Skip to Content

Thursday, July 7th, 2022

حسێن میسری …. قوبادی جه‌لیزاده‌

Closed
by August 16, 2009 ئەدەب

حسَین میسری
قوبادی جه‌لیزاده‌

 

 

 

هێشتا زووه‌ مردن..
له‌گه‌ڕه‌كی شانۆدا ، چه‌ند ماڵێك ماوه‌ ، سه‌ردانیان بكه‌م
له‌سه‌ر حه‌سیرێكی شڕی ده‌رهێناندا رابكشێم .

له‌باخچه‌ی درامادا ، چه‌ند شلكه‌ نه‌مامێك ماون بیان نێژم
به‌ عاره‌ق و خوێن تێراویان بكه‌م .

په‌له‌ مه‌كه‌ مردن ..
(( مام جه‌بار)) وو هاورێكانی ، سه‌رقاڵی شۆڕ كردنه‌وه‌ی زریزه‌ن ،
به‌ گه‌ردنی ده‌فدا .
ده‌بێ‌ جارێكی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ حاجییه‌ كڵۆڵه‌كاندا ،
بچینه‌وه‌ عه‌رعه‌ر .
گه‌ره‌كمه‌ له‌ مزگه‌وتی قازی موحه‌مه‌دا ، له‌گه‌ڵ عومه‌ری خاوه‌روو مه‌وله‌ویدا،
نوێژێكی دیكه‌ دابه‌ستم .
گه‌ره‌كمه‌ ئه‌م ره‌مه‌زانه‌ له‌ گه‌ڵ (( ره‌زا )) دا ، له‌سه‌ر سفره‌ی هه‌موو مالێكدا
به‌یێكه‌وه‌ فتار بكه‌ینه‌وه‌ .

هێقه‌م به‌رده‌ مردن ..
ده‌مه‌وێ‌ له‌ ناندینی ((  گوڵه‌ هیرۆ )) یه‌كدا ،
 نوردییه‌ نانێكی تر بۆ برسیه‌كانی كه‌ركوك ره‌وانه‌ بكه‌م .
بچمه‌وه‌ ره‌حیماوه‌ ، له‌تاریكترین دیده‌دا ، مۆمێك له‌ نور دابگیرسێنم
به‌ بابه‌گوڕگوڕ بڵێم ، من و تۆ مه‌شخه‌لانێكی ئه‌زه‌لین ئه‌به‌دین
ده‌مه‌وێ‌ تیشێرتێكی ره‌نگاو ره‌نگی تریش ، بده‌مه‌ به‌ر شنه‌بای
ئێوارانی سلێمانی .
له‌نێوان سۆته‌ جگه‌ره‌ی شاشه‌و
 قاپه‌ شه‌رابی شانۆدا ، كاوبۆیه‌كی تر بدڕێنمه‌وه‌ .
رووبارێكی دیكه‌ی مه‌ستی هه‌ڵقولێنم .
دێراوێكی دیكه‌ی تووتن بكێشم .

لێم گه‌ڕێ‌ با ئه‌وه‌نده‌ زوو ،
مێزی شه‌وانه‌ی كه‌كووكییه‌كان جێنه‌هێلم
كه‌ هێشتا رووباری هونه‌ر به‌به‌ر ده‌میدا هاژه‌ ده‌كات .
واز بێنه‌ با (( موكری )) ، ته‌واوی په‌رداخه‌كان ، لێوان لێوكات
له‌ شه‌رابی میتۆلۆژیا .
با نه‌هێڵم  (( جیهاد )) چناره‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ی (( ژاڵه‌ )) ،
بای غه‌در به‌لایدا بخات !
په‌له‌ مه‌كه‌ با تێر له‌  (( عه‌لی كه‌ریم )) بڕوانم ،
ده‌ڵێ‌ ی پیره‌ مه‌گروونه‌  ده‌ست به‌سه‌ری ده‌شته‌كانی هونه‌ر داده‌هێنێ‌ .
با عومرێكی دیكه‌ش (( عه‌باس و حه‌مه‌ ره‌ئووف )) بمبه‌نه‌ به‌ر بارانی میلۆدی و
شه‌ڵاڵی چریكه‌م بكه‌ن .
با زه‌مه‌نێكی دیكه‌ش ، تریقه‌ی (( شۆڕش )) ، وه‌ك رووباری هه‌نگوین ،
بڕژێته‌ قوولایی رۆحمانه‌وه‌ .
به‌ته‌ماین به‌ باڵی قسه‌ خۆشه‌كانی  (( برزۆ ))
له‌لێواری خه‌ره‌نده‌ ترسناكه‌كانی رواندزدا ،  بنیشینه‌وه‌ .
په‌له‌ مه‌كه‌ …
له‌ناو سینگی پڕ له‌ كه‌فو كوڵی (( خاره‌ قوبادا )) ،
چه‌ند ده‌قێكی شێتانه‌ ماون ، بیانخوێنمه‌وه‌ .

هێشتا زووه‌ مردن ..
(( چیمه‌ن )) هه‌موو ره‌نگه‌كانی خۆش ده‌وێ‌ ،
ئیدی بۆ تابلۆكانی ده‌كه‌یت ، به‌ ژنی ره‌شپۆش ؟!
(( یارۆ )) تازه‌ ده‌ستی شكاوه‌ ، ئیدی بۆ
دڵه‌ خنجیله‌كه‌شی ده‌شكێنیت !

په‌له‌ مه‌كه‌ …
یارۆ بۆی ساغ نه‌بۆته‌وه‌ ،
باوه‌ش به‌ شانۆدا بكات ،
یا به‌ كلكی فڵچه‌ ، له‌ده‌رگای ژووری ره‌نگ بدات .

مردن گوتی :
(( ده‌ست له‌ باوكت به‌رده‌ یارۆ،
فڵچه‌ چاو به‌ فرمێسكه‌كانی چیمه‌ن هه‌ڵگره‌وه‌و
به‌په‌نجه‌ پڕ له‌ ئازاره‌كانت
دوا پۆرترێتی
حسێن میسری پێ‌ بكێشه‌ ))
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

_ یارۆ : كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی میسری
– چیمه‌ن : هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار، هاوسه‌ری میسری

 

 

Previous
Next