
ئیسلامییه‌ک کاریکاتێره‌کانی موحه‌مه‌دی کێشاوه…. به‌کر ئه‌حمه‌د
پرسیاری دووباره بڵاوکردنه‌وه‌ی کاریکاتێره‌کانی موحه‌مه‌د له ڕۆژنامه جۆراوجۆره‌کانی دانیمارک و هه‌ندێک له مێدیا گه‌وره‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپادا، پاش ئه‌و هه‌ڕه‌شه تیرۆریستیانه‌ی که ڕۆژنامه‌ی "یلاند پۆستن " و کاریکاتۆریستی دانیمارکی "کورت ڤێسته‌رگارد" دووچاری بوونه‌وه، جه‌ده‌لی ئازادی ڕاده‌ربڕین، خۆسانسۆرکردن، ئازادی بیروڕا و بریندارکردنی هه‌ستی ئینسانه‌کانی دووباره خسته‌وه سه‌ر شانۆ. ڤێسته‌رگارد، له ڕۆژنامه‌ی "یۆتێبۆری پۆستن"دا، له به‌رانبه‌ر پرسیاری ڕۆژنامه‌ی ناوبراودا، دید و بۆچونی خۆی ده‌خاته‌ڕوو. له‌و شوێنه‌یدا که قسه‌له‌سه‌ر موتیڤی بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی موحه‌مه‌ده که به مێزه‌رێکی ئیسلامییه‌وه‌یه و بۆمبێکی به‌سه‌ره‌وه‌یه، وێنه‌یه‌ک که له هه‌موو کاریکاتێره‌کانی دی، هه‌ستی ئیسلامییه‌کانی سه‌رتاپای دنیای تووڕه کرد، ئاواهی وه‌ڵامده‌داته‌وه:" بۆمبه ئانارشیستییهکه مێتافۆره بۆ تێرۆر، من له‌وێدا ده‌مویست ئه‌وه نیشان بدام که چۆن تێرۆریستان به‌شێک له ئیسلام وه‌ک ته‌قه‌مه‌نییه‌کی ڕۆحی به‌کارده‌هێنن . ئاخر ئینسان له‌هیچه‌وه شت به‌رهه‌مناهێنێ. چیرۆکێک هه‌یه که پیکاسۆ فڕۆکه‌وانێکی ئه‌فسه‌ری ئه‌ڵمانی ده‌بینێت و ئه‌ویش له پیکاسۆ ده‌پرسێ: که ئایا ئه‌وه پیکاسۆیه تابلۆی گوێرنیکای کێشاوه،ئه‌و له وه‌لامدا ده‌ڵێت: نا، من نیم، به‌ڵکو ئێوه بوون" شایه‌نی باسه، گوێرنیکا دێیه‌کی سه‌ر به باسکی ئیسپانیایه و له جه‌رگه‌ی جه‌نگی ناوخۆیی ئیسپانیادا و له‌سه‌ر خواستی فرانکۆ له لایه‌ن هێزه ئاسمانییه‌کانی ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه که هاوپه‌یمانی ئیسپانیای فرانکۆ بوون، بۆمبارانێکی خه‌ست ده‌کرێت و 1658 که‌س تیایدا گیانیان له ده‌ستدا و 899 که‌سی دی بریندار بوون. پیکاسۆ له‌م تابلۆیه‌یدا ڕوخساره دزێوه‌کانی جه‌نگمان له کارێکی هونه‌ری سه‌رکه‌وتوودا نیشانده‌دات. من لێره‌دا ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی ئه‌م ده‌ربڕینه کورته، بروسکه ئاسایه‌ی ڤێستهرگاردا ئێستێک بکه‌م. به بڕوای من، ئه‌گه‌ر مانای شیعر له دڵی شاعیردا بێت، ئه‌وا به‌شێکی زۆری ئه‌و جه‌ده‌له‌ی که له دنیای به‌ناو ئیسلامدا له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وێنانه‌وه ده‌بوایه په‌ره‌ی بگرتایه و نه‌یگرت، مێزه‌ری موحه‌مه‌د و بۆمبه‌که‌ی سه‌ری، له پاش ده‌ربڕینی ڤێسته‌رگارد خۆیه‌وه، ڕاستییه‌کی زۆر تاڵ ده‌رده‌بڕێت. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاماژه کورته ده‌کرا په‌یوه‌ندی نێوان ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی ترادیسیۆنی به شوێنێک بگه‌یاندایه که ڤێسته‌رگارد ئاماژه‌ی پێده‌دات، ئه‌وا کۆمه‌ڵێک ئاماژه‌ی ڕاسیستی دیکه که له پشت موتیڤی زۆرێک له کاریکاتێرهکانهوهیه و ناکرێ به هه‌ند وه‌رنه‌گیریت. ئه‌مڕۆ له زۆر جێگای دنیادا، موسوڵمان‌بوون هاوتا ده‌بێته‌وه به تیرۆریستبوون. ئه‌م لایه‌نه‌ی به‌شیکی زۆری کاریکاتێره‌کان، ناکرێ هه‌روا به ئاسانی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیت. ڤێسته‌رگارد ده‌یه‌وێت به زمانێکی ته‌مومژاوی پێمان بڵێ: ئه‌وه من نیم وێنه‌ی موحه‌مه‌دی تیرۆریستم کێشاوه، به‌ڵکو ئه‌وه ئه‌وه خودی له‌شکرێکی زۆر له موسوڵمانانی دنیایه که نیگارکێشی ئه‌م کاریکاتێرهن. ئه‌وه‌یشی ئه‌م ده‌ربڕینه گشتیگهرایانه ده‌داته ده‌ستی ڤێسته‌رگارد، خودی ئاستی به‌رینی بزووتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسییه له‌مڕۆدا. ئاخر ئیسلام له‌مڕۆدا، له هه‌ر شوێنێکی دنیادا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووبێ و نه‌یبووبێ، به قه‌سابخانه و بۆمبی ئینسانی و مناڵکوژی و تۆلێرانسکوژییهوه ده‌ناسرێته‌وه. له هه‌ر شوێنێکدا کرده‌وه‌ی خودکوژی بۆمبه ئینسانییه‌کان ئه‌نجامدرابێت، له جه‌زیره و که‌ناڵه ئیسلامی و ماڵپه‌ڕه‌کانی سه‌ر به گروپه ئیسلامییه‌کانی هه‌ر سوچێکی دنیاوه بوو بێت، خێرا ڤیدیۆکلیپی موجاهیدێک به‌ره و ڕووت قووتده‌بێته‌وه که به ناوی شه‌هاده‌ت و بنبڕکردنی کافران و ئایه‌ته قورئانییهکانهوه ده‌په‌یڤن. تۆ نا‌توانیت بڵێت که ئه‌وانه‌ی ئه‌و کارانه ئه‌نجامده‌ده‌ن موسوڵمان نین و به ناوی ئیسلامه‌وه ئه‌و کارانه ده‌که‌ن. ئیسلام له دوای مێژوویه‌کی درێژ له غه‌زا و فتوحاتهکانییهوه، نه‌یتوانییوه به قه‌د مێژووی کورتی ده‌سه‌لاتی ئیسلامی سیاسی، له ڕێگه‌ی بۆمبه ئینسانییهکانییهوه، خۆی بکات به ناسراوترین ئاینی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌وی. ده‌سه‌لاتی ئیسلامی سیاسی له‌مڕۆدا هێنده خوێناوییه که هیچ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێکی سه‌ر گۆی زه‌وی جورئه‌تی ئه‌وه ناکات شتێک ده‌رباره‌ی ئه‌م ئایینه بنووسێت، ئه‌گه‌ر ترسی ئه‌وه‌ی له دڵدا نه‌بێت، ده‌بێ بیر له گیانی خۆی بکاته‌وه. دروستبوونی ئه‌م سه‌ربازه خوێناوییه له ناخی ئینسان خۆیدا که نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ناچارده‌کات، خۆسانسۆرکهن، ئه‌مڕۆ وه‌ک ڕاستییه‌کی تاڵ، هه‌ستپێکراوه. به‌ڵام سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که کاتێک ئه‌م بزووتنه‌وه سیاسییه وه‌ک ئه‌سپێکی شێت کۆنترۆڵ ناکرێت و به چه‌پ وڕاستدا سه‌رده‌بڕێ، له نێوان په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه‌دا گومانێک دروستناکات که به په‌یڕه‌وانی ئه‌م بزووتنه‌وانه بڵێت، ئه‌گه‌ر خواکه‌ی من ئاوا بێت، من په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆم له‌گه‌ڵ ئه‌م خوایه‌دا نامێنێت. له کوێی دنیادا، جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی ئیسلامیت دیوه بێته سه‌ر شه‌قام و بڵێ: من دژی ده‌سه‌لاتی تاڵیبان و جوندولئیسلامهکانی کوردستانم. کێ له نوێژکه‌رانی فڵانه مزگه‌وتی به‌غدای بینی بێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و بڵێن: به‌ناوی شه‌ڕی جیهاد و ده‌رکردنی کافرانه‌وه، عێراق کرا به کۆمێدیای ئینسانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌کان و شه‌ڕی خودا و کوڕه‌کانی به‌رنه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان ،کوا خۆپیشاندانه گه‌وره‌کانی هێزه‌کانی حه‌ماس له‌به‌رانبه‌ر سه‌روده‌ست په‌ڕاندنی هاوڵاتییاندا له سعودییه، که‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی هاته سه‌ر شه‌قام و له‌به‌رانبه‌ر سه‌نگسارکردنی ژنانی ئێران‌دا، جووڵه‌یه‌کی له خۆی نیشاندا؟. ڤێسته‌رگارد به زمانێکی گشتیگهرانه پێمانده‌ڵێ: زمانحاڵ و قسه‌که‌ری ڕه‌سمی ئه‌مڕۆی دنیای ئیسلام، ئیسلامی سیاسییه و له هه‌زاران زانای ئایینی و مه‌راجیعی ئیسلامی زیاتر، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر نیشاندانی وێنه‌ی ئیسلام له‌مڕۆی دنیادا هه‌یه. تا ئێستا، که‌سێکی دیکه نه هات و وێنه‌یه‌کی دیکه‌مان نیشاندات. بۆیه ئه‌وه‌ی موحه‌مه‌دێکی به مێزهریکی بۆمبداراوه کێشاوه، ئه‌و نییه و خودی موسوڵمانان خۆیانن. وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، به‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه به زمانی کاریکاتێر دربڕاوه که زمانێکی تیژی بڕه‌ڕه، ئه‌م په‌یامه گشتیگهرایانه به‌رهه‌مدێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌هه‌نده ڕاسیستییه‌ی که که له پشت به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م وێنانهوهن. به‌ڵام چ ڕادیکالیزمێک له پشت ده‌ربڕینی ڤیستهرگاردهوهیه؟ ئه‌و ده‌یه‌وێت چیمان پێبڵێت؟ ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی قسه‌که‌ر و بانگهوازگهری ئیسلامی ئه‌مڕۆی دنیایه‌و به‌رهه‌مهێنه‌ری موحه‌مه‌دێکی تێرۆریسته، با موسوڵمانی دیکه‌ی دنیا وێنه‌یه‌کی دیکی ئیسلاممان نیشانبده‌ن. ئه‌مه دوا ترۆپکی په‌یامی ڤیستهرگارده. ئه‌م په‌یامه به جۆرێکی دیکه و له زمانی "ئیلیزابێس ئولسن"ه‌وه له پیشانگای "ئێکۆ هۆمۆ"دا ده‌رده‌بڕێت. ئیلیزابێس ئولسۆن له پیشانگا فۆتۆگرافییه‌که‌ی خۆیدا، مه‌سیح به جلوبه‌رگی هۆمۆکانهوه ده‌خاته کۆڕی گروپێکی هۆمۆسیكسوال. کاتێک ئه‌م پیشانگایه له سوییدا نیشاندرا، هات و هاواری کڵێسا و پیاوانی دیکه‌ی ئایین، له بڵندترین ئاستی خۆیدا، هاواریان لێبه‌رزبوویه‌وه. ئیلیزابێس له کۆمێنتارێکی کورتی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاوا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر مه‌سیح ڕه‌مزی خۆشه‌ویستی بێت، ئه‌وا ئێمه‌ی هۆمۆ شایه‌نی ئه‌وه‌ین خۆشه‌ویستی مه‌سیحمان به‌رکه‌وێت و به‌و شێوه‌یه مه‌سیح بکه‌ینه‌وه به که‌سێک له خۆمان، ئاخر چیرۆکی هۆمۆسێکسوالێتی هیچ شتێک نییه جگه له سه‌رگوزشته‌یه‌کی خۆشه‌ویستی" به کورتییه‌که‌ی، په‌یامی ئیلیزابێس هیچ شتێکی سه‌رنجڕاکێش نییه جگه له کۆششێکی مه‌سیحیانه بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی مه‌سیح به‌ر هه‌موو ئه‌و ئینسانانه بکه‌وێت که ئاینی ڕه‌سمی مه‌سیحی له مێژوویه‌کی درێژه‌وه ، ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ی مه‌سیحی له زۆرێک له گرووپه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا بێبه‌شکردووه. ڤێستهرگاردیش ده‌یه‌وێ به زمانێکی دیکه پێمان بڵێ: ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی موحه‌مه‌دێکی تێرۆریستی خوڵقاندوه، با موسوڵمانانی دیکه، وێنه‌ی موحهمهدێکئ دیکه‌مان نیشان بده‌ن. که‌واته له باشترین حاڵه‌تدا، کۆششی ڤێسته‌رگارد، بانگه‌وازێکه بۆ ڕزگارکردنی ئاینی ئیسلام و په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه له‌و شیزۆفرینیای شوناسه‌ی که تێیکه‌وتوون. به کورتییه‌که‌ی، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ وێنه‌یه‌کی دیکه له ئیسلام نیشان بده‌ن، با ده‌نگێک له به‌رانبه‌ر قه‌تڵ و عامه‌کانی ئه‌م هێزانه‌دا هه‌ڵبڕن. به‌ڵام ئایا ئه‌م پیاوه له ژێر فشارێکی گه‌وره‌ی ڕۆحی و ترسێکی گه‌وره‌ی کوشتندا ده‌په‌یڤێ، به تایبه‌ت له‌م ڕۆژانه‌دا که تیغه‌کانی سه‌ربڕین له گه‌ردنی نزیکده‌بنه‌وه. یاخود ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی ڤێسته‌رگارد، زاده‌ی دروستبوونی سانسۆرێکی ناو ناخی خۆیه‌تی که فشاره‌کانی ئیسلامی سیاسی له ناویدا دروستی کردوه، یان ده‌کرێ به‌شێک بێت له‌و کۆششه ئامانجدارانهیهی که به‌شێکی زۆری ڕووناکبیرانی خۆرئاوا به شوێن ئه‌و ڕێنسانسه ئاینییهوهن که ده‌کرێ له ئیسلامدا رووبدات. به‌ڵام به جیا له هه‌ر مه‌به‌ستێکی شاراوه و نا شاراوه که له پشتی کاریکاتێره‌کانی موحهمهدهوهن، ئه‌وه ڤیسته‌رگارد نییه که کاریکاتێری موحه‌مه‌دی تێرۆریستی کێشاوه، به‌ڵکو ئه‌وه هه‌ر ئیسلامییه‌کی تێرۆریست ، یان به زمانه گشتیگهراکهی ڤیسته‌رگارد، هه‌ر موسوڵمانێکی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌وییه که وێنه‌کێشی ئه‌م کاریکاتێرهیه. ئه‌م په‌یامه له ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی که جه‌ده‌لی ئیسلامی سیاسی و هێزه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌لگای تێدا ده‌گوزه‌رێ، که‌متر له دوای ئه‌و ڕووداوانه‌وه، خرایه به‌ر باس. Göteborgs Posten , Tecknare med livet som insats 2008-02-19