بێشوێنیی تاك؛ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بێباكی سیستم
فه‌رهاد خدر
Ferhad.du@gmail.com
”تێگه‌یشتنمان بۆ سیستم خۆی له‌كاریگه‌ری و په‌یوه‌ستی خودی سیستم به‌ئێمه‌وه دیارده‌خات. واته: سیستمه سیاسییه‌كان له‌چۆنیه‌تی تێڕامانی ئێمه بۆیان شێوه ده‌گرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێك له بۆچوون و تێڕامانه‌كان «به‌مه‌به‌سته‌وه» ده‌چنه پاڵ سیستم و ده‌بنه ده‌نگێك بۆ بانگه‌شه‌كردن و گوزارشتكردنی سیستم له‌خۆی.
به‌مه‌ش پێموایه كه سیستم زیاتر لهدیوێك و فۆڕمێكی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی له‌مباره‌یه‌وه پێویسته بخرێته روو ئه‌وه‌یه؛ ئایا سیستم كاتێك به ههمهروویی و زۆردیوییهوه له‌لایه‌ن هه‌موو روانگهكانهوه نیگادهكرێت ده‌كرێ بڵێین هه‌موویان به جیاوازیی تێرامانهكانیانهوه راستن؟ ئایا ده‌كرێ روانگهكانمان به‌پێودانگی ئایدۆلۆژیانه‌ی خۆمان به‌رانبه‌ر به سیستم ده‌رخه‌ری راسته‌قینه‌ی سیستم بێت؟ بێگومان له‌وڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا ئه‌وه راسته كه بڵێن نه‌خێر. وه ئه‌وه‌ی شوێنگه‌ی ئه‌م وڵامه‌ش به‌هێزده‌كات چاوگهگرتنی ئه‌م وڵامهیه لهحهقیهقهتهوه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (مرۆڤ به‌سروشتی خۆی ئاژه‌ڵێكی سیاسییه)، فراوانتریش كۆمه‌ڵگاكان له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تدا شێوه ده‌گرن و گه‌شه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وا(هه‌روه‌ك پۆڵ ریكۆر پێیوایه) سیاسه‌ت رێكخستنی ئه‌قڵانیانه‌ی كۆمه‌ڵگایه، خواستی رێكخستنی ئه‌قڵانیانه‌ی كۆمه‌ڵگاش هه‌میشه پێویستی به سیستمێكی رێبه‌ری ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت به‌م ره‌هه‌نده‌وه به‌كرده بكات. ریكۆر پێیوایه كه سیستمی سیاسی، یان وه‌ك ئه‌و ناوی ده‌نێت رابه‌رانی سیاسی جیاوازن له خودی سیاسه‌ت. سیاسه‌ت به‌توندی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری سه‌رده‌م و ئایدیۆلۆژیای سیستم و تووشی لادان له سیاسه‌ت ده‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه سیستمه هاوگوزارهكانی دونیا، هه‌رچه‌نده له‌ژێر هه‌ر گوزاریهكدا هاوناو بن، هێشتا خاڵی ناهاوتاو جیاكاری وایان له‌نێواندا هه‌یه كه هێنده‌ی دژه-شێوازی سیستمیان له‌نێواندا به‌دیده‌كرێت هێنده هاو-سیستمی به‌دی ناكرێ.
هه‌رچه‌ند هه‌ل و مه‌رجی شوێنكاتی كاریگه‌ری به‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی سیاسی به‌جێبهێڵێت، شێوه‌گرتن و قۆناغی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش هێنده كاریگه‌ری به‌جێده‌هێڵێت، چونكه سیستمه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی زهنی و خواستهكیی كۆمه‌ڵگاكانی خۆیانن، ئه‌گه‌ر ئه‌م رهنگدانهوهیش ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی راستهوانهبێت له‌گه‌ڵ خواستی گشتی، ئه‌وا له‌شێوازی حوكمكردنی دیموكراسی و لیبراڵی‌دا خۆیان به‌یان ده‌كه‌ن؛ ئه‌و مۆدێله حوكمكردنهی كه به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا یان ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه ده‌بات سیاسه‌تی خوازراوی هاونیشتیمانی ئه‌و وڵاتانه‌ن كهبهمتمانهوه سیاسه‌ت به رابه‌رانی سیستمێكی سیاسی ده‌یسپێرن. به‌پێچه‌وانه‌وه؛ كاتێك كردار و بریاره‌كانی هه‌ر سیستمێكی سیاسی وێنه‌دانه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵك نه‌بێت، ئه‌وا سیاسه‌ت نییه، چونكه وه‌ك له‌روانگه‌ی ریكۆرـهوه ئاماژه‌م پێدا، سیاسه‌ت جیاوازه له رابه‌رانی سیستمی سیاسی. ئه‌و ده‌مه‌یش كه سیستمی سیاسی ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی خه‌ڵك نابێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تیش نییه، به‌ڵكو ئایدیۆلۆژیایه و چیتر نا.
من پێموایه، سیستمه سیاسییه‌كان ئه‌گه‌رچی سیستمێكی دابڕاویش نه‌بن له راستینه‌ی مانای سیاسه‌ت، به‌رده‌وام سوسه‌ی لادان و رێكردن به‌ره‌و بێباكی له ویستی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌تنییه جیاوازه‌كان پێویستیان بۆ ئه‌و «كۆمه‌ڵگای كراوه»ی كارل پۆپه‌ر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات حه‌تمی ده‌بێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگا كراوه‌یه‌ی كه تاكه‌كانی خاوه‌نی فهزیڵهتن و له‌به‌رده‌م به‌رپرساریه‌تی دان له‌هه‌مبه‌ریدا، تاكگهلێك كه له‌ده‌ره‌نجامی رێكخستنی ده‌سته‌جه‌معی ئهقڵانییانهی كۆمه‌ڵگا و كه‌ماڵی هۆشیاریان ره‌تی «بێلایه‌نی» له‌به‌رانبه‌ر ئه‌ركه هه‌مه‌كی و كۆمهڵییهكان ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی پۆپه‌ر پێیوایه كه‌تاكه‌كان، یان كۆمه‌ڵگا له‌كاتێك له‌كاته‌كاندا ده‌كه‌وێته به‌رده‌م ئه‌گه‌ری وه‌رچه‌رخانی ئه‌م بهرپرسیاریهتییهیان بۆ هۆڤیگهرایی (التوحش)، به‌ڵام من پێموایه له غیابی تاكی هۆشیار و ره‌خنه‌گر سیستمه سیاسیه‌كان به‌ره‌و هۆڤیگهرایی روو ده‌ده‌ن و لارێیی له‌وه ده‌كه‌ن كه ره‌نگدانه‌وه كۆمه‌ڵگای خۆیان بن.
لادانه سیاسییه‌كان و شوێنی تاك له‌كۆمه‌ڵگادا
ده‌كرێ بۆ شرۆڤه‌كردنی سیستمی سیاسی هه‌رێمیی خۆمان و به‌ر له شێوه‌دان به‌م سیستمه؛ تاكێك له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌و سیستمه سیاسییه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات بخوازین، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاشه‌وه بۆمان روونده‌بێته‌وه ئه‌وه ده‌بێت؛ كه ئه‌م تاكه تاكێكی«بێشوێن»ـه، تاكێك كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پێناسه و شێوه‌دان-ـانه‌ی كه به‌درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه، چ به‌شێوه‌ی ئایدیاڵی چ وه‌ك تاكێكی به‌ركه‌ماڵ وێنا كراوه. دیاره بۆچوونێكی راستتر له‌وه شكنابه‌م كه بڵێم؛ ئه‌م مۆدێله له تاكی بێشوێن مۆدێلێكه دروستكراوی سیستمێكی سیاسی درێژماوه‌ی سه‌رداری و رێبه‌ریه كه‌به‌هۆی سه‌رتاپاگیری و ده‌ستباڵایی به‌سه‌ر ته‌واوی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، چۆن ویستوویه‌تی وه‌ها شێوه‌ی به‌كۆمه‌ڵگا داوه و شوێنی تاكه‌كانیش له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا دیاریكردووه كه «بێشوێنی»یـه. له‌مه‌وه پێچه‌وانه‌ی راستینه‌ی كارلێككردنی دوالیزمی كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت؛ كه له‌كوردستاندا سیستمی سیاسی شێوه ده‌داته كۆمه‌ڵگا، ئه‌م شێوهدانهش به‌ده‌ر نییه له خواستێكی ئایدۆلۆژی بۆ رێگه‌نه‌دان و پێش‌گرتن له شێوه‌گرتنی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تیایدا تاكه‌كان مه‌ترسی هه‌میشه‌یین بۆ سه‌ر لارێییكردنی سیستمی سیاسی له سیاسیه‌ت. مه‌ترسیبوونی تاك و كۆمه‌ڵگا بۆ سه‌ر سیستمی سیاسی به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بۆچوونه باوه‌كان مه‌ترسییه‌كه ده‌رخه‌ری رووی كارایی كۆمه‌ڵگا و پێگه‌ی بۆشیاوی تاكه‌كانیه‌تی، هه‌ركاتێكیش تاكه‌كان نه‌بوونه مه‌ترسی بۆسه‌ر لاڕێییكردنی سیستم له سیاسه‌ت، ئه‌وا ده‌كرێ وێنای هه‌لومه‌رجێكی ناله‌باری كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی بكه‌ین و دڵنیایی لهبێشوێنیی تاك ده‌رده‌ست بخه‌ین. ئێمه ده‌توانین لهناوكۆی سیستمه دیموكراسییه‌كانی دونیا هه‌میشه هه‌ست به مه‌ترسیبوونی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر سیستمه سیاسییه حكومدارهكانهوه بكه‌ین، به‌ڵام هه‌مان گوزاره‌ی مه‌ترسیبوونی تاك و كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر سیستمی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌چه‌رخێته سه‌ر مه‌ترسیبوونی سیستم بۆسه‌ر لهڕهوتخستنی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا و لهشوێنخستنی تاكه‌كان. ره‌نگه بتوانین راستی بۆچوونی بێشوێنی تاك له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له خواستی كۆچێكی هه‌مه‌لایی تاكه‌كان و بێشیانیی و بێكاریگه‌ری رای گشتیی -كه‌تاكه‌كان درووستیدهكهن- هه‌ست پێبكه‌ین. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیر لهدهربازێك ده‌كه‌نه‌وه، نیازیان ده‌رچوونه له‌پاوان و پێوه‌ندێك كه‌به بێشوێنییه‌وه به‌ستیان ده‌كات، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه یۆتۆپیایانه بۆشوێنێك نیگا بگرن كه بۆی ده‌چن، ده‌رچوون لهچواربهندی كۆمه‌ڵگایه‌ك كهبهفۆڕمی سیستمێكی تۆتالیتا‌ر شێوه‌ی گرتووه به‌ر له‌وه‌ی نیازێكبێت بۆ گه‌یشتن بهئارای ژیانێكی ئایدیاڵی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه، راكردنه له دۆگمایی تێرمی ژیان لهوكۆمهڵگایه. هه‌موو ئه‌و كۆچكردنه به‌رفراوانه‌ی كه ساڵگارێكه له‌كوردستانه‌وه سه‌رده‌كات، هه‌وڵێك نییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شوێن له جوگرافیای دیكه، هێنده‌ی هه‌وڵدانه بۆ مانادان به پێویستی شوێنپێدانیان له وڵاتی ئه‌و سیستمی سیاسیه‌ی له‌قۆناغێك له‌قۆناغه‌كانی خۆگشتاندن به‌سه‌ر جڤاتدا په‌یڕه‌و له گوزاره‌ی «په‌رتكه و زاڵبه» كردووه. به‌دیوه‌كه‌ی تردا، ئه‌گه‌رچی پێبهستكردنی تاك لهناوكۆی كۆمه‌ڵگایه‌كی خه‌فه‌قاندا لهرووكاردا به‌ستنه‌وه‌یانه به‌جوگرافیایه‌كی دیاریكراو، به‌ڵام له‌جه‌وهه‌ردا بهستنهوهیانهی به بێشوێنی، بێشوێنییهك كهدهلیڤهی كردار نواندنی تاك له‌ئارای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌چوارچێوه‌ی گه‌مارۆی سیستم داخراوه، چونكه ئێمه چ وه‌ك تاك چ وه‌ك كۆمه‌ڵگا پێكهاته‌یه‌كی دابڕاو و ته‌ری نین له‌كۆمه‌ڵگای جیهانی و كاریگه‌رییه‌كانی، كاتێكیش سیستمی سیاسی به‌جوگرافیایه‌كی دیاریكراو و به هه‌ندێ هوتاف و بانگه‌شه‌ی سۆزهكیانهوه به‌ستمان ده‌كات، هیچ ناكات جگه له داخستنی دهلیڤهكانی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌م مۆڵبوون و گه‌مارۆدانه‌ش كۆمه‌ڵگایه‌كی ده‌سته‌مۆ به تاكگهلی بێ شیان و نه‌وێر پێكده‌هێنێت. له‌م ره‌وشه‌شدا بێباكی سیستم له‌وه‌ی كه “ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی پایهماڵه” ده‌رده‌كه‌وێت. كاتێك مه‌ترسییه‌كانی بێباكبوونی سیستم له تاك-كۆمه‌ڵگا نیشانه‌كانی دیاریده‌ده‌ن ئه‌و كاته‌یه كه بێباكبوون له‌سنووری بێباكی له‌هه‌مبه‌ر پرسێك، ههڵوێستنواندنێك له‌مه‌ڕ گرفتێكی رۆژانه‌ی خه‌ڵك، یان رادانێكی به‌هه‌ڵه له‌ئاستێكی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیستم له رهوتدابێت تا به بێباكی له‌هه‌مبه‌ر ئازادی تاكه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و لهبێباكیی به‌رانبه‌ر مرۆڤ و به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی به‌پایان ده‌گات، كه له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی ئێمه گه‌واهی له‌سه‌ر ده‌ده‌ین به كهماڵگهیشتنی بێباكیی سیستمه له‌به‌رانبه‌ر «مرۆڤبوونی تاك». له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چه‌نده تاك ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌باك و كلیپتۆكرات ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتیش هێنده ئه‌زموونی تاكگه‌لێكی بێشوێن و دابڕاوی وه‌ها ده‌كات كه هیچ كات نابێته مه‌ترسی بۆسه‌ر ئه‌و لادانانه‌ی كه سیستمی سیاسی به‌سه‌ر سیاسه‌ت ده‌یهێنێت. تاكی بێشوێن تاكێكی بێكاریگهریشه، به‌جۆرێك كه ناتوانێت شوناسێكی هه‌بێت بۆ خۆناسینه‌وه و پێناسكردنی خۆی. له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌دا تاكه‌كان په‌یوه‌ستیان به‌دونیای ده‌ره‌وه له‌ده‌ستداوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیستمی سیاسی ته‌ته‌ری له‌نێوان تاكه‌كان و دونیای ده‌ره‌وه‌دا ده‌كات، تهتهرییهك كه‌هه‌م ئێمه له‌دونیا ده‌شارێته‌وه، هه‌میش راسته‌قینه‌ی دونیامان لێده‌شارێته‌وه. بۆیه ئێمه پێویستمان به دابڕانێكی توند و ریشه‌یی له‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌یه كه له‌سایه‌ی شێوه‌گرتنی به‌پێی خواستی سیستمی سیاسی شوێنێكی بۆ ئێمه نه‌هێشتۆته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بهشوناسێكهوه بۆی بگه‌ڕێینه‌وه و مانا به‌شوێن و پێگه‌ی تاك ببه‌خشینه‌وه.
ده‌سته‌مۆكردن و بارهێنانی كۆمه‌ڵگا به‌درێژایی مێژووی سیاسی كوردی خۆی له‌ژێر ناو و هه‌لومه‌رجی جیا شێوهداوه، جارێك له‌ژێر ناوی خه‌باتی سه‌ختی شاخ، جارێك سه‌ره‌تاتكێی خۆڕێبه‌ری، ساوایی ئه‌زموونی حكومكردن، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئه‌زموون و..تاد كه به هه‌موویان له‌ژێر گوزاره‌ی كائیوس كۆمدهبنهوه. له هه‌موو ئه‌و شوێنكاته جیاوازانهشدا كۆمه‌ڵگا به‌توندی ناچار به یه‌كگری و په‌یوه‌ستییه‌كی نه‌خوازراو كراوه، له ئارای ئه‌م ژیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ست و له‌هه‌مانكات ناههڵهشدا سیستمی سیاسی به‌مه‌به‌سته‌وه كارێكی بێهاوتای كردووه بۆ لاڕێییكردن و په‌رته‌وازه‌كردنی كۆمه‌ڵگا. ئه‌م پهرتهوازهبوونهش هه‌م له تاكی تێكشكا و بێ خه‌ون و دونیا بینی ، هه‌م له‌مۆدێلێكی نه‌وازه‌ی فره‌حزبی كوردیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌دواجار مانای راستینه و درووستی فره‌حزبی لهكۆمكۆمبوون و جیاكردنه‌وه‌ی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و جیاكردنه‌وه‌ی ئاراسته و بیروڕای سیاسی و كارێزماكان خۆی ونده‌كات. واتا رووكاری په‌یوه‌ستی و یه‌كگری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی سیستمی سیاسی به ئێمه چنیویه‌تی هه‌ڵگری جه‌وهه‌رێكی په‌رته‌وازه و شه‌قاره كه تیایدا تاكه‌كان ته‌ری ده‌كرێن و شوێنێكی راسته‌قینه‌یان له هیچ كایه‌یه‌ك له كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نههێشتراوهتهوه.
بێباكی و به‌ها
پێوانه‌كردنی به‌های تاك له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌به‌رده‌م ئاسته‌نگ و پێشگری ههمهروودایه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هه‌ندێ كه سیستمی سیاسی ئێمه ئه‌زموونێكی بارست و كۆمبووی هه‌یه لهرۆڵبینین و خۆنمایشكردن به‌بێ ئه‌وه‌ی كار به‌راستینه‌ی جه‌وهه‌ر و مه‌زهه‌ری خۆی بكات. به‌مانایه‌ك، سیستمی سیاسی ئێمه رۆڵی یاریزانێكی سێرك ده‌بینێت كه به‌رده‌وام فێڵ لهروانین و سه‌رنجه‌كانمان ده‌كات و مایلمان ده‌كات به قایلبوونێكی دهرهخواست. له‌راستیدا، شوێن‌دانان بۆ “به‌ها” په‌یوه‌ستی خۆی به‌شوێن و پێگه‌ی “به‌ها بۆدانراو” ده‌خاته روو، هه‌موو سیستمه سیاسییه تۆتالیتاره‌كان سه‌رگه‌رمی گه‌مه‌كردنێكی ئه‌به‌دین له‌نێوان به‌گشتیكردنی بیاڤی سۆژه(خود)و لێسه‌ندنه‌وه‌ی خود-تایبه‌تمه‌ندی، دوای ئه‌مه‌ش په‌رته‌وازه‌كردنی ئه‌م پێكهاته بهگشتبووه. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ لهشوێنخستنی تاك به‌كرده ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی دواجار كۆمه‌ڵگا وتاكهكان بگونجێنن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و پێشهاته‌كان كه هه‌ڕه‌شه له لێخستنی سیستم له سه‌رداری ده‌كات. سه‌ره‌نجامیش مه‌رامه‌كانی ئه‌م گهمهكردنه هیچ نییه جگه له هه‌وڵدان بۆ دۆڕاندنی به‌هاكانی خودیه‌تی مرۆڤ.
تاكی به‌هادار هه‌ست بهغرووری ژیان و مانه‌وه‌ی خۆی، هاوكات پێویستی كردارنواندنی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیدا ده‌كات. هه‌وڵی كردارنواندن له سیاسه‌تدا له ناوكۆی خۆیدا هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی شوێندانه به كردارنوێنن، له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا تاكه‌كان به‌توندی به‌ره‌نگاری بێباكی ببنه‌وه و ره‌تی بێلایه‌نبوونیان له هه‌ڵوێست و كردارنواندن بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی بنه‌مای سیستمێكی تۆتالیتا‌ر و خۆسه‌پێن ده‌گاته بنبه‌ست. له‌مه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سیاسه‌ت كردارنواندنه له ئارای گشتی و چاكه‌كارییه بۆ شێوه‌دان به سیستمێكی لیبڕاڵی كه تیایدا تاك وه‌ك پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگا و بنهمادانهری سیستمه سیاسییه‌كان سێنته‌ری بازنه‌ی هه‌وڵه‌كان ده‌بێت. ئه‌وا، له هه‌مبه‌ر خواستێكی وه‌هادا تاك به‌ر دژهكاریی و په‌رچه‌كرداری سیستمێكی سیاسی دوور مه‌ودا و تۆتالیتا‌ر ده‌بێته‌وه كهنیازێك بۆ به‌ده‌نگه‌وه هاتنی خواستی تاكه‌كانی نیشان نادات. ئێمه له‌ساڵانی رابردوودا گه‌واهیده‌ری سڕینه‌وه‌ی هه‌وڵی به‌دیهاتنی هه‌مه‌ڕه‌نگی مۆدێلی سیاسه‌تكردن بووین و ده‌بین كه‌له‌سایه‌یدا زیاتر له ره‌وت و دیدگایه‌ك له دونیابینی سیاسی هه‌بێت. به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه سیستمی سیاسی بێهیوایكردووین له پێرهوكبوونی وه‌ها كارێك. ئه‌گه‌ر ئێمه خواستێكمان هه‌بێت بۆ به‌دیهێنانی ئارای ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی فره‌ڕه‌نگ و تێپه‌ڕاندنی شێوازێكی دۆگما و قه‌تیسبوو، ئه‌وا سیستمی سیاسی هه‌موو ئه‌و ئاسۆیانه خامۆشدهكات كه ئه‌گه‌ری رووناكیی تێپه‌ڕاندنی سیستم و هێنانه ئارای فرهرهنگین. تاكه كارێك بۆ لهرهوتخستنی تێپه‌ڕاندنی سیتمیش بریتی ده‌بێت لهبێشوێنكردنی تاك، بێشوێنی تاكیش سه‌ره‌تایه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی نه‌وێر و بێده‌نگ، ئه‌م ته‌رزه‌ش له‌كۆمه‌ڵگا له بێباكیی سیستم بێگومانمان ده‌كات“