Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئه‌گه‌ره‌ لاوازه‌كانی تووشبوونی یه‌كگرتوو به‌ په‌تای گۆڕان

ئه‌گه‌ره‌ لاوازه‌كانی تووشبوونی یه‌كگرتوو به‌ په‌تای گۆڕان

Closed
by October 3, 2009 گشتی

 

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی “عه‌بدولڕه‌حمان سدیق ” له‌ریزه‌كانی یه‌كگرتوو، به‌تایبه‌ت به‌دوای ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی كه‌ ریزێك له‌ ره‌وتی گه‌شه‌كردن له‌ناو ریزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا دروست بووه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ بوونی جۆرێك له‌بێسه‌روبه‌ری رێكخراوه‌یی‌و رابه‌ری كه‌ له‌ناو ریزه‌كانی رێكخراوی ناوبراودا روو ده‌ده‌ن.
رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كان، یه‌كێكن له‌رێكخراوه‌ ته‌قلیدییه‌كان كه‌ پشت به‌ سوننه‌تێكی مه‌ركه‌زی به‌هێز‌و كوێرانه‌ ده‌به‌ستن‌و له‌هه‌مانكاتیشدا ئۆتۆریته‌ی ته‌قلیدی خێزان‌و شونێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سه‌كان رۆڵ ده‌بینێت له‌جڵه‌وكردنی كاروباری رێكخراوه‌كانیاندا. یه‌كگرتوویش له‌سه‌ر هه‌مان ریتمی ئه‌و جۆره‌ رێكخراوه‌ كار ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌یش زیاد بكه‌ین كه‌ رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كان، چه‌سپێكی به‌هێز له‌ ئایدیۆلۆژیای سیاسی‌و ئایینی به‌یه‌كیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا پێڕه‌وییه‌كی كوێرانه‌ له‌ئایدیۆلۆژیای سیاسی‌و ئایینی بووه‌ته‌ دارده‌ستێك به‌ده‌ست سه‌رانی رێكخراوه‌كانیانه‌وه‌ تا هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر رێگری بكه‌ن له‌سه‌رده‌رهێنانی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان‌و به‌ئاسانیش بتوانن كپیان بكه‌نه‌وه‌.  ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ تا ئێستا رێگر بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ی ناوخۆی ئه‌و رێكخراوانه‌ به‌زوویی دزه‌ بكاته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ گۆڕینی ئاراسته‌ی كاركردنی ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌ناوه‌وه‌ یان به‌مردوویی له‌دایك بوون، یان ناچار بوونه‌ته‌ هۆی جیابوونه‌وه‌و دروستكردنی رێكخراوی نوێ‌.
له‌ناو رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كاندا، یه‌كگرتوو له‌رووی پرنسیپی رێكخراوه‌ییه‌وه‌ له‌هه‌موویان به‌هێزتر‌و به‌رده‌وامتره‌، له‌وانه‌یه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، یان به‌رێژه‌یه‌كی زۆر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو خاڵ. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیخوانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌سمی دانیان پێدا ناوه‌و، خاڵی دووه‌میش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ ده‌وری یه‌كگرتوویان داوه‌، وه‌ك ئه‌و شارنشین‌و گوندنیشانه‌ی ئاستێكی دیاریكراوی داهات‌و داراییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ به‌هۆی یه‌كگرتووبوونیانه‌وه‌ ئیمتیازیان به‌ركه‌وتووه‌‌و له‌ده‌ستدانی ئه‌و ئیمتیازانه‌ هه‌روا به‌ئاسانی هه‌زمناكرێت.
به‌ڵام، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا شێوازی ته‌قلیدییانه‌ی كاری رێكخراوه‌یی ئیسلامییه‌كان ده‌توانێت بگۆڕدرێت به‌شێوازێك كه‌ كراوه‌تر‌و شه‌فاتر بێت، واته‌ بگۆڕێت بۆ ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ نه‌زمه‌كانی ناو ئه‌و رێكخراوه‌ ئیدیعای ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو ده‌توانن ئه‌زموونی رووداوه‌كانی گۆڕان له‌یه‌كێتی، له‌ناو ڕێكخراوه‌كه‌ی خۆیاندا دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌؟  به‌ بڕوای من وه‌ڵامه‌كه‌ نێگه‌تیڤه‌، چونكه‌ یه‌كگرتوو هێزێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی  خۆی ئاراسته‌‌و رێنوێنی ده‌كات. ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی كه‌ له‌رووی جڵه‌وكردنی سه‌ركردایه‌تی رێكخراوه‌یشه‌وه‌ هیچی له‌ ئه‌زموونه‌كانی تری حزبه‌كانی وه‌ك یه‌كێتی‌و پارتی كه‌متر نییه‌. بۆیه‌ زۆر به‌ دوور ده‌زانرێت، په‌تای “گۆڕان” به‌و شێوه‌یه‌ی رویكرده‌ یه‌كێتی، روو بكاته‌ یه‌كگرتوو.

 

Previous
Next