Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
بۆچی تیراژی به‌رهه‌مه‌كانی كاروان كاكه‌سوور هێنده‌ كه‌مه‌ن؟!!

بۆچی تیراژی به‌رهه‌مه‌كانی كاروان كاكه‌سوور هێنده‌ كه‌مه‌ن؟!!

Closed
by September 15, 2009 گشتی

 

Soran_darbandy@yahoo.com
 
كاروان كاكه‌سوور ئه‌و نوسه‌ره‌ی ئێمه‌ی گه‌رانده‌وه‌ بۆ مناڵی. ئه‌و جیا له‌ زۆربه‌ی نوسه‌ر و ناودارانی جیهان كه‌دوای ئه‌وه‌ی ناوبانگیان په‌یدا ئه‌كرد هه‌ڵده‌ستان به‌نووسینه‌وه‌ی یاداشته‌كانی مناڵی و ژیانیان، به‌ڵام كاروان به‌ر له‌هه‌رشتێك مناڵی خۆی پێشكه‌ش به‌ئێمه‌ كرد و به‌نیگا مناڵیانه‌ی خۆی ووتی ئه‌وه‌تا مناڵی من سه‌یركه‌ن من هێشتاش مناڵم ئه‌گه‌ر مناڵیم نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ بۆم بنوسرێت. كاروان سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ نووسه‌ره‌ هه‌ره‌ جدیه‌كانی ئه‌مرۆ كه‌ژماره‌یان له‌په‌نجه‌كانی ده‌سته‌ تێپه‌ر ناكات رۆشنبیریه‌كی ئێجگار فراوانی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بخوێنینه‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ كاروان سازدراون به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌ گفتۆگۆی”مناڵێك به‌دزیه‌وه‌ كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌. كه‌ دانا فایه‌ق له‌گه‌ڵی سازداوه‌” ئه‌وا هه‌ست به‌وه‌ ئه‌كه‌ین كاروان له‌ دیالۆگا زمانێكی ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵێكی نوسه‌ر كه‌ناوبانێگی باشیان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌كرێت بڵێن له‌رووی مه‌عریفی و دیالۆگا زۆر لاوازن. كاروان له‌كتێبی “مناڵێم ئاسكێك بوو به‌سه‌ر په‌لكه‌ زێرینه‌كان باز بازێنی ئه‌كرد” سه‌ره‌رای بیره‌وه‌ریه‌ جوانیه‌كانی زمانێكی ئێجگار جوان و چیرۆكیانه‌ی خوڵقاندووه‌ كه‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌. دواتر له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی “ئه‌سپیدیلۆن” وامان لێئه‌كات سه‌رسام بوه‌ستین به‌و هه‌موو ته‌كنیكه‌ جوانانه‌ و ئه‌و شێوه‌ نوسینه‌ جوانه‌، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ئه‌سپیدیلۆن هه‌ر چیرۆكێك له‌گه‌ڵ چیرۆكێكی تری شێوازی گێرانه‌وه‌ و فۆرم و مانای جیایه‌ پردێكی به‌رین له‌نێوان چیرۆكه‌كان دروست بووه‌ سه‌ره‌رای جوانی خه‌یاڵ و فه‌نتازینی كاره‌كته‌ره‌كان، له‌وه‌ش گرینگتر كاروان تاقوڵایی ناخ و تا قوڵایی ئێسك و گۆشتی كاره‌كته‌ره‌كان رۆیشتووه‌، ئه‌وه‌ش سه‌لیقه‌یه‌كی ئێجگار باشی ئه‌وێت، له‌مه‌وه‌ جوانی و توانای كاروانمان بۆ به‌دیار ئه‌كه‌وێت.
رۆمانی “مامزێر” ئه‌و تێكسته‌ی پره‌ له‌ ره‌هه‌ندی فیكری و فه‌لسه‌فی. تێكستێك میتافیزكیانه‌ ئه‌روانێته‌ رۆح و جه‌سته‌. كاروان له‌ رۆمانی مامزێر یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ تێگه‌یشتن له‌كۆمه‌ڵێك چه‌مكی فیكری فه‌لسه‌فه‌ له‌ لاپه‌ره‌ 20 رۆمانی مامزێر ئه‌ڵێت “رۆح له‌ناو بینین دایه‌ نه‌ك جه‌سته‌” ئه‌وا له‌و ووته‌وه‌ ئه‌مان گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی یۆنانی كۆن و یارمه‌تیمان ئه‌دات له‌و كایه‌ فه‌لسه‌فیه‌ تێبگه‌ین كه‌مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، كاروان نه‌ك ته‌نها ئه‌مانگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ناخ و وجودی خۆمان به‌ڵكو یارمه‌تیمان ئه‌دات له‌ودیو شته‌ شاراوه‌كانی رۆح و جه‌سته‌مان بگه‌ین، ئه‌وه‌ی كاروان خوڵقاندوویه‌تی ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر زۆر به‌ووردی رۆمانه‌كه‌ نه‌خوێنێته‌وه‌ هه‌ست به‌ته‌كنیك و زمانه‌ باڵاكه‌ی ئه‌و تێكسته‌ نه‌كات، ئه‌م تێكسته‌ شایه‌تی لێكۆلینه‌وه‌ی فیكری و فه‌لسه‌فه‌فی یه‌، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی ره‌خنه‌ی كوردی هه‌قی ته‌اوی پێنه‌داراوه‌ جگه‌ له‌چه‌ند رۆشه‌نبیرێك كه‌س لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی جددی له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ نه‌كرد.
له‌رۆمانی “سواره‌كان به‌قاچاغ بووكیان گواسته‌وه‌” سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ جوانه‌كه‌ هی “دوارۆژ”ی كوری “كاروان كاكه‌سوور”ه‌ به‌ڵام له‌وێشه‌وه‌ هه‌ست به‌زمانه‌ باڵاكه‌ی كاروان ئه‌كه‌ین، كاروان له‌هه‌ر تێكستێك بۆ تێكستێكی تر داهێنان له‌شێوازی گێرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ ئه‌كات، رۆمانی “سواره‌كان به‌قاچاغ بووكیان گواسته‌وه‌” شێوازی گێرانه‌وه‌ی ته‌نها كاره‌كته‌رێك نیه‌ به‌ڵكو چه‌ند كاره‌كته‌رێك تیایدا رۆڵی گێرانه‌وه‌ ئه‌بینن و له‌وێوه‌ ئه‌مانباته‌وه‌ ناو خه‌یاڵ له‌و رۆمانه‌ جوانی خه‌یاڵمان بۆ ئه‌دۆزرێته‌وه‌. ئه‌و تێكسته‌ش دیسان سه‌رسامان ئه‌كات به‌و هه‌موو ره‌هه‌نده‌ جوانانه‌.
یه‌كێكی تر له‌كاره‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی كارون وه‌رگێرانی چیرۆك و شیعری مناڵانه‌. كاروان زۆر خه‌مخۆری مناڵانی كورده‌ هه‌ر ئه‌م خه‌مخۆریه‌ش وای كردووه‌ ده‌ست به‌وه‌رگێرانی چیرۆك و شیعری مناڵان بكات. “بیست كتێب بۆ مناڵان” یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ هه‌ره‌جوانه‌كانی كاروان كه‌له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ وه‌ریگێراون ئه‌و نه‌ك ته‌نها وه‌ریگێراون به‌ڵكو هه‌وڵی داوه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی مناڵی كورد فێری ئینگلیزی بكات. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها مناڵان به‌ڵكو گه‌وره‌كانیش ئه‌توانن سودی لێببین و فێری زمانی ئینگلیزی بن. ئه‌م به‌هه‌رمه‌ وه‌رگێردراوه‌ به‌خشنده‌یی كاروانمان بۆ ده‌رده‌خات. كه‌یه‌كێك له‌ ره‌وشته‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی كاروان به‌خشنده‌یه‌. جگه‌ له‌وه‌ش كاروان هه‌رگیز حه‌ز به‌پیاهه‌ڵدان و ریكلام كردن ناكات. كاروان بۆهیچ به‌رهه‌مێكی خۆی ریكلامی له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان نه‌كردوه‌ به‌ڵكو خوێنه‌ره‌ خه‌مخۆره‌كان و رۆشنبیره‌كان ستایش و خۆێندنه‌وه‌ی جدیان بۆبه‌رهه‌مه‌كانی كردووه‌ و ئاوا ئاسان به‌سه‌ریان باز نه‌داوه‌.
كاروان بێده‌نگ نه‌بووه‌ له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌كۆمه‌ڵگای كوردی تووشی بووه‌، گفتوگۆی “حه‌مه‌ كاكه‌ره‌ش” كه‌له‌باره‌ی ئه‌نفال له‌گه‌ڵ كاروان كردوویه‌تی كاروان په‌ی به‌چه‌ندین نهێنی گه‌وره‌ بردوه‌ و كاره‌ساتی ئه‌نفالمان زۆر به‌جوانی بۆ شیده‌كاته‌وه‌ له‌وێوه‌ رۆشنبیری كاروانمان بۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت. وه‌له‌ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا كاروان بێده‌نگ نه‌بوو وه‌كو هه‌موو ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه‌خه‌ڵكیان له‌كێشه‌ مه‌ترسیداره‌كان ئاگاداركردۆته‌وه‌. قسه‌كردن له‌باره‌ی كاروان ره‌نگه‌ بتوانم سه‌ره‌تایه‌كی بۆ دابنێم به‌ڵام ئه‌زانم هه‌رگیز ناگه‌م به‌كۆتایی و حه‌قیی خۆی ته‌واو ناده‌مێ‌. چونكه‌ زمانی نوسینی من له‌ئاست كاروان و خه‌یاڵه‌ جوانه‌كانی زۆر لاوازه‌.
به‌ڵام لێره‌وه‌ غیابێك هه‌یه‌ كه‌من پێی ده‌ڵێم غیابی عه‌قڵی رۆشنبیری. رۆمانی “ئای له‌ ڤیلیا له‌ ڤیلیا” رۆمانێك به‌و هه‌موو گه‌وره‌یه‌و جوانی خۆیه‌وه‌ بۆچی تیراژی ته‌نها “400” دانه‌ بوو؟ بۆچی كۆمه‌ڵه‌ كتێبێك ئێستا له‌كتێبخانه‌كان هه‌یه‌ به‌سانتیم تۆزیان له‌سه‌ر كه‌ووتوه‌ تیراژیان “2000 و 3000 و …هتد” دانه‌یه‌ و خوێنه‌ر نایان خوێننه‌وه‌ به‌ڵام رۆمانی “ئای له‌ ڤیلیا له‌ ڤیلیا” له‌هیچ كتێب خانه‌یه‌ك ده‌ستاناكه‌وێ‌ بۆچی چاپی دووه‌می ناكرێته‌وه‌؟ له‌كوێن 3500 ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان؟ ئایا نه‌ئه‌بوو هه‌ڵوێستیان هه‌بوایه‌؟ ئه‌ی ئه‌وان خۆیان به‌چینێكی هۆشیار نازانن؟ ئه‌ی بۆ بێ‌ ئاگان له‌كه‌می تیراژی ئه‌و رۆمانه‌؟ بۆ بێئاگان له‌جوانی و گه‌وره‌یی ئه‌و تێكسته‌ كه‌له‌سه‌ر شانی هه‌موو رۆژنامه‌نووسێكه‌ بیخوێنێته‌وه‌ چونكه‌ رۆمانێكی ئاوا له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا وێنه‌ی كه‌مه‌ ئایا چۆن خۆیان به‌كه‌سانی هۆشیار و ئاگادار ئه‌زانن؟
رۆمانی “مامزێر” هه‌روه‌ك باسم كردوه‌ تێكستێك به‌و هه‌موو جوانیه‌ی خۆیه‌وه‌ بۆچی تیراژی ته‌نها “500” دانه‌یه‌؟ ئایا مامۆستاكان له‌كوێن؟ له‌كوێن! ره‌نگه‌ خوێندنیان بیرچووبێته‌وه‌! ئه‌ی خوێندكاره‌كانی زانكۆت له‌كوێن ؟ ئه‌وان بۆ سۆراغی تێكستێكی ئاوایان نه‌كرد ؟؟؟ ئه‌ی خوایه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ هه‌ندێك كه‌سی نه‌بێت ئه‌گینا هه‌موویان تووشی نه‌خوێنده‌واری بووینه‌ ! ئه‌ی مامۆستاكان خۆیان به‌خوێنده‌وارترین چین نازانن؟ ئه‌ی خوێندكاره‌كانی زانكۆ خۆیان به‌نه‌وه‌ی نوێ‌ نازانن؟ ئه‌مانه‌ مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆن؟!
به‌مه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی رۆشه‌نبیریمان بۆ به‌دیار ده‌كه‌وێت. هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك گه‌نده‌ڵی رۆشنه‌بیری هه‌بوو یانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ سه‌راپای نقووم بووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی. ئاخر ده‌ڤگا رۆشنبیریه‌كان چۆن ئه‌بێت تووشی ڤایرۆسی گه‌نده‌لێ‌ بێن!!!
به‌راستی بۆشایه‌كی گه‌وره‌ رۆشنبیری له‌نێو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بوونی هه‌یه‌، هیوادارم ئه‌و بۆشایه‌ پربكرێته‌وه‌ ئه‌گینا تووشی نه‌خۆشیه‌كی ئێجگار كووشنده‌ی عه‌قڵ ئه‌بین. كه‌ره‌نگه‌ بمانخاته‌ به‌رده‌م چاره‌نووسێكی نادیار و سه‌ختی رۆشه‌نبیری. ئاخر ئێمه‌ به‌كام ده‌زگای رۆشه‌نبیریه‌وه‌ بنازین؟ بڵێن ئه‌مه‌یه‌ رۆشه‌نبیریمان؟ ئه‌مه‌یه‌!!!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.