ده‌ستخۆشانه و سه‌رنجێك له‌سه‌ر پێشه‌کی په‌رتووکی (زمانه‌وانی ….
ده‌ستخۆشانه و سه‌رنجێك له‌سه‌ر پێشه‌کی په‌رتووکی (زمانه‌وانی)
به‌ڕێزان «نه‌ریمان خۆشناو» و «سه‌لام ناوخۆش»هه‌ژێن
31ی ئۆگوستی 2009سه‌ره‌تا وه‌ك خوێنه‌رێك دستخۆشیتان لێ ده‌که‌م و هیوادارم زمان‌ناسان و نووسه‌رانی کورد فره‌تر ئاوڕ له زمان و لایه‌نی زمانه‌وانی نووسین بده‌نه‌وه. به‌رای من چه‌ندێك پێویسته کۆمه‌ڵگه‌که‌مان به ئه‌ندێشه‌ی ئازاد و ڕێچکه‌کانی ئازادیخوازی ئاشنا بێت، هێنده‌ش پێویسته گرنگی به لایه‌نی زمانه‌وانی نووسین بده‌ین، چونکه نووسینی لاواز -له ڕووی ڕێزمان و داڕشتنه‌وه-، بیری لاواز، خوێنه‌ری نه‌زان و خوێندنه‌وه‌ی نادروست به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
منیش پێـم وایه هه‌م لێکۆڵێنه‌وه‌ی نوێ و زانستیمان که‌من، هه‌م زمانی کوردی له وێرانبووندایه، بۆیه هه‌ر هه‌وڵیك وێڕای که‌موکوڕییه‌کانی، ڕۆڵی کارا و پێویستی خۆی له‌م بواره‌دا ده‌گێڕێت. به‌ڵام سه‌رنجێك که له ساڵانی ڕابوردوودا لای منی خوێنه‌ر و زمانیار دروست بووه، ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که کار له سه‌ر زمان یا له کایه زمانه‌وانییه‌کاندا کار ده‌که‌ن، شاره‌زایی و پسپۆڕییان له زمانه‌کانی تردا هه‌یه، نه‌ك زمانی کوردی. ئه‌مه‌ش له نووسین و داڕشتنی په‌رتووك و توێژینه‌وه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت؛ هه‌م له لایه‌نی داڕشتنه‌وه، هه‌م له لایه‌نی ڕێزمانییه‌وه. به بڕوای من بوونی ته‌نیا گهواهینامهیهك له ڕشته‌یه‌کدا بۆ قاڵبوون و لێهاتوویی به‌س نییه، به‌تایبه‌ت له بواری زمانه‌وانیدا، هۆگری و زمانیاری و خوێندنی زمانه‌که‌ش پێویسته.
من وه‌ك زمانیارێك که تایتلی په‌رتووکه‌که «زمانه‌وانی»م له سایتی «ده‌نگه‌کان»دا به‌رچاو که‌وت، یه‌کسه‌ره کلیکم له سه‌ر کرد و که‌وتمه داگرتنی و ئه‌وه‌نده له ئه‌وڕۆکه‌ی وێرانه‌یی زمانی کوردی‌دا تامه‌زرۆی بابه‌ت و توێژینه‌وه‌ی وه‌هام، ده‌ستبه‌جێ که‌وتمه خوێنده‌وه‌ی پێشه‌کی په‌رتووکه‌که‌تان، به‌ڵام داخه‌که‌م له‌ته‌ك یه‌که‌مین په‌ره‌گرافدا، ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی 95% بابه‌ته کوردییه‌کانی ئه‌وڕۆکه‌دا وه‌رسم ده‌کات، له پێشه‌کییه‌که‌ی به‌ڕێز «سه‌لام ناوخۆش»یشدا سه‌رودڵی گرتمه‌وه؛ ئه‌ویش لایه‌نی ریزمانییه، که هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك خوێنه‌ر ناچار به چه‌ند جار خوێندنه‌وه‌ی ڕسته و په‌ره‌گرافه‌کان ده‌کات، تاوه‌کو له ڕسته‌کان تێ بگات.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م، په‌نجه بخه‌مه سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه، که ئه‌وڕۆکه وه‌ك گیاکه‌ڵه ده‌سته‌واژه کوردییه‌کان لاواز ده‌که‌ن و ده‌بنه ڕیگر له گه‌یشتنی بیر و بیرۆکه‌ی نووسه‌ره‌کانیان.
زمانه‌وانی یاخود لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ی زمان ، مێژوویه‌کی کۆنی نییه له ناو کوردان ، ئه‌وه‌ی هه‌شه ته‌نیا چه‌ند ههوڵو پێکۆلێکی که‌مه ، که له ته‌واوی باشووری کوردستاندا له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکه‌ن ، ….
به پێی زانیاری من و تێگه‌یشتنم له تایبه‌تمه‌ندی زمانی کوردی، ده‌بوو ئه‌و دوو دێڕه ئاوا دابڕێژرێن:
زمانه‌وانی یا لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ی زمان، له ناو کوردان‌دا مێژوویه‌کی کۆنی نییه، ئه‌وانه‌یش که هه‌ن، چه‌ند هه‌وڵ و پێکۆڵێکی که‌من و له سه‌رانسه‌ری باشووری کوردستاندا له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکه‌ن، ….
یاخود: خود که واژه‌یه‌کی فارسییه و له ڕێگه‌ی خوێندن و ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه هاتووهنه ناو زمانی کوردی، له کوردی‌دا (یاخۆ) یا (یاکو) به‌کارده‌برێت و ئه‌وڕۆکه باوی ئه‌وانه‌ش نه‌ماوه و به‌پێی گۆڕان و گه‌شه و سوانی واژه و ئامرازه‌کان له سه‌ر زمان فره‌تر (یا) و (یان) به‌کار ده‌برێن.
مێژوویه‌کی کۆنی نییه له ناو کوردان:له ڕووی داڕشتنه‌وه هه‌ڵه‌یه و له ڕووی ڕێزمانییه‌وه فرمان له جێی خۆیدا نییه. زیاتر له ده‌ربرینی ناکوردزمانێك ده‌چێت، که تازه فێری کوردی بووبێت.
ئه‌وه‌ی هه‌شه ته‌نیا چه‌ند ههوڵو پێکۆلێکی که‌مه: (و)ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌وڵ و پێکۆڵێك وه‌ك (and ,und) ئینگیلزییه و به واژه‌کانی پاش و پێشییه‌وه نالکێت، هه‌روه‌ها نووسه‌ر باس له چه‌ند هه‌وڵ و پێکۆڵێك ده‌کات، بۆیه پێویسته فرمانیش گوزارشت له کۆبوونی گوزارشتلێکراوان بکات (هه‌ن، که‌من).
ته‌واو : لێره‌دا (سه‌رانسه‌ر، سه‌رتاسه‌ر) دروسته، چونکه کوردستان پانتاییه که خه‌ڵکی له سه‌ر ده‌ژی و (ته‌واو) فره‌تر بۆ هه‌ژماری خه‌لك به‌کار ده‌برێت (ته‌واوی خه‌ڵك یا خه‌ڵکه‌که)، خۆ ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر قسه‌وباس و لێدوان و توێژینه‌وه بێت، ئه‌وا (سه‌راپا) درسته….
ئه‌م کتێبه له دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێك دێت ، به شیوه‌یه‌کی گشتی هه‌ردوو به‌ش بریتین له چه‌ند وتار و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ك ، که هه‌ر هه‌موویان له یه‌ك خاڵدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له زمانی کوردی‌دا ده‌کۆڵنه‌وه . ئه‌م نووسینه ورده زمانه‌وانییانه (من) و مامۆستای هێژا (نه‌ریمان خۆشناو) نووسیومانه.
ئه‌گه‌ر واز له‌وه بهێنم، که (کتێب) ، (کتاب)ه و له بری (کتاب)یش (په‌رتووك)مان هه‌یه، ئه‌وا، هه‌ردوو به‌ش بریتین: لێره‌دا هه‌ڵه نووسراوه، چونکه له ڕسته‌ی پێشتریدا به نه‌ناسراوی (له دوو به‌ش پێك دێت) هاتووه و له ڕسته‌ی دووه‌مدا ئیتر ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌زانین، که نووسه‌ر باس له کام به‌شانه ده‌کات، بۆیه پێویسته پاشگری ناسراوی بۆ دووبه‌شه باس لێکراوه‌که دابنرێت (هه‌ر دوو به‌شه‌که بریتین).
چه‌ند وتار و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ك: پاشگری (یه‌ك) نیشانه‌ی نه‌ناسراوه بۆ (تاك)، به‌کار ده‌برێت، به‌ڵام بۆ (کۆ) ئه‌گه‌ر ژماردنی پێش نه‌که‌وتبێت و (کۆ)که نه‌ناسراوبێت ئه‌وا پاشگری گه‌لێك، ێك) وه‌ك لێکۆڵینهوهگهلێك، چه‌ند لێکۆڵه‌رێك، به‌کار ده‌برێت و دروسته، لێره‌دا ده‌بێت: چه‌ند وتار و لێکۆڵینهوهیێك، بنووسرێت، واته (کۆی) نه‌ناسراو، که پاشگری (ێك) وه‌رده‌گرێت.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕسته‌ی دواتر تهواوگهر یا وابه‌سته‌ی ڕسته‌ی پێشوو بێت، که وه‌ك ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر هاتووه، ئه‌وا پێویسته (که) له سه‌ره‌تای ڕسته‌ی داهاتوودا بێت: که هه‌ر هه‌موویان له یه‌ك خاڵدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه نه‌ك (یه‌کده‌گرنه‌وه)، بۆ ده‌رکه‌وتنی هه‌ڵه‌یی (یه‌کده‌گرنه‌وه) ده‌توانین (یه‌کتر) به‌کار ببه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که (یه‌کتر) به فرمانهکهوه نالکێت. هه‌روه‌ها پاش ئه‌ویش ئه‌وه‌یه (،) کۆما پێویسته.
لێره‌دا پاشگری (دا) له (له زمانی کوردی‌دا) هه‌ڵه‌یه، چونکه (له) وه‌ك ئامرازی نیشانه، لێره‌دا نیشانه نییه بۆ شوێنێك، به‌ڵکو بۆ (لێکۆڵینه‌وه)که ده‌گه‌ڕێته‌وه، که نیشانی بدات، که (کوردی)یه. که‌واته (له زمانی کوردی ده‌کۆڵنه‌وه) به‌بێ پاشگری شوێنی (دا)دروسته.
ئه‌م نووسینه ورده زمانه‌وانییانه (من) و مامۆستای هێژا (نه‌ریمان خۆشناو) نووسیومانه: دیسانه‌وه، فرمان گوزارشت له چه‌ندێتی کاره‌کان ناکات، که (نووسینه ورده زمانه‌وانییه‌کان)ن. ده‌بوو بنووسن، که (نووسیومانن)، چونکه ئه‌نگۆ چه‌ند نووسینی زمانه‌وانیتان نووسیون، نه‌ك یه‌ك نووسینی زمانه‌وانی!
نووسینه‌کانی به‌شی یه‌که‌م که له لایه‌ن منه‌وه نووسراوه و …..
جارێکی تر هه‌ڵه‌ی گوزارشتی فرمان، لێره‌دا زۆر به ڕوونی دیاره، ئه‌و هه‌ڵه‌یه بۆ ڕوویداوه، نووسه‌ر که ده‌یه‌وێت قسه له سه‌ر نووسینه‌کانی بکات، به‌ڵام لێی تێك ده‌چێت و ته‌نیا گوزارشت له یه‌ك شت ده‌کات، که به‌شی یه‌که‌مه. ئه‌مه‌ش کاتێك ده‌زانین، که ته‌واوی په‌ره‌گرافه‌که بخوێنینه‌وه، که بۆ قسه‌کردن له سه‌ر به‌شی دووه‌می په‌رتووکه‌که ده‌گڕیته‌وه و هێژا مامۆستا (نه‌ریمان) نووسیویه‌تی. به‌ڵام نووسه‌ر له‌مه‌ڕ ناساندنی به‌شه‌که‌ی خۆی، قسه له‌مه‌ڕ به‌شی یه‌که‌م ناکات، به‌ڵکو قسه له‌مه‌ڕ (نووسینه‌کانی به‌شی یه‌که‌م) ده‌کات، که چه‌ند نووسینێکن. که‌واته نووسینه‌کانی به‌شی یه‌که‌م (نووسراون نه‌ك نووسراوه)!
یه‌کێ له ئه‌دگار و سیماکانی ئه‌م کتێبه ئه‌وه‌یه ، که دوو نووسه‌ر نووسیویانه ، که هه‌ردووکیان پسپۆرێتیان له زانکۆ زمانه و هه‌وڵیان داوه رۆشنیاییهك بخه‌نه سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی زمانه‌وانی کوردی.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م په‌ڕه‌گرافه، که دوا په‌ڕه‌گرافی پێشه‌کییه‌که‌یه، بده‌ین، وا دێته به‌رچاو که له په‌ره‌گرافه‌کانی پیستری دروستر نووسرا بێت، به‌لام ئه‌گه‌ر که‌مێك وردتر سه‌رنج بده‌ین، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆرباوی ئاخێوه‌ران و نووسه‌رانی کوردی تێدا ڕووداوه، که ده‌بوو لایه‌نی که‌م به‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌دا، که خۆیان به پسپۆڕ نێو بردووه، تێنه‌په‌ڕێت.
که دوو نووسه‌ر نووسیویانه ، که هه‌ردووکیان پسپۆرێتیان له زانکۆ زمانه و هه‌وڵیان داوه رۆشنیاییهك بخه‌نه سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی زمانه‌وانی کوردی
(که) که ئامرازی پێداگری و په‌یوه‌ندیدانی ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتره، دوو جار له دوو نیوهڕستهی تهواوگهری ڕسته‌ی یه‌که‌م و به‌دوای یه‌کدا هاتوودا، دووباره بووه‌ته‌وه، که یه‌که‌م گونجاو نییه، دووه‌م، هه‌ناسه‌بڕکێ له قسه‌کردندا دروست ده‌کات و سێیه‌م په‌یوه‌ندی له نێوان خودی دوو نیوهڕستهی پاش ڕسته‌ی یه‌که‌م ناهێلێت، که له راسیتدا دووه‌م درێژه‌ی یه‌که‌مه و هه‌ردووکیشیان تهواوگهری ڕسته‌ی یه‌که‌من. ئه‌گه‌ر به وردی په‌ره‌گرافه‌که به‌سه‌ر یه‌که‌وه بخوێنینه‌وه، ده‌بینین، (که)ی یه‌که‌م زیاده‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر له پاش (پسپۆڕێتیان) قسه نه‌هاتایه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی هه‌وڵیان داوه، ئه‌وا ده‌بوو (که)که له سه‌ره‌تای نیوهڕستهی دووه‌مدا واته پێش (دوو نووسه‌ر نووسیویانه) بهاتایه و پاش ئه‌م نیوهڕستهیه (و)ی په‌یوه‌ندی له بری (که) دووه‌م بهاتایه. واته ده‌بوو ئاوا بنوسرێت:
یه‌کیك له ئه‌دگار و سیماکانی ئه‌م په‌ڕتووکه ئه‌وه‌یه، که دوو نووسه‌ر نووسیویانه و هه‌ر دووکیان پسپۆڕییان له زمانی کوردی‌دا هه‌یه و هه‌وڵیان داوه، ڕۆشناییهك بخه‌نه سه‌ر هه‌ندێك بابه‌تی زمانه‌وانی له‌مه‌ڕ زمانی کوردی.پسپۆرێتیان له زانکۆ زمانه: ئه‌م به‌شه ڕسته‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕوون نییه، ئایا (پسپۆڕێتیان) له چیدا هه‌یه، کامه زمان؟ یا مهبهرست ئه‌وه‌یه که له زانکۆی زماندا پسپۆرییان به‌ده‌ست هێناوه، له‌م باره‌شدا هه‌ر زۆر واتابه‌خش نییه!
ئه‌وه‌ی که هه‌وڵیان داوه ڕۆشنایی بخه‌نه سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی زمانه‌وانی، کارێکی هێجگار پێویست و به‌نرخه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سالانێکه پێشه‌کی و پێشگردانانی وه‌ك ( ئه‌کادیمی، پڕۆفیسۆر، زانا، فیلۆسۆف و …) بوونه‌ته چه‌کوشی بهرزۆکراوه بۆ سه‌ر خوێنه‌ر و بیسه‌ری به‌دبه‌ختی کورد و به راده‌یه‌کی زۆریش کارایی خۆی داناوه و وای لێهاتووه، ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێك له خوێنه‌ران ره‌خنه‌یان له‌و خاوه‌ن (پلانه) هه‌بێت، به‌ڵام نه‌وێرن ڕه‌خنه و سه‌رنجه‌کانیان ئاراسته بکه‌ن. وه‌ك وتم ئه‌م کاره ئامانجێکی له پشته‌وه‌یه، ئه‌ویش بڕیاردانی (زانستی‌بوون، ئه‌کادیمیبوون، فیلۆسۆفبوون، پسپۆڕبوون، زانابوون، شاره‌زابوون، نووسه‌ربوون و …تد)ی پێشکاتییه له‌سه‌ر کاره‌کان، تاوه‌کو خوێنه‌ری خاوه‌ن سه‌رنج و ڕه‌خنه سڵ له هه‌ستان به ئه‌نجامدانی ڕه‌خنه له ده‌قه پیرۆزکراوه‌کان بکاته‌وه. هه‌روه‌ها هیچ نیشاندان و بێکه‌ڵککردنی هه‌وڵی که‌سانێ تره، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئامانج نه‌بێت یا خوێنه‌ر به نه‌زان له‌به‌رچاوگرتن نه‌بێت، ئه‌وه ئه‌رکی خوێنه‌ر خۆیه‌تی که دیاری ده‌کات و بزانێت که کام ده‌ق ئه‌کادیمی و کامه نازانستییه!
به‌ڕای من ئه‌گه‌ر کارێك یا ده‌قێك به‌خۆی زانستی و ئه‌کادیمی بێت و پسپۆڕی و لێوه‌شاوه‌یی تێدا به‌خه‌رج درابێت، هیچ پێویستی به پێشه‌کی پیاههلدهرانه نییه. ماوه‌یه‌که ئه‌م له‌زگانه له کاری ئه‌م و ئه‌و ده‌درێن، نێوی قه‌به و بێناوه‌ڕۆك له ئه‌م و ئه‌و ده‌نرێن، به‌ڵام به کرده‌وه وا نین و ده‌ربڕی ئه‌وه نین. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌م دوو به‌ڕیزه و کاره به نرخه‌که‌یان نییه، هه‌رچه‌نده من هێشتاکه له پێشهکییهکهدام. به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌و پڕۆفیسۆر و شاره‌زا و مێژووناس و رامیاریزانه قارچکئاسایانهن، که له گهندهلانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه و له شه‌و ڕۆژێکدا له که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا قوت ده‌کرێنه‌وه.
پاییزی 2007 به ڕێکه‌وت له ماڵی براده‌رێك بووم و بوومه بینه‌ری به‌رنامه‌یه‌ك، که پرۆفیسۆرێکی دانشگه‌ی سلێمانی بانگهێشت کردبوو، منیش به په‌یگیرییه‌کی ته‌واوه‌وه له‌ته‌ك بینینی پله ئه‌کادیمییه‌که‌ی گوێم بۆ قسه‌کانی رادێرا، به‌ڵام خۆزگه ئه‌و ساتانه‌م به دۆمینهکردنهوه به‌سه‌ر ببردایێن، چونکه ده‌ستفرۆشێکی (که‌سێك که به ده‌ستییه‌وه شت ده‌فرۆشێت) شێخه‌ڵا* که گیروگرفته‌کانی ژیان بواری خوێندنیان نه‌داوه، زۆر له پڕۆفیسۆرهکهمان باشتر ده‌دوا. هه‌ر هه‌مان شه‌و له به‌رنامه‌یه‌کی تردا خاتوونێکی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێك له دواناوه‌ندییه‌کانی سلێمانی بانگهێشت کرابوو، ئه‌و خاتوونه بۆ ئه‌وه‌ی نیشانمان بدات که له کاره‌که‌ی خۆیدا پسپۆڕه و کاره‌که‌ی -کالایه‌کی شایسته‌ی بالاکهیهتی، کۆمه‌ڵیك واژه‌ی عه‌ره‌بی و ده‌سته‌واژه‌ی نیوه عه‌ره‌بی و نیوه کوردی تێکه‌ڵ ده‌کرد، که مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی بیزانیایه چی ئه‌و واژه و بابه‌تانه‌ی به‌یه‌که‌وه کۆ کردوه‌ته‌وه! مه‌گه‌ر هه‌ر به‌خۆشی له‌و واژه تێكشکاوه عه‌ره‌بییانه بگه‌یشتایه، – که هه‌ندێك له خوینده‌وارانی کورد بۆ جیاکردنه‌وه‌ی خۆیان له که‌سانی که‌م خوێندوو و گوندنشین، زۆرجار (جمع تکسیر)ی عه‌ره‌بی، جارێکی تر له شێوه‌ی (جمع مؤنث سالم)ی عه‌ره‌بیدا کۆ (جمع) ده‌که‌نه‌وه **- که بۆ بینه‌ری به‌دبه‌ختی کوردی ڕیز ده‌کردن!
جارێکی تر من ده‌ستخۆشی له هه‌ر دوو نووسه‌ری په‌رتووکی (زمانه‌وانی) ده‌که‌م له هه‌لێکدا په‌رتووکه‌که ده‌خوێنمه‌وه و ئه‌گه‌ر سه‌رنجم له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌کان هه‌بوو، به دڵنیاییه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م بیاننووسمه‌وه. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نا که من له‌وان پسپۆڕتر، شاره‌زاتر و لێهاتووتر بم، نا، به‌ڵکو ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خوێنه‌رێکی به سه‌رنجم و هه‌ر زمانێك بزانم و پێی بدوێم، هه‌وڵ ده‌ده‌م به دروستی پێی بدوێم و له نووسیندا به دروستی به‌کاری به‌رم.
* لێره‌دا هیچ مه‌به‌ستم سووکایه‌تی یا که‌مگرتنی کار و شوێنکاری زهحتمهتکیشانی شێخه‌ڵا نییه، به‌ڵکو پێداگرتنمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی هه‌وڵێر له ڕووی ڕێزمانییه‌وه له چاو ناوچه سۆرانینشینهکانی تر، دروستر ده‌په‌یڤن.
** ئه‌م به‌شه‌م به مه‌به‌سته‌وه شین کردووه و باسم لێوه کردووه، تاوه‌کو خوێنه‌ر و بیسه‌ری کورد به قسه و نووسینی پڕ واژه و ده‌سته‌واژه هه‌ڵه‌ی ئه‌و خۆ به شاره‌زا و بانتربینانه هه‌ستیار بکه‌مه‌وه، که شه‌وڕۆژ له که‌ناڵه ساته‌لایتی و ناوخۆییه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی‌دا (جمع تکسیر)ی عه‌ره‌بی جارێکی تر له داهێنانێکی کوردانه‌دا به (جمع مؤنث سالم)ی عه‌ره‌بی دهجهمعێنن!