مانگی ره‌مه‌زان و كورد و قۆڵبڕین
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
ره‌مه‌زان مانگێكه، موسڵمانان پراكتیكی تهواوهتیو سه‌رتاسه‌ری فهرزهكانو سوننه‌ته‌كان‌و ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌رامبه‌ر خودای كردگارو میهره‌بان جێبه‌جێده‌كه‌ن.. حیكمه‌تێكی گه‌وره‌ی تێدایه كه‌مرۆڤ دانبه‌خۆیدا بگرێت‌و لهسپێدهوه بۆ زهردهپهڕو ئێواره نه‌نان ده‌خوات نه‌ئاو ده‌خواته‌وه‌و نه‌هیچ كردارێكی ناشرین‌و نهخراپهكاری ده‌كات .! به‌كورتی حیكمهتو په‌ندی گه‌وره‌ی ره‌مه‌زان له‌وه‌دایه مرۆڤی خواناس‌و باوه‌ڕدار، واز لهشههوانییهته غه‌ریزییه بێشوومارهكانی زاتی خۆی بێنێ ، له‌پێستی خراپه‌و به‌دكاری مرۆڤێكی به‌د بچێته ده‌ره‌وه‌و پۆشاكی فریشته‌یه‌كی پاك‌و چاك بپۆشێت … ببێته مرۆڤێكی ته‌واوو كامڵ، خاڵی بێت له‌درۆو دزی‌و گزی‌و دڵپیسیو داوێن پیسی‌و كوشت‌و كوشتار !!
ره‌مه‌زان لابورێكی سی (30) ژوورییهو مرۆڤی گوناهبار پیایدا تێپه‌ڕده‌بێ، به‌ئاوێكی پاك خۆی بسمیل دهكاتو خۆی له‌گوناهو له خراپه‌كاری پاك ده‌كاته‌وه.. جارێكی دیكه په‌یمان بهخۆیو به‌یه‌زدان ده‌داته‌وه كه‌ئیدی مرۆڤێك بێت، رێز له‌مرۆڤی به‌رامبه‌ری خۆی بگرێت، یه‌كسانی‌و برایه‌تی پیاده بكات‌و ئیدامه به‌ژیانێكی پڕلهقهناعهتو موحیبهتو رێز‌و ئاسوده‌یی‌و هێمنی بدات، چ باشی‌و چاكه‌یه‌كی بۆ خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی ده‌خوازێت، بۆ هاوسێو بۆ هاوڵاتیو هاونیشتمانییه‌كه‌ی خۆشی داخوازبێتو رۆژانه بهكردارو به‌هه‌ڵوێست نوومایشی بكات…!
ره‌مه‌زان بۆ ئه‌و هۆكاره ئافهریدهو فه‌راهه‌م كراوه ، كه‌ئیدی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا (به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندو خوا پێداوه‌كان) پێویسته بیر لهههژارانو نه‌داران بكه‌نه‌وه … پێویسته چێژی ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی برسێتی‌و تینووێتی مرۆڤه هه‌ژارو برسییه‌كان به‌كرداره‌كی هه‌ست پێبكهنو له‌رووی ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه ده‌ستی هاریكارییان بۆ درێژبكهنو به‌برای هاوتای خۆیانیان بزانن … له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ، پێویسته له‌مانگی ره‌مه‌زاندا كار‌و كاسبی به‌وپه‌ڕی ویژدان‌و دادپهروهریو مرۆڤدۆستانه‌وه به‌ڕێوه ببرێت.. پێویسته ته‌رازووه‌كان لهراستیو لهههقهوه نزیك بن، كه‌س گزی‌و فزی‌و دزی له‌برای هاوڵاتیو هاوشاریی خۆی نه‌كات.. كه‌س سوێندی درۆ‌و ته‌ڵاقی سێبه‌سێ له‌سه‌ر سه‌لكه پیازێك یان سێ چڵ كهرهویس نه‌خوات ،كه‌س چاوی برسی‌و زه‌قی ئه‌هریمه‌نانه‌ی خۆی نه‌بڕێته نامووس‌و حه‌ره‌می ماڵی هاوسێو هاوكاری خۆی … كه‌س چاڵ بۆ براو خۆشكی خۆی ههڵنهكهنێت …!
ئه‌مانه‌و گه‌لێكی دیكه نییهتو حیكمه‌تی راسته‌قینه‌ی مانگی ره‌مه‌زان دهگهیهنێتو پێویست وابوو ئیدی له‌كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كاندا له دوای ره‌مه‌زانیش ، دۆخی چاكه‌خوازی‌و خێرخوازی‌و مرۆڤدۆستی له‌بره‌ودا بووایه.. پێویست وابوو یه‌كسانی‌و برایهتیو ئازادی‌و ئاسوودهییو دادپهروهریو سه‌روه‌ریی یاسا له‌وپه‌ڕی سهرفرازیو بهركهماڵیدا بووایه … پێویست بوو له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێكدا (حاته‌م تهی یان پیاوی چاكه خواز‌و به‌خشنده‌ی له‌شێوه‌ی كه‌ریمی عه‌له‌كه‌و عه‌لی كه‌مال‌و رۆبن هوودو سهعالیك)و چه‌نده‌ها پیاوی مه‌زنی به‌خشنده‌و فریادڕهسو خێرخوا، دیوه‌خانی گه‌وره‌و مزگه‌وته‌كان‌و كڵێساكان (له‌شێوه‌ی كاریتاس /كهخێرخوازو به‌خشنده‌ن له‌ئه‌وروپا) بۆ هه‌ژارو بۆ رهشوڕووتو برسییه‌كان بخه‌نه‌سه‌ر گازی پشت‌و ده‌رگاكانیان واڵا بكردایه‌ته‌وه.. هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌مانگی ره‌مه‌زاندا، به‌م كار‌و كرده‌وه چاكه ههڵبسانایهو دیارده‌ی برسێتی‌و بێكاری‌و هه‌ژاری كه راده‌و رێژه‌یان زیاد له‌هه‌موو ساڵێك ،ئه‌مساڵ لهوپهڕیدایهو دیارده‌ی هه‌ژاریی ژێر هێڵی هه‌ژاری لهكوردستانهكهماندا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌و وهدهركهوتوون!
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له‌كوردستانی ئازاد‌و زه‌نگیندا ده‌یبینین، جێی ئومێدبهخشیو گه‌شبینی نییه ، له‌هیچ گه‌ڕه‌كێكدا مزگه‌وتێك یان دیوه‌خانێك یان ماڵێك یاخود دوكانێك به‌دیناكه‌یت، كه‌هیچ كام له‌م ده‌وڵه‌مه‌نده ملیۆنێرو ملیاردێرانهمان یان هیچ كام له‌م بهرپرسو مه‌سئولانه‌ی خۆمان كهشهق له‌ملیۆن دینار ده‌ده‌ن.. تاقه یه‌ك هه‌ژار تێر ناكهنو تاقه یه‌ك په‌رداخ "له‌م وشكه ساڵییه قات‌و قڕییهدا" به‌سه‌ر هیچ تینووییهكدا نابه‌خشنه‌وه.
كه‌واته مانگی ره‌مه‌زانیش ناتوانێت هیچ رۆڵێكی ئه‌وتۆ بگێڕێت‌و ده‌وڵه‌مه‌ندو به‌رپرسه ملیاردێرهكانمان هانبدات، مرۆڤدۆست‌و بهخشندهبن ، بیریان لای مرۆڤی برسی‌و هه‌ژارو تینووبێت ، به‌زه‌ییان به منداڵ‌و ژن‌و پیری بێنه‌واو فڕێدراوو پهراوێزكراوی سهرشهقامو كۆڵانه‌كانی ئه‌م كوردستانه هه‌تیوه‌دا بێته‌وه، كه‌واته بۆ هه‌موومان ئاشكرابوو كه هیچ باوه‌ڕو خوداپه‌رستی‌و ئایین‌و ویژدان‌و مۆڕاڵێكی به‌رزو جوان، یان هیچ شێوه فه‌لسه‌فه‌و رێبازێكی مرۆڤدۆستی‌و ئینسانی‌و كوردایه‌تی لهویژدانو لهمێشكو له‌ده‌روونی ئه‌م بهرپرسو ده‌وڵه‌مه‌نده كوردانه‌دا نه‌ماوه..
بۆ پاسادانی راستی ئه‌م قسه‌یه‌ش فه‌رموو له به‌رنامه‌كانی تهلهفزیۆنو كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان بڕوانن كه ته‌نها پێشبڕكێ‌و قومارخانه‌ن بۆ بردنه‌وه‌و دۆڕاندنی خه‌ڵكی، هاندانی تاكی كورده ببنه قومارچیو ته‌نها (هامهرو دۆلار)یان لهبیربێتو به‌م مانگی ره‌مه‌زانه بره‌و به قوماركردن دهدرێتو پیاوانی ئایینی ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتیش، پارووی چه‌ور له به‌رده‌م سپلیتدا لووش ده‌ده‌ن.
تاقه یه‌ك به‌رنامه‌ی شه‌رمن هه‌یه كه به‌ربانگ له‌گه‌ڵ هه‌ژارانی ژێر هێڵی سفری هه‌ژاریدا دهكاتو بڕی پاره‌ی به‌خشراویش زۆر كه‌مه‌و له‌جێگه‌ی نه‌بووانه!! كه‌مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه بۆ مرۆڤدۆستی!!! چه‌ند ساڵێكه ،هه‌ر كه‌مانگی ره‌مه‌زان دێته پێشێ ئیدی نرخی شتوومه‌ك‌و خۆراك‌و كاڵا له‌بازاڕدا ئاگردهكهنهوهو دووقات گرانی دهكهنو حكومه‌تیش وه‌كو نه‌عامه، سه‌ری له‌نێو خۆڵ‌و قوڕی بۆگه‌نی كوردستاندا وندهكاتو كۆنترۆڵهكانو غه‌رامه‌و به‌رپرسیارێتی خۆی‌و سزادانی سه‌رپێچی كاران ده‌خاته‌وه نێو قاسه زێڕین‌و دیگیتاڵهكانی خۆی‌و نقه‌ی بۆ ناكات!
له‌ره‌مه‌زاندا نه تاكی كوردی فرۆشیارو كاسب، نهدهوڵهمهندو نه مهسئولو بهرپرسو نه پیاوانی ئایینی كورد‌و نه مزگه‌وته‌كان‌و نه كڵێساكان هیچیان ئه‌وه‌نده‌ی خوالێخۆشبوو (كه‌ریمی عه‌له‌كه)ی سلێمانی كه ( كریستیان بووه) بهخشندهنینو ناتوانن په‌رداخێك ئاو بكه‌ن به‌ده‌می تینووییهكهوه!! چونكه هه‌موومان پێكه‌وه په‌یمانمان داوه پاره‌و دۆلار دۆستبین نه‌ك مرۆڤدۆست..له پێناوی پاره‌دایه كه چاوچنۆك و قۆڵبڕین!!
نه كه‌سمان روومان له‌خوایه‌و نه كه‌سمان بڕوادارو باوه‌ڕ پته‌وین..!
تێبینی زۆر گرنگ: هۆكاری هه‌ره گه‌وره‌ش له‌مبواره‌وه نه‌بوونی یاسای سه‌روه‌ره به تایبه‌ت له شاری سلێمانیدا كه به‌داخه‌وه خۆزگه ڕاستبوایه كه ده‌ڵێن ئاشێكهو به هه‌وای خوا ده‌گه‌ڕێت، به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵكو به هه‌وای شه‌یتان و بێ‌ویژدان دهگهوڕێت .. تاقه ئومێی خه‌ڵكی هه‌ژارو سه‌ربه‌رزو سهربهخۆو خۆنه‌فرۆش ئه‌وه‌یه كه بهمزوانهو له هه‌ڵبژاردنی ئایینده‌دا لیستی گۆڕان بیباته‌وه‌و ئه‌مشاره ههناسهساردهی كه لانكی رۆشنبیری و ژیان بووه به‌درێژایی مێژوو، بچێته ده‌ست ئه‌وان و گه‌نده‌ڵان ریسوا ببن!