
ناڕۆشنی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر پرسه گرنگه‌کان*
ڕۆژنامه: له ره‌شنووسی ده‌ستووردا هاتووه ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان چوارساڵه. له ڕۆژی کارپێکردنی ئه‌و ده‌ستووره‌وه کاریپێده‌کرێت، به‌ثێی ڕه‌شنووسه‌که بێت بارزانی لماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌ی پێشووی بۆ حیساب نه‌كراوه‌و ده‌توانێت ماوه‌ی "8" ساڵی تر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات. بۆچوونی تۆ له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
:: هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له‌و ڕاستییه گه‌یشتوون و ئه‌زانن كه ده‌سه‌لاتی پارتی یان ڕاشكاوانه‌تر بڵێم ده‌سه‌ڵاتێ بنه‌ماڵه‌ێ بارزانی خۆیان به خاوه‌ن و واریسی ده‌ستكه‌وتی خه‌بات و ڕه‌نجی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌زانێت، هه‌روه‌ها وه‌ك ڕابه‌ری مێژوویی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد خۆیان ئه‌خاته‌ڕوو. هه‌ژده‌ساڵه ده‌سه‌ڵاتیان داگیركردوه‌و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای خه‌ڵك و شه‌ڕی خوێناوی و ماڵوێرانیان له پێناویدا هه‌ڵگیرساند. ئێستاش له‌م قۆناغه نوێیه‌ی پاش ڕوخانی ڕژێمی دیكتاتۆری و په‌یڕه‌وكردنی جۆرێك له سیسته‌می دیموكراسی و له گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا، چیتر ناتوانن وه‌ك جاری جاران خه‌ڵك ملكه‌چ بكه‌ن یان به دروشمی بریقه‌دار هه‌ڵیانخڕێنن. بۆیه په‌نا ئه‌به‌نه شێوازیتر بۆ به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵاتیان. له ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌بوایه له‌مێژه‌وه ڕاده‌ست بكرایه چونكه ئه‌و هه‌ژده ساڵه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به خه‌ڵك كرابێت.
ئه‌وه‌ی له ماده‌ی (64) هاتووه جۆرێكه له شه‌رعییه‌تدان به كارێكی ناشه‌رعی كه ئه‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن به‌سه‌ر خه‌ڵكدا. ئه‌وه‌ش پێموایه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ په‌له‌كردن له هه‌مواركردنی پرۆژه‌ی ده‌ستور و پهسهنكردنییهوه له لایه‌ن په‌رله‌مانێكی ماوه به‌سه‌رچوو و هه‌وڵدانی ده‌سه‌ڵات بۆ خستنه ده‌نگدانییه‌وه به پهلهكروزێ و دوور له شێوازی ڕاسته‌قینه كه ده‌بوایه بخرێته به‌رده‌ست جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ریفراندومێكدا به‌رله‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندبكرێت به‌و شێوه نا دروسته.ڕۆژنامه: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی تره‌وه داوای ده‌ستوورێك ده‌كه‌ن بۆ دیاریكردنی ئه‌رك ومافه‌كان. ئێستا تێبینی ده‌كرێت دوای په‌سندكردنی ره‌شنووسی ده‌ستوور له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه. ئایا ناوهروَكی ئه‌م ده‌ستووره ئه‌وه‌نده دواكه‌وتوو وكۆنه‌خوازانه‌یه ئه‌م هه‌موو ههلاَیهی له‌سه‌ردروستكراوه؟
:: هه‌ژده ساڵه كوردستان بێ ده‌ستوره‌و هه‌ردوو حیزبی زلهێز به‌رده‌وام بیانویان ئه‌هێنایه‌وه بۆ نه‌بوونی ده‌ستور كه گوایه بارودۆخه‌كه ڕێگره، له ڕاستیشدا نه‌یانده‌ویست ده‌ستور هه‌بێت، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیاندا نه‌بوو ده‌ستورێك هه‌بێت ده‌سه‌ڵاتیان سنوردار بكات. ئێستاش كه قۆناغه‌كه گۆڕاوو به‌ناچاری ئه‌بێت مل بۆ ئه‌وه دانێن، ده‌ستوریان به‌و شێوه‌یه داڕشت كه تا تیادا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانیانی پارێزراو ڕاگرن. كورد ووته‌نی "دۆم بێت و كلاش بۆخۆی بچنێت". ناكرێت بلێین هیچ لایه‌نی پۆزه‌تیڤ له ڕه‌شنوسی ده‌ستوردا به‌دی ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌دی ئه‌كرێت تیایدا ئه‌وه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی بیر له بنه‌مایه‌كی بته‌و بكرێته‌وه بۆ دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی دیموكراسی، بیر له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كراوه‌ته‌وه. له هه‌ر خاڵێكدا كه به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات ڕهچاوكرابێت، به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و دیموكراسی پشتگوێ خراوه.
ڕۆژنامه: له ڕه‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان-عێراق، هاتووه هه‌موو كه‌سێك مافی ئازادیی راده‌ربڕینی هه‌یه‌و پێویسته ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی مسۆگه‌ربكرێت. له‌هه‌مان بڕگه‌دا هاتووه سوكایه‌تی به‌پیرۆزییه ئاینییه‌كان وهاندان بۆ توندوتیژیی بره‌وپێدانی رق وكینه له‌نێو پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ناگرێته‌وه. ئه‌م بڕگه‌یه ئازادیی رۆژنامه‌وانی وراده‌ربرین به‌رته‌سك ناكاته‌وه؟
:: بێگومان سوكایه‌تیكردن و تانه‌و ته‌شه‌ره كارێكی نابه‌جێیه‌و كه‌س لێی بێده‌نگ نابێت، هه‌روه‌ها مافی هه‌ر تاكه‌كه‌س و لایه‌نێكه كه دژ به ده‌ستدریژی بۆ سه‌ر مافه‌كانی بوه‌ستێته‌وه. شتێكی به‌دیهییه و بۆ هه‌موو كه‌سێكیش ڕوونه كه ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامه‌وانی، ئه‌و ئازادیه نادات به‌كه‌س سوكایه‌تی به كه‌سانی ناو كۆمه‌ڵ بكات ْو پێویسته له‌سه‌ر هه‌ر مرۆڤێك به ڕۆژنامه‌وانیشه‌وه رێزبگرێت له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك و لایه‌نه‌كانی ناو كومه‌ڵ. به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته یاسایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و جۆره كێشانه‌ی دێنه ئاراوه، نه‌ك به‌و شێوه لاستیكییه‌ی كه له‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستوردا ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
ده‌بوایه ده‌ستور زۆر به‌دیقه‌ته‌وه له‌و باره‌یه‌وه باسی بكردایه، چاكتربوو له‌و برگه‌یه‌دا ئاماژه بۆ یاسا بكرایه‌و پاشان په‌رله‌مان یاسایه‌كی تایبه‌تی ده‌ربكردایه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره پرسانه له كاتی ڕوودانیان. له زۆربه‌ی وڵاتاندا یاسای Defamation law دژه تانه‌و ته‌شه‌ره‌و سوكایه‌تیكردن و ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌رمافی خه‌ڵك هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی وا له كوردستاندا بوونی نییه، خۆ یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م لایه‌نه‌ی په‌یوه‌نده به ڕۆژنامه‌وانییه‌وه له ماده‌ی (15) دا یه‌كلاكردووه‌ته‌وه. پێموایه ده‌ستوره‌كه لێره‌و له زۆر شوێنی تریشدا به شێوه‌یه‌كی لاستیكی باسی له پرسی گرنگی جیاجیا كردووه، كه ئه‌مانه‌ش كه‌موكوڕین و جێی ڕه‌خنه‌ن له لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستور كه له كۆمه‌ڵێك كه‌سی پسپۆر و یاساناس پێكهاتووه. ده‌بوایه زیاتر وردبین بن له داڕشتنی و هه‌روه‌ها پێویست بوو بخرێته به‌رده‌م شاره‌زایان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ر له په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.ڕۆژنامه: له ده‌ستووره‌که‌دا سنووری جوگرافی سیاسی هه‌رێم كوردستان دیاریکراوه، به‌ڵام به‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)ه‌وه له‌ئاینده‌ی ئه‌م ناوچانه كێشه‌یه‌ك له‌م ماده‌یه دروستده‌كات، له‌كاتێكدا له‌بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌كه‌دا ئاماژه به‌سنووری سیاسیی كراوه نه‌ك جوگرافی؟
:: بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ماده‌ی (2) له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ناكۆكن، ناكرێت له ده‌ستوردا به‌و شێوه ناكۆك و ناڕۆشنه باس له پرسێكی وا گرنگ و هه‌ستیار بكرێت. به‌رپرسه‌كانی حكومه‌تی عیراقی پاش ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام، له ئه‌یاد عه‌للاوییه‌وه تا نوری ئه‌لمالكی تا بۆیان كرابێت خۆیان دزیوه‌ته‌وه له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، چونكه نایانه‌وێت بچنه ژێرباری ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌وه كه زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراق دژایه‌تی ئه‌كه‌ن و هه‌وڵی له‌باربردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ن. بۆیه ناكرێت چاره‌نوسی پرسێكی میژووی وه‌ك ده‌ستنیشانكردنی سنوری جوگرافی كوردستان ببه‌سترێته‌وه به ماده‌یه‌كی یاسایی كه ناكۆكی و مشتومڕیی زۆری له‌سه‌ره. له كاتێكدا بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی (2) كه پارێزگا‌و قه‌زا و ناحییه‌كانی هه‌رێمی تیادا دیاریكراوه به‌و ناوچانه‌شه‌وه كه ناكۆكیان له‌سه‌ره‌و ماده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه، ناكۆكه له‌گه‌ڵ ماده‌ی ده‌ستوری عیراق كه باس له سنوری هه‌ریم و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌كات و دانی به به‌شێكی ناوه و به‌شه‌كه‌ی تریشی به ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ر ناوئه‌بات.
له‌ڕاستیدا ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا هاتوون، جێی سه‌رنج و پرسیاره، له كاتێكدا قه‌زای به‌دره و هه‌ردوو ناحیه‌ی جه‌سان و زرباتیه كه هه‌رسێكیان كوردنشینن، نه‌خراونه‌ته ناو چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌و ماده‌یه‌دا، به‌ڵام قه‌زای قه‌ره‌قوش و تلكێف كه‌زۆرینه‌ی دانشتوانیان ئاسوری و كلدانن خراونه‌ته ناو قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رئه‌خات كه حیساب بۆ خواستی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه نه‌كراوه كه پێموایه له دوا ڕۆژدا ئه‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه چ له‌گه‌لڕ پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه وچ له گه‌لڕ حكومه‌تی به‌غداددا. ده‌بوایه پرۆژه‌ی ده‌ستور بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت به سنوری شاره‌كانی ئێستای هه‌ریمی تهرخانكردایه و له بڕگه‌یه‌كی تردا ئاماژه‌ی به ناوچه دابڕاوه‌كان بكردایه له گه‌لڕ جه‌ختكردن له سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی ده‌ستور له‌و ناوچانه‌دا، له پاش یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و لكاندنیان به هه‌ریمی كوردستانه‌وه. هه‌روه‌ها پێویستیشه كه ده‌ستور به‌ڕوونی باس له په‌نابردن بۆ ڕاپرسی گشتی دانیشتوانی بكردایه له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی و ململانی له سه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و ناوچانه.ڕۆژنامه: له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی (6)دا هاتووه نابێت هیچ یاسایه‌ك دابنرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ حوكمه نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلامدا، هه‌وه‌ها له‌بڕگه‌ی دووه‌می ئه‌م ماده‌یه‌دا هاتووه ناشبێت هیچ یاسایه‌ك دابنرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیدا. ئایا کێشه‌ی گه‌وره به‌دیده‌كرێت له‌م ماده‌یه‌دا به هه‌مانشێوه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌ده‌ستووری عێراقدا هه‌یه؟
:: له گه‌ڵ پێشكه‌وتنی پیشه‌سازی له ئه‌وروپا، ئازادی گشتی له بواره جیاجیاكاندا بوه خواستێك وپێویستیهكی گرنگ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو وزه‌و توانایه‌ك بخرێته گڕ له پێناو به‌رهه‌مهێنان، بۆیه دیموكراسی وه‌كو چه‌مكێك له‌پێناو دابینكردنی ئازادی و ڕێگرتن له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی مه‌سیحی له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا هاته كاییه‌وه پاش ئه‌وه‌ی كه‌نیسه كونتروڵی هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كردبوو. ئه‌وه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێگادان به به‌شداری ژنان شانبه‌شانی پیاوان له بواره جیاجیاكانی ژیاندا. ئه‌وه‌ش بوه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ساندیكا و لایه‌نه سیاسییه‌كان و سیسته‌می په‌رله‌مان و داڕشتنه‌وه‌ی یاساكان و ڕێزگرتن له ئازادی تاكه‌كه‌س. گه‌ر ئاینی مه‌سیحی ڕێگا به‌گۆڕان ئه‌دات به گوێره‌ی مه‌رجه‌كانی سه‌رده‌م، ئه‌وا ئاینی ئیسلام وه‌ك ئاینێكی (نه‌گۆڕ و پیرۆز) گۆڕان به لادان ئه‌زانێت له بنه‌ماكانی و جه‌خت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ سونه و شه‌ریعه‌ت ئه‌كات، كه به هیچ جۆرێك یه‌كناگرنه‌وه له گه‌ڵ دیموكراسیدا. نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام واتا په‌یڕه‌وكردنی قورئان و وته‌كانی موحه‌مه‌د كه له هه‌مان كاتدا وه‌ك ده‌قێكی پیرۆز سه‌یر ئه‌كرێن كه پێش هه‌زار و پێنجسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دارێژراون بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كی له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌ب، به هێچ شێوه‌یه‌ك خاڵی هاوبه‌شیان نیه له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕه‌كانی دیموكراسی و بگره دوو لایه‌نی دژ به یه‌كن. ئاینی ئیسلام ڕاشكاوانه ژن به نیوه پیاو دائه‌نێت و رێگا به پیاو ئه‌دات بۆ هێنانی چوار ژن و خۆی به كۆتایی ئاینه‌كان ئه‌زانێت و دیموكراسی به دروستكردووی مرۆڤـ ئه‌زانێت به به‌راوورد به ئیسلام كه به ئاینی خوا ده‌ناسێنرێت. له لایهكهیترهوه دیموكراسی بانگه‌شه‌ی یه‌كسانی نیوان ژن و پیاو و هه‌موو ئاینه‌كان و چین وتوێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ ئه‌كات.
له ڕاستیدا ئه‌و ماده‌یه له سه‌ر لهخۆتێگدان زیاتر هیچیتر ناداته ده‌سته‌وه. هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له ده‌ستوری عێراقدا هاتووه دووباره بوه‌ته‌وه. پێموایه له‌سه‌ر لێشێواندن زیاتر هیچی لێههڵناكڕێت و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش لێی ته‌نیا ڕاگرتنی به‌ڵانسی سیاسی و ڕازیكردنی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستانه. دیاره سه‌رباری ئه‌وه‌ش لایه‌نه ئیسلامییانه هه‌ڕه‌شه‌ی سكاڵاكردنیان ئه‌كرد له دادگای فیدرالی عێراق كه گوایه ئیسلام به ئاینی فه‌رمی هه‌رێم له ده‌ستوردا نهناسرێنراوه. پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئاینی ئیسلام كه وه‌ك ئاینێكی پیرۆز و نه‌گۆڕ له لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه ئه‌ناسرێت و كاتێك ده‌ستوریش ئیسلام به سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی یاساكانی ئه‌خاته‌ڕوو، واتا ئه‌و ده‌ستور و یاسایانه ناكرێت به هیچ شێوه‌یه‌ك بگۆڕدرین كه له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌گۆڕ و پیرۆزه‌كانی ئیسلام نه‌یاته‌وه. ئه‌گه‌ر وابێت واتای له‌گۆڕنانی دیموكراسی زیاتر هیچیتر ناگه‌یه‌نێت.ڕۆژنامه: له ده‌ستووره‌دا هاتووه " پاش ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان له راپرسیه‌كی گشتیی‌دا به‌په‌سه‌ندكراو داده‌نرێت" به‌لام ڕێژه دیارینه‌کراوه بۆ په‌سه‌ندکردنی یاخود ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، ئه‌مه چۆن ئه‌بینن؟
:: ئه‌م ماده‌یه زۆر ڕاشكاوانه نه‌ك هه‌ر ئامانجی ماده‌كه خۆی به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌و پهلهكروزێیهش كه كرا له په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌كه له لایه‌ن په‌رله‌مانی ماوه‌به‌سه‌رچوو و هه‌وڵدان بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌ڕیی ده‌نگدانی خه‌ڵكه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رئه‌خات. ده‌سته‌واژه‌یه‌ی (زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران) زۆر نابه‌جێیه ئه‌بینم بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسایه‌كی بنه‌ڕه‌تی وه‌ك ده‌ستور، چونكه هیچ كاتێك ناكرێت پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌شداری ئه‌كه‌ن له ده‌نگدان، گریمان به‌شداربووان ڕێژه‌ی (5%)ی ده‌نگده‌رانی یاسایی خه‌ڵكی كوردستان بوون، ئه‌و كاته به‌پێی ئه‌و ماده‌یه زۆرینه‌ی ڕێژه‌ی (5%) دا ڕهچاوئهكرێت كه كه‌مینه‌یه‌كی زۆر كه‌می هاوڵاتیان ئه‌كات، به‌پێی ئه‌وه‌ش ده‌بێت ده‌ستور په‌سه‌ند بكرێت. مه‌به‌سته‌كه ئاشكرایه كه ته‌نیا بۆ مسۆگه‌ركردنی تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌كه و شه‌رعییه‌تدانه به ده‌ستور. ئه‌مه‌ش ته‌قه‌لایه‌كی تری ده‌سه‌ڵاته له‌پاڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی تریه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی ده‌ستورێكه كه مشتومڕێكی زۆری لێ كه‌وتوه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌ی جۆراوجۆری شاره‌زایان و لایه‌نی سیاسی و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاڕاستهكراوه. لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رئه‌كه‌وێت ده‌سه‌ڵات ئه‌یه‌وێت خۆڵ بكاته چاوی خه‌ڵك، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵئه‌دات به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێت له سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كوردستان و دانیشتوانه‌كه‌ی. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا پێویستی به‌و پێچ و په‌نایانه نه‌ده‌كرد و ڕێگای یاسای و ئوسوڵی لای هه‌مووان ڕوونه.
……………………………………………………………………………………………………
له ژماره‌ی (544)ی "رۆژنامه"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.