
نامه‌یه‌ک بۆ ئاری خه‌یات …. حه‌مه سه‌عید که‌لاری
22/8/2009
مه‌پرسه من کێم و مه‌خوازه وه‌ک خۆم بمێنمه‌وه.
" فۆکۆ "سڵاو هاوڕێ غه‌ریبه‌که
ئه‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی که به‌ر شه‌پۆلێکی شێتی ئه‌م ڕه‌شه‌بایه که‌وتویت و خۆتیش نازانیت له که‌ناری کام بیابان و چۆڵه‌وانیی رۆحدا ده‌گیرسێیته‌وه.
تۆ له‌ناو حه‌شامه‌تێکی وێڵ و سه‌رگه‌ردانا ژیان ده‌گوزه‌رێنیت ، له ناو حه‌شامه‌تێکی کۆیله‌و به‌سته‌زمانا که جگه له خۆبه‌ختکردن فڕینێکی ترنایبزوێنێ و ناشزانێت چه‌ندجاری تر ده‌کرێته قۆچی قوربان . ئێستا له‌وێ په‌له‌قاژه‌ته و نازانیت به‌ره‌و کام ئاسمانی سه‌رفه‌رازیی له‌شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌یت و هه‌ڵده‌فرێت، ده فریت و به‌سه‌ر فه‌زایه‌کی ته‌ماویدا باڵ لێکده‌ده‌یت و ده‌نیشیته‌وه‌و له نیشتنه‌وه‌شدا ئۆقره ناگریت ، من به‌چاوی دڵ ده‌تبینم له پیاسه‌کانی ئه‌ندێشه‌تدا چۆن تیشکی سوتێنه‌ری نیگای ناوه‌ختی سه‌ره‌ڕێگاکان رۆحت هه‌ڵه‌قرچێنێت و تاوه ته‌رزه‌ی بێئاگایی وه‌ک نارنجۆک له به‌ر پێتدا ، به‌سه‌ر سه‌رتدا ده ته‌قێته‌وه‌و پڕ به گه‌رووت و به بێده‌نگیی ده‌قریشکێنیت،ده قریشکێنیت و که‌چیی قریشکه‌ت که‌س که‌س،ته‌نانه‌ت خالقیش راناچه‌ڵه‌کێنێت!!
تۆ به‌ناو ئاپۆڕه‌یه‌کی تاعوونگرتودا رۆژانه دێیت و ده‌چییت ، که‌چیی نه ئه‌وان تاعوونه‌که له په‌ل و پۆیان ده‌خات و نه تۆش تووشی په‌تاکه ده‌بیت!!گرفت ئاااا له و‌ێدایه که تووشی په‌تاکه نابیت بۆیه وائازار رۆحت بنکۆڵده‌کات! گه‌ر وابڕوات زۆر ده‌ترسم به‌رگه نه‌گریت و رۆژێک وه‌ک دار به‌ڕوویه‌کی کرمۆڵ به‌لایه‌کدا بکه‌ویت و به‌ره‌و خه‌ره‌نده‌که گلۆرببیته‌وه ، یان له‌ناوقه‌دا‌ته‌ورێکی ده‌م کولی ژه‌نگن داتبپاچێت.
هاوڕێم
له پێشکه‌شکردنی کتێبه پڕبه‌هاکتدا بۆمت نووسیوه:
تۆ بێژه
تۆ بنووسه
کۆمه‌کم،
به‌لای منه‌وه زۆرجار له‌پشت بێده‌نگیه‌کانه‌وه پرسیاری قورس و مانادار بوونی هه‌یه، فره که‌ڕه‌ت کپیی ده‌ریا به شه‌پۆلی شێت ئاوسه . بڕوام وایه هه‌موو کاتێک ( فره وتن قورعانیش خۆش نیه )* به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م گورزه‌یه‌ک له خه‌رمانی خه‌م و ئه‌ندێشه‌کا‌نم باس بکه‌م بۆت.
من یه‌ژم وێژه و نووسین زۆر جار نه دادی تۆ ده‌دات و نه ته‌سکینیی من. نووسین بۆ ئێمه و مانان له به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی خوود بۆ کاتێکی دیاری کراو به‌ولاوه مانایه‌کی تر نابه‌خشێت ، وا هه‌ست ده‌که‌م له‌م ( حه‌شری نێره‌که‌ره‌دا ) که‌س که‌س ناخوێنێته‌وه، ئه‌وه‌تا له‌م زه‌مه‌نه قه‌حپه‌یه‌دا هێشووی حه‌رف و گوڵه لاولاوی ڕسته و بۆڵه ترێی شیعر ئه‌تک ده‌کرێت ، نووسین رۆژانه له ڕاسگۆیی له گه‌ڵ زات و خوێنه‌ردا به‌تاڵ ده‌کرێته‌وه ،خۆ شیعیریش، ئه‌وه هه‌ر باس مه‌که،( ناڵێم هه‌موو ) زۆربه‌ی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ی به‌ر چاو ده‌که‌ون له سیحر و جوانی و عه‌شق دا‌ماڵراون بۆیه خوێنه‌ریش له له‌زه‌تی پێکێک شه‌رابی خوێندنه‌وه بێبه‌ش ده‌بێت، ئاخر چۆن ده‌شێت مرۆڤێکی نابه‌خشنده و موزیڕ شیعری جوان به‌رهه‌م بهێنێت؟ هاااا؟؟له‌وه سه‌یرتر هاوڕێ ده‌ڵێن……….. ( دیکتاتۆره‌که‌ی عۆجه)ش شیعری نووسیوه!!! وااای چه‌ن گوناحه شیعر.
تۆ داوای کۆمه‌کم لێده‌که‌یت!!
ئێ له‌م قه‌یرانی ویژدانه‌دا چۆن و به چیی کۆمه‌کت که‌م؟؟
ئه‌ی کێ کۆمه‌کی خۆم بکات؟؟!!
هاورێم بالێت نه‌شارمه‌وه، من موده‌تێکه ترس له گۆشه‌یه‌کی ماڵه‌که‌ی خۆیدا ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوم ، ترس ده‌می دووریومه‌ته‌وه‌و خه‌ریکه له په‌ل و پۆم ده‌خات، ئه‌م رۆژانه گومان سه‌ری کردوه‌ته ڕۆحم ته‌نانه‌ت له ڕوخساره قه‌شه‌نگ و لێو به‌خه‌نده‌کانیش تۆقیوم ،له‌ته‌ک ئه‌وترسه له‌عنه‌تیه‌شه‌دا ته‌نیایی له ئامێزی گرتوم و ورده ورده کنه له رۆحم ده‌کات ، ئه‌م رۆژانه زۆربه‌ی کاته‌کانم به خه‌و ده‌کوژم، ده‌زا‌نیت خه‌ویش جۆرێکه له مردن، ئاخرخۆ مه‌رگیش نابێته میوان و که‌سێکیش نیه (ئه‌م سه‌ره‌ی من له لاشه‌م جیا بکاتاوه).**
ئیتر یه‌قینه لام که ته‌نیا حه‌قیقه‌تێک له‌م ژیانه‌دا هه‌بێت مردنه و به‌س هه‌ر بۆیه زۆر کات ئاره‌زووی ئه‌زموونی ده‌که‌م .
با له شه‌رحی حاڵی خۆم گه‌ڕێم هاوڕێ ، زۆرم لایه توخودا با باری شانت به خه‌م و خه‌فه‌ته‌کانم قورس‌تر نه‌که‌م ،ده‌ی ئه‌وه نیه پێشینان گوتوویانه( ئه‌و که‌سه‌ی که‌سه ئه‌لفێکی به‌سه) ، من دڵنیام تۆش ئه‌و که‌سه‌یت.
هاوڕێم کوڕه پیره‌که، واتا ،پیاوه به ئه‌زموون و داناکه،
کاسێتی مۆزیکه‌که‌ت و کتێبه‌که‌ش که‌شته ده‌ستم، سه‌یربوو، ئاخر له گه‌ڵ هه‌ڵبچڕینی زه‌رفه‌که‌دا عه‌تری زڵه‌ی زامی رۆحتم هه‌ڵمژیی،تامی سوێری کروشکه‌کردنه‌کانت له گۆشه‌یه‌کی ژووره جه‌نجاڵه‌کت و بۆنی ئه‌بڵقی روانینت به‌سه‌ر یه‌که‌مین لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌که‌ی (ئۆشۆ)وه م کرد، له‌زه‌تم له دانه رێزه‌ی ئه‌سرینی چاوه‌کانی خه‌یاڵت برد و به کوڵ گریام، وااای گریان چنیعمه‌تێکی ئیلاهیه و زه‌مه‌نێکه بێبه‌شم لێی، خودا ئه‌و که‌سه به ڕه‌حمه‌ت بگریت که له‌گریان بێبشی کردم، ئاااای چه‌نده بیری ده‌که‌م ،ئاخر له‌و ڕۆژه‌وه که ده‌نگم له ده‌نگه‌کاندا ناژنه‌وی وله کڵاوڕۆژنه‌ی کۆشکی خه‌فه‌تا نووزه‌یه‌کم نابینیته‌وه، منیش ده‌نگی ئه‌و نابیسم ، له‌وساوه ئیتر شه‌وانه که‌ناریه‌کی گه‌روو پڕله گریه و غه‌مگین نامکاته خه‌و ، له‌و رۆژه‌وه ئیتر زمانی قه‌ڵه‌می ته‌ڕم ڕوومه‌تی سپی شیعرێکی ماچ نه‌کردوه و قه‌سیده‌یه‌ک،هه‌ر بۆ هه‌وه‌س سه‌ردانی ژووری ته‌نیایی نه‌کردوم ، به‌درێژایی ئه‌م موده‌ته شه‌وێک له شه‌وه‌کا‌نی دڵته‌نگیم کچه چیرۆکێکی خه‌مبار زیاره‌تی ژووری نوستنی نه‌کردم تا به‌ده‌نگێکی پڕله‌حوزن و به نازه‌وه بڵێت ( هاوڕێێێێێ…….. بۆتائێستا نه نوستویت ؟… بێتاقه‌تی؟ )له‌ورۆژه‌وه په‌ره‌گراف له دوای په‌ره‌گراف له ڕۆمانی (مه‌مله‌که‌تی گورگه‌کان ) *** دێنه خه‌وم و سه‌گه‌کانی ترس، ترس له نادیار، تا به‌یانیی راوم ده‌نێن و که‌چیی له خه‌ونامه‌کانی ( فرۆید )یشدا ته‌فسیرێکیان بۆ نادۆزمه‌وه.
عه‌زیزه‌که‌م ………….
له ڕۆژی بێده‌نگیمه‌وه تا ئه‌مڕۆ که پۆسته‌که‌ت گه‌یشته ده‌ستم گوێم له زۆر پارچه مۆزیک گرتوه ،هه‌ر هه‌مویان یان ته‌سکینیان نه‌داوم یان یادگاره تاڵه‌کانی ڕۆژانی ڕابوردوویان له یاده‌وه‌ریمدا بووژاندوه‌ته‌وه‌و برینه‌کانی رۆحم هاتوونه‌ته‌وه سۆ و له گوێگرتنیان وه‌ڕسبوومه دوا جار به ناچاریی له ژووره‌که‌م ده‌رپه‌ڕیمه‌ته ده‌ره‌وه تا هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ هه‌ڵمژم و خۆم له خنکان رزگار بکه‌م ، به‌ڵام ئه‌مرۆ به یه‌ک بیین گوێم له هه‌ر هه‌ژده تراکی مۆزیکه‌که‌ت گرت، ئه‌شێت ئه‌م ئاوازانه به‌شێک بن له ئه‌و پارچه مۆزیکه‌ی
که به فه‌رمانی یه‌زدان ، فریشته‌کان بۆ ڕۆحیان ژه‌ند تا رازی بێت بچێته ناو په‌یکه‌ره گڵینه‌که‌ی باوه ئاده‌مه‌وه ، تا له‌م زینهاره‌دا نه‌وه‌کانی مۆزیکێک بژه‌نن و ئاوازێک بژنه‌ون که مرۆڤایه‌تیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه . به‌ڵێ هاورێم مۆزیکه‌که چێژێکی وای پێبه‌خشیم بێئه‌وه‌ی به خۆم بزانم له نه‌ریتی خۆم ده‌رچووم و ئه‌وه‌ند ده‌نگی بڵندگۆکه‌م به‌رزکرده‌وه تا هاوسێکه‌مان ئه‌و ئاوازه ئاسمانیه بێزاری کردبو و گوتبووی ((ئه‌رێ ئه‌م فیقه فیقه چیه ))!!
ئاخر ئه‌و یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی که به لێککردنه‌وه‌ی په‌ڕه له‌دوای په‌ڕه‌ی خونچه گوڵێک به‌ختی خۆیان ده‌خوێننه‌وه!.
هه‌ر ئه‌وهۆیه‌شه وام لێده‌کات بڵێم ئه‌و که‌سه‌ی گوێ له مۆزیک بگرێت هه‌رگیز گوڵێک هه‌ڵنا‌بڕسکێنێت و قه‌تیش نابێته جاسووس به‌سه‌ر گوڵه‌باخه‌وه،نانا جگه له‌م دونیایه‌دا جگه له مه‌رگ حه‌قتقه‌تێکی تر هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له هه‌ر شوێنێکدا ، له هه‌ر باخچه‌یه‌کدا که گوێ نه‌بوو بۆ بیستنی پارچه ئاوازێک ئاااا له وی‌دا ئیتر چاوه‌ڕوانبه ، کۆتریش ڕاپۆرت بۆ هه‌ڵۆ پیره‌کان به‌رز ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت "" گه‌وره‌م ئه‌م به‌یانیه له کووچه‌ی ئه‌و باخه‌دا دوو که‌ناریم بینیی سه‌ریان نابوو به‌یه‌که‌وه وا بزانم باسیان له فڕینی بێچوه‌کا‌نی خۆیان ده‌کرد، به‌ڵێ گه‌وره‌م من دڵنیام وانه‌ی یاخیبوونیان فێرده‌کردن ، دوو که‌متیاری جوانیشم دیی چه‌ن به به‌زه‌یی بوون کاتێک به که‌ڵپه تیژ و تیغئاساکانیان ،له‌سه‌ر شه‌ره‌ف کارمامزێکیان په‌ل په‌ل ده‌کرد.""
به‌ڵێ هاوڕێم، له باخچه‌دا کاتێک مۆزیک سه‌رهه‌ڵده‌گرێت و گۆچ ده‌کات عه‌شق ده‌مرێت ، ئیتر بولبول نه‌ک بۆ بولبول ، به‌ڵکو له بولبول ده‌خوێنێت و کۆتره باریکه‌ش سبه‌ینان که پرچی ته‌ڕی شه‌وبۆ ده‌بینێت به ئاونگ،تێری لێده‌خواته‌وه‌و پاشانیش بوختانی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ، په‌ڕه‌سێلکه‌ش پیرۆزیی خۆی ده‌دۆڕێنێت و له گه‌ڵ نێره جۆله‌که‌یه‌کی فێڵبازدا ده‌ست و په‌نجه تێکه‌ڵ ده‌کا و بێشه‌رمانه ستیانه‌که‌ی به سه‌ر ته‌نافی ماڵی گوڵه لاولاودا هه‌ڵده‌واسێت، پاشانیش ده‌دا له قاقای پێکه‌نین !! نه‌ک ئه‌وه‌ند ، یه‌قینه لام له هه‌ر جێ و سه‌رزه‌مینێکدا که مۆزیک بایه‌خی نه‌بوو باخچه ده‌بێته جه‌نگه‌ڵ و سنووری مه‌مله‌که‌ت به میز ره‌نگرێژ ده‌کرێت.* پێشینان وتوویانه ( فره وتن قورعان خۆشه )
** دێڕه شیعرێکی ساڵانی 992 ی نووسه‌ر.
*** ناوی کتێبێکی نووسه‌ره و ئاماده‌یه بۆ چاپ.