
یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی یان کوشتنی جیاوازیه‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو
ماوه‌یه‌که گوته‌و چه‌مکی "یه‌کپارچه‌یی، یه‌کێتی نیشتیمانی یان نه‌ته‌وه‌یی" بۆته باسی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌کان، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه لایه‌نه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان یان ئه‌وانه‌ی خۆیان وه‌ک ده‌سته‌ڵات له‌سه‌ر لایه‌نی به‌رانبه‌ر ده‌بیین، به ئامانجی تاکتیکی ساده‌و له‌ژێر ناوی (یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌یی، یه‌کێتی نیشتیمانی-نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کپارچه‌یی) هه‌وڵ ئه‌ده‌ن لایه‌نی به‌رانبه‌ر و نه‌ته‌وه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌کان به ئاره‌زووی خۆیان بجولێنن، بۆیه به‌پێویستم زانی له بواری زانستی و مێژوویی و ئه‌زموونه ههییهکانهوه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ڕاوه‌ستم و ئه‌گه‌ر سه‌رپێیانه‌ش بێ وه‌ڵامی پرسیارگه‌ڵێکی وه‌ک: (یه‌کێتی، یه‌کێتی نێوان ووڵات، نه‌ته‌وه و چین و توێژه‌کان، ئامانج له یه‌کێتی) و چه‌ند پرسیارێکی دیکه‌ی تایبه‌ت به ئامانج و شێوازی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی له‌وبواره‌دا بده‌مه‌وه.
یه‌کێتی: به‌کورتی بریتیه له به‌ڵێن یان یاداشتێکی لێکتێگه‌یشتن له‌سه‌ر بواره جیاوازه‌کانی "سیاسی، ئاسایشی، نیشتیمانی، ده‌وڵه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی و ….هتد. له نێوان دوو یان چه‌ند لایه‌نێک بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو یان دیارینه‌کراو. نمونه Balkan Entente یه‌کێتی باڵکان 1934 یان The Soviet Union یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی League of Arab State یان یه‌کێتی کۆمکاری عه‌ره‌ب ، و …هتد.The United Nations (UN) ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان
له گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگه‌و گروپه‌کاندا یه‌کێتی و هاوپه‌یمانێتی سه‌ری هه‌ڵداوه، زۆربه‌ی جار ئه‌و یه‌کێتیانه ناچاری بوونه، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له مه‌ترسی کاره‌ساته سروشتیه‌کان و مه‌ترسیه‌کانی هاوڕه‌گه‌زی خۆی بپارێزێ په‌نای بۆ ئه‌و یه‌کێتیه بردوه، وه زۆربه‌ی جاریش ئه‌و یه‌کێتیانه به ئیراده‌و ویستی لایه‌نه لاوازه‌کان و تاکه‌کان نه‌بوونه، واته تاک و لایه‌نه لاوازه‌کان و که‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌رده‌وام پشکی که‌میان به‌رکه‌وتوه‌و ناچاربوونه یه‌کێتیه‌کی زۆره‌ملێ پێک‌بێنن بۆ ماوه‌یه‌ک، ڕه‌نگبی زه‌قترین و گه‌وره‌ترین نمونه‌ی یه‌کێتیی زۆره‌ملێ که جیاوازیه‌کانی تێدا کوژرابوون یه‌کێتی سۆڤیه‌ت بێ، که دوای هه‌ره‌سهێنانی سۆسیالیزم و توڕه‌یی و ناچاری ئه‌و وڵات و ناوچانه‌مان بینین، ته‌نانه‌ت ئێستاکه‌ش تاکو کۆمه‌ڵه‌کان ئازاری ئه‌و یه‌کێتیه زۆره‌ملێیه ده‌چێژن که به‌ته‌نیا له خزمه‌تی ناسیۆنالیزمی ڕوسی دابوو.
له‌سه‌ر ئاستی گروپ و حیزب و خێڵ و ڕێکخراویشدا، چه‌ندی بلێی نمونه‌مان زۆره له سه‌رجه‌م گۆشه‌کانی ئه‌و جیهانه پان و به‌رینه‌دا که نه مه‌به‌ستمانه لێره باسی بکه‌ین و نه ده‌رفه‌تیشمان هه‌یه. ئه‌وه‌ی لێره مه‌به‌ستمانه تیشکخستنه سه‌ر ئه‌و یه‌کێتییه‌ی که ناسیۆنالیزمی کوردی به‌تایبه‌تی و به‌ته‌نیا له کاتی ته‌نگه‌تاوی و شڵه‌ژاندا باسیان ده‌کات. به‌ڵام له کاته‌کانی دیکه‌دا سه‌رجه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان دژ به‌و گوتاره‌ی خۆیانه.
لێره‌دا نامانهه‌وێ دژ به یه‌کێتیبوون بین، هه‌ر وه‌کو گوتمان ئه‌وه‌ی یهکێتییبوون دروست ده‌کات، کۆمه‌ڵێک پێویستی و ناچارین له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، که مرۆڤه‌کان به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و ویستی یه‌کتری ده‌توانن سازبکه‌ن، لێره‌دا مه‌به‌ست به‌ته‌نیا گوتاری ده‌سته‌ڵات و هێزی سه‌روویه که ده‌یه‌وێت له ژێر ناوی "یه‌کێتی و یه‌کڕیزی"دا، جیاوازیه‌کان بکوژێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کڕه‌نگ سازبکات، ئه‌وه‌ش ترسناکترین شته، ئه‌و داخوازیه له‌ژێر هه‌ر ناو‌و بیانویه‌کدا بێت جگه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مێژوو بۆ دواوه هیچ ئه‌نجامێکی دیکه‌ی لێناکه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه ناسیۆنالیستیه‌کانی کورده‌وه له‌و بابه‌ته بڕوانین هه‌موومان ئه‌زانین که تاکی کورد به‌رده‌وام پێویستی به یه‌کێتیی و یه‌کڕیزی گه‌ل و نه‌ته‌وه هه‌بوه له سه‌رئاستی هه‌موو کوردستاندا، ڕه‌نگبێ نه‌بوونی ئه‌و یه‌کێتییه وای له کورد کردبێ له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا نه‌یتوانیبێ به ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی بگات و له ئه‌نجامی په‌یمانی سیڤه‌ر 24/7/1923 دا کوردستان به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێی دابه‌شکرا. له‌و کاته‌وه تاکو ئێستا به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کیه‌وه یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن هێزه ئایینی و عهشیرهتیهکانی کوردستان به‌رجه‌سته نه‌بوه، به‌رده‌وام خێڵ و بنه‌ماڵه به‌هێزه‌کان ویستویانه خێڵ و بنه‌ماڵه‌و گروپ و تاکه‌کانی دیکه‌ی ده‌وروبه‌ریان بخه‌نه ژێر ڕکێفی خۆیانه‌وه، ئه‌وڕۆکه‌ش ئه‌و جۆره هزره له‌ناو حیزب و ڕیکخراوه نه‌ریتیه‌کان به‌رده‌وامه و کۆتایی پێنه‌هاتوه. له ناو ڕێکخراوێکدا که مافی تاک، ئیراده‌ی تاک به سه‌رۆکی حیزب و ڕێکخراو به‌نده و هه‌بوونی تاک جگه له هه‌بوونه فیزیکیه‌که‌ی هیچ واتایه‌کی دیکه‌ی نیه، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌بوونه فیزیکیهش زۆربه‌ی جار ئه‌وه‌نده‌ی به چۆنیه‌تی یاریکردن له‌ناو گه‌مه حیزبیه‌کانه‌وه به‌نده، به توانا، کار-ڕه‌نج و لێهاتوییه‌وه به‌ند نیه، هه‌رکاتێک تاکێک وه‌یاخود گروپێک نه‌یتوانی بێئیراده‌یی، پابه‌ندبوون به سه‌رکرده و کارکردن بۆ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی هه‌موو موقه‌ده‌ساته‌کانی حیزب و سه‌رکرده له‌خۆیدا جێبه‌جێ بکات، ئه‌وا سیفاتی ئه‌ندام، کادر و دۆستی لێ ده‌سه‌ندرێته‌وه‌و، له چاوتروکانێکدا ئه‌کرێ به لاده‌ر و خائین، له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌و جۆره ڕێکخراوانه‌شدا خائین و لاده‌ر نه‌ک به‌ته‌نیا مافی شاباش و ته‌زکیه، ته‌نانه‌ت مافی مرۆڤایه‌تی و ژیانیشی لێ ئهستێندرێتهوه. مه‌به‌ست له‌و نمونه‌یه سه‌لماندنی ئه‌و یه‌که‌یه که بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی له ناوخۆیدا به‌رگه‌ی هیچ جۆره ئیراده و ماف و جیابیریهک ناگرێ و له ده‌ره‌وه‌شدا داوای یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کڕیزی ده‌کات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌دوای نمونه‌دا بگه‌ڕێین نه‌ک گوتارێک به‌ڵکو سه‌دان په‌رتوکیش به‌شمان ناکات، به‌ڵام زه‌قترین نمونه دوای هه‌ڵبژاردنی 25-07-2009ی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه، که له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌یان که‌س به‌هۆی جیاوازی بیروڕا، یان ده‌نگدان به لیستێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان نان بڕ ده‌کرێن و له ئه‌رکه حکومیهکانیاندا بێ به‌ش ده‌کرێن. چونکه حیزب و سه‌رکرده ماڵی نه‌ته‌وه‌و حکومه‌ت و خاکی کوردستانی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی دواییدا وه‌ک ئامرازێک بۆ به‌هێزکردنی خۆی و بێ ئیراده‌کردن و کپکردنی ده‌نگه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر تاکه‌کاندا ده‌به‌شیه‌وه له‌ژێر ناوی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه دێرینه‌کان و هتد… ئه‌وه‌ش نه‌ک وه‌ک ماف به‌ڵکو وه‌ک به‌خشینه‌وه که هه‌رکاتێک له ئه‌گه‌ری ههڵگهڕانهوهیاندا بتوانن لێیان بستێننه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌و واتایه ده‌گه‌یه‌نێ که‌سانێک له ژێر سێبه‌ری مندا نه‌بن مافی ژیانیان نابێ. سه‌یره ڕێکخراوێکی وه‌ک "یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان که به خۆی له سه‌ره‌تای له دایکبونیه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ده‌لی بۆ جیابیری و شوناسێکی جیاوازداوهو چه‌ندین کاره‌ساتی به‌سه‌رهاتوه له پێناوی به‌رجه‌سته‌کردن و ئافراندنی فره‌حیزبی و فره‌ناسنامه‌یی، ئه‌وڕۆ هه‌مان شت له‌به‌رانبه‌ر هاوسه‌نگه‌ر و کادره‌کانی خۆی دووباره ده‌کاته‌وه.
ئه‌وڕۆکه له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی کوردستاندا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ به‌کارهێنانی چه‌مکی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی جگه له نیشاندانی هۆگۆمۆنیای حیزب هیچ ئامانجێکی دیکه‌ی له پشت نیه، ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی ڕاستینه‌ی جیۆپۆلیتیکی و ناوچه‌و کوردستان ته‌ماشای ئه‌و یه‌که بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کارێکی ئاسان نیه، بۆ نمونه کورده‌کانی باشوری کوردستان- عێراق پێیان باشه په‌یوه‌ندیه‌کی باشیان له‌گه‌ڵ ئێران و تورکیا هه‌بێ، ئه‌وه‌ش ناکۆکه له‌گه‌ڵ داخوازی کورده‌کانی هه‌ردوو ووڵات، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی له عێراقدا پێویستی به‌و په‌یوه‌ندیه هه‌یه له هه‌موو بواره‌کاندا و له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ستراتیژی خۆیان به یۆتۆپیای کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتو ناگۆڕنه‌وه. کوردانی به‌شه‌کانی دیکه به‌هه‌مان شێوه، بینیمان به‌رله تێکچونی هاوسه‌نگیه سیاسیه‌کانی عێراق واته له سه‌رده‌می به‌عسدا، سه‌رجه‌م حیزبه‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی عێراقدا هه‌بوو، پارتی کرێکارانی کوردستانیش په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر چاکی له‌گه‌ڵ سوریا، ئێران و عیراقدا هه‌بوو. ئێستا چه‌ندین ده‌زگای به‌ناو کۆنگره‌ی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه که کار بۆ یه‌کگرتوویی کورد ده‌که‌ن. ئه‌وانه هه‌موویان به جێگای خۆی، من خۆشم ماوه‌یه‌کی کورت له یه‌کێک له‌و ده‌زگایانه ئه‌ندام بووم، کێشه‌که له‌وه‌دایه زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ده‌زگایانه سه‌ربه‌خۆ نین و سه‌ربه حیزبێکی دیکه‌ن که به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ده‌سته‌ڵاتیان هه‌یه یان خۆیان له به‌شه‌که‌ی خۆیان به باوکی حیزبه‌کان و ده‌سته‌ڵات ده‌زانن، ئه‌و حیزبانه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕیان به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی نیه‌و تا بکرێ کاری بۆ ناکه‌ن جا هۆکاره‌که‌ی هه‌رچیه‌ک ده‌بێ، چونکه ئه‌وان به‌ته‌نیا کاریان به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه کاتێک بیانه‌وه کاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر لایه‌نێک یان له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکدا فه‌رز بکه‌ن، یان له کاتی ته‌نگه تاویدا له‌ژێر ئه‌و دروشمه یان ئه‌و ناوه سیاسه‌ت ده‌که‌ن. هه‌ربۆیه بینیمان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگایانه دهپوکێنهوهو له جیاتی ده‌زگایه‌کی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌یی، ڕۆڵی دیوه‌خان و خۆده‌رخستن و ده‌زگایه‌کی کارتۆنی ده‌بینن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌وڕۆ چه‌ندین گروپی ئه‌تنێکی جیاواز له کوردستاندا ده‌ژین، تۆ ناتوانی له‌ژێرناوی نه‌ته‌وه یه‌کێتیه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌دا ساز بکه‌ی.
له ڕاستیدا ئه‌و یه‌کێتی و یه‌کپارچه‌ییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی داوای ده‌کات، زۆر تایبه‌ت و نامۆیه له‌گه‌ڵ یه‌کێتیه‌کانی دیکه‌ی جیهان، ڕوناکبیره ناسیۆنالیسته‌کانی عه‌ره‌ب زۆر جار گاڵته به "یه‌کێتی کۆمکاری عه‌ره‌بی" ده‌که‌ن که باره‌گاکه‌ی له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسره، به‌ڵام ئێمه ته‌نانه‌ت ناتوانین ئه‌و یه‌کێتیه‌ی کورد داوای ده‌کات له‌گه‌ڵ کۆمکاری عه‌ره‌بیشه‌وه به‌راورد بکه‌ین، که هه‌ڵوێسته‌کانیان ده‌رباره‌ی کێشه‌ی عه‌ره‌ب-ئیسرائیل جێگای پێکه‌نینه. له ڕاستیدا باشترین نمونه بۆ ئه‌و یه‌کێتیه‌ی که ناسیۆنالیزمی کورد داوای ده‌کات (یه‌کێتیی پیرۆز)ه Holy Alliance 1815 که له نێوان "تیزار ئه‌لکسانده‌ری" شای یه‌که‌می ڕوسیا، "فڕانسێسی یه‌که‌م"ی ئیمپراتۆری نهمساو، "فرێدرێک ویلهێڵم"ی سێهه‌مین شای پرووس له ساڵی 1815 دا مۆرکرا و دواتر زۆربه‌ی زۆری پاشاکانی ئه‌وروپا چونه پاڵ ئه‌و یه‌کێتییه که به یه‌کێتیی پیرۆز ناسرا. ئامانجی ئه‌و یه‌کێتیه سه‌رکوتکردنی بزووتنه‌وه ڕزگاریخواز و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕه‌کان بوو، جگه له‌وه ئه‌و یه‌کێتیه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به کۆنه‌په‌رستترین و ئه‌ستورترین دیوار ده‌زاندرا له به‌رده‌م سه‌رجه‌م شۆڕشه‌کان نه‌ک به‌ته‌نیا له ئه‌وروپا، به‌ڵکو سه‌رجه‌م جیهان. هه‌موو شاکانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتبوون له پێناوی به‌ربه‌ره‌کانێکردن و له ڕیشه‌کێشانی هه‌موو شێوازه‌کانی"جیابیری" یارمه‌تی یه‌کتری بده‌ن. کلێسای کاتۆلیکی گه‌وره‌ترین باره‌گا بوو دژی "جیابیری"، له هه‌موو شوێنه‌کانی ئه‌وروپا و جیهاندا خه‌ڵکیان هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی دژی بزووتنه‌وه نوێخواز و شۆڕشگێڕه‌کان ڕاپۆرت کۆبکه‌نه‌وه‌و به‌خشیشیان به‌و که‌سانه ده‌دا که کاری سیخوریان خستبونه ئه‌ستۆ. ئامانج له‌و یه‌کێتیه به پله‌ی یه‌که‌م گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی مێژوو بوو بۆ دواوه. چالاکی ئه‌وانه به‌ته‌نیا له زمان و نوسیندا کورت نه‌ده‌بۆوه، به‌ڵکو وه‌ک ڕاوچی به‌دوای که‌سایه‌تیه لێهاتو و ناسراوه‌کانی سه‌ده‌می ناپلیۆن ده‌گه‌ڕان و به شێوه‌یه‌کی بێ به‌زه‌ییانه ڕوبه‌ڕوی له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی و فکریان ده‌کردنه‌وه. له ساڵانی نێوان (1824-1835) دا به‌پێی یاسایه‌ک بڕیاردرا سزای توند به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا بسه‌پێندرێ که سوکایه‌تی به پیرۆزیه‌کانی کلێسا ده‌که‌ن یان کاری پێچه‌وانه‌ی رێ و شوێنی کلێسا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌و یه‌کێتییه زله‌ی لایه‌نه کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئه‌وروپا سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتیان به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌وروپا و زۆربه‌ی جیهان ده‌سه‌پا و توانای گه‌وره‌ی ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازیان هه‌بوو نه‌یانتوانی ئاراسته‌ی مێژوو بۆ دواوه بگێڕنه‌وه، ئه‌و گۆڕانکارییه مه‌زنانه‌ی که پێکهاته‌ی کۆمه‌لایه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکای گۆڕی، بوو به هۆی به‌هێزبوونی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی بۆرژوازی و سه‌رهه‌ڵدانی چینێکی گه‌وره‌تر و به‌هێزبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له نێو گه‌لانی جیهاندا. وه تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی فیوداڵ-کلێسا بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته خۆی بنوێنێ، ئه‌و کاته راپه‌رینه‌کانی سه‌رده‌می 1820-1829/ 1830-1839 زۆربه‌ی زۆریان به شێوه‌ی سه‌ربازی، برسیکردن، سزادان و ئاواره‌کردن سه‌رکوتکران، به‌ڵام راپه‌ریوان توانیان کاریگه‌ری خۆیان بۆ به‌رگری له ئازادی به‌جێبێڵن.
ئه‌و نمونه‌یه هه‌رچه‌نده ماوه‌یه‌که به‌سه‌ر چوه‌و زۆر قه‌به‌یه، به‌ڵام زۆر شتی پڕ به پێستی ئه‌و یه‌کێتیه‌یه که له کوردستانی باشوردا داوای ده‌کرێ، ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی نزیکه‌ی 200 ساڵ له به‌ینی سه‌رده‌می یه‌کێتی پیرۆز و سه‌رده‌می یه‌کێتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و به‌رپرس و سه‌رکرده دیاره‌کانیان له چه‌ند ساڵی ڕابردوو سه‌رجه‌م ئه‌و شێوازانه‌ی پاشاکانی سه‌رده‌می یه‌کێتی پیرۆزیان له کوردستان تاقیکرده‌وه، ئێستاکه‌ش چینێک لهدایهک بوه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به ڕابردوو نیه‌و هه‌رگیز ناتوانرێ له ژێر هیچ ناوێک‌دا هێز و ووزه‌ی ئه‌و چین و توێژه و ئاراسته‌که‌ی بۆ دواوه بگه‌ڕێندرێته‌وه، ئه‌وڕۆ ده‌سته‌ڵاتی کوردی کوردستانی کردۆته به‌هه‌شتێک بۆ نوخبه‌یه‌کی بچوک که هیچ په‌یوه‌ندی به تێکۆشان، ڕه‌نج، ماف و توانایه‌که‌وه نیه و به‌شی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگه‌شی بێ خزمه‌تگوزاری و ماف هێشتۆته‌وه، که‌چی له‌ژێر ناوی یه‌کێتی و یه‌کڕیزیدا ده‌یه‌وێ ئه‌و ده‌نگه جیاوازه‌ی که سه‌ری هه‌ڵداوه بکوژێت و له‌ناوی ببات، ده‌سته‌ڵات و حیزبێک ده‌توانێ ئه‌و بانگه‌شه‌یه بکات که کوردستان به موڵکی هه‌موو تاکه‌کان بزانێ و مافیش بۆ هه‌موویان مسۆگه‌ر بکات و ڕێز له جیاوازیه‌کانیان بگرێ.
تێبینی: سود له‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه وه‌رگیراوه.
-http://en.wikipedia.org/wiki/Holy_Alliance