
گه‌ڕان به‌دوای منداڵیی …. عومه‌ر جه‌لال
شێتێك به‌ده‌م جگه‌ره كێشانه‌وه
منداڵیی منی بینیبوو له كۆڵانێكدا
مژۆڵی فرۆشتنی ته‌نیایی بووم
كێلی گۆڕێكی دراوسێی گۆڕی باوكم
ناوی سیانی منی له‌سه‌ر نووسرابوو
ئه‌شێ به‌منداڵیی مردبم و نه‌مزانیبێت
هه‌ر رۆژه و له تێك له‌یاده‌وه‌ری منداڵیی ده‌دۆزمه‌وه
هه‌ڵماتێكم به‌ده‌سته‌وه‌یه
بۆنی منداڵیی پێوه ماوه
ره‌نگه‌كانی ناوه‌وه‌ی ئاسمانی هه‌نووكه بوون
خڕێتی له شێوه‌ی رۆژو زه‌وی بوون
ژیان ره‌شكردنه‌وه‌ی منداڵییه
جه‌نگ پرۆتۆكۆلی ناردنی منداڵییه بۆ دۆزه‌خ
له ئاوێنه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه نزیك ده‌بمه‌وه
له نسێی دره‌ختێكی پیر ئۆخژنێك ده‌ده‌م
ریقنه‌ی ئه‌و چۆله‌كانه‌ی به منداڵیی ده‌مكوشتن
جه‌سته‌م به ره‌هایی ون ده‌كات
رامان له گه‌مه‌كانی منداڵیی
رامانه له نهێنیی خودا
نووستن له ماڵی منداڵیی
نووستنه له به‌هه‌شت به دزیی گه‌وره‌بوونه‌وه
شه‌وانی منداڵیی ته‌ژییه له ترس
ئێوارانی ره‌نگینه به بۆنی باران
كێ له فانتازیای منداڵییدا ده‌مرێ ؟
شیعر پاككردنه‌وه‌ی ژووری منداڵییه له زیندانی گه‌وره‌بوون
یاخی بوون ده‌ستگرتنی منداڵییه بۆ جه‌نگه‌ڵه‌كانی سرووشت
منداڵیی باڵنده‌یه‌كی بێ باڵه‌و ده‌فڕێ
كانییه‌كی بێ ئاوه‌و تینوێتی ده‌شكێنێت
له ماڵَێكی ره‌نگاو ره‌نگ منداڵیی ده‌رده‌كرێت
گه‌وره‌بوون ده‌خیله‌كه‌ی ده‌شكێنێت
منداڵیی له بازاڕدا ده‌فرۆشرێت
كه‌س نایكڕێت جگه له شاعیره‌كان
كه‌س بانگی ناكات جگه له عاشقه‌كان
كه‌س گوڵه‌به‌رۆژه‌ی لێ ناكرێت جگه له خۆی
كه‌س ده‌ستی ناگرێت جگه له –با-
باران له گه‌رماوی وه‌ڕسیدا ده‌یشۆرێت
به‌فر فێری بێده‌نگی ده‌كات
ئه‌ستێره باسی جوانی بۆ ده‌كات و
ئاسمان زه‌وییه‌كی دیكه‌ی نیشان ده‌دات
منداڵیی له پشتی ئاو خۆی ده‌شارێته‌وه
پێڵاوێكی لاستیك ده‌یبات بۆ به‌هه‌شت
كۆلاره‌یه‌كی ره‌نگاو ره‌نگ پیاسه‌ی ئاسمانی پێ ده‌كات
كوكوختییه‌ك له‌سه‌ر دره‌ختێكی یۆكالیپتۆز ده‌یفڕێنێت
به‌هه‌وره سپییه‌كانی ده‌ناسێنێت
ژوورێكی له ته‌نیشت مانگ بۆ چێ ئه‌كات
به‌یانیان له‌ته‌ك تیشكی خۆردا
ئاوێته ده‌بێت به باخچه
ده‌نگێكی ناساز به تۆپزیی
به‌دیار بۆیاخكردنی پێلاوێكه‌وه له‌خه‌ونی ده‌كات
یاده‌وه‌ری كۆلانێكی ره‌شپۆشی بێ‌ئومێد
به‌فرمێسك ته‌رم ئه‌كات
په‌رچووی لێكردنه‌وه‌ی میوه‌كان بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ لێم ئه‌كردنه‌وه
هێنده‌ی نووسینی شیعرێك ئه‌مگرێنێت
كوشتنی په‌پوله پایزه هه‌ر بۆ شۆخیی
هێنده كوشتنی ره‌نگی ئاو ئازارم ئه‌دات
ئه‌و داره‌ی كه دارا ده‌یبینی
مردین و هه‌ر نه‌مان دی
دارێك ده‌سته‌كانمانی له‌ت له‌ت ئه‌كرد
دارێك بردینی بۆ گۆڕستان
دارێك گه‌وره‌كان بڕییانه‌وه
داراكه‌ی دارامان نه‌بینی
منداڵیی خه‌ون ده‌بینێت
ده‌فرێت له پانتایی ئاسمان
ده‌ستی زه‌مه‌نێك دێت ده‌یكوژێت
له رووبارێكی بێ ئۆقره
ده‌چێته قولابی ماسییه‌كه‌وه
له زه‌مه‌نی بیًهوده‌یی و دیكتاتۆردا
ده‌كرێته ژێر گڵَه‌وه
گه‌وره ده‌كرێت به ناچاریی
له‌به‌ره‌كانی جه‌نگدا خۆی ده‌كوژێت
ده‌فرۆشرێت به‌چركه‌یه‌ك ئاسووده‌ی
له مزگه‌وتێكدا شه‌وێك ده‌دۆزرێته‌وه
ناوی ده‌نێن منداڵیی زۆڵ و كوڕی- با-
شه‌پۆله‌كانی كه‌نار یادی منداڵیی ده‌مته‌زێنێت
راكردن له سیله‌ی كۆلان و به دوای ئۆتۆمبیلی دڵره‌ق كه‌وتن
كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گومان و گه‌ڕان به‌دوای دڵی زه‌وی
سه‌ردانی گۆڕستان و ئیره‌یی به‌جوانی مانگ
هه‌رده‌م ئێوه نابینن
منداڵیی له خه‌ره‌ندێكی نامۆ نووستوه
هه‌رده‌م ئێوه نابیستن
منداڵیی له گه‌ڕه‌كێكی پیر به‌گۆچانێكه‌وه ده‌ڕوا به‌ره‌و ماڵی مردن
باڵَی منداڵیی له‌ته‌ك باڵی په‌پوله‌یه‌كدا ده‌شكێت
له‌دره‌ختێكی بڵَنده‌وه به‌رده‌بێته‌وه ناو ته‌نیایی
شه‌وێك ئه‌فسانه‌ی جه‌نگه‌ڵێك ده‌یدزێت
زمانی ئاژه‌ڵه‌كان فێر ده‌بێت
كۆدی ده‌رخسته‌ی شۆخیی سرووشت ده‌بات
منداڵیی نایه‌ته‌وه له ئاسمان
هه‌تا ره‌نگی خوێن بمێنێت
هه‌تا ده‌نگی جه‌نگ به‌رده‌وام بێت
هه‌تا مردن له بۆسه‌دا بێت
هه‌تا به‌خته‌وه‌ری خۆی حه‌شاردات
ئیدی منداڵیی نایه‌ته‌وه
له‌تێك له منداڵیی به دره‌ختێكی پیره‌وه جێ ده‌مێنێت
نمه‌ی بارانی ئێواره ئاوێته‌ی ته‌نیایی ده‌كات
كانییه‌ك چۆڕێك له منداڵیی ده‌كات به پاسه‌وانی خۆی
باڵنده‌كانی ته‌مه‌ن ده‌نووكی تێده‌كه‌ن و لێڵی ده‌كه‌ن
ده‌سته‌كانی منداڵیی به‌ته‌خته ره‌شێكه‌وه جێ ده‌مێنبَت
رسته‌ی بێهوده‌یی ته‌واو ناكات
تینوێتی خه‌ونی منداڵیی
له سه‌ر باڵی ئه‌ستێره‌یه‌ك ماڵێك بۆ خۆی چێ ئه‌كات
پایزێك له‌تێكی یاده‌وه‌ری منداڵیی به‌سه‌ردان دێته‌وه
بۆنی باران و ناسكی په‌شمه‌ك و ئۆتۆمبێلێكی باغه دابه‌ش ده‌كات
منداڵیی له‌ته‌ك چڵێك نێرگز دێته‌وه
ئێمه نایبینین
پیربووه دڵی منداڵیی
ئێمه نایناسینه‌وه
omerjelal@yahoo.com*وێنه‌كه‌م له‌گۆڤاری ئه‌ده‌بیی (الغاوون) ژماره 13 وه‌رگرتووه له‌ماڵپه‌ری
www.alghaoon.com