Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
مه‌غزای سیاسی سه‌ردانه‌كه‌ی ڕۆبێرت گــه‌یس بۆ كوردستان

مه‌غزای سیاسی سه‌ردانه‌كه‌ی ڕۆبێرت گــه‌یس بۆ كوردستان

Closed
by August 2, 2009 گشتی

خه‌سره‌و سایه‌
Saya.xasraw@yahoo.co.uk

به‌دوای‌ سه‌رده‌ناكه‌ی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا، ڕۆبێرت گه‌یس،  بۆ عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ و سه‌رانی‌ كیتله‌ جیاجیاكانی‌ نێو ده‌سه‌لاتدارێتی‌ عێراق، سه‌ردانی‌ كوردستانی‌ كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود به‌رزانیدا كۆبوونه‌وه‌. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جگه‌له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌ندامانێك له‌مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ ویه‌كیتی‌ تێیدا ئاماده‌ بوون. دیدراره‌كه‌ به‌و پێ‌یه‌ی‌ كه‌ هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان و ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود به‌رزانی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و بردنه‌وه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌، ڕاگه‌یاندنه‌كانی‌ هه‌ردوو حزب ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ رۆبێرت گه‌یسیان به‌سه‌ردانێكی‌ ڕۆتینی‌ و پیرۆزبایی كردن لێكدایه‌وه‌ و بردیانه‌ نێو هه‌راو هوریای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌. به‌لام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌له‌كه‌ناڵی‌ میدیای‌ حزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ په‌خش كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ كتوپڕه‌ مه‌غزای‌ سیاسی‌ خۆی‌ له‌ده‌ووری‌ دوو بابه‌تی‌ هه‌ستیار هێنایه‌ پێشه‌وه‌ كه‌لێره‌دا له‌سه‌ریان ڕاده‌وه‌ستین:
ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان:
به‌ووته‌ی‌ ڕۆژنامه‌ بیانیه‌كان، ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌ردو حزبی‌ ده‌سه‌لاتداری‌ توشی‌ شۆك كرد و پێیان وانه‌بوو له‌گه‌ڵ شكست وئه‌نجامێكی‌ ئاوا به‌ره‌و ڕووده‌بنه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ لاسه‌نگی‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ له‌دوو ئاستدا كه‌وتنه‌ خۆیان: له‌ئاستی‌ یه‌كه‌مدا هه‌وڵیاندا له‌پێش هه‌ر ڕاگه‌یاندنێكی‌ ڕه‌سمی‌یه‌وه‌، ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌زویر بكه‌ن و خۆیان ژماره‌و ڕیژه‌كان دیاری‌ بكه‌ن و ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر لیسته‌كانی‌تردا داسه‌پێنن، بۆ ئه‌مه‌ش فواد حسین به‌ناوی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دڵخوازانه‌ كه‌وته‌ڕاگه‌یاندنی‌ ڕیّژه‌ی‌ ده‌نگی‌ لیسته‌كان و له‌و نێوه‌شدا ڕێژه‌ی‌ ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود به‌رزانی‌ گه‌یانده‌ ڕێژه‌ی‌ له‌%72 ده‌نگه‌كان و هی‌ لیستی‌ كوردستانیش بۆ له‌%62دا، كه‌دیاربوو مه‌به‌ست له‌م ڕاگه‌یاندنه‌ پێشوه‌خته‌ داسه‌پاندنی‌ نمونه‌یه‌كی‌ دڵخوازی‌ یه‌كیتی‌ وپارتی‌ بوو به‌سه‌ر كۆمسیۆنی‌ بالای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. له‌ئاستی‌ دووهه‌میشدا و هه‌مان ئێواره‌ی‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ ده‌نگدان ودزه‌كردنی‌ زانیاری‌یه‌كان یه‌كیتی‌ وپارتی‌ كه‌وتنه‌ حاڵه‌تێكی‌ هیستریكی‌ چه‌كداریی‌یه‌وه‌ و فه‌زای‌ شاره‌كانیان به‌ره‌و میلیتاریزمه‌بوون ڕاكێشا و شێوازی‌ هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌یان له‌لیسته‌كانی‌ تر گرته‌ به‌ر. سه‌رئه‌نجامی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌شیان به‌په‌لاماردانی‌ بنكه‌ وباره‌گای‌ لیسته‌كانی‌ تر له‌شاری‌ هه‌ولێر گه‌یشت وله‌شاری‌ سلیمانیش هێزی‌ میلیشیایی‌یان هێنایه‌ نێو شه‌قامه‌كانه‌وه‌ كه‌ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و داوای‌ ئه‌مریكا نه‌بوایه‌ ئیحتمالی‌ په‌لاماری‌ چه‌كداری‌ حاڵه‌تێكی‌ ئه‌كید بوو. دیاره‌ له‌فه‌زایه‌كی‌ ئاوادا و به‌تایبه‌تیش به‌هۆی‌ توڕه‌بوون و ناڕازی‌ بوونی‌ لیسته‌كانی‌ تر به‌ئه‌نجامێك كه‌له‌زاری‌ فواد حسینه‌وه‌ بلاوكرایه‌وه‌ جه‌مسه‌رێكی‌ تری‌ به‌ره‌و ده‌ستبردن بۆ پشێوی‌ ونائارام كردنی‌ فه‌زای‌ شاره‌كان به‌دوای‌ ته‌واو بوونی‌ ده‌نگدانه‌كان چالاك كرده‌وه‌ كه‌ئه‌گه‌ر به‌ری‌ پێنه‌گیرایه‌، ته‌واوی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ له‌بنه‌وه‌ به‌شكستێكی‌ یه‌كجاریدا ده‌كێشا. له‌ دۆخیكی‌ ئاوادابوو كه‌وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ كوردستان وله‌گه‌ڵ مه‌سعود به‌رزانی‌ و به‌رپرسیارانی‌تردا كۆبێته‌وه‌. تا ڕێگایه‌ك بخاته‌ به‌رپێ‌ی‌ "پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌" حزبه‌ میلیشیاییه‌كانی‌ كوردستان و دۆخه‌كان له‌حاڵه‌تێكی‌ ئارامدا ڕابگرێ‌. به‌تایبه‌تی‌ كه‌هه‌رجۆره‌ پشێوییه‌ك له‌وه‌زعی‌ سیاسی‌ كوردستاندا به‌زه‌ره‌ی‌ وجودی‌ ئه‌مریكاو هێزه‌كانی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ته‌واو ده‌بێ‌. بۆ ئه‌مه‌ش ڕۆبێرت گه‌یس ڕێگای‌ ئیتفاق پێكردن و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامی‌ ده‌نگه‌كان، به‌جۆریك كه‌دڵی‌ هه‌موو لایه‌ك ڕازی‌ بكا و ڕێگاش بكاته‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆنی‌ بالا بتوانێ‌ ئه‌نجامه‌كان ڕاگه‌یه‌نی‌، گرته‌به‌ر. گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ڕۆبێرت گه‌یس و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ لای‌ تاڵه‌بانی‌ و دواتریش سه‌ردانی‌ خێرای‌ مه‌سعود به‌رزانی‌ بۆ دوكان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا و سازدانی‌ كۆنگره‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ هاوبه‌شیان، سیناریۆیه‌كی‌ ڕۆشنی‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ پێشنیاریه‌ی‌ ئه‌مریكاو وه‌زیری‌ به‌رگریه‌كه‌ی‌ بوو. كه‌سه‌ره‌نجام هه‌موو لایه‌ك به‌هه‌ندی‌ گله‌یی‌ و گازنده‌وه‌ له‌سه‌ری‌ ڕاوه‌ستان و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ش گوڕدرا كه‌پێشتر فواد حسین بلاوی‌ كرده‌وه‌. به‌لام ئه‌و ڕاستیه‌ی‌ كه‌له‌م ڕێكه‌وتنه‌ و له‌م سه‌ردانه‌ی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكادا خۆی‌ نیشاندا پوچی‌ سیناریۆی‌ هه‌ڵبژاردن و بێلایه‌ن نه‌بوونی‌ كۆمسیۆنی‌ بالای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ كه‌راسته‌وخۆ به‌ده‌خاڵه‌تی‌ ئه‌مریكاو حزبه‌ ده‌سه‌لاتداراه‌كانی‌ تر ئه‌توانی‌ به‌ساده‌یی‌ ڕای‌ هاولاتیانی‌ كوردستان بخاته‌ ته‌نه‌كه‌ی‌ خۆڵه‌وه‌ و له‌پشت ئه‌وانه‌وه‌ و به‌پێ‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی‌ سیاسی‌ كه‌ئه‌م هیزانه‌ هه‌یانه‌ ده‌ستكاری‌ بكرێ‌.
یه‌كخستنی‌ ڕیزی‌ عێراقیه‌كان:
به‌لام مه‌غزای‌ سه‌ر دانه‌كه‌ی‌ ڕۆبێرت گه‌یس ته‌نها به‌ وه‌زعی‌ سیاسی‌ كوردستان دوای‌ ته‌واوبوونی‌ ده‌نگدانه‌كان وبڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ قه‌تیس نامێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ ستراتیژی‌ ئه‌مریكادا هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌وزاعی‌ كوردستان له‌ئارامیدا ڕابگرێ‌ و هه‌موو هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ خۆی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ "پڕۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ عێراقیدا" بهێلێته‌وه‌ و فه‌زا له‌به‌رده‌م بردنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌یه‌كی‌ فراوانتر له‌ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاست وله‌به‌رامبه‌ر ئێراندا ئاماده‌ بكات كه‌به‌دوای‌ هاتنه‌ سه‌ركاری‌ ئۆباماوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ گیراوه‌. كه‌بێگومان عێراق له‌م نه‌خشه‌ وستراتیژه‌دا جێگایه‌كی‌ مه‌ركه‌زی‌ هه‌یه‌. باسی‌ "یه‌كخستنی‌ ڕیزی‌ عێراقیه‌كان" كه‌له‌زاری‌ ڕۆبێرتگه‌یس وباقی‌ سه‌رانی‌ ئه‌مریكاوه‌ دێت وده‌چێت، ئه‌و پێویستیه‌یه‌ كه‌ئه‌مریكا بۆ ئامانجه‌كانی‌ داهاتووی‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا له‌سه‌ری‌ ڕاوه‌ستاوه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌باری‌ قه‌یرانی‌ حكومه‌تی‌ و ده‌سه‌لاتدارێتی‌ له‌عێراق و ئه‌و گرفتانه‌ی‌ كه‌تائێستا به‌هه‌ڵواسراوی‌ وبێچاره‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌سه‌لاته‌كه‌ی‌ مالیكیدا ماوه‌ته‌وه‌ ئاینده‌یه‌كی‌ خراپی‌ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌مریكا و سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌یدا، هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ باس له‌"یه‌كخستنی‌ ڕیزی‌ عێراقیه‌كان"‌، ئاماژه‌یه‌كی‌ سیاسیه‌ بۆ بوونی‌ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاستدا. هه‌رله‌م باره‌وه‌ نابێ‌ ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت كه‌ هاتنی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ عێراق و كوردستان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی كۆمه‌ڵه‌ ئاماژه‌یه‌ك كه‌ئۆباماو كۆشكی‌ سپی‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئێران وسوریا و ئیسرائیل وئه‌فغانستان وبه‌تایبه‌تیش پلان ونه‌خشه‌كه‌ی‌ كه‌به‌ناوی‌ ڕاوه‌ستانه‌وه‌ به‌دژی‌ تیرۆر به‌گوێ‌ كۆمه‌ڵگای‌ جیهانیدا داویه‌تی‌. ئه‌وه‌ی‌ كه‌له‌یه‌كه‌مین هه‌نگاویشدا و له‌ڕێڕه‌وی‌ ئه‌م ئاماژانه‌دا خۆی‌ ده‌رخستن كۆمه‌ك وڕاوه‌ستانی‌ ئه‌مریكایه‌ له‌پشت په‌لامارو هێرشه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ بۆسه‌ر كه‌مپی‌ ئه‌شره‌ف و وه‌ده‌رنانی‌ موجاهیدینی‌ خه‌ڵك وه‌ك باڵێكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێرانی‌. كه‌دیاره‌ كارێكی‌ ئاوا هه‌ڵكردنی‌ چرای‌ سه‌وزه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ خۆشكردنی‌ ڕێگای‌ دانوسانه‌كانی‌ داهاتووی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاددا.
به‌لام وه‌زعیه‌ته‌كان به‌ته‌نها له‌م ئاسته‌دا ڕاناوه‌ستێت. قه‌یرانی‌ حكومه‌تی‌ له‌عێراق و بوونی‌ قه‌ڵشتێكی‌ گه‌وره‌ له‌نێو پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق و نه‌بوونی‌ ته‌بایی‌ له‌نێوان كیتله‌و باڵه‌كانی‌ نێوخۆی‌ په‌رلمان وحكومه‌ت و ڕكه‌به‌رییه‌ك كه‌له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ناسیونالیستی‌ وئیسلامی‌ له‌عێراقدا هه‌یه‌، حاله‌تێكی‌ هه‌میشه‌ نیگه‌رانی ودوردۆنگی‌ له‌به‌رده‌م ئه‌مریكاو هه‌وڵه‌كانیدا پێكهێناوه‌. ئه‌مه‌له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێ‌ی‌ ڕێكه‌وتن نامه‌ی‌ ئه‌منی‌ نێوان ئه‌مریكا و عێراق بڕیاره‌ تا ساڵی‌ 2011 ته‌واوی‌ هێزه‌ داگیركه‌ره‌كان له‌عێراق بكشێنه‌وه‌. ئاشكرایه‌ له‌نێو ئه‌م كێژاو وقه‌یران و ناته‌بایی‌یه‌دا ناكوكی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ خاڵێكی‌ میحوه‌ری‌یه‌. به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هێشتا نه‌كێشه‌ی‌ كه‌ركوك و مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت وپێشمه‌رگه‌و نه‌ئیختیاراتی‌ هه‌رێمه‌كان، ئاسۆیه‌كی‌ پایه‌داری‌ بۆ ڕێكه‌وتنه‌كانی‌ ڕابردوو فه‌راهه‌مكردووه‌. ئه‌مه‌ و با له‌ولاشه‌وه‌ باسی‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ عێراق و هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ ڕابوه‌ستێت، كه‌له‌بنه‌وه‌ به‌قازانجی‌ مالیكی‌  و مه‌ركه‌زی كردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لات له‌عێراقدا هاتونه‌ته‌ گۆڕێ‌. كه‌هه‌میشه‌ چه‌كوشێك بووه‌ به‌سه‌ر سه‌ری‌ كیتله‌ی‌ كوردستانیه‌وه‌.
ئه‌مانه‌ به‌هه‌موویان بارودۆخی‌ عێراق و كوردستانیان له‌نێو حاڵه‌تێكی‌ نادیارو بێچاره‌دا ڕاگرتووه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا وهێزه‌كانی‌ كاتی‌ زۆری‌ له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا ناچاره‌ بۆ مه‌رامه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌نگاوی‌ خێراتر هه‌ڵگری‌ و هه‌رچۆن بووه‌ له‌هه‌وڵی‌ نزیككردنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هیزه‌كانی‌ نیو پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق بێنیته‌ دری‌ تا ده‌رگایه‌ك بۆ سیاسه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ له‌ئاست ئیران وناوچه‌كه‌دا بخاته‌ سه‌رپشت. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ مه‌رامی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ڕۆبیرت گه‌یس بۆكوردستان ناتوانێ‌ له‌سه‌ردانێكی‌ ڕۆتینی‌ و له‌چوارچیوه‌ی‌ پیرۆزبایی‌ كردندا قه‌تیس بهێڵته‌وه‌. به‌تایبه‌تی‌ ئه‌مریكا ئیتر ناتوانێ‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو مه‌سروفات و كوشتاره‌ی‌ كه‌له‌بانك و هێزه‌كانی‌ كه‌وت، به‌شكسیتكی‌ ترو به‌بێ‌ ده‌ستكه‌وت عێراق به‌جێ‌ بهێڵێت. هه‌وڵی‌ ئۆباماو سه‌رۆكایه‌تی‌ نوێ‌ خۆی‌ ڕووی‌ له‌وه‌یه‌ كه‌شكسته‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ بۆش هه‌ستێنێته‌وه‌ و لانی‌ كه‌م سه‌ره‌تای‌ پێگه‌یه‌كی‌ نوێ‌ بۆ ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاستدا دابمه‌زرێنێ‌. بێگومان له‌نێو مه‌رام و چوارچێوه‌یه‌كی‌ ئاوادایه‌ كه‌باسی‌ یه‌كخستنی‌ هێزه‌كانی‌ عێراقی‌ و هه‌ڵگرتنی‌ به‌ربه‌سته‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و مالیكی‌ گرنگی‌ په‌یداده‌كات. تا عێراق به‌ره‌و حاڵه‌تێكی‌ ده‌رچوون له‌قه‌یرانی‌ سیاسی‌ تێپه‌ڕێنێ‌ و وه‌ك ناوچه‌یه‌ك ئاماده‌بێت بۆ توندكردنه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ڕكه‌به‌ری‌ و دانسوانه‌كانی‌ ئۆباماو حكومه‌ته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێراندا. به‌لام دیاره‌ له‌سازكردنی‌ ئه‌م كه‌شو هه‌وایه‌دا سازان و ملكه‌چ پێكردنی‌ لایه‌نه‌كانی‌ گرێ‌ دراو به‌سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌خوازێ‌. به‌واتایه‌كی‌تر ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی‌ مه‌رامی‌ ناوچه‌یی‌ و جیهانیه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ڕۆژ هه‌لاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌دیبهێنێ‌  پێویستی‌ به‌ڕێكخستنه‌وه‌ و ئینسجامی‌ ده‌سه‌لاتدارێتی‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌ بۆئه‌مه‌ش ناچاره‌ فشاره‌كانی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ردوو سه‌ره‌وه‌، له‌سه‌ر هاوپه‌یمانانی‌ دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆی‌ توند كاته‌وه‌ كه‌له‌سه‌رێكیان مالیكی‌ وحكومه‌ته‌كه‌ی‌ وه‌ستاوه‌ و له‌سه‌رێكی‌تریشیانه‌وه‌ ناسیونالیزمی‌ كورد و حزبه‌كانی‌ پارتی‌ ویه‌كێتی‌ ڕاوه‌ستاوه‌. له‌مباره‌وه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئایا فشاره‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌م دوولایه‌نه‌ی‌ هاوپه‌یمانانی‌ كێ‌ به‌ره‌و سازش و ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌داواكانی‌ ناچارده‌كات؟
ئاشكرایه‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ وكیتله‌ سیاسیه‌كانی‌ له‌دوای‌ ته‌واو بوونی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق و وه‌ده‌رنانی‌ كیتله‌ی‌ سه‌در له‌حاڵه‌تی‌ پێشڕه‌ویدان، ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ مه‌ركه‌زی كردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لات له‌عێراقدا، نیشانه‌یه‌كه‌ له‌پێشڕه‌وی‌ و گۆڕانێك به‌سه‌ر ته‌وازنی‌ هێز و هه‌موو ئه‌و ئیتفاقیانه‌ی‌ كه‌پیشتر له‌نێوان كوتله‌ی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ كوردستانی‌ و مالیكیدا كرابوو، له‌مه‌شدا مالیكی‌ ئاماده‌كردووه‌ بۆ فه‌رزكردنی‌ خواسته‌كانی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر ناسیونالیزمی‌ كورددا. لێره‌دا وه‌زیفه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ڕۆبرت كه‌یس بۆ لای‌ به‌رزانی‌ خۆی‌ به‌رۆشنی‌ ئاشكرا ده‌كات. یانی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌پێناو نزیكخستنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ مالیكی‌ و ده‌سه‌لاتدارانی‌ هه‌رێم له‌یه‌كتر ڕێگای‌ داسه‌پاندنی‌ سازشی‌ زیاتر به‌سه‌ر بارزانی‌ وتاڵه‌بانیدا پێشنیار بكات.. كه‌دیاره‌ هه‌نگاویكی‌ ئاوا و ئه‌نجامه‌كانی‌ به‌نرخی‌ ماف و ئازادی‌ و چاره‌نوسی‌ هاولاتیانی‌ كوردستان ته‌واو ده‌بێت.ئه‌مه‌یه‌ مه‌غزای‌ سیاسی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ رۆبیرت گه‌یس بۆ كوردستان. 

29/7/2009

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.