌یه که کۆمهلایهتیکردنی به‌رهه‌مهێنان له‌ته‌ك به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی به‌رهه‌مهێنان جیاوازی هه‌یه. کۆمه‌ڵایه‌تیکردن به واتای ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی له نه‌زمی سه‌رمایه‌داریدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆکه خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان له ئارادا نییه، له‌به‌ر بێتوانایی ئێمه نییه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که به‌رهه‌مهێنان له ده‌ستی سه‌رمایه‌داردایه و ئه‌و دیاریگه‌ر و چاودێریگهریهتی. له لایه‌کی تره‌وه ده‌بێت په‌یوه‌ندی نادروستی نێوان پیشه‌سازی و کشتکاری و ناکۆکی نێوان کاری هۆشی و کاری بازوویی له‌نێو ببرێت. پرسه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که به‌رهه‌م بهێنین تاوه‌کو پێداویستیمان دابین بکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت له‌پێناو به‌دیهێنانی شوێنی کار و ژیانی نوێ، داهێنانی مرۆڤه‌کان په‌ره پێ بدرێت و کارکردن بۆیان خۆشی و چێژبه‌خش بێت. ئه‌مه ئه‌رکی ئێمه‌یه که ئه‌وڕۆکه زه‌مینه‌ی وه‌ها کۆمه‌ڵگه و بیرکردنه‌وه‌یه‌ك بخه‌ینه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و په‌یگیرانه و کۆڵنه‌ده‌رانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی تێ‌بکۆشین. ئه‌مه ته‌نیا ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی سۆشیالیستییه. ئه‌وه هه‌ڵه‌ی مارکسیسته‌کانه که تێڕوانینه‌کانی ئێمه به خه‌یاڵی داده‌نێن و له‌م ئاراسته هزرییه‌دا تێناکۆشن. سۆشیالیزم خۆبه‌خۆ سه‌رهه‌ڵنادا؛ بروسکه‌یه‌ك نییه له پڕێکدا سه‌راپای سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌نێو به‌رێت. هه‌روه‌ها نابێت ته‌نیا پشت به هه‌ڵومه‌رجه ئابوورییه‌کان ببه‌سترێت و چاوه‌ڕێی هاتنی ڕۆژی به‌ڵێندراو دانیشین. ده‌بێت خۆمان ئاماده بکه‌ین، تاوه‌کو بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان خافڵگیرمان نه‌که‌ن و له‌بیر نه‌که‌ین که ویستی ئێمه بۆ چه‌رخاندنی ڕه‌وڕه‌وی ڕۆژگار پێویسته.
هه‌ڵبه‌ته شایانی باسه، که بزاڤی ئێمه‌ش له که‌موکوڕی به‌ده‌ر نییه. چڵ ساڵ په‌روه‌رده‌ی سۆشیال-دیموکراسیانه، هه‌موو جۆره وزه‌یه‌کی ئافه‌رێنه‌ر و توانا و لێهاتوویی کاری له کرێکاران سه‌ندووه. سۆشیالیزم بووه به نه‌گۆڕ(دۆگم)ێکی وشكههڵهاتوو. گیانی پارتپه‌رستی و کاری پارتیانه، بزاڤه‌که‌ی له ته‌نگه‌نه داوه، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ به له‌ناوچوون سزاواره. بزاڤی سۆشیال- دیموکراسی ئاڵمان هه‌مان ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر سۆشیالیزم ئه‌نجام دا، که کلیسای پاپ له‌به‌رامبه‌ر مه‌سیحیه‌ت پێی هه‌ستا. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که بزاڤی ئێمه ئه‌وڕۆکه له‌ته‌ك گیروگرفتی بێئهژمار ڕووبه‌ڕووه.
پرسێکی تر، ڕوسیه و شۆڕشی ئه‌وێیه، که سه‌رداران (ئاغایان) پاگه‌نده ده‌که‌ن: له‌وێ هه‌واڵیك له سه‌ندیکا و بزاڤی سه‌ندیکایی نییه و ته‌نیا به داهێنانی پارته ڕامیارییه‌کان، جووڵانه‌وه‌کان سه‌ریان هه‌ڵداوه و ڕێکخراوه کارخانه‌ییه‌کان له‌ژێڕ چاودێری ڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تدا ئه‌رکه‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌و سه‌ردارانه ئاگایان له که‌تواره‌کان و په‌ره‌سه‌ندنی جووڵانه‌وه‌کان نییه. له ڕاستیدا ئه‌وه سه‌ندیکا و کۆمیته‌کانی کارخانه بوون، که جووڵانه‌وه‌کانیان هه‌ڵخڕاند. ته‌واوی به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیکردن له‌لایه‌ن سه‌ندیکا و ڕێکخراوه خه‌باتکاره‌کانی کرێکارانه‌وه داڕێژرا و ده‌ست به پیاده‌کردنی کرا. بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ر له ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست، له به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نه (شورا) کرێکارییه‌کاندا کاردانه‌وه‌یان نیشان نه‌دا. ئه‌وه ئه‌نارکیسته‌کان و سه‌ندیکالیسته‌کان بوون، که له ئه‌نجومه‌ن (شورا)کاندا سه‌رقاڵی کاری کارا و سه‌رکه‌وتووانه بوون. ئه‌وه هاوڕێیانی ئێمه بوون له ڕێکخراوی«گولوس تورودا»دا که خۆیان به ئه‌نارکۆسه‌ندیکالیست نێو برد و خزمه‌تگوزاری زۆر و زه‌به‌نده‌یان ئه‌نجام دا، به‌بێ هاریکاری هێزه شۆڕشگێڕه‌کان هیچکات بۆلشه‌ڤیکه‌کان توانای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوو. هه‌روه‌ها هه‌مان سه‌ندیکای ڕوسیه که ئه‌وڕۆکه به‌دوای La Vie Ouvrière و بوونی سه‌ندیکای شۆڕشگێڕانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه. له ڕوسیه ئه‌وه پارته‌کان نه‌بوون، به‌ڵکو ئه‌وه سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان بوون، که هه‌لومه‌رجیان بۆ سۆشیالیزم له‌بار کرد. گه‌شه‌ی خێرا و به‌رچاوی ڕژێمی کۆماریی ئه‌نجومه‌نی ڕوسیه‌ش سه‌ره‌نجامی چالاکی جه‌ماوه‌ری کرێکارانه، نه‌ك داهێنانی ئافهرێنهرانهی تاکه‌که‌سێك یا که‌سانێك. ئه‌گه‌رچی خزمه‌تگوزارییان زۆره، به‌ڵام جوتیارانی ڕوسی که کۆمه‌ڵێکی زیاتر له 128 ملیۆن که‌سی پێك ده‌هێنێت، ڕۆڵێکی به‌رچاویان له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشدا هه‌بوو. جوتیارێك که دوو له‌سه‌ر سێی زه‌وییه‌که‌یان داگیر کردبوو و هه‌نووکه پاش شۆڕش دووباره بووه‌ته‌وه به خاوه‌نی، ده‌زانێت که له باری سه‌رکه‌وتنی دژهشۆرشدا دووباره زه‌وییه‌که‌ی لێ ده‌سێننه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه به هه‌موو توانایه‌کییه‌وه له خه‌بات دژی ئه‌واندا به‌شدار ده‌بێت. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایه، که سه‌رکه‌وتنی شۆڕش به‌سه‌ر دژه‌شۆڕشدا ڕوون ده‌کاته‌وه. به‌ڵگه‌یه‌ك که به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن زۆرێکه‌وه له‌به‌رچاو ناگیرێت.
تێڕوانینی ئێمه له‌مه‌ڕ پارتی بۆلشه‌ڤیك ڕێك وه‌ك به‌رخوردی ئێمه به پارته سۆشیالیستییه‌کانی تره. ئێمه به ته‌واو هێزمانه‌وه پشتیوانی له شۆڕشی ڕوسیه دژی دژه‌شۆڕش ده‌که‌ین. به‌ڵام نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه بۆلشهڤیکین، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه شۆڕشگێڕین. ئه‌گینا له بواری تردا ئێمه ڕێگه‌ی خۆمان ده‌گرینه‌به‌ر، چونکه به توندی پێ له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌کانی خۆمان داده‌گرین. له‌م باره‌وه ئه‌وه‌ش بڵێین لێنین که هه‌میشه دژی سه‌ندیکالیسته‌کان بوو، له دوا کۆنگره‌ی« کۆمینتێرن»دا له مۆسکۆ ڕایگه‌یاند که سه‌ندیکالیسته‌کان خه‌باتکارانی چینایهیتی باش بوون و ده‌بێت هاریکارییان بکرێت. به‌ڵام تێڕوانینی ئێمه له‌م باره‌وه هه‌مان تێڕوانینه که هه‌موو جارێك رامان گه‌یاندووه، چونکه هێشتاکه لایه‌نگرانی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له ئاڵمان سه‌رسه‌ختانه درێژه به جه‌نگ دژی سه‌ندیکالیسته‌کان ده‌ده‌ن.
ئه‌وان پێیان وایه، که کارتی بردنه‌وه‌یان له ده‌ستدایه. چونکه به‌پێی پاگه‌نده‌ی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی ئابووری به‌بێ ده‌سه‌ڵاتی رامیاری ناتوانرێت به‌ده‌سته‌وه بگیردرێت. بۆیه ده‌بێت له پێشدا پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رامیاری بکه‌ین. ده‌سه‌ڵاتی رامیاری بریتییه له سوپا، ده‌زگه‌ی پۆلیس، دادوه‌ری و هیتر. به‌ڵام نابێت له‌بیر بکه‌ین که ئه‌م ده‌زگه به‌رێوه‌به‌رییه تا کاتێك له‌جێی خۆی ده‌مێنێته‌وه، که چینه دارا‌کان ئامرازه ئابوورییه پێویسته‌کانیان له ده‌ستدایه. له‌و کاته‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ئابووری ده‌که‌وێته ده‌ستی کرێکاران ئیتر ته‌واو ده‌سه‌ڵاتی رامیاری چینه سه‌روه‌رکان گرنگی خۆی له ده‌سه‌ت ده‌دات. کاتێك که کرێکاران کارخانه‌کان، کارگه‌کان و هیتر ده‌خه‌نه ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆیان؛ ئیتر سروشتی ده‌بێت که ده‌زگه‌کانی مرۆڤکوژی و کارخانه‌کانی چه‌کسازی له کار ده‌که‌ون و ئه‌و ده‌زگه سهرکوتگهرانهیهی دژه‌شۆڕشیان له ده‌ست ده‌رده‌چێت.
ئامانجی ئێمه به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵکو به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی زه‌مین، کارخانه و کارگه‌کانه. ئه‌مه یه‌کێكه له ئه‌رکه گرنگه‌کانی سه‌ندیکالیسته‌کان، که ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له‌نێوان کرێکاراندا په‌ره پێبده‌ن. ئێمه سه‌ندیکالیسته‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی تۆمه‌ته‌کانی که‌سانی تره‌وه نه‌ك ته‌نیا خوازیاری لێكدابڕان و پڕشوبڵاوی نێوان کرێکاران نین، به‌ڵکو هه‌وڵی یه‌کێتی کار و به‌دیهێنانی هاوپشتی فراوان و گشتیین. ڕێك به پێچه‌وانه‌ی شێوازی کاری پارته ڕامیارییه پرشوبڵاوکانهوه، که زۆرینه‌ی چالاکی خۆیان بۆ خه‌بات دژی یه‌کتری و دروستکردنی سه‌ندیکای تایبه‌ت به‌خۆیان -له‌م ڕێگه‌وه لێک‌دابڕان له نێوان کرێکاراندا دروست ده‌که‌ن- هه‌یه. با سه‌رنجی فه‌ره‌نسه بده‌ین؛ به‌ر له یه‌کگرتنی پارته سۆشیالیسته‌کان، هه‌شت یا نۆ گروپی پارتی هه‌بوون، که به توندی دژی یه‌کدی چالاکیان ده‌کرد. هه‌ر پارتێكیش سه‌ندیکایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆی دروست کردبوو و به‌م جۆره توانای چالاکی هاوبه‌شی پرۆلیتاریای فه‌ره‌نسه له‌نێو برابوو. تا ئه‌وه‌ی که دواجار کرێکاران هاتنه‌وه هۆشی خۆیان و رامیارکارانیان له‌نێوان خۆیان کردنه ده‌ره‌وه و ڕێکخراوی خه‌باتکارانه‌ی ئابووری خۆیان پایه‌ڕێژی کرد.
تا ئێره هه‌وڵم دا، بنچینه و بناخه‌ی تیئۆری سه‌ندیکالیزم ڕوون بکه‌مه‌وه، ئیتر ڕه‌تکردنه‌وه یا لێوه‌رگرتنی له ئه‌ستۆی خودی هاوڕێیاندایه.
کورته‌ی باسه‌که
سه‌ندیکالیسته‌کان باوه‌ڕیان به کاری راسته‌وخۆ هه‌یه و پشتیوانی هه‌موو جۆره چالاکی و ئاکسیۆنێکی جه‌ماوه‌ری که له پێناو له‌ناوبردنی سیستمی پاوانگه‌ریی (مۆنۆپۆڵ) ئابوورین، که له به‌رامبه‌ر چالاکی سه‌ندیکاییدا ده‌وه‌ستێت. ئه‌رکی سه‌ندیکالیسته‌کان بریتییه له په‌روه‌رده‌ی فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌ر و هاوئاهه‌نگکردنی چالاکیان له سه‌ندیکا و ڕێکخراوه خه‌باتکارییه ئابوورییه‌کانیاندا، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی کاری راسته‌وخۆ (له‌وانه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه، مانگرتنی گشتی و …) و ڕزگاری له چنگ سیستمی کرێگرته‌یی و میرایه‌تی هاوچه‌رخ. ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو جۆره چالاکییه‌کی هاوبه‌ش له‌ته‌ك شۆڕشگێڕه ڕاستگۆکانی تر به مه‌بستی خه‌باتی هاوبه‌ش دژی دژهشۆڕشین، به‌ڵام هیچ کات سه‌ربه‌خۆیی خۆمان له‌ده‌ست ناده‌ین.
هاوڕێ «کرۆن» بابه‌تێکی خستووه‌ته ڕوو، که پێویسته لێره‌دا ئاوڕی لێ بدرێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت که ده‌توانرێت جه‌ماوه‌ر به‌هۆی دیکتاتۆرییه‌وه په‌روه‌رده بکرێن. ئه‌مه ڕوانگه‌یه‌کی سه‌یره. من زۆر جار باسم له‌وه کردووه، که دیکتاتۆری و فێرکاری و ڕاهێنان وه‌ك ئاو ئاگر وان. ئێمه دژی هه‌موو جۆره فێرکاری و په‌روه‌رده‌کردنێكی توندوتیژانه‌ین، فێرکاری (تعلیم) واته فێربوونی ئازادانه، فێرکاری واته باوه‌ڕ. په‌روه‌رده و فێرکاری دژی هه‌موو جۆره دیکتاتۆرییه‌که. مرۆڤایه‌تی له‌وێدایه، که مرۆڤ ئازادانه و سه‌ربه‌خۆ بیر بکاته‌وه و کار بکات.
کرۆن ده‌ڵێت که مانگرتنی گشتی به ته‌نیا به‌س نییه و ده‌بێت به دوای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه‌وه بین و هه‌روا که له شۆرشی ڕوسیه‌ی ساڵی 1905دا ڕوویدا. پێویسته ئه‌وه بڵێم که به باشی ئاگاداری ئه‌و ڕوداوانه‌م که ڕوویان داوه. شۆڕشی 1905 ڕێك هه‌ر له‌به‌ر بوونی پارته‌کان بوو، که شکستی هێنا واته پرسێك که کرۆن وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك دژی تێڕوانینه‌کانی ئێمه به‌کاری ده‌هێنێت. شۆڕش له‌وێ هه‌موو ڕێکخستنه ده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کانی ده‌ست لێ نه‌دراو هێشته‌وه و خۆی به دوای به‌ڕێوه‌بردنیانه‌وه بوو. سه‌ره‌نجام کاتێك که دژه شۆڕش گه‌ڕایه‌وه، هه‌موو ده‌زگه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی جه‌ماوه‌ر ده‌ست لێ نه‌دراو دووباره که‌وتنه‌وه ژێر ڕکێفی. باشترین به‌ڵگه بۆ بوونی پارته‌کان و خراپکارییهکانیان یاخیبوونی دوو گه‌له‌که‌شتی ده‌ریای ڕه‌شن. کاتێك که ده‌ریاوانانی که‌شتی پۆتمکین و که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی تر یاخیبوون و ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، سه‌روگوێلاکی سه‌ردارانی پارتی په‌یدا بوو و داوای چالاکی هاوبه‌شیان کرد و له‌و کاته‌دا بوو که پاگه‌نده و تۆمه‌ته‌کان ده‌ستیان پێ‌کرد. هه‌موو که‌سێکی دیکه‌یان به دژه‌خون داده‌نا و سه‌ره‌نجام یه‌کێك له باشتری هه‌له‌کان له‌ده‌ست چوو.
ماتاچنکۆ یه‌کێك له هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ره‌کی یاخیبوونه‌که دواتر له له‌نده‌ن چۆنیه‌تی ڕوداوه‌که‌ی بۆ گێڕاینه‌وه و به ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه په‌یوه‌ست بوو. چونکه له پارته‌کان به‌گشتی بێزار بوو. ڕێك له‌وێدا که به خۆشباوه‌ڕییه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت ده‌زگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له جێی خۆیدا بمێنێته‌وه، تا دواتر سوودی لێ وه‌ربگیرێت؛ ڕێگه بۆ دژه‌شۆڕش خۆش و له‌بار ده‌کرێت.
جوتیارانی فه‌ره‌نسی سه‌راپای پێکهاته‌کانی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فیئۆداڵی)یان له‌نێو برد. دواتر له‌شکره‌کانی ئه‌وروپا، فه‌ره‌نسه‌یان داگیرکرد و ته‌نانه‌ت پاشایه‌کیشیان له پاریس هه‌ڵبژارد، به‌ڵام هیچ کات نه‌یانتوانی دووباره سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی سه‌ر له‌نوێ ساز بکه‌نه‌وه. چونکه سه‌ره‌پای پێکهاته‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تییان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ویران کرابوو. که‌سێك که خوازیاری جێگیرکردنی ده‌زگه‌ی دیکتاتۆری ده‌وڵه‌تییه، له ڕاستیدا خزمه‌ت به دژه‌شۆڕش ده‌کات. ڕێك لێره‌دا (ئاڵمان)، له‌وێوه‌یه که شۆڕش سیستمی ئابووری و ڕامیاری نه‌گۆڕیوه؛ لایه‌نگرانی پاشایه‌تی به خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێی ڕۆژی به‌ڵێن دراون.
کرۆن ده‌ڵێت: دیکتاتۆری پێویسته تاکو پیشه‌گه‌ران و کارناسان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی خۆیان. لێره‌شدا شۆڕشی ڕوسیه نموونه‌یه‌کی باشه. هیچ دیکتاتۆرێك نه‌یتوانی شاره‌زایان و ته‌کنیککاران بگێرێته‌وه سه‌ر کاری خۆیان. تا ئه‌وه‌ی که لێنین ملی به دانی کرێی داواکراویان بدات و به‌م جۆره ئه‌وان گه‌رانه‌وه سه‌ر کاری خۆیان. دیکتاتۆری توانای گۆڕینی باوه‌ڕه‌کانی جه‌ماوه‌ر نییه. نابێت له‌بیر بکه‌ین که شۆڕش بریتییه له سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوونه‌وه‌ی گه‌لێك به ئاراسته‌ی مۆڕاڵ و ڕۆشنبیری تازه. به‌بێ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و ژێرخانیی له بنچینه‌دا شۆڕش واتا و تێگه‌یشتنێك به‌ده‌سته‌وه نادات. توندوتیژی نه‌ك کارێکی شۆڕشگێڕانه نییه، به‌ڵکو کارێکی کۆنه‌په‌رستانه‌شه. شۆڕش سه‌ره‌نجامی ئاڵوگۆڕی قوڵ له بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان و گه‌یشتنیان به هۆشیاری تازه‌یه؛ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستکردنی چه‌ك. که‌سانێك که پێیان وایه، ده‌توانن له به‌رامبه‌ر ئه‌م میکانیزمه گه‌وره جه‌نگییه به ته‌نیا چه‌کدارانه پێ بنێنه مه‌یدانی کار، به هه‌ڵه‌داچوون. چونکه ده‌بنه هۆی خوێنڕێژییه‌کی بێسوود. من دژی توندوتیژیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دژی ده‌وڵه‌تم. چونکه له راستیدا ده‌وڵه‌ت واته به‌رجه‌سته‌بوونی توندوتیژی ڕێکخراو. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم که توندوتیژی وه‌ك ئامرازی به‌رگری له خۆ ڕه‌ت ناکه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجێکدا به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێت، ده‌بێت په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که من دژی خۆکوژیم. به‌ڵام ده‌ستبردن بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه و کوده‌تاگه‌رانه و سه‌ره‌نجام هه‌لڕه‌خساندن بۆ دوژمن بۆ به‌رپاکردنی گه‌رماوی خوێن، تاکتیکێکی هه‌ڵه‌یه، که هیچ کات پشتیوانی لێ ناکه‌ین. هه‌ڵبه‌ته به‌داخه‌وه ئێمه زۆرمان دیتووه، که که‌سانێك قسه‌ی زلیان له‌باره‌ی خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه کردووه، به‌ڵام له ساتی پێویستدا ون بوون و کاره‌که‌یان خستووه‌ته سه‌ر شانی که‌سانی تر.
کرۆن ده‌ڵێت که نابێت ئێمه ته‌نیا به دوای خه‌باتی ئابوورییه‌وه بین، به‌ڵکو ده‌بێت په‌ل بۆ خه‌باتی رامیاریش بهاوێین. ئه‌مه هه‌مان شته که ئێمه ده‌یڵێین. به‌ڵام ئێمه دژی چالاکی پارله‌مانین، ئه‌گینا هه‌ر جۆره خه‌باتێك که له خزمه‌تی هه‌موواندا بێت، جێ سه‌رنجی ئێمه‌شه. مانگرتنی گشتی بۆ خۆی خه‌باتی رامیاریشه و هه‌روا پاگهندهش دژی میلیتاریزم. سه‌ندیکا واته چالاکی ڕامیاری. سه‌ندیکالیزم ئامانجێکی ڕامیاری گه‌وره‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م خۆی. له‌نێوبردنی ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤ و ده‌زگه‌ی بیرۆکراسی. کرۆن پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کات، که ناوه‌ندێتی (سه‌نترالیزم) له پارتی کۆمونیستدا جۆرێکی تره. نه‌خێر! ناوه‌ندێتی، هه‌ر ناوه‌ندێتییه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه، که ئێمه ته‌نانه‌ت پرسه مادی و داراییه‌کانی خۆشمان ناوه‌ندی نه‌کردووه‌ته‌وه و خه‌زێنه‌ی ناوه‌ندی بوونی نییه. سه‌ندیکالیستێك، فێدرالیستیشه و من ئه‌وه‌شی ده‌خه‌مه سه‌ر که شۆڕشگێڕێك ده‌بێت فیدرالیست بێت. که‌سێك که خوازیاری سیستمی ده‌وڵه‌تییه، له هوشیارییه‌وه بێت یا ناهوشیارییه‌وه ئه‌وا خزمه‌ت به کۆنه‌په‌رستی ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که جه‌ماوه‌ر ناهوشیار، خۆپه‌رستن و به دوای پرسی مادییه‌وه‌ن؛ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت که‌سانێك که له لوتکه‌ی بڕیاردان هه‌ر له‌م ده‌سته‌یه‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ئێمه خوازیاری له‌ناوچوونی ده‌سه‌ڵاتدارین.
* سۆڤیه‌ت یا سۆڤیه‌ته‌کان رێکخستنی دژ به ڕێکخستنی پله‌به‌ندی سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه «Hierarchy»یین، گونجاوترین واژه‌ی هاوواتا له زمانی کوردی‌دا بۆ ئه‌م واژه ناکوردییه، «ئه‌نجومه‌ن»ه، ئه‌نجومه‌ن له ده‌نگدانی راسته‌وخۆی خه‌ڵکدا پێك دێت و له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌ڵبژێردراوانی نه‌شیاو، وه‌لا ده‌نرێن. به‌م جۆره ده‌بینین، ئه‌نجومه‌ن (سۆڤیه‌ت) له ناوه‌ڕۆکدا واتایه‌ك پێچه‌وانه‌ی واتای (شورا)ی ئیسلامی ده‌به‌خشێت، که تێیدا ده‌نگده‌ر یا هه‌ڵبژێره‌ر له نێوان که‌سانێکی پێشتر دیاریکراو به‌پێی مه‌رجه بنچینه‌ییه‌کانی ئیسلام که له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری خوا و کۆیلایه‌تی مرۆڤ «Hierarchy» دارێژراون، ته‌نیا مافی هه‌ڵبژاردنی له نێوان خراپ و خراپتردا هه‌یه. جێی خۆیه‌تی که سۆشیالیسته‌کان له به‌کاربردنی ئه‌و واژانه‌دا ورده‌کار بن و لاسایی و خاترخاترۆکێی چه‌په‌کانی وڵاتانی دراوسێ نه‌که‌ن. (و.كوردی)
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی: آبگون، نشریهای دیگر، شماره 18 و 19، سال سوم، مارس و آپریل 1986.