Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
له‌وێ‌ چاوه‌رێمه‌ خوا …. سۆران ئازاد

له‌وێ‌ چاوه‌رێمه‌ خوا …. سۆران ئازاد

Closed
by August 16, 2009 ئەدەب

تۆبڵی رێگایه‌كی تر نه‌بێت بۆلای خوا؟
تۆبڵێی خوا به‌و گه‌وره‌یه‌ی خۆیه‌وه‌
ئاوا ئاسان پێیبگه‌ین
هه‌ڵه‌یه‌ زۆر زۆر
به‌دوای خه‌یاڵی سه‌رابا كه‌وتووین
ئێمه‌ بۆ هێنده‌ زوو رێگمان هه‌ڵه‌ كرد

ئه‌بێ‌ برۆم و دوور دوور برۆم
برۆم و ئاسان نه‌دۆزرێمه‌وه‌
برۆم بۆ جێگه‌یه‌ك
خۆر هۆن هۆن بگری به‌سه‌ر شه‌ودا
برۆم بوشوێنێك
قاقاكانی مانگ و ئه‌ستێره‌ ببیسم
له‌به‌رده‌م مندا
ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی شه‌وه‌ تاریكه‌كان ئێمه‌یان ئه‌بینی
چه‌نده‌ پێمان پێئه‌كه‌نن
ئه‌ڵێن ئێوه‌ لای ئێمه‌ن
بۆ به‌خه‌یاڵ نه‌فرین و خۆتان نه‌دۆزیه‌وه‌
ئه‌رۆم و بولبولێك ئه‌به‌م
ئه‌ڵێم سه‌یركه‌ بولبولی جوانفر
په‌پوله‌ لێره‌ چه‌نده‌ جوان ئه‌فری
ئه‌بێ‌ برۆم و خۆم ببه‌م
به‌ڵام خۆ من لێره‌م؟
ئه‌وه‌ من چیئه‌كه‌م له‌ناو ئه‌و هه‌مووئه‌ستێره‌یه‌
ئه‌وه‌ من چیئه‌كه‌م له‌و زه‌مینه‌ رووناكه‌
ئه‌رۆم و له‌ئاوی ئێره‌ ئه‌پرسم
ئای خۆئاو پره‌ له‌ ئه‌ستێره‌
ئای خۆ “با” پره‌ له‌جوانی
نا ئه‌رۆم له‌خوا ئه‌پرسم
ئای خۆ خوا به‌سه‌ر شه‌قامه‌كان پیاسه‌ ئه‌كات
ئه‌وه‌ چیئه‌كا لێره‌ و بۆ كویێ‌ ئه‌چێ‌ ؟
پێئه‌چێت خوا ماندوو بووبێت
من بێره‌ نامۆ نیم به‌ڵام ئه‌و هه‌موو جوانیه‌ شێتم ئه‌كات
وای ئه‌وه‌ من هه‌زاران چاوم هه‌یه‌؟!
ئه‌وه‌ من پرم له‌تیشك
پرم له‌هاوار
پرم له‌گریان
گریان بۆئێوه‌
وه‌رن سه‌یری ئه‌ودیوی ژیان بكه‌ن
وه‌رن خوا به‌چاوی خۆتان ببین لێتان بێزاره‌
بۆ خوا نادۆزنه‌وه‌
  وا به‌غه‌مگینیه‌وه‌ ئه‌گری
شه‌یتان به‌رز به‌رز پێئه‌كه‌نێ‌
من گه‌یشتم به‌دواین سنوره‌كانی حه‌قیقه‌ت
ئه‌ی چۆن بگه‌رێمه‌وه‌
ئای خۆ رۆیشتن هه‌موو رێگاكانی گه‌راندنه‌وه‌ داخست
چۆن بگه‌رێمه‌وه‌!
من به‌م ئه‌ستێره‌یه‌ راهاتووم
ئه‌بێ‌ برۆم به‌وان بڵێم وه‌رن ئێره‌ سه‌رزه‌مینی راسته‌قینه‌یه‌
كێ دێت؟!
خۆكه‌س خۆی نیه‌
من كه‌پرم له‌خۆم و ئه‌وان به‌تاڵ له‌خۆیان
بێره‌ نامۆۆن
چاوی ئه‌وان جوانی ئێره‌ نابینێ‌
من كه‌رۆئه‌چم به‌قوڵایی ئاو
و رۆئه‌چم به‌قوڵایی هاواره‌كانی ئۆقیانوس
ماندوو نابم
ئه‌وان كه‌رۆئه‌چن بۆخوا شه‌یتان ئه‌دۆزنه‌وه‌
ئه‌وان كه‌هه‌میشه‌ له‌تاریكین چاویان به‌م رووناكیه‌ هه‌ڵنایه‌ت
من وام و ماندوو نابم
نه‌فره‌تم لێبكه‌ن
واخه‌ریكه‌ كافر ئه‌بم
من هاتمه‌وه‌ و ئه‌بێ‌ برۆم
بمكوژن
من نیوه‌م له‌وێ و نیوه‌ لێره‌م
لێره‌ ئه‌بێ‌ برۆمه‌وه‌ بۆلای خوا
ده‌ستی خوا بگرم و بیهێنمه‌ده‌ر
ته‌نها مه‌رگه‌ ئه‌مباته‌وه‌ ئه‌وێ‌
له‌ده‌ستی ئێوه‌ و خوای ئێوه‌ رائه‌كه‌م
خوایه‌ك مه‌ست مه‌ست
شێت شێت
ئه‌و خوایه‌ی هه‌رچی فریشته‌یه‌ لێی بێزاره‌
ئه‌و خوایه‌ی پێتان ئه‌ڵێت وه‌رن حۆریه‌كانی به‌هه‌شت چاوه‌روانتانن
من بكوژن ئێوه‌ به‌خته‌وه‌ر بن
ئێوه‌ ئه‌گه‌ن به‌به‌هه‌شت و من ئه‌گه‌م به‌خوای خۆم
ئه‌و خوایه‌ چاوه‌روانمه‌
پێكه‌وه‌ مه‌ست بین و به‌رز به‌رز بۆ ئه‌ودیوی ئاسمان بفرین
من ئه‌چم بۆلای ئه‌و
ئه‌و ده‌ستم ئه‌گرێ‌ و ئه‌ڵێت
وه‌ره‌ زه‌ریایی خۆشه‌ویست ئیتر  ته‌واو
وه‌ره‌ خوار ئه‌ی مانگ ئیتر ته‌واو
بانگی خۆر بكه‌ن وئه‌ستێره‌كان كۆبكه‌نه‌وه‌
له‌شه‌یتان گه‌رێنخوا به‌گه‌وره‌یی خۆیه‌وه‌ ئه‌ڵێت
به‌س نیه‌ خاڵیه‌ له‌عه‌شق و به‌عه‌شق ئه‌سوتێ‌
به‌هه‌شت بۆ ئه‌و
بابچن شێتانه‌ عاشق بین
عه‌شق فرینه‌ به‌سه‌ر بووندا
عه‌شق خۆدۆزینه‌وه‌یه‌ و رزگار بوونه‌ له‌شه‌یتان

سۆران ئازاد – چۆمان
Soran_darbandy@yahoo.com

Previous
Next