
زه‌نگه نادیاره‌كان بۆ كێ لێده‌درێن؟
سه‌ره‌تا
زۆر تێكست هه‌یه كه له زه‌مه‌نێكدا ناوبانگێكی گه‌وره په‌یدا دهكهنو پاش چه‌ند ساڵێك خوێنه‌ر ئیتر ئه‌و تێكسته فه‌رامۆش ده‌كات، چونكه چیتر شتێكی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌و پێنییه، به‌ڵام هه‌ندێك تێكست توانای بڕینی زه‌مه‌نی هه‌یه‌و ده‌توانێت له‌نێو ئه‌و هه‌موو تێكستانه‌دا به‌رده‌وام جێ‌و سه‌نگی خۆی لای خوێنه‌ر بپارێزێت. ئه‌گه‌ر به‌دیاریكراوی قسه له‌رۆمان بكه‌ین، به هه‌زاران رۆمان ده‌بینین، كه تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان توانای بڕینی زه‌مه‌نیان نه‌بووه، هاوكات تێكستێكی وه‌ك دۆن‌كیشۆت توانویه‌تی زه‌مه‌نه‌كان ببڕێت‌و خوێنه‌ر له‌م سه‌ده جه‌نجاڵه‌ی دنیای ئهلیكترۆنیاتیشدا چێژی تایبه‌تی له خوێندنه‌وه‌ی وه‌ربگرێت. بێگومان دیوێكی ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به ته‌كنیك‌و هێزی تێكسته‌كه‌وه هه‌یه‌و به‌شه‌كه‌ی تری په‌یوه‌ندی به‌و پرسیارانه‌وه هه‌یه كه تێكسته‌كه هه‌ڵیان ده‌گرتووه. ئه‌گه‌ر تێكستێك پرسیاری گه‌وره‌و به‌رده‌وامی مرۆڤ له‌هه‌ناویدا هه‌ڵنه‌گرێت ناتوانێ خوێنه‌ری به‌رده‌وام بۆخۆی په‌یدا بكات‌و زه‌مه‌نه‌كان ببڕێت‌و بچێته نێو مێژوه‌وه. هیچ تێكستێك ناتوانرێت ناوبانگێكی وه‌همی بۆ هه‌تا هه‌تایه بۆخۆی به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌گه‌ر بهپیاههڵدانو ستایشی ناڕه‌وا تێكستێك توانی ناوبانگ له زه‌مه‌نێكدا ده‌سته‌به‌ر بكات، بێگومان له‌زه‌مه‌نێكی تردا ئه‌و ناوبانگه به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌و خوێنه‌ر ئه‌و ستایشه بێ بنه‌مایه قبوڵ ناكات.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نوسینه‌یه قسه‌كردنه له‌سه‌ر رۆمانی " زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن"ی ئه‌رنست ههمنهگوای، كه له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا "جه‌بار سابیر" كردویه‌تییه كوردی. ئه‌م رۆمانه، رۆمانێكه توانای بڕینی زه‌مه‌نه‌كانی هه‌بووه‌و شایانی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ری بوه‌ستین، ئێمه له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵی خستنه‌ڕووی چه‌ند لایه‌نێكی دهدهینو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌ده‌ینه‌وه بۆ ئه‌م تێكسته توانای بڕینی زه‌مه‌نه‌كانی هه‌بووه.له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك‌و ناونیشانی رۆمانه‌كه‌وه
ئه‌گه‌رچی روداوه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه رووداوی ئه‌وه‌نده گرنگ‌و سه‌رسامكه‌رنین‌و هه‌موو رووداوه‌كان له‌زه‌مه‌نێكی كورتدا رووده‌دات، به‌ڵام گرێچنی رۆمانه‌كه‌و ئه‌و چه‌مكانه‌ی لێی دواوه شایانی ئه‌وه‌یه كه بخوێنرێته‌وه. رۆمانه‌كه باس له ده‌سته‌یه‌كی پارتیزانی ده‌كات له ئیسپانیا كه بۆ سیستمی كۆماری هه‌وڵ دهدهنو دژی سیستمی فاشیستی ده‌جه‌نگن. ئه‌و پارتیزانانه ده‌یانه‌وێت پردێك كه فاشیتهكان سودی زۆری لێ ده‌بینن بۆ هێرشكردنه سه‌ر كۆمارییه‌كان بیتهقێننهوهو له‌وێوه په‌لاماردانی فاشسته‌كان ده‌ست پێبكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌كاره‌كه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه پێشتر بڕیاربووه جێبه‌جێ بكرێت به‌هۆی له‌بارنه‌بوونی هه‌لومه‌رجه‌وه ناتوانرێ جێبه‌جێ بكرێت، بۆیه پارتیزانه‌كان پاش ته‌قاندنه‌وه‌ی پرده‌كه (كه به‌شێكه له‌كاری ئه‌وان) له دواجاردا له‌و شوێنه ههڵدێنو رۆبێرتی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌و جێبه‌جێكه‌ری پیلانه‌كه بهقاچێكی شكاوه‌وه بهجێدههێڵرێتو به چاره‌نووسێكی نادیار ده‌سپێردرێت.
ئه‌مه‌ی تا ئێستا خستمانه‌ڕوو كوته‌ی چیرۆكی رۆمانه‌كه‌یه، به‌ڵام گرنگی ئه‌م رۆمانه له‌وكاته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه كاراكته‌ره‌كان ده‌كه‌ونه گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسیاره ژیانییه‌كان، به‌تایبه‌ت پرسیاری كوشتن‌و جوانی و ناشیرینی‌و خۆشهویستیو خۆبه‌ختكردن بۆ نیشتیمان. ئه‌م پرسیارانه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م رۆمانه توانای بڕینی زه‌مه‌نه‌كانی هه‌بێت، چونكه ئه‌م رووداوانه‌ی له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه له ده‌یان تێكستی تردا به‌شێوه‌ی تر روویانداوه، به‌ڵام گرنگ لێره‌دا چۆنێتی ته‌رحكردنی ئهوپرسیارانهو وهڵامهكانیانه كه ههمنهگوای به‌وردی وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌م نوسه‌ره وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه چاره‌نووسی خه‌مناكی پاڵهوانهكانهو ده‌بێت خوێنه‌ر به‌دوایدا بگه‌ڕێت، یان ده‌بێت هه‌ر خوێنه‌ره‌و ئه‌گه‌ر كه‌وته چاره‌نوسێكی هاوشێوه‌وه له‌روانگه‌ی خۆیه‌وه به‌دوای ئه‌و چاره‌نووسه‌دا بگه‌ڕێت، یان رێگای خۆی بدۆزێته‌وه. من لاموایه جوانی ئه‌م رۆمانه له دیارینه‌كردنی ئه‌و چارهنوسهدایه، به‌تایبه‌ت بهیهكنهگهیشتنی ماریاو رۆبێرتی تازه عاشق، چونكه به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و دوانه به‌شێكی زۆر له سیحری عه‌شق له رۆمانهكهداو پرسیاره‌كانی خوێنه‌ر پاش رۆمانه‌كه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێستا باس له ناونیشانی رۆمانه‌كه بكه‌ین. خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا هه‌ست به قورسایی ناونیشانه‌كه ناكات‌و نوسه‌ر لهرووكاردا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه ناكات كه زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن؟ به‌ڵام له‌پشت تێكسته‌كه‌وه ئه‌و هێمایانه خۆیان حه‌شارداوه كه زه‌نگه‌كان ته‌نها له ئیسپانیادا دژی فاشیسته‌كان لێنادرێن، به‌ڵكو له زۆرجێگای تریش فاشیسته‌كان دوا زه‌نگی مه‌رگی خۆیان بۆ لێده‌درێت، كه ده‌كرێت له‌م رۆمانه‌دا ته‌قینه‌وه‌ی پرده‌كه وه‌ك ئه‌و دوا زه‌نگه ببینین. هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌و رسته‌یه‌شدا بیخوێنینه‌وه كه یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كان باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و جه‌نگه ته‌نها ئیسپانیای نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌وه، په‌یوه‌سته به ئازادییه‌وه. بۆیه ده‌كرێت لهوناونیشانهدا ئه‌وه‌ش بخوێنینه‌وه كه زه‌نگه‌كان بۆ فاشیسته‌كان لێده‌درێن كه واده‌ی مه‌رگیان رادهگهیهنێتو ئه‌و زهنگانهش زه‌نگی ئازادین.كوشتنی خۆویست، یان ناچاری
ئه‌م رۆمانه گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی هه‌یه‌و له‌ڕووی ته‌كنیك‌و گێڕانهوهوهو له‌هه‌مان بابی رۆمانه‌كانی تری ئه‌م نوسه‌ره‌یه، ههمنهگوای له "پیره‌مێردو زه‌ریا"شدا، كه ته‌كنیك‌و گێڕانه‌وه‌كه‌ی هه‌مان ته‌كنیك‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ی هه‌یه‌و له‌وێدا باس له ململانێی نێوان مرۆڤ‌و سروشت ده‌خاته‌ڕوو و له‌گه‌ڵ دۆڕانی پیرهپیاودا له رۆمانه‌كه‌دا به‌رانبه‌ر سروشت، به‌ڵام دواجار هه‌ر كۆڵ نادات‌و به‌رده‌وامی به‌و ململانێیه ده‌دات. هاوكات پرسیاره قوڵه‌كانی نێو رۆمانی "زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن" خوێنه‌ر توشی رامان ده‌كات.
یه‌كێكی تر له‌و پرسیاره گرنگانه‌ی نێو ئه‌م رۆمانه پرسیاری "كوشتن"ه. له‌پشت تێكسته‌كه‌وه ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه مرۆڤ بۆ كوشتنی به‌رانبه‌ره‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت؟ ئایا لهناچاریدایه، یان خۆی حه‌ز به كوشتن ده‌كات. خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره‌ش له‌نێوان دووان له كاراكته‌ره‌كاندا ده‌بینینه‌وه. یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كان له‌پرسیاری راوكردنو ئاژه‌ڵ كوشتنه‌وه ده‌چنه نێو پرسیاری مرۆڤ كوشتن‌و یه‌كێك لهكاراكتهرهكان ده‌ڵێت: "من هه‌رگیز راوم نه‌كردووه‌و حه‌زم له ئاژه‌ڵ كوشتن نییه. ئه‌ویتریان ده‌ڵێت من ئاژه‌ڵ ده‌كوژم، به‌ڵام حه‌زم له كوشتنی مرۆڤ نییه. ئه‌ویتریان ده‌ڵێت: جگه له مرۆڤی شێت كه‌س حه‌زی له مرۆڤ كوشتن نییه، به‌ڵام كاتی ئه‌و كاره پێویست بكات من رووی لێوهرناگێڕم، كاتێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان پێویست بێت ده‌بێ ئه‌و كاره بكه‌ین".
لێره‌دا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی دیاری نه‌كردووه كه كام ئامانجانه‌یه مرۆڤ ده‌بێت مرۆڤی بۆ بكوژێت، خۆ پیده‌چێت مرۆڤگه‌لێك هه‌بێت له‌پێناو ئامانجی تایبهتیو نه‌شیاودا مرۆڤ بكوژن، به‌ڵام خوێنه‌ر به وردبوونه‌وه‌ی له رۆمانه‌كه د‌رك به‌وه ده‌كات ده‌بێ مرۆڤ كاتێك كوشتی مرۆڤی تر هه‌ڵده‌بژێرێت له‌پێناو ئامانجی باڵادا بێت‌و ئه‌وانه‌شی ده‌یانكوژێت كه‌سانی مۆنۆپۆلكارو فاشی بن. له‌پاشان یه‌كێك له دووكاراكتهرهكه له‌ویتر ده‌پرسێت:"تا ئێستا كه‌ست كوشتووه؟ ئه‌ویتر وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ: به‌ڵێ، به‌ڵام له‌رووی ئاره‌زووه‌وه نا، به‌ڵكو له‌رووی ناچارییه‌وه، له‌رووی ره‌وشتییه‌وه مرۆڤ كوشتن به‌گوناه ده‌زانم".
لێره‌شدا دیسان ئه‌وه روون ده‌بێـته‌وه، كه مرۆڤ كوشتن له‌رووی ئاره‌زووه‌وه، ته‌نها كاری مرۆڤه نهخۆشهكانهو مرۆڤی ئاسایی ئاره‌زووی مرۆڤ كوشتنی نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌وه‌ها حاڵه‌تێكی خهباتكارانهشدا كوشتن هه‌ڵبژێرێت به‌كارێكی ناچارانه‌ی دهزانێتو له‌پێناو ئامانجێكی گشتی‌و باڵادایه. له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو كوشتوكوشتارهی له‌م رۆمانه‌دا ده‌بینرێت، كه‌چی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌وڵی نوسه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه كه كوشتن دزێو بكات، نه‌ك جوان‌و ئه‌وكاتانه‌شی كه كاراكته‌رێكی نێو رۆمانه‌كه كوشتن هه‌ڵده‌بژێرێت وه‌ك پێشتر خستمه‌ڕوو به ناچاریه‌و له‌پێناو ئامانجێكی شیاودایه، كه ئه‌ویش له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی فاشیسته‌كانه.پرسیاری نێوان جوان‌و ناشیرین
ههمنهگوای له‌به‌شێكی تری ئه‌م رۆمانه‌دا پرسیاری جیاوازییه‌كانی نێوان جوان‌و ناشیرین ده‌خاته‌ڕوو به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاراكته‌ره‌ی كه خۆی به‌ناشیرین رۆڵێكی گرنگی له باش به‌ڕێوه‌چوونی رووداوه‌كاندا هه‌یه‌و خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان. له‌لاپه‌ڕه (87)دا گفتوگۆی نێوان دووخانمی نێو رۆمانه‌كه‌و رۆبێرتی تێدایه خانمی یه‌كه‌میان كه "ماریا"یه، كچێكی جوانكیلهیهو خانمی دووه‌م كه ژنی پابلۆیه خاوه‌نی سیمایه‌كی ناشیرینه (وه‌ك خۆی باسی ده‌كات)، لێره‌وه باسكردن له جوانی‌و ناشیرینی ده‌ست پێده‌كات‌و ماریای جوان دڵخۆشی ژنه‌كه‌ی پابلۆ ده‌داته‌وه به‌وه‌ی كه ئه‌ویش وه‌كخۆی جوانه و ناشیرین نییه، به‌ڵام ئه‌و بڕوا به قسه‌كانی ئه‌و ناكات ده‌ڵێت:" من ناشیرینمو هه‌ر به‌ناشیرینیش هاتومه‌ته دنیاوه‌و بهژیانیشم ناشیرین ماومه‌ته‌وه….ژنێك كه جوان نییه خاوه‌نی هه‌ستێكی ئازاراوییه. ده‌زانی چه‌ند ده‌ردێكی بێ ده‌رمانه كه مرۆڤ له ته‌واوی ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا له‌رووی ڕواڵه‌ته‌وه ناشیرین بێت، به‌ڵام خۆشی بزانێ كه له‌ناوه‌وه جوان‌و خۆش خولقه".
لێره‌وه ده‌كرێت ئه‌وه بخوێنینه‌وه كه ژنه‌كه‌ی بپابلۆ هه‌ست به‌وه ده‌كات كه خه‌ڵك رووخسار ده‌خوێننه‌وه‌و ناخی مرۆڤ ناخوێننه‌وه، بۆیه نیگه‌رانی ئه‌و روخساره ناشیرینه‌ی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یامی نوسه‌ری ئه‌م رۆمانه‌یه ئه‌وه‌یه كه مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه روخساریان ناشیرینه ئیتر هیچ كارێكیان پێنه‌كرێت، یان نه‌توانن باش ئه‌ركه‌كانیان راپه‌ڕێنن‌و خاوه‌نی ئیراده‌ی پتهونهبن. چونكه ژنه‌كه‌ی پابلۆ خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی پته‌و و لێهاتوییه‌كی زۆره له راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیدا. بۆیه جوانی ئه‌وه‌یه مرۆڤ خاوه‌نی ئیراده بێت، یان ده‌كرێت بڵێن ههمنهگوای ده‌یه‌وێت بڵێت: جوانی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ناشیرینی خۆی ببینێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی پابلۆی دركی پێكردووه.به‌رله‌كۆتایی
ئه‌م رۆمانه هه‌ڵگری چه‌ندین پرسیاری تره، كه ئێمه نامانه‌وێت لێره‌دا لێی بدوێت‌و ده‌رفه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی زیاتری نوسینه‌كه‌مان نییه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو كه رووداوه‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌ش هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و رووداوانه‌یه كه شۆڕشه‌كانی گه‌لی ئێمه له هه‌شتاكان‌و پێشتر دژ به به‌عس روویانداوه. بۆیه ده‌كرێت له‌رێی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه به به‌شێك له مێژووی چه‌كداری خۆشمان ئاشنا بین. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو كه رۆمانه‌كه به‌كوردییه‌كی جوان وه‌رگێڕدراوه، بۆیه ده‌ستخۆشی بۆ "جه‌بار سابیر"ی وه‌رگێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.*ئه‌رنست ههمنهگوای، زه‌نگه‌كان بۆكێ لێده‌درێن-رۆمان، وه‌رگێڕانی: جه‌بار سابیر، له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی (2009).