
پله‌دوویی به نه‌قدیی
به‌ڕێزان له فراکسیۆنی گۆڕان، سڵاو و ڕێز!
له میدیاکاندا خوێندمه‌وه که فراکسیۆنی ئێوه پێشنیاری ”یاسای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كابانی ماڵ”ی خستۆته به‌رده‌ستی په‌رله‌مانی کوردستان و ده‌خوازن یارمه‌تیی ماددی بۆ ژنانی ماڵ بکرێت به یاسا. له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت هیچ ناڕازییبوونێک له کۆمه‌ڵگادا نییه سه‌باره‌ت به پێشنیارێکی وا.
من ده‌زانم ئێوه له سۆنگه‌یه‌کی یهکسانییخوازییهوه داوایه‌کی وا ده‌که‌ن، به‌ڵام ڕێگه‌م بده‌ن ئه‌و حهقیقهتهتان پێ بڵێم که بڕینه‌وه‌ی بیمه‌ی کابانی ماڵ له پراکتیکدا ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی یه‌کسانییخوازانه‌ی ئێوه‌وه کار ده‌کات و بیمه‌یه‌کی وا ژنانی کوردستان ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌دبه‌خت ده‌کات. من ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاگادارتان بکه‌مه‌وه له‌وه‌ی که چه‌سپاندنی یاسایه‌کی له‌و چه‌شنه له‌کوردستاندا کاره‌ساتێک و زه‌ربه‌یه‌کی کوشنده ده‌بێت بۆ بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانییخوازیی ژنانی کوردستان. زه‌ربه‌یه‌ک که چه‌نان ساڵی تر پێوه‌ی بناڵێنین.
ئێوه ئه‌و داوایه‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای نادروست بنیاد ده‌نێن. ئێوه پێتان وایه که ده‌رکردنی ژنان له پاشکۆیی ئابووریی بۆ پیاوی ناو خێزان، پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ناو خێزان و له‌وێشه‌وه له‌ناو کۆمه‌ڵگادا به‌رز ده‌کاته‌وه. من پێموایه ئه‌مه ڕێک به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێوه نایبینن ئه‌وه‌یه که ئه‌و پێشنیاره‌ی ئێوه ژنان له پاشکۆیه‌تیی ڕزگار ناکات، چونکه له پاشکۆیه‌تیی و چاوله‌ده‌ستیی پیاو و داهاتی پیاوانی ناو خێزان ده‌ریده‌کات، به‌ڵام ده‌یکات به پاشکۆ و چاوله‌ده‌ستی کۆمه‌ڵگا و یارمه‌تیی حکومیی. ئه‌م کورتهێنانه هی ئه‌وه‌یه که ئێوه ئه‌و حه‌قیقه‌ته حیساب بۆ ناکه‌ن که بۆ ڕزگاربوون له ته‌وقی پاتریارکییه‌ت، ژنان پێویستیان به‌وه‌یه که به‌گشتیی له‌سه‌ر ئاستی خێزان و له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگاش له مه‌وقیعی چاوله‌ده‌ستیی و بێده‌سه‌ڵاتیی ده‌ربکرێن، نه‌ک ته‌نها له مه‌وقیعی چاوله‌ده‌ستیی بۆ پیاوی یان پیاوانی ناو خێزان. ئێوه ئه‌و حه‌قیقه‌ته له‌به‌رچاو ناگرن که پاتریارکییه‌ت له‌سه‌ر پایه‌ی تێڕوانینێکی دونیی و کهمگیریی بۆ ژن بووه به واقیع. تێڕوانیێک که پێیوایه ژنان کائینی ”زه‌عیفه”ن و پێویسته به‌خێو بکرێن. گه‌ر وورد ببنه‌وه ده‌بینن که ئه‌و داوایه‌ی ئێوه‌ش، بێ ئه‌وه‌ی خۆتان بتانه‌وێ یان پێی بزانن، به‌ر مه‌بنای هه‌مان زیهنییه‌ت و تێڕوانینی پاتریارکییانه خۆی بنیاد ده‌نێت و، پێشنیاره‌که‌تان ژنان وه‌ک کائینی به‌سته‌زمان و شایان به ده‌ستگیرۆیی حکومه‌ت مامه‌ڵه ده‌کات.
ژنان به پله‌ی یه‌ک پێویستیان به‌وه‌یه له‌م تێڕوانینه دونییه ڕزگاریان بێت. ئه‌مه‌ش به پڕکردنی گیرفانیان و کردنیان به پاره‌دارێکی ناخهللاقی ناو چواردیواری ماڵ نابێت، به‌ڵکو به ده‌رکردنیان له ماڵ و په‌یداکردنی ڕوخساری کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆیان و کردنیان به کائینی خه‌للاق ده‌بێت. ئێمه ده‌بێت کارێک بکه‌ین ژنان ڕێز له ئینسانییه‌تیان بنرێت نه‌ک له پارهدارییان. ئه‌و پێشنیاره‌ی ئێوه کار بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی خه‌للاقییه‌تی ژنان ناکات، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یانکات به مهعاشخۆرێکی بێ ڕوخساری کۆمه‌ڵایه‌تیی ناو کونجی ماڵه‌وه. ئێوه ده‌بێت ئه‌وه بزانن که ژنان به‌و شێوه‌یه ڕێزیان بۆ دروست نابێت، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی تر له مرۆڤبوونیان ده‌خات و ده‌یانخاته به‌ر شاڵاوی پیاوسالاریی.
جێگه‌ی ئه‌سه‌فه ئێوه که نیازێکی یهکسانییخوازییتان هه‌یه که‌چی داخوازییه‌ک پێشکه‌ش ده‌که‌ن که هه‌ر هه‌مان تێڕوانینی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاریی بۆ ڕۆڵی ژن به‌سه‌ریدا زاڵه. ئێوه بێئه‌وه‌ی خۆتان بزانن ده‌ڵێن که ژن جێگه‌ی ماڵه‌وه‌یه و کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن ژماره‌یه‌کی زیاتریان لێ بنێرنه‌وه بۆ ناو چواردیواری ماڵ و زیاتر ده‌رگای هاتنه ده‌ره‌وه‌یان لێ دابخه‌ن.
کردنی ده‌رنه‌چوون له ماڵه‌وه به‌سه‌رچاوه‌ی داهات کارێکی خه‌ته‌رناکه که نه‌ک هه‌ر ژنانی ماڵه‌وه‌ت زیاتر له ژووره‌وه بۆ گیر ده‌کات، به‌ڵکو گوشاری پیاوی ناو ماڵ و پیاوسالاریی ناو کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی هاتوونه‌ته ناو کۆمه‌ڵگا و له ده‌ره‌وه کار ده‌که‌ن چه‌ند به‌رابه‌ر به‌رز ده‌کاته‌وه و له ئاکامیشدا سه‌دان و هه‌زارانیان ده‌خزێنێته‌وه ناو حه‌ساری ماڵ. گوشار نه‌ک هه‌ر بۆ سه‌ر ژنانی کارکه‌ر، به‌ڵکو بۆ سه‌ر کچانی خوێندکاریش، که خۆیان به ته‌بیعه‌تی حاڵ له‌ژێر گوشارێکی زۆری پیاوی ناو ماڵ و پیاوانی ناو کۆمه‌ڵگادان. ئه‌مه جگه له فاکتۆری ئیغرابوونی ئه‌م کچ و ژنانه خۆیان به مه‌عاشی دانیشتن له‌ماڵه‌وه. به کورتیی، ئه‌و پێدانی پاره‌ی نه‌قده‌ی که ئێوه پێشنیاری ده‌که‌ن، گه‌ر ببێت به یاسا، به نه‌قدیی پله‌دوویی ده‌خاته چنگی ژنانی کوردستانه‌وه و ده‌یانکات به کارکه‌ری ماڵه‌وه.
ئێوه ده‌تانه‌وێت به بیمه‌یه‌کی وا ڕێز له کاری ماڵه‌وه بنێن و پاداشتی بده‌نه‌وه، به‌ڵام کاتێک ئه‌و پاداشته ته‌نها بۆ ژنان ده‌بڕنه‌وه، به کارێکی وا بێئه‌وه‌ی خۆتان بزانن مامه‌ڵه‌یه‌کی پاتریارکییانهی کاری ناوماڵ ده‌که‌ن و ته‌نها ده‌یکه‌ن به ئیشی ژن. ئه‌وه کاری ناوماڵه که ژنانی کۆیله کردووه و ناهێڵێت بچنه ناو کۆمه‌ڵگا تا به پیاوسالاران بڵێن ئێمه‌ش هه‌ین. کاری ناوماڵ مه‌که به کاری ژن و ڕێزی لێ بنێیت، به‌ڵکو بیکه به کاری ئه‌ندامانی خێزان و هیچ مه‌عاشێکی بۆ دامه‌نێ، چونکه به‌کورتیی کاری ناوماڵ کاروباری ناوخۆیی خێزانه و ئه‌رکی هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ماڵه. مهعاشدان به ژنانی ناوماڵ له‌به‌رامبه‌ر کاری ناوماڵ ڕهسمییهتدانی یاسای ده‌وڵه‌ته به‌وه‌ی که کاری ناوماڵ کار و ئه‌رکی ژنانه و هه‌زارانیان ده‌توانن له‌و کاره دابمه‌زرێن و داهاتێک بۆ خۆیان به‌ده‌ست بێنن.
وه‌ک ده‌بینن ئه‌و پێشنیاره‌ی ئێوه پێناسه‌ی ته‌قلیدیی کۆمه‌ڵگا پیاوسالارانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ خێزان و ڕۆڵی ژنان تیایدا زیاتر جێ پێده‌گرێت. دیاره من سه‌رسام نه‌ده‌بووم ئه‌گه‌ر پێشنیارێکی له‌م جۆره‌ی ئێوه له هیزێکی سیاسیی کۆنسه‌رڤاتیڤی ئاینیی له چه‌شنی یه‌کگرتووی ئیسلامیی یان کۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه بهاتایه. ئێستاش له ئه‌وروپا هێزه کۆنسه‌رڤاتیڤه مه‌سیحییه‌کان جار هه‌یه په‌له‌قاژه‌ی تێپه‌ڕاندنی له‌و جۆره یاسایانه ده‌که‌ن که جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی ترادیشۆناڵی ژنان و پێناسه‌ی پاتریارکیی بۆ خێزان ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به‌ختی تێپه‌ڕبوونیان نییه. ئه‌وه‌ی من ناڕه‌حه‌ت ده‌کات ئه‌وه‌یه که له وڵاتی ئێمه‌دا پیشنیارێکی وا له هێزێکی عه‌لمانییه‌وه دێت و خه‌ته‌ری به یاسابوونیشی زۆره.
ژنانی کوردستان پێویستیان به بڕیاری جۆری تره بۆ ڕزگاربوون له پاشکۆیی پیاو. هه‌ر به‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی که ئێوه پێشنیار ده‌که‌ن له دانی بیمه‌دا سه‌رف بکرێت، مومکینه سه‌دان ده‌رفه‌ت دابین بکرێت بۆ پێگه‌یاندنی ژنان و هێنانه‌ده‌ره‌وه‌یان له ماڵ بۆ ناو کۆمه‌ڵگا. وه‌ختێتی ئیتر سیاسه‌تمه‌دارانی ئێمه ئه‌وه ده‌رک پێ بکه‌ن که سیاسه‌تکردن و وڵاتبهڕێوهبردن چۆنیه‌تیی بودجهخهرجکردن و پارهدابهشکردن نییه، به‌ڵکو خسته‌گه‌ڕی ئه‌و پارانه‌یه له پڕۆژه‌ی پێگه‌یاندنی هاوڵاتییان و گه‌شه‌پێدانی وڵات و تۆکمه‌کردنی پایه‌ی ئینسانییانه‌ی کۆمه‌ڵگادا. گه‌ر بڕیاره کارێک دژ به‌و بهربهییهته بکه‌ین که کۆمه‌ڵگای پاتریارکی کوردیی دژ به ژنان پیاده‌ی ده‌کات، کاری هه‌نوکه‌یی و به‌رده‌ست و له دواخستن نه‌هاتوو زۆرن. مهعاشدارکردنی ژن گرنگ نییه؛ وه‌رن کارێک بۆ ئه‌وه بکه‌ن ئه‌و ژنانه شهڕپێفرۆشتنی کوڕان له‌سه‌ر جاده ئه‌وه‌نده‌ی تر نهیانخزێته ماڵه‌وه. ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌یده‌ن به مه‌عاشی کاری ماڵه‌وه، ده‌توانن سه‌دان باخچه‌ی ساوایانی پێ بکه‌نه‌وه و به‌وه‌ش ده‌ستی هه‌زاران هه‌زار ژن ئاوه‌ڵا بکه‌ن بۆ هاتنه ده‌ره‌وه و بۆ کارکردن و بۆ سه‌لماندنی وجودی خۆیان. گه‌ر سه‌یری مێژووی خه‌باتی یه‌کسانییخوازیی ژنانی ڕۆژئاوا بکه‌ن ده‌بینن که دابینکردنی به‌رفراوانی باخچه‌ی ساوایان نهێنییه‌کی گه‌وره‌ی ڕزگاربوونی ژنانی ڕۆژئاوایه له ته‌وقی پاتریارکییه‌ت. ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی ناوێ په‌رله‌مان دوای بخات و کاری چه‌ند ڕۆژێکه یاسایه‌ک دژ به خه‌ته‌نه‌کردنی کچان ده‌ربکه‌ن و به کۆمه‌ڵگا بڵێن به‌سه و قبوڵ ناکه‌ین ته‌جاوز بکرێته سه‌ر جه‌سته‌ی کچان و بیانشێوێنن. من پێموایه خه‌ته‌نه‌کردنی کچان تاوانێکی گه‌وره‌یه که په‌رله‌مانتارانی ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دوایی و سه‌رۆکوه‌زیران به خه‌واڵوویی خۆیان بێبه‌ش نین تیایدا.
من ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ده‌نووسم تا تکاتان لێ بکه‌م چاو له‌و پێشنیاری یاسای بیمه‌یه بپۆشن و به‌جیدیی دوای نه‌که‌ون ببێته یاسا. ترسی من له‌وه‌یه که له وڵاتی ئێمه لابردنی یاسای کۆن زۆر زۆر قورستره له دانانی یاسای نوێ. من ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیارنامه‌یه‌ی ئێوه ببێته یاسا، ئه‌وا چالاکانی مافه‌کانی ژنان له ساڵانی داهاتوودا ده‌بێت خه‌باتی چه‌ند ساڵیان بخه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و یاسایه بخه‌نه لاوه، هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌موو ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانمان خسته سه‌ر لابردنی یاسای باری که‌سێتیی، که‌چی سیاسه‌تمه‌داره بێهونه‌ر و بێدهستهکانی ئێمه ئێستا و ئه‌وساش جورئه‌تی گۆڕینی هه‌ندێک به‌ندیان نه‌کرد که ئاشکرا له‌گه‌ڵ به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی مافی مرۆڤدا ناکۆکن.
هیوادارم ئێوه درێژه‌پێده‌ری ئه‌و ترسنۆکیی و دهستسپێتییه نه‌بن که ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا پیشانی داوه. هیوادارم هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی بکه‌ن له‌ئاست هه‌ر هیچ نا خراپترنهکردنی جێگه‌وڕێگه‌ی ژنان له کۆمه‌ڵگادا و بۆ چه‌نان ساڵی داهاتوو خۆتان نه‌خه‌نه به‌ر تووڕه‌یی و سه‌رزه‌نشتی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانییخوازیی له کوردستاندا.
هه‌ر شاد بن!
ڕۆزا حسێن – نه‌رویج
11.10.2009
rozahusein@yahoo.com