Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
سێهه‌م په‌رله‌مانی کوردوستان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و….

سێهه‌م په‌رله‌مانی کوردوستان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و….

Closed
by August 6, 2009 گشتی

     د.هه‌ژار مه‌عروف ـــ 7 ی 7 ی 2009

دابه‌زینی لیستی گۆڕان بۆ مه‌یدانی خه‌باتی دیموکراتی په‌رله‌مانی و ئه‌و هه‌موه‌ پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له مه‌ڕ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ لێیکرا، ته‌نانه‌ت دروستکه‌ر‌انی ئه‌و لیسته‌شی سه‌رسامکرد. چونکه‌ که‌ش و هه‌وای تاریکیی  ترس و نائومێدی و بێزاری له‌ سیاسه‌ت باڵی سامناکی به‌سه‌ر کوردوستانا کشابو. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی موتڵه‌قی بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ 17 ساڵی ڕابوردودا ده‌سه‌ڵاتێکه‌ ‌ نه‌ک هه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردوستانی عێراق به‌ڵکو چاودێرانی جیددی و ڕاستگۆی کوردی به‌شه‌کانی تری کوردوستان و  چاودێرانی بێیانی  ئه‌مریکی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌ب و ….هتد شایه‌تیی بێدادیی ـ به‌تایبه‌تی بێدادیی ئابوری ـ و په‌یمانشکێنی وناڕاستگۆیی و شکستی ده‌ده‌ن له‌ هه‌مو بواره‌کانی ژیانی ئینسان  له‌ کوردوستانا. به‌زۆر و ملهوڕی تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری کوردوستان به‌ سه‌ر په‌رله‌مانی کوردوستانا دوا شاکاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بو. به‌هۆی دابه‌زینی لیستی گۆڕانه‌وه‌ موچڕک و ته‌زوی ترس له‌ دۆڕانی هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌رتاپای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی گرته‌وه ، په‌شۆکانی و بڕوابه‌خۆبونی پێ له ده‌ستدا. لیستی گۆڕان پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ ناو په‌رله‌مانی کوردوستانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی ناچارکرد وه‌ک به‌شێکی گرنگ له‌ هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن چه‌ند هه‌نگاوێکی کاتی و شه‌رمن و ڕوکه‌ش و ناجیدی به‌ ئاراسته‌ی  گۆڕان بنێت، بۆ نمونه‌: سه‌رکرده کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ که‌وتنه‌ به‌شینه‌وه‌ی به‌رماوه‌ی سفره‌ی تێرو‌ته‌سه‌لی خۆیان بۆ کڕینی ده‌نگی خه‌ڵک ، ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنا سه‌رفیانکرد له‌ ڕوی ڕێژه‌ییه‌وه‌  فره‌تربو له‌وه‌ی له‌ ساڵی ڕابوردو‌دا سه‌رفیانکردبو بۆ کوردوستان. یه‌کێکی تر له‌و هه‌نگاوه‌ ناچاریانه‌‌ دانانی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌ک بو له‌ لیسته‌که‌یان (لیستی کوردوستانی)  که‌ خاوه‌نی ڕابوردویه‌کی پاکن و ڕۆشنبیرن. ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر ئاغاکانیان له‌غاو نه‌که‌نه‌ ده‌میان ئه‌وا ده‌توانن وه‌ک ئه‌ندامانێکی ئازاد کاری نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک  له‌ په‌رله‌مانی داهاتودا جوان و ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن. خێری " لیستی گۆڕان" بنوسێت ، ده‌نا ‌ با ئه‌و هێژایانه‌ دڵنیابن، ئه‌گه‌ر" لیستی گۆڕان"  نه‌بوایه‌، له‌ بری ئه‌وان  ‌که‌سانێکی که‌مخوێنه‌وار یا نه‌خوێنه‌وار یا بێتوانا و  ڕابوردو ناشیرین و  بۆ بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران  گوێڕایه‌ڵیان داده‌نا. ئێستا، ئه‌مێستا!    ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وا و  نادیموکراتی و شکستخواردوی بارزانی و تاڵه‌بانی   بۆ سپیکردنه‌وه‌ی ڕوی چڵکن و په‌ڵه‌ په‌ڵاویان،له‌ هه‌موکات ز یادتر پێویستیان به‌ که‌سایه‌تیی ڕند و نه‌رم و به‌ ویقار و پاک و به‌توانا و ناودار هه‌یه‌. من هه‌مو ئه‌ندامه‌ شایسته‌کانی لیستی کوردوستانی له‌ په‌رله‌مانی داهاتودا، به‌تایبه‌تی دادوه‌ر و پارێزه‌ر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نوس و  ڕۆشنبیره‌کانیان،  یه‌ک تاوانی  گه و‌ره یان بیرده‌هێنمه‌وه‌ وه‌ک نمونه‌ی پڕ سیمبۆل و پڕمانای سه‌دان تاوانی تا ئێستا بێسزای تری ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بارزانی و تاڵه‌بانی ، پاشان پێشنیازێکی ‌برایانه یان‌ بۆده‌که‌م.
(سۆرانی مامه‌ حه‌مه) ی ته‌مه‌ن 21 ساڵ ،لێپرسراوی پێشوی نوسینگه‌ی( گۆڤاری لڤین) له‌ که‌رکوک، ‌ له شه‌وی 21 ی 7 ی 8200   له‌ به‌ر ما‌ڵه‌که‌ی خۆی له‌ که‌روکوک وه‌حشیانه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و شه هیدکرا‌. له‌و کاته‌دا ئاسایشی ناوچه ‌کوردیه‌کانی  که‌رکوک که‌ ماڵی سۆرانیش له‌وێ بو‌ له‌  ده‌ست ده‌سگای ئاسایشی بارزانی و تاڵه‌بانی دابو‌. شاره‌زایان گومانی به‌هێزیان هه‌یه‌ که‌  بکه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ (ته‌قه‌ که‌ران و فرمانده‌رکه‌ران!)  سه‌ر به‌ پارتی بارزانی بن ، چونکه‌ سۆران پێشتر مه‌قاله‌یه‌کی له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و ڕێپۆرتاژێکی له‌سه‌ر دیارده‌ی له‌شفرۆشی له‌ که‌رکوک بڵاوکردبۆوه‌. بۆیه‌ سۆران ‌‌‌ شه‌هیدی ڕاستی و عه‌داله‌ت و ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاده‌.  تا ئێستا نه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادپه‌روه‌ریی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان که‌ نێچیروان سه‌رۆکیه‌تی،نه‌ سه‌رۆکی هه‌رێمیش مه‌سعود بارزانی ،نه‌ لێپرسراوانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردوستان،  بۆ‌ دۆزینه‌وه و سزادانی بکوژانی سۆران، هیچ کارێکی جیددیان نه‌کردوه‌. ڕۆژی 21 ی 7 ی 2009  ساڵڕۆژی کوشتنی(سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) ‌یه. من بۆ ئه‌و هێژایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێشنیاز ده‌که‌م  له‌و ڕۆژه‌ غه‌مباره‌ دا که‌ هاوار و فیغانی ژنه‌ که‌ی و دایک و باوکی ته‌به‌قه‌کانی ئاسمانی که‌رکوکی کوردوستان دێنێته هه‌ژان و‌ له‌رزان و گریان، ئا له‌و ڕۆژه‌دا ئێوه‌ وه‌ک دادوه‌ر و پاریزه‌ری عادیل و حه‌قخواز، وه‌ک ڕۆژنامه‌ نوس و ڕۆشنبیر و شاعیری ئازادیخوا، هه‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌ی ئه‌گه‌ری  به ئه‌ندامبون تان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان له سه‌ر‌ لیستی کوردوستانی، له‌ هه‌ر پیشه‌ و ده‌سته‌یه‌ک هه‌ن، له‌ ڕۆژی 21 ی 7 ی 2009  بڕۆن  بۆ حوزوری ژنه‌که‌ی سۆران و دایک و باوکی له‌ که‌رکوک و له‌گه‌ڵیانا بڕۆنه‌ سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و په‌یمان بده‌ن پێی،  پێیان ، په‌یمان به‌ خۆتان بده‌ن بۆ‌ دڵسۆزی و ڕاستگۆیی بۆ پێشه‌که‌تان و بۆ ئه‌و سوێنده‌ی وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌یخۆن، په‌یمان بده‌ن که‌ کاری یه‌که‌متان له‌ په‌رله‌مانی داهاتو دروستکردنی‌  ده سته‌یه‌کی په‌رله‌مانی بێت بۆ به‌دواچونی که‌یسی سۆران و دۆزینه‌وه‌ی  بکوژان و ئه‌وانه‌ی له‌ ژوره‌ داخراو و نهێنیه‌کانه‌وه‌ فه‌رمانیان به‌ بکوژان دا، له‌ هه‌ر ئاستێکی لێپرسراویدا بن که‌ هه‌ن! چ
سه‌روه‌ریه‌کی مێژووییتان بۆخۆتان تۆمار ده‌کرد ئه‌گه‌ر  مه‌رجی مانه وه‌تان ‌له‌ لیسته‌که‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ببه‌ستنه‌‌وه‌ به‌ په‌یمانێک که‌ مه‌سعود و نێچیروان بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی له‌به‌رده‌م ڕاگه‌یاندن و میدیای ئازادا یان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی داهاتوی کوردوستانا، به‌ ئێوه‌ و   به‌هه‌مو گه‌لی کوردی ده‌ده‌ن، بۆ دۆزینه‌وه و سزادانی قانونیی بکوژه‌کانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه و هه ر شه‌هیدێکی تری بیروبڕوا  و هه‌ر به‌ ناحه‌ق کوژراوێکی تری ئه‌م کوردوستانه.
 
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیانه‌ به‌ لوتبه‌رزی و غوروری ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆرهه‌ڵاتی  داوا و مه‌رجه‌‌کانتانیان  قوبو‌ڵ نه‌کرد، ئه‌وا له‌ لیسته‌ که‌یان وه‌ره‌نه‌ده‌رێ، هوشیاربن هوشیار! „ هوشیاره‌“ ئه‌وه‌ی دێته‌ده‌رێ ، چونکه‌ پله‌ و پایه‌،  „دونیا خه‌راباته**“‌  خه‌رابات!

**ئاماژه‌یه‌ به‌و شیعره‌ی مه‌حوی که‌ ده‌ڵێت: شوکور هوشیاره‌ مه‌حوی تێده‌گا دونیا حه‌راباته‌
که‌ به‌دبه‌ختی بکا ئه‌هلی خراپه‌ی بۆچی لێده‌گرم

د.هه‌ژار مه‌عروف ـــ 7 ی 7 ی 2009
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.